بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





05/01/2016

چیرۆکەکەی باوکی لاس / کولتوور نەخشەڕێی هەنگاوە کۆمەڵایەتییەکان ــ ٣ ــ کۆتای


کاتێک ورد دەبینەوە لەو چارەسەرە گرنگ و ئەرێنییەی باوکی لاس، بۆ هاتنە دەرەوە لە ژینگەی توندڕەوی و توندوتیژی، ئەوا ناچارین بپرسین باوکی لاس ئەم زانست و تێفکرین و چاکەکاریە (فەزیلەت) بەرزەی لە کوێوە هێناوە؟ باوکی لاس خاوەنی چیرۆکێکە کە لە سێشەممەی ڕابردودا ٢٠١٥/١٢/٢٩ لەلاپەڕە (١١) ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە ١٧٠٨ دا بڵاوکراوەتەوە، من ئەم چیرۆکەم لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرچاوکەوت و خوێندمەوە. هەستمکرد پڕە لە تێڕامان! یەکێک لەو تێڕامانانە لە درکێکی بەرزی (باوکی لاس) ەوەیە، کە چۆن توانیویەتی لەو ژینگە تال و توونەدا وانەیەکی ئاوا گرنگ هەست پێ بکات و پێمان بڵێتەوە؟ یان دەکرێت بپرسین سامپلی باوکی لاس چۆن گەورە دەکرێت و زیاتر لە گەڕەکێک بگرێتەوە؟

ئەو دوو سێ پرسیارەی سەرەوە، تەنیا پرسیارێکی سەرزارەکەی و ئاسایی دەردەکەون، لە کاتێکدا لە گرنگیدا مانای زۆر قوڵ هەڵدەگرن، لایەنی کەم بۆ من. چۆن بۆمان گرنگ بوو مرۆڤێک بە بێ پشتیوانییەکی دامەزراوەیی بتوانێت وانەیەکی گەورە لەکۆمەڵگادا درووست بکات، گرنگترە بۆ هەریەکەمان بزانین خودی ئەم مرۆڤە هۆشیارە بەرئەنجامی چی ئاوا بەئاگا و پڕ دەست دەبێت لە دەستپێشخەری و دەتوانێت وەک یەکێک لە تاکە دانسقەکان لە کۆمەڵگادا کاریگەریی دانێت. کە لەوانەیە تەنیا بەرئەنجامی چاکەکارییەک ئەو شوناسە وەرگرێت. لێرەوە دێمە سەر پرسی دووەم، کە ئەویش بە دامەزراوەکردن و بە کولتوورکردنی ئەو داهێنانانەن کە مرۆڤە دانسقەکان درووستی دەکەن و چ گرنگییەکیان هەیە لە گۆڕانکاری کولتووریدا ئەگەر بەخاوەن بکرێن. ئەگەر هەڵە نەبم خودی ئەم زنجیرە نووسینەم تەنیا لەبەر ئەم پرسە بووە، جگە لە جوانی و کرداری کارەکە کە ((چیرۆکەکەی باوکی لاس)) ە ڕستەی ڕیشەیی من ئەم دوو پرسیارەیە، کە لەم بەشەدا بە چەند جۆرێک دووبارەیان دەکەمەوە.

