بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





26/12/2015

دەربارەی ڕۆڵی نەوشیروان مستەفا لە ئێستادا!


لە کۆی هەموو ئەو سەرکردە سیاسیانەی باشووری کوردستان کە هێشتا تا ئەمڕۆ لە ژیاندا ماون، ئەگەر سەرکردەیەک هەبێت قابیلی دیراسە و لێکۆڵینەوە بێت، ئەوا تەنیا نەوشیروان مستەفایە! نەک لەبەر ئەوەی کەسێکی زۆر پاک و بێگەرد و دانایە، بەڵکو لەبەر ئەوەی مێژووی سیاسی باشووری کوردستان لەسەر دەستی ئەم کەسایەتییە سیاسییە چەندین هەوڵی وەرچەرخانی بەخۆیەوە دیوە و توانیویەتی خودی خۆی وەک کەسێک لە کۆی هاوکێشە سیاسییەکاندا کاریگەری دابنیت. جا ئەو کاریگەریانە باش بوون یان خراپ ئەوە قسەیەکی ترە. من بەش بەحاڵی خۆم بەشێوەیەکی بابەتی و زانستیانە هەوڵدەدەم سەیری ڕووداوەکان بکەم، ئەوەندەی بتوانم! بەڵام سەرەتا جوانتر وایە من هەڵوێستی خۆم یەکلایی بکەمەوە و مەبەستەکەم ڕوون بێت بەر لەوەی هەر تێڕوانینێک بنووسم.

ڕەخنە و تێڕوانینەکانی من ئەوەندەی توانیبێتم لە دونیای دادوەری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە ئازادی و یەکسانییەوە بوون و هەر پەخشێکی تایبەتیم وەشاندبێت لەو پێناوەدا بووە، چ وەک کار و کرداریش، خۆم بە لایەنگری ئەو مەودایە دەزانم.. جا چەندێک وا بم یان وا نەبم، ئەوە بۆ خەڵک بەگشتی و خوێنەر بە تایبەتی و ڕەخنەگرانیش بە تایبەتتر جێ دەهێڵـم. بۆیە هەر ڕەخنەیەکی من لە دنیای سیاسەت و بیرکردنەوەدا لەم ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرن! بۆ من زانستی بوون یان ئەوەی پێی دەڵێن پرۆفێشیناڵیزم و ئەکادیمی بوون لە دونیای فکر و سیاسەتدا جگە لە درۆیەکی گەورە هیچی تر نییە، ئەگەر مرۆڤ ستاندپۆینتی خۆی ئاشکرا نەکات! بەتایبەت پنتەکانی هەوڵوێست وەرگرتن مرۆڤ بوون دیاریدەکەن، مرۆڤ بوون بە بێلایەنی پەیت دیاری ناکرێت، بەڵکو ئەوە بە ماشێن بوونی مرۆڤە.

سەبارەت بە نەوشیروان مستەفا، بەش بە حاڵی خۆم لەوانەیە پتر لە دووسەد لاپەڕە ڕەخنەم لە کارەکانی ئەو هەبێت و لە دووتوێی پەرتووکێکدا کۆمکردبنەوە، کە لەئێستادا لەبەر دوو هۆکار بڵاویان ناکەمەوە؛ یەکەم: ئەوەی ڕوون نییە تەندروستی نەوشیروان مستەفا یە، کە ئایا لە ڕووی تەندروستییەوە دۆخی خۆی چۆنە! ئەگەر لەڕووی تەندرووستییەوە ناساخ بێت، هیوادارم زوو باش ببێت. من بە گونجاوی نازانم لە دۆخی نەخۆشیدا ڕەخنەکانم بڵاو بکەمەوە! نەک لەبەر لایەنی سۆزداری، بەڵکو هیوادارم دەرفەتێک هەبێت کە ئەو بە هەموو تواناکانییەوە لە ژیاندا بێت و ئەوجا من  ئەو نووسینەم بە پەخش بگەیەنم، چونکە پێم خۆشە ئەو توانای وەڵامدانەوە و تێبینی هەبێت! گرنگ نییە وەڵامم بداتەوە، تەنیا توانای وەڵامدانەوەی هەبیت بەسە.. دووەم؛ لەم دۆخەی ئیستادا نەوشیروان مستەفا تەنیا هێز و سیمبوڵی بەرهەڵستکارییە بۆ پارتی نا دیموکراتی بەناو کوردستانی بنەماڵەکەی مەسعود بەرزانی، هەربەوجۆرەش من ئاماددە نیم لەو هێز و سیمبوڵە کەم بکەمەوە لە ئیستادا. لەوە گرنگتر ئەوەیە، لە هیچ کاتێکدا ئاماددە نیم دێڕێک وشەیەک تەنانەت فاریزەیەکی من بچێتە خزمەت بازاڕی خۆفرۆشان و خیانەتکارانی کوردستانەوە لە سەرتۆپی ئەوانەشدا ئەو دەستەو تاقمەی ئەوان! لەبیرمان نەچێت ئاستی بێ ئابڕوویی سیاسی ئەم تاقمە گەیشتوەتە سنوورێک سوود لە هەموو شتێک دەبینن، تەنانەت ئەوەی دژیشیان بنووسێت ئەوان هەر سوودی لێ دەبینن. لەبەر ئەو دوو هۆکارەی سەرەوە ڕەخنەکانم بڵاو ناکەمەوە لە ئیستادا. بەڵام سەرباری ئەوە تێبینییەکی چکۆلە لەم سەردێڕەدا دەنووسم کە زیاتر وەک پرسیار لە مەودای گشتیدا پرسیارن بۆ من و جێی تێڕامانە بۆ خەڵک.

ئەوەی ئاشکرایە تا ئەم ساتانەش نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانە.. کە لەماوەی ڕابردوودا ئەم بزووتنەوەیە ڕوو بەڕووی گەورەترین خراپە و تاوانکاری بووەوە لەلایەن پارتە خۆسەپێنەکەی بنەماڵەی بەرزانییەوە، کە پێشتر پێناسمانکردن! گەر چاودێری بکەین دەبینین نەوشیروان مستەفا تا ئێستا هیچ لێدوان و وتەیەکی ڕەسمی یان ناڕەسمی پێشکەش نەکردوە و پتر لە چەند مانگێکە کۆی مەیدانی سیاسی لە فۆرمدا چۆڵکردوە. ئەم کردەوەیە جێی ڕەخنە لێگرتن و سەرزەنشت کردنە، چونکە ناکرێت ڕابەری بزووتنەوەیەک بەم ئەندازەیە بێدەنگ ببێت بەرامبەر هەموو ئەو تاوانانە پارتی بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەیکات و بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان کردوونی لەماوەی ڕابردوودا. لە ژیان و دونیای پێشکەوتوودا ناکرێت سەرکردە بەرپرسەکان بێدەنگی بەناوی حیکمەتەوە هەڵبژێرن. بۆ ئەو مەبەستە تەنیا چەند خاڵێکی زەق لە تاوانەکانی پارتی باس دەکەم، کە هەریەکەیان شایەنی وەڵامدانەوەیەکی توندن:
١. پارتی وەک هێزێکی تۆتالیتار ڕێگەی لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گرت لە گەڕانەوەی بۆ شوێنی کارەکەی لە هەولێر و بە هێز لەکارەکەی دووری خستەوە. (سەرۆکی پەرلەمان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە)!
٢. پارتی تێکڕای وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوانی وەزارەتەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانی بە بڕیارێکی یەکلایەنە لە سەر کار لابردوە و بۆ زیاتر لە دوومانگە لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو پۆستانە بەلایەنەکانی تر پڕ بکاتەوە.
٣. هێزی سەربازی دەوڵەتی تورکیا بەبڕیارێکی سەرۆکی لەکارکەوتووی هەرێمی کوردستان چەند هەفتەیەکە خاکی هەرێمی کوردستانیان بەزاندوە، بەمەرجێک ئەم سنوور بەزاندنە لەکاتێکدایە کە دەبوو پەرلەمانی کوردستان بڕیاردەری سەرەکی بێت لە ڕێگەدان بەهاتنی هێزێکی لەو جۆرە لە خراپترین باردا، کە هێشتا نەدەبوو ڕووبدات! هەروەها نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت وەزارەتی پێشمەرگە کە بەرپرسە لەو دۆسێیە لە ئەستۆی بزووتنەوەی گۆڕاندایە بەشێوە شێوازبەندەکەی.
٤. دەنگۆی ڕێکەوتنی مەسعود بەرزانی لەگەڵ وڵاتەکانی کەنداوی عەرەبی هەیە، بەتایبەت سعودیە و قەتەر،  لەسەر کشانەوەی هیزی پێشمەرگە لە کەرکووک و درووستکردنی هەرێمێکی سوونە لە ناوچەکەدا بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا. (لە پەخشی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان خۆیەوە وەرگیراوە).

قسە نەکردن، بێدەنگی  و دەرنەبڕینی هیچ ڕایەک لەمەڕ ئەم مەسەلانە لەلایەن ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکەوە، لە دانایی و تەحەمولی زرنگانەی سیاسی دەچێتە دەرەوە. هیچ گونجاو نییە کەسایەتییەک وەک نەوشیروان مستەفا بێدەنگ ببێت و هەموو بێدەنگییەکەی بە حیکمەت بۆ حساب بکەین. ئەم بێدەنگییە سێ شیکردنەوەی یەک لەیەک خراپتر هەڵدەگرێت:
١. ئەشێت، نەوشیروان مستەفا هیچ دەسەڵات و بژاردەیەکی سیاسی لەبەردەمدا نەبێت.. ئەم ئەگەرە لەم دۆخەدا زۆر خراپە، سەرکردەیەک ڕابەرایەتی پتر لە پێنج سەد هەزار دەنگی کوردستان بکات و نەتوانێت هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا بێت. تەنیا بڕوانە دۆخی صلاحەدین دەمیرتاش لە باکوری کوردستان، ئەم کردەوەیە جۆرێکی تر و ترسناکییەکی ترە کە بۆنی ئاشبەتاڵێکی گەورەی  بێدەنگی لێوە دێت.
٢. ئەشێت، نەوشیروان مستەفا نەیەوێت قسەیەک بکات کە بۆی نەچێتە سەر و لەشکۆی ئەو کەمبکاتەوە، ئەمەش خراپترە، چونکە ئیدی لە دۆخی دەم پاکی و داوێن پاکی و دەستپاکی دەچینە دەرەوە و ئەو زاراوانە هیچ گرنگییەکیان نامێنێت، بەڵکو دەیسەلمێنێت ئەم سەرکردەیە کەسێکی باوی ترادیسیۆنالییە کە هیچ جیای ناکاتەوە لە هاوشێوە و ڕکابەرەکانی، بەتایبەت لە ڕووی کاری سیاسییەوە! جگە لەیەک پارامیتەر نەبێت ئەویش مێژووی خیانەتکاری نیشتمانییە، دواجار ئەم چەمکەش بەس نییە بۆ کەسایەتییەک لەو شێوەیە، چونکە بێدەنگی ئەشێ بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری لێ بکەوێتەوە کە جیاواز نەبێت لە خیانەتکاری نیشتمانی.
٣. ئەشێت، نەوشیروان مستەفا نەخۆش بێت و توانای لێدوان و هەڵسەنگاندنی باش و پێویستی نەبێت، ئەم ئەگەرە لە هەموویان خراپترە، چونکە ناکرێت هیزێک داوای حوکمی یاسا بکات و بیەوێت دیموکراسی بکاتە سیستەم و هێشتا لە دۆخی نەخۆشی سەرکردەی یەکەمی خۆشیدا جێگرەوەیەکی دانا و هۆشیاری نەبێت بتوانێت وەک کەسی یەکەم و بگرە لەویش باشتر بتوانێت بە لێدوان و کارە سیاسییەکان هەستێت! باشتر وا بوو لەم دۆخەدا کەسێک هەبێت توانای هەڵسووکەوتی هەبێت وەک جێگرەوەیەک بۆ ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت. بۆیە لەم ئەگەرەیاندا باشتر بوو کار و لێدوانەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە شەفافانە و بەناوی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە یەکێک بسپێردرایە کە دواتر دەبووەوە بە هۆکار بۆ بەهێزکردنی متمانەی بزووتنەوەکە لەگەڵ خەڵکدا لە داهاتوودا.

لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم، لە دۆخێکدا کە سەرتاپای کوردستان لە قەیرانێکی خوێناوی و ئابووری و سیاسی پڕ تەنگژەدا دەژی و بزووتنەوەی گۆڕانیش لەخراپترین ئاکامەکانی دۆخی حوکمڕانی خۆیدایە، بێدەنگی لەبەرامبەر ئەو هەموو ڕووداوە دەکاتە نەبوونی بژاردەیەکی گونجاو! هەروەها نەبوونی بژاردەیەکی سیاسی گونجاو لەبەردەم ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکەدا (نەوشیروان مستەفا) بەو پشتیوانییە جەماوەرییە بەرفراوانەوە یەکسانە بە شکست نەک دانایی.

تێبینی: هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن و پەخشکردن مافی لەبەرگرتنەوە و پەخشکردنەوەی کۆی ئەم چەند دێرە یان بەشێکی ئەم نووسینەی نییە! بەتایبەت کەناڵەکانی سەر بە پارتی.

13/12/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە ــ بەشی هەشتەم و کۆتایی


هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە
یاری و گەمە زۆرن لەم ژیانەی ئێمەدا، چ وەک مێژوو، هەروەها لەئێستاشدا، هێشتا لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر بۆ من یاری شەترنجە! شەترنج چەند خەسڵەتێکی زۆر تایبەتی هەیە، لەوانە: بەشێوەیەکی نیمچە ڕەها پشت بە ئەقڵ دەبەستێت کە هیچ یارییەکی تر بەو جۆرە نییە و کەمێک بەخت ڕۆڵی خۆی تیایاندا دەبینێت! یان بەشێکی ئەم یارییە پشت بە پشوودرێژی و هەناسەی قووڵ دەکات بۆئەوەی بتوانیت لەگەمەکەدا بەشدار ببیت و سەرکەوتوو بیت! خەسڵەتێکی تری ئەوەیە ئەگەر متمانەت بەخۆت هەبوو دەتوانیت بەرامبەر زەبەلاحترین یاریزان بچیتە مەیدانەکە و یاری بکەیت. لەو خاڵەش گرنگتر ئەوەیە ئەقڵی گەورە حوکم دەکات نەک هێز و بازوو و لەشی گەورە، بۆنمونە منداڵێکی هەشت نۆ بەهار یان کەسێکی لاوازی بێ ماسولکە دەتوانێت لە پیرێکی پڕ ئەزموون یان پاڵەوانێکی زەبەلاحی بۆکسێنی بباتەوە، گرنگ توانای بیر و پلان دانانە تێیدا! لەهەمووی گرنگتر لەم یارییەدا ئەوەیە کە پشت بە نهێنی دەبەستێت! ئەمەش ئەو خاڵەیە کە من دەمەوێت گرنگی زۆری پێ بدەم لەم سەردێڕەدا.

