بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





31/07/2015

هەرجارەی باسێک (١١)/ بیرە نەوتەکان هێلکەکەی بۆ مەسعود و جیقنەکەی بۆ ئێمە



جیاواز لە باو:
لەناو زۆرێک لە خەلک و تەنانەت لەناو  نووسەرانیشدا باوە، کاتێک داکۆکی لە هەڵوێستی پارتێکی دیاریکراو دەکەن، یەکەم دێڕ دەنووسن خۆ ئێمە سەر بەو پارتە نین، بەڵام! بۆ نمونە "خۆ من سەر بە یەکێتی نیم، بەڵام ((ئیدی لە دوای بەڵامەکەیانەوە داکۆکییەکەیان لە یەکێتی یان هەر پارتێکی تر دەست پێدەکات))". ئەم جارە بەپێچەوانەی ئەو نەریتەوە من لەگەڵ پەکەکەدام، ئەگەر لەم هەڵوێستەدا کاری پەکەکە تەقاندنەوەی بۆریە نەوتی هەرێم ـ تورکیا بوو بێت، وەک ئەوەی یەک دوو ڕۆژێکە ڕاگەیاندن و پێگە کۆمەڵایەتییەکان پەخشی دەکەن، دووپاتی دەکەمەوە لەم هەڵوێستەدا پەکەکەم و پەکەکەش بە خۆم دەزانم.

گەورەترین هەڵەی سیاسی ئابووری:
ئەوەی پێی دەڵێین "حکومەتی هەرێمی کوردستان" لەپاش ساڵی ٢٠٠٠ ەوە بە هەرێمە جیاجیاکانییەوە (زەرد و سەوز) دەستیانکرد بە کنە و منەی دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی جا بە ڕێگای قاچاخ بێت یان بەڕێگای ئاشکرا، بە هەر جۆرێک بۆیان بگونجایە. بێگومان دەسەڵات و سیستەمێک کە شۆراوە بێت لە هەموو ڕەوشت و ئەتیکێکی سیاسی و تەنانەت ((نیشتمانی)) هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە بەبێ بیرکردنەوە لەداهاتووی نەوەکان و بێ بیرکردنەوە لە ماف و سامانی خەڵک بەو کارە هەستێت. بەڵێ، پاش ئەوەی بەنداوەکانی هەرێمیان تاڵانکرد و پاش ئەوەی تێکڕای کەرەستە و ئامێرەکانی ژێرخانی هەرێمیان ئاودیوی سنوورەکان کرد و تێکڕای هیزی بەرهەمهێنانیان لە گوندەکانەوە بۆ شار ڕاگواست و ئەوەی بە بەعس نەکرا دەسەڵاتی سیاسی کوردی و بەتایبەتی (پارتی) بە خەڵکی کوردستانیان کرد. ئیدی چی تر ما نەیکەن لە پێناوی دەستکەوتی ئابووری زۆر هەرزانی خۆیاندا؟ بێگومان ئەوە چاوەڕوانکراوە بەدوای سەرچاوەی تردا بگەڕێن و نەوت و سامانە سروشتییەکانیش یەکێکن لە دیارترینی ئەو کەرەستە و دەرفەتانەی ئەوان پەنایان بۆ بەرن و کەمترین مێشک و بیرکردنەوەی پێویست بێت. ئەوە، پتر لە دەهەیەکە دەبینین تاڵانفرۆشی و قاچاخچێتی بە نەوتەوە دەکەن و هەر بەو ڕێگایەش گەورەترین قەیرانی ئابووری و داراییان بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناوە.

کوردستان لەڕووی پێکهاتەی خاک و لەڕووی سەرچاوە و هێزی مرۆیی و توانای جیۆگرافی و دیمۆگرافییەوە دەتوانێت بەبێ نەوتیش ژیانێکی تا ڕادەیەک گونجاو بەڕێ بکات و خەڵکەکە لەسەر دەستکەوت و داهاتە نیشتمانییەکانی تر بژین. ئەمەی لێرەدا داوای دەکەین، لەکاتێکدا دەبێت ئەگەر سیاسەتێکی ئابووری (پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانیی) دانایانە پێڕەو بکرێت و بەدوور لە گەندەڵخۆری سەرچاوەکانی داهاتی تێدا بەگەڕ بخرێن. ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی کوردی (بەتایبەت) لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داوە، تەواو پێچەوانەی ئەم کردەوەیە بووە و بەردەوام ڕوو لە خراپتریشە.

