بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





25/10/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٦)

 میکانیزم وبزوێنەرەکانی ناپاکی کردن











بەمەرجێك مرۆڤ کەموکورتییەکی جەستەیی و هزریی گەورەی نەبێت، بە هەر ڕەفتارێك هەڵبستێت، ئەوا ئەو ڕەفتارە بەتاڵ نییە لە سۆز و هۆشمەندی، جگە لەو دوو خاڵەش بەبێ پاڵنەرێکی سەرەکی هیچ ڕەفتارێکی مرۆڤ ڕوونادات. ئەم سێ پێکهاتەیەش (سۆز و هۆش و پاڵنەر) پایە بنەڕەتییەکانی باری دەروونیمان پێکدەهێنن، یان دەتوانین بڵێین پلاتفۆرمی سەرەکی باری دەروونی هەرکەسێك پێکدەهێنن. هەموو کەسێك کە لە کۆمەڵگادا بەشدارە بە باری دەروونی خۆیەوە ئەو بەشدارییە دەکات و لە ناو گۆمی میمییە کولتوورییەکانی کۆمەڵگاکەیدا ڕەفتار و ڕەوشتی دیاریکراوی بەو پێکهاتە دەروونیانە دەبێت. لەم سۆنگەیەوە کاتێك ناپاکی دەبێتە بەشە ڕەفتارێکی کولتووری کۆمەڵگا یان دیاردەیەکی بەربڵاوی کۆمەڵگا، یان دەبێتە شێوە ڕەوشتێکی باو، لەلایەك زەمینەی کەسێتی و باری دەروونی پێویستە لەلایەکیش لەسەر بنەمای پاڵنەرەکانەوە دەستپێدەکات کە لەو کۆمەڵگایەدا کار بۆ درووستکردنیان دەکرێت.

 لە بەشەکانی پێشوودا سێ جۆری سەرەکیمان لە ناپاکی باسکردوە، ناپاکی تایبەتی خۆبەخۆ، ناپاکی تایبەتی خۆبەدەر، ناپاکی گشتی. هەروەها باسی ناپاکی گەورە و ناپاکی ئاساییمان کردووە! هەموو ئەمانە ئەنجامی تێکچوونی پەیوەندی و شکاندنی پەیمان ڕوو دەدەن. هەموو کاتێكیش هێزی پەیوەندییەکان و پاراستنی پەیمانەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی بەهێزیان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، واتە کە پەیوەندییەکان تێكچوون و لاوازبوون، دەرفەتی پەیمانشکێنی بەرزدەبێتەوە، هەرکاتێکیش پەیمانشکێنی ڕوو لە زیادی بکات پەیوەندییەکان لاواز دەبن و بەرەو تێکچوون دەڕۆن. لەم سەردێڕەدا بڕیارە ئەوە بدۆزینەوە، خودی ناپاکی چۆن ڕوودەدات و لە کوێوە دەستپێدەکات. لە پەرەگرافی یەکەمەوە تێدەگەین، کە کردەوەی ناپاکی کردەوەیەکی هزرمەندانەیە هەر بۆیە، بێ دوودڵی ناپاکی کردن تاوانە و لەبەرامبەریشدا گەر کردەیەکی ئاوا بە بێ سزا تێپەڕێت ئاستی سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی تووشی پاشەکشەی جۆربەجۆر دەبێت کە دەتوانێت بگاتە ئاستی شکستهێنانی گشتی.