لەیاری شەترنجدا، ئەگەر تۆ یاریزانێکی زۆر بەهێز نەبیت، بەڵام بەرامبەر پاڵەوانێکی یارییەکە دەست بکەیتە گەمەکردن، ئەوا ئگەر هەیە تۆ لێیببەیتەوە هەر چۆن ئەگەر هەیە بیدۆڕێنیت! بێگومان ئەمە بۆ هەموو یارییەک ڕاستە، بەڵام لە شەترنجدا لە هەموو یارییەکانی تر کەمتر واقعییە چونکە ناکرێت کەسێکی زانا و دانای یارییەکە بەرامبەر کەسێکی تازە پێگەیشتووی یارییەکە بیدۆڕێنێت. بەڵام ئەم ئەگەرە بۆ شەترنجیش زۆر شایستەی ڕوودان دەبێتەوە، کاتێک هاتوو کەسە لاوازەکە پلان و بیرکردنەوەی کەسە بەهێزەکەی لەبەر دەستدا بێت. بەواتایەکی تر ئەگەر هەرکەس نهێنی بیرکردنەوە و پلانەکانی بەرامبەری خۆی بزانێت، ئەوا زۆر بەسانایی دەتوانێت بیباتەوە، یان ئەگەر تۆ لەم یارییەدا بەشدار بوویت و زانیت بەرانبەرەکەت بیر لە چ هەنگاوێک دەکاتەوە، ئەوا تۆ بە ئاسانی دەتوانیت خۆت لەو پێشهاتانە ڕزگار بکەیت کە ئەگەری ڕوودانیان زۆر زۆرە لەلایەن هێرشەکانی ئەوەوە یان پلان و ئاکامەکانی بەرامبەرەکەتەوە. ئەمە ئەو پنتی دەستپێکەیە، کە یەکەم هەنگاوە بۆ هاتنەدەر لەقۆزاخەکە.

لێرەدا بەر لەوەی بێمە سەر کۆتایی باسەکە بەلامەوە پێویستە نمونەیەک باس بکەم کەئەو گریمانەیەی پێشوو پشتڕاست دەکاتەوە؛ نمونەکەمان نمونەی کەرەستەیەکی کارگێڕییە، ئێل ئێف ئەی (L.F.A, Logical Framework Analysis). لەوانەیە ئەم ناوە بە کوردی بەم جۆرە ڕاست بێت (شیکردنەوە و لێکدانەوە لەچوارچێوەی ژیربێژیدا).. هەرچەند واتاکە بەتەواوی ناگات، بەڵام ئەوە باشترین واتایە بەڕای من. ئەم کەرەستەیە، کەرەستەیەکی میتۆدۆلۆجی پراکتیکییە بۆ بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی پرۆژە، هەرکەس لە گووگڵ یان هەر بەدواگەڕانێکی ئینتەرنێتدا بۆی بگەڕێت دەستی دەکەوێت. من خۆم نزیکەی دە ساڵێک بەکارم هێناوە و بەشێک بووە لە ئیشی ڕۆژانەم. ئەم کەرەستەیە بەر لە ساڵی ١٩٦٩ لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بەکار هاتوە. پاش ئەوەی لای ئەوان کەرەستەکە خانەنشین دەکرێت، ئیتر ئازادی دەکەن بۆ بەکارهێنانی گشتی. دواتر زانایەکی بواری کارگێڕی تەرخان دەبێت بۆ ئەوەی لەخزمەتی سەربازییەوە ئەم کەرەستەیە بخاتەگەڕ لە خزمەتی مەدەنیدا و ساڵی ١٩٧٠ بۆ یەکەمجار دەخرێتە خزمەت ڕێکخراوی فریادگوزاری ئەمریکاوە، هەر لە ساڵەکانی ١٩٦٩ تا ١٩٧١ ئەم کەرەستەیە لەلایەن زیاتر لە سی وڵاتی پێشکەوتووەوە لەخۆ دەگیرێت و دامەزراوە زەبەلاحەکانی دونیا تا ئێستاش کاری پێدەکەن، لە نمونەکانی (UNDP, DFID, NORAD, SIDA, EC, SDC). بەهەرحاڵ قسەکردن لەسەر کەرەستەکە، زۆر گرنگ نییە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا تا چەند  گرنگە ئێمە هەموومان بەهامن لۆجیک یاری بکەین؟ هەمان ئەو یاسایانە بەکار بهێنین کە یارییەکەی کاپیتالیزم دەیخوازێت؟ ئەکرێت پرسیار بکەین ئایا ئەم کەرەستەیە کەرەستەیەکی باشە؟ لێرەڕا گومان لە کاریگەری و بەهێزی کەرەستەکە ناکرێت لە ڕووی پراکتیکییەوە، بەڵام خودی کەرەستەکە کۆتایی دونیا نییە، بەپێچەوانەوە کەرستەی تریش دەکرێت بدۆزینەوە. هەر بۆ نمونە خودی دەزگا هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانی دونیا ئێستا ئەم کەرەستەیە بەکار ناهێنن، بەڵام ئەی ئایا چ کەرەستەیەکی تر بەکاردەهێنن بۆ پلاندانان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانیان. بێگومان ئێمە نایزانین بەبێ ئەوەی توێژینەوەی ورد بکەین وبەبێ ئەوەی دامەزراوەی گەورەمان بۆ توێژینەوە و بەدواداچوون هەبێت.

پوختەی مەبەست بۆ ئەوەی بێینە دەرەوە لە قۆزاخەیەی سەردەمانێکی زۆرە تێی کەوتووین دەبێت یارییەکان لە گەڵ دەسەڵاتی لۆکاڵی و کاپیتالیزمی جیهانیدا بەجۆرێکی تر بکەین و یاسای تر بدۆزینەوە بۆ بردنەوەی ململانێکان (مەبەستم لەیاسای تر لەبەرامبەر L.F.Aنییە، بەڵکو کەمیک فراوانتر بڕوانە) . بەتایبەت هەر هێزێک چەند گەورە بێت بۆشایی و کەلێنی تایبەت بەخۆی هەیە و دەدۆزرێتەوە. لە بەشی پێشوودا چەند ئاماژەیەکم بەوەدا کە کاپیتالیزم گۆڕی خۆی هەڵناکەنێت وەک ئەوەی لەلایەن (گەورە فەیلەسوف و زانای ئابووری ناسی ئەڵمانی کارڵ مارکس)ەوە پێشبینی کرابوو. بەڵکو کاپیتالیزم گۆڕێکی بەکۆمەڵ بۆ ژیانی مرۆڤایەتی هەموومان پێکەوە هەڵدەکەنێت، دیارە بە داخەوە کە ئەو پێشبینییەی مارکس وا دەرنەچوو! ڕاستترە بڵێم ئەکرا ئەو پێشبیینە ڕاست دەرچێت ئەگەر تیۆر و تێگەیشتنەکانی مارکس لەلایەن کاپیتالیزمەوە زۆر بەوردی سوودیان لێ وەرنەگیرایە.

نەک هەر مارکس، بەڵکو زۆرێک لە تیۆریست و بەرهەڵستکارەکانی کاپیتالیزم تیۆر و کەرەستەکانی بەرهەڵستکارییان بەتاڵ دەکرێتەوە. لێرە زۆرترین قسە دەتوانین لەسەر مارکس و تێۆر و چارەسەرەکانی ئەو بکەین، بەتایبەتە کە تا ئیستاش وەک میتۆد هێشتا گەورەترین ڕۆحی بەرەنگارییە لەبەردەم بێدادیدا. مارکس هەمیشە پرسیارە و هەر بە پرسیاریش دەمێنێتەوە، چ بۆ ئەوانەی بەکاریدەهێنن، ئەوانەی دژی دەوەستنەوە، یان ئەوانەی دەیانەوێت مارکس تێپەڕێنن. تیۆری مارکس چ وەک فەلسەفە یان یاسا ئابوورییەکانی ناو ڕەخنە لە ئابووری سیاسی تا ئێستاش بەداخەوە تاکە تیۆرە کە توانیویەتی بەرەوڕووی ئەو بێدادییە ببێتەوە! لات سەیر نەبێت کە دەڵێم بەداخەوە، چونکە داخەکە لەوەدایە کە سێکیولاریزمی ستەمکار بەوردی لە هەموو ئەو ئەگەرانە شارەزایە کە تیۆرەکانی مارکس چۆن کاپیتالیزم ڕەتدەکاتەوە و چۆن کار دەکات بۆ کۆتایی پێهێنانی. بۆ ئەم مەبەستە با بەسادەیی لەیەک شت بڕوانین، دروشمی گەورەی شۆڕشگێڕانەی بیری مارکسیزم، "کرێکارانی جیهان یەکگرن". پاش تێگەیشتنی ورد لە تیۆری مارکس، گەورەترین کار و سادەترین کار بۆ کاپیتالیزم ئەوەیە کە نەهێلێت کرێکاران یەکبگرن! لەمەش ئاسانتر ناکرێت. (ئاستی هۆشیاری کرێکار دابەزێنە، دەرفەتەکانی جیاوازی لە نیوانیان زیاد بکە و ئەو جیاوازییانەی هەیانە گەورە و زەقی بکەرەوە) تەواو هیچ کرێکارێک ئامادە نییە هاوپشتی لەگەڵ کرێکارێکی تردا بکات. لەم نمونەیەدا کرێکار تەنیا چەمکە (کۆنسێپت)، تۆ دەتوانیت لە بری کرێکار هەر شتێکی تر دابنێیت، یان واتای فراوانی کرێکار بەزمانی ئەمڕۆ بەکار بهێنیت.

مارکس و تیۆرەکانی تا لەگۆڕنانی کاپیتالیزم بە زیندووی دەمێننەوە، چونکە مارکس پەی بەیاسای یارییە ئابوورییەکەی کاپیتالیزم بردوە و ئەو کۆدەی کردوەتەوە، بەڵام ئیستا مارکس بەتەنیا ناتوانێت چارەسەرەکە بکات، یان چارەسەرەکە بەتەنیا بە مارکسیزم ناکرێت، چونکە کاپیتالیزمیش کۆدەکانی مارکسیزم و خەباتی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیان کردوەتەوە و بە توانایەکی لەڕادەبەدەر و چەندجار گەورەتردا. سروشتی ئەم گرفتە بەداخەوە لە سروشتی ئەنتی بایۆتیک و بەکتریا دەچێت کە پاش ئەوەی بەکتریاکە لەسەر ئەنتی بایۆتیکەکە بەرگری پەیدا کرد، ناچار دەبێت دۆسێکی تری بۆ بدۆزرێتەوە. ئەو کرۆکی دادوەرییەی لە بیری مارکسدا دەیبینینەوە، هەمیشە زیندووە، بەڵام تێکست و میتۆدەکانی قابیلی پیاچوونەوەی گەورەن و مەرج نییە بەڕێگای کۆمۆنیزم یان دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و یان فۆرمێکی دیاریکراو ئەو دادوەرییە بێتە دی. بەڕای من ڕاستی ئەوەیە فۆرمی دادوەری دیاری ناکرێت، بەڵام ئامانج بۆ نزیک بوونەوە لە دادوەری دیاریدەکرێت. لێرەدا تێڕوانینەکان لەلایەن مارکسەوە، بەتایبەت تیۆرییە زانستییەکانی دەکرێت تیۆری پێوانەیی بن بۆ کارکردن، بەڵام هەر کاتێک بکرێنە کەرستەی جێبەجێکردن تووشی شکست دەبن! (هەندێک تیۆری گرنگ هەن لە ژیانی مرۆڤدا کە تیۆری پێوانەیین، واتە خودی تیۆرەکە بەتەواوی جێبەجێ ناکرێت یان دەرفەتی جێبەجێکردنی نییە، بەڵام بۆ پێوانە گرنگە، واتە لە کۆتا ئامانجێکدا دادەنرێت کە دواتر ڕێژەی نزیک بوونەوە لەو کۆتاییە پێوانەی نزیک بوونەوەمان دەبێت لە دۆخێکی باشتر یان خراپتر) گرنگ ئەوەیە فۆرم و ژیانێک بۆ دادوەری وەک "کۆمۆنیزم" ناکرێت بمانبەستێتەوە، چونکە لە زۆر باردا دەکەوینە هەڵەی پێشێلکردنی زۆر ڕاستییەوە لەپێناو گەیشتن بە فۆرمێک کە پێشتر بڕیاری لێ دراوە. ئەو فۆرمانە سنووری دونیابینی دەبەزێنن و دەبنە قاڵبێکی ئەبستراکت. بەجۆرێکی تر ئەگەر خۆم باس بکەم، دەڵێم: فۆرمێک و قاڵبێکی داڕژاو بۆ دادوەری نییە، بەڵام کۆتا ئامانجێک هەیە کە تەنیا بۆ نزیکبوونەوە دەشێت. ئەگەرچی مارکس لەفۆرمی کۆمۆنیزمدا پرسار و وەڵام و دواکاری نووسینەکانی ڕێکدەخات، بەڵام نێوانی دێڕەکانی ئەو لە ژیان و کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی گەورەترە و ئەوەی ئەو تەنیا فۆرمێک بووە بۆ ئەوی رۆژێک کە ئەکرا ئەوانەی ئەو دەمە خەباتی تێدا بکەن بە ئاکامێکیان بگەیاندایە و مرۆڤایەتییان لە کۆمەڵگایەکی بێچین نزیک بکردایەتەوە. کە بەپێی دایلەکتیکی مەتریاڵی لای مارکس خۆی ئەمڕۆ بەهەمان شێوە تێکستەکانی خۆی نانووسێتەوە لەمەڕ مامەڵەکردن لەگەڵ کاپیتالیزمدا. لێرەدا ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، چەند خاڵێکدا و لەپێناوی سادەکردنەوەی باسەکەمدا ڕستیان دەکەم:
١. مارکس لەو شوێنانەدا کەیاسا زانستییەکان دادەنێت هەمیشە سەرچاوەیەکی گرنگە و بە بێ گۆڕان لە یاسا فیزیکییەکاندا گۆڕانی سەیر و سەمەرە بەسەر ئەو یاسایانەدا نایەت. بۆیە گەربمانەوێت لەمارکس تێپەڕین و بگەینە خاڵێکی نوێ، ئەوا هەردەبێت بە مارکسدا بڕۆین.
٢. ئەوشکستەی توشی پلان و بیرکردنەوەی مارکس دەبێت لەواقعدا، ئاشکرا بوونی خودی پلان و تاکتیکی سیاسی مارکسیزمە، نەک گرفتی سەرەکی تیۆرەکە.
٣. هەرکات مارکسمان بەئاراستەی دادوەری تێپەڕاند دەتوانین بگەینە کەنارێک لەکەنارەکانی سەرکەوتن بەرامبەر کاپیتالیزم، لەوکاتانەشدا هەر بەپێی ماتریالیزمی دیالەکتیک مارکسیستیانەتر مامەڵەمان کردوە وەک لەوەی تەنیا لەدەوری تیۆرەکانی مارکس یان هەر کەسێکی تر بمێنینەوە، چونکە هەر تیۆرێک لە تیۆرە سیاسییەکان قابیلی پیاچوونەوەیە و لەهەل و مەرجێکی دیاریکراودا کارا دەبێت یان کاری پێدەکرێت.
٤. دەکرێت مارکسیزم و کۆمۆنیزم (بە فۆرم و دونیا بینی مارکسی)، وانەیەکی گرنگ بێت، چونکە کاپیتالیزم دوو ڕێگای زۆر سادەی گرتەبەر بۆ شکست پێهێنانی فۆرمە سیاسییەکانی تێزەکە و بونیاد نانەوەی خۆی لەسەر هەر یەکەیان: یەکەم؛ پەراوەی نادرووست بۆ فۆرمی پێشنیارکراوی مارکسیستی و کارکردن لەسەر پێکهاتە دەروونییەکان بۆ شکست پێهێنانی، بەئەندازەیەک پێکهاتە دەروونییەکانی مرۆڤایەتی بەئاستێکی تردا گەشەیان پێکراوە، کەمتر ئەگەری ئەوەی هەیە بگەڕێنەوە بۆ خاڵێکی سەرەتاییتر یان بۆ ئەو شێوەیەی کە گەشەی سروشتی خۆی لێوە بەلاڕێدا براوە. دووەم؛ شکست پێهێنانی پێشبینییەکان لەڕێگای خۆ گونجاندن و ڕێگەگرتنەوە لە ڕوودانایان. گەورەترین ڕێگای خۆ گونجاندن بریتی بوو لە درککردن بە پێشبینییەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی خۆی. بەڕای من ئەوەندەی کاپیتالیزم سوودی لە مارکسیزم وەرگرتوە خودی بزاوتە شۆڕشگێڕییەکانی چینی پاینی کۆمەڵگاکان سوودیان لە مارکسیزم نەبینی.

