بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





02/03/2015

خاڵی وەرچەرخانی یەکێتییە پیشەییەکان

کۆمەڵگاکان گەورەبن یان بچوک، لەهەر ڕوویەکەوە پێشکەوتوو بن یان پاشکەوتوو، ئەوا بەپێوانەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دوو چەشنە دابەشبوونی سەرەکی بەخۆیانەوە دەبینن. دابەشبوونێکیان لەسەر بنەمای یەکەی کۆمەڵایەتییە کە بچووکترین یەکە تێیدا خانەکانی بژێوین (Household). خانەکانی بژێوی بە پێی کۆمەڵگاکان دەگۆڕێن، لە هەندێ کۆمەڵگادا خانەیەکی بژێوی چەند خێزانێک لەخۆدەگرێت و یەک یان زیاتر نان پەیداکەریان هەیە و لەهەندێکی تردا خانەی بژێوی لە تاکە کەسێکدا کورت دەبێتەوە و هەندێ جاریش چەند هاوڕێیەک خانەیەکی بژێوی پێکەوە ئاوا دەکەنەوە. خانەکانی بژێوی ژیان و بەشێکی چارەنووسی ئەوکەسانە بەخۆیانەوە دەبەستنەوە کە تێیدا دەژین، هەر ئەم پێگەیە جۆرێک لە هاوبەشی بۆ کەسەکان درووستدەکات کە لەو نیوەندەدا ژیان بەسەر دەبەن. ئەم خانانە سەرەتای پەڕێکی کۆمەڵگای مەدەنین، کە پەڕەکەی تری لە دەسەڵاتدا خۆی دەردەخات، (دەسەڵات بەواتای دەسەڵاتی سیاسی بڕیاردەر، کە زۆربەی جارەکان لەدەوڵەتدا بەرجەستەدەبێت). چی دابەشبوونەکەی ترە، بریتییە لە دابەشبوون لەسەر بنەمای بازاڕ و بەرهەم. ئەم دابەشبوونەیان پاش گەشەی کۆمەڵگا و دابەشبوونی کار خەسڵەتی پەیداکردوە و گەشەی سەندوە، هەر بۆیە یەکێک لە دیارترین سیماکانی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی دابەشبوونی خەڵکە کە لەخانەکانی بژێوی دێنەدەر و دەکەونە بازاڕەکان و پیشەیەک دەبێتە کاریان (جا ئەو پیشەیە هەمیشەیی بێت یان کاتی)، ئەوا بەپێی ئەو پیشەیەی وەریدەگرن تەمەنی پیشەکە لە ژیانیاندا دەبنە گرۆیەکی کۆمەڵایەتی جیا لە پیشەوەرەکانی تر.
دابەشبوونی یەکەم گرنگی تایبەتی و زۆری هەیە لەپرسی شوناسی کۆمەڵگای مەدەنیدا کە تێکڕای ڕێکخراوەکان و حیزبە سیاسییەکان ...تاد دەگرێتەوە. لەم بابەتەدا بەشی یەکەم پرسی سەرەکی ئێمە نییە، بە ئەرکی خۆمی دەزانم لە بۆنەیەکی تردا جارێکی تر ئەو باسە بخەمەوە بەرلێدواندن. پرسی سەرەکی ئەم نووسینە دابەشبوونی دوەمە! کە گرنگە بەهۆیەوە پەیوەندی نێوان پیشەکان و کۆمەڵگا بەگشتی و کۆمەڵگای سیاسی بە تایبەت ڕۆشن بکەینەوە. بنەڕەتی ئەو پەیوەندییە بۆ بەرهەم و پارە دەگەڕێتەوە. پارە وەک داهاتێک، وەک بەرامبەرێکی ماددی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەو بەرهەمەی پیشەیەک بەرهەمی دەهێنێت لەگەڵ بەرهەمی پیشەکانی تر لە کۆمەڵگاکەدا. لەم پێگەیەوە هەر پیشەیەک، چ وەک تاکی پیشەگەر بیبینین یان کۆی پیشەکە، ناچارە  لەهەوڵی باشکردن و چاککردنی بەرهەمەکەیدا بێت تا بەرامبەر نرخێکی باشتر و دەستکەوتێکی زیاتر لەبازاڕدا مامەڵەی پێوە بکات. یەکگرتوویی پیشەگەرەکانی کارێک بەهۆی بازاڕەوە دەسەپێت، تا ئەو جێیەی سیستەمی کار و سەرمایە لە حوکمڕانی ئابووریدا بێت، ئەوا ئەم یەکگرتووییە کارتێل و ترەست درووستدەکات کە کۆی پیشەکە لە بازاڕی گشتیدا بەهۆیەوە پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات. هەر بەو ڕێگایەش دەتوانێت کاریگەرییەکانی پیشەکە لەسەر کۆمەڵگا بە گشتی لەو ڕێگایەوە دیاریبکات. درووست بوونی ئەم یەکانگیرییە ڕووداوێکی سرووشتی ژیانی بازاڕ و کۆمەڵگایە. هەر دەستکاری کردنێکی ئەم سروشتە لە خۆیدا دەبێتە کاریگەری دانان لەسەر سروشتی کۆمەڵگا و ئاراستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو ڕەوتێکی نادرووست.
