بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





30/11/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە- بەشی سێیەم


دوو شێوگی دەسەڵاتداری، دوو ترس و یەک ئەنجام
دەسەڵات کەرەستەیەکە و بەکارهێنانەکەشی لە نیوان دوو کۆتاییدا کورت دەبێتەوە. لێکچواندنی دەسەڵات بە کەرەستەیەک یان بە شتێک، لەشێوەی میتۆد، چەک، زانست یان هەر شتێکی تر کە تۆ دەتوانیت بیری لێ بکەیتەوە لەم ژیانەدا. هونەر، ئۆتۆمبێل، چەقۆ..تاد هەر شتێکن وەک کەرستە، ئەوا دەتوانرێت بە دوو ئاراستە بەکار بهێنرێت! ئاراستەیەکیان سوودی گشتی ئاراستەیەکیان دژی سوودی گشتی (مەرج نییە هەر شت لەبەرژەوەندی سوودی تایبەتدا بوو دژی سوودی گشتی بێت، بەڵام زۆرن ئەو سوودە تایبەتانەی زیان بە سوودی گشتی دەگەیەنن، لێرەش ئەو درۆ گەورەیە ڕوون دەبێتەوە کە کۆی سوودە تایبەتەکان دەکاتە سوودی گشتی، چونکە ئەوە تەنیا لەیەک کاتدا ڕوو دەدات کە سوودە تایبەتەکان بە ئەندازەیەک هاوشێوە بن کە لە یەکسان نزیک ببنەوە). بۆ نمونە، باوە کە داینامیت بۆ درووستکردنی ڕێگا و ویرانکردنی ڕێگا دەتوانرێت بەکاربهێنرێت. بەهەمان شێوە دەسەڵات دەتوانرێت بەهەردوو ئارستەکەدا بەکار بهێنرێت، بەتایبەت کە ئەویش کەرەستەیەکە وەک هەر کەرەستەیەکی تر لە نێوان دوو کۆتا ئەرکی کەرەستەییدا کورت دەبێتەوە. دەسەڵات لەخۆیدا هەڵگری خەسڵەتەکانی هێز و کاریگەرییە، کە بەهۆیەوە توانای سەپاندن و گۆڕینی ڕەوتی کردە و کاریگەریدانانی پاش کردەی هەیە. بۆیە هەر کات ئەو هۆش و بیرەی زەبری دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست، ئەگەر تەندروست نەبێت، ئەوا دووچاری دانانی کاریگەری مەترسیدارە لەسەر کایەی گشتی.

مەودای کاریگەرییەکانی دەسەڵات فراوانە، چونکە بەشێوەیکی سەرەکی دەتوانێت بە چوار ئاراستە کاریگەری دابنێت: یەکەم، دەتوانێت بەشێوەیەکی کارەبایی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕیار و رەفتارەکان دابنێت کە بەهۆی زەبری کاریگەری خۆیەوە ڕەوایەتی سەپاندوە یان ڕەوایی وەریگرتوە (لێرەدا نامەوێت بچمە باسی جۆرەکانی ڕەواییەوە، کە ڕەوایی ناچاری و ڕەوایی زۆرینەخوازە و رەوایی بە بەڵگە و...تاد). دووەم، دەتوانێت بەشێوەیکی موگناتیسی کاریگەری دابنێت، واتە دەتوانێت لە دوورەوە کار لەڕووداوەکان بکات بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەر شتەکانی ناو ڕووداوەکە کەوتبێت. سێیە، دەسەڵات هێزی هەیە لەمەودای کاتدا بمێنێتەوە یان لەکاتی بەگەڕخستنی زەبرەکانی هێزی خۆیدا کاریگەری لەسەر ڕابردوو و داهاتووش دابنێت. چوارەم، بە هەرسێ دووریەکەی تر هەژموونی کولتووری درووستدەکات بەسەر سەردەمەوە کە بەهۆی کاریگەرییەکانییەوە پاش لەناوچوونیشی جێکەوتەکانی دەمێنێتەوە. سەرئەنجام دەسەڵات کەرەستەیەکە لە هەموو کەرەستەیەکی تر دووفاقترە، بەتایبەت کە تاکە هێزە دەتوانێت هەر گرۆیەک ڕێکبخات و ئاراستەی بکات. کەواتە ئەم هێزە هەمیشە بەرژەوەندیە تێکچڕژاوەکان ڕێکدەخات و بەئاراستەیک بەڕێوەیان دەبات کەمەرج نییە هەمیشە ئەو ڕێکخستنانە بەرەو دادوەری بێت. بەهۆی دووفاقی کەرەستەی دەسەڵاتەوە، بەردەوام دووپەڕ لە پەراوەی دەسەڵاتمان بۆ درووست دەبێت: پەڕی یەکەم، پەڕێکی پۆزەتیڤە و بەردەوام لە بەگەڕخستنی جیاوازییەکاندا لە پانتایی گونجاودا لە هەوڵدایە. پەڕی دووەمیش، پەراوەی دەسەڵات دەکات بۆ مستۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدار خۆی، بە جۆرێک لەهەوڵی جیاکاری بەردەوامدایە تا بتوانێت ببێتە زامنی ئەو بەرژەوەندییانەی دەسەڵات.

