بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





04/12/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە- بەشی پێنجەم



بەباوکردن و ناکامکردنی ڕۆحی شۆڕش
تێکەڵاوکردنی وەرەقەکان بەملیەکدا، یەکێکە لە تاکتیک و ڕێگا ئاسانەکان بۆ سەرلێشێواندن و بردنەوەی ڕای گشتی و درووستکردنی گێژاوی کۆنترۆڵکراو و ئاراستەکراو. گرنگە ئێمە بتوانین لەسەرەتاوە جیاوازییەکی بە بنەما لەنێوان شۆڕش و تیرۆردا بدۆزینەوە، ئەم خاڵەی من باسی دەکەم بەو مانایە نایەت هەر هێزێکی تیرۆریست هەستێت و خۆی بە شۆڕشگێڕ پێناسە بکات. لەسادەترین جیاکەرەوەکان بۆ گەیشتن بەسەرەداوەکانی ئەم باسە پرسی ڕەواییە! شۆڕش لە بەرئەنجامی بێدادی و چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانەوە درووست دەبێت و سەرهەڵدەدات، جا ئەو شۆڕشە ڕاپەڕینی گەلێک، نەتەوەیەک، چینێکی کۆمەڵایەتی یان بزاوتێکی فکری درووستی بکات. بێگومان هەمیشە شۆڕش لەبەرامبەر توندوتیژی و ستەمی دەسەڵاتدا پەرچەکرداری دەبێت و بەرەنگاری دەکات کە بۆی هەیە کردەوەی زەبرئامێزی لێ بکەوێتەوە، گرنگترین هەڵوێستە ئەوەیە ئایا ئەم کردەوە زەبرئامێزانە ڕەواییان هەیە؟ بێگومان هەرکات تەواو یەککاڵا بووەوە کە کردەکە کاردانەوەیە بۆ ستەمکاری و چەوساندنەوە، ئەوا ڕەوایەتی زەبری شۆڕشگێڕانەش دەردەکەوێت، کە بەداخەوە کردەیەکی توندڕەوانە دەبێت. چ خودی ستەمکاری و چەوساندنەوە چ کردەی زەبرئامێزی شۆڕشگێڕانە هەردووکیان ڕێژەیین، بەرزبوونەوەی ئاستی یەکێکیان ئەوەی تریش بەرەو شێواز و زەبری توندڕەوی خۆی پەلکێش دەکات. گرنگە ئەوەمان لە یاد بێت کە لەڕووی دەسپێکەوە هەرگیز شۆڕش پەیدا نابێت ئەگەر چەوساندنەوە و ستەمکاری نەگاتە ئاستێکی دیاریکراو.

تێکەڵاوکردنی شوناسی شۆڕش لەگەڵ شوناسی تیرۆردا یان گێرەشێوێنیدا دووچاری پرۆسەی بەباوکردن زۆر دەبێت. ئەم پرۆسەیە بەکۆمەکی میدیا و کەناڵەکانی ڕای گشتی و پڕوپاگەندە دکرێت و هەموو سێکیولارە ستەمکارەکان بە ئاستی جیاجیا پیادەی دەکەن و تێکەڵاویان دەکەنەوە بەکردەوە تیرۆریستی و توندڕەوەکان، هەمان ڕەگ وڕیشەی بڕوادارەکانی هەیە و لەلای ئەوانیش شۆڕش بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکار هەمیشە بە بێباوەڕی و بە هەڵگەڕانەوە لە ئایینەکەیان ناودەبەن. بەتایبەت شوناسی تیرۆر و توندڕەوەکان لەلایەک خۆی ناشرینە و لەلایەکیش هێندەی تر ناشرین کراوە لە پێناو وەپاڵخستنی شۆڕشەکانی دژە دەسەڵاتەوە. بەهەمان شێوە لەلای کۆمەڵگا ئایینییەکان شوناسی شۆڕش وەک بزاوتێکی ئازادیخواز هەمیشە دەشێوێنرێت. ناشرینی تیرۆر ئەوەی ساخکردوەتەوە کە ئیلهامی سەرەکی خۆی لە بێدادیی و نابەرابەرییەوە وەرگرتوە، بەڵام تا نەگەڕێینەوە بۆ هێڵکارییەکەی ژمارەی پێشوو مەرج نییە ئەوەمان بەڕوونی بۆ دەربکەوێت. لەبەرامبەردا تیرۆر ئەنجامی ترس و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ترس پەیدا دەبێت و خۆی دەبێتەوە ئیکۆلایزەری ترس و تۆقاندن. بۆیە لە کۆنترۆڵکردنی ناقایلی و بەرهەڵستکاریدا خودی تیرۆر سوود بە هەردوو جۆرەکەی هەژموونی دەسەڵاتگەرایی دەگەیەنێت.

