بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





13/12/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە ــ بەشی هەشتەم و کۆتایی


هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە
یاری و گەمە زۆرن لەم ژیانەی ئێمەدا، چ وەک مێژوو، هەروەها لەئێستاشدا، هێشتا لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر بۆ من یاری شەترنجە! شەترنج چەند خەسڵەتێکی زۆر تایبەتی هەیە، لەوانە: بەشێوەیەکی نیمچە ڕەها پشت بە ئەقڵ دەبەستێت کە هیچ یارییەکی تر بەو جۆرە نییە و کەمێک بەخت ڕۆڵی خۆی تیایاندا دەبینێت! یان بەشێکی ئەم یارییە پشت بە پشوودرێژی و هەناسەی قووڵ دەکات بۆئەوەی بتوانیت لەگەمەکەدا بەشدار ببیت و سەرکەوتوو بیت! خەسڵەتێکی تری ئەوەیە ئەگەر متمانەت بەخۆت هەبوو دەتوانیت بەرامبەر زەبەلاحترین یاریزان بچیتە مەیدانەکە و یاری بکەیت. لەو خاڵەش گرنگتر ئەوەیە ئەقڵی گەورە حوکم دەکات نەک هێز و بازوو و لەشی گەورە، بۆنمونە منداڵێکی هەشت نۆ بەهار یان کەسێکی لاوازی بێ ماسولکە دەتوانێت لە پیرێکی پڕ ئەزموون یان پاڵەوانێکی زەبەلاحی بۆکسێنی بباتەوە، گرنگ توانای بیر و پلان دانانە تێیدا! لەهەمووی گرنگتر لەم یارییەدا ئەوەیە کە پشت بە نهێنی دەبەستێت! ئەمەش ئەو خاڵەیە کە من دەمەوێت گرنگی زۆری پێ بدەم لەم سەردێڕەدا.

لەیاری شەترنجدا، ئەگەر تۆ یاریزانێکی زۆر بەهێز نەبیت، بەڵام بەرامبەر پاڵەوانێکی یارییەکە دەست بکەیتە گەمەکردن، ئەوا ئگەر هەیە تۆ لێیببەیتەوە هەر چۆن ئەگەر هەیە بیدۆڕێنیت! بێگومان ئەمە بۆ هەموو یارییەک ڕاستە، بەڵام لە شەترنجدا لە هەموو یارییەکانی تر کەمتر واقعییە چونکە ناکرێت کەسێکی زانا و دانای یارییەکە بەرامبەر کەسێکی تازە پێگەیشتووی یارییەکە بیدۆڕێنێت. بەڵام ئەم ئەگەرە بۆ شەترنجیش زۆر شایستەی ڕوودان دەبێتەوە، کاتێک هاتوو کەسە لاوازەکە پلان و بیرکردنەوەی کەسە بەهێزەکەی لەبەر دەستدا بێت. بەواتایەکی تر ئەگەر هەرکەس نهێنی بیرکردنەوە و پلانەکانی بەرامبەری خۆی بزانێت، ئەوا زۆر بەسانایی دەتوانێت بیباتەوە، یان ئەگەر تۆ لەم یارییەدا بەشدار بوویت و زانیت بەرانبەرەکەت بیر لە چ هەنگاوێک دەکاتەوە، ئەوا تۆ بە ئاسانی دەتوانیت خۆت لەو پێشهاتانە ڕزگار بکەیت کە ئەگەری ڕوودانیان زۆر زۆرە لەلایەن هێرشەکانی ئەوەوە یان پلان و ئاکامەکانی بەرامبەرەکەتەوە. ئەمە ئەو پنتی دەستپێکەیە، کە یەکەم هەنگاوە بۆ هاتنەدەر لەقۆزاخەکە.

