بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





11/04/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ١١ کۆتایی


بەشی یانزەهەم و کۆتایی

لەم نووسینەدا چەندجارێک باسمان لە ئۆپۆزسیۆن یان بەرهەڵستکاری سەربەخۆ کرد! مەبەست لە ئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆ تێکڕا ئەو تاکانەی خەڵک دەگریتەوە کەخۆیان لەچوارچێوەی هێزە ڕێکخراوەکاندا نەبینیوەتەوە و یان پاش ماوەیەک لەئەزموون لەناویاندا نەیانتوانیوە لەگەڵیاندا بەردەوام بن، هەروەها ئەو تاکانەی خەڵک دەگرێتەوە کە نەیانتوانیوە هێزێکی گونجاو بدۆزنەوە کە گوزارشت لەخواست و بۆچوونیان بکات و لەهەمان کاتدا قایل نین بەو دۆخەی ژیان و گوزەران کە خەڵک تێدا دەژی. هەبوونی کەشێک بۆ گەشەی بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ سەرچاوەی دروستکردنی سیاسەتمەداری بێلایەنە، کە هەردووکیان تەواوکەری یەکترین لەهاوکێشە سیاسییەکاندا و لەگوزارشتکردن لە ئازادی و ئاستی ئازادی کۆمەڵگایەک. هەبوونی سیاسەتمەداری بێلایەن و بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ لە هەر کۆمەڵگایەکدا چەند خاڵێکی گرنگی ژیانی سیاسی دەسەلمێنێت، لەگرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە باس دەکەین:
١. هەمیشە دەیسەلمێنێت کە هێزێک ئامادەیە بۆ نوێکردنەوەی تیزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕییەکانی کۆمەڵگا.
٢.هەمیشە دەیسەلمێنێت کە هێزێک هەیە بەدوای جێگرەوەی باشتردا دەگەڕێت و دۆخی گوزەر بەدۆخێکی نەشیاو دەزانێت، ئەمەش سەرچاوی تواناییە بۆ خەبات و کارکردن بەرەو باشتر.
٣. گەنجینەیەکی کۆمەڵگایە کە بەهۆیەوە دەتوانێت فریادگوزاری پێویست بەرهەمبهێنێت بۆ هەر قەیرانێکی سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی و تەنانەت تەکنیکی و زانستیش ئەگەر کۆمەڵگاکە دووچاری ئەو قەیرانانە ببێتەوە.
٤. نێوەندێکی بەفەڕە بۆ یەکگرتنەوە و دیالۆگی نێوان نەوەکان کە لە ململانێیەکی بەردەوامدان، بەو جۆرە ئەنجامی دیالۆگ زمانێک بۆ لێکتێگەیشتنی نەوەجیاوازەکان پەیدا دەبێت.

سەرباری ئەو هەموو خاڵە بەهێز و ئەرێنییەی کە بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ و سیاسەتمەداری بێلایەن درووستی دەکەن بۆ کۆمەڵگا، کەچی:
یەکەم؛ ئەگەر شەبەنگە سیاسییە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان تەواو ئامادەنەبن ،ئەوا بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ بە پەرتەوازەیی دەمێنێتەوە و دەبیتە نیشانەیەکی نەرێنی بۆ کۆی کایەی سیاسی.
دووەم؛ ئەگەر بەرهەڵستکاری سەربەخۆ پەرتەوازە بوو، ئەوا بێ گوتار و ئامانج و کردار دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆکار بۆ لەباربردنی هەر تەوژمێکی سیاسی بگۆڕ کە بخوازێت پەیدا ببێت.
  
سەرەتا، سیاسەت و سیاسەتمەداری بێلایەن و بەرهەڵستکاری سەربەخۆ چین و چۆن دەیانناسینەوە! کاری سیاسی لەیەک کاتدا زانستیشە و هونەریشە وەک هەر پیشەیەکی تر، هەروەها وەک هەر پیشەیەک بە پێوانەکانی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی دەکەوێتە بەر نەشتەری تیژی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی ڕەوشتناسی. لەهەمان کاتدا خودی کاری سیاسی بریتییە لە پیاچوونەوەیەکی بەبەرنامەی بەردەوام، و ڕەخنەگرتنێکی هەمیشەیی تیۆری و کردارییە بۆ ئەو میکانیزمە کۆمەڵایتی و کارگێڕییانەی ژیانی کۆمەڵێک خەڵک لەقەوارەیەکی دیاریکراودا ڕێکدەخەن و بەڕێوەی دەبەن و پارێزگاری لێدەکەن لەبەرامبەر مەترسییەکاندا و ئەڵتێرنەتیڤی هیوابەخشتر زیاتر لە دۆخی گوزەر پێشدەخەن.