 کەواتە با بگەڕێینەوە بۆ چۆنێتی ڕوودانەکەی؛ پەیوەندییەکان بە چی تێكدەچن و چۆن لاواز دەبن، ئەوە سەرەتای سەرهەڵدانی دەرفەتە بۆ ناپاکی کردن! لاوازبوون و تێکچوونی بۆندە کۆمەڵایەتییەکان پاڵ بە پەیوەندییەکانەوە دەنێن بۆ لاوازبوون و پاشانیش بۆ هەڵوەشاندنەوە. ڕاستگۆیی و خۆبوون و خاکەڕایی و خۆشەویستی و هیوا بە یەك بوون و کۆمەڵێك خەسڵەتی ئەرێنی تر ئاوێتەیەكن لە چاکەکاری بەهۆی ئەم چاکەکارییانەوە مرۆڤ ڕەسەن دەبێت، ئەم ڕەسەنایەتییە یاریدەدەرە بۆ پشتبەستن بە توانایی و ئاستی توانایی یەکتر، کەواتە بەهۆی ئەمانەوە متمانەی دووجەمسەریی درووستدەبێت. ئێمە ئەگەر لەیەکتری تێبگەین وەك ئەوەی کە هەین باشتر دەتوانین متمانەمان بەیەکتری هەبێت، ئەم متمانەیە بۆندەکان بەهێز دەکات. جگە لەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان هەن، هەرکات ئەو تۆڕانە بەهێز بوون، ئیتر زۆر بە باشی دەتوانین دوو ئەرك جێبەجێ بکەین. ئەرکی یەکەم بەرپرسیاربوونمان بەرامبەر بە یەکتر، هەروەها ئەرکی کۆمەك و هاوکاری یەکتر. کاری خۆبەخشیش وەك دوانەکەی تر ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە کەمکردنەوەی ناپاکیدا. کاری خۆبەخشانە سەلماندنێکە بۆ پێکەوە ژیان و بە تەنگەوەهاتنی یەکتر. نەمانی کاری خۆبەخش، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەوە پیشان دەدات کە ئیتر ئێمە کۆمەکی یەکتر ناکەین و بەرپرسیار نین بەرامبەر بە یەکتر. ئەم فەرامۆشکردنە دۆخی مەترسی بەهێزدەکات، نەمانی کاری خۆبەخش ژینگەی مەترسی سازدەکات و ئیتر ئێمە بە ئاستەم دەتوانین بیر لە کارێك بکەینەوە بێ بەرامبەر کەتەنیا واتاکانی ژیانی خۆمان بسەلمێنێت. هەموو کارێك کە بەرامبەر بە دەستکەوتێکیش دەکرێت، بەشێك لە خۆبەخشی تێدایە، گەر ئەو بەشە نەبینرێت و ڕێزی لێ نەگیرێت کاریگەری گەورە لە سەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی دادەنێت. هەموو ئەو سێ شێواندنەی سەرەوە هەرسێکیان دەبنە زەمینەیەکی ئاڵتوونی بۆ پەیمان شکاندن!

 ئەوەی سەرەوە پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، کاتێك ئێمە پەیمان لەگەڵ خۆمان دەشکێنین، یان لەگەڵ کەسێکی تر یان لەگەڵ کۆمەڵگا پەیمانشکێنی دەکەین، ئەوا هەموو پەیوەندییەکان لاواز دەکەین و هەڵیاندەوەشێنینەوە. پەیمانەکان و پەیوەندییەکان بۆ لاوازەکان گرنگترن کە نەشکێن و بمێننەوە، چونکە لەو ڕێگایەوە ئەوان هەست بە دڵنیایی و ئارامی و بەهێزیی پێویست دەکەن. لە کاتێکدا بەهێزەکان کەمتر پیویستییان بەو هەموو پەیمانە هەیە. کەواتە، با وردبینەوە لەوەی بەهۆی چییەوە پەیمانشکێنی دەکرێت! لەوانەیە وای دابنێین کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهێزە، ئەی کەواتە بۆ پەیمانشکێنی ڕوودەدات؟ پەیمان شکێنی گەرچی بەزۆری لەلایەن بەهێزەوە ئەنجامدەدرێت بەڵام لە زۆر باریشدا لاوازەکان وەك کاردانەوە پەنا دەبەنە بەر شکاندنی پەیمانەکان. هەموو جۆرەکانی پەیمانشکێنی ئەشێ بە پێنج جۆری سەرەکی ڕووبدەن:

