بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





08/10/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٥)




 ناپاکی و متمانە (پەیوەندی و کارلێکە پێچەوانەکانیان)

با وای دابنێین بە شەقامێکدا تێدەپەڕین و لە پڕ پڵنگێکی گەورە دەبینین، یەکەم کاردانەوەمان دەبێت چۆن بێت! یان بە هەمان شەقامدا دەڕۆین و لەپڕ ئاسکێك لەبەر دەمماندا دەساکێت و جووڵە ناکات، ئەی لەگەڵ ئەمەیاندا یەکەم کاردانەوەمان چۆن دەبێت! گەر کەمێك بیری لێ بکەینەوە ئەو پەیوەندییە دەردەخات کە لە نێوان ئێمە و دوو ئاژەڵدا هەیە، یەکێکیان بە دڕندە و مەترسی پێناسەکراوە لە هزر و ئەزموونی ئێمەدا، ئەوەی تریان هەمیشە ئێمە بۆ ئەو سەرچاوەی مەترسی بووین. ئەو چۆلەکە پاسارییەی لە کراکۆڤ دێتە سەردەستمان و دەنکە گەنمەکانی نێوان پەنجەکانمان دەچنێتەوە جۆرێك لە پەیوەندیمان پێدەڵێت و ئەو پاسارییەی سەرچناریش کە لەسەر سووچی کۆڵانەکەوە دەردەکەوین و ئەویش سەر تەلی کارەبا و ستوونەکانی جێدەهێڵێت و هەڵدێت شتێکی ترمان لە پەیوەندی پێدەڵێت. ئەگەر ئێمە زەڕەنگەرێك بین و لە دووکانەکەی خۆماندا دانیشتبین، لەپڕ گەندەڵێکی تاوانباری قات و بۆینباخ لەبەر خۆی بکات بە ژووردا، زیاتر ڕێزی لێ دەگرین لە هەژارێکی دەمووچاو ئاڵٶزی دەمامكدار، کە ئەشێ ئەوەی دووهەمیان لە ترسی نەخۆشی دەمامکی بەستبێت.

هەموو ئەم ئەگەرانە پەیوەندی و پەیوەندییە پێناسەکراوەکان و متمانەمان بۆ ڕووندەکەنەوە. متمانە و ناپاکی دوو چەمکن لە هەموو بڕگە و لێکەوتەیەکدا پێکەوە دەبەسترێنەوە. هەرچۆن کاتێك باسی ناپاکی دەکەین پێویستمان بەوە هەیە ڕاستەوخۆ هۆشمان ببەستینەوە بە پەیوەندییەکانمانەوە، ئا بەو جۆرەش کاتێك باس لە متمانە دەکەین ڕاستەوخۆ پرسیاری جۆری پەیوەندییەکە دەکەین و چۆن پێناسە کراوە و چۆن شێوگی گرتووە دەبێتە بنەما بۆ مامەڵەکردنمان. متمانە بە دوو ئاراستەدا شێوەدەگرێت، ئاراستەیەکی ڕووکەش و هەڵخەڵەتێنەر کەهەندێك جار دەروونی سڕبوومان ئارەزووی دەکات، ئاراستەیەکی ڕەسەنیش کە بە بنەمای ناوەڕۆك باوەڕمان پێی هێنابێت، ئەویش پشت بە ڕاستگۆیی دەبەستێت. متمانە ئەو باوەڕەیە بە ڕاستگۆیی کە دەرئەنجامی هەر پەیوەندییەك پەیدا دەبێت، بۆیە دەکرێت متمانە بەهێز بێت یان لاواز، هەروەها دەکرێت متمانە ئەرێنی بێت یان نەرێنی. متمانەی بەهێز وەك باوەڕی ئەو منداڵەیە بە ڕقگرتن، کە پاش گریانێك چی بخوازێت دەستی بکەوێت، بەڵام متمانەی لاواز وەك باوەڕی کرێکارێکە بە کارکردن، کە ڕۆژانە لە کازیوە تاکو زەردە تێدەکۆشێت و هێشتاش بەشی بژێوی پەیدا ناکات. متمانەی ئەرێنی ئەو متمانەیەیە کە منداڵ لە توڕەبوونی دایکیدا بۆی دروستدەبێت و دڵنیا دەبێت توڕەبوونەکانی ئازاری نادات، بەڵام متمانەی نەرێنی ئەو متمانەیەیە کە بە پاسەوانێکی ناپاکمان هەیە و دڵنیاین کە پاش خەوتنی ئێمە ئەویش پاسەوانییەکەی جێ دەهێڵێت و دەچێت بۆ نووستن.

