بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





29/11/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە- بەشی یەکەم


سێکیولاریزم و ناسێکیولاریزم
ململانێ و مشتومڕی نێوان سێکیولاریزم و حوکمڕانی شەرع هێشتا درێژەی هەیە و تا ئەم دەمەش ناوەندەکانی گفتوگۆ و ڕکابەری فکر و تیۆر و تەنانەت کرداری سیاسیش لەسەر ئەم دوو ئاراستەیە، بەیەکدا دەدەن و لە ئاشتەواییترین دۆخی خۆیاندا دانەچیڕە لەیەکتر دەکەن. بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانەدا کە هێشتا ئایین کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر ژیانیانەوە ماوە. سێکیولاریزم لە کورتیدا دوو داواکاری بۆ بەڕێوەبردنی ژیان هەیە: یەکەم، جیاکردنەوەی دەوڵەت لە هەموو دامەزراوە ئایینییەکان و ئازادکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ئایین. دووەم، یەکسان بوونی تێکڕای خەڵک لەبەردەم یاساکانی دەوڵەتدا سەرباری ئەوەی هەڵگری هەر بیروڕایەکی ئایینی جیاواز بن، جا گرنگ نییە قەبارە و کاریگەری ئەو بیروڕا ئایینییە یان ئاینزایە هەرچەندێک بێت. لەبەرامبەردا، حوکمڕانی بەپێی شەرع، یان ڕاسترە بڵێین ئاراستەی ناسێکیولاری هەموو ئەو تەوژم و ڕێکخراو و خاوەن ستراتیژانە دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بەپیێ ئایین یان بیرکردنەوەی ئایینزایەکی دیاریکراو کۆمەڵگا ڕێک بخەن و دەستوور و شەریعەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای ((ئایینە دیاریکراوەکە)) دابمەزرێنن و بەڕێوەی بەرن.

گرفتی سەرەکی ئێمە، حوکمڕانی سێکیولارستی یان نا سێکیولارستی نییە، بەڵکو ئەم پرسە پرسێکی بەشەکییە لە کۆی گرێ هەمەکییەکانی کۆمەڵگا. گرێی سەرەکی لەلای من گرفتی بێدادییە، ئەو بێدادییەی خۆرەی هەمیشەیی ئازادییەکانی سەردەم و یەکسانییە مومکینەکانە. ئەم جۆرە لە بێدادی هەمیشە لە حوکمە شەرعی و ناسێکیولارەکاندا ئامادەیە، بەواتایەکی تر حوکمێکی ئایینی نییە بێدادییەک پەراوە نەکات کەبەرهەمی سەرکوتی ئازادی و نایەکسانی نەبێت. هەروەها هەر هەمان جۆر لە بێدادی لە ژمارەیەکی زۆری سیستەمە سێکیولارەکانیشدا شاراوە نییە، بەواتایەکی تر دەرکردنی ئایین و ئایینزاکان لە سیستەمی حوکمڕانی یان یەکسانی خەڵکێک کە هەڵگری ئایین و ئایینزای جیاوازبن لەبەردەم یاسای دەوڵەتدا ڕێگەچارە نییە بۆ گەیشتن بە دادوەری! واتە چارەسەری ئەو گرفتە سەرەکییەی ئێمە هەمانە بەتەنیا بەم میتۆدە ناکرێت. بۆیە خۆ خەریککردن بە سێکیولاریزمەوە و کردنی بە ئامانجی کۆتایی، نامانگەیەنێت بە دادوەری کۆمەڵایەتی. لە هەمان کاتدا بە دڵنیاییەوە، پێویستی ڕێگای گەیشتن بە دادوەری کۆمەڵایەتی ناچارمان دەکات هەموو ئەو جومگە ناسێکیولارییانە (ئایینییانە) ڕیشەکێش بکەین کە دەبنە کۆسپ لەبەردەم ئازادی و یەکسانییدا (واتە دەستەبەرکردنی دادوەری کۆمەڵایەتی).

ڕەگێکی هاوبەش هەیە لە نێوان سێکیولاریزمی ستەمکار و ناسێکیولاریزمدا، بەهۆی ئەم ڕەگە هاوبەشەوە هەموو ئەو بێدادییەی لەمەڕ سەرکوتی ئازادی و درووستکردنی نایەکسانییەوە پەیدا دەبن یەکدەخرێت و دەکەونە خزمەت یەک ستراتیژی هاوبەشەوە. جار هەیە ئەم ستراتیژە لە تەبایی ئەم دوو ڕەوتەدا دەگەشێتەوە و ڕوو لە ئامانجە هاوبەشەکانیان دەکات! جاریش هەیە لە پێکدادان و ناتەباییاندا بەو ئامانجە دەگات. خاڵێکی گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە ڕوو لە پرسی سەرەکی بکەین و لە تەڕاویلکەی ئەم ستراتیژەدا ون نەبین یان نەبینە کەرەستەیەکی بەکارهاتوو. بەتایبەت کە لە هەر بارێکیاندا بەهۆی ناهاوتایی هێز و نەگونجاوی یاساکانی یارییەکەوە (یاساکانی ئەم یارییە لۆجیکێکی ناجۆری لەگەڵ لۆجیکی ئەو بەرەیەدا هەیە کە خەمی سەرەکییان گەیشتنە بە دادوەری) لایەنە ستەمکارەکان براوە دەبن. 

No comments:

Post a Comment