زۆر ڕێگا هەن کە سێکیولاریستە ستەمکارەکان دەیگرنە بەر، جا لەڕێگای بەرپێگرتنی سێکیولاریستی بێت یان ناسێکیولاریستی، بۆنمونە:  کۆسپ دانان لەبەردەم زانین و زانست، باڵادەستکردنی کاڵفامی (شەرعییەتی کولتووری)، باڵادەستکردنی ژیانی ئیندیڤیدەکان و ئەنتیجینەکانی گرۆبەندی کۆمەڵایەتی...تاد. گرنگە بۆ ئێمە ڕۆحی دادوەریانەی مارکسیزم کە درێژکراوەی مێژووی تێکۆشانی مرۆڤایەتییە بە زیندوویی بپارێزین، بەڵام ناکرێت ئەوە لە بیر بکەین کە هیواکانی دادوەری و ئازادیی و یەکسانییەکانی مرۆڤ زۆر لە خودی تێکستەکانی مارکس و هەر مارکسیستێک گەورەترە. مرۆڤایەتی لە هەر گۆشەیەکی ئەم دونیایەدا دووچاری بەڵایەکی بێدادی بووە کە بەرئەنجام و دەستکردی مرۆڤایەتی خۆیەتی و کاپیتالیزم لە هەموو گۆشەیەکی دونیادا ڕابەرایەتی ئەم تەوژمە دەکات. لەبەرامبەردا ئێمەش پێویستمان بە شۆڕشی بەردەوام هەیە!

شۆڕشی بەردەوام و بەرەنگاری چەمکێکی فراوانە ناکرێت خوێنەری کورد تەنیا ئەم چەمکە ببەستێتەوە بە ساچمەزەن و کڵاشینکۆفەوە! بۆنمونە؛ پاشەکشەی زانین و زانست ئەنجامی سەپاندنی پەروەردەی لیبراڵ، یەکێکە لەو دیاردانەی کە مرۆڤایەتی ئەنجامی ڕەخنەکان لە سۆشیالیزم زەرەری لێ کردوە، مەبەستمە بڵێم ئەگەر ئەو ڕەخنانەی لە سۆشیالیزمی زانستی گیران بەمەبەست و بە پلان نەبوونایە، بەم پەروەردە لیبراڵەی ئەمڕۆ نەدەگەیشتین کە کۆی پرسیاری ڕیشەیی لەلای مرۆڤەکان دەخاتە گومانەوە. ئالێرەدایە چەمکی شۆڕشی فراوان و بەردەوام گرنگە پەی پێ ببرێت. فراوان بوونی چەمکی کرێکار شۆڕشی بەردەوام گرنگ دەکات، نەک یەکگرتوویی تەنیا ئەوانەی بە شوناس کرێکارن. نادیاری کەرەستەی ئەو شۆڕشە و ڕێکخراوبوون دوو نهێنی گەورەی سەرکەوتنن کە هەربەهۆی ئەم کەرەستانەوە دەتوانین لەو قۆزاخەیە بێینە دەرەوە.

بۆیە ئەو پرسە درێژ ناکەمەوە و دەگەڕێینەوە سەر سەرەتای باسەکەمان کە (ترس) بوو، ئەوەندە بەسە کە بڵێین: "قسەیەکی گەورەی ئەنتی کاپیتالیستی بۆی هەیە کۆی سێکیولاریزمی ستەمکار بخاتە مەترسییەکی گەورەوە". خودی مەترسییەکی گەورەش بۆ ئەو بەرەو شەڕانگێزی تری دەبات. ئەو هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕە بەردەوامە، ناچارە لە نیوەشەودا کاربکات و هەر لە نیوەشەیشدا ڕابێت. چونکە ترس لە هێزە چکۆلەکان هێزە گەورەکان دڕندەتر دەکات، جا باشتر وایە ئەو ترسانە بە پەنهانی بهێڵینەوە و بەردەوام لەفۆرمی تری شۆڕشدا بەبەردەوام ڕاستی ترسەکان بەشێوەیەکی کرداری نوێ بکەینەوە. گەرچی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە.

دوا دەرئەنجامگیری من کە لێرەدا شایستەی پەخش و هاوبەشیکردن بێت، بۆئەوەی لەو قۆزاخەیە بێینەدەر، بەر لە هەرشت هەرکەسێک دەتوانیت دەست بکات بە پرسیارەکانی (بۆ)، پرسیار بکە لەدوای پرسیار بە (بۆ)، حەز دەکەیت لە ئاو و هەواوە دەست پێ بکە، یان بپرسە هێزە ئیسلامییەکان بۆ هەن؟ بپرسە لە بۆرما بۆ موسوڵمانەکان پاکتاو دەکرێن؟ بەردەوامبە لەسەر (بۆ) دەگەیتە کەنارێک لە کەنارەکانی ئەم بیرکردنەوەیەی من و بگرە باشتریش، بەمەرجێک لە پرسیاری (بۆ) هیلاک نەبیت. هەندێ لە زاناکان هەن وەک ئەوانەی پیشەسازی کۆمپانیای تۆیۆتای یابانیان گەشەپێداوە، دەڵێن پرسیاری (بۆ) تا پێنج جار پرسیارکردنی لەدوای یەک دەمانگەیەنێتە ڕیشەی کێشەکە و دەتوانین بەهۆیەوە چارەسەری ڕیشەیی بە ئاسانی بدۆزینەوە. من بەباشی دەزانم تا (بۆ) بمێنێت پرسیار بکەین، بەمەرجێک بتوانین خۆمان لە پرسیاری بوون و نەبووندا ون نەکەین. زۆرجار پرسیاری (بۆ) دەمانگەیەنێتە بابەتەکانی {بوون و نەبوون} بۆیە گرنگە بتوانین زوو خۆمان لەو کارەساتە بێئاکامە ڕزگار بکەین، ئەگەر دەمانەوێت لە دونیای واقع و کرداردا شتێک بکەین! دانانی پرسی بوون و نەبوون لەسەرەتای هەر هەنگاوێکی کرداریدا دەمانخاتە گێژاوێکی بێبەرهەمەوە، چونکە خولانەوەیە لە بازنەیەکی بەتاڵدا. هیچ کات پرسیاری بوون و نەبوون نامانگەیەنێتە کۆتایی شتەکان، بۆیە ناڕاستی وەڵامەکان بەرەو ناڕاستی چارەسەرەکانمان دەبات.

لەکۆتاییدا هیوادارم خوێنەر سوودی لەم باسە ماتریکس ئاسایە بینیبێت و پاش پێکەوە گرێدانی بابەتەکە و هەموو بەشەکانی بە ماتریکسێک لەسەر پێگەی ئەلکترۆنی تایبەت دەخوێننەوە. 

09/12/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە - بەشی حەوتەم


کاپیتالیزم گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدەکەنێت
لە سەراسەری دونیادا سێکیولاریزمی ستەمکار بەدوو جۆر لەگەڵ ناسێکیولاریزمدا بەشێوەیەکی ستراتیژی ڕێککەوتووە. لەگەڵ بەشێک لەو ئایینانەی کە سێکیولاریزمیان قبوڵە و پەراوەی کاریگەری خۆیان دەکەن ڕێکەوتنەکە لەڕێگای جۆرێک سازانەوەیە؛ کە هەریەکە لە دوولایەنی ڕێکەوتنەکە پارێزگاری لە بنەماکانی ئەویتر دەکات و بەهۆی ئەم پارێزگارییەوە پشتیوانی یەک دەکەن و هەرکەس بەشێوەیەکی ئاشتیانە گەشە بە خۆی دەدات. بۆ نمونە سەیری سیستەمی دەسەڵاتداری لە وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکادا بکە، بەهیچ شێوەیەک مرۆڤی ئاتیئیست (بێباوەڕ) ناتوانێت بچێتە کۆنگریسەوە، خۆ ئەگەر بێباوەڕیش بێت ناتوانێت بەئاشکرا بانگەشەی بێباوەڕی خۆی بکات، چونکە زۆر بە سادەیی دەبێت کۆنگرس جێ بهێڵێت! ئەمە یاسا نییە بەڵام عورفێکی سیاسیە لە یاسا بەهێزترە. لەم کۆنگرێسەدا هاوڕەگەز بازی باشتر قبوڵدەکرێت تا بێباوەڕی، هەرچەندە کولتوور و کۆمەڵگای شەڕانگێزی نێرسلاری هەمیشە دژی ئازادی هاوڕەگەزبازەکانە. سەرباری ئەوە گەر وردبینەوە، ئەوا نزیکەی لەهەر دە ئەمریکاییەک دانەیەکیان بێ باوەڕن، کەچی نوێنەریان لە کۆنگرێسدا نییە. ئەمەش ڕێکەوتنی سیستەمێکی سێکیولاری ستەمکارە لە گەڵ ناسێکیولارەکان. هەربەو جۆرە بنەماکانی سێکیولاریزم لەبەردەم پرسیاری ناسێکیولاریستەکاندا تووشی بنبەست دەبێت. لەخۆیدا ئەم ئەنجامە سەرکەوتنێکی ڕێژەیی باشە بۆ مانەوەی شکۆی ئیماندارەکان. بەڵام لەبەرامبەردا کاپیتالیزم نرخی ئەو باجە زۆر بەزیاترەوە وەردەگرێتەوە و هەر لە پاپا و شێخە بەرزەکانی ئیسلامەوە بۆ حاخاماتە گەورەکانی یاهودا و تا دەگاتە پیری ئایینەکان لەوێوە بۆ ئاستی مامۆستای ئایینی خوێندنگاکانی دونیا یەک لە دوای یەک خزمەتی ئەو دەکەن و ڕێگە بۆ ڕەواییەکانی ئەو پاک دەکەنەوە. لە بەرئەنجامی ئەم ڕێکەوتنانەدا کاپیتالیزم برای گەورەیە، چونکە هێز و پارە و تواناییەکان لەبندەستی ئەودا زیاترن.

لەلایەکی ترەوە کاپیتالیزم لە ڕێکەوتنێکی نا ئاشتیانەی ناڕاستەوخۆدایە لەگەڵ سەرجەم ئەو ئایینانەدا کە نایەنە پای قبوڵکردنی ئەو یاسا سێکیولاریستییانەی لەبەرژەوەندی ئەودان. بۆیە دەبینیت لە جەنگەکاندا ڕێکدەکەون، هەروەک چۆن لەگەڵ بن لادن و ڕژێمی مەلایەتی لە ئێران و ...تاد لەسەر جەنگەکان ڕێکەوتنی ناڕاستەوخۆیان هەیە بەزمانی جەنگ و بەرهەمی جەنگەکان بەشێوەی جیاجیا و هەر کەس بە پێی تونای خۆی بەشەکانی دەباتەوە. بۆ نمونە، ئەگەر ئەمریکا و دونیای پێشکەوتنی ماددی کاپیتالیستی نەبێت، ئەی قاعیدە و ئیخوانەکان کێ بە کافر و بێدین وەسف بکەن و ململانێ لەگەڵ کێدا بکەن. بەهەمان شێوە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئایینە ناتەبا توندڕەوەکان ئەم هاوکێشانە ڕاست دەردەچن، چونکە توندرەوی ئەگەر بەزۆر یەکێک نەکاتە شەیتان و دژایەتی توندی نەکات ئیتر ئەو نییە (خاڵە بنەڕەتییەکەی جیاوازی لەگەڵ شۆڕشدا، ئەم پنتەیە، شۆڕش نییە تا بەڕاستی ستەمکارێکی بێ سنووری و بێشەرم نەبێت، بەتەواوی پێچەوانەی تیرۆر) . ئەم بەڵگانەی .سەرەوە باسمکردن بەڵگەی زۆر سادەی منداڵانەن و لام وایە هەموو کەس بەکەمێک وردبوونەوە هەستیان پێ دەکات. کام هێزەی زۆر زەبەلاحە ئەمڕۆ لە جیهاندا ئەگەر سەرچاوەکانی چەک و تەقەمەنی و سووتەمەنی و بازاڕەکانی قاچاخچێتی مادەهۆشبەرەکان و حەواڵەی بانکەکانیان لێ دابخرێت، ئەوا بەرگەی چەند مانگێک ناگرن و بزاوتی تیرۆریستی لە دونیادا شکست دەخوات، بەڵام کەکاپیتالیزم ئەمە ناکات، لەبەر بێتوانایی نییە، بەڵکو لەم ڕێگایەوە بە ئاسانتر دەتوانێت کۆنترۆڵی دونیا بکات و بەرژەوەندییەکانیشی باشتر دەچنە پێش.