لێرەدا بەر لەوەی بێمە سەر کۆتایی باسەکە بەلامەوە پێویستە نمونەیەک باس بکەم کەئەو گریمانەیەی پێشوو پشتڕاست دەکاتەوە؛ نمونەکەمان نمونەی کەرەستەیەکی کارگێڕییە، ئێل ئێف ئەی (L.F.A, Logical Framework Analysis). لەوانەیە ئەم ناوە بە کوردی بەم جۆرە ڕاست بێت (شیکردنەوە و لێکدانەوە لەچوارچێوەی ژیربێژیدا).. هەرچەند واتاکە بەتەواوی ناگات، بەڵام ئەوە باشترین واتایە بەڕای من. ئەم کەرەستەیە، کەرەستەیەکی میتۆدۆلۆجی پراکتیکییە بۆ بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی پرۆژە، هەرکەس لە گووگڵ یان هەر بەدواگەڕانێکی ئینتەرنێتدا بۆی بگەڕێت دەستی دەکەوێت. من خۆم نزیکەی دە ساڵێک بەکارم هێناوە و بەشێک بووە لە ئیشی ڕۆژانەم. ئەم کەرەستەیە بەر لە ساڵی ١٩٦٩ لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بەکار هاتوە. پاش ئەوەی لای ئەوان کەرەستەکە خانەنشین دەکرێت، ئیتر ئازادی دەکەن بۆ بەکارهێنانی گشتی. دواتر زانایەکی بواری کارگێڕی تەرخان دەبێت بۆ ئەوەی لەخزمەتی سەربازییەوە ئەم کەرەستەیە بخاتەگەڕ لە خزمەتی مەدەنیدا و ساڵی ١٩٧٠ بۆ یەکەمجار دەخرێتە خزمەت ڕێکخراوی فریادگوزاری ئەمریکاوە، هەر لە ساڵەکانی ١٩٦٩ تا ١٩٧١ ئەم کەرەستەیە لەلایەن زیاتر لە سی وڵاتی پێشکەوتووەوە لەخۆ دەگیرێت و دامەزراوە زەبەلاحەکانی دونیا تا ئێستاش کاری پێدەکەن، لە نمونەکانی (UNDP, DFID, NORAD, SIDA, EC, SDC). بەهەرحاڵ قسەکردن لەسەر کەرەستەکە، زۆر گرنگ نییە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا تا چەند  گرنگە ئێمە هەموومان بەهامن لۆجیک یاری بکەین؟ هەمان ئەو یاسایانە بەکار بهێنین کە یارییەکەی کاپیتالیزم دەیخوازێت؟ ئەکرێت پرسیار بکەین ئایا ئەم کەرەستەیە کەرەستەیەکی باشە؟ لێرەڕا گومان لە کاریگەری و بەهێزی کەرەستەکە ناکرێت لە ڕووی پراکتیکییەوە، بەڵام خودی کەرەستەکە کۆتایی دونیا نییە، بەپێچەوانەوە کەرستەی تریش دەکرێت بدۆزینەوە. هەر بۆ نمونە خودی دەزگا هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانی دونیا ئێستا ئەم کەرەستەیە بەکار ناهێنن، بەڵام ئەی ئایا چ کەرەستەیەکی تر بەکاردەهێنن بۆ پلاندانان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانیان. بێگومان ئێمە نایزانین بەبێ ئەوەی توێژینەوەی ورد بکەین وبەبێ ئەوەی دامەزراوەی گەورەمان بۆ توێژینەوە و بەدواداچوون هەبێت.

پوختەی مەبەست بۆ ئەوەی بێینە دەرەوە لە قۆزاخەیەی سەردەمانێکی زۆرە تێی کەوتووین دەبێت یارییەکان لە گەڵ دەسەڵاتی لۆکاڵی و کاپیتالیزمی جیهانیدا بەجۆرێکی تر بکەین و یاسای تر بدۆزینەوە بۆ بردنەوەی ململانێکان (مەبەستم لەیاسای تر لەبەرامبەر L.F.Aنییە، بەڵکو کەمیک فراوانتر بڕوانە) . بەتایبەت هەر هێزێک چەند گەورە بێت بۆشایی و کەلێنی تایبەت بەخۆی هەیە و دەدۆزرێتەوە. لە بەشی پێشوودا چەند ئاماژەیەکم بەوەدا کە کاپیتالیزم گۆڕی خۆی هەڵناکەنێت وەک ئەوەی لەلایەن (گەورە فەیلەسوف و زانای ئابووری ناسی ئەڵمانی کارڵ مارکس)ەوە پێشبینی کرابوو. بەڵکو کاپیتالیزم گۆڕێکی بەکۆمەڵ بۆ ژیانی مرۆڤایەتی هەموومان پێکەوە هەڵدەکەنێت، دیارە بە داخەوە کە ئەو پێشبینییەی مارکس وا دەرنەچوو! ڕاستترە بڵێم ئەکرا ئەو پێشبیینە ڕاست دەرچێت ئەگەر تیۆر و تێگەیشتنەکانی مارکس لەلایەن کاپیتالیزمەوە زۆر بەوردی سوودیان لێ وەرنەگیرایە.