١. هەڵە، مرۆڤ دەکرێت بە هەڵە پەیمانێك بشکێنێت، ئەوەش ئەنجامی کەمی هۆشیاری، کەمی زانیاری، نەشارەزایی و کەمی ئەزموونەوە ڕوودەدات. ئەم جۆرە لە پەیمانشکێنی زۆر دووبارە نابێتەوە، چونکە زووبەزوو ئەنجامەکانی دەچنینەوە و دەبێتە وانەیەك و چیتر دووبارەی ناکەینەوە.

٢. گۆڕانی بیروباوەڕ، ئێمە لە ڕێکەوتن و پەیمانێکداین پێکەوە، ئەوەش ئەنجامی کۆمەڵێك بەرژەوەندی و بیروباوەڕ ڕوویانداوە، ئەگەر ئێمە لەڕوانگەی تێگەیشتن و بیروباوەڕەوە گۆڕانکاریمان بەسەردابێت ئەشێت ئەو پەیمانانەش هەڵوەشێنینەوە کە لەگەڵ یەکتردا بەستبوومانن پێشتر، بەمەش بۆی هەیە پەیمانشکێنی ڕووبدات.

٣. گۆڕانی تەرازووی بەرژەوەندییەکانمان، هەموو پەیماننامەکان بەشێکی گەورەیان بریتییە لە بەرژەوەندییەکانمان (بەرژەوەندییە ماددی و نامادییەکان) هەر کاتێك تەرازووی ئەم بەرژەوەندیانە گۆڕانیان بەسەردا دێت ئەوا پاشەڕۆژی پەیماننامەکان دەکەونە مەترسییەوە.

٤. بێکەڵکی پەیماننامەکان، هەموو پەیماننامەکان دەبێت سوودێكێ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە بەرژەوەندییە ماددییەکان و/یان ناماددییەکانمان ببەخشن، ئەوەش لە یەکەی کات و سەردەمدا ڕوودەدات و دەگۆڕێت. ئەشێ ڕێکەوتن و پەیماننامەیەك بۆ کات و سەردەمێك زۆر شایستە و گونجاو بێت بەڵام لەسەردەمێکی تردا هیچ زەمینەیەکی نەبێت! بۆیە ناتوانن بەردەوام ببن و سەرئەنجام پەیمانشکێنی ڕوودەدات.

٥. پەیماننامەیەك و دوو مەبەست، هەندێك لە پەیماننامەکان هەن بە دوو مەبەستی جیاواز ڕێكدەخرێن لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، ئەم جووت مەبەستییە زۆر بە ئاسانی پەیماننامەکان دەخاتە مەترسییەوە. بەتایبەت هەریەکەیان لەلایەنەکان بەرامبەرەکەیان بە ناڕەسەن دەبیننەوە چونکە وەك خۆیان مامەڵە لەگەڵ پەیماننامەکەدا ناکەن. یان لە بنەڕەتەوە لەسەر هەمان پەیماننامە پێك نەهاتوون. هەر یەکەیان بەجۆرێك و لە بەرژەوەندی خۆی پەیماننامەکەی خوێندوەتەوە، وەك کورد دەڵێت: "هەرکەسە و گوێز لە باری خۆی دەژمێرێت".

 کەواتە هەرکات لە کۆمەڵگادا پەیوەندییەکان تێکچوون، یان پەیمانەکان شکێنران، گورزێکی کاریگەر لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەدرێت و دەبێتە هۆکار بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی ناپاکی، کە لەڕێگای ئەم سێ پرۆسەیەوە بەڕێوە دەچێت:

پرۆسەی یەکەم: سەرهەڵدانی ناپاکی بە هۆی نەمانی بەهاوە، کاتێك کە بەهامان لا نامێنێت یان ئاستی بەهاکانمان دادەبەزن، ئیتر بۆمان گرنگ نییە پابەند ببین بە پەیماننامەکانەوە و ڕوو لە خۆپەرستییەکی گەورە دەکەین و هیچ کات شەرممان لە پەیمانشکێنی و ناپاکی نامێنێت.

