بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





15/03/2015

ژمارە (٨) هەرجارەی باسێک* - گۆڕانکاری لەڕێگای ئابووری میللیەوە






یەکێك لەسەرچاوەکانی درووستبوونی شارستانییەتەکان کارکردنە، بەبێ کارکردن مەحاڵ بوو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بگاتە چەندین شارستانییەت و ژیارێکی هاوچەرخ ئاوەدان بکاتەوە وەك ئەوانەی ئەمڕۆ. یەکێك لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانیش کارەکردنە، کە ئەوڕەگەزانەش: (کار، سەرمایە، زەوی، ڕێکخستن و کات)ن و ئەوەی بۆ خولێکی چکۆلەش بنەماکانی ئابووری خوێندبێت دەیانناسێت. هەر بەرهەمێك کە بەرهەمدەهێنرێت بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەیەکێك لەم ڕەگەزانە دەبەستێت و ڕەگەزەکانی تر جگە لە کار دەبنە هۆکاری بەشەکی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەدا، بەواتایەکی تر لە گەڵ هەر جۆرە بەرهەمێکدا کارکرن هەر بەیەکێك لەسەرەکیترین ڕيگەزەکان دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان دووچاری کێشەیەکی گەورەی بنبەستبوونی ئابوورین، نە بەتەنیا لەبەر ئەوەی چەند مانگێکە موچە (وەك تاکە هۆکاری سەرەکی بژێوی خەڵک) دابەش نەکراوە. بەڵکو ڕاستر وایە لەنێو کێشە ئابووریەکاندا قەیرانی ئەمڕۆ وەك قەیرانی دارایی و سیاسەتی دراوی لەکوردستاندا بناسێنین. تێکڕای گرفتە ئابوورییەکانی کوردستان لەو پنتەوە سەرچاوە دەگرن کە بە پلە یەك ئابوورییەکمان هەیە پشتبەستوە بە داهاتی نەوت. هەموو ئەو ئابووریانەش کەبەم جۆرە پشتبەستوون بە دەرهێنانی سامانێکی سرووشتی دووچاری قەیرانی زووزوو و درێژخایەن و پاشکەوتنی ئابووری دەبنەوە. نمونەکان زۆرن لەوانە ئەنگۆلا، ئەفغانستان، نایجەر و بەنگلادیش... ئابووری چەند ناوچەیەکی تری جیهانی.

لەماوەی ڕابردوودا "دەسەڵاتی سیاسی" نەیتوانیوە پشتیوانی لە ئابووری و ژیانێکی ئابووری- کۆمەڵایەتی بکات کە مرۆڤی کۆمەڵگا بەرەو ژیانێکی باشتر بەرێت. ئەوە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی پشت بەستن بە داهاتێکی تەوەزەلانەی سامانی سروشتییەوە ڕەوشی ئابووری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. پێشتریش ئەم دەسەڵاتە لەسەر بنەمای مشەخۆری خۆی بەڕێوە بردوە و (لەڕێگەی سیاسەتی بێ کۆنترۆڵی بازرگانی دەرەکی و چنینەوەی سەرانە بەناوی "گومرک" ەوە بەڕێوەبردنی ژیانی ئابووری لەکوردستاندا بەڕێکردوە. سەرچاوەیەکی تری داهاتی ئەم دەسەڵاتە داهاتی قەباڵە سیاسییەکانێتی لەگەڵ دەرەوەی کوردستاندا، کە بەشێکی زۆریان بریتی بوون لە بەرتیلی سیاسی بۆ سەرکوتکردنی بزاوتی خەڵکی کوردستان و ڕێگری لەسەربەخۆیی ئابوری و سیاسییان. هەر لەو ماوەیەدا حوکمڕانی سەرانی ئەم دەسەڵاتە خیانەتکارە دۆخی قەباڵە سیاسییەکانی گەیاندوەتەقەرزاری سیاسی و سەربازی و نەختینەی گەورە.