مرۆڤ کاتێک خەمێک و ئەندێشەی تێڕامانی لە پرسێک هەبوو، کاتێک ئەم خەمە ڕیشەیی بێت لەگەڵ ژیاندا و خۆی ڕاستگۆیانە بە لەخۆبووردنەوە هەوڵی چارەسەری بدات، ئاساییە کە کەسێکی دانسقەی لێ بەرهەم بێت. من گومانم هەیە مرۆڤی ئاسایی بتوانێت دانسقە ببێت لە چاکەکاریدا.. ڕاستە هەموو تاکێک لە خۆیدا دانسقەیە و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە پەیوەندی بە هیچ کەسێکەوە نییە، بەڵام لە کۆی کولتوورێکدا ژیان بکەیت کە سیخناخ بووە لە توندوتیژیدا و لە ژیانی تاکەکەسی وکۆمەڵایەتی خۆتدا مرۆڤێکی تەواو نا توندوتیژ و بەخشندە بیت، گومانی تێدا نییە کە ئەم مرۆڤە (باوکی لاس) بە سێ پرۆسەی گەورەدا ڕۆشتووە و ئەم کردەوەیەی ئەو، کردەوەیەک نییە بە ڕێکەوت پەیدا بووبێت:
١. ناکرێت باوکی لاس کەسێکی نەخوێنەوار بێت، مەبەست لە خوێندەواری بەدواداچوون و تێڕامان و بیرکردنەوەیە لەو تێکستانەی هەر مرۆڤێک دەیخوێنێتەوە یان دەیبیستێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەم مرۆڤە بە ئاستە بەرزەکانی گەشەی هۆشیاریدا ڕۆشتوە، کە لەلای من و ئەوەندەی لە فێربوونەوە بیرم مابیت بریتین لە: فێربوون، پاشان زانین، پاشان تێگەیشتن و پاشان درووستبوونی دونیابینی تایبەت و دواجاریش پراکتیزەکردنی گریمانە خودییەکانی مرۆڤ و لێفربوون لێیانەوە.
٢. ناکرێت ئەو کردەوەیەی باوکی لاس پێی هەستاوە، لە کەسێک بوەشێتەوە کە بێ ئاگا بێت لە دووری و ئاستەنگەکانی زەبر و توندوتیژی و بێئاگا بێت لە پێکهاتە سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری خۆی. چ ماف و ئازادییەکانی منداڵە دەساڵانەکە، چ ماف و کەرامەتە مرۆییەکانی کەسی تاوانکار، تەنانەت چواردەور و خەڵکی دەوروبەری تاوانکارەکەشی خوێندوەتەوە و بەباشی ڕاڤەی کردوە، بەر لە ڕەفتارە ناتوندرەوەکەی.
٣. ناکریت باوکی لاس لە کۆی پرۆسە سیاسییەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دوور بێت، تەنانەت ئەگەر خودی خۆشی بە تاکێکی دونیای دەرەوەی کایە سیاسییەکان بزانێت، هەرناکرێت دوور بێت، بەڵکو ئەوە بۆ من حەتمیەتی سیاسی بوونی کەسی هۆشیارە، یان ڕاسترە بڵێم سیاسی بوونی بگۆڕ لەو چرکەساتەوە سەرهەڵدەدات کە کەسی هۆشیار ئامادەیە. بەواتایەکی تر دیکارت واتەنی ئەو بۆیە هەیە و بەرەنگاری هەموو دژەتەنەکانی بوونی خۆی دەکات، کە لێرەدا کۆی کولتووری توندڕەوییە، چونکە ئەو بیریکردوەتەوە توانیویەتی فۆرمێکی تر بۆ ژیان لە بیرکردنەوەوە بەرهەمبهێنێت.