نەک هەر مارکس، بەڵکو زۆرێک لە تیۆریست و بەرهەڵستکارەکانی کاپیتالیزم تیۆر و کەرەستەکانی بەرهەڵستکارییان بەتاڵ دەکرێتەوە. لێرە زۆرترین قسە دەتوانین لەسەر مارکس و تێۆر و چارەسەرەکانی ئەو بکەین، بەتایبەتە کە تا ئیستاش وەک میتۆد هێشتا گەورەترین ڕۆحی بەرەنگارییە لەبەردەم بێدادیدا. مارکس هەمیشە پرسیارە و هەر بە پرسیاریش دەمێنێتەوە، چ بۆ ئەوانەی بەکاریدەهێنن، ئەوانەی دژی دەوەستنەوە، یان ئەوانەی دەیانەوێت مارکس تێپەڕێنن. تیۆری مارکس چ وەک فەلسەفە یان یاسا ئابوورییەکانی ناو ڕەخنە لە ئابووری سیاسی تا ئێستاش بەداخەوە تاکە تیۆرە کە توانیویەتی بەرەوڕووی ئەو بێدادییە ببێتەوە! لات سەیر نەبێت کە دەڵێم بەداخەوە، چونکە داخەکە لەوەدایە کە سێکیولاریزمی ستەمکار بەوردی لە هەموو ئەو ئەگەرانە شارەزایە کە تیۆرەکانی مارکس چۆن کاپیتالیزم ڕەتدەکاتەوە و چۆن کار دەکات بۆ کۆتایی پێهێنانی. بۆ ئەم مەبەستە با بەسادەیی لەیەک شت بڕوانین، دروشمی گەورەی شۆڕشگێڕانەی بیری مارکسیزم، "کرێکارانی جیهان یەکگرن". پاش تێگەیشتنی ورد لە تیۆری مارکس، گەورەترین کار و سادەترین کار بۆ کاپیتالیزم ئەوەیە کە نەهێلێت کرێکاران یەکبگرن! لەمەش ئاسانتر ناکرێت. (ئاستی هۆشیاری کرێکار دابەزێنە، دەرفەتەکانی جیاوازی لە نیوانیان زیاد بکە و ئەو جیاوازییانەی هەیانە گەورە و زەقی بکەرەوە) تەواو هیچ کرێکارێک ئامادە نییە هاوپشتی لەگەڵ کرێکارێکی تردا بکات. لەم نمونەیەدا کرێکار تەنیا چەمکە (کۆنسێپت)، تۆ دەتوانیت لە بری کرێکار هەر شتێکی تر دابنێیت، یان واتای فراوانی کرێکار بەزمانی ئەمڕۆ بەکار بهێنیت.