پرۆسەی دووهەم: سەرهەڵدانی ناپاکی بە هۆی تێکچوونی شوناسەوە، (شوناس) ئەو پێکهاتە گرنگەیە کە ئێمە بە گرۆ و ئەوانی ترەوە دەبەستێتەوە و لەڕێگایەوە هەست بە سەرپێبوونی یەکتر دەکەین. کاتێك شووناسمان نامێنێت یان هەست بە سەرپێبوون ناکەین، ئیتر خاڵی هەڵوێستەمان نامێنێت و لەوێوە شکاندنی پەیماننامەکان هیچ لە ئێمە کەمناکەنەوە، چونکە زیانیان بۆ گرۆ هەیە ئەو گرۆیەی ئێمە بڕیارمان داوە پەیوەندیمان پێوەی نەمێنێت بەهۆی نەمانی شووناسەوە. یەکێك لە باشترین نمونەکان بۆ لاوازکردنی شوناس؛ نا جێگیری شوێنە! ئەو ماڵەی ساڵانێکی زۆرە لە گەڕەکدا ماوەتەوە، زۆر زیاتر پابەندن بە بەهاکانی گەڕەکەوە لەو ماڵەی کە ڕاگوزەر دێت و دەڕوات، هەر چەند مانگێك و لە گەڕەکێکن. کۆچ و ڕەو، ئاوارەبوون، جێگۆڕکێی زۆر بەهۆی نا سەقامگیری بازاڕی کارەوە بە ئاسانی پێمان دەڵێت چۆن شوناس لاواز دەبێت. ئەمە تەنیا نمونەیەکە بۆ تێگەیشتن، ئەگەر نا جگە لەو لاوازییە، ناجێگیری شوێن هەندێ خاڵی بەهێز و ئەرێنی زۆر گەورەی بۆ کۆمەڵگا هەیە.

پرۆسەی سێیەم: سەرهەڵدانی ناپاکی بەهۆی داڕمانی کەسایەتییەوە وادەکات خودپەسەندی بەهیچ شێوەیەك نامێنێت و ئیتر زۆر گرنگ نییە لەلای مرۆڤ لە پەیمانەکاندا کە بمێنێتەوە یان لییان دەربچێت. داڕمانی کەسایەتی یەکێکە لەو هۆکارانەی مرۆڤ لە ژیرییەوە دەباتەوە بۆ ژیانێکی غەریزی، مرۆڤ چیتر خۆی نابێت هەموو ئەو بەها و بنەمایانەی کە تێیدا درووست بوون کارکەناریاندەکات و چیتر چێژەکانی لە جێی خۆیان نامێنن. بەواتایەکی تر لەبری ئەوەی چێژەکانی خزمەتی بکەن بکەن. خودی مرۆڤ دەبێتە خزمەتکاری چێژەکانی. ناکرێت لە بیرمان بچێت چێژەکانیش بەزۆر جۆر پۆلێن دەکرێن، هەیانە چێژی سروشتین و هەشیانە چێژی هەڵەتاوی درووستکراو، ئینجا ئەوەی دووهەمیان زۆر زۆر مەترسیدارە.