 بنەڕەتی متمانە بۆ ڕەسەنایەتی کردەی کاراکتەر دەگەڕێتەوە، ئەگەر کاراکتەر ناڕەسەنێك بێت دڵنیاین هیچ کات چاکە و سوود لە پەیوەندییەکانی ناچنینەوە و دڵنیاین هەمیشە زیانی لێدەکەین بۆیە متمانەمان پێی لاواز دەبێت تا ئاستی نەمانی خودی متمانەش. ئەگەریش کاراکتەر لە هەرپەیوەندییەکدا ڕەسەن بوو، یان خۆی خۆی بوو، ئەوا وەك خۆی پشت بە مامەڵە لەو پەیوەندییەدا دەبەستین. ئیتر لەم پێگەیەوە ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەرامبەردا دەکەین، ئەو بەرامبەرە تاکەکەس بێت یان کۆمەڵ، کارداربێت لەلامان یان بەرپرسی کارەکەمان بێت، هەروەها سیستەم بێت لە ژیانماندا یان ڕێکەوت و نەخوازراوی سروشتی. بنەڕەتی متمانە ڕەسەنایەتییە، هەر لەو سۆنگەیەشەوە پێشبینی کاردانەوەی بەرامبەر دەکەین لە پەیوەندییەکانماندا.

 کاتێك متمانە بە هەر کەس و شت و ئامێر و سیستەم و دەسەڵات و حوکمکراوێك دەکەین، ئەوا دڵنیاین ئەنجامی پەیوەندی و کارلێکەکانی پەیوەندیکردنمان چی لەو بەرامبەرە دەچنینەوە. بە پێی ئەو پێشبینییە و ئاستی دڵنیایی لەو پێشبینییە ئێمەش مامەڵە لەگەڵ بەرامبەردا دەکەین، ئینجا ئەگەر متمانەکەمان ئەرێنی بوو کاردانەوەی ئەرێنمان دەبێت، هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە! ئەگەر متمانەکەمان بەهێز بوو ئەوا کاردانەوەکەمان گەرموگوڕتر و بەهێزتر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە.

 سەرئەنجام بەهێزی متمانەی ئەرێنی پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵتر دەکات، بۆندە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکات، کاری خۆبەخش و سەرمایەی کۆمەڵایەتیش گەورە و فراوان دەکات. کۆی ئەمە وا دەکات لە پەیوەندییەکاناماندا پشت زیاتر بەیەك ببەستین و کەمتر وزە و توانایی لە خۆپاراستن لە یەکتری خەرج بکەین. هەروەها پەیوەندی و گفتوگۆکانمان کراوەتر و زیاتر دەکات و خەڵکیش زیاتر سەرچاوەکان لە نێو یەکتریدا بەش دەکەن.

 سەرەتا ئێمە باسمان لە چەند گیاندارێك کرد، بەتایبەت چۆلەکە پاساری، ئایا لە خۆمان بپرسین پاسارییەك لە پۆلۆنیا متمانە بە تۆ دەکات بێتە سەردەستت، بەڵام پاسارییەك لە کوردستان هەر لە دوورەوە دەردەکەویت سەر دارتێلی کارەباکان چۆڵدەکات! سەیر نییە ئەم دوو ڕەفتارە، تەنیا متمانەی نێوان گیاندار و مرۆڤ بێت؟ ئەی ئایا سەرچاوەی ئەم متمانەیە تەنیا ئەزموونە یان پرسی تری لەپشتەوەیە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەکرێت هەندێك لە کاری زاناکان لەم بارەیەوە بەسەر بکەینەوە، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێت کە پرسی متمانە پرسێکی نیورۆبایۆلۆجییە! هەروا خۆڕایی نییە کە ئاژەڵێکی ماڵی متمانەمان پێدەکات، بەڵام ئەوەی کێویتر بێت متمانەی کەمتر دەبێت. یان ئاژەڵێك، باڵندەیەك لە کۆمەڵگایەکدا کە هێشتا ڕاو و شکاری تێدا ئەکرێت متمانەکەی جیاوازە لە هەمان گیاندار لە کۆمەڵگایەکدا کە ئەو توندوتیژییەی تێدا بەرقەرار نییە. ئەم دیاردەیەش بەر لەوەی هۆکارێکی هۆشمەندانەی هەبێت هۆکارێکی بایلۆجی لە پشت ڕوودانییەوەیەتی، مرۆڤیش بەهەمان میکانیزمی بایۆلۆجی کار دەکات و متمانە لەوە بەدەرە تەنیا قەناعەتێك لەلای مرۆڤ دروست ببێت، ئیتر تەواو متمانە بە بەرامبەرەکەی بکات. بەڵکو متمانە پێویستی بە بەرجەستە بوونی فیزیکی هەیە لە پێکهاتەی جەستەدا، بۆ ئەوەی درووست ببێت یان بۆ ئەوەی بەردەوام بێت. ئەگەر مرۆڤ متمانەی لە دەستدا واتە پێکهاتەی بایۆلۆجی و هۆرمۆنەکانی گۆڕاون، هەر بۆیە بە ئاسانی متمانە بە ئەزموونێکی تر ناکاتەوە، یان هەر خودی متمانەش بە سادەیی و ئاسانیی درووستنابێت.

