بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





29/03/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ٥


بەشی پێنجەم:
هەر لە سەرەتاکانی درووستبوونیەوە دەبینین کە (ی.ن.ك) دوان لە باڵەکانی بە بیری مارکسی دەستپێدەکەن و هەڵگری ئەو بیرکردنەوەیە دەبن، لەکاتێکدا خودی بیرکردنەوەکە دەبێت بەژێر دەستوپێی ململانێی نیوان کەسەکانەوە و دەبێت بە قوربانی بزاوتە چەکدارییەکەیان. پاشان دوای نەمانی بلۆکی سۆڤێتی جاران و لاواز بوونی ماکەکانی ئاراستەکاری بیری سۆشیالیستی، جارێکی تر بیر لە سۆشیالدیموکرات و بەشێک لە ڕێبازی ئەوروپایی بۆ بەڕێوەبردن دەکەنەوە و تەنانەت (ی.ن.ك) دەبێتە ئەندام لە سۆشیال/دیموکراتی جیهانیدا، ئەمە لەکاتێکدایە نە بە بیری مارکسی ئەمان کاری سیاسییان بەڕێکردوە نە لەچوارچێوەی سۆشیال/دیموکراتیشدا پەراوەی بیری ئەو قوتابخانەیەیان کردوە. لەڕووی کولتووری سیاسییەوە چەند خاڵێکی گرنگ تان و پۆی ئەم پارتەی دیاریکردوە: یەکەم؛ سەرکەوتنی سەربازی وەک باسمانکردووە پێشتر. دووەم؛ فرە بیروڕایی، هەمیشە (ی.ن.ك) دەروازەیەک بووە بۆ دەربڕینی جۆرەها بۆ چوون و کاری بە هیچ لەو بۆچوونانە نەکردوە، تەنیا لەدەوری گوتارێکی نەتەوەیی ساکار ماوەتەوە و لە هیچ مەیدانێکی بیری سیاسیدا هەنگاوی نەناوە. دواجار ئەو تێڕوانین و بیرکردنەوانە تەنیا بۆ بەکرهێنانی ڕۆشنبیری ڕۆژ بوون و هیچی تر. سێیەم؛ لەڕووی ئابوورییەوە پشتی بە داهاتی گومرک و کۆمەکی زۆرە ملێ و کۆمەکی خۆبەخشی دەوڵەمەندەکان بەستوە، پاشتریش لەگەڵ حوکمڕانیدا پشتی بە قۆرخی سەرچاوەکانی بەشە حکومەتی خۆی لەباشووری کوردستان بەستوە، جا ئەوبەشە لە گومرک بووبێت، ئاودیوکردنی کەرەستەو ماشێنەکان بووبێت، سوود وەرگرتن لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی و تەلەفۆنەوە بووبێت، یان فرۆشتنی نەوت بەئاشکرا و بە قاچاخ.

دووری (ی.ن.ك)  هەر لەسەرەتاکانییەوە لە ئایدیا و پرانسیپێکی دیاریکراو وایکردوە کە خودی ڕێکخراوەکە زۆر باش بەرگە نەگرێت و بە ئاسانی بەرەو مەرگ ڕەوانە ببێت. مەرگ تەنیا لەناوچوونی ڕێکخراوەکە نییە، بەڵکو گۆڕانی (ی.ن.ك) لە ڕێکخراوێکی جەماوەری میللیەوە بۆ ڕێکخراوێکی باندگەرای بەرەژەوەندی خواز لەناوچوونێکی مەترسیدارتر بووە. گەربڕوانینە ڕاو بۆچوونەکانی نەوشیروان مستەفا کەیەکێک بووە لە هەرە کۆڵەکە گرنگەکانی درووست بوون و گەشەکردنی (ی.ن.ك) ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە لەسەرەتاکانی درووستبوونەوە تا ئێستە و تا دەگاتە بزووتنەوەی گۆڕان چ قەیرانێکی بیری سیاسی و ستراتیژی سیاسی و پلانی سیاسی لەهەناوی ئەم کولتوورەدا خۆی حەشار داوە، بڕوانە ئەم چەند نمونە چکۆلەیە:

بۆچوونی خودی نەوشیروان مستەفا دەربارەی کۆمەڵە: نەوشیروان مستەفا کاتێک لە هەندەران دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی سیاسی لە کوردستاند بەم جۆرە باسی ڕێکخستنەکانی ناو کوردستان دەکات و جیاوازییەکی گەورە دەبینێت لەنێوان خۆیان و ئەو ڕێکخستنانەدا و دەڵێت:
"ئێمە لەگەڵ ئەم برادەرانەی ئێرە تەنیا ناوەکەمان یەکە، ئەگەرنا هەمووشتێکمان جیاوازە" لە کەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ نەوشیروان مستەفا لا ١٦٧
ئەم دیڕە لەیادەوەرییەکانی نەوشیروان مستەفا دا گرنگییەکی گەورەی مێژوویی هەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەو کاتەدا پەیوەندییەکی زۆر لاواز هەبووە لە نێوان ئەوانەی کە لە دەروە ژیاون و ئەوانەی لەناو کوردستاندا خەباتیانکردوە، هەروەها ئەوە دەردەخات کە هاتنەوەی ئەوان بە پلانێک بوە و بۆ دامەزراندنی شتێک هاتوون کە خۆیان ویستویانە نەک بۆ بەشداری لە شتێکدا کە خۆی هەبووە. هەر بۆیە دەبێت سەرلەبەری ئەو ڕێکخراوە بگۆڕن کە لەکوردستاندا بەناوی (کۆمەڵەی مارکسی لینینی)ەوە کاری کردوە. ئەوەی ئەمان پێی سەرسام بوون، تەنیا ئەو کۆمەڵە کادرە هۆشیارەبووە کە کۆمەڵە پێی گەیاندوون و هیچی تر. بەڵام ئایا هۆشیاری ئەو کادرانە تا چ ئاستێک بووە؟ و چۆن ئەمان توانیویانە ئەو کادیرە پێشکەوتووانە شوێن خۆیان بخەن؟ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت کەلام وایە لە بەرهەمێکی تردا دەبیت لەسەری بدوێم! بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەو وەڵامەیە کە گیانبەختکردنی ئارام و لاوازی هاوڕێکانی لە تەمەن و ئەزموونی ڕابەرایەتیکردندا دوو هۆکاری سەرەکی ئەو پرسە بوون. لەبیرمان نەچێت ئەو سەرکردانەی ئەمڕۆی یەکێتی یان بزووتنەوەی گۆڕان شوناس و مێژوویان وەک ئێستا بریندار نەبوە و بەم ئەندازەیەش خەڵک دەربارەی چییەتیان زانیاری نەبووە.

نەوشیروان مستەفا زۆر بە سادەیی ناوی کۆمەڵە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان. ئەم هەنگاوە لەیەک کاتدا خزمەتە بە کۆمەڵە و لەهەمان کاتدا پەیوەندیدارە بە گرێیەکی ئاڵۆزی فکری و سیاسییەوە کەلە کەسایەتی نەوشیروان مستەفا تا ئەندازەیەکی گەورە بەبەرد بووە و نەخودی خۆی و نەهیچ هێزێکی دەرەکیش دەتوانێت لەم گرێیە ڕزگاری بکات. دواتر ئەم گرێیە دەبێتە گرێی سیاسی درێژخایەن لەگەڵ کەسێتی نەوشیروان مستەفا دا و لەهەموو هەنگاوەکانیدا ڕەنگدەداتەوە و بۆ تاڵەبانیش هەر هیچ گرنگ نییە جگە لە پرۆسە سیاسییەکانی ڕۆژ. ئەو گرێیەش گرێی دژایەتی بیر و فەلسەفەی مارکسیزمە! بڕوان ئەم پەرەگرافە:

تا ئەو کاتە کۆمەڵە ناوی کۆمەڵەی مارکسی ـ لینینی بو، پیرەوی مارکسیزم ـ لینینیزم بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگی ئەکرد. کادرەکانی بەم گیانە پەروەردە ئەکران و، بەرنامەی تێگەیاندنی ئەلقە ڕۆشنبیرییەکانیشی لەسەر ئەم بنچینەیە دامەزرا بو. کۆمەڵە ناوەکەی لە گەڵ ئەرکە قورسەکانی قۆناغەکەدا نەئەگونجا و، لەگەڵ سەلیقەی کوردی ناساز بو. جارێکیان برادەرێک وتی: ((ئەم ناوە بۆ تاقمێ فەیلەسوفی عەینەک لەچاو باشە، لە گۆشەی کتێبخانەیەک دا، خەریکی خوێندنەوە و لێکولینەوە بن، نەک بۆ ڕێکخراوێک سەرکردایەتی شۆڕشیکی وەکو شۆرشی کورد بکا)). ئەم ناوە لەلای هەندێ کەس پیرۆزییەکی بێ ئەندازەی هەبوو. لەم کۆبونەوانەدا گفتوگۆی درێژ و قوڵکرا بۆ گۆڕینی ناوی کۆمەڵە. سەرەنجام گۆرینی ناوەکەی قوبول کرا، بەلام ناوی جۆراوجۆر پێشنیار کرا لەوانە: ((حیزبی شیوعی کوردستان)). هەندێ لەو هاورێیانە لە دنیا بێ ئاگا بون، لایان وابو وشەی ((شیوعی)) سیحرێکی تایبەتی تێایە. هەولێکی زۆرم دا بۆ ئەوەی ناوێکی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی کوردستان بچەسپێنم، لەسەر ((کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)) ساغ بوینەوە.