 ئەو سێ پرۆسەیەی باسمانکردن، دەبنە هۆکار بۆ ئەنجامدانی {فێڵکردن، درۆکردن، ناچارکردن و دزیکردن}. هەرکاتێك مرۆڤ کەسایەتی خۆی لەدەستبدات، شووناسی تێكبچێت، بەهای لەلا نەمێنێت، یان زیاتر لە دانەیەك لەمانە پێکەوە تێیدا ڕووبدەن، ئەوا دەبێتە کەسێكی فێڵباز و درۆزن، ئامادەشە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی و خۆپەرستییەکانیدا هەموو ڕێگایەکی ناچارکردن و تەنانەت دزیکردنیش بەکار بهێنێت بۆ خواردنی بەش و مافەکانی ئەوانی تر، کۆی ئەمەش ناپاکییە، کە لە هەندێ داڕشتنی گشتی و ئەدەبیدا بە ناوی گەندەڵییەوە پێناسەیان دەکەین.  لە هەردوو پرسە تایبەت و گشتییەکانیشدا ئەم ڕەفتارانە لە لایەن بەتوانا، کەمینە، بڕیار بەدەست و ڕاسپێردراوەکانەوە زیاتر ڕوو دەدەن. بەشێوەی ئەم ماتریکسەی خوارەوە:


پێویستی توانا و لاوازیی بۆ ئەنجامدانی ناپاکی: دژابەری توانایی و لاوازی دوو پێویستی سەرەکین بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ناپاکی ئەنجام بدات.  بۆ ئەوەی فێڵێکی سەرکەوتوو لە بەرامبەر بکەیت، دەبێت بەرامبەرەکەت متمانەیەکی پێت هەبێت و قەناعەتت پێ بکات، ئەو کاتە تواناییت هەیە فێڵێکی لێ بکەیت. لەهەمان کاتدا دەبێت لە ڕووی کەسێتی و مرۆییەوە ئەوەندە لاواز بیت و لە ناوەوە تەواو لە بەهاکان هەڵوەریبیت. بۆ ئەوەی درۆیەکی سەرکەوتوو بکەیت، ناچاریت جێی باوەڕی بەرامبەرەکەت بیت یان دەبێت بایی ئەوەندە تواناییت هەبێت لە ڕووی زانیار و ڕەواییەوە کە درۆکەت بە شێوەی ڕاستی لێ وەربگیرێت (نمونەی ئیمام و خەتیبەکان، زانا و مامۆستاکان، ڕاگەیاندن و کەناڵە جۆربەجۆرەکانیان)، بەڵام تواناییەکانی زانایەك بەشی ناپاکی کردن ناکات، ئەگەر لەناوەوە تەواو لاواز و پەژموردە نەبێت لە ڕووی کەسێتی خۆیەوە. بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەت ناچار بکەیت ئەو شتە بکات کە پێویست نییە و  لەسەری ڕێکنەکەوتوون (بۆ نمونە، تەحەمولی بێ مووچەیی بکات) دەبێت تواناییەکت هەبێت بۆ ناچارکردنی، لەهەمان کاتدا دەبێت بایی ئەوەندە ستەمکار و خۆسەپێن بیت کە بتوانیت هێز بۆ ناچارکردن دژی ڕەوایی بەکاربهێنیت. بۆ ئەوەی مافی خەڵكێکی تر بخۆیت دەبێت بایی ئەوەندەت توانایی هەبێت کە بەشەکانیان داگیر بکەیت بۆ خۆت و/ یان لە بێئاگایی ئەواندا بەشەکانی ئەوانیش بۆ خۆت بەریت، بەڵام ئەمە بە بێ لاوازی بەهاکانی دادپەروەریی و شۆرانەوە لە چاکەکاریی و بەخشندەییەکان ناتوانێت ڕووبدات.