لەم پرسیارەدا ئەنجامگیرییەکانم بەم شێوەیە دەخەمە ڕوو:
١. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت کاراکتەرێکی داهێنەر بێت، ناچارە پێشتر زۆر تێگەیشتبێت و تێگەیشتنەکەی بە کرداری بکاتەوە.
٢. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت بگۆڕ بێت، دووچاری پشوودرێژی و چەشتنی زۆر زیاترە لە تەنیا ئازارەکانی ناخی خۆی.
٣. مرۆڤ کاتێک دەتوانێت ڕۆشنبیر بێت و کاریگەرییە ڕۆشنبیرییەکانی دەرکەون، کە لە تیۆرەوە بپەڕێتەوە بۆ دونیای جێبەجێکردن، (( تاکە سەرکەوتنی باوکی لاس لەم خاڵەدا دبینمەوە)) مرۆڤێک جوان بیری کردەوە.. بیرکردنەوەی خۆی کرد بە کردار.. لەم کردارەدا دەستکاری کولتوورێک دەکات بارتەقای مێژوویەکی هەزاران ساڵە بەدبەختی لە خۆی بارکردوە.
٤. مرۆڤ دەتوانێت زۆرجۆر قوربانی پێشکەش بکات، قوربانیدانی ژیرەکان زۆر گەورە و زۆر ئازار بەخش و پڕە لەدەستەکەوت، ئەو کۆمەڵگایانەی ژیرەکانی تێدا دەخەسن و ناتوانن لە پانتایی خۆیاندا بەخشندەیەکی بەکردگاربن.. ئەوە ئەو کۆمەڵگایانەن کە ڕوو لە هەڵوەرین و بە هەپروون بوون دەکەن.
٥. مرۆڤ لە جۆری باوکی لاس بە ڕێکەوت و بە بەخت هەڵناکەوێت، ئەبێت درووستبکرێت! ئەوەی وەک ڕێکەوت دیارە لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا ڕێکەوت نییە، بەڵکو ئەوانەن کە توانیویانە لەشین و شادیدا دانشکاری زرنگ و بەردەوام بن، ئەوانەن کە لەناوەوە بۆخۆیان گەورە بوون نەک لە دەرەوە و لە ڕواڵەتدا تەنیا بۆ بەرچاوی خەڵک.

گەر بچمە سەر پرسی دووەم، من دەریایەکی لێڵ و تەواو لێڵ دەبینم ئەویش ئەو کولتوورە پڕ لە سەرکوتکارییەیە کە کۆمەڵگای ئێمە هەیەتی. چ کارەساتێکە مرۆڤێک خاوەنی خێزان بێت و پێگەیشتوو بێت سەر بە حەمامی ماڵاندا شۆڕ بکاتەوە بۆ لە ئازادی خستنی منداڵێک؟ ئەمە زۆر نمایشی شانۆییم بیردەخاتەوە، یان بەلامەوە سەیرە شانۆکارەکانمان ئەمە نەکەنە دەق و سیناریۆ و لە هەموو دوورییەکانی سەرکوتکاری نەکۆڵنەوە.. ئەوە چ ژینگەیەکە ئەم هەموو نەخۆشەی پەروەردەکردوە؟ کوان ئەو کامێرا و فیلمە سینەمایی و زنجیرە تەلەفزیۆنیانەی کە لەمەڕ ئەم چیرۆکە واقعیانەدا نابینا و زەلیلن؟ ئەمانە تەنیا ڕەخنە نین لە کەناڵ و پسپۆڕەکانی بوای نواندن و ڕاگەیاندن، بەڵکو ئەمانە بەبیرهێنانەوەن بۆ ئەو دامەزراوە و پێکهاتانەی دەتوانن بە یەک جووڵە ڕۆڵی سەدان باوکی لاس ببینن.

لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ هاوڕێیەکی زۆر ئازیز گفتوگۆمان بوو، لە نێو تەوەرەکانی گفتوگۆدا، دەستەواژەیەکی گەورەم بۆ دەرکەوت: "ئەنجامی نامۆیی و دابڕانی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا دەیگەیەنێتە ئەوەی هیچ پابەندییەکی بە فەزای گشتییەوە نەمێنێت" مرۆڤ کاتێک پابەند نەما بە کۆدە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناتوانیت داوای لێ بکەیت لەڕێگای دیسپلینی کردنی خۆیەوە مافەکانی ئەوانی تر بپارێزێت. خوێنەری بەڕێز لەلات سەیر نەبێت ئەمە هەمان ئەو گرفتەیە کە کۆی کایە سیاسییەکانی کوردستانی گرتوەتەوە و لەسەر ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پیادە دەکرێت. ئەمەی کە ڕوو دەدات ئەوەیە کە کەس لە هیچ بوارێکدا هەستی تێربوونی نەماوە، لە خواردن لە سەیارە لە ماڵ لە توخمتێری (سێکس) لە هیچ توانای تێری نەماوە یان هەست بە تێربوون ناکات، ئەوە کۆی ئەو کولتوور و ژینگە بەکارهێنییەیە، کە بەرئەنجامی ڕێکەوتنێکی گەورەی ناخودائاگایانەی نێوان دەسەڵاتی قازانج ویست و زۆرینەی بێئاگای کۆمەڵگادا هەیە. سەرئەنجام کۆی دەستەبژێرێک کە لەخەمی گۆڕان و چاکسازی و بەرەوپێشچوون و گەشەسەندندایە دەبێت پەراوێز بکەوێت و نمونەکانی باوکی لاس تێیدا دەگمەن و دەرکەنارکەون.