دەسەڵاتە بەهێزەکان هەردوو بەرەکە وەک کەرەستەی ترس و ترساندن بەکاردەهێنن. تێکەڵاوکردنی کارتەکانی ئەم دوو بەرەیە یان دژایەتی سەخت لە نیوان ئەم دوو بەرەیەدا هەمیشە بە بەردەوامی و قازانجی کاپیتالیزم دەمێنێتەوە. هەر بەو جۆرە بەیەکدادانی هەر دوانێک لەم سێ بەرەیە لە قازانجی ئەوی تریانە و کامیان دەسەڵاتی باشتر و بەهێزتری هەبێت بێگومان دەتوانێت بە ئاسانتر دوانەکەی تر بەیەکدا بدات. ئەگەر سێکیولاریزمی ستەمکار و ناسێکیولاریزم لە جیاکاری و چەند دانە ستراتیژێکی تردا یەک دەگرنەوە، بەڵام هیزە شۆڕشگێڕ و بزاوتە ڕەواکان تاکە ستراتیژێکی هاوبەشیشیان نییە لەگەڵ هیچکام لەوانەدا، هەتا ئەو کاتەی لە هێڵە سەرکییەکەی ڕەوایی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لایەنی کەم، کەمێک لادەدەن (جا ئەو لادانە ستراتیژی بێت یان تاکتیکی). هەندێ جار هاوشانی پلان و تاکتیکە سیاسییەکان خۆیان دەگونجێنن (لادانی بەپلان)، کە ئەوەش هەمیشە لە قازانجی هێزی بەهێز تەواو دەبێت. یان مەرج نییە لەقازانجی هێزە شۆڕشگێڕەکان کۆتایی بێت. بەداخەوە لە بێبەشی زانستی و ئاستەنگی زانینی گشتیدا زۆر بەسادەیی کاپیتالیزم دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە و هاوشانی خۆی کۆمەک بە مانەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی فەندەمێنتالیزم دەکات بەو شێوەیەی لەگەڵ خواست و بەرژەوەندی ڕۆژدا بگونجێت، بەتایبەت لە بەشێکی گەورەی فەندەمێنتالیزم و کۆنترۆڵکردنی دڵنیایە، کە بەهەمان شێوە فەندەمێنتالیزمیش بەئاسانی لە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی سەرمایەداری دڵنیایە، ئەویش سەرچاوەکەی ترسە (لێرەدا و لەم باسەدا مەبەستی من لە فێندەمێنتالیزم، فەندەمێنتالیزمی ئایینی و شێوە ئایینییە). بە گشتی، بەشێکی گەورەی ئەم خۆ نوێکردنەوەیە بەرهەمی تێگەیشتن و ڕێ گرتنە بەو ڕەخنە شۆڕشگێڕانانەی ئاراستەی کۆی سیستەمی کاپیتالیستی دەکرێت.