 لە هایپۆتالمۆسی ناو مێشکدا هۆرمۆنێك دەڕژێت پێی دەوترێت ئۆکسیتۆسین، ئەم هۆرمۆنە بەرپرسیارە لە چەند شتێك، یەکێك لەوانە خۆشەوسیتی، متمانە، هەستکردن بە دڵنیایی و ئارەزووی پەیوەندییە سۆزدارییەکان. مرۆڤ بە ڕژانی ئەم هۆرمۆنە ڕێژەی متمانەی زیاد دەکات، هەروەها ئەم هۆرمۆنە خۆشەویستیش لە ناخدا دەهەژێنێت و مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکات لەگەڵ ئەوانی تر. دەبینین ئەم ئۆکسیتۆسینە لە زۆر نووسین و توێژینەوەدا بە هۆرمۆنی خۆشەویستی ناو دەبرێت. ئەم هۆرمۆنە کارلێکی ناوەکی لەناو مێشکی مرۆڤدا درووستدەکات هەر بۆیە هاوسەنگییەك لە نێوان متمانە پێبوون و متمانە پێنەبووندا پەیدا دەبێت، ئەو هاوسەنگییە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگۆڕێت و بڕیاردەرێکی سەرەکییە بۆ درووستکردنی هەستی متمانە. چالاکییەکانی تری هزر کاریگەرییان لەسەر متمانە هەیە، بۆ نمونە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی باش، بەڵام بە پێی زۆرێك لەو توێژینەوانەی کە کراون ئەمانە هیچیان کاریگەری هۆرمۆنەکە کەمناکەنەوە. بۆیە زۆرجار توێژینەوە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان باس لە دۆزەرەوەی ناپاکی دەکەن لە ناو ناخی مرۆڤدا. بە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت (Our biological cheating detector)  واتە دۆزەرەوەی بایۆلۆجی بۆ ناپاکی و فێڵکردن. ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو هۆرمۆنەوە هەیە کە لە خودی هاوسەنگییەکەدا کاردەکات. نمونەیەکی ئەم هاوسەنگییە دەتوانین باس بکەین: ئەشێ لە هەستەکانمانەوە بەڵگە بهێنینەوە بۆ متمانە نەبوونمان بە کەسێك، بە ئامێرێك یان بە سیستەمێك، بەڵام بنەڕەتەکەی بۆ ئەو هۆرمۆنانە دەگەڕێتەوە کە لە هایپۆثالمۆسدا دەڕژێت، بەرامبەر بەو متمانەیەی کە بۆ خواستی کردەکان هەمانە، ئەمەش لە بەشێکی زۆری گیاندارە شیردەرەکاندا تاقیکراوەتەوە. بۆیە ئەگەر متمانەیەکی عەقڵانیشمان هەبێت بەرامبەر پرسێك یان کەسێك، بێ متمانەی ناوەکی و جێگیربوونی بایۆلۆجییەکەی مەرج نییە بێ متمانەییمان بسڕێتەوە. بۆیە زۆرجار متمانەی ناوەکیمان بە شتێك نییە، کەچی لەگەڵیدا دەڕۆین چونکە ئەقڵ و لۆجیکمان ناچارمان دەکات، ئەوەش ڕەسەنایەتی هەستمان نییە، چونکە لە خۆیدا ئەو بێ متمانەییە وا دەکات لەساتەوەختی خۆیدا ئەم پەتی پەیوەندییە بپسێنێت. بۆیە، گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە کە سیستەمێك بێمتمانەیی لە ناخی خەڵکدا درووستکردبێت و بەرپرسێکی بێ ئاگای بێ زانیار بێت و بخوازێت بە بەڵێنێك خێرا متمانە بگەڕێنێتەوە. یان سیستەمێك متمانەیەکی بە سەرکردەیەك درووستکردووە لەلای سەرپێبووەکانی، هەروا بە ئاسانی ناتوانین بە چوار کۆبوونەوە لەگەڵ سەرپێبووەکەی بیگۆڕین و کاریگەریی سەرکردەکەی خۆی لەسەر لاببەین.