چەند کارەساتێکی مەترسیدار لەم ڕێکەوتنە ستراتیژییەوە سەرهەڵدەدەن، ئەو مەترسیانە ژیانی مرۆڤایەتی بەرەو کۆتاییەکی زۆر ناخۆش و قێزەون دەئاژوون و بەرەو نادیاری دەبەن. کاپیتالیزم گۆڕی خۆی هەڵناکەنێت، بەڵکو ژیانێک بەرهەمدەهێنێت بریتی بێت لەمەرگێکی بەکۆمەڵ بۆ هەموو. بەشێکی گەورەی دیکتاتۆرەکان لەلایان باشە ئەگەر خۆیان نەمان ئەوا باشترە کەس نەمێنێت چونکە کەس وەک ئەوان چاکەکار و گرنگ و ڕەسەن نییە، کاپیتالیزم هەمان ڕەفتار پەراوەدەکات و ئەو مەرگەی بۆ کۆمەڵی هەڵدەبژێرێت گرنگ نییە چۆنە بەڵکو گرنگە تا کۆتایی خۆی یەکەم یاریچی گۆڕەپانەکەبێت. لێرەوە ڕێچکەکانی چەند نمونەیەک لەو مەرگە گەورانە کە دەرهاویشتەی ئەو ستراتیژە هاوبەشە و خۆ نوێکردنەوەی کاپیتالیزمن دەخەمە بەردەست بەچەند خاڵێک:

یەکەم: شکستی گەورەی زانست
سیستەمی پەروەردە و زانینی ئەمڕۆ لەدونیادا دووچاری پاشەکشەیەکی گەورە بووە، لە زۆربەی نێوەندەکانی ژیان و دونیادا گەر لە بەرنامەکانی خویندن و فێربوون بکۆڵینەوە، بە سانایی دەبینین هەموو ئەو بنەما زانستیانەی کە پرسیاری گەورە درووست دەکەن لەدەرەوەی بەرهەمهێنانی مادی و بەکارهێنانی بەلێشاو فەرامۆشکراون یان کورتکراونەتەوە لەسەر ئیلیتێکی دیاریکراو کە لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەت و بانکە جیهانییەکاندان. بۆ نمونە بەشێکی زۆر لە توێژینەوە زانستییەکانی دونیا لەلایەن تەوژمە سیاسییەکان و کۆمپانیا جیهانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن و هەر ئاراستەیەک و پشتیوانی لەو باسانەدەکات کە بەقازانجی خۆیان دەشکێنەوە، جگە لەوە ناوەندە ئابوورییە دەسەڵاتدارەکان چەندین پڕۆژەی زانستی و لێکۆڵینەوەی زانستی دەخەنە گەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان.

نەوەیەک درووست دەکات کە ناتوانێت جاریکی تر ڕەخنە لە هەژموونەکە بگرێت، هەر ڕەخنەیەکیش دەگرێت لە لوپێکی نەزانیدا کۆتایی دێت کە دەیباتەوە سەرەتای بازنە بەتاڵەکە، ئەمە بەرئەنجامی ئەو بێهۆشی و نامۆییە درووست بووە کە لە دەزگا پەروەردەییەکان و زانکۆ و پەیمانگا زانستییەکاندا پەراوە دەکرێت و تا ئەندازەیەک بووەتە بەشێک لەخەسڵەتیان. ئەم دامەزراوانە لە ژێر گوشاری گەورەی خواستی بازاڕدا بەجۆرێک لێیان قەوماوە بەردەوام بە تەڵەی پرانسیپ و بیرۆکراسییەتی خۆیاندا دەتەقنەوە و هەموو بەرهەمەکانیان دەچێتەوە خزمەت بەردەوامی سیستەمەکانی سێکیولاریزمی ستەمکار. بە کورتی و بە پوختی ئەو وتە زایەی بەسەردا دەچەسپێت کە دەڵێ:
«Ignorance of ignorance is the death of knowledge»
"واتە نەزانینی نەزانین مەرگەساتی زانینە".
گرفتی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئەم هەنگاوەی کاپیتالیزم کۆمەکێکی گەورە بە مانەوە و ژیانەوەی باوەڕداری دەکات، چونکە خۆرەی سەرەکی باوەڕداری بریتییە لە زانین و تێگەیشتن و پێگەیشتنی ڕیشەیی خەڵک. ئەمە یەکێکە لەو مەرگەساتانەی کاپیتالیزم لە ڕێگای بانگەشە گەورەکانییەوە بۆ پەروەردەی لیبراڵ و دوورخستنەوەی زانستی ڕیشەیی هاتوە و ئەو ژەهرە مێژووییە بۆ داهاتوو دەڕێژێت. ئەم ژەهرە نەوەیەک درووست دەکات بە هۆشێکی دواکەوتووی کاڵفامەوە مامەڵە لەگەڵ تەکنۆلۆجیایەکی نوێ دەکات. ئەم کاڵفامییە لە سەدەکانی ناوەڕاست و پێشووتردا کێشە نەبوو بە ئەندازەی ئیستا، چونکە چوونییەکییەک لە پەرەسەندنی گشتی دا هەبوو، هۆشمەندی ڕەنگدانەوەی سەردەمی خۆی بوو، ئەوەی کاپیتالیزم دەیکات لەباربردنی ئەو هۆشمەندییە کە ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمە مادییە بێت کە تێیدا دەژین. ئەمە مەرگێکی ترسناکی گشتییە و ژیان بەرەو یەک دووری پڕ مەرگەسات دەبات.

دووەم؛ لاوازکردنی ئەدەب و زانستی بەرهەڵستکاری
لەسەراسەری جیهاندا هەموو ئەو تێکست و نووسینانەی مرۆڤ بەرەو کولتوورێکی مرۆڤدۆستی و بانگەشەی نابەکاربەری و دادوەری دەبەن، گەورەترین کۆسپی پەخش و بڵاوکردنەوەیان لەبەردەمدا هەیە و درووستدەکرێت، جگەلەوەی کە لەڕووی توێژینەوەی زانستییەوە پشتیوانی ناکرێن و لەڕووی بانگەشەوە، کەناڵەکانی میدیای سەردەم وەک پێویست بانگەشەیان بۆ ناکات. بۆ نمونە بڕوانە پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی مەعریفەی مارکسیستی (بێگومان بە یەک کۆمەڵ ڕەخنەی زۆرەوە چ لە خودی تیکستەکانی مارکس و چ لە پراکتیک و سیاسەتی بزاوتە مارکسیستیەکان)، ئەوەی لێیان دەخرێتەڕوو و بەپشتیوانییەوە تەنیا ئەو تێکستانەن کە لەهەناویاندا شکست بە بەرخوردانی مارکسیستی و چەمکی دادوەری دەهێنێت لەو مەیدانەدا. ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی حەکیمانە و ئەنجامی چەندین لێکۆڵینەوە و تەرخانکردنی وزەی زۆر ئەنجام دەدرێت، پاش تێبینی ورد بۆمان دەردەکەوێت: زۆرجار هەیە بزاڤە چەپ و مارکسیستەکان زۆر بە جوانی دەکەونە تەڵەی خزمەتکردنی گەورەترین پلانی کاپیتالیستییەوە، لەخوارەوە میکانیزمەکە بە هێلکارییەک ڕوون دەکەمەوە. ئەم سیاسەتە تەنیا لەگەڵ مارکسیزمدا پەیڕەوناکرێت، بەڵکو لەگەڵ هەر قوتابخانەیەکی فکری و سیاسیدا، لەگەڵ هەر بزاوتێکی کرداریدا پەیڕەو دەکرێت کە دژی کاپیتالیزم بێت و پلانی هەبێت بە کردەوە ڕێگە لەقازانجەکانی ئەو بگرێت. لەم پێناوەدا زۆرجار ئایین دەبێتە فریادڕەسێکی نمونەیی بۆ گەرمکردنی ئەم جەنگە. هەر ئایین نییە بەڵکو هەندێ ناکۆکی لاوەکی بیر و تێڕوانین و وردە بەرژەوەندی ماددی و ناماددی بەکاردێت لەم پیناوەدا تەنانەت لە نێو هێزە چەپەکان خۆشیاندا نەک بەتەنیا لە نێوان هێزێکی چەپ و ناچەپ.


فۆرم و ستایلی ئەم بەیەکدادانە لەسەر سایکۆلۆجیای تاک و کۆمەڵ و ژیانی نامۆیی تاکەکان پیادە دەکرێت. بڕوانە سەرباری لەخۆ بووردن و چونە بەرەی بەرەنگارییەوە، چەپ دەستکەوتەکانی کاپیتالیزم بە دەستکەوتی کرێکاری دەزانیت، لەکاتێکدا کرێکار تەنیا وزەیەکی بەکاربراوە لە پرۆسەکاندا و تەنیا هێز و تەمەنی خۆی بە مانەوە و ژیان فرۆشتوە و هیچی تر. ئەمە چکۆلەترین و سادەترین نمونەیە کەنامەوێت زۆر زیاتر لە خوێنەری ئاڵۆز بکەم. ئەم پرۆسەی بەیەکدادانەی هیزەکان بەم هێڵکارییە ڕوون دەکەمەوە:


لە سادەترین گۆشەی کۆمەڵگاوە بیرم لەم هێڵکارییە کردوەتەوە، ئەگەر هەموو تیرائاساکان سەیر بکەین، ڕەنگی جیاواز و هاوشێوەن ئاراستەی جیاواز و قەبارەی جیاواز دەنوێنن. ئەم تیر ئاسایانە جگە لە تیراسـاکانی (أ، ب، جـ ) هەموو تیرئاسـاکانی تر گوزارشـت لە تاک و گرۆ کۆمەڵایەتی و چینایەتییە جیاوزاەکانی کۆمەڵگایەک دەکەن، هێڵە پچڕپچڕەکە سنوورەکانی کۆمەلگایەک دەخاتە ڕوو، بۆیە کراوەیە چونکە سنوورەکە داخراو نییە و لە پەیوەندی و بەریەککەوتنی زۆر و بەردەوامدایە لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا. ئەگەر تیرئاسای (أ) نوێنەرایەتی سێکیولاریزمی ستەمکار و (ب) نوێنەرایەتی ناسێکیولاریزم و (جـ) نوێنەرایەتی بزاڤە دادخوازەکان بکەن و خاڵەکانی (A) و (B) و (C) و (D) ی بریتی بن لە ئاکام و ئامانجەکان ئەوا چوار جێکەوتمان هەیە کە ڕوویان تێدەکەین، کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی دادوەر ڕوو لەخاڵی (A) و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی پڕ لە ستەمکاری ڕوو لە خاڵی (B) و کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی ستەمکارانە ڕوو لە خاڵی (C) و کۆمەڵگایەکی مرۆیی دواکەوتوو ڕوو لە خاڵی (D) دەکات. تیرئاسایەکم نەکێشاوە بۆ دوا خاڵ (D)، چونکە بە ڕای من ئەوە زیاتر لەگەڵ بەرئەنجامی ستراتیژی بزاوتە پاریزگار و پارێزگارە نوێیەکاندا دەگونجێت و لێرەدا بۆ باسەکەی من کاریگەرییەکی زۆری نییە.

مەبەستی سەرەکی لەم هێلکارییە ئەوەیە کە کاتێک کاپیتالیزم دێت و هێزە چکۆلەکان دەخاتە دژی یەک یان بارگاوی دەبن بەسەرمەستییەکانی پێشکەوتنی کاپیتالیستی، خودی ئەم هێز و گرۆ چکۆلانە کاتێک بەیەکدا دێن و لە دژایەتی یەکتردا هێزەکانیان خالی دەکەنەوە، ئەوا ئاستەم دەبێت تیرائاسای (جـ) فۆرم و شکڵی خۆی وەربگرێت. لەزۆر باردا ئەم تیرئاسیە دەبێتەوە خەون یان هێندە کاڵدەبێتەوە لە کۆمەڵگاکاندا وەک سیمبوڵ دەمێنێتەوە، بۆیە ئەو تیرئاسایانەی کۆمەڵ کە بە ئەندازەیەک لەگەڵ لیبراڵیزمی کاپیتالیستیدا تەریب نین بەرئەنجامی هێزەکانیان لەشوێنێکدا خاڵی دەبێتەوە کە کۆمەک بە تەوژمی سەرەکی هێزە کاپیتالیستییەکان دەکات، چونکە لایەنی کەم خاڵی دەبێتەوە یان بەشێکی زۆر گەورە لە چوستییەکەی لە دەست دەدات.

تێبینی: ئەکرێت هێڵکارییەکە لە شێوەدا زۆر ڕوون نەبێت یان کەموکورتی هەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بیزانین تیرئاساکان لە لۆجیکی شیکاری ڤێکتەری فیزیایی و ماتماتیکییەوە وەرمگرتوە، کە ئەگەر زۆر بەوردی و ئەنجامی پێوانەکردنی هێزو ئاراستەی گرۆکان دابنیشین و بەپێی چوستی و هێز هەر تیرئاسایەک دابنێین و لەڕووی فیزیاییەوە دەستنیشانی بکەین و پاشان شیکاری بکەین، دەردەکەوێت کە سێکیولاریزمی ستەمکار، بە پشتیوانی ناسیکیولاریزم، مرۆڤایەتی و بزاوتە بەرهەڵستکارییەکان لە چ قەیرانێکدا دەژێنێت. جێی مەبەستی باسەکەی منە ئەگەر هێزێک ڕوونەکاتە خاڵی (A) هەر ئاراستەیەکی تر وەربگرێت، ئەوا دووچاری کۆمەک دەبێتەوە بە کاپیتالیزم. هەر هێڵکارییەکە پیشانی دەدات کە ئەندازەی تەریبی و هاوئاراستەیی سێکیولاریزمی ستەمکار و ئیمانداریی بەرزترە لە ئارستەی هەر تیرئاسایەکی بەرهەڵستکارەکانیان.

بەکورتی قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵگاکان یان کۆمەڵگای مرۆیی بەگشتی لاواز بوونی هاوپشتی نیوان هێزە گرنگەکانی مێژووە لە کۆمەڵگادا، کاتێک دەبینین ئەم هێزانە بەم جۆڕە بە چەپاندندا تێدەپەڕن مەترسی گەورە هەست پێدەکەین لەسەراسەری دونیادا و لە کۆمەڵگاکانی خۆماندا باشتر ئەم مەترسیانە درک پێدەکەین.

سێیەم؛ گەورەیی دەوڵەتی نەتەوەیی
دەوڵەتی نەتەوەیی لە دەوڵەتی گەلی جیاوازە، دەوڵەتی نەتەوەیی تا ڕادەیەک ئاساییە تا ئەو شوێنەی ئامانجی پان ناسیۆنالیستی لەخۆ دەگرێت. گەورەیی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی وەک چین و ئەمریکا و ڕووسیا و تەنانەت یەکێتی ئەوروپا و هەندێ دەوڵەتی تازە دەرکەوتووی وەک بەرازیل و ئوستورالیا و هیند و ئێران و تورکیا ..تاد هەموو کۆسپی گەورەن لەبەردەم دادوەری کۆمەڵایەتیدا لەسەراسەری دونیادا و لەناو خۆیاندا. لەهەموو دونیادا مەترسین، چونکە بۆ مانەوەی سەروەری و دەسەڵات و هەژموونی خۆیان چەندین نابەرابەری بەرامبەر گەلانی دونیا دەکەن. لەلایەکی ترەوە هەریەک لەم هێزانە زۆرترین هێزی گەلی و نیشتمانی ناوچە فراوانەکانی خۆیان بەگەڕ دەخەن لە ململانێ ناپێویستەکانی دونیادا. ئەگەر وردببینەوە، ئەوا دەبینین چکۆلە بوون و دابەش بوونی هەر یەک لە دەوڵەتە نەتەوەییە گەورەکانی دونیا بۆ کانتۆن و شار و خۆجێیەتی بەڕێوەبردن، مەترسییەکانی جەنگی گەورە و زەبەلاح بە ئەندازەی بەهێز کەم دەکەنەوە. گەورەیی دەوڵەتی نەتەوەیی هەمیشە مەترسییە لەسەر ئاسایشی گۆی زەوی و بەردەوامی ئەم فۆرمە لە حوکمڕانی بەدەردی دادوەرییەکانی کۆمەڵگا ناخوات و بەهیچ جۆرێک لەگەڵیدا نایەتەوە، سەرباری ئەوەی خودی دیموکراسی لەگەڵ دیموکراتیزە بوونی کۆمەڵگاکاندا لەلای من جیاوازە و هەرگیز پشتیوانی لە دیموکراسی ناکەم، بەڵام دەوڵەتی زەبەلاحی نەتەوەیی دەبێتە مەترسیدارترین هەڕەشە لە خودی ئەو دیموکراسییەی کە تیۆرە دیموکراسی دۆستەکان بە درێژایی زیاتر لە دوو هەزار ساڵە بانگەشەی بۆدەکەن. ئەوە جگە لەوەی کە بەتەواوی لەژێر گوشاری پان ناسیونالیزمی نەتەوەییدا دیموکراتیزە بوونی کۆمەڵگا و ژینگە گەلییەکان تێکدەدات یان ناهێڵێت بە خواستی پێویستی خۆیان گەشە بکەن، هەموو گەشەکردنێکی ناسروشتیش مەترسی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی لەپشتە و کاریگەری ژینگەیی خراپ درووست دەکات.

