بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





01/10/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٤)

 


سەرمایە و ناپاکی ـــ سەرمایەی کۆمەڵایەتی

یەکێك لە سەرمایە گرنگەکانی کۆمەڵگا، بریتییە لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ئەو سەرمایەی کە دەتوانێت دوو ڕۆڵی سەرەکی ببینێت: لەلایەك وەك شوورایەکی بەهێزە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کۆمەڵگا بکات و ڕێگە بە مەترسی دەرەکی بگرێت، لە لایەکی کەش وەك ڕایەڵەی ئەو شیشانە وایە کە لەناو پایەیەکی کۆنکرێتیدا گرنگیان هەیە و کۆی بارستە کۆنکرێتییەکە پێکەوە دەبەستنەوە. ئەم سەرمایەیە هەموو ئەو تۆڕ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە دەگرێتەوە کە دەتوانن بەها دروستبکەن، زیادی بکەن هەروەها پارێزگاری لێ بکەن. داینەمۆیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەتوانێت تاکەکان پێکەوە ببەستێتەوە و لەهەمان کاتدا بەشێوەیەکی کارا و کاریگەر ئەرکە گشتی و تایبەتەکانیان جێبەجێ بکەن.

ئەو بەهایەی لەڕێگای سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە بەرهەمدێت، لە ڕێگای هیچ پرۆسەیەکی ترەوە ناتوانرێت بەرهەمبهێنرێت، ئەم سەرمایەیەش پشت بە سێ پێویستی سەرەکی دەبەستێت، ئەوانیش بۆندە کۆمەڵایەتییەکان، تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی، هەروەها کاری خۆبەخشن. سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەتوانێت ئەو کارگە و سیرێژە بێت کە هەردوو چەمکی هاوکاری و هاوئاهەنگی درووستدەکات و پێکەوە دەیانبەستێتەوە، کە دوو دانە هەرە گرنگترین خاڵن بۆ کاری پێکەوەیی و بەدەستهێنانی ئامانجی هاوبەش. سیستەم و تەوژمی تاکگەرایی ئەم سەرمایەیە لاواز دەکات، بەڵام دەبینیت ڕژێمی سەرمایەداری بۆ جێگرتنەوەی ئەم سەرمایەیە ڕێکخراوە مەدەنییەکان هاندەدات تا هەمان کار جێبەجێ بکەن و شێوازی تۆڕبەندی کۆمەڵاتی خۆڕسك دەگۆڕێت بە شێوازێکی تۆڕبەندی کۆنترۆڵکراو، چونکە لەڕێگەی ئەمەی دووهەمیانەوە دەتوانێت زیاتر دەست ئاوەڵا بێت بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵ. لەوانەیە بپرسین بۆ ئەو سیستەمە سەرمایەداریەی کە هانی تاکگەرایی دەدات بۆ دەخوازێت سەرمایەی کۆمەڵایەتی بهێڵێتەوە! بێگومان چونکە کۆمەڵگا بە بێ سەرمایەی کۆمەڵایەتی ناتوانێت بەردەوام ببێت، بەڵام ئەم سیستەمە چۆن دەیپارێزێت؟ دەتوانین لەڕێگەی ئەم نمونەیەوە بەرچاوی بخەین؛ خواستی کۆمەڵایەتی کە لەڕێگەی سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە داوای یەکسانی ڕەگەزی بکات لە نێوان ژن و پیاو یان لە نێوان ڕەشپێست و سپی پێستدا یان لە کۆمەڵگایەکی فرە ئەتنیکیدا، زۆر جیاوازە لە بانگەشەکردن لە ڕێگای ڕێکخراوە مەدەنی و درووستکراوەکانەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمدا کۆنترۆڵکراوبن. ئەوەی یەکەمیان لە ئیرادە و خواستی خەڵکدا دەمێنێتەوە، ئەوەی دووهەمیشیان لە ڕێگای بودجە و پلانە ئابووری و سیاسییەکانەوە بە ئاسانی کۆنترۆڵدەکرێت. سیستەمی تاکگەرایی (ئیندیڤیدوالیستی)، هەرگیز لە قازانجی بەهێزبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئاسایی و تەندروستدا نییە، بە هەمان شێوە تەکنۆلۆجیای ڤێرچواڵیش هەمان ڕۆڵدەبینێت، بەتایبەتی ئەو کاتانەی بەئاستێکی هۆشیاری دیاریکراوەوە بەکاردەهێنرێت.