 گرنگترین خاڵ کە پێویستە بیخەینە سەر زانیارییەکانمان لێرەدا توانستی ئابوورییە. هەر کەسێك توانا و لێهاتوویی زیاتر بێت دەتوانێت دڵنیاتر ببێت بەوجۆرەش متمانەی زیاتر دەبێت. دابەشبوونی چینایەتی ئەم پرسە تەواو یەکلایی دەکاتەوە و توێژینەوەکانیش ئەوەیان دەرخستووە کە چینە هەژارەکان کەمتر متمانە دەکەن وەك لە چینە دەوڵەمەندەکان. هەر ئەمەشە وا دەکات چینە بندەست و چەوساوەکان وزەیەکی زیاتریان پێویست بێت تا یەکگرتووبن و پشت بەیەکتری ببەستن و کاری پێکەوەیی بکەن. لە کاری پێکەوەییدا گرنگە دەستەبژێرێك هەنگاوی یەکەم بنێن، کە ئەو دەستەبژێرە دەتوانن داهاتوو ببینن و هەنگاوەکانی کارکردن بۆ گەیشتن بەو داهاتووە دیاری بکەن. ئەوەندەش بەس نییە، بەڵکو ئەو مەترسییەش دەگرنە بەر بۆ درووستکردنی گۆڕانکارییەکە، ئەگەرنا لە ڕووی بایۆلۆجییەوە خەڵکی چەوساوە، بایی ئەوەندە هێز و توانستی متمانەی لە دڵدا نییە تا هەنگاوێكی یەکگرتووانە بنێت.  

 بەرژەوەندی بنەمای ژیانە، چ لە گیانداراندا چ لەناو کۆمەڵگای مرۆییدا، ئینجا ئەو بەرژەوەندییە جار هەیە بریتییە لە پاراستنی بیروباوەڕێكی زۆر سادە و ساکار، زۆرجاریش گرێدراوەتەوە بە بەرژەوەندییە ماددییەکانی مرۆڤەوە. ئەوەی جیاوازی دەکات ئەوەیە، مرۆڤ چۆن ئەو بەرژەوەندیانە دەپارێزێت و دونیا بینی چییە بۆ پاراستنیان. هەرچی لە پەیوەندییەکانمانەوە ببێتە هۆکار بۆ زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانمان کە لەسەریان ڕێککەوتووین ئەوا متمانە لاواز دەکات، چونکە کارێکی بایۆلۆجی لە مێشکی ئێمەدا درووستدەکات چیتر دڵخۆش نابین بەو کردەیەی بەرامبەرمان ئەنجامدراوە. سەرەکیترین هۆکار بۆ نەهێشتنی متمانە (ناڕاستی، فێڵ و تەڵەکە هەروەها شکاندنی پەیمانەکانە کە پێشتر لەسەریان ڕێککەوتووین). کەواتە هەموو کردەکانی درۆکردن و فێڵکردن و نواندنی ناڕەسەنایەتی و ناپاکی کاریگەرییان هەیە لەسەر نەمانی متمانە. لە پرسی ناپاکیشدا کارلێکێکی پێچەوانە هەیە لە نێوان متمانە و ناپاکیدا! واتە ناپاکی دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە، هەروەها لەدەستدانی متمانەش ڕێگا بۆ ناپاکی خۆشدەکات.