ئەم دوو ویستگەیە بۆیە گرنگبوون، هەتا بزانین لەچ دەروازەیەکەوە لە بەرهەڵستکاری سەربەخۆ دەڕوانین و ئایندەی ژیانی سیاسی لە باشووری کوردستاندا بەهۆی ئەگەری ئەم پارامیتەرەوە لەسەر چ ئاسۆیەک دەوەستێت. هەر لەو ڕوانگەیەوە دەتوانین باس لەدوو ڕۆڵی جیاوازی کاری سیاسی بکەین و هەر لەسەرەتاوە خۆمان یەکلایی بکەینەوە و بزانین بە چ دیدێک لەم ئەرک و کارە دەڕوانین. (پەڕگیرانە هەڵوێستە ناکەم، بەڵام خودی ئەم پرسە یەکلایی کەرەوەیە بۆ هەرکەسێک لەسەر کەنارەکانی کاری سیاسی بوەستێت بەر لە هەر دەستپێکردنێک). سەرئەنجام سیاسەت وەک کەرەستەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ بەرەوباشتر بردنی ژیانی مرۆڤەکان شتێکی جیاوازترە لەوەی کە ئێمە وەک چالاکییەکی دەسەڵڵاتگەری سەیری سیاسەت بکەین و ناچارین کە لە هەڵوێستێکی پیشەییدا خۆمان یەکلایی بکەینەوە بەر لە دەستکردن بەهەر کارێکی سیاسی. چونکە پانتاییەکی خۆڵەمێشی نییە لەکاری سیاسیدا و هەرکەس بخوازێت لە پانتاییەکی خۆڵەمێشیدا کاری سیاسی بکات، ئەوا دەبێتە قوربانی و بەرئەنجام و ئاکامی کارەکانی نادیار دەمێننەوە. سیاسەت وەک کەرەستەیەکی کۆمەڵایەتی کارگێڕی درووست بەکارهێنراو، چالاکییەکی مرۆییە کەتەوەرەی سەرەکی تیایدا مرۆڤ و ژیانە، نەک حوکمکردن و دەستکەوتنی قازانجی ماددی و مەعنەوی تایبەتی. پەیوەندی حاکم و حوکمکراو یەکێکە لەخەسڵەتەکانی کاری سیاسی و چالاکی سیاسی، نەک هەموو شتێک بێت تێیدا، ڕاستە بەبێ ئەم پەیوەندییە شتێک نامێنێتەوە ناوی سیاسەت و زانستی سیاسی و تەنانەت دەوڵەت و حوکمڕانیش نامێننەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆر خەسڵەتی تریش هەیە لە سیاسەتدا وەک دونیابینی و تیۆر و بیری سیاسی کەئەمانە هەموویان هەمان ڕۆڵ دەبینن. کاتێک دێینە سەر خودی ئامانج لەکاری سیاسیدا، بۆمان ڕووندەکاتەوە کە تێگەیشتن و ڕێکخستنی ڕاستی و پەیوەندییەکانی نێوان فەرماندار و فەرمانپێکراو لە باشترین دۆخی ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستیدا سەرچاوەی هەر ڕێبازێکە کەبتوانین ناوی بنێین سیاسەت بەجیاوازی لە بازرگانی، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕێژەییە و ئاسۆیەکی دووریش بۆ ئاراستەکردن هەمیشە هەیە. تەنانەت خراپترین سیستەمی سیاسی شوناسێک بۆخۆی دادەتاشێت تا بچێتە ئەم بەشە پێناسەیەوە لە کۆی تێگەیشتن لە سیاسەتدا.

