بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





02/12/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە - بەشی چوارەم



ترسی هاوبەش ــ ستراتیژی هاوبەش
چەند خەسڵەتێکی هاوبەش و/یان هاوشێوەمان بۆ دەرکەوت لە نێوان سێکیولاریزمی ستەمکار و ناسێکیولاریزمدا (کاپیتالیزم و باوەڕدارەکان) بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ؛ بۆ نمونە هەردووکیان دەترسن، ترسەکەشیان لە چکۆلەبوونەوە و هاوشێوەییە لەبەرامبەر ئەوانی تر. هەردووکیان بەهۆی پرۆسەکانی جیاکاری و بنەماکانییەوە دەمێننەوە، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی هێزەوە، بەرئەنجامی کاری هەردووکیان سەرکوتکردنی ئازادی و بەرگرتنە بە هەر فۆرمێک کە هاوبەشی یان یەکسانی درووست بکات...تاد، کە بەکۆی پرۆسەکان یاریدەدەر دەبێت بۆ مانەوەیان. بەڵام لەگەڵ ئەم هاوبەشە خەسڵەتانەی لە بازنەیەکی دیاریکراودا هەردووکیان هەیانە، هەریەکەیان کۆمەک بەویتریان دەکات و پێکەوە بەرنامەکانی یەک و دوو جێبەجێ دەکەن، جارجارە ئاگایانە و جارجارە بێ ئاگایانە.

بەجۆرێک لە جۆرەکان باسی ئەوەمان کرد "ترسی بەردەوام ترس بەرهەم دەهێنێتەوە"! هەرکات بوونەوەرێکی ترساو هەبوو، ئەوا لە نادیاریدا وێنای دوژمن و ترسی بەردەوام بۆ خۆی دووپات دەکاتەوە. ترس گەورەترین میکانزیزمی سەرکەوتووی مێژووی مرۆڤایەتییە بۆ مانەوە، ئەگەر میکانیزمی ترس و هەڵاتن نەبوایە، یان ترس و دەستوەشاندنی پێشوەخت نەبوایە، هیچ کات مرۆڤ بەم جۆرەی ئیستا نەدەمایەوە. هیچکات سوپاکانی دونیا نەیان دەتوانی بگەنە ئامانجە سەربازییەکانی خۆیان. لەلایەکی ترەوە ترس ئاماژەیەکی گەورەیە بۆ بەدگومانی لە خود و درککردن بە ناڕەوایی هەر بۆیە وەک میکانیزمێکی گەورەی مانەوەش بەکاردەهێنرێت. هەر دوو ڕەوتی کاپیتالیزم و ئایینداریی، بەردەوام بەدگومانن لە خۆیان بۆیە بەر بە هەر ڕاستی و زانینێک دەگرن، چونکە لە هەر چرکەساتێکدا ڕاستی زانیارییەکان و زانین باڵابکەن، مەترسی گومانەکان لەسەر ئەوان زیاد دەکات. ئەمانە دەترسن لە ناڕەوایی خۆیان، چونکە هەمیشە دەزانن کە بەردەوامی ڕەوتەکانی ئەوان زادەی سەرکوت و بێبەشکردنی ئەوانی ترە لە ئازادی و لەژیان. ئیدی هەر داوایەک بۆ دادوەری و ڕەوایی دەبێتە هەڕەشی مەرگهێن بۆ ئەوان. بەم دوو پارامیتەرە هەمیشە ئەوان لەپرۆسەی درووستکردنەوەی ترسدا دەبن و ئەو کردەیەش یەکێکە لە کار و خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەوان.

پرۆسەی درووستکردنەوەی ترس، مەیدانێکی باشە بۆ دەرخستنی سەرکەوتوویی ئەوان لەو گەمەیەدا کە لێی شارەزان، گەمەی بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات و بازاڕەکانی تاقیکردنەوەی هێز. بۆیە هەردەم ترس و تیرۆر یەکێکە لەکاڵا بەنرخەکانی کە وەک داینەمۆی گەرمکەری بازاڕی ئەوان کاردەکات. لەم ڕێگایەوە ئەوان هەردووکیان ئاڵوگۆڕی برژەوەندییەکانیان دەکەن و دەبنەوە پشتیوان بۆ یەک، ئەوە ئەگەر لە دونیای بیر و ئایدۆلۆجیا و تێڕوانین بچینە دەرەوە و ئەو ئاراستەیە فەرامۆش بکەین. ئەو ترسەی فەندەمێنتالیزم درووستی دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی تیرۆر لەگەرمی بازاڕی شەڕ و سەرکوتکردنی شۆڕشدا کۆمەک بە کاپیتالیزم دەکات و ڕەوایی بۆ هەنگاوەکانی درووست دەکات. لەبەرامبەردا کاپیتالیزم لەلایەک دژایەتی ئازادی دەکات و لەلایەکی تریشەوە بەناوی ئازادیی و لیبرالیزمەوە بەرەنگاری فەندەمێنتالیزم دەبێتەوە، کە ئەمە دەبێتە مەیدانی ململانێیەکی باش و دەرفەتێکی زێڕین بۆ ساخکردنەوەی کەرەستەکانی خۆی. لەم پرۆسەیەدا بۆ کاپیتالیزم گرنگە کە گوڕ و تینی هێزە جڤاتییەکان لە ململانێ بێهودەکاندا خاڵی بکاتەوە، چونکە هەمیشە دوژمنێکی ناڕاستی کۆنترۆڵکراو باشترە لە دوژمنێکی ڕاستینەی پێشبینی نەکراو. لەلایەکی تر بەڕێگای پاراستنی فرەکولتوورییەوە داکۆکی لە کۆنەپەرستی دەکات و بەپێی پێویست نوێی دەکاتەوە و بە ئەندازەیەک دیکۆر و ماکیاژی دەکاتەوە هەر بڵێی داهێنانێکی نوێیە. بەم ڕێگایەش فەندەمێنتالیزم هەمیشە لەدایک دەبێتەوە و دەرگاکانی پێشکەوتن و زانین و زانینی زانستی و توێژینەوە گرنگەکانی ژیان لەبەردەمی هەموودا و هێزە نەیارەکاندا دادەخرێن. لەم پەراوێزەدا یارییەکانی میدیا و پەخشی زانیاری ڕۆڵێکی گەلێک گەورە دەگێڕن لەسەرخستنی ئەم جەنگە.

بەرئەنجام پاشەکشەی زانینی بنەڕەتی و پێشکەوتنی زانستی و لەبەرامبەردا گەشەی پەروەردەی لیبراڵ یەکێکە لەو پرۆسە و میکانیزمانەی مرۆڤایەتی دووبارە تووشی ئایینەکان دەکاتەوە و یەکێکە لەو کەموکورتیانەی کاپیتالیزم لە ڕەخنەکانی سۆشیالیزمەوە خۆی لەسەر بونیاد دەنێتەوە. لێردا مەبەستمە کۆی پرۆسەکە بە هێڵکارییەک ئاماژە پێ بدەم، بەڵام بەر لەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەوەندەی کاپیتالیزم سوودی لە ڕەخنەکانی سۆشیالیزم و قوتابخانەی سۆشیالیزمی زانستی و ئاراستە ڕەخنەگرەکانی چەپ بنینیوە، لەلای هێزە چەپ و ئەنتی کاپیتالیستی و شۆڕشگێڕەکان  هێندە سوودی لێ نەبینراوە.
فەرموو لەگەڵ هێلکارییەکە: هێلکاری ترسی هاوبەش ستراتیژی هاوبەش درووستدەکات!

No comments:

Post a Comment