بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





26/12/2015

دەربارەی ڕۆڵی نەوشیروان مستەفا لە ئێستادا!


لە کۆی هەموو ئەو سەرکردە سیاسیانەی باشووری کوردستان کە هێشتا تا ئەمڕۆ لە ژیاندا ماون، ئەگەر سەرکردەیەک هەبێت قابیلی دیراسە و لێکۆڵینەوە بێت، ئەوا تەنیا نەوشیروان مستەفایە! نەک لەبەر ئەوەی کەسێکی زۆر پاک و بێگەرد و دانایە، بەڵکو لەبەر ئەوەی مێژووی سیاسی باشووری کوردستان لەسەر دەستی ئەم کەسایەتییە سیاسییە چەندین هەوڵی وەرچەرخانی بەخۆیەوە دیوە و توانیویەتی خودی خۆی وەک کەسێک لە کۆی هاوکێشە سیاسییەکاندا کاریگەری دابنیت. جا ئەو کاریگەریانە باش بوون یان خراپ ئەوە قسەیەکی ترە. من بەش بەحاڵی خۆم بەشێوەیەکی بابەتی و زانستیانە هەوڵدەدەم سەیری ڕووداوەکان بکەم، ئەوەندەی بتوانم! بەڵام سەرەتا جوانتر وایە من هەڵوێستی خۆم یەکلایی بکەمەوە و مەبەستەکەم ڕوون بێت بەر لەوەی هەر تێڕوانینێک بنووسم.

ڕەخنە و تێڕوانینەکانی من ئەوەندەی توانیبێتم لە دونیای دادوەری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە ئازادی و یەکسانییەوە بوون و هەر پەخشێکی تایبەتیم وەشاندبێت لەو پێناوەدا بووە، چ وەک کار و کرداریش، خۆم بە لایەنگری ئەو مەودایە دەزانم.. جا چەندێک وا بم یان وا نەبم، ئەوە بۆ خەڵک بەگشتی و خوێنەر بە تایبەتی و ڕەخنەگرانیش بە تایبەتتر جێ دەهێڵـم. بۆیە هەر ڕەخنەیەکی من لە دنیای سیاسەت و بیرکردنەوەدا لەم ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرن! بۆ من زانستی بوون یان ئەوەی پێی دەڵێن پرۆفێشیناڵیزم و ئەکادیمی بوون لە دونیای فکر و سیاسەتدا جگە لە درۆیەکی گەورە هیچی تر نییە، ئەگەر مرۆڤ ستاندپۆینتی خۆی ئاشکرا نەکات! بەتایبەت پنتەکانی هەوڵوێست وەرگرتن مرۆڤ بوون دیاریدەکەن، مرۆڤ بوون بە بێلایەنی پەیت دیاری ناکرێت، بەڵکو ئەوە بە ماشێن بوونی مرۆڤە.

سەبارەت بە نەوشیروان مستەفا، بەش بە حاڵی خۆم لەوانەیە پتر لە دووسەد لاپەڕە ڕەخنەم لە کارەکانی ئەو هەبێت و لە دووتوێی پەرتووکێکدا کۆمکردبنەوە، کە لەئێستادا لەبەر دوو هۆکار بڵاویان ناکەمەوە؛ یەکەم: ئەوەی ڕوون نییە تەندروستی نەوشیروان مستەفا یە، کە ئایا لە ڕووی تەندروستییەوە دۆخی خۆی چۆنە! ئەگەر لەڕووی تەندرووستییەوە ناساخ بێت، هیوادارم زوو باش ببێت. من بە گونجاوی نازانم لە دۆخی نەخۆشیدا ڕەخنەکانم بڵاو بکەمەوە! نەک لەبەر لایەنی سۆزداری، بەڵکو هیوادارم دەرفەتێک هەبێت کە ئەو بە هەموو تواناکانییەوە لە ژیاندا بێت و ئەوجا من  ئەو نووسینەم بە پەخش بگەیەنم، چونکە پێم خۆشە ئەو توانای وەڵامدانەوە و تێبینی هەبێت! گرنگ نییە وەڵامم بداتەوە، تەنیا توانای وەڵامدانەوەی هەبیت بەسە.. دووەم؛ لەم دۆخەی ئیستادا نەوشیروان مستەفا تەنیا هێز و سیمبوڵی بەرهەڵستکارییە بۆ پارتی نا دیموکراتی بەناو کوردستانی بنەماڵەکەی مەسعود بەرزانی، هەربەوجۆرەش من ئاماددە نیم لەو هێز و سیمبوڵە کەم بکەمەوە لە ئیستادا. لەوە گرنگتر ئەوەیە، لە هیچ کاتێکدا ئاماددە نیم دێڕێک وشەیەک تەنانەت فاریزەیەکی من بچێتە خزمەت بازاڕی خۆفرۆشان و خیانەتکارانی کوردستانەوە لە سەرتۆپی ئەوانەشدا ئەو دەستەو تاقمەی ئەوان! لەبیرمان نەچێت ئاستی بێ ئابڕوویی سیاسی ئەم تاقمە گەیشتوەتە سنوورێک سوود لە هەموو شتێک دەبینن، تەنانەت ئەوەی دژیشیان بنووسێت ئەوان هەر سوودی لێ دەبینن. لەبەر ئەو دوو هۆکارەی سەرەوە ڕەخنەکانم بڵاو ناکەمەوە لە ئیستادا. بەڵام سەرباری ئەوە تێبینییەکی چکۆلە لەم سەردێڕەدا دەنووسم کە زیاتر وەک پرسیار لە مەودای گشتیدا پرسیارن بۆ من و جێی تێڕامانە بۆ خەڵک.