بۆ ناسینی بێلایەنی و سەربەخۆیی باشترە هەریەک لە لایەنداری و پابەندی بناسین! کە سەرەتا ئەو پارسەنگەی لایەندار و بێلایەن لەیەک جیادەکاتەوە، ئازادی بیروڕا و ئازادی هەڵبژاردن و ئازادی بڕیاردانە. سەربەخۆیی و پابەندیش بەهۆی ویستی تاکەکەسەوە یان ڕێکخراوەوە دیاریدەکرێت، ویست بەواتای ئیرادە، واتە هەرکات توانیمان ویستێکی دیاریکراومان لەخۆمانەوە بۆ دەرەوە هەبێت دەتوانین سەربەخۆ بین و لەژێر کاریگەرییدا بێینە دەرەوە. یان ڕاستترە بلێین؛ تا ویستێکی دیاریکراوترمان لەخۆمانەوە بۆ دەرەوە هەبێت دەتوانین سەربەخۆتر بین. تێکڕا ئەمانە قسە و باسن لەسەر کاری سیاسی، ئەگەرنا مرۆڤ لەهەموو ساتەوەختێکی ژیانیدا ناتوانێت بەتەواوی لەڕووی سەرپێبوونی بیروهۆشەوە بێلایەن بێت، مەگەر بۆ ماوەکی کەم و کاتی نەبێت، ئەوەش هەندێک کاتی کەم ڕوودەدەن کە مرۆڤ دەکەوێتە دۆخە شڵۆقەکانەوە یان گواستنەوەی سەنگەری بیرکردنەوە لە ئاراستەیەکی بیرکردنەوە بۆ ئاراستەیەکی بیرکردنەوەی تەواو جیاواز.

مرۆڤ هەمیشە لە نێوان باش و باشتردا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی بەردەوامدایە، کاتێکیش دێتە سەر بڕیاری هەڵبژاردن، ئەوا لەدەستدانی بەشێک لە ئازادییەکانی دەستپێدەکات و بۆ خۆی هەستیان پێدەکات و بیریان لێدەکاتەوە، تەنانەت گەر ئازادانەش ئەو بڕیارەی دابێت. ئەو دەمەی مرۆڤ بیردەکاتەوە ئەو دەمەیە کە ناچارە بڕیار بدات و بەیەکەم بیرکردنەوەش لە بڕیار، ئەوا ئاساییە کە بەشێک لە بیروباوەڕەکانی خۆی سنووردارکردووە هەر لەسەرەتای بیرکردنەوەکەوە. سیستەمی تاکگەرایی وایکردوە مرۆڤ هەمیشە لەیەکلاییبوونەوە بترسێت چونکە بە یەکلاییبوونەوە لە تاکێتی خۆیەوە دەکەوێتەوە ناو گرۆ، هەر کە کەوتە ناو گرۆش تاکگەرایی لە دەست دەدات. لەدەستدانی هەربەشێک لە خەسڵەتە تایبەتییەکانی خود بۆ گرۆ، ئەو مەترسییە ناڕاستەیە کە ئەنجامی نەبوونی هۆشیاری گشتی تاکەکانی کوردستان لێی دەترسن، بەتایبەت کە ئەنجامی نەبوونی ویستێکی دیاریکراو ناتوانن بڕیاری ئەو گرۆیە بدەن کە تێیدا دەیانەوێت ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن. بەدەستهێنانی ئامانجی زیرەک بە تاکەکەسی سنوورێکی دیاریکراوی هەیە، لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە مرۆڤ ناچارە بیر لە گرۆ بکاتەوە. گەیشتن بە بڕوانامەی کۆلیجێک ئەکرێت ئامانجێکی زیرەکانەی تاکەکەسی بێت، بەڵام گەیشتن بە دادوەری لەدابەشکردنی داهاتی نیشتمانیدا هەرگیز ناکرێت ئامانجێکی زیرەکانە بێت بۆ تاکێک. گەیشتن بە ژمارەیەکی پێوانەی لە وەرزشێکی وەک تێنسدا دەکرێت مرۆڤ بەتەنیا کاری بۆ بکات و ئامانجێکی زیرەکانە بێت، بەڵام گەیشتن بە پلەی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانی بەبێ هاوبەشی تیم و قبوڵکردنی مەرجەکانی تیم ناکرێت...تاد. سەرئەنجام لەکایە سیاسییە گشتییەکاندا مرۆڤ ناچارە دەستبەرداری ژمارەیەک لە ئازادییە تاکە کەسییەکانی ببێت لەپێناوی بەدەستهێنانی ئامانجە گشتییەکانیدا.  