جارێکی تر تێکڕای ئەم پەراوە و پراکتیکانە، درێژکراوەی سیاسەتە ئۆتۆریتارییەکانە کە لەلایەن دوژمنانی خەڵکی کوردستانەوە هیچ دوودڵییەکیان بەرامبەر نەکراوە. بەرئەنجام ئەم پرۆسەیە جگە لەخەساندنی سیاسی خەڵك هەموو کەرتە ئابوورییەکانی وڵاتەکەشیان ئیفلیجکردوە. بەداخەوە دووبارەکردنەوەی ئەم دیڕانە بایەخێکی گرنگیان نییە، چونکە بەئەندازەیەك ئاشکران و بوونەتە ڕاستییەکی ناسراو، ئەتوانم بڵێم نزیکەی هەموو کەسێك دەیانزانێت (جا ئەو کەسە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئابووری ناسیبێت یان تەنیا ژیانێکی کولەمەرگی دوور لە زانین و زانیاری بەسەربردبێت).

یەکێکی تر لە هەڵوێست وەرگرتن بەرەو گۆڕانکاری لەو پرسیارەوە دەست پێدەکات، کە ئایا هێزی خەڵك بەدەر لەدەسەڵاتێکی ئاوا هەرزان و مایەپووچ دەتوانێت لەکوێدا و بەهۆی چییەوە خۆی بگرێتەوە؟ ئەوەی خەڵك دەتوانێت ئەنجامی بدات، دەرچوونە لەچەند بازنەیەکی بەتاڵ، لەوانە بازنەی بەتاڵی بەرهەمهێنانی کوردستانە. دەرچوون لەم بازنە بەتاڵانە بە شکاندنی یەکێك یان زیاتر لە پەیوەندی و یاساکانی بەڕێوەبردنی ئابووری دەکرێت. ئەم بازنەیە لەڕێی کارکردن و دەستپێشخەری چکۆلەوە دەکرێت بە هیواو پلان و کارکردنی گەورە. ئەمڕۆ بەتایبەت بازاڕەکان بێشەرمانە کراوەن و ئەتوانرێت لەڕێگایانەوە بە هەنگاوی چکۆلە کێوە گەورەکانی قەیرانەکە بخرێتە لەرزین.. نمونەی هەنگاوی ئابووری سەرەتاییمان زۆرن کەدەتوانین بیریان لێ بکەینەوە و بە نمونە وەریانبگرین و کاریان لەسەر بکەین:

بڕاونە لە کۆندا چەندین بەرهەمی وەك چەقۆی هەورامان و جل و بەرگ و ڕاخەر و بەرهەمی میللیمان هەبووە، گەر ئیستا بە نمونە وەرگرین، ئەوا بەرهەمەکانی  تۆفیقی حەڵواچی، زەیتوونی ئاوا، شیرینی جۆڵا...تاد نکۆڵیان لێ ناکرێت. کۆمەڵێك بەرهەمی تر کە سەرکەوتنێکی ڕێژەیی گرنگیان لە بازاڕەکانی کوردستاندا بەدەستهیناوە و دەکرێت بیرکردنەوەی تری وەك درووستکردنی جل و بەرگ و کەرەستەکانی ناوماڵ و خواردەمەنی ئامادەکاراو...تاد. کە ئەمانە هەموویان دەتوانن ببنە بنەمای گەورە لە داهاتوودا. لەساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا بینیمان لە بازاڕە ناوخۆییەکانی کوردستان چەندین ئامێری  سەتەلایتی تیادا درووستدەکرا و چەندین داهێنانی ترۆمپای ئاوی میکانیکی و لەم دواییانەشدا چەندین داهێنانی وەك مۆتۆڕی بێوزە و ...تاد. هەروەها دەکرێت مرۆڤ لە کۆمەڵگا و نەتەوەکانی تر زۆر هونەر و بەرهەمی تر فێر ببێت، وەك درووستکردنی شەراب و شکۆلاتە و پەنیر و دروستکردنی یاری منداڵان و ...تاد. من بۆیە باس لەم بەرهەمە سووك و سادانە دەکەم، کە لەتوانادا هەیە لەسەر بنەمای بەرهەمی میللی یان بنەمای مینی فاکتۆری درووستبکرێن و بەرهەمەکانیان بگاتە ئاستی گەورە و لەبازاڕی ناوچەیی و جیهانیشدا ململانێ بکات. نمونەی کۆمەڵگای جیهانیمان زۆرن لەم ڕووەوە توانیویانە بگەنە ئاستی ئابووری گونجاو. لەم بوارەدا چاپخانە و زانستی خستنەبازاڕ و هونەرەکانی پێچانەوە و ئاسانکاری گواستەنەوەی بەرهەم کاریگەری گەورەیان لەسەر درووستکردنی پیشەسازییە سەرەتاییەکان هەیە.