گرفتی نەوشیروان مستەفا وەک تیۆریستی (ی.ن.ك) بەتەنیا لەگەڵ مارکسیزمدا نەبووە، بەڵکو ئەنجامی نەبوونی فەلسەفەیەکی کوردی یان میللی لەناوکوردستاندا کە بەئەندازەیەک ئاراستەی سیاسی بکات، هەروەها ئەنجامی وردبوونەوەی نەوشیروان مستەفا لەناو پراکتیکی سیاسیدا وایکردوە کە هەڵگری هیچ بیر و ئایدیایەکی دیاریکراو نەبێت و هەموو هەوڵەکانی لەژێر چەتری کوردایەتییەکی میللی کلاسیکی دەرنەچێت. ئەم گرفتە بەرئەنجامی یەک قۆناغ نییە لەژیانی سیاسی ئەو و سەرکردەکانی تری هاوەڵیدا، بەڵکو تێکڕای بیر وکرداری هەموویانی گرتوەتەوە، بڕوانە ئەم پەرەگرافە:
 کاتێک نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری شۆڕش لەکوردستاندا، لە ڤییەنا دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ یەکێک لە مامۆستاکانیدا بەناوی ((هیلموت کرامەر)). دواجار لەنووسینەوەی ئەو گفتوگۆیەدا لەساڵێ ١٩٩٧ دا دەڵێت:
"تا ئێستاش دڵنیانیم لەوەی: بۆچوونەکەی ئەو ڕاست بوو کە منی بە گەوج ئەزانی، یان کارەکەی من کەچوم بۆ بەشداری لە دەسپێکردنەوەی شۆڕشدا." لەکەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، لا٦٠، ٦١.
سەرکردەیەک پاش پتر لە ٥٠ ساڵ نازانێت ئایا هەنگاوەکەی ناوێتی ڕاستە یان نا. واتە دوو شت تەواو نادیارن: یەکەم هەڵسەنگاندن (واتە ناتوانێت هەڵسەنگاندن ئەنجام بدات)، دووەم چەسپاوی بیروباوەڕ (یەکێکە لە گرنگترین خەسلەتە پێویستەکان بۆ سەرکردە). لەوەش گرنگتر ئەوەمان بۆ دەسەلمێت؛ ئەوەی کە ئەوان کاریان پێکردوەوە کۆی ئەو فەزا گشتیەیە لە نیشتمان پەروەری کەلەلای خەڵک هەبووە و هیچی تر. هەروەها ئەم سەرکردانە لەسەر بنەمای ڕاستی شیکراوە کاریان نەکرددووە، ئەوەندەی پشتیان بە حەدەسی ساتەوەختی بەستوە، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە لە کەسایەتی کاریزماتیکیدا، هەروەها گرفتێکی گەورەترە بۆ ڕێکخراوێکی سیاسی یان بۆ بزووتەنەوەیەک کە بەتەنیا پشت بە کەسایەتییەکی کاریزماتیکی ببەستێت.