 پەیوەندی کەمینە و زۆرینە بەتایبەت لە ناپاکی گشتیدا: پرسی ناپاکی وابەستەیە بە بەرژەوەندی تایبەت و بەرتەسکەوە! بەرژەوەندییەك کە سنووری پێشبینیکراو دەبڕێت، وەك؛ لە پڕ دەوڵەمەند بوون، لەپڕ وەرگرتنی دەسەڵات، لە پڕ پەیداکردنی ناو و ناوبانگ،...تاد. لە ڕووی پێکهاتەی فیزیکییەوە دەبێت کەسێك بێت و بەشی چەند کەسێکی تر بۆ خۆی بەرێت بۆ ئەوەی لە چاو هەموو ئەوانی تردا باڵادەست و هەژموونگەرا بێت. کەواتە لە ڕووی فیزیکییەوە دەبێت کەسێك یان ژمارەیەکی کەم لە خەڵك دەستکەوتی زۆرێك لەوانی تر بەرن بۆ خۆیان، بۆ ئەوەی باڵادەستی و لەپێشینەیی و مەزنییەکەی لە چاو ئەوانی تردا دیار بێت. ئەمەش تەنیا بۆ کەمینەیەك سەرکەوتوو دەبێت لە زۆر باریشدا کەمینە ناپاکەکان خۆیان بۆ خۆیان یەکدەگرن لە دەوری ژینگەیەکی لەبار کە بیانخاتە پێشینەوە.

بڕیاردان و ناپاکی: کاتێك لە بنەڕەتەوە ناپاکی یەکێکە لە ڕەفتارە بێزراوەکان هەروەها بەها گشتییەکانیش بەرامبەر بە ناپاکی دژ دەوەستنەوە، بۆیە ناپاکی وەك هەر ڕەفتار و ڕێگایەك کە مرۆڤ دەیگرێتە بەر پێویستی بە پاڵنەرێك هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو هەموو بەربەستە کۆمەڵایەتییە بشکێنێت. بەگشتی پاڵنەرەکان لە نێوان دوو جۆردا دابەش دەبن، پاڵنەرە ناوەکییەکان، هەروەها پاڵنەرە دەرەکییەکان، هەریەکە لەم پاڵنەرانە بە جۆرێکی جیاواز بڕیاری ناپاکی دەدات. پێویستمان بەوە هەیە بزانین کە جاری وا هەیە بڕیارەکان یان بەشێکی بڕیارەکان بە شێوەیەکی نەستی دەدرێن.

 سەرەتا با بزانین پاڵنەرە ناوەکی و دەرەکییەکان چۆن کاردەکەن؛ پاڵنەرە ناوەکییەکان لە شێوەی برسێتیدان، کاتێك برسیمان دەبێت بە دوای خۆراکدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ئەو پێویستییە پڕ بکەینەوە، کەواتە برسێتی پاڵنەرێکی ناوەکییە بۆ خواردن. بەڵام جار هەیە برسیمان نییە، کەچی بۆن و بەرامە و شێوەی دانانی خواردنێك دەبێتە پاڵنەرێکی دەرەکی بۆ خواردن. ئەمەی دووهەمیان پاڵنەرەکە دەرەکی دەبێت! یاریزانێك شەو و ڕۆژ خەریکی تۆپی سەبەتەیە، لەبەر ئەوەی ئارەزووە ناوەکییەکانی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، بەڵام یاریزانێکی تر دەبینێت لەو یارییە دەتوانێت بژێوییەکی باش پەیدا بکات، لای ئەمەی دووهەمیان پاڵنەرەکە پاڵنەرێکی دەرەکییە لە ناخی پێویستییە بنەڕەتییەکەوە نەهاتووە هەرچەند هەردووکیان بە هەمان شێوە کار دەکەن و دەشێت هەردووکیان یاریزانێکی باشی یاری تۆپی سەبەتە بن. ئەو بڕیارەی وا دەکات ناپاکێك پەیمانەکان بشکێنێت، یەکێك لە پێویستییە سەرەکییەکان پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەوەی پەنا بەرێتە بەر ناپاکی کردن. لە ناخەوە داخوازییەکی هەیە و بۆی پڕ ناکرێتەوە ناچار کۆدە کۆمەڵایەتییەکان دەشکێنێت بۆ پڕکردنەوەیان، تەنانەت ئەگەر دژیشیان بێت. ئەو مامۆستایەی، یان ئەو کارمەندەی کەرتی تەندرووستی کە بە چەند مانگ جارێك یەك موچە وەردەگرێت پێویستی مانەوە و ژیان ناچاری دەکات ناپاکی لە پیشەکەی بکات. لەوانەیە وانەکانی باش نەڵێتەوە و خۆی بدزێتەوە بۆ ئەوەی لە کارێکی تر خۆراك و بژێوی خۆی پەیدا بکات، یان کارمەندە تەندرووستییەکە ناچار ببێت دەرمان و کەلوپەلی گشتی بدزێت و بژیوی خۆی لەسەر پەیدا بکات. ئەو پریشکە گڕەی کە دەتوانێت هەموو بەهاکانی تاكێك بسووتێنێت پەیوەندی بە ئاستی بە هێزی تاکە کەسەکەوە هەیە لە ناوەوەی خۆیدا. ئەگەر توانیمان ناوەوەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە هێز بکەین، لە دۆخی لاوازیشدا تاکەکان دەتوانن بەرگە بگرن. بەهێزکردنیش زۆر ڕێگا و چارەسەری هەیە کە لەبەشەکانی کۆتاییدا باسیان دەکەین.