لەبەرامبەر ئەو سروشتەی پیشەی کار و کۆمەڵگادا دەسەڵاتی سیاسی بڕیاردەرمان هەیە. ئەو دەسەڵاتە بەخەسڵەتی خۆی تا ئێستا بە ستەمکاری ماوەتەوە و هەتا هێزی هەبێت بۆ بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا و سەپاندنی یاساکانی، هەر بە ستەمکاری دەمێنێتەوە. تا ئەو شوێنەی دەسەڵات نەتوانێت بەتەواوی نوێنەرایەتی هەموو کۆمەڵگا بکات ناچارە هێز بەکار بهێنێت، هەربۆیە ناچارە ستەم وەک ڕێگایەک بەکاربهێنێت بۆ پێناسەکردنی دادوەری خۆی. جیاکردنەوەی دەسەڵات و ستەم لەیەکتری بە ئەندازیەک لەخەیاڵێکی تیۆری دەچێت، کە بەردەوامی ئەو خەیاڵە تیۆرییە گرنگە بۆ نزیکتر بوونەوە لەنەمانی ستەم و دادوەرتربوونی حوکمڕانی. بەواتایەکی تر، دەسەڵات چەند لە نوێنەرایەتی زۆرترینی خەڵک نزیک بێتەوە ئەوەندە لە ستەمکاری دووردەکەوێتەوە و بە پێچەوانەوە.
هەمیشە ستەمکار پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا هەیە (کۆنترۆڵکردن ئەو میکانیزمەیە کەلەگەڵ توندبوونیدا تەمەنی دەسەڵات کورت دەبێتەوە)، لە کاتێکدا تا خودی کۆنترۆڵکردن زیاد بکات دەسەڵات پلان و پێگەکانی خۆی قایمتر و بەهێزتر دەکات (لەبیرمان نەچێت زیادکردن و توندکردنی کۆنترۆڵ دوو شتی جیاوازن، هەروەها کۆنترۆڵی ناڕەوا و کۆنترۆڵی ڕەوا هەیە، دواجار دەکرێت گەریاسایەکی نادادوەرمان هەبێت کۆنترۆڵی ڕەواش تێیدا بکەوێتە ژێر پرسیارەوە). لەپێناوی کۆنترۆڵکردندا زۆرینەی دەسەڵاتە ستەمکارەکان چەندین میکانیزم دەگرنە بەر، لەهەموو ئەم میکانیزمانەدا ئامنج دوو خاڵە: یەکەم نزیککردنەوەی تاکەکانە لەو کۆتاییەی کە هەر تاکێکیان تەنیا خەمی خۆیان هەبێت (بەواتایەکی تر بگەنە ترۆپی بیرکردنەوە لەخۆشبەختی تەنیایی)، هاتنە دی ئەم ئامانجەی دەسەڵات ملنانی تاکە بەرەو نامۆیی کۆمەڵایەتیی alienation  کە لەڕێگایەوە دەبێتە کۆیلەی حەز و کەرەستە و شتەکانی چواردەوری خۆی. بەجۆرێک لە جۆرەکان مرۆڤ ئازاددەکات لەهەموو سیستەمێکی کۆیلایەتی شێوازبەند، بەڵام دەبێتەوە کۆیلەی ئەو شتانەی سیستەمەکە بەرهەمی دەهێنێت! لەئامانجی دوەمی میکانیزمەکانی ستەمکاریدا هەوڵدانە بۆ هاوشێوەکردنی تاکەکان، بەو جۆرە سیستەمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی (س، ص، ....، ن) لە خەڵک ڕاست بێت ئیدی بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا ڕاستە، کاتێک تاکەکان هاوشیوە دەبنەوە. لەهاوشێوەیی تاکەکانەوە دەرفەتی دایلەکتیك لەنێو کۆمەڵگادا لەبەیندەچێت کە بەهۆی دایلەکتیکی بەردەوامی نێوان تاکەکانەوە ئەڵتێرنەتیڤی بەردەوام دێتە پێش، مردنی ئەڵتێرنەتیڤیش ڕێگایەکی باشە بۆ بەردوامی دۆخی گوزەر، کەدەکاتە درێژی تەمەنی دەسەڵاتی زاڵ.