ئەم بابەتەی باسەکەمان گرنگییەکەی لەوەدایە کە هەڵوێستەکردن لەگەڵ چییەتی توێژی (بەرهەڵستکاری سەربەخۆ و سیاسەتمەداری بێلایەن) تا ئەندازەیەک دەتوانێت ڕێگەچارە بێت یان پێشنیارێکی تەورەیی بێت بۆ دۆزینەوەی ئەڵتێرنەتیڤی گونجاو. شەبەنگی گرۆ سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردستان پچڕ پچڕە و ناتەواوە و زۆربەیان نائامادەن، بەتایبەت هیچ هاوسەنگییەک لەنێوان ڕاست و چەپدا نییە. زۆربەی کۆمەڵگاکان بۆشایی و کەلەبەر دەکەوێتە نێوان شەبنگە سیاسییەکانیانەوە بەڵام لە باشووری کوردستاندا پارسەنگەکان تێکڕا دەکەونە لایەکەوە و پێکهاتەی ئۆرگانی سیاسی کۆمەڵگا بۆ مێژوویەکی دوورودرێژ بە نادرووستی ماوەتەوە. ئەوەش ئەنجامی لاوازی گەشەی کۆمەڵگا دەردەخات لەلایەک و نەبەکامی کۆمەڵگای مەدەنی بە پلەیەکی بەرزتر.

شەبەنگە سیاسییەکانی هەر کۆمەڵگایەک لەنیوان پەڕێکی ڕاستڕەوەوە دابەش دەبن تا دەگاتە پەڕێکی چەپڕەو. تێکڕا ڕاستەکان بە ئایدۆلۆجییە سیاسییە بڕیاردەرەکان (مەبەست لە بڕیار بەدەست نییە، بەڵکو بڕیاردەر) هەژمار دەکرێن، واتە ئەوانەی کە بڕیاریان لەتێکڕا پرسە سیاسی و مۆرالییە کۆمەڵایەتییەکان داوە و خۆیان یەکلایی کردوەتەوە و کەمترین پرسیاریان لەپای گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە. کە بە پەڕگیرترینی ڕێکخراوە ئایینییەکان دەستپێدەکات تا دەگاتە لیبرال دیموکراتەکان و بە مۆدێراتەکان کۆتاییان دێت. هەرچی چەپڕەوەکانە بە ئایدۆلۆجیای بزاوتەکان دەناسرێنەوە و هەمیشە دەیانەوێت ژیان بەجۆرێکی تر بێت کە کۆمەڵگا لەگەڵیان بەشێوەیەکی باو ڕانەهاتووە و هەموو شتەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەمانەش بە ئەنارشیستەکان دەست پێدەکەن و لەلای مۆدێراتەکان تەواو دەبن. ئەم شەبەنگانە زۆر زیاتر ورد دەکرێنەوە بۆ نمونە: لە چەپەوە: ئەنارشیستەکان و دژە کاپیتالیست و کۆمۆنیست و دژە ئیمپریالیست و سۆشیالیست و سۆشیالدیموکرات و فێمینیست و سەوزەکان و تا دەگاتە چەپە لیبرالەکان و بە مۆدێراتەکان کۆتاییان دێت کە ئەوانیش بەزۆری ئایدۆلۆجیاکانی سەنتەر دەگرنەوە. لەلای ڕاستەوە، بە ئایدۆلۆجیا ئاینییە پەڕگیرەکان دەستپێدەکەن وپاشان ترادیسیۆنالیست و فاشیست و نەتەوەپەرست و سۆسیال دەسەڵاتگەراکان و کاپیتالیست و پارێزگارەکان و لیبرال و لیبرالە نوێیەکان و لیبرال دیموکراتەکان تا دەگاتە مۆدێراتەکان. بڕوانە ئەم شێوە گشتییەی دابەش بوونی شەبەنگەکان لە وێنەکەدا.


لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی ئەم شەبەنگانە ساخ نەبوونەتەوە و تێکڕای بزاوتە سیاسییەکان یان نەتەوەیی یان ئاینی یان "چەپی مارکسیستن"، لەبیرمان نەچێت ئەمانەش هەموویان لە ژێر پرسیاردان. کاتێک شەبەنگە سیاسییەکان ساخ نەبنەوە هەموو بەرهەڵستکاری سەربەخۆ پەرتەوازە دەبیت و ناتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت. وەک ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت. تێکڕای دەسەڵاتی سیاسی بەهەموو توانایەکی خۆی لەسەردەمی "شۆڕشی چەکدارییەوە" تا "حوکمڕانی شار" هەوڵیان داوە بەرهەڵستکاری سەرکوت بکەن و ئەم سەرکوتکردنەش ڕێگای لە شێوگگرتن گرتوە و تێکڕای بەرهەڵستکاری پەرتەوازە بووە. بەشێکی لەهەندەراندا خۆی گرتوەتەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت خۆی لەبازنەیەکی دیاریکراودا ڕێکبخات. بەشێکی گەورەتری بە بیانووی دژایەتی ئایدۆلۆجیا کۆمەکێکی گەورەی پلانی پارتە دەسەڵاتدارەکانی کردوە و سەرئەنجام نەبوونی ئایدۆلۆجیایەک کە گرۆجیاوازەکان لە شەبەنگە جیاوازەکاندا نەیانتوانیوە خۆیان ڕێکبخەن و بۆ خۆیان بوونەتە ئایدۆلۆجیایەک کەتەنیا هەژموونیان ڕێگریکردن بووە لە شێوەگرتنی سیاسی کۆمەڵگا، کە ئەتوانین لێرە بەدواوە وەک ڤایرۆسی سیاسی ناویان بەرین، چونکە جەستەی سیستەمی سیاسییان نەخۆش و پەکخستووە. بەشێکی گەورەی تر لەکارەکەیان ئەوەیە کە پەرتەوازەیی زیاتریان لەکۆمەڵگای بەرهەڵستکارییدا درووستکردوە و خودی پرۆسەی بەرهەڵستکارییان لە ئەرکێکی سیاسییەوە کردوە بە ئەرکێکی ڕۆشنبیری، بۆیە دەبینی سەرئەنجام سیاسییەکان دوورن لە ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیرەکانیش دوورن لە کاری سیاسییەوە، ئیدی لەو نێوەندەدا ئەگەرێک نامێنێتەوە بۆ داهێنان. بەم جۆرە ناتەواوی شەبەنگی سیاسی لە باشووری کوردستاندا درێژکراوەی قۆناغی شۆڕشگێڕیی یەک ئاراستەیە، کە لە خۆیدا ئەم شێوازە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت دەستکاری بکرێت و لاواز بکرێت بە هۆی چکۆلەترین کاریگەری دەرەکییەوە. جا ئەو کاریگەرییە سروشتی بێت یان ڕێکخراو.

خاڵێکی هەرە گرنگی تر ئەوەیە کە لەگەڵ پەرتەوازەیی بەرهەڵستکاری سەربەخۆدا، هیچ ئەڵتێرنەتیڤێک لەدایک نابێت تا توانا بەرهەڵستاکرییەکان یەکنەگرن و لەبازنەی سیاسی دیاریکراودا کۆنەبنەوە. گرفتی سەرەکی تێکڕای هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان ڕوونی دەکەنوە کە ئەو شەبەنگانە لە چ قەیرانێکدان، (ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر خودی پرۆسەی هەڵبژاردن بە دروست و ئاسایی وەربگرین). بەتایبەت نزمی ئاستی هۆشیاری گشتی زۆر بە ئاشکرا دەریدەخات کە ئەو هیزە سیاسییانە ون و نادیارن. لاوازی هۆشیاری و پێزانینی کۆمەڵایەتی بۆ پرسە سیاسییەکان بەرهەمی نەزانی و لاوازی پارت و گرۆ سیاسییەکانە و هەر بەو هۆیەوە ئەوانە دەبنە هۆکار بۆ سەرنەکەوتن و پەیدانەبوونی هێزی نوێ لە کۆمەڵگادا.