سەرمایەی کۆمەڵایەتی، دەتوانێت هەموو ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتییانە ڕاپەڕێنێت کە لەچوارچێوەیەکی خۆبەخشدا خۆیان دەبیننەوە بەبێ ئەوەی تاك چاوەڕوان بێت لەوەی دەیبەخشێت وەریبگرێتەوە. لەهەمان کاتدا، بێگومان وەریدەگرێتەوە، چونکە بە هەمان شێوەی تاکێکی تر کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆی پەیوەندییەکانەوە وەردەگرێتەوە. ئەم سەرمایەیە سۆز و پشتیوانی نێوان تاکەکان بەهێز دەکات. ئەوەی پێویستمانە لەمەڕ سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا لەسەری بوەستین: یەکەم؛ بۆندە کۆمەڵایەتییەکانن کە بەهۆی پەیوەندی و گفتوگۆی فرەجەمسەروە بەهێز دەبن. تیۆری بۆندە کۆمەڵایەتییەکان (Travis Hirschi 1969) یەکێکە لەو تیۆرانەی بیر لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە و بنەمایەکی بەهێز و گرنگیشە بۆ ڕێگای بەڕێوەبردنی هەرەوەزی و پێکەوەیی. ئەم تیۆرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو بۆندە چەند گرنگە کە تاك بە گرۆوە دەبەستێتەوە یان تاك بە تاکەکانی تری گرۆوە چۆن دەبەسترێتەوە! هەر خودی تیۆرەکە پێمان دەڵێت بەیەکەوەبوون، بڕیاربەیەکدان، نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردنی یەکتر چ گرنگییەکیان هەیە لە درووستکردنی ئەو بۆندانەدا. بەهێزی ئەم بۆندانە دەبێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی لادان لە ئامانجی گشتی هەروەها دەبێتە هۆکار بۆ پێکەوە بەسترانەوە و کارکردنی پێکەوەیی و چارەسەری کێشە پێشهاتووەکان و کەمکردنەوەی تاوان. ئەو دامەزراوانەی کە دەتوانن ئەم بۆندانە بەهێز بکەن، ئەو دامەزراوانەن کە پێکهاتەی بەهای هاوبەش و بەهای گشتییان هەیە. بۆ نمونە بە نەفرەتکردنی گەندەڵی، لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەیی دەکرێت کە خودی دامەزراوەکان لە پێکهاتەی باڵاوە پێی هەستن. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەبینین ئەم پرۆسەیە پێچەوانەیە، هەر بۆیە ڕۆژ لە ڕۆژیش ڕەوشی ژیانی گشتی خراپتر دەبێت! ببینە کردەوەی گشتی ڕێژەیەکی بەرزی بەرپرسەکان ئاساییکردنەوەی گەندەڵی بووە لەماوی حوکمڕانی خۆیاندا (بندیوار، هەمان پێکهاتەی خەفیفەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی هەیە). ئاساییکردنەوەی دەستبردن بۆ سامانی گشتی، ئاساییکردنەوەی هەموو جۆرەکانی ناپاکی سپاردە (خیانة الأمانة)...تاد.