مارکس و تیۆرەکانی تا لەگۆڕنانی کاپیتالیزم بە زیندووی دەمێننەوە، چونکە مارکس پەی بەیاسای یارییە ئابوورییەکەی کاپیتالیزم بردوە و ئەو کۆدەی کردوەتەوە، بەڵام ئیستا مارکس بەتەنیا ناتوانێت چارەسەرەکە بکات، یان چارەسەرەکە بەتەنیا بە مارکسیزم ناکرێت، چونکە کاپیتالیزمیش کۆدەکانی مارکسیزم و خەباتی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیان کردوەتەوە و بە توانایەکی لەڕادەبەدەر و چەندجار گەورەتردا. سروشتی ئەم گرفتە بەداخەوە لە سروشتی ئەنتی بایۆتیک و بەکتریا دەچێت کە پاش ئەوەی بەکتریاکە لەسەر ئەنتی بایۆتیکەکە بەرگری پەیدا کرد، ناچار دەبێت دۆسێکی تری بۆ بدۆزرێتەوە. ئەو کرۆکی دادوەرییەی لە بیری مارکسدا دەیبینینەوە، هەمیشە زیندووە، بەڵام تێکست و میتۆدەکانی قابیلی پیاچوونەوەی گەورەن و مەرج نییە بەڕێگای کۆمۆنیزم یان دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و یان فۆرمێکی دیاریکراو ئەو دادوەرییە بێتە دی. بەڕای من ڕاستی ئەوەیە فۆرمی دادوەری دیاری ناکرێت، بەڵام ئامانج بۆ نزیک بوونەوە لە دادوەری دیاریدەکرێت. لێرەدا تێڕوانینەکان لەلایەن مارکسەوە، بەتایبەت تیۆرییە زانستییەکانی دەکرێت تیۆری پێوانەیی بن بۆ کارکردن، بەڵام هەر کاتێک بکرێنە کەرستەی جێبەجێکردن تووشی شکست دەبن! (هەندێک تیۆری گرنگ هەن لە ژیانی مرۆڤدا کە تیۆری پێوانەیین، واتە خودی تیۆرەکە بەتەواوی جێبەجێ ناکرێت یان دەرفەتی جێبەجێکردنی نییە، بەڵام بۆ پێوانە گرنگە، واتە لە کۆتا ئامانجێکدا دادەنرێت کە دواتر ڕێژەی نزیک بوونەوە لەو کۆتاییە پێوانەی نزیک بوونەوەمان دەبێت لە دۆخێکی باشتر یان خراپتر) گرنگ ئەوەیە فۆرم و ژیانێک بۆ دادوەری وەک "کۆمۆنیزم" ناکرێت بمانبەستێتەوە، چونکە لە زۆر باردا دەکەوینە هەڵەی پێشێلکردنی زۆر ڕاستییەوە لەپێناو گەیشتن بە فۆرمێک کە پێشتر بڕیاری لێ دراوە. ئەو فۆرمانە سنووری دونیابینی دەبەزێنن و دەبنە قاڵبێکی ئەبستراکت. بەجۆرێکی تر ئەگەر خۆم باس بکەم، دەڵێم: فۆرمێک و قاڵبێکی داڕژاو بۆ دادوەری نییە، بەڵام کۆتا ئامانجێک هەیە کە تەنیا بۆ نزیکبوونەوە دەشێت. ئەگەرچی مارکس لەفۆرمی کۆمۆنیزمدا پرسار و وەڵام و دواکاری نووسینەکانی ڕێکدەخات، بەڵام نێوانی دێڕەکانی ئەو لە ژیان و کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی گەورەترە و ئەوەی ئەو تەنیا فۆرمێک بووە بۆ ئەوی رۆژێک کە ئەکرا ئەوانەی ئەو دەمە خەباتی تێدا بکەن بە ئاکامێکیان بگەیاندایە و مرۆڤایەتییان لە کۆمەڵگایەکی بێچین نزیک بکردایەتەوە. کە بەپێی دایلەکتیکی مەتریاڵی لای مارکس خۆی ئەمڕۆ بەهەمان شێوە تێکستەکانی خۆی نانووسێتەوە لەمەڕ مامەڵەکردن لەگەڵ کاپیتالیزمدا. لێرەدا ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، چەند خاڵێکدا و لەپێناوی سادەکردنەوەی باسەکەمدا ڕستیان دەکەم:
١. مارکس لەو شوێنانەدا کەیاسا زانستییەکان دادەنێت هەمیشە سەرچاوەیەکی گرنگە و بە بێ گۆڕان لە یاسا فیزیکییەکاندا گۆڕانی سەیر و سەمەرە بەسەر ئەو یاسایانەدا نایەت. بۆیە گەربمانەوێت لەمارکس تێپەڕین و بگەینە خاڵێکی نوێ، ئەوا هەردەبێت بە مارکسدا بڕۆین.
٢. ئەوشکستەی توشی پلان و بیرکردنەوەی مارکس دەبێت لەواقعدا، ئاشکرا بوونی خودی پلان و تاکتیکی سیاسی مارکسیزمە، نەک گرفتی سەرەکی تیۆرەکە.
٣. هەرکات مارکسمان بەئاراستەی دادوەری تێپەڕاند دەتوانین بگەینە کەنارێک لەکەنارەکانی سەرکەوتن بەرامبەر کاپیتالیزم، لەوکاتانەشدا هەر بەپێی ماتریالیزمی دیالەکتیک مارکسیستیانەتر مامەڵەمان کردوە وەک لەوەی تەنیا لەدەوری تیۆرەکانی مارکس یان هەر کەسێکی تر بمێنینەوە، چونکە هەر تیۆرێک لە تیۆرە سیاسییەکان قابیلی پیاچوونەوەیە و لەهەل و مەرجێکی دیاریکراودا کارا دەبێت یان کاری پێدەکرێت.
٤. دەکرێت مارکسیزم و کۆمۆنیزم (بە فۆرم و دونیا بینی مارکسی)، وانەیەکی گرنگ بێت، چونکە کاپیتالیزم دوو ڕێگای زۆر سادەی گرتەبەر بۆ شکست پێهێنانی فۆرمە سیاسییەکانی تێزەکە و بونیاد نانەوەی خۆی لەسەر هەر یەکەیان: یەکەم؛ پەراوەی نادرووست بۆ فۆرمی پێشنیارکراوی مارکسیستی و کارکردن لەسەر پێکهاتە دەروونییەکان بۆ شکست پێهێنانی، بەئەندازەیەک پێکهاتە دەروونییەکانی مرۆڤایەتی بەئاستێکی تردا گەشەیان پێکراوە، کەمتر ئەگەری ئەوەی هەیە بگەڕێنەوە بۆ خاڵێکی سەرەتاییتر یان بۆ ئەو شێوەیەی کە گەشەی سروشتی خۆی لێوە بەلاڕێدا براوە. دووەم؛ شکست پێهێنانی پێشبینییەکان لەڕێگای خۆ گونجاندن و ڕێگەگرتنەوە لە ڕوودانایان. گەورەترین ڕێگای خۆ گونجاندن بریتی بوو لە درککردن بە پێشبینییەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی خۆی. بەڕای من ئەوەندەی کاپیتالیزم سوودی لە مارکسیزم وەرگرتوە خودی بزاوتە شۆڕشگێڕییەکانی چینی پاینی کۆمەڵگاکان سوودیان لە مارکسیزم نەبینی.