لە کۆمەڵگای ناهۆشیاردا هەڵبژاردن هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت، چونکە خەڵکی بێ ئاگا وەک ئەوەی لە کوردستاندا هەیە دەنگەکانیان نادەنە کەسێک کە دڵنیا نەبن لە سەرکەوتنی هەر بۆیە پەڕگیرییەک لە هێزدا درووست دەبێت و ئەو هێزانە دەمێننەوە کە خۆیان لە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکاندا پێ نمایش دەکرێت و دەتوانن کاریگەرییان دیاربێت. ئیدی لێکدانەوەکانمان دەبنە ئەوەی تێکڕای ئەو خەڵکە بەرهەڵستکارە پەرتەوازەیە هەڵگری جۆرێک لە جۆرەکانی بیرکردنەوە و ئایدۆلۆجیای تایبەت بە خۆیانن، کەچی هێشتا هیچ ژمارە و گرۆیەکیان ناتوانن لەچوارچێوە و بازنەیەکی سیاسیدا کۆببنەوە و داکۆکی لەخواستی گرۆ و بیرکردنەوەکانیان بکەن و هەر بەو جۆرە دەبەنگترین دەسەڵاتی سەر ئەم هەسارەیە دەتوانێت زیرەکترین تاکەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی بکاتە ئاردی ناودڕک و نەتوانن خۆیان لەدەوری گوتار و ئامانجە هاوبەشە زیرەکەکان کۆبکەنەوە. لەلایەکی ترەوە بەتواناترینی تاکە بەرهەڵستکارەکانی کۆمەڵگا یان بەدەستی دەسەڵات تیرۆر و سەرکوت دەکرێن یان لەبازنەی ڕۆشنبیری تەسکدا بەکاردەبرێن. هەر بەوجۆرە بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان بەئاسانی دەبنە بەشیک لەم گرۆیە، بەرهەڵستکاری سەربەخۆ بەڵام پەرتەوازە چونکە:
١. خەڵکی کوردستان لەمێژە لەچوارچێوەیەکی بێ بەها و بێمانادا بەسیاسی کراوە، بۆ نمونە ئەوانەی سەربە پارتین وەلائیان بۆ بنەماڵەی بارزانی هەیە و تەواو! ئیدی ئەوان بەرپرسیار نین لە بیرکردنەوە لە گوتارەکانی پارتی کە بەرەوکوێیە و چۆن بەرپرسەکانی پارتەکەیان بخەنە ژێر پرسیارەوە.
٢. پارت و لایەنە سیاسیەکان خاوەنی فکر و پەروەردەیەکی سیاسی جێگیرنین بەهۆیەوە بتوانن پابەندی جەماوەری تاسەر بۆ خۆیان مستۆگەر بکەن ئەگەر کەمیش بێت، ئەوەی کردویانە تا ئێستا پابەندی بەشیک بووە لەدانیشتوان و جەماوەر لەسەر بەنەمای نۆستالجی یان بنەمای خوێن. کە ئەم دوو بنەمایە لەکاری سیاسیدا ناتوانن لەبەردەم بێدادیدا خۆیان بگرن و زوو تووشی مایەپووچی دەبن. لەپاش مایەپووچیانەوە هەر مانەوەیەکیان زیانێکی گەورەی هەیە و ناچارە ئەنجامی ستەمکاری بەردەوام بێت.
٣. تا ئێستەش خه‌ڵک شوێن سه‌رابی ئۆپۆزسیۆنێک دەکه‌وێت، هەمان دۆخ درووست بکاتەوە. خەڵکی کوردستان پێویستیان بەدرووستکردنی دیوارێک لە زانین و پراکتیک هەیە تا بەڕێژه‌یه‌کی گونجاو ئه‌و کەلێنانە ستراکتۆرە سیاسییەکە پڕبکەنەوە کە تا ئێستا ‌له‌خه‌باتی سیاسی خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌بووه‌، چ له‌ڕووی زانینە‌وه‌، چ له‌ڕووی کرداری سیاسییه‌وه‌، چ له‌ ڕووی کولتوورییه‌وه و کۆمه‌ڵه‌ گرفتێکی تر که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌کان هه‌یان بووه.
٤. میدیا لە کوردستاندا ڕۆڵێکی زۆر بنەڕەتی دەبینێت لە شێواندنی جۆرەکانی دێبات و گەیاندنی گوتاری سیاسی و بەکاربردنی ڕای تایبەت و ئەڵتەرنەتیڤی سیاسی و ڕای گشتی. میدیا لەدەست دەسەڵاتی سیاسی کوردستاندا لەهەموو چەک و کەرەسەکانی تری سەرکوتکردن کاریگەرتر و ترسناکترە.
‌٥. په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵکی کوردستان زۆر خراپ تێک شکاوه زۆر که‌م له‌ تاکه‌کان توانیویانه‌ خۆیان بگرن و خۆیان خۆیان په‌روه‌رده‌ بکه‌ن، بۆیه‌ بنه‌ما و بناغه‌ی هەر جووڵەیەک ناچارە له‌و تاکانه‌وه‌ ده‌ست پێبکات که‌ به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی په‌روه‌رده‌یه‌کی سه‌لامه‌تر و بنه‌مایه‌کی خێزانی و خوێندکاری و به‌رپرسیارێتی زیاتریان هه‌یه‌.. ئه‌مه‌ش کاره‌که‌ قورستر ده‌کات، به‌ڵام پێوستیه‌کی مێژوویی ئه‌و گه‌له‌ی ئێمه‌یه‌، تا دره‌نگتر بکه‌وێت کاره‌که‌ سەختتر ده‌بێت.‌