خەڵکی کوردستان لەم بورانەدا دەتوانێت هونەر و لیبڕانی خۆی تاقیبکاتەوە بۆ خۆڕزگار کردن لەدەست هەر داگیرکارێک، ئەم تێزی بەرهەمهێنانە دەبێتە ڕێگایەك بۆ بەرخوردان و بەرنگاری داگیرکەر لەسەراسەری کوردستاندا جا ئەو داگیرکەرە ناوخۆیی بێت وەك ئەوەی لە باشووری کوردستانە! یان دەرەکی بێت وەك ئەوەی لە بەشەکانی تری کوردستان دەیبینین.

هەرکات بیر لە ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی کردن دەکەینەوە، هیچ سەیر نییە کە تەنیا لەوەدا کورت ببێتەوە کە بیر لە بەرپرسی فەرمانگەیەك یان پارتێکی سیاسی یان هێزێکی سەربازی بکەینەوە، لەکاتێکدا نکۆڵی لەوەناکرێت ڕابەرایتی ڕاستینەی گۆڕانکارییەکان بە گۆڕانکاری مەیدانی و ماتریاڵی لەکۆمەڵگادا دەستپێدەکات. گەرچی ئەم کارە سادە و ساکارە کەچی هێشتا پێویستی بە ڕابەری هۆشیار و پیشەگەری چالاك و لەخۆبووردوو هەیە کەهەرکەسێك ئامادەی کار و بەرهەمهێنان بێت تێیدا دەبێتە پێشمەرگەیەکی داکۆکیکار لەمافەکانی خۆی و خەڵک. دەبێتە بەرهەڵستکار و ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم کۆیلایەتی و قبووڵکردنی هەژموونی دەرەبەگایەتی و حوکمڕانی بنەماڵەییدا. خۆڕزگار کردن لە پارتە سیاسیە مشەخۆرەکان و دامەزراندنی کار و پیشەی سەرەتایی گەورەترین پشتیوانی دەبێت بۆ هەنگاو هەڵگرتن بەرەو ڕزگاری نیشتمانی و سەپێخستنی حوکمڕانی خۆبەخۆی کۆمەڵگا لۆکاڵییەکانە لە کوردستاندا. دواجار ماوەتەوە بڵێین:
یەکەم:هەڵگرتنی یەکێك لە هەنگاوەکان بەرەو ڕزگار بوون بە بڕینی دەستی گەندەڵکارانی حیزب و داگیرکەرانی کوردستان دەستپێدەکات، بە دامەزراندنی پڕۆژەی ئابووری و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری کۆمەڵگا و بەرهەڵستی پلانی هێزە ئابوورییە باڵادەستەکان.
دووەم: کارکردن تا سەرکەوتن و گەڕاندنەوەی هێزی ئەرێنی بۆ ژیانی کۆمەڵگا، کارکردن ئەو ڕەگەزەی بەرهەمهێنانە کە هەردەم لەگەڵ بوونی مرۆڤدا ئامادەیە و دەتوانین بە شێوە و فۆرمی جیاواز کاریان لەسەربکەین تا دەگەینە ئامانجێکی دیاریکراو.
سێیەم: دوودڵی نەکردن لە بۆیکۆتی تێکڕای ئەو بەرهەمە ئابووریانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا پێویستییەکی سەرەکی نین و قازانجەکانیان دەچێتە خزمەت بەرژەوەندی باندە گەندەڵەکانی کوردستان.


ئەم هەنگاوانە دانایانەتر بەئەنجام دەگەن ئەگەر ڕێکخراوێك یان چەند ڕێکخراوێکی سیاسی مەدەنی بە ڕێکخستنی کارەکان هەستن و پشت بە ئاراستەکردنی ستراتیژی ببەستن و هۆشیاری گشتی بە ئاگا بهێننەوە بۆ پشتیوانی جەماوەری. ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکە بۆ بەرهەڵستی کردنی بە پۆلیسکردنی هەموو دژی هەموو. بەرهەڵستییە بۆ گەشەکردنی دیکتاتۆرەکان  کە بەردەوام لەچاوەڕوانی قەیرانی گەورەدان بۆ درێژەدان بە سیستەم و ژیانی دیکتاتۆری خۆین.

No comments:

Post a Comment