لەڕووی ئابووری سیاسییەوە بەرژەوەندی بە هۆکاری بنەڕەتی هەژمار دەکرێت لە لێکدانەوەی هەریەک لە ستەمکاری و بێدادیدا بەتایبەت بەرژەوەندیە ماتریاڵییەکان. لە هەمان کاتدا ناکرێت یەکێکیتر لە هۆکارە سەرەکییەکانی بونیادی دەسەڵات لەیاد بکەین کە بریتییە لە تێکڕای ئەو ترسانەی لەلای هەردوو گرۆ (سێکیولاری ستەمکار و ناسێکیولار) کۆبوونەتەوە و ئاراستەی ڕێڕەوەکانیان دەکەن، تەنانەت ئەگەر ترس بێت لە بەرژەوەندیش. لێرەدا دەمەوێت بڵێم ئەم ترسە دوو ڕێڕەوی سەرەکی وەردەگرن یان دوو شێوەن یان دوو ترسن. بە هەردووکیان یەکێتییەکی ستراتیژی تر درووست دەکەن بۆ ستەمکاری لە هەرجۆرێکی بێت، بەتایبەت کە یەکەم هەنگاوی ئەم ترسانە بە جیاکاری دەست پێدەکات و ئەوانیش: یەکەم ترس لە بچوکی، دووەم ترس لە هاوبەشی، واتە بە پێکەوەیی ترس لە توانەوە لە گشتێکی گەورەدا. کە دواتر دەبێتەوە جۆرەکانی تر لە ترس: ترس لە ون بوون، ترس لە دەرباز بوون لە جەنگەڵ (جەنگەڵ وەک نێوەندێک بۆ حوکمڕانی هێز)، ترس لەزۆری جیاوازییە کۆنترۆڵنەکراوەکان، ترس لەنامۆیی بەرامبەر بە خودێکی کەم توانا...تاد. کە لەلای ئایین و کەپیتالیزم وەک دوو نوێنەر یان هەر خودی هەردووکیان کە سەرچاوەی سێکیولاریزمی ستەمکار و ناسێکیولاریزمن بەم جۆرە من دەیانبینمەوە:

هەر دوو ئێنتیتییەکەی بیرکردنەوە (ئایین و کاپیتالیزم) وا لەسەرەوە باسمانکردن، کاتێک دەستیان بە دەسەڵاتەوەیە یان هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن پێی، ئومێد بە دادوەریی ئەوان لە ڕابردوو و لە ئێستا و لە پاشەڕۆژدا پووچە خەونێکی مەزن بووە بۆ ئێمە. لەلای ئەوان جگە لەوەی دەسەڵات خودی خۆی دەبێتە ئامانج، بەڵکو بەکاری دەهێنن بۆ زەبەلاحکردنی بەرژەوەندییەکانیان بەجۆرێک بۆ دوا سنووری جیاکردنەوەیان بەرێت (لام وایە ئەمە تا ئێرا زۆر ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو کەسێک کەمێک ڕابمێنێت لە سەردەمی خۆی). لەم جیاکردنەوەیەدا ئەوان هەست بە دڵنیایی دەکەن و ترسەکانیان ئەنجامی دابڕان دەڕەوێتەوە، هەرکات تۆن و ڕەنگەکانی جیاکردنەوە کاڵبوونەوە ئەوان هەست بە مەترسی دەکەن، وەک ئەوەی هەندێکیم لەبەشی دووەمدا باسکردبوو. ئینجا بابزانین لای هەر یەکەیان چۆن کاردەکات:

هەمیشە ناسێکیولارەکان (ئیماندارەکانی ئایین و شەریعەتە ئیلاهییەکان) لە چکۆلە بوونەوە دەترسن، بەتایبەت زانین و فراوانبوونی پانتایی پرسیار و زانین قەبارەی گوتاری ئەوان چکۆلەدەکاتەوە و ئەوانیش سنوورێکیان بۆ خۆ نوێکردنەوە هەیە، لەو سنوورە تێپەڕی ناتوانن بەر بەزانین بگرن. واتە تا سنوورێک دەتوانن لەگەڵ دۆزینەوە و زانینی نوێدا ڕەوایی بە خۆیان بدەنەوە یان پاساو بۆ ڕەوایی خۆیان بهێننەوە Justification. لەجۆری دووەمی ترسدا دەترسن لە هاوشێوەیی لەگەڵ ئەوانی تر، چونکە هەموو هاوشێوەبوونێک مەرگی ئەوانە، بەتایبەت ئەوان کە لەسەر پانتایی گەورەکردنی جیاوازییە دەستکردەکانی خۆیان دەژین. هەمیشە ئەوی بەرامبەر کە پرسیاردەکات و گومان دەکات، بڕوای تەواوی ئەم دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خودی ئەو بڕوایەی بەرئەنجامی فۆبیایەکی پێشوەخت درووست بووە کەلە بنەڕەتەوە ترسە لە ئازادی و هەژمارکردنی ئازادییە بە تاوان. هەموو زانینێکی نوێ مەترسییەکی نوێ بۆسەر بوونی ئەو درووست دەکات، ئەنجامی ئەمە ئەو لە هەوڵدایە جیاکارییەکانی بەرئەنجامی ئەدگارە کۆمەڵایەتییەکان گەشە پێبدات نەک ئەنجامی خودی زانین و تێگەیشتنێکی کارا.

لەڕوانگەیەکی سێکیولارەوە، ئەکرێت من دژی ئایین نەبم کاتێک ئایین پەیوەندییەکی نیوان تاک و خوای خۆی بێت.. بەڵکو من دژی ئەو ئایینەم کە خوایەک دەکاتە دەسەڵات و بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی حوکمڕانیمان بکات. ئەوی تەوژمێک کە هەر بەناوی ئەو خواوەندەشەوە یاساکان دادەتاشێت. لەڕاستیدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ گرفتی سەرەکی، کە بریتییە لە گرفتی دادوەری، ئەوا من دەبێت دژی ئەو ئایینە بم کە خوایەک دەکاتە دەسەڵات و بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی جیاوازییە سروشتییەکانمان بکاتە هەڕەشە لەسەر هاوشێوەییمان. لەم بارەشدا ئەگەر ئەوی ترساو هەبێت، ئەوا ڕیسەکەی من (کە بڕیارە خواستی دادوەری بێت) دەبێتەوە بە خوری! چونکە ئەوی ترساو دەبێتە بەشێک لە جیاوازی دەستکرد بەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگاوە و کاریگەرییەکانی دەبنەوە دەرهاویشتە و ئەنجام. من چەندێک ئومید بکەم کە یاسایەکی دادوەرانە دەخەمە گەڕ سوودی نابێت لەگەڵ ترسێکی بەردەوامی ئەودا، دواتر ئەو لە منی داواکار و لە ترسی بنەڕەتی خۆی دەکەوێتە نێوان دوو ترسی زەبەلاحەوە و بەردەوام ترس دەخولقێنێت و گەورەی دەکاتەوە. لەم باسەوە دەپەڕمەوە بۆ ئەو کەرەستە و میتۆدە گشتیکراو و باوکراوانەی پشتیوانی لە خۆ جیاکردنەوەی ئایینی دەکەن. لەم خاڵەدایە، کەلەگەڵ سێکیولاریزمی ستەمکاردا لێکجیادەبینەوە.