پیشەگەرەکان لەنێو خۆیاندا لە ململانێی بازاڕ و بەربەرەکانیدان، کە هاوکات ناچرن بە درووستکردنی کارتێلێک یان یەکگرتنێک لە شیوەی یەکێتی پیشەییدا بن. ستەمکاری نەک شەرمناکات، بەڵکو بەڕەوای دەبینێت کە ئەم یەکێتییانە بار بهێنێت لەپێناوی کۆنترۆڵکردندا. لەبیرمان نەچێت لە کۆمەڵگای خێڵەکیدا خێڵ و پەیوەندی خوێنیش بەکاردێت بۆ هەمان مەبەست، کە لەڕێگەی خانەخوێ گەورەکانی بژێوییەوە کۆنترۆڵی تاکەکان دەکرێت.
لە کۆمەڵگای کوردستانی ئێمەدا، هێزی باڵای سیاسی بڕیار بەدەست، حیزبە سیاسییەکانن. ئەم حیزبە سیاسییانە کە وەک خۆیان دەڵێن درێژکراوەی "شۆڕشێکێ" چەکداری درێژخایەنن، گرفتی سەرەکی ژیربێژی ئەم حیزبانە ئەو هۆشمەندییە فیوداڵییەیە کە تێکڕای پیشەکان وەک خێڵێک و لەشێوەی جوتیار و وەرزێردا دەبیننەوە. لەلای ئەم حیزبانە پیشەکان هەموویان لەڕێگەی یەکێتییەکانیانەوە دەبێت کۆنترۆڵبکرێنەوە کە پێشتر لە ڕێگەی خێڵ و خوێنەوە کۆنترۆڵی کردبوون. بەتایبەت کە تەواوی بازڕ و سەرچاوەکانی داهاتیش جارێکی تر لەلایەن حیزبەوە پاوانکراون. حیزبی سیاسی بەسروشتی خۆی لەم کۆمەڵگایەدا لە دەسەڵاتیشدا نەبێت ستەمکارانە مامەڵەی کردوە و دەکات لایەنی کەم بەسەر ئەو خەڵکانەوە کە خۆبەخشانە پابەندی بنەما و ڕێکخستەنەکانی ئەو حیزبانە بوون.
گەر لەمێژووی حیزبە سیاسییەکان بڕاونین و بپرسین کە چ ڕۆڵێکیان هەبووە لە هەڵپێکانی یەکێتییە پێشەییەکاندا لەسەردەمی "شۆڕش"ە چەکدارییەکەیانەوە؟ ئەوا کاتێک چووبێتنە ناو مامۆستا، کرێکار، یان پارێزەرەکان...تاد بە ئامانجی تەجنیدکردنی خەڵکە پیشەگەرەکە چوون تا بتوانن ئەو هێزانە بەکار بهێنن لە بەرەنگار بوونەوەی دوژمنەکەیاندا، جا ئەو دوژمنە دوژمنێکی کەسی و تایبەت بووبێت، ناسیۆنالیستی یان تەنانەت ئەگەر دوژمنێکی چینایەتی بووبێت. بەم شێوەیە لەسەرەتاکانەوە یەکیتییە پیشەییەکان کراونەتە کەرەستە بەدەست کادێرە حیزبییەکانەوە تا بتوانن پیشەگەرەکان وەک یەک لێ بکەن و یەک ئاراستەیان پێبدەن و بە ئاسانتر لە دیسپلینە حیزبییەکانیاندا کۆنترۆڵیان بکەن. بەوجۆرە شێوە ئابوونەی یەكێتییە پیشەییەکان جێی ئابوونەی حیزبی گرتوەتە و ڕێنمایی و پێڕەوی ناوخۆییەکان داتاشراوەی یەکەمی پێڕەو و بەرنامەی حیزبەکان بوون. کەواتە گەر دەربڕینەکەمان کورت نەهێنێت؛ لەشاخیش و لە شاریش یەکێتییە پیشەییەکان کارتۆنی بوون و کەرەستە بوون بەدەست دەسەڵاتی ناو حیزبەکانیانەوە. ئەمە لە سنوورێکی تەسکتردا بۆ پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات و یان پارتە چکۆلەکانیش هەر پێناسەیەکی ڕاست دەبێت.
