بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





22/07/2015

دەستوور و توخمتێری و شەریعەتی ئیسلام



لەکۆمەڵگایەکدا کە ڕەوایی ئایینی و هەژموونی کولتووری نێرسالاری باڵبکێشێت بەسەر پەراوەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا (وەک کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و کۆمەڵگا کولتوور ئیسلامییەکان)، ئەوا چەپاندنێکی توخمتێری (سێکسی) بەسەر هەردوو ڕەگەزەکەی مرۆڤدا هەر لە قۆناغەکانی داومنداڵی و هەرزەکارییەوە دەستپێدەکات.

کاتێک هێزی ئیرۆس لەو تەمەنە سەرەتاییانەوە لە مرۆڤدا چەپێندران، ئەوا ئیدی مرۆڤ هەموو ماوەی ژیانیشی لەگەورەییدا خەریکی توخمتێری (سێکس) بێت تانوانێت قەرەبووی ئەو چەپاندنە بکاتەوە.

ئەم چەپاندنە دەروازەیەکی گەورە بەڕووی پێشکەوتن و گەشەسەندندا دادەخات، ئەم چەپاندنە گابەردێکی زەبەلاحە لەبەردەم سەربەخۆیی و ئازادی تاکەکەسیدا. لەدوای ئەم چەپاندنەوە مرۆڤ بۆ هەتا هەتایی لاوازدەکرێت لەبەردەم پرسیارکردندا. ئیدی نێچیرێکی باشە بۆ بە کۆیلەگرتن و هەمیشە لەژێر کۆدەکانی نامووسپەرستیدا و لەبەردەم پرۆسەکانی بە مێگەڵکردندا یەخسیر دەبێت.

دامەزراندنی هەر یاسا و ڕێسایەکی نوێ، هەر دەستوورێکی ژیان نەتوانێت بەر بەم چەپاندنە بگرێت و بناغەکانی تێپەڕاندنی دابڕێژێت، ئەوە یاسا و دەستوورێک دەبێت لە خزمەت کاڵفامیدا، لەخزمەت جەهالەت و دواکەوتنی بەردەوامدا. ئەوە ئەو یاسایانەن کە دەبنەوە داینەمۆ و هێزی بزواندن و بەردەوامیدان بە توندوتیژی کۆمەڵایەتی. ئەوە ئەو یاسایانەن کە ئێمە نە دەنگیان پێدەدەین و نە پێیان قایل دەبین.

توخمتێری = Sex

No comments:

Post a Comment