لەو خاڵەی سەرەوە دەگەینە ئەو شوێنەی مرۆڤ کە دەزانێت چی لەمەڕ جیاکاری دەگوزەرێت ئیدی لای خۆشە مرۆڤ (وەک بوونەوەرێکی ئیماندار) چارەنووسی خۆی ناخاتە دەستی ترسێکی نادیارەوە، هەرچەند ئەنجامی تێنەگەیشتن لە هۆکارەکان ئەو هەر ئارامی خۆی لە نادیاری هێزێکدا دەبینێتەوە کە لەپشت شتەکان و  لەپشت ڕووداوەکانیانەوەیە. لێرەوە بۆ من گرنگ نییە کە ئەو ئاوا باوەڕێکی هەبێت! بۆ من گرنگە ئەو جارێک لە جاران ماڵی ببێتەوە و چی تر دڵنیا بێت و نەترسێت، چونکە هەموو ترسێکی ئەو ترس لە ژینگەی ژیانی منیشدا سەوزدەکات. ئیمانداری بەهێز و کوێرانەی ترساو سنووری ترسی یەک ئۆبجێکتی ترساو تێدەپەڕێنێت و دەیبەزێنێت و دەیکاتەوە بە ترس بەسەر هەموومانەوە. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە تیرۆر لە شۆڕش جیا دەکاتەوە و دواتر هەوڵدەدەم بێمەوە سەر باسکردنی.

لەلای دووەم، کاتێک باس لە ترسەکانی سێکیولاریزمی ستەمکار (یان کاپیتالیزم) بکەین، ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ زۆر پرسی ڕیشەیی! سەرەتای موڵکایەتی و خاوەندارێتی بۆ کۆکردنەوە و پاشەکەوتکردن دەگەڕێتەوە، کە ئەوەش ئەنجامی ترس پەیدا بووە. ترس لە نەمان لە لەناوچوون، مرۆڤی ناچار کردوە لەڕێگای کۆکردنەوەوە پاشەڕۆژی خۆی بپارێزێت. بەم جۆرە مانەوە و بەردەوامی هەژموونێکی درووستکردوە لەنێوان ئەوانەدا کە دەتوانن زیاتر بمێننەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە ناتوانن بەرگەی داهاتوویەکی ترسناک بگرن ئەنجامی کەمی توانایی بۆ مانەوە. ئەم هاوکۆلکەیە لە خاوەنداری سادەوە گەشە دەکات بۆ ئەوەی ببێتە پێگە و جێکەوتی کۆمەڵایەتی بۆ هەرکەس توانای هەبێت، کە دەکاتە کۆکردنەوەی بڕێکی زۆر لە دەستکەوت. بەم جۆرە هەژموون و پێگەی پێدەستگیر دەکات و بەهۆی پێگەوە دەتوانێت پەراوەی دەسەڵات بکات و بەشدارییەکی گەورەتر لە پرسە جڤاتییەکاندا بکات، بەتایبەت ئەوانەی سوودیان بۆ ئەو هەیە. دواتر پێگە دەبێتە شت و ترسی نەمان دەبەسترێتەوە بە ترسی لەدەستدانی پێگەوە. کاپیتالیزم هەمیشە لەلەدەستدانی پێگەی خۆی دەترسێت و بەردەوام دەیەوێت پارێزگاری لە پێگەیەکی جیاوازی جیاکراوە بۆ خۆی بکات. هەمیشە ئەم ئاراستەیە کە دواتر دەبێتە سیستەمی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیش، هەوڵی دۆزینەوەی شوناسی نوێ و پێناسەی نوێ دەدات بەخۆی تا بەهۆیەوە بتوانێت جیاواز بێت. جیاکردنەوەی خۆی بە بەشێکی گەورە دەزانێت لە پرۆسە جیاکارییەکاندا، بەڵکو بە بێ ئەو جیاکارییە ناتوانێت درک بە بوونی خۆی بکات، یان بەردەوام بێت.