هۆکارێکی تری ئەم مەترسییە لە گەورەیی قەبارەی دەوڵەت و سەرچاوەکاندا فەراهەمدەبێت کە بەرئەنجامەکەی دەکاتە درووستکردنی سوپەر پاوەر و دەرفەتی هاوبەشی نیوان گەلان کەمدەکاتەوە و هەر بەوهۆیەوە چەندین نەتەوە و ئەتنیکی دونیا کە خاوەنی چەندین کولتوور و بەرهەمی ویژدانی بەرزن، لە ناو ئێنتیتییە گەورەکاندا دەتوێنەوە. هەر زەبەلاحی دەوڵەتی نەتەوەیی، پێکهاتە سیاسییە دەوڵەتییەکان پەلکێشی ململانێی هاوتای گەورە دەکات کە ئەگەری لێکەوتنەوەی جەنگی وێرانکارانە و زەبەلاحیان زۆر لێ دەکرێت. لایەنی کەم پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و پاشەکشەی زانینی زانستی و کاڵبوونەوەی ڕەوشت و کولتوورە مرۆییە بەرزەکان یەکسانە بەو مەترسیەی ناکرێت هیچ مرۆڤێکی ژیر پشتیوانی ئەم داڕزانەی مرۆڤایەتی بکات.


چوارەم؛ گەورەیی ململانێی تەکنۆلۆجیای سەربازی
وتەیەکی باو هەیە، دەڵێت: "ئەگەر بڕی ئەو پارەیەی بۆ کوشتنی ڕەشپێستەکان دانراوە لەچەک و تەقەمەنی تەرخان بکەن بۆ خواردن و ژیانیان، نە ئەوەندە ئاشووب دەبیت نە ئەوەندەش کارەساتی مرۆیی لە ئەفریقادا ڕوودەدات، کەلەوانەیە بەشی چەندین جاری ژیانیان بکات" ئەم وتەیە سادەیە، بەڵام مەترسی گەشەسەندن و ئەو وزەیە پیشاندەدات کە مرۆڤایەتی لە خۆ پڕ چەککردندا خەرجی دەکات. ناکرێت گومان بکەین کە بەشی هەرە زۆری ئەو چەکسازی و بەهێزکردنی جبەخانانەیەی دەوڵەتە بەهێزەکان ناپێویستن و جگە لە بازرگانییەک شتێکی تر نین. لەم هاوکێشەیەدا بزاوتە تیرۆریستییەکان، پێویستییەکی ئێجگار گەورە بۆ گەرمی بازاڕەکە درووست دەکەن، هەر چۆن بەیکدادانی دەوڵەتەکان و شۆڕشی دژ بە ستەمی دەوڵەتە دواکەوتووەکان هۆکارێکی باشن بۆ ساخکردنەوەی ئەم کاڵایانە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت بەیەکدادانی دوو دەوڵەت لەمڕۆدا کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەت کە پەیوەندی و زانستە دیبلۆماسییەکان زۆر گەشەیان کردوە و هۆکارەکانی پەیوەندیش باش پەرەیان سەندوە. هەروەها گەلانی دونیا بایی ئەوەندە تێگەیشتوون لەبری ململانێی سەربازی باشترە تەواوکاری ئابووری و کولتووری درووستبکەن، چونکە بڕی ئەو بەخشینەی لە دانوستاندنەکانیاندا دەیدەن زۆر کەمترە لەو بەخشینەی لە جەنگەکاندا دەبێت بۆی ئامادەبن.  لەڕێگای تیرۆر و مەترسییەکانی تیرۆرەوە ئەوەندەی تەکنۆلۆجیای دژە تیرۆر بە گەلان و بازاڕەکانی دونیا دەفرۆشرێت و سامانی نەتەوەکان لە ڕێگەی چەکسازی ناپێویستەوە لووش دەدرێن، هیچ بزنسێکی تر جگە لەنەوت و سەرچاوەکانی وزە و پیشەسازی هۆیەکانی گواستەنەوە و گەیاندن هێندە ڕەواجیان نییە. پێویستە دوو خاڵ باس بکەین: یەکەم؛ ئەم پیشەسازییانەی دوایی باسمانکردن خۆیان بەشێکن لە پرۆسەی جەنگە گشتییەکە. دووەم؛ مەبەست لە تەکنۆلۆجیای دژە تیرۆر، تەنیا چەک و تەقەمەنی نییە. ئەگەر بڕوانینە بڕی ئەو سۆفتوێر و داتابەیز و کامێرا و ئاکسێسۆریانەی کە بۆ چاودێر تیرۆر لە وڵاتە ئابووری پێشکەوتووەکاندا ساخ دەکرێنەوە، ئەوا دەزانین کە قەبارەیەکی گەورەی بازرگانی نیودەوڵەتی لە بازاڕی ستراتیژی سەربازیدا درووست کردوە.

ئەم گەشەسەندنە کاریگەری نەرێنی گەورەی هەیە لەسەر پەیوەندییە نیودەوڵەتیەکان و هەروەها لەسەر بەهەدەربردنی وزەی کار و ژینگەی مرۆڤایەتی. بەهۆی پەرەسەندنی کاپیتالیزمەوە لەم کایەیەدا مرۆڤایەتی ڕوو لە کۆتاییەکی ناشایستە دەکات، کەبەشێک لەو فشار و هێزە پێکدەهێنێت کە کاپیتالیزم گەشەی پێدەدات و دەبێتە هۆکار بۆ مەرگی گشتی.

پێنجەم؛ کۆنترۆڵکردنی تەکنۆلۆجیای زانیاری
هەموو کەس بەئاسانی دەبینێت چۆن تەکنۆلۆجیای زانیاری تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگای تەنیوە، چۆن ڕۆچووەتە ناو هەموو درزێکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لە وڵاتە ئابووری پێشکەوتووەکانیشدا بەشێکی گەورەی کارگێڕی پێکدەهێنێت و تەواوی ژیانی تەنیوە. بەهیچ کلۆجێک نکۆڵی لە گرنگی ئەم پێشکەوتنە ناکرێت، هەروەها نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کەرەستەیەکی زۆر سادە و سەرەتاییە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو جوڵە و ئاراستەکردنی زۆربەی بڕگەکانی ژیان.

نەرێنی ئەم داهێنانە لە دوو بڕگەدا دەبینمەوە، لەلایەک مرۆڤی کەمێک تەمەڵکردوە، ئەوەش بەناچاری. جەنجاڵی و نامۆییەکانی ژیان هەموو کاتە بەسوود و پڕ وزەکانی مرۆڤ داگیر دەکەن، بەبێ ئەم تەکنیکە ناتوانین لە پەیوەندی و ئیدارەی پەیوەندییەکانماندا بەردەوام بین. لەلای دووەم ئەم تەکنیکە ژیانی تاکگەرایی زۆر گەشە پێداوە و مرۆڤەکان لە بەریەککەوتن و نزیکبوونەوە تەواو لەڕاستی ژیان دوور کەوتوونەوەتەوە. دوورکەوتنەوەی مرۆڤ و گرۆکان لەیەکتر، یەکێکە لە پێشمەرجەکانی درووست نەبوونی دادوەری کۆمەڵایەتی. واتە تا ئەندازەی ژیانی تاکگەرایی زیاد بکات، کۆمەڵگا زیاتر لە دادوەری کۆمەڵایەتی دووردەکەوێتەوە. هۆکار و وەڵامی ئەم خاڵەش ئاسانە، چونکە دادوەری کۆمەڵایەتی بە کوشتنی تاکەکان لە گۆشەی گۆشەگیری خۆیاندا نایەتە بەرهەم. دادوەری کۆمەڵایەتی بەتەنیا بریتی نییە لە درووستکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی (بەتایبەت ئاشتی کۆمەڵایەتی پاسیڤ)، دواجار ئەگەر ئاشتی کۆمەڵایەتی یەکێک بێت لە پێویستییەکانی دادوەری کۆمەڵایەتی، ئەوا قەتیس بوونی تاک لە بۆکسی خۆیدا دەرفەتی ئاشتی درووست ناکات، بەڵکو ململانێ دکوژێت، ئەو ململانێیەی بەبنەمای دایلەکتیکی کۆمەڵایەتی درووست دەبێت و خودی تاک و پرسی دادوەری کۆمەڵایەتی پێش دەخات. دواجار دەکرێت بڵێین لەبری بەکارهێنانی بەرفراوانی تکنۆلۆجیا لە کۆنترۆڵکردنی ژیانی خەلکدا باشترە تەکنۆلۆجیا کۆنترۆڵبکرێت لە شێواندنی ژیانی خەڵکدا. بەڵام ئەوەی ڕوو دەدات تەواو پێچەوانەیە و بەبەردەوام ئەویش بازاڕێکی ترە. بەرئەنجام ئەم خاڵە یەکێکە لەو خاڵانەی کە مەترسییەکانی کۆنترۆڵکردنی تەکنۆلۆجیای زانیاری دەیهێنێتە ئاراوە.

زۆر خاڵی تر هەن، بەڵام من لێرەدا دەوەستم و هەڵیان دەگرم بۆ دەرفەتی تر باسیان لێ بکەین، بۆنمونە بانکە جیهانییەکان و خودی بانکەکان و کەرەستەکانیان بارێکی زۆر گرانن بەسەر دادوەری کۆمەڵایەتییەوە، بەبازاڕکردن لە ڕێگای جەنگەکانەوە (بۆ نمونە جەنگەکان هەمیشە دەرفەت بۆ کۆمپانیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان درووست دەکاتەوە کە ئیشیان لەو شوێنانە زۆر ببێت کە کاولکاری ڕووی تێکردوون). هەروەها میدیا جیهانی و پاشان ڕیکلام و درووستکردنی ئوستۆرەی تاکی ئازاد و ئازادی بیروڕا لە والاوە بوەستێت. لەڕێگای تیرۆر و جەنگەکانەوە ناوچەکان وێران دەکرێن و دەبنەوە بە سەرچاوە بۆ کارکردنی کۆمپانیا کان و هەڵلووشینی داهاتی نەتەوەکان لەیەک کاتدا.

06/12/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە ـــ بەشی شەشەم


ئازادی‌و یه‌كسانی ــ هاوشێوەیی ــ
لەچەند بەشی ڕابردوودا باسمان لە سێ بەرە کرد؛ ئەوانیش: سێکیولاریزمی ستەمکار (بەرەو سەرمایەداری)، نا سێکیولاریزم (هەژموونی ئیمانداری)، هەروەها بەرەی دادوەری خواز (هەڵگرانی بزاڤی دادوەری کۆمەڵایەتی). ململانێی ئەم سێ بەرەیە بەهۆکاری جیاوازی بنەڕەتییەوە دەبێتەوە بە ململانێی نیوان دوو بەرە، کە ئەویش ململانێی نێوان بەرەیەکە ستەم و چەوساندنەوە ڕەوایی پێدەدات و بەرەیەکی تر بەردەوام لە دۆخی بەرهەڵستکاریدایە تا ئەو ساتەی ستەمکاری بمێنێت. لەسەرەتای بابەتەکەوە باسمان لە دابەشبوونێک کرد سەرئەنجامی ترس و بەتایبەت ترس لە هاوشێوەیی، کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرهەمهێنانی بێدادی بەهەردوو شێوەکەیەوە کە ئەوانیش بێدادییەکانی سێکیولاریزمی ستەمکار و بێدادی ناسێکیولاریستەکانن. بۆ وردتر هەڵوێستە لەسەر یەکنەگرتنەوەی دوو بەرەی یەکەم لەگەڵ بەرەی سێیەمدا دەبێت ئەو دوو چەمکە تاوتوێ بکەین کە هەموو تێڕوانین و هەموو بەرژەوەندییەکان لەسەریان ناکۆک دەبن و دوا دابەش بوونی ململانێکان بەسەر دوو بەرەدا وەک دوو راستەهێڵی تەریب   دەمێننەوە و لە هیچ بەرژەوەندییەکدا یەکناگرن. ئەم دوو چەمک و بنەمایەش ئازادی و یەکسانییە. لام وایە هیچیان بە کورتە باسێکی ئاوا تەواو نابن، بەڵام لایەنی کەم هەوڵدەدەم ئەو بنەمایە بخەمە بەردەست کە قوڵی ئەم ناکۆکییە دەردەخات و ناهێلێت خاڵی هاوبەش هەبێت لە نێوان دادوەری و هیچکام لە سیستەمی کاپیتاڵیستی و حوکمی ئیمانداراندا.

ئازادی‌و یه‌كسانی دوو درووشم ‌و دوو خواستی سه‌ره‌كی هەموو بەرەیەکی سیاسی فیکرییە کە بخوازن بگەن بە دادوەری و هەموو ئەو تەوژم و بیروباوەڕانە پشتی پێدەبەستن کە دەخوازن بگەن بەکەنارێک لە ئارامی و ئاشتی و بژێوییەکی شکۆمەندانە. ئەم دوو داوایە نە سادەن، نە بە ئاسانی دێنە دی! ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت باسی بەکم ئەوەیە کە ئه‌م دوو داوایە به‌بێ یه‌كتر نایه‌نه‌ به‌رهه‌م‌ و به‌دی نه‌هاتنی یه‌كێكیشیان ده‌بێته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م ئه‌ویتریاندا، لەلای دووەمەوە هه‌رچی ئه‌و ئازادی ‌و یه‌كسانیانه‌شه‌ كه ‌له‌ مێژوودا به‌ته‌نیا به‌رهه‌م هێنراون، له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه‌كه‌ی تریان بووه‌. هەروەها دەمەوێت بڵێم بەدیهاتنی ئەم دوو داوایە، سیستەمی کاپیتالیستی ڕەتدەکاتەوە و ڕێگەش نادات بیروڕای ناسێکیولاریستانەی ئیماندارەکان کاریگەریی حوکمڕانیان بمێنێت (بەڵام نەک بە میتۆدی بنەڕەتی سێکیولاریستانە، چونکە لەبەردەم ئازادیدا ناکرێت بیرێک هەبێت ئازادی ڕەت بکاتەوە یان بیرێک هەبێت بتوانێت ڕەوایی بداتە خۆی بە هەژموونی ئیمانداریی و لەسەر بنەمای حەڵاڵ و حەرام دەست بخاتە ڕێکخستنی کۆمەڵگاوە بە شێوەیەکی سیاسییانە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئازادییەک لە ئازادییەکان ئازادی بیروڕایە، کە سێکیولاریزم بەشێوەیەکی ئیمپلیست {ضمني} ڕێگا بەمە دەدات).

