بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





08/08/2013

مۆنۆلۆگی ـ٢ـ حوشتری زینە و وڵاتی ئەفلامکارتۆن



س:  نووسین بۆ چی باشە؟
ص:  بڵێم چی! بۆ زۆر شت باشە؛ گەیاندنی بیروڕا، دەربڕینی هەست و سۆز و بۆچوون، گێڕانەوەی مێژوو، بەسەربردنی کاتی بەسوود، گواستنەوە و پاراستنی زانیاری، فێربوون و ڕەخنەگرتن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و زۆر شت هەر مەپرسە! جا بۆ چی باش نییە؟ ئەگەر نووسین نەبێت کەس هۆشیاریی و ئاگایی لەچواردەوری خۆی نابێت و نەدەبوو. ئەو پرسیارەت شتێکی لەپشتەوەیە؟
س:  ئەی باشە نووسین چۆن پەیدا بوو؟
ص:  چاک! ئەوە مێژوویەکی دوور و درێژە زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ دەبێت، قسەوباس زۆر بوون و مرۆڤ ویستی زمان و قسەکانی بە وشە و تیپەکان وێنا بکات و دەرببڕێت، ئیتر نووسینی دۆزییەوە.
س:  ئەی قسەو باس چۆن پەیدا بوو؟
ص:  جا تۆ سەیریت، مرۆڤ مێشکی گەشەی کردوە و بیریکردوەتەوە و قسەی کردوە و ئیتر ئاوا، ئەوەش کاتێکی زۆرتری ویستوە.
س:  مێشک چۆن بیریکردەوە و ئیشیکرد؟
ص:  تۆ ئەتەوێت من مێژووی چەندەها ملیۆن ساڵت بە دێڕێک وەڵام بدەمەوە؟! ئەوە ناکرێت کاکە ئەوە پەرەسەندنە و مرۆڤ بەهۆی بیرکردنەوە و مێشکیەوە لەگیاندارێکی ئاسایی جیادەکرێتەوە، ئەگەر نا ئەوا وەک فیل، وەک شێر، وەک نەعامە و حوشتر دەبوو.
س:  باشە ئەگەر گەشەی نەکردایە چی؟
ص:  ئەقڵی نەدەبوو چارلس داروین دەڵێت، ئەو کاتە لە باشترین باردا وەک مەیمونێک دەژیا.
س:  واتە قسەی نەدەکرد؟
ص:  نەخێر قسەی چی! زمان و نووسین و مێژوویەکی نووسراو و ئەدەب و شیعر و ئەو شتانەش هیچی نەدەبوو، گاجووتت بینیوە ڕەخنە بگرێت؟ ئەی جرج دیوە شیعر بخوێنێتەوە.
س:  بەڵێ لە ئەفلامکارتۆندا، بەڵام کاکە برا  تۆ پێم بڵێ؛ نووسین هەبێت یان نەبێت چی جیاوازە خۆ کەس نایخوێنێتەوە و کەس گوێی لێناگرێت؟
ص:  نا وانییە! هەر شتەو کەسی خۆی هەیە سوودی لێ ببینێت، ئەگەر نا هەموومان لەشێوەی حوشترێکدا دەبووین.
س:  جا باشە حوشترت دیوە لەکۆشک و تەلاردا بژی، قەسری هەبێت و فەرشی سووری بۆ دابخەن و سەیارەی درع و جامتاریک بەکار بهێنێت؟
ص:  مەگەر حوشتری زینە بێت یان خۆت واتەنی لە ئەفلام کارتۆندا!
س:  با واز لەوانە بهێنین، ناگەینە ئەنجام، من پیاوی وا زل دەبینم ناخوێننەوە و تێناگەن، هەر مەپرسە، ئەی پێم بڵێ جیاوازی (عەمەلی و نەزەری چییە؟)، مەبەستم تیۆری و کردارییە؟
ص:  تیۆری؛ بەزۆری بە نووسین و بیرکردنەوە و قسەکردن و شرۆڤە و ڕاڤەکردن ولێکدانەوە و شتی وایە، بەڵام کرداری هەنگاوی کردەوە ئاسای لەدوا دێت، واتە ئەوەی تێی دەگەین بە تیۆری بە کرداری جێبەجێی دەکەین. بۆ نمونە ئەگەر من کارێکی خراپ بکەم، ئەوا تۆ نامەیەکم بۆ دەنێریت و دەڵێیت بەڕەفتارەکانتا بچۆرەوە، یان لەتەلەفزیۆنێکەوە ڕەخنەم ئاراستە دەکەیت و دەڵێیت ئەوەی تۆ دەیکەیت جگە لەماڵوێرانی هیچی تری لەدوا نییە. منیش ئەوکات، هەڵوێستە دەکەم و بەخۆمدا دەچمەوە ئیدی ئەو کردەوانە ناکەم و هەوڵ دەدەم خۆم چاک بکەم، یان سەری لووتی خۆم ڕەش دەکەم و دەستبەرداری پۆستەکەم دەبم. ئەوکات تۆ شتێکی تیۆریت کرد و منیش بەکرداری جێبەجێم کرد و خۆمم لەمەترسییەکە پاراست.
س:  باشە ئەوە ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ دەچێت گۆڤار نەما ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و سیمینار و کۆڕ و فەیس بووک و دارو بەرد نەما قسە لەسەر ئەم دەسەڵاتەی کوردستان نەکات.. هیچ شتێک نەما لەمێژوو خیانەتی ئەم بنەماڵەیە نەگێڕێتەوە.. هەموو کەس باش دەزانێت ئەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان قازانجی گەلی کوردستان بووبێت ئەمانە نەیانکردوە و بە پێچەوانەوە دژایەتی هەموو هەوڵێکی مرۆیی و نیشتمانیان کردوە. تۆ بزانە ئەوە ئێستا گەورەترین خیانەت لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، کاتی خۆی بەرامبەر ڕۆژهەڵاتیان کردوە، بەرامبەر باکووریان کردوە و باشوور ئەوە هەر باس ناکرێت. بەڕاستی سەیرە ئەوە وا خۆیان هیچ نابیست و کەڕ و کویر و نەخوێندەوارن، خەڵکە کە بۆ؟ تۆ بڵێیت خەڵکەکە پاش ئەم هەموو زانین و نووسین و باس و ڕەخنانە جارێکی تر لە هەڵبژاردندا بە کرداری بچێت دەنگ بداتەوە ئەمانە؟
ص:  بەڵێ ئاخر بۆیە باڵەخانە ڕەنگینەکانی لای ئێمە و کۆشکەکانی حوکمڕانی پڕن لەحوشتری زینە و وڵاتەکەشمان تەنیا لەوڵاتی ئەفلامکارتۆن دەچێت.

No comments:

Post a Comment