گەر لەبیری مارکسی و چەپی شۆڕشگێڕ بە گشتی دەربچین، دەبینین ئایدۆلۆجیای هاوزاڵی یەکێتی (لە بیری نەوشیروان مستەفا) وە ئەوەیە کە دژایەتی ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو بکرێت و لە چوارچێوە میللیە نیشتمانییەکەدا بمێننەوە. هەر بۆیە دەبینین لەسەرەتای شۆڕشەوە تا پاش ڕاپەڕین چەندین کاریان لەسەر ئەم چەمکە کردوە و بەهەموو جۆرێک خۆیان لەململانێ و گفتوگۆ و دێباتی فکری پاراستوە، جا بەشێوەیەکی ئاگایانە بووبێت یان بەبێ ئاگایی.
یەکەم بەرنامەی (ی.ن.ك) بە نەوشیروان مستەفا دەسپێردرێت بۆ ئەوەی بینووسێتەوە و دایڕێژێت، ئەوەش لەبەر ئەوەی لە هەموویان زاناتر بە تواناتر و دەستڕەنگینتر دەبێت، هەر بۆیە گرنگە کەسایەتییەکی ئاوا توێژینەوەی وردی لەسەر بکرێت، چونکە باشترینی ئەو مێژووەیە کەخۆیان بەخاوەنکردوە و ناویان ناوە "شۆڕشی نوێی گەلەکەیان". ئەگەر بڕوانیتە دەقی ئەم بەرنامەیە لەکەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، لا٨٠  چەند شتێک بەدی دەکەین لەوانە:
١.سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێ یاسازان و دکتۆر و پسپۆڕی لەپشت دەبێت، بەڵام هێشتا هیچ قوڵاییەکی فکری تێدا نییە، کە بەهۆیەوە بتوانین هەست بە دونیابینییەکی پێشکەوتوو یان تەنانەت نەتەوایەتی جیاواز بکەین. لەبیرمان نەچێت تێکست چەندێک سادەو ساکار بکرێتەوە، دەکرێت قوڵاییە فکرییەکانی ببینینەوە.
٢. ئەم تێکستە پڕە لەداواکاری رۆژ، کە خەڵک ئەگەر بیبینێتەوە دەڵێت زۆر جوانە و ئەوە ئەوشتانەیە کە ئێمە دەمانەوێت. بۆنمونە باس لەحکومەتی ئیئتیلافی دەکات بەبێ ئەوەی هەست بە گرفتەکانی حکومەتی ئێئتلافی کردبێت. یان بەبێ ئەوەی دەستی بردبێت بۆ ئەو دژابەرییانەی لەناو خاڵەکاندا هەیە.
٣. ئەم بەرنامەیە لەباشترین دۆخیدا لە داخوازینامەی (عەریزە)ی پارێزەرێک دەچێت بۆ داکۆکی لە تاوانبارێک، کەلە ڕاستیدا نە خەڵکی کوردستان تاوانبار بوون و نە پارێزەرێکیشیان (محامي) پێویست بووبوو داخوازینامەی لەوجۆرەیان بۆ بنووسێت.
٤. گەربەوردی لەخاڵەکانی ئەو بەرنامەیە بڕوانین کۆمەڵێک دژابەری دەستووری و بنەمای جێبەجێ نەکردنی تێدایە کەلەو سەردەمەدا گونجاو نەبوون و زۆر زیاد لە پێویست پراکتیکییە و چووەتە وردەکاری نا پێویستەوە.
زۆری تر هەن گەر بەوردی سەیری هەر خاڵ و هەنگاوێکی ئەو مێژووە بکەین و لەو پرۆتۆکۆل وبەیاننامانە بڕوانین کە لەبن دەستی ئەوان دەربازیان بووە. ئەکرێت هەریەکەیان بابەتی توێژینەوە و بەدواداچوونێکی گرنگ بن، هەڵسەنگاندنی زۆریان دەوێت بۆ ئەوەی لێیان فێر ببین بۆ داهاتوو، بەڵام بەداخەوە ئەو توێژینەوانەش کەلەسەریان دەکرێت زۆر کەمن کە ڕەخنە ئامێزانە و زۆر ورد لەسەر مەسەلەکان بوەستن و بەچاوی تیژ لە هەموو گۆشە و ئەگەرێکیان بڕوانن. لێکۆڵینەوە لە نووسراو و یادەوەری و ڕەشنووسەکانی ئەو سەرکردانە خۆیان بەسە بۆ ئەوەی بۆمان دەرکەوێت کە نە لە ڕابردوو نە لە داهاتوو جێی هیوای بەرەوپێشچوونێکی سیحراوی نین وەک ئەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی خۆیان بۆمان باس دەکەن. کاتێک لەسەر ئەم تێکست و نووسینانەی نەوشیروان مستەفا دەوەستین گرنگە ئەوە بەیادی خۆمان بێنینەوە کە ئەم کەسایەتییە، یەکێک بووە لە هەر کەسایەتییە باشەکانیان کە تا ئێستا لە ژیاندا مابن.

تێبینی: وتە و لێدوانەکانی (نەوشیروان مستەفا) تێکڕا لە نووسین و چاوپێکەوتنەکانی خۆیەوە وەرگیراون.

No comments:

Post a Comment