 پاڵنەرە ناوەکییەکان زۆریان دەوێت تا کەسێکی بەهێز لاواز بکەن و بڕیاری ناپاکی کردنی پێ بدەن، بەڵام پاڵنەرە دەرەکییەکان بەدوای کەسی لاوازدا دەگەڕێن تا بیانکەنە نێچیری ناپاکی کردن. دەگەڕێینەوە بۆ نمونەی خواردنەکە، مرۆڤێکی بە دیسپلین و ژیر کە دەتوانێت بڕیارەکانی بە دەستی خۆی بن، ئەگەر برسی نەبێت خواردن چەند جوان و ڕازاوەش بێت دەتوانێت نەیخوات. بەڵام مرۆڤێك کە بێ دیسپلین و بە کاردانەوە بژی کەسێتی لاواز و فشەڵ بێت، ئەگەر تێریش بێت کە بۆنی خواردنێکی خۆش دەکات بە هەر نرخێك بێت دەیەوێت خۆی پێ بگەیەنێت. ناپاکییە گەورەکان و قەبارە زەبەلاحەکانی دزیکردن و خاكفرۆشتن و....تاد تێکڕایان بە پاڵنەری دەرەکی ئەنجام دەدرێن واتە هەمیشە کەسە لاوازەکان دەکەنە نێچیر. ئەو حوکمڕانەی بوێریی ناکات دەسەڵات جێ بهێڵێت بۆ کەسێکی تر، توانایی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ناچار بکات کە لە حوکمدا بمێنێتەوە، بەڵام لەناوەڕۆکەوە کەسێتییەکی تا دوا ئەندازە لاوازی هەیە بۆ چێژبینین لەو دەسەڵاتدارێتییە بۆیە هەموو تواناییەکانی دەخاتە گەڕ و هەموو شێوگێکی ناپاکی دەگرێتە بەر بۆ مانەوە.

ڕاسپیردراوەکان و پەیمانشکێنی: ڕاسپیردراوەکان ئەوانەن کە بەرپرسیارێتی خەڵکێکی زیاتر لە خۆیانیان دەکەوێتە ئەستۆ. ژمێریارێك ڕاسپێردراوە بە دڵنیاییەوە کاروبارە داراییەکانی هەر یەکەیەك بەڕێوەبەرێت، مامۆستایەك ڕاسپێڕدراوە بۆ ئەوەی لە بری کۆمەڵگا نەوەی نوێ فێربکات و پەروەردە بکات. ئەندام پەرلەمانێك لە بری گەل ڕاسپێردراوە یاساکان جێبەجێ بکات و لە دڵنیایی کاروبارە کارگێڕی و سیاسییەکان ئاگادار بێت. هەموو ڕاسپێردراوەکانیش وابەستەن بە پەیمانێکەوە، ئەم پەیمانانە بەهەر بیانوویەك بشکێنرێن دەبێتە ناپاکی. تەنانەت ئەگەر توانایی کەسەکە لەو ئاستەدا نەبێت نەوەی نوێ فێربکات و پەروەردە بکات، ئەگەر دەست لە پیشەکەی هەڵنەگرێت ئەوا گەورەترین تاوان دەکات. خراپی ئەم خاڵە لەوەدایە، ڕاسپێردراو بە ئاسانی دەتوانێت ناپاکی بکات و لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتەکانی پرسی خەڵكە ڕاسپێردەرەکەی بخاتە خزمەتی بەرژەوەندی و ئارەزووەکانی خۆیەوە.