زۆر ڕێگا هەن کە سێکیولاریستە ستەمکارەکان دەیگرنە بەر، جا لەڕێگای بەرپێگرتنی سێکیولاریستی بێت یان ناسێکیولاریستی، بۆنمونە:  کۆسپ دانان لەبەردەم زانین و زانست، باڵادەستکردنی کاڵفامی (شەرعییەتی کولتووری)، باڵادەستکردنی ژیانی ئیندیڤیدەکان و ئەنتیجینەکانی گرۆبەندی کۆمەڵایەتی...تاد. گرنگە بۆ ئێمە ڕۆحی دادوەریانەی مارکسیزم کە درێژکراوەی مێژووی تێکۆشانی مرۆڤایەتییە بە زیندوویی بپارێزین، بەڵام ناکرێت ئەوە لە بیر بکەین کە هیواکانی دادوەری و ئازادیی و یەکسانییەکانی مرۆڤ زۆر لە خودی تێکستەکانی مارکس و هەر مارکسیستێک گەورەترە. مرۆڤایەتی لە هەر گۆشەیەکی ئەم دونیایەدا دووچاری بەڵایەکی بێدادی بووە کە بەرئەنجام و دەستکردی مرۆڤایەتی خۆیەتی و کاپیتالیزم لە هەموو گۆشەیەکی دونیادا ڕابەرایەتی ئەم تەوژمە دەکات. لەبەرامبەردا ئێمەش پێویستمان بە شۆڕشی بەردەوام هەیە!

شۆڕشی بەردەوام و بەرەنگاری چەمکێکی فراوانە ناکرێت خوێنەری کورد تەنیا ئەم چەمکە ببەستێتەوە بە ساچمەزەن و کڵاشینکۆفەوە! بۆنمونە؛ پاشەکشەی زانین و زانست ئەنجامی سەپاندنی پەروەردەی لیبراڵ، یەکێکە لەو دیاردانەی کە مرۆڤایەتی ئەنجامی ڕەخنەکان لە سۆشیالیزم زەرەری لێ کردوە، مەبەستمە بڵێم ئەگەر ئەو ڕەخنانەی لە سۆشیالیزمی زانستی گیران بەمەبەست و بە پلان نەبوونایە، بەم پەروەردە لیبراڵەی ئەمڕۆ نەدەگەیشتین کە کۆی پرسیاری ڕیشەیی لەلای مرۆڤەکان دەخاتە گومانەوە. ئالێرەدایە چەمکی شۆڕشی فراوان و بەردەوام گرنگە پەی پێ ببرێت. فراوان بوونی چەمکی کرێکار شۆڕشی بەردەوام گرنگ دەکات، نەک یەکگرتوویی تەنیا ئەوانەی بە شوناس کرێکارن. نادیاری کەرەستەی ئەو شۆڕشە و ڕێکخراوبوون دوو نهێنی گەورەی سەرکەوتنن کە هەربەهۆی ئەم کەرەستانەوە دەتوانین لەو قۆزاخەیە بێینە دەرەوە.