بەگشتی یەکێتییە پیشەییەکان خاڵی شڵۆقی دنیای سیاسی و سیستەمە سیاسییەکانن، بەتایبەت کە لەڕێگەی ئەو یەکێتییانەوە دنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگا بەیەک دەگەن. بۆ نمونە، بۆ کۆنترۆڵکردنی دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان دەسەڵات پێویستی بە ڕێکخستنی زۆر و بەرفراوانە یان دەبێت لەڕێگای بەرهەم و بازاڕەوە تاکەکان وەک یەک لێ بکات و کۆنترۆڵیان بکات و زۆرجاریش هەردوو ڕێگاکە بەکاردەهێنێت. لەکاتێکدا یەکێتییە پیشەییەکان ئاسانتر ئەم کارەیان پێدەکرێت و لەڕێگایانەوە جارێکی تر دەسەڵات دەتوانێت هەژموونی خۆی بگەیەنێتە ناو خانەکانی بژێوی. یەکێتییە پیشەییەکان خاڵی شڵۆقن، چونکە دەتوانن ببنە سەرچاوەی سەرکوت و کۆنترۆڵی کۆمەڵگا لەپێناو بەدیهاتنی ئامانجەکانی دەسەڵاتدا، ئەشتوانن ببنە سەرچاوەی شەقڵگرتنی خواستە کۆمەڵایەتییەکان و سەرچاوەی داواکارییەکانی خەڵک بن. بەم جۆرە یەکێتییە پیشەییەکان دەتوانن تەوژم بن بەرەو دادوەری یان هێزبن بۆ ستەمکاری، لەهەردوو بارەکەدا کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورەیان هەیە، بەو پێیەی سەرچاوەی بەرهەمن و بەهای گشتی کۆمەڵایەتییان لە بڕ و جۆری بەرهەمەکانیانەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەموو کۆمەڵگا.
کاتێک کە یەکێتییە پیشەییەکان دەستەمۆی دەسەڵات بن، ئەوا هەموو پشتیوانییەک دەکرێن بێ ئەوەی ناچار بن بەرهەمەکانیان چاک بکەن، لەهەمان کاتدا بە هەموو جۆرێک بەکاردەهێنرێن و ناتوانن چکۆلەترین گوشار یان داواکاریان لە دەسەڵاتی سیاسی هەبێت. هەر لەم ڕێگایەوە بەها کۆمەڵایەتییەکانی کار لاواز دەبێت، بەرکەوتەی گشتی سوود بۆ هەر تاکێکی ئەندام لە یەکێتییەکاندا دەستکاریکراو دەبێت و هیچ چەترێکی پارێزگاری لە ماف و بەرژەوەندییەکان ئامادەنابێت، بەتایبەت لە دۆخە شڵۆقەکانی ژیانی سیاسیدا (وەک قەیرانە دارایی و سروشتی و سیاسییەکان).
کاتێک یەکێتییە پیشەییەکان بە سروشتی لە دایک ببن و بتوانن خۆیان لە هەژموونی حیزب و دەسەڵاتە سیاسییەکان ڕزگار بکەن، ئەوا لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا بێت دەبنەوە هێزی بگۆڕ بەرەو دادوەرییەکی زیاتر لە کۆمەڵگادا و گوشار دانان بۆ دوورخستنەوەی دەسەڵات لەستەمکاری. ئەگەر ئەو یەکێتیانە لە کۆمەڵگای لیبرال دیموکراتدا بن، سۆشیال دیموکرات یان تەنانەت لە دیمۆکراتییەتی کۆمۆنەکانیشدا بن، ئەوا ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەیان هەیە لە بەلادا خستنی هێزە بڕیاردەرەکاندا و دەتوانن ببنە سەرچاوەی بەدەستهێنانی داواکان.
لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستاندا جێی بەتاڵی یەکێتییە پیشەییەکان بە باشی دیارە، ئەگەرچی هەموو یەکێتییە پیشەییەکان ئەشێ هەبن و لە باڵاخانە و نووسینگەی شالیارانەدا نوێنەرایەتی بکەن، بەڵام لە سروشتی ئەو دەسەڵاتە فیوداڵییە و لە سروشتی ڕەچەڵەکی درووستبوونیانەوە جێی ڕاستینەیان بەتاڵە. بەواتایەکی تر کاریگەرییان بە ئاراستەیەکی نەرێنییە و بوونەتە کەرەستە بەدەست دەسەڵاتەوە و پەراوەی ستەمیان پێدەکرێت. ئەم یەکێتییانە باشترە هەڵبوەشێنەوە، باشترە خەڵکی پیشەوەر هەرکەس لە لای خۆیەوە هەوڵبدات بۆ سڕینەوەی ڕۆڵی ئەم یەکێتییانە و بایکۆتکردنی بڕیار و دەرچوون لە ژێر هەژموونیاندا. خەلکی کوردستان باشترە دەستبەرداری هەموو ئەو ئیمتیازاتە درۆیینانە ببن کە لەم یەکیتییانەوە بەڵێنیان پێدەدرێت و تەنانەت بەشێکیشی بەدەست دێنن. کەمترین قوربانی دەبێت گەر خەڵک دەستبەرداری ئەم یەکێتییە پیشەییانە ببن کە بوونەتە سەرچاوەی ڕەشمەکردنی خەڵک و پیشەوەرە بەرهەمهێنەکان، لەهەمانکاتدا پڕهاتترین دەستکەوتیان بۆخەڵک دەبێت لە ئێستادا.
پیشەوەرەکان سەرچاوەی سەرەکی شارستانیەت و ژیاری کۆمەڵگان، هیچ ژیارییەک نییە بەدەر و لەدەرەوەی کارکردندا درووست بووبێت، هیچ شارستانیەتێک نییە بەبێ بەرهەم ئاوا بووبێت. هاتنە دەرەوە لەو یەکێتییە پیشەییە کارتۆنیانەی هونەرمەندان و مامۆستایان و کارمەندانی پزیشیکی و کرێکاران ...تاد هەنگاوێکی گەورەیە بۆ سەرپێخستنی بزاوتی خەڵک و ڕزگار بوون لە حیزبی باو. گوێنەگرتن لە بڕیارەکانیان دەستێکی گەورە و باڵای حیزبی سیاسی دەبڕێت. کە حیزبی سیاسی لە کوردستاندا حیزبێکی فیوداڵی ستەمکارە زیاتر لەوەی دادخوازبێت. ئەم کارە مەترسی خۆی هەیە، لەکاتێکدا دەستکەوتەکانی لە قوربانییەکانی گەلێک گەورەتر دەبێت.
لەجێێ ئەم یەکێتییە پیشەییە حیزبییانە، خەڵکی کوردستان دەتوانن بە سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆجیای سەردەم یەکێتییە پیشەییە ڕاستینەکانی خۆیان درووستبکەن و تەنیا لەبازنەکانی پیشەکانیاندا چالاکی و هەنگاوی پیشەگەرانەی خۆیان بنێن. ئەمڕۆ پیشەگەرەکان بە ئاسانی دەتوانن خەڵکی پسپۆڕی خۆیان بکەنە ڕابەر و هەوڵ بدەن خۆیان لەچوارچێوەی ناحیزبیدا ڕێکبخەن و داواکارییە پیشەییەکانیان بکەنە یەک و بەرنامە و کاری هاوبەشیان هەبێت، ئەمڕۆ بە ئەندازەیەک تەکنۆلۆجیای پەیوەندی پێشکەوتووە کە پێویست بە باڵاخانەی گەورە و فەنتازیای بیرۆکراتی ناکات بۆ ئەوەی یەکێتییەکی پیشەیی کارا درووستبکرێت، تەنانەت مۆڵەت و یاساکانی مۆڵەتدان تێکڕا پێوەندی کۆیلەکردنی پیشەوەرانن و دەکرێت خۆیان لێ دەرباز بکەن. لەڕێگای درووستکردنی یەکێتییە پیشەییە سرووشتییەکانەوە دەتوانرێت شێوازی بەڕیوەبردنی ستراتیژی و کورتمەودا بگیرێتە بەر بۆ یەکگرتوویی لەناو پیشەکاندا و دوور بوون لەهەژموونی حیزبی سیاسی و درووستکردنی بڕیار و گوشاری کارای خۆڕسک. ئەم کارانە بەبێ بودجەی تایبەت و ڕێکخراوی هەیکەلی زەبەلاح درووست دەکرێت، بەڵکو تەنیا کار و کات و هەوڵ و لە خۆبووردنی تاکەکەسی دەوێت لەبەرنامەیەکی ڕێکخراودا.

بەم جۆرە ڕزگار کردنی پیشەگەرەکان لەدەست حیزبە سیاسییەکان ڕێگایەکە بۆ ئازادی و دەرباز بوون لە قۆناغی پاسیڤی کۆمەڵایەتی و ڕووبە ڕووبوونەوەی نامۆیی. 

No comments:

Post a Comment