 متمانە هەمیشە کاتی پێدەچێت بۆ ئەوەی بونیاد بنرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە کە لە جەستەماندا ئەو پەیوەندیانە پێویستیان بە کات و چەندبارەبوونەوە هەیە هەتا بتوانین بیانناسینەوە کە جێی باوەڕبن و لە مێشکماندا جێگیرببن کە جێی متمانەن و پشتیوانن بۆ بەرژەوەندی و پێویستییەکانمان. هەمیشە زۆری زانیاری یاریدەدەرە بۆ ئەوەی متمانە زووتر درووستببێت، کەچی دەبینین لە کۆمەڵگای خۆماندا ئێمە متمانەمان بە ڕۆژئاواییەکان زیاترە تا ئەوانەی لە هەمان کۆمەڵگادا لەگەڵمان دەژین و لێمان نزیکن و زانیاری زۆرمان لەسەریان هەیە، کەچی ئەوانی تر بە بێ ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆمان لەسەریان هەبێت متمانەیان پێ دەکەین. هۆکاری سەرەکیش لەم پرسەدا دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکاوی بۆندی نیوان تاکەکان، یان ئەو بێ متمانەییەی کە بەردەوام لەلای خۆمان درووستکراوە لەلایەك و ئەو متمانە خەیاڵییەی لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە لەسەر ئەوانی تر و بەتایبەت ڕۆژئاواییەکان بۆمان درووستدەبێت. تێبینی بکە ئایا دەتوانیت هەمان متمانە بە دەرمانێكی ئەڵمانی و دەرمانێكی ئێرانی بکەیت کە بۆ هەمان مەبەست درووستکراون، بێگومان نەخێر، چونکە دوو ڕاستگۆیی جیاوازیان هەیە لە چارەسەردا. ئەمە بۆ کادیری پارتێکیش ڕاستە، ناتوانین متمانە بە کادیری پارتێکی ستەمکار بکەین داکۆکی لە ڕەوایی بکات، چونکە وەك ئەو دەرمانەیە کە نەخۆشترمان دەخات نەك چاکمان بکاتەوە. ئەم میکانیزمە هەمان میکانیزمە کە پشت بە ڕاستگۆیی و فێڵنەکردن دەبەستێت. لە دۆخی ئاساییدا مرۆڤ لەگەڵ کەسی نەناسدا متمانەی کەمە، بەڵام ئەگەر متمانەی ناوخۆیی تێکشکێنرا ئەوا هەموو متمانەکان بە شتێکی دەرەکی بەهێزتر دەبێت، ئەم ڕاستییە زەمینەسازییەکی زۆر گەورە دەکات بۆ درووستبوونی ناپاکی، چونکە بۆندەکانی نێوان تاك تێکدەشکێنێت و پردەکانی پەیوەندی دەرەکی بەهێز دەکات. ئەم خاڵە چکۆلەیە لە ڕاستی زانستی پێمان دەڵێت دەسەڵاتی کوردی چ دوژمنێکی سەرەکی خەڵکی کوردستان بووە بە درێژایی مێژووی خۆی، چونکە بەدرێژایی تەمەنی خۆی تاوانبارە بە تێکشکاندنی متمانە ناوخۆییەکان و تاوانباریشە بە لاوازکردنی بۆندە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تاك و تاك هەروەها لە نێوان تاك و گرۆدا. هەر بە سادەیی دەتوانین بڵێین ئێمە هەموومان بەرامبەر بە خۆمان نامۆترین تا بەرامبەر بە دەرەوەی خۆمان، زانیارییە جوانکراوەکانی دەرەوە لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بێدادیی و ستەمکارییەکانی ناوخۆمان پێکەوە پەیامێکیان هەمیشە بە گوێمانداداوە، کە دونیای دەرەوە پڕە لە ڕەوایی و جوانی و هەمیشە خوازیار و خەوناندیووی ئەو دونیایە و سەربەو دونیایە ئێمە مامەڵەمان کردووە. ئەمەش زەمینەیەکە لێوان لێوە لە پیت و فەڕ بۆ ناپاکی.

 ئەو نامۆییەی لەپەرەگرافی پێشوودا ئاماژەمان پێکرد لە ناوخۆی کۆمەڵگادا بۆمان درووستبووە. واتە ئێمە بەرامبەر بە خۆمان نامۆترین تا دونیای دەرەوە، نمونەیەکی سادەتر، ئێمە هێندەی پشت بە سەرچاوە بیانییەکان دەبەستین گوایە "بەهۆی ڕاستگۆییانەوە"، هێندە پشت بە سەرچاوە ناوخۆییەکان نابەستین. ئیدی ئەم نامۆییە و درووستبوونی دەرفەتی ناپاکی وامان لێ دەکات کە هەرگیز متمانە بەیەکتر نەکەین و نەتوانین پێکەوە کارێکی هاوبەش بکەین. ئەمەش زۆر بەباشی ڕەنگدەداتەوە لەسەر پەیوەندی نێوان خەڵکە نامۆکان بە یەکتر، تەنانەت ڕەنگدەداتەوە لەسەر پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا، هەرکات متمانەی بە خۆی نەما ناتوانێت کارێكی بە تەنیاش بکات، چ جا بە حاڵی کاری پێکەوەیی و بە کۆمەڵ.