بۆیە ئەو پرسە درێژ ناکەمەوە و دەگەڕێینەوە سەر سەرەتای باسەکەمان کە (ترس) بوو، ئەوەندە بەسە کە بڵێین: "قسەیەکی گەورەی ئەنتی کاپیتالیستی بۆی هەیە کۆی سێکیولاریزمی ستەمکار بخاتە مەترسییەکی گەورەوە". خودی مەترسییەکی گەورەش بۆ ئەو بەرەو شەڕانگێزی تری دەبات. ئەو هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕە بەردەوامە، ناچارە لە نیوەشەودا کاربکات و هەر لە نیوەشەیشدا ڕابێت. چونکە ترس لە هێزە چکۆلەکان هێزە گەورەکان دڕندەتر دەکات، جا باشتر وایە ئەو ترسانە بە پەنهانی بهێڵینەوە و بەردەوام لەفۆرمی تری شۆڕشدا بەبەردەوام ڕاستی ترسەکان بەشێوەیەکی کرداری نوێ بکەینەوە. گەرچی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە.

دوا دەرئەنجامگیری من کە لێرەدا شایستەی پەخش و هاوبەشیکردن بێت، بۆئەوەی لەو قۆزاخەیە بێینەدەر، بەر لە هەرشت هەرکەسێک دەتوانیت دەست بکات بە پرسیارەکانی (بۆ)، پرسیار بکە لەدوای پرسیار بە (بۆ)، حەز دەکەیت لە ئاو و هەواوە دەست پێ بکە، یان بپرسە هێزە ئیسلامییەکان بۆ هەن؟ بپرسە لە بۆرما بۆ موسوڵمانەکان پاکتاو دەکرێن؟ بەردەوامبە لەسەر (بۆ) دەگەیتە کەنارێک لە کەنارەکانی ئەم بیرکردنەوەیەی من و بگرە باشتریش، بەمەرجێک لە پرسیاری (بۆ) هیلاک نەبیت. هەندێ لە زاناکان هەن وەک ئەوانەی پیشەسازی کۆمپانیای تۆیۆتای یابانیان گەشەپێداوە، دەڵێن پرسیاری (بۆ) تا پێنج جار پرسیارکردنی لەدوای یەک دەمانگەیەنێتە ڕیشەی کێشەکە و دەتوانین بەهۆیەوە چارەسەری ڕیشەیی بە ئاسانی بدۆزینەوە. من بەباشی دەزانم تا (بۆ) بمێنێت پرسیار بکەین، بەمەرجێک بتوانین خۆمان لە پرسیاری بوون و نەبووندا ون نەکەین. زۆرجار پرسیاری (بۆ) دەمانگەیەنێتە بابەتەکانی {بوون و نەبوون} بۆیە گرنگە بتوانین زوو خۆمان لەو کارەساتە بێئاکامە ڕزگار بکەین، ئەگەر دەمانەوێت لە دونیای واقع و کرداردا شتێک بکەین! دانانی پرسی بوون و نەبوون لەسەرەتای هەر هەنگاوێکی کرداریدا دەمانخاتە گێژاوێکی بێبەرهەمەوە، چونکە خولانەوەیە لە بازنەیەکی بەتاڵدا. هیچ کات پرسیاری بوون و نەبوون نامانگەیەنێتە کۆتایی شتەکان، بۆیە ناڕاستی وەڵامەکان بەرەو ناڕاستی چارەسەرەکانمان دەبات.

لەکۆتاییدا هیوادارم خوێنەر سوودی لەم باسە ماتریکس ئاسایە بینیبێت و پاش پێکەوە گرێدانی بابەتەکە و هەموو بەشەکانی بە ماتریکسێک لەسەر پێگەی ئەلکترۆنی تایبەت دەخوێننەوە. 

No comments:

Post a Comment