ئەوەی ئاشکرایە تا ئەم ساتانەش نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانە.. کە لەماوەی ڕابردوودا ئەم بزووتنەوەیە ڕوو بەڕووی گەورەترین خراپە و تاوانکاری بووەوە لەلایەن پارتە خۆسەپێنەکەی بنەماڵەی بەرزانییەوە، کە پێشتر پێناسمانکردن! گەر چاودێری بکەین دەبینین نەوشیروان مستەفا تا ئێستا هیچ لێدوان و وتەیەکی ڕەسمی یان ناڕەسمی پێشکەش نەکردوە و پتر لە چەند مانگێکە کۆی مەیدانی سیاسی لە فۆرمدا چۆڵکردوە. ئەم کردەوەیە جێی ڕەخنە لێگرتن و سەرزەنشت کردنە، چونکە ناکرێت ڕابەری بزووتنەوەیەک بەم ئەندازەیە بێدەنگ ببێت بەرامبەر هەموو ئەو تاوانانە پارتی بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەیکات و بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان کردوونی لەماوەی ڕابردوودا. لە ژیان و دونیای پێشکەوتوودا ناکرێت سەرکردە بەرپرسەکان بێدەنگی بەناوی حیکمەتەوە هەڵبژێرن. بۆ ئەو مەبەستە تەنیا چەند خاڵێکی زەق لە تاوانەکانی پارتی باس دەکەم، کە هەریەکەیان شایەنی وەڵامدانەوەیەکی توندن:
١. پارتی وەک هێزێکی تۆتالیتار ڕێگەی لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گرت لە گەڕانەوەی بۆ شوێنی کارەکەی لە هەولێر و بە هێز لەکارەکەی دووری خستەوە. (سەرۆکی پەرلەمان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە)!
٢. پارتی تێکڕای وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوانی وەزارەتەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانی بە بڕیارێکی یەکلایەنە لە سەر کار لابردوە و بۆ زیاتر لە دوومانگە لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو پۆستانە بەلایەنەکانی تر پڕ بکاتەوە.
٣. هێزی سەربازی دەوڵەتی تورکیا بەبڕیارێکی سەرۆکی لەکارکەوتووی هەرێمی کوردستان چەند هەفتەیەکە خاکی هەرێمی کوردستانیان بەزاندوە، بەمەرجێک ئەم سنوور بەزاندنە لەکاتێکدایە کە دەبوو پەرلەمانی کوردستان بڕیاردەری سەرەکی بێت لە ڕێگەدان بەهاتنی هێزێکی لەو جۆرە لە خراپترین باردا، کە هێشتا نەدەبوو ڕووبدات! هەروەها نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت وەزارەتی پێشمەرگە کە بەرپرسە لەو دۆسێیە لە ئەستۆی بزووتنەوەی گۆڕاندایە بەشێوە شێوازبەندەکەی.
٤. دەنگۆی ڕێکەوتنی مەسعود بەرزانی لەگەڵ وڵاتەکانی کەنداوی عەرەبی هەیە، بەتایبەت سعودیە و قەتەر،  لەسەر کشانەوەی هیزی پێشمەرگە لە کەرکووک و درووستکردنی هەرێمێکی سوونە لە ناوچەکەدا بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا. (لە پەخشی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان خۆیەوە وەرگیراوە).

