بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





01/10/2015

هەرجارەی باسێک (١٣) شەرمەزاری یان شانازی

زۆر وشە و دەستەواژە هەن کە ئێمە جاری وا هەیە بە هەڵە بەکاریان دەهێنین و خۆمان نازانین و زۆر کەسی تر هەستی پێناکات! ئەم هەڵانە هەڵەی باون و جێگای ڕاستییەکی نەزانراویان گرتوەتەوە. ئەم جۆرە لە تێڕوانین و پەراوەی هەڵە بەتەنیا لە ئاخافتندا نەماوەتەوە، بەڵکو درێژبوەتەوە بۆ کایەکانی تری ژیانی ئێمە و باجی گەورە گەورەی لەسەر دەدەین. بەردەوامی پەراوەی ژیان بەم جۆرە هەڵانەوە هیچی جیاواز نییە لە تەنەکە لێدان بۆ مانگ گیران! یان مارەکردنی ژن و پیاو لەیەکتری بە کۆمەڵێک قسەی بێ سەروبەر و بێمانا و پڕوپووچ، نمونەی زۆر هەن لەم بارەیەوە کە باسکردنیان جگە لە کات بەفیڕۆدان هیچی تر نییە.

یەکێک لەو هەڵانەی تا ئێستاش لە ژیانماندا لەسەری بەردەوامین شانازیکردنە بە خۆبەختکردن و قوربانیدانەوە، جا لە پێناو نیشتمان و خاکدا بێت یان لە پێناو گەل و نەتەوەدا یان هەر پرسێکی بەکۆمەڵی تردا. ئەشێ لە ماوەیەکی مێژووییدا کە هێشاتا مرۆڤایەتی شوناسی ماف و ژیاندۆستی و ژینگە دۆستی بەباشی پێناسە نەکردبێت، ئەم شانازیکردنە ڕەواج و مانایەکی هەبووبێت. بەڵام دوای ئەوەی مرۆڤ دەبیت بە بەهاترین شتەکانی سەر ئەم زەویە بۆ ئێمە، دوای ئەوەی پێویستییەکانی مافی منداڵ و سۆز و خۆشەویستی پێویست بۆیان دەبێتە یەکێک لە سەرەکیترین بەرپرسیارێتییەکانی تاک و کۆمەڵ! ئەوکات هەڵوێستەکردن لەسەر قوربانیدان پرسێکی گشتییە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکە بۆ هەموو ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، یان بە پێی جێکەوتی فرمان و ئەرکەکانیان بەرپرسیارن. ئەم هەڵوێستەکردنە لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و زانست و توانایی بەرزی ئابووریدا پێمان دەڵێت: "شانازیکردن بە خۆبەختکردن و قوربانیدانەوە گێلییەکی ترسناکە"!

لەدەستدانی هەر قارەمانێک لەبەرەکانی جەنگدا توڕەیی لێ چاوەڕوان دەکرێت نەک شانازی! ئەکرێت توڕەیی ڕێگە لە شانازی نەگرێت، بەڵام کاتێک تەنیا شانازی دیارە و توڕەیی ئاماددە نییە، ئەوکات شانازیکردن گێلییە! لەدەستدانی لاوانی وڵاتەکەمان لەبەرامبەر هێرشی داگیرکەری ئیسلامی کۆنەپەرستدا بێت یان لە ڕێگاکانی قاچاخدا بەرەو هەندەران، ئەوا هۆکارە سەرەکییەکەی دەسەڵاتێکی خەمساردی ناشایستە و کورتبین و نەزانە. مەبەست لەو دەسەڵاتە هەموو بەرە سیاسییە حکومڕاکانەکان و بەشدارەکانی حوکمڕانییە لە ئێستا و بیست ساڵی ڕابردوودا، مەبەست لە هەموو جومگەکانی بڕیاردان و جێبەجێکردن و چاودێرکردن و دادوەرییە تێیدا. توڕەنەبوون لەو دەسەڵاتە و شانازیکردن بە قوربانییەکانەوە، یەکێکە لەو پرۆسە بێئاگاییەی خەڵکی کوردستان کە بەهۆیەوە مێژووی کۆمەڵە چەتەیەک سەنگین دەکات و مێژووی گەلێک لەکەدار. ئاخر خۆ ئەم چەتانە زۆریان جیاواز نییە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، هەموو داگیرکەران و ئەمانەش هەمان مەبەست و ستراتیژیان هەیە و هەردووبەرەکەیان شکۆی خەڵکی کوردستان و مافەکانی گەلێک پێشێل دەکەن. هەموویان پێکەوە هەر مرۆڤەکانی هەمان گەل دەچەوسێننەوە و سامان و هێز و ڕەنجی بەتاڵان دەبەن و سووکایەتی بە کەرامەتی دەکەن و مێژوویان دەشێوێنن.