لە کوردستاندا کە هیشتا نەک نەبووەتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان قەوارەیەکی خاوەن شکۆمەندی تایبەت بە خۆی، بەڵکو ئەو شڕە فیدراڵیەش لە ژێر هەڕەشە و گومانێکی گەورەدایە و هێشتا بەشێکی گەورەی خاکەکەی و دانیشتوانی باشووری کوردستان لە چوارچێوەی ئەو قەوارە کۆمیدییەدا نین کە پێی دەڵێین هەرێمی کوردستان. لە دۆخێکی ئاوادا دەرهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت و هەر کەرەستەیەکی خاوی تر، هەڵەیەکی زەبەلاحە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەنجامیانداوە. چونکە دەکرا هەریەک لە سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و بەتایبەت نەوت بە سێ ئاراستەی جیاواز بیری لێ بکرایەتەوە:
١. چ لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندی ئێراقدا و چ لەگەڵ هێزە باڵادەستە ناوچەیی و جیهانییەکاندا، دەکرا وەک چەکێک بۆ ململانێی دیبلۆماسی بەکار بهاتەیە بەبێ ئەوەی قەترەیەکی لێ دەربهێنرێت. هەروەها دەکرا سوود لە بودجەی گشتی ئێراقیش ببینرایە وەک سەرچاوەیەکی زیادە بۆ تواناییە ئابوورییەکانی تری کوردستان.
٢. هەموو سەرچاوە سرووشتییەکانی خاک بەتەنیا موڵکی نەوەیەک نین و گونجاوە کە لە دەرهێنان و بیرکردنەوە لە بەکارهێنانیاندا بیر لەنەوەکانی دواتر بکرێتەوە. هەروەها بەڕاستەوخۆیی بەرپرسیارێتی ئەم پرسە بەشێوەیەکی ڕەوشتی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسی و یاسادانان و بڕیاردانەوە، و ناچارن بە درووستی کردار و هەڵوێستی لەگەڵدا بکەن.
٣. نەوت وەک سەرچاوەیەکی سروشتی دیاریکراو، تەنیا یەک کات دەتوانرێت لەمەودایەکی دوورتر لەخۆیدا سوودی لێ ببینرێت، ئەوەش ئەگەر وەک قەرزێکی درێژخایەن لەسامانی نیشتمانی وەربگیرێت و داهاتەکەی لەوەبەرهێنانی درێژخایەندا سوودی لێ ببینرێت، کە بەوجۆرە دەتوانرێت لەلایەک قەرەبووی نەوەی نوێ بکرێتەوە بە بەردەوامی و لەلایەک سوود لە قازانجەکانی ببینرێت لە ئێستادا. بۆ ئەمەش نمونە و ئەزموونی جیهانی گەورە گەورە لەبەر دەستا بوون و داهێنان و زانینێکی زۆر زەبەلاح و بلیمەتانەی پێویست نەبوو، بڕوانە سیاسەتی نەوتی ڤەنزوێلا و سیاسەتی ئابووری و دەرهێنانی نەوت لە نەرویج وەک نمونە.

بەم پێوانانە دەرهێنانی نەوت، هەڵەیەک بوو دەکرا ڕوونەدات و یان لایەنی کەم بەکەمترین بڕ خۆمان لەم بوارە بدایە، هەر هیچ نەبێت وەک دەسەڵات پلانی هەیە و لای وایە زۆر دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە کوردستانی تێدا دەکەنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەمە لەکاتێکدایە کە خودی دەستکەوتەکانی نەوت بە ئاراستەیەکی گەندەڵکارانەی خراپدا دەبرێن و تەنانەت دەزگا بەرپرس و باڵاکانی وەک پەرلەمانیش تەواوی وێنە و داتاکان دەربارەی نەوت بە باشی نابینن.

ناپاکی دەسەڵاتداران و بەرپرسیارێتی خەڵک:
لێرەدا نامەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە پارتە سیاسییەکان چۆن و بە چ ئەندازەیەک تاوانبارن لەبەرامبەر پرسی گەندەڵکاری و ناپاکی بەرامبەر کارە سیاسییە ئابوورییەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکانی تر. چونکە ڕوونکردنەوەی دیاردە ئاشکراکان بێبایخکردنی زانیاری لێ دەکەوێتەوە! ئەمەوێت تەنیا ئەوە بەیاد بهێنمەوە کە گەندەڵی و بەتایبەت نا ئاشکرایی کارەکانی دەسەڵاتی سیاسی و لەسەرو هەموویانەوە "سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم" و دەزگا بەرپرسەکانی گەیشتوونەتە ترۆپک و یەکێکیش لە پێوانە زانستییەکان بۆ ئەو دۆخە، ئەوەیە کە تەواوی کۆمەڵگا لەسەر شەقامەکان گفتوگۆ دەربارەی گەندەڵکاری و ڕەفتارە نا بەجێکانیان دەکەن.