بەپێی تیۆرەکانی ئارکیولۆجیا (ئارکیۆلۆجیا بەشێکە لە بەشەکانی زانستی ئەنترۆپۆلۆجی کە ئەویش بەشێکە دەکەوێتە نیوان مرۆڤ ناسی و کۆمەڵناسییەوە)، کولتوور لە سێ ڕێگەی زۆر سەرەکییەوە گەشەدەکات و گۆڕانی بەسەردا دێت:
یەکەم؛ داهێنان Invention، هەر داهێنانێکی تاکەکەسی بۆ کەسێکی تر و لەنێو گرۆکاندا دەگوازرێتەوە، ئەکرێت داهێنان هەبێت نێونەتەوەیی بێت، ئەکرێت داهێنان هەبێت لە کۆمەڵگایەکدا ڕوو بدات و دواتر بۆ کۆمەڵگایەکی تریش بەکار بێت. گرنگی لە خێرایی گواستنەوەی داهێنانەکە و جۆری داهێنانەکەدایە، داهێنان هەیە ماددیە و هەیە تەنیا بیرۆکەیەکە، کاریگەری و پێویستی داهێنانەکە گرنگە بۆ ئەوەی زوو بگوازرێتەوە، هەروەها کەناڵەکانی گواستنەوەش دەورێکی گرنگ دەبینن لە گۆڕانکاری کولتووردا بەهۆی گواستنەوەی داهێنانەکانەوە.
دووەم؛ پرۆسەی پەرشبوونەوە Diffusion، ئەم پرۆسەیە واتای بڵاو بوونەوە یان پەرشبوونەوەی ڕەفتارێکە کە لە نێوەندێکدا هەیە و دەگوازرێتەوە بۆ نێوەندێکی فراوانتر. بەزۆری ئەم پرۆسەیە بە کاریگەرییەکانی بیرکردنەوە کاردەکات، واتە تا چەند بیرکردنەوەکان پەرشدەکرێنەوە. ئێمە باش دەبینین لە کۆمەڵگای ئێمەدا بیرۆکەکانی توندڕەوی چەندین ناوەندیان هەیە بۆئەوەی پەخشیان بکەن و بیانکەنە ڕیشەی کولتووری، لەبەرامبەردا ناوەندەکانی بازاڕی سەرمایە و کولتووری بەکارهێنی هەمان کاردەکەن و ڕیکلام و بانگەشە لەسەر یەکتر بۆ یەکتر نوێ دەکەنەوە.. لە بەرامبەردا هەوڵە گرنگ و بیرۆکە مرۆییەکان، لە نمونەی چیرۆکەکەی باوکی لاس، کەمترین باس و سەرنجی لەمەڕ دەگوزەرێت و ئەبێتە قوربانی بەمۆزەخانەبوون لە سووچی ئەرشیفی ڕۆژنامەیەکدا. گواستنەوەی بیرۆکەکەی باوکی لاس، بە کارابوونی کاراکتەرەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە گۆڕانکاری کولتوورییدا ڕۆڵێکی گەورەیان دەبێت لە بەمەنزڵگەیاندنی ئامانجی گۆڕانکاری کولتووری لە توندڕەوییەوە بەرەو ناتوندوتیژی.
سێیەم، ڕەوکردن Migration جووڵەی کەسی ڕۆشنبیر و کارا لە مەیدانی کۆمەڵایەتیدا لەناو خودی کۆمەڵگادا کاریگەری گەورەی هەیە. هەندێک جار ئەم ڕەوکردنە زۆر خۆجێیە (لۆکاڵی) لە نێو گەڕەکەکانی شارێکدا، هەندێک جار ناوچەیی و بۆی هەیە نێونەتەوەییش بێت. هەبوونی خەڵکێکی وەک باوکی لاس لە هەر کۆڵانێکی شار و گوندەکانی کوردستاندا گرنگن، سەرباری