سەربەخۆیی و ڕای سەربەخۆ و ڕەخنەی سەربەخۆ و بێلایەنی زۆر زیاد لە پێویست گرنگ کراوە لەکۆمەڵگای کوردستاندا و تا ئەندازەیەک لەگەڵ توێژینەوەی زانستیدا شێوێنراوە. کاری توێژینەوە زانستی پێویستییەکی زۆری بەوە هەیە کە لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە بێلایەن بکرێت لەدەمکاتی ئەنجامدانی توێژینەوەکاندا، بەڵام ئەمە بۆ بەرهەڵستکاری دەست نادات تا کۆتایی. چونکە بەرهەڵستکاری سەربەخۆ ئەوەندە گرنگە بێلایەن و سەربەخۆ بێت تا دەتوانێت گفتوگۆ و دێباتی درووستکەر بەرهەمبهێنێت. درووستکردنی دێباتی دروستکەر کە پڕ بێت لە ئامانجی زیرەک و بەڵگەهێنانەوەی بونیادنەر، بەها بە سەربەخۆیی بەرهەڵستکاری دەدات. لەگەڵ درووستبوونی ئامانجی هاوبەشی زیرەکدا بۆ ژمارەیەک لە بەرهەڵستکاران، ئیدی گرۆکان شێوگ دەگرن، جا بۆقۆناغێکە یان بۆ هەتاهەتاییە، کەزیاتر بۆ قۆناغ داینامیکیتر دەبێت. کەواتە خۆ فۆرمویلەکردن لە شێوگێکی بەکۆمەڵدا پرسی کۆتایی و ئەنجامی کارلێکی تاکە سەربەخۆکانە، ئەوەش لەئامانجی هاوبەشدا کۆ دەبێتەوە و لە یەکێک لە شەبەنگە سیاسییەکاندا پۆلێن دەبێت، گرنگیش نییە شەبەنگەکە لەباوەکان بێت یان شەبەنگێکی نوێ بێت، گرنگە ئەو شەبەنگە جێکەوتەی خۆی دەبێت لەناو کۆی شەبەنگەکاندا، ئایا دەکەوێتە چەپەوە، کوێی چەپ، دەکەوێتە ڕاستەوە یان کوێی ڕاستەوە ئەشێ ناوەڕاست بێت.

خاڵێکی هەرە گرنگی دێباتی کۆنستراکتیڤ، واتە گفتوگۆی بونیادنەرانە ئەوەیە کە چارەسەری پەرتەوازەیی بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ دەکات. ئەو نووسین و کۆبوونەوە و بەرنامە تەلەفزیۆنی و گفتوگۆیەی لەناو ڕۆشنبیری کوردیدا دەگوزەرێت لە دوو مەرجی سەرەکی بێبەشە بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەری دابنێت:
یەکەم؛ لە سیاسەتمەداری پڕ زانیاری و ڕۆشنبیری بێبەشە.
دووەم؛ لە دێباتی بونیادنەرانە بێبەشە.
ئەم دوو خاڵە وای کردوە قسەو باسی سەر کەناڵەکان، ناو سیمینار و کۆبوونەوەکان بێ بەرهەم و بێ ئاکام بێت. سەرئەنجام کۆمەڵێک خەڵک کۆدەبنەوە کە لەوانەیە بەهۆی بەدواداچوون و خوێندنەوەوە چەند زانیاریی و هۆشیارییەکیان هەبێت، بۆیە لە وێنای ڕۆشنبیردا خۆیان پێناسە دەکەن، کە هەمیشە لە شوناسی سیاسی خۆیان دەترسن. یان لەوانەیە چەند قەرەقۆزێکی سیاسەت بێنە سەر سەحنە و دوور لە دونیای زانین و زانیاری باس و گوتاری نابەجێ ببەشنەوە بەسەر خەڵکدا و ببنە تیۆریستی ڕۆژ.