لەماوەی ڕابردوودا سەرباری فرۆشێکی زۆری نەوت و هەناردەیەکی ئێجگار پڕ لە گومانی ئەم سەرچاوەیە، ئەوەی پێی دەڵێن "حکومەتی هەرێم" و دەزگا تایبەتەکانی بە تاڵان بردنی سامانی خەڵک، بەردەوامن لە سوود وەرگرتنی بەد لەم سەرچاوەیە و کردوویانەتە هۆکاری بنەڕەتی خۆیان بۆ چەوساندنەوەی بەردەوامی خەڵک و سەپاندنی خۆیان بەسەر پانتاییە سیاسیی و ئابوورییەکاندا. هەر بەم هۆیەوە بازرگانی چەک و بازرگانی بە مرۆڤەوە بەردەوامییان هەیە و بەردەوام خەڵک شانتاژ دەکەن و بەخەڵکی دەڵێن گوایە نان و ژیانی هەموو کەس لەسەر ئەو بۆرییە نەوتانەیە و دەبێت هەموو چاو لەژێری پارتی بن کە ئیدارەی ئەو بۆریانە دەدات. بۆیە بەهەر جۆرێک ڕێگە لە دەرهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بگیرێت کارێکی شۆڕشگێڕانەی مێژووییە و ئەرکێکی گەورەی خەڵکی کوردستانە. کاتێک کە خەڵک لە باشووری کوردستان نەتوانێت و لەژێر ستەمی کۆیلایەتیدا دەسەڵاتی ئەم ڕێگرییەیان نەبێت، ئەوا ئەگەر پەکەکە یان هەر هێزێکی تر بەو کارە هەستن و ڕێگا لە هەناردەی نەوت بگرن یان کۆسپی بۆ درووست بکەن باشترین هەنگاوی شۆڕشگێڕانەیە کە بەرامبەر ئیستای خەڵکی کوردستان بیکەن و بۆ نەوەکانی ئایندەش ڕەنگ بداتەوە. هەر هەنگاوێک زیان بە تێکڕای دەستکەوتی بنەماڵەی حوکمڕانی بارزانی بگەیەنێت بە سوود و قازانجی خەڵک دەکەوێتەوە، بەڵکو بەتایبەت ئەگەر ئەو زیانە بەرکەوتە گەورەکەی بەر پارت و لایەنە مشەخۆرەکانی تریش بکەوێت چونکە ئەوانە تێکڕا هۆکاری مانەوەی ئەو جۆرە لە حوکمڕانین و بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پارێزەری میکانیزم و پرۆسە سیاسییەکانی ئەم دۆخە بەردەوامەی ئێستان.

تێبینییەکی چکۆلە: هەرکات خەڵکی کوردستان خاوەنی تێکڕای بەرهەمی گشتی نیشتمانی بن، ئەوا دەسەڵاتی سیاسی ناچارە ملکەچی داواکانی خەڵک بێت و بەپێچەوانەوە، هەرکات خەڵکی کوردستان کارمەند و کارگەری ئەو کۆمپانیا و بازرگانیانە بن کە دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەیان دەبات، ئەوا خەڵک ناچارە کۆیلەی داواکارییەکانی ئەو دەسەڵاتە بێت.

22/07/2015

دەستوور و توخمتێری و شەریعەتی ئیسلام



لەکۆمەڵگایەکدا کە ڕەوایی ئایینی و هەژموونی کولتووری نێرسالاری باڵبکێشێت بەسەر پەراوەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا (وەک کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و کۆمەڵگا کولتوور ئیسلامییەکان)، ئەوا چەپاندنێکی توخمتێری (سێکسی) بەسەر هەردوو ڕەگەزەکەی مرۆڤدا هەر لە قۆناغەکانی داومنداڵی و هەرزەکارییەوە دەستپێدەکات.

کاتێک هێزی ئیرۆس لەو تەمەنە سەرەتاییانەوە لە مرۆڤدا چەپێندران، ئەوا ئیدی مرۆڤ هەموو ماوەی ژیانیشی لەگەورەییدا خەریکی توخمتێری (سێکس) بێت تانوانێت قەرەبووی ئەو چەپاندنە بکاتەوە.

ئەم چەپاندنە دەروازەیەکی گەورە بەڕووی پێشکەوتن و گەشەسەندندا دادەخات، ئەم چەپاندنە گابەردێکی زەبەلاحە لەبەردەم سەربەخۆیی و ئازادی تاکەکەسیدا. لەدوای ئەم چەپاندنەوە مرۆڤ بۆ هەتا هەتایی لاوازدەکرێت لەبەردەم پرسیارکردندا. ئیدی نێچیرێکی باشە بۆ بە کۆیلەگرتن و هەمیشە لەژێر کۆدەکانی نامووسپەرستیدا و لەبەردەم پرۆسەکانی بە مێگەڵکردندا یەخسیر دەبێت.

دامەزراندنی هەر یاسا و ڕێسایەکی نوێ، هەر دەستوورێکی ژیان نەتوانێت بەر بەم چەپاندنە بگرێت و بناغەکانی تێپەڕاندنی دابڕێژێت، ئەوە یاسا و دەستوورێک دەبێت لە خزمەت کاڵفامیدا، لەخزمەت جەهالەت و دواکەوتنی بەردەوامدا. ئەوە ئەو یاسایانەن کە دەبنەوە داینەمۆ و هێزی بزواندن و بەردەوامیدان بە توندوتیژی کۆمەڵایەتی. ئەوە ئەو یاسایانەن کە ئێمە نە دەنگیان پێدەدەین و نە پێیان قایل دەبین.

توخمتێری = Sex