 لەسەردێڕەکانی پێشوودا باسمان لە پەیوەندی نێوان ناپاکی تایبەتی خۆبەخۆ و ناپاکی گشتی کردووە، ئەم پەیوەندییە درێژدەبێتەوە بۆ ناو متمانەش. ئەگەر متمانە نەما، ئەوە بەرئەنجامی کردەوەیەك تێكشکێنراوە، ئایا پەیمانشکێنییە، درۆیە، مەترسی درووستکردنە یان ناپاکییە! ئەگەر بەرئەنجامی ناپاکی متمانە نەمابێت، ئەوا هەموو پەیوەندییەکی ئەو جۆرەی ناپاکییەکەی درووستکردوە، لە هۆشی مرۆڤدا دەکەوێتەوە ژێر پرسیاری ڕاستی و ناڕاستی، مەترسی و گومان. یەکەم پرسیار مرۆڤ کە لە خۆی دەکات یان خۆی پێ سەرزەنشت دەکات، ئەوەیە كە چۆن باوەڕی بەو پەیوەندییە کردبوو و چۆن متمانەیە پەیداکردبوو، ئەمەش دەبێتە ئەزموونێکی نەرێنی، کە متمانەی لەوجۆرە بە ئاسانی درووستنەکاتەوە. چۆن ئەو چەندساڵێك هەموو قوربانییەکی بۆ پارتێكی سیاسی دابوو، کەچی ناپاك دەرچوو، ئەی چۆن جارێکی تر ئەو ئەزموونە دووبارە بکاتەوە. هەروەها خۆمان دەخەینە ژێر پرسیارەوە، بۆ باوەڕمان بەو پەیوەندییە کردبوو؟ ئایا لە چیدا هەڵە بووین؟ ئەمانە هەمووی لە دژی کاری پێکەوەیی و هاوئاهانگی وپشتیوانی یەکترن لە داهاتوودا، بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەك تەنیا بەرامبەر ئێستە و ڕابردوو بەرپرسیار و تاوانکار و دوژمنن، بەڵکو بەرامبەر داهاتووش خەتاکارن. تەنانەت کارێكیان کردووە کە مرۆڤ متمانەی بە خودی خۆی و هەڵسەنگاندنەکانی نەمێنێت، ئەم متمانە دۆڕاندنە بە خود، متمانە بە کۆی گشتی کۆمەڵگاش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەر ئەمەشە وا دەکات سیستەمی ئیندیڤیدوالیزم یان تاکگەرایی کاریگەری لەسەر تاك دابنێت بەجۆرێك کە هیچ متمانەیەکی نە بە خۆی هەیە نە بە کۆمەڵگا، دواجار وابەستە دەبێتەوە بە ئاپە ئەلکتۆرنییەکانەوە یان بە سیستەمە بۆ داڕێژراوەکانەوە و بە ناچاری باجی سیستەم دەدات و کۆیلەیی قبووڵ دەکات تا بتوانێت بەردەوام بێت. بێ متمانەیی بە خود وا دەکات ئێمە هەست بکەین هەموو لە دەرەوەی ئێمە دوژمنن، چونکە هەست ئەکەین کە دژی بەرژەوەندی و خواستەکانی ئێمەن، یان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. ئەو باوەڕەمان بۆ درووستدەبێت کە هەرچی نامۆبێت بە ئێمە دژمانە، ئیتر نامۆییمان بەرامبەر بە خۆمان یەك لە یەکمان پێدەکاتە دوژمن. کەواتە ئەوەی بێ متمانەیی لە ناو کۆمەڵگادا درووستدەکات ڕاستەوخۆ بۆندەکانی نێوان خود و خود تێکدەشکێنێت و کەسێتی تا دوا ئەندازە لاواز دەکات، کە متمانەی بە خۆی نامێنێت، بۆیە زۆر بە سادەیی پەنا دەباتە بەر هەر هێزێکی دەرەکی کە دامەزراوتر بێت و هەر بەو جۆرەش ناپاکی گشتی درووستدەکات، چونکە کۆی هەموو تاکێك یان پێکهاتەیەکی ناوەکی بە دوژمن دەبینێتەوە، بە تایبەت کاتێك ناڕاستن بەرامبەر بەڵێن و پەیمانەکانیان یان فێڵێك دەکەن بۆ ڕاییکردنی کات. ئیتر کاتێك بەرپرسێك بەڵێن دەدات کە کارەبا چاك دەبێت، لە ساڵی داهاتووەوە موچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت...تاد ئەمانە هەموویان هۆکارن بۆ زەمینەسازی تا تاکێك پێ بگەیەنن هەر ساتەوەختێك ئامادەی ناپاکی بێت. ئەو مرۆڤەی لەم نێوەندەدا ئەزموون دەکات، هیچ متمانەیەکی بە خودی خۆی نییە و بەوانەی تریشی نابێت کە لە چواردەور و فەلەکی ئەودا دەسووڕێنەوە، بۆیە بەردەوام لە دۆخی دوژمنایەتییەکدا دەژین کە دوژمنایەتی هەمووە بەرامبەر بە هەموو، تاکە بەرپرسیار لەم دۆخە ((دەسەڵاتی سیاسی کوردی))یە کە پتر لە ٨٠ ساڵە ناپاکی و بێ متمانەیی دەکاتە ئەزموون. پارتە سیاسییەکان لەسەردەمی بەناو شۆڕشگێڕی خۆیانەوە بەهەمان شێوەی ئێستا کوردستانیان دابەش کردبوو لە نێوان سۆران و بادیناندا. لەناو ئەوانەشدا چەندین دابەشکارییان کردبوو، ئەمیان هانی دانیشتوانی ناوچەکانی ئەویتریان دەدا ببنە بەکرێگیراوی میریی لەدژی نەیارەکەی، ئەوەی تریشیان بە هەمان شێوە...تاد ئەم کردەوەیە لەوانەیە بە سەرپێی لێی بڕوانین، بەڵام هەژموونێكی درووستکردووە، هیچ کات دانیشتوانی ناوچەکە باوەڕیان بە پشتیوانییەکتری نییە. بۆیە لە دەرەوەی وڵاتیش کاتێك دوو هاوڵاتی کوردستانی یەکتری دەبینن خوازیارن خۆیان لەیەکتری ئاشکرا نەکەن، لەکاتێکدا ئەم هەستە لەناو هیچ کۆمەڵگایەکی تردا بەوجۆرە نییە. بە سادەیی ئەنجامی لاوازکردنی متمانە لە نێوان تاك خۆی و خۆیدا، لە نێوان هەموو دوو تاكێکدا، لە نێوان تاك و کۆمەڵدا، بە شێوەیەکی نەستی ئێمەی کردووەتە دۆخێکەوە هەمیشە لە دوژمنایەتی بەردەوامدابین بەرامبەر بە یەکتر. ئەم پرسە لە نێوان دوو تاکدا نامێنێتەوە، پێشتر ئەوەمان باسکردووە؛ کە تاك تێکشکێنرا ئیتر سیستەم کار ناکات. ئەگەر سیستەم تێکشکا، ئیتر تاك ناتوانێت بە تەنیا بەرەوڕووی کارەساتە گەورەکان ببێتەوە. دەسەڵاتی کوردی ئەم پرۆسەیەی لە ڕێگای ناپاکی بەردەوام و نەهێشتنی متمانەوە زۆر بە چڕی و بە پڕی پەراوەکردووە، تەنانەت ئەوەی دوژمنەکانی کوردستان بە خەڵکیان بۆ نەکراوە، ئەمان بە باشی و لەسەر خوانێکی ئاڵتوونی بۆیان جێبەجێ کردوون. لەم خاڵەوەیە ئەگەر ئێمە بە هەڵە دوژمن دیاری بکەین، بەرئەنجامی کارەکانمان هەمیشە هیچ دەبێت، چونکە لە ڕاستیدا دوژمنی سەرەکی و یەکەمین بۆ خەڵکی کوردستان ئەو دەسەڵاتەیە کە حوکمڕانی دەکات. یان ئەو شۆڕشە چەواشەگەرەیە کە چەندین دەیەی ساڵە خەڵکیان وا لێکردوە پشتی پێ ببەستێت.