ئەگەر دێباتی بونیادنەرانە نەبێت، ئەوا خەمی گشتی و بەرهەڵستکاری گشتی لەدەست بزاوت و پارتە پۆپۆلیستەکانەوە دەقۆزرێتەوە و بێهیوایی زیاتر درووست دەبێت لەناو خەڵکدا. بڕوانە سێ نمونەی مێژوویی زۆر چکۆلە کە لە ماوەی کەمتر لە ٢٥ ساڵدا ڕوویانداوە لە کوردستاندا:
یەکەم؛ لەبەر ئەوەی بەر لە ١٩٩١ بزاوتە چەپەکان لەچەندین ڕێکخراودا لەدێبادێکی بونیادنەرانەدا بوون و بەرئەنجام ڕێکخراو و دەستەی کاری سیاسی جۆر بەجۆریان درووستکردبوو، ئەوا کاتێک ڕاپەڕێن ڕوویدا نەبوونە قوربانی قووتدران لەلایەن هێزە پۆپۆلیستە ڕاستڕەوەکانەوە، هەروەها ئەوە بۆ ڕێکخراوە ئیسلامییەکانیش ڕاستە. ئیتر گرنگ نییە ئایا بیرکردنەوە و پلانیان ڕاست بوو یان هەڵە، باشیانکردبێت یان خراپ! ئێمە لێرەدا باس لە چییەتی دێباتی بونیادنەر دەکەین کە چۆن فۆرمویلەی ڕێکخاوی ئامانجدار دەکات.
دووەم؛ لەبەر ئەوەی دێباتی بونیادنەر ئامادە نەبوو، یان بازنەکەی زۆر تەسک بوو، نەبووە هۆی درووستکردنی ڕێکخراوی بەرنامەداری بەئامانج بەر لە ساڵی ٢٠٠٨، بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆراندا تێکڕای ناڕەزایەتییەکانی هەڵمژی. دواجار زۆر بەئاسانی بزووتنەوەکە بەکۆمەڵێک بەرنامەی توێکڵکاری سەرەتایی توانی هەموو ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کۆبکاتەوە لە میکانیزمێکی ناسراودا بەباوی بکاتەوە.
سێیەم، بڕوانە ڕووداوەکانی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ کە تێیدا لەبەر نەبوونی هەمان هۆکار هێزە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک جارێکی تر بەکاربرایەوە و نەبووە هۆی لەدایکبوونی هیچ شەبەنگێکی سیاسی تر یان ڕێکخراوێکی نوێ کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی قۆناغەکە لەئەستۆ بگرێت، هەروەها هیچ ڕێکخراوێکیش نەبوو کە بتوانێت سەرکردایەتی ئەو بێزارییەی خەڵک بکات و بەرئەنجامێکی سیاسی جیاوازی لێ پێکبهێنێت.

دەرئەنجام: گۆرانکارییەکان بۆ داهاتوو پشت دەبەستن بە:
١. گۆڕانکاری لە دێباتدا لە دێباتێکی سۆفستائی بێ بەرهەمەوە بۆ دێباتی بونیادنەر.
٢. بەرهەمی ئەو دێباتانە گرۆی سیاسی جیاواز درووست ببیت کە ئاراستەی ڕێکخراوەیی و تەنانەت پارتی سیاسیش بکات.
٣. مەرج نییە کاری سیاسی ئەرکی هەموو کەس بێت، بەڵام ئەرکە گشتییەکانی سیاسەت پێویستی بە بەشداری گشتی هەیە و فەرمانی ڕێکخراوەکانە ئەو داینامیکایە درووستبکەن.
٤. ئەو قسە زۆرە لەسەر سیاسەت بوەستێنرێت کە لەژێر ناوی ڕۆشنبیریدا خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک، ئەوەش بە کردەییەکی گشتی ڕێکخراو دەکرێت، بەواتایەکی تر دەبێت بازاڕەکەی بێڕەواج بکرێت، ئەوەش دەبێت کاڵای بە پێزتر شوێنی بگرێتەوە.
٥. ئەو خەڵکەی لەتوانایاندا هەیە بە کار و چالاکی سیاسی هەڵسن مل بە ئۆتۆریتەی یەکتر بدەن و دەستبەرداری لووتبەرزی "ڕۆشنبیریی" و دەستبەرداری ستراتای سیاسی جێنەکەوتووی خۆیان ببن.




No comments:

Post a Comment