کاپیتالیزم لەگەڵ ستەمکاریدا دوانەیەکی دانەبڕاون، باشترین پەراوەی هەژموونی خۆیان لە ڕێگای هێزەوە دەکەن. هەرکات هەستیان بە ترسکرد یان مەبەستیان بوو خۆیان بسەلمێنن ناچارن باشترین توانای خۆیان پیشان بدەن (لە هێزدا چکۆلە دەبێتەوە). هێز بۆ کاپیتالیزم، کوانووی هەموو لاوازییەکانێتی، ئەگەر ڕۆژێک بمانەوێت کاپیتالیزم بکەینە دیاردەیەکی مێژووی دەبیت شکست بە هێزەکەی بهێنین، یان دژابەری لە ناو خودی هێزەکەیدا بدۆزینەوە و بەهێزی بکەین. هێزی کاپیتالیزم بە پلەی یەک بۆ توانا داراییەکانی دەگەڕێتەوە. باشترین ڕێگا بۆ مانەوەی ترس تا ترسە بنەڕەتییەکانی خۆی کاڵ ببنەوە، بریتیە لە درووستکردنی جەنگی بەردەوام، ئەوە جگە لەوەی بازاڕی چەک و تەقەمەنی مەیدانێکی گەورەی بەختیاری سەرمایەدارییە، کە ئەم بازاڕە بە هۆی بەردەوامی پیشەسازی چەکەوە بەردەوام دەبێت و پێویستی چەک لە گەرمی جەنگەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. گەر ورد بینەوە لەم ئەنجامە، دەردەکەوێت کە سێکیولاریزمی ستەمکار جەنگ دەکاتە سەرچاوەی ترس و تۆقاندنی بەردەوام، لەبەرامبەرەدا ناسێکیولاریزم تیرۆر دەکاتە ئامانجی سەرەکی پشێوییەکانی خۆی.

بەپێی ئەو ترسە گشتگیرە هەمیشە کاپیتالیزم، لە بچووکبوونەوەی خۆی دەترسێت. هەمیشە هاوشێوەبوونی گشتی بە مەترسییەک بۆ سەر شوناسی خۆی وێنا دەکات و ناتوانێت ئەو خواستە خۆپەرستییە تێپەڕێنێت تا بگاتە یەکسان بوون. سەرمایەدار بەردەوام لە چکۆلەبوونەوە دەترسێت، بچووک بوونەوەیەکی ڕێژەیی، واتە لە گەڵ کاتدا ئەگەر ئەو گەورە نەبێت ئەوا لەقەبارەی خۆی چکۆلەتر دەردەکەوێت بە بەراورد لەگەل ئەوانەی لەو گەورەتر بوون. بۆیە لە گەورەیی ئێستاشیدا  هەمیشە لە هاوشێوەبوون دەترسێت لەگەڵ سەرمایەدارێکی تردا. بەمجۆرە بەردەوام لەهەوڵی خۆ گەورەکردندایە، بەردەوام لە زەقکردنەوەی جیاوازییەکانیدایە. ئیدی گەورەکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی سەرەتای خۆ جیاکردنەوەیە لە کۆی گشتی کۆمەڵگا. بەردەوام درووستکردنی کەلێن لە نێوان جڤاتە چوونیەکەکاندا بە سەرکەوتنی خۆی دەبینێت بە تایبەت لەو پرۆسەیەدا کە کاپیتالیزم تێیدا هەست دەکات کە مافێکی سروشتی ژیانی مرۆڤەکان ئەوەیە کە دەبێت جیاواز بن، بۆیە گەورەترین هەوڵ دەدات کە بەرژەوەندییەکانی خۆی زەبەلاح ببن، چونکە بە هۆی زەبەلاح بوونەوە قەوارەی خۆی لە دووریەکی گونجاو دەپارێزێت و کاریگەرییەکان لەسەر خۆی کەم دەکاتەوە. لەم سۆنگەیەوە بە پلەبەندکردنی کۆمەڵگاوە ناوەستێت، بەڵکو هەوڵ دەدات کەلێنی گەورە لە نێوان خۆی و چینەکانی خوار خۆیدا درووستبکات و ئەمەش ترۆپکی جیاکاری نمایش دەکات. ئەم پرۆسەیە زۆر بەسانایی لە سەر ئاستی مایکرۆ و ماکرۆ و مێگا پەراوەدەکات بە پێی دەست ڕاگەیشتنی خۆی بە سەرچاوەکانی هێز لە هەر جێگایەکی دونیادابێت.