 پێشتر باسمان لەوە کرد کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەك ئاو و ئۆکسجین پێویستە بۆ کۆمەڵگا، متمانە هەر سێ پرۆسە بونیادنەرەکەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەخولقێنێت و کارئاسانی بۆ دەکات. کە ئەوانیش کارلێکی کۆمەڵایەتی و تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی و کاری خۆبەخشن. چ کاتێك خەڵك هەست دەکات متمانەی هەیە، ئەو دەمەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە گەشە دابێت، بە گشتیش سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاتێك لە گەشەدا دەبێت، کە خەڵك هەستیکرد خەڵکێكی چالاکی زۆر هەن گرنگی بە پرسی گشتی دەدەن، پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز ببێت، پەیامی مرۆیی نمونەیی بە کردەوە ببینرێت، هێزێك هەبێت بە تەنگ بەرژەوەندی خەڵکەوە بێت، بەهاکانی کۆمەڵگا پشتیوانیان لێ بکرێت... زۆری تر لەم چاکەکارییانە. ئێمە قەیرانێکی گەورەی ڕەوشت و ڕەفتارمان هەیە، لەلای دەستەبژێرەکانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە چکۆلەترین کاراکتەری کۆمەڵگا. ئێمە دەزانین سەرمایەی کۆمەڵایەتی خاوەنی نییە، هەموو کۆمەڵگاش خاوەنێتی، لێدان لە پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا جیاوازە لە گۆڕینی پیرۆزییەکان. بەشێکی زۆری ئەوانەی خۆیان بە پێشکەوتووخواز و ڕۆشنبیر و پێشڕەو دەزانن، یەکەم هەنگاوی کردارییان بریتییە لە تێکشکاندنی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا، بۆیە بە سادەیی کەسیان جێی پەسەندی گشتی نابن و ناتوانن گۆڕانکاری درووستبکەن. ئەم پرۆسەیە لەلای ئەوانە دەبینیتەوە دژ بە ئایینن، یان لای ئەو تەکفیریانە دەیبینیتەوە کە بە هەموو خواستێکی پێشکەوتندا هەڵدەشاخن و دەبنە هەڕەشە. ئەمە دوو کۆتایی بان توندڕەوین جگە لە نەرێنی ناتوانن هیچی تر بەرجەستە بکەن.