قوربانیدان لە پێناو جۆری ژیاندایە نەک لە پێناو شانازیکردندا. کاتێک سۆکرات بڕیاریدا جامێک ژەهر بنۆشێت لەپێناو چەسپاندنی بیروباوەڕ و شێوەی ژیانیکدا بوو، ئەو بۆیە قوربانییەکی لەو جۆرەیدا چونکە خودی چییەتی ژیان بەلایەوە گرنگتربوو. کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە دۆخی شۆڕشەوە بەرامبەر داگیرکەر باشترین ڕێگاکان دەگرێتە بەر بۆ زۆرتر مانەوە و زۆرترین زیان گەیاندن بە دوژمنەکەی. دۆخی شۆڕشگێڕی دۆخێکە مرۆڤ شێوەی ژیانێکی تر هەڵدەبژێرێت و چیتر سووکایەتی داگیرکەر قبوڵ ناکات. گەنجانی کوردستان لە ١٧ی شوباتدا ژیانی سووکایەتیان ڕەتکردەوە و بڕیاریاندا لای ئەوان مردن جوانترە لە ژیان و ئامادەی قوربانییەکی سۆکراتی بوون بۆ ئاسۆیەکی تر. بەڵام مەرگ لەڕێگای ئاوارەییدا یان لەبەرەکانی ئەم جەنگەدا بەرپرسیارێتی دەسەڵاتێکە کە بڕیارە پارێزگاری لەخەڵک بکات. ئەوەی ئیستا دەگوزەرێت خەڵکێک بەڕێگا سەرەتاییەکانی پارێزگاری لە خۆیان و لەژێر پیرۆزی نیشتمان پەروەرییدا دەبیتە قەڵغان بۆ مانەوەی دەستەو باندە قاچاخچییەکانی نەوت لە باشووری کوردستاندا.

ژمارەیەکی زۆر لەلاوەکانی کوردستان ناچارن کە ڕوو لە مەرگ بکەن. بەشێکیان ناچارن وڵات جێدەهێڵن چونکە دەیانەویت بژین و چی تر سوکایەتی بە کەرامەتیانەوە نەکرێت. ئەوانەشی لە بەرەکانی جەنگن ناچارن ئەو ڕێگایە بگرنە بەر بەهۆی دەیان هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، لەپاڵ هەستی بەرز و دڵسۆزانەیان بۆ خەڵک و نیشتمانەکەیان. ئەوان لەگەڵ بەرپرسیاریتی خۆیاندا  ڕووبەڕوون و هەموو شتێکی خۆیان دەبەخشن. لەهەمان کاتدا دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیارە لەسەلامەتی و باشترین ڕێ و شوێنەکانی پێشخستنی هێزە جەنگاوەرەکان. لەسەرەتای شەڕی داگیرکەری ئەمجارەی ئیسلامەوە بۆسەر کوردستان چەند هەزار کەسێک بوونەتە قوربانی و گیانی بەرزەفڕیان لەبەرگریکردندا بەختکردوە. سەدان کەسیش لەڕێگاکانی بەرەو ئاوارەییدا سووکایەتی بەکەرامەت وژیانیان کراوە و ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان کەوتوەتە بەر هەڕەشە و مەترسیی لەناوچوونەوە. تەنانەت ئەوانەشیان کە دەگەنە کەنارێکی ئارام چیان ماوە لە تەمەن لە نامۆیی و ئەندێشەی دووری لە ئازیزانیان بەسەریدەبەن. ئەمانە هەموویان بە هۆی دەسەڵاتی سیاسی باشوورەوە ڕوو دەدەن.