ئەوەی گرنگە ئەگەر نەشبن درووستیان بکەین یان ڕاسترە بڵێم پەروەردە بکرێن، یان ئەگەر کەمن باشترە لە بزاوت و جووڵەی بەردەوامدا بن لە نێو کۆمەڵگادا. نمونەیەکی زۆر گرنگی ئەم کاریگەرییە من لە دونیا و ژیانی پێشمەرگایەتییەوە دەیبینم، ئەگەر یادەوەرییەکانمان بگێڕینەوە دەبینین پێشمەرگە و جەولەکانی پێشمەرگە کاریگەری زۆر گەورەیان هەبوو چ بە باش چ بە خراپ لەسەر گۆڕانی کولتووری گوندەکانی کوردستان بەتایبەت لە نیوان شەستەکان تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. بۆیە جووڵەو ڕەوی ناوخۆیی هەمان کۆمەڵگا گرنگە، ئەگەر تێبینی بکەین لە ١٩٩١ ەوە ئەم جووڵەیە زۆر لاواز بووە و کەمترین گواستنەوە لە ئەرک و فەرمانە کارگێڕییەکاندا بەدی دەکەین، ئەمەش هەڵبزڕکانی کولتووری و زۆری سەبکەڵچەر درووست دەکات واتە بەشە کولتوور زۆر دەبێت. کاتێک بەشە کولتوور زۆر بێت و پرۆسەی تەواوکاری و یەکانگیری بەڕێوە نەچێت (کە دوو پرۆسەی زۆر ئاڵۆز و گران تێچوون و پڕ ئەرکن)، ئەوا زۆری بەشە کولتوور دەبێتە لەمپەڕ لەبەردەم پێشکەوتنی گشتی کولتووردا و گۆڕانکاری کولتووری لاواز دەبێت، بەم جۆرەش کولتووری باو تەمەنی درێژ دەبێت.. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە کولتووری باو کاتێک تەمەنی درێژ دەبێتەوە خۆی لەگەڵ پێشکەوتنی ماددیدا دەگونجێنێت و لە خەسلەتی کۆمەڵایەتیدا بە بەرد دەبێت. (بەداخەوە ئەم پرسە زۆر هەڵدەگرێت و دەرفەتی قسە کردنمان نییە لەسەری).

سەرئەنجام بابەتی زانستی زۆرن تێهەڵکێشیان بکەین بۆ لێکدانەوەی ئەم کردەوە گرنگانە، ئەم چارەسەرە بگۆڕانە، کەچی لەهەموویان گرنگتر ئەو پرۆسەیەیە کە بیناسین، چۆن باوکی لاس لە ژینگەیەکی کولتووری توندڕەودا کەسێکی ناتوندڕەوی کارا و بەکردەوەی لێدەردەچێت و دەتوانێت گۆڕانکاری بکات.. لەوە گرنگتر ئەوەیە باوکی لاسەکان زۆرتر ببن لەیەک دانە و لە یەک بۆنەدا نەبن.. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە لە ڕێگاکانی گۆڕانکاری کولتووری بگەڕێین و بوارەکانی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بتوانین کولتووری کۆمەڵگا گەشەپێبدەین، چونکە ئەو چەند نمونەیەی من لێرەدا باسمکرد، تەنیا لە دید و تێڕوانینە سەرەکییەکانی ئارکیۆلۆجیاوەیە و ڕێگا و تیۆری زۆر زیاتری هەیە. 

No comments:

Post a Comment