 لەم سۆنگەیەوە، زۆر ئاسانە بزانین بۆ کاری ڕێکخراوەیی زۆر ئاستەم بووە یان هەر ئەنجام نادرێت و کێش بەرپرسە لە تێکشکاندنی هەموو بۆندە کۆمەڵایەتییەکانمان، کێ بەر پرسە لەوەی لە مێژووی ئێمەدا ڕوویداوە و بۆچی ئەو دەسەڵاتە دووژمنی سەرەکی ئێمەیە. لەو کۆمەڵگایانەدا کە لە ڕووی متمانەوە بەهێزن و دەوڵەمەندن، بە بێ ئەوەی یەکتری بناسن، تاکەکانیان پشتیوان و هاوسەنگەری یەکترین، بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە، ئەگەر متمانە بەهێز بێت، ئەوا: کارلێکی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەند دەبێت، کێشەکەکانی کۆمەڵگا چارەسەردەکرێن بە ئاسانی و پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و سیاسییەکانی پەیوەندییەکی تەندروستە و ئابووریش ڕوو لە گەشە دەکات، هۆکاری سەرەکی ئەم دەرئەنجامانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهێزی متمانە قەلاچۆی ناپاکی دەکات و دەرفەت بۆ ناپاکی ناهێڵێتەوە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

تێبینی: نیگاری بابەتەکە لە دەستکردی، هونەرمەندی بلیمەتی ئێراقی (محمود فهمي عبود)ـە ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای بابل لە دایكبووە و لەچەندین زانکۆی جیهانی خوێندوییەتی و وانەی وتووەتەوە. بە سوپاسەوە ئەو نیگارەیم بەکارهێناوە، کە کەڵەشێرێکەو کچێك بەرەو ئەودیوی کۆمەڵگا دەفڕێنێت.

3 comments:

  1. دەست خۆش کاک سۆران بە ڕاستی سەرسامم بە نوسینەکانت، هەر بمێنیت هاوڕێ ی بەڕێز

    ReplyDelete
  2. دەست خۆش کاک سۆران بە ڕاستی سەرسامم بە نوسینەکانت، هەر بمێنیت هاوڕێ ی بەڕێز

    ReplyDelete
  3. زۆر زۆر سوپاس کاکە جەمال گیان هەر بژیت، پشتیوانی ئێوەی ئازیز بۆ من گەنجێکی گەورەیە.

    ReplyDelete