زۆرن ئەو پرۆسانەی کە بەباوکردن بەرهەم دەهێنن لە کۆمەڵگادا، باو بوون پرۆسەیەکە من وای دەبینم لەگەڵ چەرخدا بگەڕێت. هەموو باوبوونێکی نوێ سەری باوبوونێکی پێشخۆی دەخوات یان بەشێوەیکی هەمەکی یان بەشەکی. باوبوونی سروشتی کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکی ئاساییە و دەرهاویشتەی هەر کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتییە (Raymond and Christopher 2004). یەکێک لەو پرۆسانەی وەک هەر پرۆسە و میکانیزمێکی ستەمکارانە مەترسی درووست دەکات و شکۆی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لەکەدار دەکات یان دەیخاتە بەردەم دوو ڕێیانی پەرەسەندنی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەوە پرۆسەی بەباوکردنی دەستکردە. بەهێزترین کەرەستە کەبەباوکردنی دەستکرد باڵادەست دەکات پەروەردەی لیبراڵە، ئەو پەروەردە ئازادە ئاراستەکراوەیە کە ماشێنی سەرمایەداری بەهۆی هەموو کەناڵەکانی هەژموونگەرایی و هێزی خۆیەوە بانگەشەی بۆ دەکات. لەڕێگای پەروەردەی لیبراڵەوە لە سەرەتاکانی تەمەنەوە نەوەکان بە ئاراستەیەک باردەهێنرێن و دەخرێنە بەر لە قاڵبدانێک؛ کە لەداهاتوودا کەسێکی جێبەجێکاری پاسیڤیان لێ دەربچێت بۆ ژیانی خۆیان و و لەچوارچێوەی سیستەمەکەی ئەودا ئاکتیڤ بن لەلایەک و لەلای دووەم نەتوانن بێنە دەرەوە. کۆی چەندین نەوەی ڕۆژئاوا بەدەست کاریگەرییەکانی ئەم پەروەردەیەوە دەناڵێنێت. لە باشترین ڕادیکاڵەکانی بەرهەڵستکاری بەم سیستەمە دەکەوێتەوە هەمان بازنە و خودئاگایانە هەمان میکانزیم و سیستەم جێبەجێدەکاتەوە کە بە بەردەوامی دەیکاتەوە بە سەربازێکی خزمەتکار بۆ سیستەمەکە. لەسادەترین نمونەدا سەباری پێشکەوتنی گەورە و زەبەلاحی تەکنۆلۆجیا هێشتا مرۆڤ لە ڕۆژئاوادا بەشێکی گەورەی ژیانی دەفرۆشێت بۆ بەردەوامی لە ژیانێکی نامۆدا. لەبەرامبەردا کاتێک ئەم پەروەردە لیبراڵە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگا دواکەوتووەکان، تەنیا لەڕووی توێکلکارییەکانییەوە جێبەجێ دەکرێت و جارێکی تر تاکێکی ناکارای نا چالاک بەرهەم دەهێنێتەوە کە دەکەوێتەوە خزمەت کۆی سیستەمە جیهانییەکە (پەیوەندییەکی ئاڵۆز هەیە لە نیوان سەنتەر و کەناری سەرمایەداریدا، لێرەدا بەپێویستی نازانم باسی بکەم، بەڵام بیرمەندی گەورە و ئابووری ناسی مەزن {سمیر أمین} زۆر بەوردی باسی دەکات، ئەو تیۆرەی ئەو تەواوی پرۆسە ئابوورییە سیاسییەکان لێکدەداتەوە پەیوەند بەو بارەیەوە). لە هەناوی ئەم سیستەمەدا ئەگەر تاک بە کارا و چالاک ببینین و دەستپێشخەری (initiative) ی هەمەچەشنیان لێ ببینین کە دەیخەنە ڕوو، ئەوا بەشی هەرەزۆری داهێنانە ئاکتیڤەکانیان لەخزمەت سیستەمەکەدایە کە خۆیان بە چەوساوە و چەوسێنەرەوە بوونەتە بەشێکی تەواو لێی، بۆنمونە وەک ئەو گەندەڵیەی کوردستان، کە تەنانەت خەڵکی دژە گەندەڵێش بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشدارن لە گەندەڵیدا. ئەوەی وا دەکات هەست بە ستەمکاری ئەم سیستەمە نەکرێت لایەنی کەمی ئاسوودەیی و دابینی ئاسایشە کە بەرئەنجامی ستەمکاری لە شوێنێکی تر بە کۆی کۆمەڵگاکە بەرهەمی دەهێنێت. ئەم پرسە ڕەگێکی قوڵی لە بیری ڕەگەزپەرستیدا هەیە کە بەچەندین شێوە لە بەشەکانی پشتەوەی مێشکی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا بەبەرد بووە و چەندین سال و کاتی دەوێت تا ئەو بەبەردبوونە چارەسەر دەکرێت.