بەها و چاکەکاری و بنەماکانی هەر مرۆڤێك لە کۆمەڵگا شڵۆقەکاندا وەك گلۆرێکی ئاسنی گەورەوایە کە ناوەندەکەی چەندین شلەی کیمیای تێدایە و لەگەڵ یەکتر کارلێكدەکەن ئەم گۆیەش لەسەر لووتکەی کێوێك لە هەڵوێست دانراوە. لە هەر کەلەبەرێکەوە گلۆرە ئاسنینەکە لاواز ببێت ئەشێ کارلێکی ماددەکان بیخۆن و لە جێی خۆیدا داڕزێت. بەڵام ئەگەر بە پاڵنەرێکی دەرەکی ئەو گۆیە جووڵێنرا، ئەوا دەشێت خلۆرببێتەوە، ئەو کاتە کاتێکە چی بێتە بەردەم گلۆرە ئاسنینەکە دیشێلێت، لە نزمی و دۆڵ و کەنگەکانیشدا نەبێت خۆی ناگرێتەوە. هەمووکەسێك تەنانەت پەککەوتووەکانیش بەشی خۆیان تواناییان هەیە، ئەوەی ناپاکی درووستدەکات و دەیبزوێنێت لاوازکردنی کەسێتیی کەسەکانە کەوا دەکات پارادۆکسی توانایی و لاوازی دابینببێت بۆ ڕوودانی ناپاکییەکە. بۆنمونە؛ پزیشکێك کە نەخۆشێك دەچێتە بەردەستی، نەخۆشەکە دڵنیایە کە چاکی دەکاتەوە، بەڵام کاتێك پزیشکێك پارچەیەکی لەشی دەردەهێنێت و دەیفرۆشێت پاڵنەری ناوەکی نییە کە ناچاری ئەم ناپاکییەی بکات، بەڵکو پاڵنەرە دەرەکییەکانن کە کەسێتی پزیشکەکە دەخۆن و خۆشگوزەرانی خۆی بە بێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تر دابیندەکات. یان، چکۆلەترین بەڵێنی درۆ کە بەرپرسێك دەیدات گەورەترین ناپاکییە، چونکە هیچ کاتێك درۆیەك جگە لە یەك مەبەست هیچی تری نییە، ئەویش پاراستنی بەرژەوەندی خودە لەسەر بەرژەوەندی ئەوی تر یان ئەوانی تر. هەرکەس درۆی لەگەڵدا کردیت ڕاستەوخۆ دەزانیت کە ئەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندییەکانی تۆوە. بێگومان کاری سیاسی کارێکە نهێنی خەسڵەتە، بۆیە بەبێ نهێنی پاراستن ناکرێت، جیاوازییەکی گەورەش هەیە لە نێوانی درۆکردن و نەدرکاندنی زانیارییەکاندا. ئیتر ئەگەر هەموو گلۆرێکی خەڵك قابیلی خلبوونەوە بێت، تەنیا چارەسەر ئەوەیە بەها و چاکەکارییەکانمان لە شێوەی هەرەمێکی بنکە فراواندا داکوتین بەهەمان شێوەی ئەو کۆمەڵگایانەی تاکەکانیان ئاماددەنین لە پێناو چێژێکی ساتەوەختی خۆیاندا چکۆلەترین سەرپێچی بەهاکانی خۆیان بکەن.  


No comments:

Post a Comment