قسە نەکردن، بێدەنگی  و دەرنەبڕینی هیچ ڕایەک لەمەڕ ئەم مەسەلانە لەلایەن ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکەوە، لە دانایی و تەحەمولی زرنگانەی سیاسی دەچێتە دەرەوە. هیچ گونجاو نییە کەسایەتییەک وەک نەوشیروان مستەفا بێدەنگ ببێت و هەموو بێدەنگییەکەی بە حیکمەت بۆ حساب بکەین. ئەم بێدەنگییە سێ شیکردنەوەی یەک لەیەک خراپتر هەڵدەگرێت:
١. ئەشێت، نەوشیروان مستەفا هیچ دەسەڵات و بژاردەیەکی سیاسی لەبەردەمدا نەبێت.. ئەم ئەگەرە لەم دۆخەدا زۆر خراپە، سەرکردەیەک ڕابەرایەتی پتر لە پێنج سەد هەزار دەنگی کوردستان بکات و نەتوانێت هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا بێت. تەنیا بڕوانە دۆخی صلاحەدین دەمیرتاش لە باکوری کوردستان، ئەم کردەوەیە جۆرێکی تر و ترسناکییەکی ترە کە بۆنی ئاشبەتاڵێکی گەورەی  بێدەنگی لێوە دێت.
٢. ئەشێت، نەوشیروان مستەفا نەیەوێت قسەیەک بکات کە بۆی نەچێتە سەر و لەشکۆی ئەو کەمبکاتەوە، ئەمەش خراپترە، چونکە ئیدی لە دۆخی دەم پاکی و داوێن پاکی و دەستپاکی دەچینە دەرەوە و ئەو زاراوانە هیچ گرنگییەکیان نامێنێت، بەڵکو دەیسەلمێنێت ئەم سەرکردەیە کەسێکی باوی ترادیسیۆنالییە کە هیچ جیای ناکاتەوە لە هاوشێوە و ڕکابەرەکانی، بەتایبەت لە ڕووی کاری سیاسییەوە! جگە لەیەک پارامیتەر نەبێت ئەویش مێژووی خیانەتکاری نیشتمانییە، دواجار ئەم چەمکەش بەس نییە بۆ کەسایەتییەک لەو شێوەیە، چونکە بێدەنگی ئەشێ بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری لێ بکەوێتەوە کە جیاواز نەبێت لە خیانەتکاری نیشتمانی.
٣. ئەشێت، نەوشیروان مستەفا نەخۆش بێت و توانای لێدوان و هەڵسەنگاندنی باش و پێویستی نەبێت، ئەم ئەگەرە لە هەموویان خراپترە، چونکە ناکرێت هیزێک داوای حوکمی یاسا بکات و بیەوێت دیموکراسی بکاتە سیستەم و هێشتا لە دۆخی نەخۆشی سەرکردەی یەکەمی خۆشیدا جێگرەوەیەکی دانا و هۆشیاری نەبێت بتوانێت وەک کەسی یەکەم و بگرە لەویش باشتر بتوانێت بە لێدوان و کارە سیاسییەکان هەستێت! باشتر وا بوو لەم دۆخەدا کەسێک هەبێت توانای هەڵسووکەوتی هەبێت وەک جێگرەوەیەک بۆ ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت. بۆیە لەم ئەگەرەیاندا باشتر بوو کار و لێدوانەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە شەفافانە و بەناوی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە یەکێک بسپێردرایە کە دواتر دەبووەوە بە هۆکار بۆ بەهێزکردنی متمانەی بزووتنەوەکە لەگەڵ خەڵکدا لە داهاتوودا.

لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم، لە دۆخێکدا کە سەرتاپای کوردستان لە قەیرانێکی خوێناوی و ئابووری و سیاسی پڕ تەنگژەدا دەژی و بزووتنەوەی گۆڕانیش لەخراپترین ئاکامەکانی دۆخی حوکمڕانی خۆیدایە، بێدەنگی لەبەرامبەر ئەو هەموو ڕووداوە دەکاتە نەبوونی بژاردەیەکی گونجاو! هەروەها نەبوونی بژاردەیەکی سیاسی گونجاو لەبەردەم ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکەدا (نەوشیروان مستەفا) بەو پشتیوانییە جەماوەرییە بەرفراوانەوە یەکسانە بە شکست نەک دانایی.

تێبینی: هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن و پەخشکردن مافی لەبەرگرتنەوە و پەخشکردنەوەی کۆی ئەم چەند دێرە یان بەشێکی ئەم نووسینەی نییە! بەتایبەت کەناڵەکانی سەر بە پارتی.

1 comment:

  1. کاک سۆران ئەوەت بیرنەچێت کە بزوتنەوەی گۆڕان ڕووەڕەشەکەی یەکێتی سپی کردەوە، ئێستەش باڵەکەی هێرۆ نەبێت لەمێژبو یەکیان گرتبۆوە..

    ReplyDelete