فەلسەفەی بەباوکردن، هەمان میکانیزمی ئەفیونی هەیە، سەرچاوەی تاکتیکی خۆی لە دژایەتی فرەیی و جیاوازییەوە وەردەگرێت، بۆیە ئەو تاکانەی دەیەوێت بیانکاتە قوربانی خۆی هەموویان بەیەک ئاراستەدا دەبات تا تەواو دەست دەگرێت بەسەریاندا و بەهەموو شێوەیەک کۆنترۆڵ دەبن، بەو واتایەی مەیدانێکیان بۆ ناهێڵێتەوە خۆیان بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن. بەباوکردن لە ئەفیون ترسناکترە چونکە مرۆڤ لە دوورەوە ئەفیون دەبینێت و مەترسییەکانی بەرجەستەدەکات و بارودۆخێکی دیاریکراوی دەوێت بۆ ئەوەی کەسێک هۆشیاری لەدەست بدات و بە ئەفیون ئالوودە ببێت، بەڵام بەباوکردن لە ڕێگای شانتاژێکی هیواشەوە کارەکانی خۆی دەکات و کەمتر لە بەر ڕۆشناییدایە. ئەگەر لەڕوویەکی ترەوە سەیری بەباوکردن بکەین، با وای دابنێین مرۆڤێک لەبەرەی (س)دا لە ململانێدایە لەگەڵ بەرەی (ص)دا، ئەوا ئەگەر کەسێکی چالاک هەبێت لە بەرەی (س) بەڵام لەبەرژەوەندی بەرەی (ص) کارەکانی بەئەنجام بگەن، هەروەها کەسێکی ناچالاک هەبێت لەبەرەی (ص) بەڵام  بە قازانجی بەرەی (س) کارەکانی بە ئەنجام بگەن، ئەوا بۆ بەرەی (س) کەسە ناچالاکەکەی بەرەی (ص) سوودی زۆرترە، نەک ئەو کەسە چالاکەی ڕیزی خۆیان کە لە بەرژەوەندی بەرەکەی ترە. لێرەوە دەردەکەوێت کە مەرج نییە هەموو کەسێک بانگەشەی سەرپێبوونی بەرەیەک بکات، ئەتوانێت کۆمەك بە بەرەکەی خۆی بکات. بەم جۆرە هەر پرۆسەیەکی پەروەردەیی یان زانیاری یان چالاکی سیاسی کەوتە ناو کۆمەڵگایەکەوە کە بەرئەنجامی پێویستی گەشەی کۆمەڵگاکە نەهاتبێتە مەیدانی کار ئەوا بەقازانجی بەرەکەی تر تەواو دەبێت. بۆیە هەرکات ویسترا هێزێک ڕەشمە و ڕام بکرێت دەبێت خودی میتۆدەکەی بە باوکردندا بڕاوت.

لە بارەی بەباوکردنەوە دەسەڵاتی کوردی لەباشوور زۆر شارەزایانە کاری لەگەڵ هەندێ بواردا کرد، بۆنمونە خەڵکی کوردستان  پەنایان بردە بەر میدیای ئەهلی و خواستیان بوو بیکەنە کوانوویەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەرهەڵستکاری خۆیان. کەچی هەر زوو بەرهەڵستیان لە سەرهەلدانی ئەو جۆرە میدیایە کرد تا توانیان، پاشان کە نەیانتوانی ئیدی دەستیانکرد بە باوکردن و کۆپیکردنی ئەو کڵێشەیە لە میدیا و دەیان و سەدانیان لێ درووستکرد تا کار گەیشتە ئەوەی هیچ پێشەنگییەکیان بۆ میدیای ئەهلییە ڕاستینەکان نەهێشتەوە. هەر لە ژێر ئەم گوشاری بەباوکردنەدا دەسەڵات جارێکی تر ئەو جۆرە لە میدیا دەکاتەوە بە بەشێک لەباو و پێشەنگییەکانی لێوەردەگرێتەوە. بەهەمان شێوە کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بزووتنەوەی ژنان و بەشێکیش لە بەرهەڵستکارییە سیاسییەکان بەهەمان دۆخدا ڕۆشتوون.

فرەیی ئەنجامی چوار خەسڵەتی سەرەکی پەیدا دەبێت: ئەگەر شتەکان لە بنەڕەتەوە لەیەک جیاواز بوون، ئەگەر هەندێ سیفەتیان لەیەکتری جیاواز بوو، ئەگەر هەمان شت بوون بەڵام لەدۆخی جیاوازدا ڕۆڵی جیاوازیان بینی، یان ئگەر لە ژمارەدا (ژمارەی بوون و توانایی) جیاواز بوون، (دامەزراندنی ئازادی، پێشەکییەک بۆ بنەچەی مرۆڤ، دکتۆر عزت قرنی ٢٠٠١) . بەم جۆرە هەر تاکێک بوونەوەرێکی دانسقەیە و هەر تاکێک لە کۆمەڵێک سیفەتی گشتیدا لەگەڵ ئەوانی تردا هاوبەشە. ئامانجی سەرەکی کۆنترۆڵکردن، ئەوەیەی خودی ئەو فرەییە بکاتە یەک لەپانتاییە خوازراوەکاندا. بۆنمونە لە بەکارهێنانی کەرەستەکاندا تاکەکان بەشدەکرێن لەسەر کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان. بەم جۆرە باوبوونی بەکارهێنان پانتاییەکانی ئازادی تاک کەم دەکاتەوە، ئەم ئازادییە دەگوێزێتەوە بۆ ناو خودی کەرەستەکە. بۆنمونە ئەگەر سەیری بەکارهێنەکانی ئۆتۆمۆبیل بکەین، هەموو تاکەکان لەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیا و جۆری ئۆتۆمۆبیل بەش دەکات و سنوورێک بۆ ئازادییەکانیان دادەنێت، بەڵام لەناو خودی ئۆتۆمبیل و جۆرەکەیدا ئازادی دەکات و دەرفەتەکانی پێ دەدات. بەشێک لەم پرۆسەیە خەسڵەتی سروشتی ڕێکخستنە، بەڵام بەشی هەرە گەورەی ئاراستەکردن و بەباوکردنی کاڵاکانە یان پرۆسەکانی ڕامکردن و ڕەشمەکردن و بە بەکارهێن کردنی تاکە.

پشکی پرۆسەی بە تاککردن و بنەمای بیری تاکگەرایی، دوو شتی جیاوازن. فەلسەفەی تاکگەرایی بەهەموو لق و فاکیوڵتییەکانییەوە، بەرئەنجامی سیستەمی پەلکێشکردنی بەزۆر و بەکۆمەڵ تۆخدەبێتەوە و گەشەدەکات، بەڵام پرۆسەی بە تاککردن ئیلهام لەم فەلسەفەیە وەردەگرێت بۆ پەرتکردنی بەکۆمەڵ بوونی سروشتی. هۆکاری سەرەکی ئەم پرۆسەیە کە بەشێکە لە بەباوکردنی پرسێکی دیاریکراوە و سەرچاوەکەی بۆ بەرەو بەکارهێنی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە. بۆ نمونە، لە پێش شۆڕشی زانیاریدا پێویست بوو کۆمەڵگاکان لەڕێی دیکتاتۆرەکانەوە بە بازاڕ بکرێن، ئەگەر سیستەمێکی دیکتاتۆری قایل بێت بە کڕینی کاڵایەک ئیدی کۆمەڵگای ئەو دیکتاتۆریەتە ئەو کاڵایە بەکاردەهێنن و بازاڕێکی قۆرخ کراوە درووست دەبێت. ئەگەر بێینە دوای سەردەمی کرانەوە و شۆڕشی زانیاری، ئەوا گرۆکان دەبنە لەمپەڕ لەبەردەم فراوانی و زەبەلاحی بازاڕدا، چونکە تاک بە ئاسانی و بەڕاستەوخۆیی لە بازاڕێکی ئازادی مەرجداردا دەبێتە مەعمیلی بەردەوامی ئەوەی ڕیکلامی بۆ دەکرێت، هەر لەم ڕێگایەشەوە ئاراستەی ژیان و کەسێتی و ئاکتیڤی و پاسڤییەکانی تاک دیاری دەکرێن.

لەدوا هەناسەکانی باوکردندا پرسێکی گەورەی کۆمەڵگا تیرۆر دەکرێت کە ئەویش کاریگەرییەکانی دایلەکتیکە، هەمیشە جیاوازی سروشتی جۆرێک لە دایلەکتیکی مادی و کۆمەڵایەتی تێدایە کە هەر قۆناغە و بەشێوەیەکی گونجاو دژابەرییەکانی خۆی ڕێکدەخاتەوە و پاکتاوی هەموو نەگونجاوییەکان دەکات. ئەوە لە ڕێگای ئەو یەکێتی و دژایەتییەی دژەکانەوە درووست دەبێت کە لەمێژوودا هەیە (زان و فەیلەسووفە مەزنەکانی وەک هێرکلیتۆس لە کۆندا و کارل مارکس و فرێددریک ئەنجلز لە سەدەی نۆزدەدا بە جوانی باسیان کردوە). دەستکاریکردنی سرووشتی پەیوەندییە مرۆییەکان بەشێکی گەورەیە لەو پیسبوونی ژینگەیەی سیستەمی سەرمایەداری هێناویەتییە ژیانی مرۆڤایەتییەوە، هەر بەهۆی تیرۆر و خاوکردنەوە و کاڵکردنەوەی ئەم دایلەکتیکە ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بە ڕێڕەوی سروشتیدا ناڕوات و دۆخەکانی ستەمکاری دەبەنە دەرەوەی دەسەڵاتی خودی ستەمکار. ئەم بابەتە باسێکی تایبەت هەڵدەگرێت کەزیاتر پەیوەندی بە گەڕانەوە هەیە بۆ درووستبوونی ناهاوتایی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەنجامی ناهاوتایی ئابووری، ئەکرێت لە دەرفەتێکدا ببێتە بابەتێکی ترمان.

بە کورتی بکوژێک لە بکوژەکانی شۆڕشگێڕی و خواستی بگۆڕی پرۆسەی بەباوکردنە کە بەشێک لە سێکیولاریزم ملیان پێداوە و دەست بە تەوژمی گشتییەوە دەگرن (mainstream) و پانتاییەکانی فرە کاریگەریی دەکەنەوە. لەم پرس و خاڵەدا هەمیشە باڵە چەپە دەستەمۆکان و سۆشیال دیموکرات و لێبرال رادیکال و لەم دواییانەشدا سۆشیال لیبرالەکان تێیدا دەکەونە هەڵەوە و لە زۆر بۆنەدا مل بە تەوژمەکە نادەن. تەنیا ڕەوتێک کە ناکەوێتە ئەم داوەوە ئەنارشیستەکانن، ئەوانیش گرفت و کێشەی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەگەڵ ئەم گرۆیەدا بەراورد ناکرێت و دوو دونیا و دونیابینی جیاوازن لەگەڵ هەموو چەپەکانی تر. 

No comments:

Post a Comment