به‌درێژایی ته‌مه‌نی مرۆڤایه‌تی ئازادی پرسی سه‌ره‌كی مرۆڤ بووه ‌‌و بۆماوه‌ی زیاتر له‌  چوار سەدەیە مرۆڤایه‌تی به‌شێوه‌یكی ڕێكخراو و سیسته‌ماتیك له‌سه‌ر ئازادی به‌ملیۆنه‌ها قوربانی داوه ‌و بە هەموو قوتابخانە فەلسەفییەکانی دونیاوە دەربارەی ئازادی نووسیویانە‌ و بەدەیان پێناسه‌یان بۆ داناوه ‌و قسه‌ له‌سه‌ر ده‌یان جۆری ئازادی دەکەن. ئه‌وه‌ی بۆ باسەکەمان گرنگه‌ ئه‌و مه‌رجه‌ سه‌ره‌كیەیه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ده‌سته‌به‌ری به‌رزترین ئاستی ئازادی و یەکسانی له‌كۆمه‌ڵگادا‌ و له‌زۆرترین بواردا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. کەئەوەش هەریەک لەوی تریانە، بۆنمونە، به‌ده‌ستهێنانی ئازادی به‌مجۆره‌ له‌سه‌ر حسابی كۆمه‌ڵێك شتی ترده‌بێت‌ و له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ قوربانی به‌برژه‌وه‌ندی زه‌به‌لاح بوون‌ و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه ‌‌و سه‌رمایه‌گوزاری بەو شێوەیەی کە کاپیتالیزم ڕووی پێکردوەتە ماس بەرهەمهێنان و ماس بەکارهێنان لەسەر گۆی زەوی. بەتایبەتیش من پرانسیپی ‌نایه‌كسانی له ‌هێز‌ و ده‌سه‌ڵاتدا لە هەر کۆمەڵگایەکدا بە هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆری ئازادیه‌كانی مرۆڤ دەبینمەوە. کاتێک قسەمان لەسەر نا یەکسانی هێز و دەسەڵاتکرد، ئەوا باسمان لە ئازادی ڕاستینەکردوە هەروەها باسمان لە توانستی کرداری دەستەبەری ئازادی کردوە. ئازادی وابەستەی توانای پراکتیککردنی ئازادییە بەهەموو ئەو توانایەوە بۆ پراکتیککردنی ئازادی پێویستە و هەر بەو هۆیەشەوە دەبیت دەسەڵات لەژێر پرسیاری سەختا بمێنێتەوە، چونکە خودی دەسەڵات دەتوانێت ئەو تواناییانە بە نایەکسانی بەش بکات، ئەگەر بۆشی بەش نەکرا بیسەپێنێت.. خودی ئەم پرسیارە فەیلەسوفی بواری لیبرالیزم دەیخاتە مێشکی هەریەکەمانەوە ئەویش ناوی ئیسای بێرلین (Isaiah Berlin) ساڵی 1958 The concept of Liberty .

هه‌ركه‌س هێزێكی زیاتری هه‌بێت ده‌توانێت ئازادیه‌كانی خۆی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بسه‌پێنێت ‌و به‌مجۆره‌ش ئازادی سه‌پێنراو ده‌بێته‌ مایه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازادی ئه‌وانی تر. له‌مپێناوه‌دا ده‌توانرێت هێزی زیاتری هه‌رتوێژ ‌و گرۆیه‌ك به‌یاسا سنووردار بكرێت ‌و ڕێگه‌نه‌درێت كه‌س ئازادیه‌كانی ئه‌وی تر زه‌وت بكات به‌ هیچ بیانویه‌كی چینایه‌تی، ڕه‌گه‌زی، ئه‌تنیكی، ئایینی یان هه‌ر بیانویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی تری وه‌ك بنه‌ماڵه ‌و خێزانی حوكمڕان‌ و ئاسایشی نیشتمانی ‌و ...تاد. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پڕاوپڕ دژ بە بەرژەوەندییەکانی کاپیتالیزم و ئیماندارییە.

‌ڕاستە لەدونیادا ئازادی ڕه‌ها نییە بەڵام دەکرێت وەک کۆتا ئامانج لێی بڕوانرێت بۆ کارکردن ئەگەر به‌ده‌ستیش نەیه‌ت. ئەم خاڵە ئەوە دەگەیەنێت مرۆڤایه‌تی چه‌ند خه‌بات بکات بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانی ئه‌وه‌نده‌ش له‌ئازادی ڕه‌ها نزیك ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك بارێكی نمونه‌یی. هه‌ر بۆیه‌ خه‌باتکردن لە ‌پێناو ئازادیه‌كدا سنوورەکانی کەمببنەوە، بۆ لایەنی کەمی پێویست بۆ ڕەواییان. بەم جۆرە هەر ئازادیەک ببێتە هۆکار بۆ زیان گەیاندن بە یەکسانی، واتای ئازادییەکی  ناهۆشیارانه‌ دەبێت و لەمپەڕ دەبێت بۆ هێنانە کایەی دادوەری کۆمەڵایەتی. گرنگە ئاماژە بەوە بدەین، کە لیبرالیزمی نوێ و کۆی سیستەمی سەرمایەداری بەتەواوی تەنیا ئەو ئازادیانە فەراهەم دەکات کە دەبنە لەمپەڕ لەبەردەم یەکسانیدا، ئەوەش لە خۆیدا هەر بە بەهانەی یەکسانی، بۆ نمونە "هەموو کەس ئازادە یەکسان بێت لەبەردەم یاسادا" زۆرباشە؛ بەڵام ئایا یاسا خراوەتە ژێر پرسیاری یەکسانییەوە یان ئایا هەموو کەس توانای ئازاد بوونی هەیە لە سیستەمی ئیمپراتۆریەتی بانکەکان و هەژموونی کاریگەری دراودا (بڕوانە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سۆسیۆلۆجیای ئازادی 2010) هەروەها بڕوانە ڕاکانی فەیلەسەفی پەراوێزخراو (Georg Simmel 1978- The Philosophy Of Money) کە ئەم دوو بیرمەندە زۆربەی ڕاکانیان لەمەڕ هەژموونی دراودا هاوشێوەیە. بێگومان ئەمە قسە زۆر هەڵدەگرێت و هیوادارم دەرفەتی تر هەبێت لەسەری بنووسین. بۆیه‌ ئازادییه‌ك ڕەوایی دادوەرانەی دەبێت كه‌ بتوانێت كۆت ‌و به‌ندە مادی ‌و مه‌عنه‌وییەکان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه ‌‌و ڕاده‌ربڕین ‌و به‌شدارییه‌كانی تاك له‌كۆمه‌ڵدا هەڵبگرێت، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیار ‌و كردارانه‌ی به‌تەنیا په‌یوه‌ندیان به‌ژیان ‌و خودی تاكه‌ كه‌سه‌وه‌ هه‌یه‌ ناکرێت ئازادنەبن ‌و هیچ كاریگه‌ریه‌كیان له‌سه‌ر ژیان‌ و كه‌رامه‌تی كه‌سێكی تر دانەنابێت‌ و زیان به‌دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و یه‌كسانی بگه‌یه‌نن. به‌م جۆره‌ش تاك له‌بیركردنه‌وه‌‌ و ده‌ربڕینی ڕاكانی‌ و هه‌ڵبژاردنی كار‌ و به‌شدارییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان ‌و په‌راوه‌ی سرووته‌ ئایینی ‌و تاكه‌ كه‌سیه‌كانی خۆیدا ئازاد دەبێت‌ ‌و هه‌موو مافێكی په‌راوكردنیانی ده‌بێت. به‌ڵام ئازادیه‌ كردارییه‌كانی كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و مرۆڤه‌كانی چوارده‌وری داده‌نێت، سنووردار دەبن لەژێر مەرجی پاراستنی مافەکانی ئەوانی تردا ‌و ته‌نیا له‌بڕیاره‌ خودییه‌كانی خۆیدا ئازاده‌ و به‌هیچ جۆرێك مافی پێشێلكردنی ئازادی كه‌سێكی تر یان كرده‌یه‌كی ئازادانه‌ی نییه‌ كه‌ زیان به‌دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان یه‌كسانی له‌ ناو كۆمه‌ڵ بگه‌یه‌نێت. ئەمەی دواییان بەشێوەیەکی خۆڕسک ڕوودەدات کاتێک ئازادی هاومەرجی یەکسانی و هاوشێوەیی مرۆڤەکان بوو. ئه‌م جۆره‌ش له‌ئازادی سه‌رئه‌نجامی به‌دیهاتنی دادوه‌ری ‌و یه‌كسانی له ‌كۆمه‌ڵدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت ‌و به‌هیچ جۆرێك چه‌مكی یه‌كسانی ڕێگری نابێت‌ له ‌به‌رده‌م ئازادییه‌كانی تاكدا، به‌ڵكو ته‌واوكاری یه‌كتر ده‌بن ‌و به‌هۆیانه‌وه‌ دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. ئەم جۆرە لە ئازادی لە توانادا هەیە، ئازادییەک کە بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا لەبار بێت هاوتەریب لەگەڵ فەلسەفەی ململانێکردنی ئیدیڤیدیوالیزەکردنی سەرمایەداریدا یەک نایەتەوە. هەروەها لەگەڵ کۆی خواستی جیاکارییەکانی ناسێکیولاریزمدا (ئیمانداریی)دا ناگونجێت، چونکە خودی ئیمانداری لەسەر سەرکوتی ئازادی بەرقەرار دەبێت، ئەو خاڵەمان لەبەشی یەک و دوودا بسکردوە.

هه‌ر چۆن‌ ئازادی ڕه‌ها ده‌سته‌به‌ر نابێت، بەڵام دەکرێت کۆتا ئامانجێک بێت بۆ پێگەیشتن وەک تیۆرێکی پێوانەیی (لە بەشی داهاتوودا باس لە تیۆری پێوانەیی دەکەم)، به‌هه‌مان شێوه‌ ‌یه‌كسانی ڕه‌هاش بارێكی تیۆریه‌ زیاتر له‌كرداری، ئەوەی کردارییە بریتییە لە هاوشێوەیی و ژیانی هاوشێوەیی (ژیانی هاوشێوەیی بەرئەنجامی دوو ڕاستی دێتە بەرهەم: یەکەم؛ هاوشێوەیی لە جیاوازی و نەبوونی تەواوکاری پێویست بۆ ژیان لە تاکەکەسدا، دووەم؛ بەرئەنجامی پێویستی هاوپشتی و گرۆبەندی پەیدا دەبێت) هاوشێوەیی چەمکێکە دەتونین بەشێوەیەکی واقعبینانەتر مامەڵەی بەدەستهاتنی بکەین تا یەکسانی ڕەها. لەخۆیدا دەستگرتن بەچەمکی هاوشێوەییەوە بەبێ دانانی یەکسانی وەک کۆتا ئامانجێکی تر تووشی مەترسی گەڕانەوەمان بۆ زەلکاوەکانی سۆشیال لیبرالیزم و سۆشیالدیموکراتەکان دەکات، به‌ڵام ئەگەر له‌یادی نەكه‌ین كه‌ هه‌موو جیاكاریه‌كان ناسروشتین‌ و ده‌ستكردی كۆمه‌ڵگا‌ و پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن ‌و هانی مرۆڤ ده‌ده‌ن به‌هۆیانه‌وه‌ خۆی له‌وانه‌ی تر جیاواز بكاته‌وه‌ وه‌ك له‌بواری پایه‌گای كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌سه‌ڵات ‌و سامان ‌و شه‌ره‌ف ‌و ....تاددا، هەروەها ئەگەر یەکسانی نەکەینە کۆتا ئامانجێکی تر، ئەوا بەئاسانی دەکەوینە هەڵەی ئامانجی هاوشێوەییەوە بەرەوکوێ. هاوشێوەیی، چەمکێکە تەنیا بۆ واقعیبوونەوەی کرداری بەکاردێت، چەندیش لەهاوشێوەیی نزیک ببینەوە ئەوا زیاتر لە کۆتا ئامانجی یەکسانی دەگەین و نزیک دەبینەوە. بۆیە چەند کۆسپێک لە یەکسانی و ئازادی ناتەواو دەخەینە ڕوو، تەنیا وەک نمونە:

١. هەموو ئەو یەکسانیانەی مێژووی مرۆڤایەتی کە درووستکراون بە زەبری هێزی دەسەڵات و لەڕێگای سەپاندنەوە، تێکڕا یەکسانی ناسروشتی بوون و ئەنجامی پێنەگەیشتن و پەرەنەسەندنی هاوشێوەیی بەرهەم هاتوون. هەروەها هەموو ئەو ئازادییە شێوگیانەی دەخرێتە بەردەست تاکەکان لە کۆی شارستانییەتی سەرمایەداریدا بەرئەنجامی نایەکسانی گەورەتر لەسەر گۆی زەوی بەرهەمدێن، کە لەخۆیدا گواستنەوەی ستەمکارییە بۆ دەرەوەی کۆمەڵگا، ئەوەی ئەمڕۆ مەترسی ناهاوتایی جیهانی درووستکردوە و گرفتی گەورەی کۆچکردنی جیهانی بەرهەم هێناوە.

٢. خاڵێکی گەورە کە ناکرێت ئاماژەی پێنەدەین ئەو جۆرە لەیەکسانییە کە دەبێتە هۆکار بۆ لەدەستدانی سەربەخۆیی تاک. یەکسانییەکە بەرهەمی کاپیتالیزمی دەوڵەتییە و سیستەمە دیکتاتۆرییەکانی وەک کۆریا و چین پیادەی دەکەن هەروەک سۆڤێتی جاران. ئەم جۆرە لەجێبەجێکردنی یەکسانی، پێویستی بەوەیە تێکڕای کەرەستەکانی بەرهەمهێنان بخاتە دەست دەوڵەتەوە و ئیلیتێکی دیاریکراو بکاتە سەرکار بەسەر دەوڵەتەوە و هەروەها سەربەخۆیی تاک تێیدا دەبێتە مەترسی بۆ ئیلیتی حوکمڕان، کە بەرامبەر لایەنی کەمی یەکسانی هەموو ئازادییەکانی تاک لەدەست دەدرێت تێیدا و ئەمەش جۆرێکی ترە لە سێکیولاریزمی ستەمکار، کەهەر دەکاتەوە کاپیتالیزمی دەوڵەتی. ئەگەر لە سیستەمی سەرمایەداری لیبرالستیدا تاک بەهۆی بازاڕ و کاڵا بەرهەمهاتووەکانەوە دەبێتە کۆیلەی بازاڕ، ئەوا لەسیستەمی کاپیتالیستی دەوڵەتدا مرۆڤ بەهۆی پۆلیس و یاسا پۆلیسییەکانەوە دەبێتەوە بە کۆیلە.  