 دووهەم؛ تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی، فراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یەکتر ناسین و گفتوگۆی بەردەوام یەکێکە لە هۆکارەکانی پارێزگاری کردن لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی. گفتوگۆ، قسەکردنی هەمووانە لەگەڵ یەکتر، نەك وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە تۆڕەکانی نێتدا دەگوزەرێت، هەموو کەس قسە دەکات بەبێ ئەوەی چاوەڕوان بێت کەسێکی تر گوێی لێ بگرێت. تێکدانی پەیوەندی نێوان خەڵك تەنیا هێزە ستەمکارەکان سوودی لێ دەبینن. دەسەڵاتی کوردی لە داگیرکەرەکانی کوردستان کەمتری بەم پرسە نەکردووە، بڕوانە هەر لە سەردەمی بە ناو شۆڕشەکەیانەوە بەردەوام خەریکی درووستکردنی باندی سیخوڕی بوون لە نیو خەڵك و یەکتردا. بۆ نمونە ئەندامی هەر حیزبێکی سیاسی لە گوندێکدا ئیشی سەرەکی ئەوە بوو کە بچێتە ناو تۆڕەکانی خەڵکەوە و گوزارشت لە گفتوگۆ و ناڕەزایەتییەکانیان بداتە حیزبەکەی. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەم کردەوانە بەردەوام لە لاوازکردندا بوون. سێهەم؛ کاری خۆبەخش، ڕۆڵی کاری خۆبەخش (کارێك کە بەهیچ شێوەیەك بەرامبەر بەو کارە پاداشت وەرناگرینەوە جگە لە ڕەزامەندی خود و ئاسوودەیی دەروونی خۆمان نەبێت) لە سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا کاری خۆبەخش گرنگە، چونکە یەکەم هەنگاوە بۆ پێشکەشکردنی بەشێك لەخۆت بەوانی تر. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ئەم کارە خۆبەخشە دەخزێنرێتە نێو هەناوی ڕێکخراوە کۆنترۆڵکراوەکانەوە، هەرچەند لەوێشدا بە هەمان شێوە هەوڵ و تەقەلا زۆرە بۆ خۆ دزینەوە لە کۆتنرۆڵ، بەڵام لە ڕاستیدا کاری خۆبەخش کۆنترۆڵ هەڵناگرێت، چونکە زۆر خۆڕسك و بە پێی پێویستە! کاری خۆبەخش یەكێکە لەو چەمکانەی سەرمایەی کۆمەڵاتی کە وەك چۆن ئاو بۆ ژیان گرنگە، بەهەمان شێوە کاری خۆبەخشیش بۆ سەرمایەی کۆمەڵایەتی گرنگە، بە واتایەکی تر ئەگەر بۆند و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان مێشك و دڵی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بن، ئەوا کاری خۆبەخش ئەو وزە و ڕۆحەیە کە کۆی ئەو دوانەی یەکەمیان کار پێدەکات. بۆ نمونە؛ کاتێك کادری حیزبێك ئیشە حیزبییەکەی دەبێتە دامەزراندن و لە بەرامبەریدا بڕە پارەیەك وەردەگرێت، ئیتر ئەو کارە دەبێتە دژ بۆ درووستکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی. لێرەوەیە بەکرێگیراو درووستدەبێت و ناپاکی گشتی بە سیستەم دەکرێت، دواتر لە پرسی بە کولتوورکردنی ناپاکیدا زیاتر باسی دەکەین.

 گرنگترین ئەرکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، بۆ گرۆ ئەوەیە کە دیدی هاوبەش درووستدەکات، کە دەتوانێت هاوئامانجی بچنێت، ئەمەش لە ڕێگای گفتوگۆی بەردەوامەوە درووستدەبێت. ئێمە کاتێك لەگەڵ کۆمەڵگادا لە گفتوگۆداین بەردەوام هەڵە و ڕاستی خۆمان لە چوارچێوەی پەسەندی گشتیدا بۆ ڕووندەبێتەوە. ئەم خاڵە وا دەکات پێکەوە ڕێکەوین لەسەر ئەوەی چۆن پێکەوە ڕەفتار بکەین، ئەمەش بەشێوەیەکی خۆبەخشانە و بەدوور لە هەموو یاسایەکی سەپێنراو. کەواتە سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەو بەهایەمان بۆ درووستدەکات کە بریتییە لە سیستەمی بەرگری جەستەی کۆمەڵایەتی. کاتێك دەبینین لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگادا لە سەر بەها و پرانسیپێك ڕێکدەکەوین، ئەوا هەموو تاکەکانی هەمان کۆمەڵ بە هەمان شێوە داکۆکی لەو پرانسیپە دەکەن. ئەمە جۆرێك لە پێکەوە گرێدان درووستدەکات پێی دەڵێن سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەڕێگای بۆند. هەر هەمان میکانیزم لەگەڵ دەرەوەی گرۆدا کاری خۆی دەکات. واتە پەیوەندی دوو تاك لە دوو گرۆی جیاوازەوە کە وا دەکات گرۆکان لەیەکتری نزیك ببنەوە، ئەمە جۆرێکی ترە لە ڕێگای درووستکردنی پردی پەیوەندییەوە درووستدەبێت. دەسەڵاتی کوردی و ئەوەی پێی دەڵێن شۆڕشی کوردی بەردەوام جۆری دووهەمیانی تێکشکاندوە و هەمیشە پەیوەندی نێوان گرۆکانی بە مەترسی زانیوە بۆیە دەبینیت گرنگی دەداتە ئەو بۆندانەی لەسەر بنەمای خێڵ و ئایین و پێکهاتەی ئامانجی بێ مەترسییدان. جگە لەوە بۆندەکانی نێوان هەمان گرۆشی لە ڕێگای سیخوڕیکردن بەسەر یەکترییەوە تێکشکاندوە، بۆیە هەمیشە تاکێك خوازیارە لەبەردەم پێکهاتە دەرەکییەکاندا چەماوە بێت، چونکە بە سەرچاوەی هێزبەخشینی دەزانێت. خێڵ بە کۆمەڵێك دەستکەوتی ئابووری بