بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





02/01/2016

چیرۆکەکەی باوکی لاس / كۆمەڵگای مەدەنی ــ ١ــ


لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بابەتێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتیم بەرچاوکەوت،  کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٢٠١٥/١٢/٢٩  لە ژمارە ١٧٠٨ ی ڕۆژنامەکە و لە لاپەڕە (١١) دابڵاوکراوەتەوە. ئەم بابەتە چیرۆکی تاوان و سزایەکی کۆمەڵایەتییە بە ڕێگای ناتوندوتیژی دوور لە ئەندێشەی سێکس و شەرەف. بەدەر لە گرنگی چیرۆکەکە و ڕێگای چارەسەرکردنی تاوانەکە زۆر دووری تر لەخۆدەگرێت. لێرەدا من هەوڵ دەدەم لەسەر چەند خاڵێکی ئەو دووریانە بوەستم. ئەو خاڵانەی من گرنگیان پێ دەدەم لەم چیرۆکەدا لەچوارچێوەی پرسی کۆمەڵگای مەدەنی و چارەسەری ناتوندوتیژی و نەخشەڕێی کاری سیاسی کۆمەڵایەتیدا خۆیان دەبیننەوە. بەر لەوەی بچمە سەر خاڵەکانی دەمەوێت باسیان بکەم، دەمەوێت هەڵوێستەیەکی چکۆلە لەمەڕ تێفکرینی باوکی لاس بکەم؛ باوکی لاس هەر کەس بێت، ئەشێ ئەوەی لە مێشکی ئەودا گینگڵ دەخوات هەموو ئەو گرێ کۆمەڵایەتییانە بن کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەگوزەرێن، بەڵام کاتێک دێتە سەر چارەسەر، ئەوا گرنگترین هەنگاوی کرداری دەنێت بۆ دەرباز بوون لە ڕێگا باوەکان و هەوڵدەدات خۆی و کۆمەڵگاش لە سوونەتێکی چەقبەستووی پڕ ئازار ڕزگار بکات، ئەمەش سەرەتاییترین هەنگاوە بۆ کۆمەڵگایەکی هیلاک لەگەڵ ئەو هەموو نەخۆشیەی دووچاری بووەتەوە.

بە بیرهێنانەوەیەک لەمەڕ کۆمەڵگای مەدەنی: بەداخەوە، تا ئێستاش کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی شێوەی دابەشبوونیان لەرووی هێز و دەسەڵاتەوە هێشتا هەر هەرەمیی ماونەتەوە، واتە دەسەڵاتێک هەیە لە لووتکەی هەرەمەکەدا و کۆمەڵگایەکیش لە چەندین هەزار خێزان لە خوارووی هەرەمەکەدا دەژین. هەمیشە ئەو دەستەیەی حوکمڕانی کۆمەڵگاکە دەکەن، لە ژیرترینی خەڵکەکانی کۆمەڵگاکە نین و زۆرجاریش هەیە ناتوانن ببن. هەموو ئەوانەی دەتوانن درک بە ستەمەکانی دەسەڵات بکەن ئەوانەن کە لەخوار لووتکەی هەرەمەکەوە دەژین. بەتایبەت ئەوانەی دەتوانن درک بە خراپی و نەشیاوی ڕەفتارە گشتییەکانی پاینی کۆمەڵگاکەش بکەن.. کە زۆرجار بەهۆی سیستەمی ژیان، حوکمڕانی و کولتووری گشتییەوە درووست بوون. ئەو خەڵکانەی درکێکی بەرزیان بە گرفتەکان هەیە، ئەوانەن کە لەئاستێکی بەرزتری بنەوەی هەرەمەکەدا دەژین و دەتوانن پنتەکانی دواکەوتنی پاین ببینن.

ئەو نێوەندەی نێوان خێزان و دەسەڵات هەمیشە ئەو ژینگەیەیە ، ئەو جێکەوتەیە کە کۆمەڵگای مەدەنی تێیدا درووست دەبێت و خۆی ڕێکدەخات. جا بەردەوام لەشێوەی ڕێکخراوی جۆراوجۆردان تیمی شانۆ و میوزیک و ڕێکخراوی دیاریکراوی سیاسی و ناسیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت تیمە وەرزشییەکان و میدیاکانیش دەگرێتەوە. ئەم پێکهاتە مەدەنییە بۆ ئەوەی بە تەندرووست بمێنێتەوە، هەمیشە ناچارە پەستان بخاتە سەر دەسەڵات بۆ ئەوەی ڕوو لە ستەمکاری و گەندەڵکاری نەکات. بەهەمان شێوە ناچارە پەستان بخاتە سەر بنەوەی هەرەمەکە تا بتوانێت ڕەفتار و کولتوور و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی لە دۆخێکەوە بەرێت بۆ دۆخێکی پێشکەوتووتر و باشتر. واتە لە دۆخی جەنگەڵ و توندڕەوی و نامرۆییەوە بیگوێزێتەوە بۆ دۆخێکی شارستانی تر و پێشکەوتووتر و زیاتر ژیان دۆستتر. ئەو مرونەتە و فرە ئاراستەییەی کۆمەڵگای مەدەنی وا دەکات لە هەمان کاتدا خراپ و لە هەمان کاتدا باشیش بێت، چونکە پێکهاتەکانی دەڵەمەن و دەتوانن بە هەر بارێکدا خۆیان ڕێکبخەن. دەکرێت گردبوونەوەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەرەو ئاراستەی نەرێنی بڕۆن، وەک ڕێکخراوەکانی جەهلدۆستی و توندڕەوی، یان بە پێچەوانەوە.

گرنگە لێرەدا باسی چارەسەرەکەی باوکی لاس بکەین، ئەو چیرۆکەی لەسەرەوە باسمانکرد ئەوە دەخاتەڕوو باوکی لاس تاکە کەسە و بەچارەسەرێکی تاکەکەسی کارێکی مەدەنی ناتوندڕەوانەی گرنگ ئەنجام دەدات.  ئەم کارە کاری چەندین دامەزراوەی گەورەیە. ئەگەر کارەکە بەتەنیا لە ئەستۆی تاکەکەسدا بمێنێتەوە من گومان هەیە تاکەکەس لەلایەک بتوانێت بەردەوام بێت، لەلایەک بتوانیت هەمیشە بەو چۆنایەتییە بەکارەکانی هەستێت. هەوڵەکانی باوکی لاس لە تێگەیشتنێکی گەورەوە هاتوون، کە ئەگەر ڕێکبخرێن و هەوڵە چکۆلەکان یەکبخرێن دەبێتە دامەزراوەی کاریگەر و دەتوانێت کاریگەری گەورەتر لەسەر بنکەی هەرەمەکە دابنرێت و زۆرجار دەسەڵاتیش ناچار بکات. خۆ ئەگەر لە هەوڵی تاکەکەسی و دەستخستی هەوڵە چکۆلەکاندا بمێنێتەوە، ئەشێت هەموو کاتێک باوکی لاس لە نیشانەکەی نەدات و دووچاری دوو ڕێگەی نەرێنیش ببێتەوە، یان گەڕانەوە بۆ بژاردەی توندڕەوانە یان چارەسەری هەڵەی کێشەکان. ئەوەی لەچیرۆکەکەدا روویداوە خەیاڵەکانی باوکی لاسە، کە چەند خەیاڵێکی باو و دانەیەکیشیان زۆر دانایانەیە. ئێمە لە دەگمەنی ئەم ڕووداوانەدا مەرج نییە بتوانین هەمیشە پێشبینی بژاردە داناییەکە بکەین، بەتایبەت لە کۆمەڵگایەکدا لیوان لێو بێت لە نادانایی. خاڵێکی تر گرنگە باسی بکەین لەمەڕ کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستاندا، ئەو نەشازە سیاسییەیە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیانە! ئەم چیرۆکە سەرنجی منی ڕاکێشا چونکە باوکی لاس بە تەنیا بارتەقای سەدان ڕێکخراوی تری مەدەنی و ڕاگەیاندن و دامەزراوەی پۆلیس و دادگا و دامەزراوەی ئایینی زیاتر کاریگەری داناوە لە بەمەدەنی کردنی تاکەکەسێکدا. مەترسی لەم خاڵەدا نابینم، بەڵکو چیرۆکەکەی باوکی لاس دەمانخاتە بەردەم دوو جۆر پرسیارێتی و داواکاری گەورە:
یەکەم: بەڵێن و پەیمان چییە، باوکی لاس هەموو کاتێک هەنگاوی داناییانە بنێت و نەگەڕێتەوە سەر بژارەدە توندڕەوەکان؟ بەتایبەت لە کاتێکدا چواردەوری ژیانی باوکی لاس بە توندڕەوی تەنرابێت.
دووەم: ئایا ئەو هەموو ڕێکخراوە بەناو مەدەنییە، بەکارە مەدەنییەکانی خۆیان هەڵدەستن؟ یان بەشێکن لە دوو بەرە، بەرەیەک سەر بە دواکەوتووی کۆمەڵگا و بەرەی دووەم نمایشکار و بەکرێگیراوی دەسەڵاتێکی ستەمکار؟

وەڵامی ئەم دوو پرسیارە ئاسانە، ئەگەر مەبەستمان بێت وەڵامیان بدەینەوە:
یەکەم: بەڵێن و پەیمانی ناتوندوتیژی کاتێک دەدرێت ئەگەر بتوانین لە دۆخی تاکەکەسی باوکی لاس بێینە دەرەوە. چونکە بواری ناتوندوتیژی بوارێکە دەبێت دراسە بکرێت و ڕێکبخرێت بۆ ئەوەی لەدۆخی تاکەکەسەوە بچێتە دۆخی ڕێکخراوەییەوە.

دووەم: کاتێک کارە مەدەنییەکان ڕوو لە پێشکەوتن و ئەرینی دەکەن، کە کۆمەڵگا و بەتایبەت دەستەبژێرەکان بتوانن خۆیان ڕێکخراوی خۆیان درووست بکەن و لە فۆرمی باو دەربچن. فۆرمی باو ئەو فۆرمەیە کە رێکخراوەکان دێن و بارەگای زەبەلاح درووست دەکەن، بەرنامە و ڕیکلامی گەورە و داوای بودجەی زەبەلاح دەکەن. ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی کاریگەر بە بێ بودجەی گەورە و گران درووست دەکرێت و دەتوانێت بەڕێگای کاری خۆبەخشانە کاریگەری دابنێت نەک لەڕێگای مۆڵەت پێدانی دەسەڵاتێکی ستەمکارەوە. ڕێکخراوی مەدەنی وەک باوکی لاس لە دامەزراوەکانی پۆلیس و دادگا و عەشرەت و پیاوماقوڵانی گەڕەک گەورەترە لەکاریگەرییدا و بەتایبەت لە دەرەوەی ئەوانە درووست دەکرێت.

بەڵێ کارەستێکی گەورەیە، باوکی لاس بەتەنیا هێندەی سەدان ڕێکخراوی مۆڵەتپێدراو مەدنیتر و کاراتر دەربکەوێت! لە هەمان کاتدا ببێتە چیرۆکی لاپەڕە (١١) ی ڕۆژنامەیەک کە گومانم هەیە لەهەموو کوردستاندا ٥٠٠ کەس بەتەواوی خوێندبێتیەوە و وانەی لێوەرگرتبێت. بەڵێ هەرگیز ناکرێت هەوڵی تاکە کەسێک هەموو کات لە هەوڵێکی ڕێکخراوەیی کاریگەرتر بێت. هەوڵی تاکە کەسی کاتێک مەزن و گەورە دەبێت ئەگەر بەهەموومان بتوانین پشتیوانی دەستپێشخەرییە باشەکانی بکەین و ببێتە نەخشەڕێیەک لەژێر پرسیاردا بمێنێتەوە.


2 comments:

  1. دەستخۆش کاک سۆران بابەتەکەتم خوێندەوە لەمەر بابەتەکەی باوکی لاس من یش بەنیازی بابتەێکم دەربارەی ، سەرنجەکانت جوانن . هەربۆزانیاریت بیجگە لە هاولاتی کەمن نەمینیوەماڵپەرەکەیان بڵاوی بکاتەوە لەمالپەری پاسەوان ودەنگەکانیش بلاو بووەتەوە ئەمە تەنها بۆ زانیاری خوێنەرانhttp://www.pasewan.com/Kurdi/Detail.aspx?Jimare=293

    ReplyDelete
  2. گرنگ نیە باوکی لاس کێیە، گرنگ ئەوەیە تاچەند دەتوانین بەم شێوازە لەگەڵ خۆمان و هاوڕێکانمان و کەسانی هەڵەڕەفتاردا هەڵسووکەوت بکەین.بۆپشتیوانی باسەکەی تۆ سەرەنجت بۆ ڕووداوێکی زەمانی بەعسیەکان ڕادەکێشم؛ لەکۆتای هەشتاکاندا یەکێک لەبەکرێگیراوەکانی بەعس لەیەکێک لەشەوانی هاویندا شەقشەقێنێکی چاکی بەمن و هاوڕێیەکی ترم کرد ، لەدوای ڕاپەڕین بینیمەوە نەک هەر هیچم بەرانبەری نەکرد بەڵکو هەر تەماشاشیم نەکرد.ئەوکاتە من چەکێکی شوراکانم پێبوو ئەویش بێچەک بوو دەمتوانی هەرچیەکم بوێت لەگەڵی بیکەم بەڵام نەمکرد ئەخر هەر لەم ڕووانگەیەی تۆلێرەدا باست کردووە من هیج پەرچەکردارو تۆڵەسەندنەوەیەکم نەکرد دواتریش نازانم کام حیزب لەشۆڕش گێکان لەباوەشیان کردوو بوە شۆڕشگێڕ! زۆرخۆشەویست کاک سۆران بەهیوام ئەمجۆرە لەڕەفتارو کردار ببێتە عەقڵیەتمان و تاوانباران بەجۆرێکتر لەسزای جەستەی و ڕۆحی (وەک ئەوەی بەڕێزتان کردووتانە)سزابدەین.

    ReplyDelete