٣. ئەوەی مەترسی دەخاتە سەر یەکسانی یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی دەتوانێت هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بێت بۆسەر ئازادییەکانی تاک، ئەوەش لەڕێگای دژایه‌تی کردنی هاوشێوەییەکانە بە هۆكاره‌ كه‌لتوورییه‌كان کە بەتایبەت بە ڕیشەی جیاجیا بە کۆمەڵگای ئیماندارەوە دەبەسترێتەوە، ئەوەش بەردەوام خۆپه‌رستی ‌و ئیره‌یی ‌و خۆبه‌زلزانی ‌و ڕق‌ و كینه‌، كه‌سه‌رجه‌میان هۆكاری ئاشووب‌ و نایه‌كسانین درووست دەکەن. ئەم سیما گەشەپێدراوانە لە کولتوورە ئیماندارەکانەوە چەندێک لەڕووی تێکستەوە دژایەتی دەکرێن لەڕووی کردارەوە هۆکارن بۆ ژیانی کولتوورە بارگاوییەکان بە ئیمانداریی. هەر ئەم هۆکرانەشن جارێکیتر چەمکەکانی ڕەگەزپەرەستی، و ئێگۆیزم و تیرۆر و ململانێی ناهاوسەنگ پشتیوانی دەکەن، بەتایبەت لە هەڵگیرساندنی جەنگەکاندا.  

٤. تا ئێستا مرۆڤایەتی کە هەوڵی بۆ ئازادی داوە لە ڕێگەی هێنانی یاسا و ژیانێکی بەیاسا ئازادەوە بووە، کەجارێکی تر هەر ئەو یاسایانە دەبنەوە لەمپەڕ لەبەردەم ئازادییەکاندا (ستەمی سیستەم، بابەتێکە وردەکاری زۆر دەوێت باسی بکەین، لەوەدا کورتی دەکەمەوە {کۆمەڵگا تا پێشکەوتوو بێت ئاڵۆز دەبێت بۆیە پێویستی زۆرتری بەیاسا دەبێت و یاساکان ئەبستراکتر و ئاڵۆزتر و وردتر دەبنەوە، ئەمەش ستەمی سیستەم درووستدەکات، پێویستما بە ئاراستەیەکی پێچەوانە هەیە بۆئەوەی لەم دۆخی ستەمە ڕزگارمان ببێت، گەشە پێدانی ناسیستەم/ یان پوچەڵکردنەوەی خودی جەوری سیستەم کە بەهۆی کەمکردنەوەی پێویستی یاسا و سادەکردنەوەی یاساوە دەکرێت} ).

ئەو هەوڵانەی هەبوون بۆ دەستەبەری ئازادی لەڕێگای یەکسانییەوە زۆر کەم بوون یان دەرفەتی سەرکەوتنیان هێشتا بۆ درووست نەبووە لە چکۆلەترین پانتایی جوگرافیدا، چونکە بەم جۆ‌رەی دووەمیان ئازادی ‌و یه‌كسانی ته‌واوكاری یه‌كترن ‌و پێوانه‌كردنی ده‌سته‌به‌ركردنیان له‌ڕێگای پێویستی‌ و به‌كارهێنانی ته‌واوه‌ ده‌بێت ‌و بە به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری مرۆیی‌ و درووستكردنی كولتووری مرۆڤدۆستی بەرجەستە دەبێت. ئه‌و یه‌كسانیه‌ی بە ‌ڕێگای كه‌مكردنه‌وه‌ی نایه‌كسانیه‌وه‌ دێتە بەرهەم نه‌ك له‌ڕێگای سه‌پاندنی یه‌كسانیه‌وه. هه‌وڵدانه‌كانیش دەبێت بەئاراستەی بەرزکردنەوەی ڕێژەی هاوشێوەییەوە بێت لە ئازادی توانادا کەدواتر به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك نایه‌كسانی قه‌لاچۆ دەكات كه‌جیاوازیه‌كان بچووك ببنه‌وه‌ بۆ كه‌مترین ئاست‌ و گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی له‌ژیانی تاكه‌كه‌سدا نه‌مێنێت، بەتایبەت گەر گرنگی بدرێت بە ڕێگا سرووشتییەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەک بەڕێگای درووستکردنی ئازادی و سەپاندنی یەکسانی. بۆیه‌ ئه‌و یه‌كسانییه یه‌كسانیه‌كی به‌زۆر سه‌پێنراو نابێت‌ تا ئازادیه‌كانی تاك زیانیان پێ بگات‌ و هه‌ڕه‌شه‌بێت بۆسه‌ر ئاسووده‌یی ‌و به‌ختیاری تاكه‌ كه‌س. هه‌موو یه‌كسانییه‌كان كاتێك مانایان هه‌یه‌ كه‌بتوانێت پارێزگاری له‌جیاوازی تاكه‌كان بكەن ‌و هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی كۆمه‌ڵگا نه‌كاته‌ یه‌ك، چونکە دواجار ئەو بەیەک بوونە خەسڵەتی تەواوکاری دەخاتە مەترسییەوە، کە هەرە سەرەکییە بۆ درووستکردنی ژیانی هاوبەشییانە.

هەر کات یەکسانی و هاوشێوەیی بوو بە ستراتیژی کار و یان بەرنامەییەکی سیاسی بۆ جێبەجێکردن، ئیدی بەرژەوەندی هەموو ئەوانە دەکەوێتە مەترسییەوە کە خوازیارن ئیدارەی جیاوازییەکان بەبەرژەوەندی خۆیان بشکێننەوە لەهەر کۆمەڵگایەکدا و لە کۆمەڵگای مرۆییشدا بەگشتی. بۆیە کرۆکی ناتەبایی و یەکنەگرتنەوە لەنیاون بەرەی داکۆکیکاری دادوەری و ستەمکارییدا بۆ ئەم دوو چەمکە سەرەکییە دەگەڕێتەوە. ئەگەر سێکیولاریزمی ستەمکار بەجۆرێک لە جۆرەکان هەوڵدەدات ئەم چەمکانە بکاتە دروشمێکی جێبەجێنەکراو یان بەلاڕێدا براو، بەڵام تەوژمە ئیماندارەکان نایەکسانی بە خێر و دەستکەوتێکی ئیلاهی دەزانن، هەروەها ئازادییەکان تەنیا بۆ گرۆی ئیماندارەکانە، کاتێک ئەو ئازادییە پێناسە کراوە لە سروشتی یاساکانی هەر خوایەکدا کە بۆخۆیانیان درووستکردوە. کەواتە بزاوتێک کە مەبەستی سەرەکی دادوەری کۆمەڵایەتی بێت ناتوانێت لە هیج بۆنەیەکدا لەگەڵ ستەمکاریدا بچێتە هاوپەیمانییەوە یان دەروازەیەک بۆ هاوپەیمانی و هاو ستراتیژی دوورمەودای خۆی دابنێت. ئەگەر بتوانێت تەبایی وەک قۆناغێکی ئێجگار زۆر کورتی پەڕینەوە بەکار بهێنێت ئەوا زۆر سەرکەوتوو بووە، بەتایبەت کە ناهاوتاییەکی بێئەندازەی هێز لە نێوان ئەم دوو بەرەیەدا هەیە. بۆ ئەو مەبەستە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لایەنە بەهێزەکانی هێزی لاواز و بتوانین کەمێکی لێ وەبەربهێنین، کە ئەوەش بابەتێکی تری ستراتیژییە بۆ گفتوگۆکردن. 

04/12/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە- بەشی پێنجەم



بەباوکردن و ناکامکردنی ڕۆحی شۆڕش
تێکەڵاوکردنی وەرەقەکان بەملیەکدا، یەکێکە لە تاکتیک و ڕێگا ئاسانەکان بۆ سەرلێشێواندن و بردنەوەی ڕای گشتی و درووستکردنی گێژاوی کۆنترۆڵکراو و ئاراستەکراو. گرنگە ئێمە بتوانین لەسەرەتاوە جیاوازییەکی بە بنەما لەنێوان شۆڕش و تیرۆردا بدۆزینەوە، ئەم خاڵەی من باسی دەکەم بەو مانایە نایەت هەر هێزێکی تیرۆریست هەستێت و خۆی بە شۆڕشگێڕ پێناسە بکات. لەسادەترین جیاکەرەوەکان بۆ گەیشتن بەسەرەداوەکانی ئەم باسە پرسی ڕەواییە! شۆڕش لە بەرئەنجامی بێدادی و چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانەوە درووست دەبێت و سەرهەڵدەدات، جا ئەو شۆڕشە ڕاپەڕینی گەلێک، نەتەوەیەک، چینێکی کۆمەڵایەتی یان بزاوتێکی فکری درووستی بکات. بێگومان هەمیشە شۆڕش لەبەرامبەر توندوتیژی و ستەمی دەسەڵاتدا پەرچەکرداری دەبێت و بەرەنگاری دەکات کە بۆی هەیە کردەوەی زەبرئامێزی لێ بکەوێتەوە، گرنگترین هەڵوێستە ئەوەیە ئایا ئەم کردەوە زەبرئامێزانە ڕەواییان هەیە؟ بێگومان هەرکات تەواو یەککاڵا بووەوە کە کردەکە کاردانەوەیە بۆ ستەمکاری و چەوساندنەوە، ئەوا ڕەوایەتی زەبری شۆڕشگێڕانەش دەردەکەوێت، کە بەداخەوە کردەیەکی توندڕەوانە دەبێت. چ خودی ستەمکاری و چەوساندنەوە چ کردەی زەبرئامێزی شۆڕشگێڕانە هەردووکیان ڕێژەیین، بەرزبوونەوەی ئاستی یەکێکیان ئەوەی تریش بەرەو شێواز و زەبری توندڕەوی خۆی پەلکێش دەکات. گرنگە ئەوەمان لە یاد بێت کە لەڕووی دەسپێکەوە هەرگیز شۆڕش پەیدا نابێت ئەگەر چەوساندنەوە و ستەمکاری نەگاتە ئاستێکی دیاریکراو.

تێکەڵاوکردنی شوناسی شۆڕش لەگەڵ شوناسی تیرۆردا یان گێرەشێوێنیدا دووچاری پرۆسەی بەباوکردن زۆر دەبێت. ئەم پرۆسەیە بەکۆمەکی میدیا و کەناڵەکانی ڕای گشتی و پڕوپاگەندە دکرێت و هەموو سێکیولارە ستەمکارەکان بە ئاستی جیاجیا پیادەی دەکەن و تێکەڵاویان دەکەنەوە بەکردەوە تیرۆریستی و توندڕەوەکان، هەمان ڕەگ وڕیشەی بڕوادارەکانی هەیە و لەلای ئەوانیش شۆڕش بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکار هەمیشە بە بێباوەڕی و بە هەڵگەڕانەوە لە ئایینەکەیان ناودەبەن. بەتایبەت شوناسی تیرۆر و توندڕەوەکان لەلایەک خۆی ناشرینە و لەلایەکیش هێندەی تر ناشرین کراوە لە پێناو وەپاڵخستنی شۆڕشەکانی دژە دەسەڵاتەوە. بەهەمان شێوە لەلای کۆمەڵگا ئایینییەکان شوناسی شۆڕش وەک بزاوتێکی ئازادیخواز هەمیشە دەشێوێنرێت. ناشرینی تیرۆر ئەوەی ساخکردوەتەوە کە ئیلهامی سەرەکی خۆی لە بێدادیی و نابەرابەرییەوە وەرگرتوە، بەڵام تا نەگەڕێینەوە بۆ هێڵکارییەکەی ژمارەی پێشوو مەرج نییە ئەوەمان بەڕوونی بۆ دەربکەوێت. لەبەرامبەردا تیرۆر ئەنجامی ترس و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ترس پەیدا دەبێت و خۆی دەبێتەوە ئیکۆلایزەری ترس و تۆقاندن. بۆیە لە کۆنترۆڵکردنی ناقایلی و بەرهەڵستکاریدا خودی تیرۆر سوود بە هەردوو جۆرەکەی هەژموونی دەسەڵاتگەرایی دەگەیەنێت.

دەسەڵاتە بەهێزەکان هەردوو بەرەکە وەک کەرەستەی ترس و ترساندن بەکاردەهێنن. تێکەڵاوکردنی کارتەکانی ئەم دوو بەرەیە یان دژایەتی سەخت لە نیوان ئەم دوو بەرەیەدا هەمیشە بە بەردەوامی و قازانجی کاپیتالیزم دەمێنێتەوە. هەر بەو جۆرە بەیەکدادانی هەر دوانێک لەم سێ بەرەیە لە قازانجی ئەوی تریانە و کامیان دەسەڵاتی باشتر و بەهێزتری هەبێت بێگومان دەتوانێت بە ئاسانتر دوانەکەی تر بەیەکدا بدات. ئەگەر سێکیولاریزمی ستەمکار و ناسێکیولاریزم لە جیاکاری و چەند دانە ستراتیژێکی تردا یەک دەگرنەوە، بەڵام هیزە شۆڕشگێڕ و بزاوتە ڕەواکان تاکە ستراتیژێکی هاوبەشیشیان نییە لەگەڵ هیچکام لەوانەدا، هەتا ئەو کاتەی لە هێڵە سەرکییەکەی ڕەوایی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لایەنی کەم، کەمێک لادەدەن (جا ئەو لادانە ستراتیژی بێت یان تاکتیکی). هەندێ جار هاوشانی پلان و تاکتیکە سیاسییەکان خۆیان دەگونجێنن (لادانی بەپلان)، کە ئەوەش هەمیشە لە قازانجی هێزی بەهێز تەواو دەبێت. یان مەرج نییە لەقازانجی هێزە شۆڕشگێڕەکان کۆتایی بێت. بەداخەوە لە بێبەشی زانستی و ئاستەنگی زانینی گشتیدا زۆر بەسادەیی کاپیتالیزم دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە و هاوشانی خۆی کۆمەک بە مانەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی فەندەمێنتالیزم دەکات بەو شێوەیەی لەگەڵ خواست و بەرژەوەندی ڕۆژدا بگونجێت، بەتایبەت لە بەشێکی گەورەی فەندەمێنتالیزم و کۆنترۆڵکردنی دڵنیایە، کە بەهەمان شێوە فەندەمێنتالیزمیش بەئاسانی لە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی سەرمایەداری دڵنیایە، ئەویش سەرچاوەکەی ترسە (لێرەدا و لەم باسەدا مەبەستی من لە فێندەمێنتالیزم، فەندەمێنتالیزمی ئایینی و شێوە ئایینییە). بە گشتی، بەشێکی گەورەی ئەم خۆ نوێکردنەوەیە بەرهەمی تێگەیشتن و ڕێ گرتنە بەو ڕەخنە شۆڕشگێڕانانەی ئاراستەی کۆی سیستەمی کاپیتالیستی دەکرێت.