سەرمایەداری لەڕێگای خۆ جیاکردنەوەوە خۆی ڕزگار دەکات لە بچووک بوونەوە، هەر بۆیە هەوڵ دەدات بە گەورەترین قەبارە و وردەکارییەوە دەربکەوێت. گەورەبوون و خۆ گەورەکردن و پاشان خۆ دەرخستن بەشێکە لە بەد هەستی و درک نەکردنە بەو گەورەییەی مرۆڤ لە کۆی گشتدا دەتوانێت پەراوەی بوونی خۆی بکات. سەرمایەداری بەهۆی جیاوازییەوەیە کە دەتوانێت قۆزاخەکانی خۆی بپارێزێت و بەهێزیان بکات، بەتایبەت لە سەردەمی کرانەوە و درووست بوونی دەرفەتی زیاتردا بۆ ئەوانی تر.

پێشتر بەراوردێکی تا ڕادەیەک ڕیشەییمان بۆ جیاوازی و جیاکاری کرد، هەروەها لە چەند پەرەگرافی ڕابردوودا ئەوەمان ڕوونکردەوە کە کاپیتالیزم چۆن بە پشتبەستن بە جیاکاری دەتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات و بەهۆیەوە گەشە دەکات. تێکڕا ئەم دوو بنەمایە دەریدەخەن کە جیاوازییە سروشتییەکان ئەو دەرفەت و کەلێنە گەورەیەی نایەکسانی درووست ناکەن، بەڵکو ئەوە جیاکاری یان جیاوازکردنی دەستکردە کە بۆشایی گەورە درووست دەکات و دەبێتە مایەی مەترسی یەکانگیری کۆمەڵایەتی. جیاوازی سروشتی لە خۆیدا جیاوازییەکی هێندە بەهێز نییە ببێتە مەترسی بۆ سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گرۆیەک بکاتە لەمپەڕ لەبەردەم گەشەی گرۆیەکی تردا. جیاوازی سروشتی ئەو هێزە درووست ناکات کە دەسەڵات بونیاد بنێت و ببێتە مەترسی، بەڵکو کاریگەریی خۆجێی دادەنێت بۆ هەر تاکێک و هەر کۆمەڵگایەک، کە دواتر دەکرێت بەهۆی شێوگی جۆراوجۆرەوە ئەو کاریگەرییە خۆجێیانە وەبەر بهێنینەوە بۆ جارێکی تری درووستکردنەوەی سوودی بەکۆمەڵ، ئەمەش مەیدانێکی باشە بۆ مانەوەی بیری نوێ لە پێشەنگدا. بەکۆی باس دەمەوێت ئەوە بخەمە ڕوو، کە ئێمە ناکرێت دژی جیاوازی سروشتی بین، چونکە ئەوە هۆکارە بۆ بەهێزترکردنی کۆمەڵگا و هەر بەو هۆیە دەتوانرێت فرەیی و ئازادی و دادوەری بەرقەرار بکرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ناکرێت پشتیوانی لە جیاکاری یان جیاوازیکردنە دەستکردەکان بکەین کە هەردوو ستەمکاری گەشەی پێدەدەن، حوکمە ناسێکیولارەکان و سێکیولارە ستەمکارەکان. 

No comments:

Post a Comment