هۆکاری سەرەکی ئەم ژمارە زۆرەی لەدەستانی قارەمان و خۆنەویستەکانی وڵاتەکەمان بۆ کەمتەرخەمی دەسەڵات و ناشایستەیی باندە خۆسەپێنەکانی دەسەڵات دەگەڕێتەوە. بێگوامان  بە درێژایی ٢٤ ساڵە ئەم هیزەی تاڵانچێتی و ڕاو و ڕووت کە حوکمی کوردستان دەکات، نەیتوانیوە هێزێکی سیستەماتیک و پەروەردەکراو درووست بکات. هێزێک بتوانێت بەباشترین و سەلامەتترین شیوە بەرگری لە خەڵک ونیشتمان بکات، ئەوەش گەورەترین بەرپرسیارێتییە کە ئەوان شکستیان تیا هێناوە. ئەمڕۆ پێوەری سەرەکی سوپایەکی باش لە ئامادەیی تەکنەلۆجیا و توانایی مادی و زانستی سەربازیدا، کەمترین قوربانی و باشترین بەرگری و سەرکەوتنە، نەک شانازی بەخوینی خەڵکەوە. دەسەڵاتی داگیرکەری ناوخۆیی کوردستان ٢٤ ساڵە جگە لە بەهەدەر بردنی توانا ناوخۆییەکان لە شەڕەکانی ناوخۆدا، بەشێکی گەورەی سەرمایە و داهاتی زەبەلاحی خەڵکیان لەبەردەستدا بووە کە دەیانتوانی سوپایەکی پڕچەک و مەشقپێکراو و یەکگرتووی پێدرووستبکەن. ئەوکات ئەکرا لە هەزاران گیانبەختکردوەکان کەمبکرێتەوە و لەکەمترین قوربانیدا بەرگرییەکانی نیشتمان تەواو ببن. گەورەترین شەرمەزاری و تاوانە بۆ باندە خۆسەپێنەکانی دەسەڵات کە ڕۆژانە خەمساردن لەبەردەم گیانبەخشینی ئەو هەموو ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانەدا کە ئەنجامی کەمتەرخەمی و نەزانی و کەم مەشقییەوە توشی مەرگ دەبن و کەسوکار و منداڵەکانیان بۆ هەتا هەتایە بێ هیوا و بێ سەرپەرشت و خەمبار دەکەن. ئەوە سەرباری دەیان و سەدان هێندە تێچوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی تر کە تووشی کەسوکاریان و داهاتووی کوردستان دەبێت.

باشترە ئەمڕۆ توڕەبوونەکانمان لەو دۆخە بەکردەوە بکەینەوە و چیتر بەتەنیا شانازی نەکەین بە ژمارەی "شەهید"ە کانمانەوە. ئەو سەردەمە بەسەرچوو، کەبتوانین شانازی بە زۆری ژمارەی گیان بەختکردوەکانمانەوە بکەین.. ژمارەی زۆری قوربانییەکانمان لەئێستادا، ئاماژەیە بۆ نەزانی و دواکەوتوویی و بێتواناییمان، نەک ئازایەتی و بوێریی گەلێک. ئەمڕۆ ڕوو لەسەردەمێکین شێوازی بەخشین جۆرێکی ترە و ئەو شێوازە باوە وەڵامی پێویستییەکانمان ناداتەوە و تەنیا تەمەنی دەسەڵاتێکی ملهوڕ درێژ دەکاتەوە، تەنیا مێژوویەکی پڕ شکست جوان دەکات و شەرمەزارییەکی گەورە بۆ داهاتوومان درووستدەکات نەک شانازی.

No comments:

Post a Comment