زۆرن ئەو پرۆسانەی کە بەباوکردن بەرهەم دەهێنن لە کۆمەڵگادا، باو بوون پرۆسەیەکە من وای دەبینم لەگەڵ چەرخدا بگەڕێت. هەموو باوبوونێکی نوێ سەری باوبوونێکی پێشخۆی دەخوات یان بەشێوەیکی هەمەکی یان بەشەکی. باوبوونی سروشتی کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکی ئاساییە و دەرهاویشتەی هەر کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتییە (Raymond and Christopher 2004). یەکێک لەو پرۆسانەی وەک هەر پرۆسە و میکانیزمێکی ستەمکارانە مەترسی درووست دەکات و شکۆی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لەکەدار دەکات یان دەیخاتە بەردەم دوو ڕێیانی پەرەسەندنی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەوە پرۆسەی بەباوکردنی دەستکردە. بەهێزترین کەرەستە کەبەباوکردنی دەستکرد باڵادەست دەکات پەروەردەی لیبراڵە، ئەو پەروەردە ئازادە ئاراستەکراوەیە کە ماشێنی سەرمایەداری بەهۆی هەموو کەناڵەکانی هەژموونگەرایی و هێزی خۆیەوە بانگەشەی بۆ دەکات. لەڕێگای پەروەردەی لیبراڵەوە لە سەرەتاکانی تەمەنەوە نەوەکان بە ئاراستەیەک باردەهێنرێن و دەخرێنە بەر لە قاڵبدانێک؛ کە لەداهاتوودا کەسێکی جێبەجێکاری پاسیڤیان لێ دەربچێت بۆ ژیانی خۆیان و و لەچوارچێوەی سیستەمەکەی ئەودا ئاکتیڤ بن لەلایەک و لەلای دووەم نەتوانن بێنە دەرەوە. کۆی چەندین نەوەی ڕۆژئاوا بەدەست کاریگەرییەکانی ئەم پەروەردەیەوە دەناڵێنێت. لە باشترین ڕادیکاڵەکانی بەرهەڵستکاری بەم سیستەمە دەکەوێتەوە هەمان بازنە و خودئاگایانە هەمان میکانزیم و سیستەم جێبەجێدەکاتەوە کە بە بەردەوامی دەیکاتەوە بە سەربازێکی خزمەتکار بۆ سیستەمەکە. لەسادەترین نمونەدا سەباری پێشکەوتنی گەورە و زەبەلاحی تەکنۆلۆجیا هێشتا مرۆڤ لە ڕۆژئاوادا بەشێکی گەورەی ژیانی دەفرۆشێت بۆ بەردەوامی لە ژیانێکی نامۆدا. لەبەرامبەردا کاتێک ئەم پەروەردە لیبراڵە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگا دواکەوتووەکان، تەنیا لەڕووی توێکلکارییەکانییەوە جێبەجێ دەکرێت و جارێکی تر تاکێکی ناکارای نا چالاک بەرهەم دەهێنێتەوە کە دەکەوێتەوە خزمەت کۆی سیستەمە جیهانییەکە (پەیوەندییەکی ئاڵۆز هەیە لە نیوان سەنتەر و کەناری سەرمایەداریدا، لێرەدا بەپێویستی نازانم باسی بکەم، بەڵام بیرمەندی گەورە و ئابووری ناسی مەزن {سمیر أمین} زۆر بەوردی باسی دەکات، ئەو تیۆرەی ئەو تەواوی پرۆسە ئابوورییە سیاسییەکان لێکدەداتەوە پەیوەند بەو بارەیەوە). لە هەناوی ئەم سیستەمەدا ئەگەر تاک بە کارا و چالاک ببینین و دەستپێشخەری (initiative) ی هەمەچەشنیان لێ ببینین کە دەیخەنە ڕوو، ئەوا بەشی هەرەزۆری داهێنانە ئاکتیڤەکانیان لەخزمەت سیستەمەکەدایە کە خۆیان بە چەوساوە و چەوسێنەرەوە بوونەتە بەشێکی تەواو لێی، بۆنمونە وەک ئەو گەندەڵیەی کوردستان، کە تەنانەت خەڵکی دژە گەندەڵێش بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشدارن لە گەندەڵیدا. ئەوەی وا دەکات هەست بە ستەمکاری ئەم سیستەمە نەکرێت لایەنی کەمی ئاسوودەیی و دابینی ئاسایشە کە بەرئەنجامی ستەمکاری لە شوێنێکی تر بە کۆی کۆمەڵگاکە بەرهەمی دەهێنێت. ئەم پرسە ڕەگێکی قوڵی لە بیری ڕەگەزپەرستیدا هەیە کە بەچەندین شێوە لە بەشەکانی پشتەوەی مێشکی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا بەبەرد بووە و چەندین سال و کاتی دەوێت تا ئەو بەبەردبوونە چارەسەر دەکرێت.

فەلسەفەی بەباوکردن، هەمان میکانیزمی ئەفیونی هەیە، سەرچاوەی تاکتیکی خۆی لە دژایەتی فرەیی و جیاوازییەوە وەردەگرێت، بۆیە ئەو تاکانەی دەیەوێت بیانکاتە قوربانی خۆی هەموویان بەیەک ئاراستەدا دەبات تا تەواو دەست دەگرێت بەسەریاندا و بەهەموو شێوەیەک کۆنترۆڵ دەبن، بەو واتایەی مەیدانێکیان بۆ ناهێڵێتەوە خۆیان بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن. بەباوکردن لە ئەفیون ترسناکترە چونکە مرۆڤ لە دوورەوە ئەفیون دەبینێت و مەترسییەکانی بەرجەستەدەکات و بارودۆخێکی دیاریکراوی دەوێت بۆ ئەوەی کەسێک هۆشیاری لەدەست بدات و بە ئەفیون ئالوودە ببێت، بەڵام بەباوکردن لە ڕێگای شانتاژێکی هیواشەوە کارەکانی خۆی دەکات و کەمتر لە بەر ڕۆشناییدایە. ئەگەر لەڕوویەکی ترەوە سەیری بەباوکردن بکەین، با وای دابنێین مرۆڤێک لەبەرەی (س)دا لە ململانێدایە لەگەڵ بەرەی (ص)دا، ئەوا ئەگەر کەسێکی چالاک هەبێت لە بەرەی (س) بەڵام لەبەرژەوەندی بەرەی (ص) کارەکانی بەئەنجام بگەن، هەروەها کەسێکی ناچالاک هەبێت لەبەرەی (ص) بەڵام  بە قازانجی بەرەی (س) کارەکانی بە ئەنجام بگەن، ئەوا بۆ بەرەی (س) کەسە ناچالاکەکەی بەرەی (ص) سوودی زۆرترە، نەک ئەو کەسە چالاکەی ڕیزی خۆیان کە لە بەرژەوەندی بەرەکەی ترە. لێرەوە دەردەکەوێت کە مەرج نییە هەموو کەسێک بانگەشەی سەرپێبوونی بەرەیەک بکات، ئەتوانێت کۆمەك بە بەرەکەی خۆی بکات. بەم جۆرە هەر پرۆسەیەکی پەروەردەیی یان زانیاری یان چالاکی سیاسی کەوتە ناو کۆمەڵگایەکەوە کە بەرئەنجامی پێویستی گەشەی کۆمەڵگاکە نەهاتبێتە مەیدانی کار ئەوا بەقازانجی بەرەکەی تر تەواو دەبێت. بۆیە هەرکات ویسترا هێزێک ڕەشمە و ڕام بکرێت دەبێت خودی میتۆدەکەی بە باوکردندا بڕاوت.

لە بارەی بەباوکردنەوە دەسەڵاتی کوردی لەباشوور زۆر شارەزایانە کاری لەگەڵ هەندێ بواردا کرد، بۆنمونە خەڵکی کوردستان  پەنایان بردە بەر میدیای ئەهلی و خواستیان بوو بیکەنە کوانوویەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەرهەڵستکاری خۆیان. کەچی هەر زوو بەرهەڵستیان لە سەرهەلدانی ئەو جۆرە میدیایە کرد تا توانیان، پاشان کە نەیانتوانی ئیدی دەستیانکرد بە باوکردن و کۆپیکردنی ئەو کڵێشەیە لە میدیا و دەیان و سەدانیان لێ درووستکرد تا کار گەیشتە ئەوەی هیچ پێشەنگییەکیان بۆ میدیای ئەهلییە ڕاستینەکان نەهێشتەوە. هەر لە ژێر ئەم گوشاری بەباوکردنەدا دەسەڵات جارێکی تر ئەو جۆرە لە میدیا دەکاتەوە بە بەشێک لەباو و پێشەنگییەکانی لێوەردەگرێتەوە. بەهەمان شێوە کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بزووتنەوەی ژنان و بەشێکیش لە بەرهەڵستکارییە سیاسییەکان بەهەمان دۆخدا ڕۆشتوون.

فرەیی ئەنجامی چوار خەسڵەتی سەرەکی پەیدا دەبێت: ئەگەر شتەکان لە بنەڕەتەوە لەیەک جیاواز بوون، ئەگەر هەندێ سیفەتیان لەیەکتری جیاواز بوو، ئەگەر هەمان شت بوون بەڵام لەدۆخی جیاوازدا ڕۆڵی جیاوازیان بینی، یان ئگەر لە ژمارەدا (ژمارەی بوون و توانایی) جیاواز بوون، (دامەزراندنی ئازادی، پێشەکییەک بۆ بنەچەی مرۆڤ، دکتۆر عزت قرنی ٢٠٠١) . بەم جۆرە هەر تاکێک بوونەوەرێکی دانسقەیە و هەر تاکێک لە کۆمەڵێک سیفەتی گشتیدا لەگەڵ ئەوانی تردا هاوبەشە. ئامانجی سەرەکی کۆنترۆڵکردن، ئەوەیەی خودی ئەو فرەییە بکاتە یەک لەپانتاییە خوازراوەکاندا. بۆنمونە لە بەکارهێنانی کەرەستەکاندا تاکەکان بەشدەکرێن لەسەر کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان. بەم جۆرە باوبوونی بەکارهێنان پانتاییەکانی ئازادی تاک کەم دەکاتەوە، ئەم ئازادییە دەگوێزێتەوە بۆ ناو خودی کەرەستەکە. بۆنمونە ئەگەر سەیری بەکارهێنەکانی ئۆتۆمۆبیل بکەین، هەموو تاکەکان لەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیا و جۆری ئۆتۆمۆبیل بەش دەکات و سنوورێک بۆ ئازادییەکانیان دادەنێت، بەڵام لەناو خودی ئۆتۆمبیل و جۆرەکەیدا ئازادی دەکات و دەرفەتەکانی پێ دەدات. بەشێک لەم پرۆسەیە خەسڵەتی سروشتی ڕێکخستنە، بەڵام بەشی هەرە گەورەی ئاراستەکردن و بەباوکردنی کاڵاکانە یان پرۆسەکانی ڕامکردن و ڕەشمەکردن و بە بەکارهێن کردنی تاکە.

پشکی پرۆسەی بە تاککردن و بنەمای بیری تاکگەرایی، دوو شتی جیاوازن. فەلسەفەی تاکگەرایی بەهەموو لق و فاکیوڵتییەکانییەوە، بەرئەنجامی سیستەمی پەلکێشکردنی بەزۆر و بەکۆمەڵ تۆخدەبێتەوە و گەشەدەکات، بەڵام پرۆسەی بە تاککردن ئیلهام لەم فەلسەفەیە وەردەگرێت بۆ پەرتکردنی بەکۆمەڵ بوونی سروشتی. هۆکاری سەرەکی ئەم پرۆسەیە کە بەشێکە لە بەباوکردنی پرسێکی دیاریکراوە و سەرچاوەکەی بۆ بەرەو بەکارهێنی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە. بۆ نمونە، لە پێش شۆڕشی زانیاریدا پێویست بوو کۆمەڵگاکان لەڕێی دیکتاتۆرەکانەوە بە بازاڕ بکرێن، ئەگەر سیستەمێکی دیکتاتۆری قایل بێت بە کڕینی کاڵایەک ئیدی کۆمەڵگای ئەو دیکتاتۆریەتە ئەو کاڵایە بەکاردەهێنن و بازاڕێکی قۆرخ کراوە درووست دەبێت. ئەگەر بێینە دوای سەردەمی کرانەوە و شۆڕشی زانیاری، ئەوا گرۆکان دەبنە لەمپەڕ لەبەردەم فراوانی و زەبەلاحی بازاڕدا، چونکە تاک بە ئاسانی و بەڕاستەوخۆیی لە بازاڕێکی ئازادی مەرجداردا دەبێتە مەعمیلی بەردەوامی ئەوەی ڕیکلامی بۆ دەکرێت، هەر لەم ڕێگایەشەوە ئاراستەی ژیان و کەسێتی و ئاکتیڤی و پاسڤییەکانی تاک دیاری دەکرێن.

لەدوا هەناسەکانی باوکردندا پرسێکی گەورەی کۆمەڵگا تیرۆر دەکرێت کە ئەویش کاریگەرییەکانی دایلەکتیکە، هەمیشە جیاوازی سروشتی جۆرێک لە دایلەکتیکی مادی و کۆمەڵایەتی تێدایە کە هەر قۆناغە و بەشێوەیەکی گونجاو دژابەرییەکانی خۆی ڕێکدەخاتەوە و پاکتاوی هەموو نەگونجاوییەکان دەکات. ئەوە لە ڕێگای ئەو یەکێتی و دژایەتییەی دژەکانەوە درووست دەبێت کە لەمێژوودا هەیە (زان و فەیلەسووفە مەزنەکانی وەک هێرکلیتۆس لە کۆندا و کارل مارکس و فرێددریک ئەنجلز لە سەدەی نۆزدەدا بە جوانی باسیان کردوە). دەستکاریکردنی سرووشتی پەیوەندییە مرۆییەکان بەشێکی گەورەیە لەو پیسبوونی ژینگەیەی سیستەمی سەرمایەداری هێناویەتییە ژیانی مرۆڤایەتییەوە، هەر بەهۆی تیرۆر و خاوکردنەوە و کاڵکردنەوەی ئەم دایلەکتیکە ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بە ڕێڕەوی سروشتیدا ناڕوات و دۆخەکانی ستەمکاری دەبەنە دەرەوەی دەسەڵاتی خودی ستەمکار. ئەم بابەتە باسێکی تایبەت هەڵدەگرێت کەزیاتر پەیوەندی بە گەڕانەوە هەیە بۆ درووستبوونی ناهاوتایی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەنجامی ناهاوتایی ئابووری، ئەکرێت لە دەرفەتێکدا ببێتە بابەتێکی ترمان.

بە کورتی بکوژێک لە بکوژەکانی شۆڕشگێڕی و خواستی بگۆڕی پرۆسەی بەباوکردنە کە بەشێک لە سێکیولاریزم ملیان پێداوە و دەست بە تەوژمی گشتییەوە دەگرن (mainstream) و پانتاییەکانی فرە کاریگەریی دەکەنەوە. لەم پرس و خاڵەدا هەمیشە باڵە چەپە دەستەمۆکان و سۆشیال دیموکرات و لێبرال رادیکال و لەم دواییانەشدا سۆشیال لیبرالەکان تێیدا دەکەونە هەڵەوە و لە زۆر بۆنەدا مل بە تەوژمەکە نادەن. تەنیا ڕەوتێک کە ناکەوێتە ئەم داوەوە ئەنارشیستەکانن، ئەوانیش گرفت و کێشەی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەگەڵ ئەم گرۆیەدا بەراورد ناکرێت و دوو دونیا و دونیابینی جیاوازن لەگەڵ هەموو چەپەکانی تر.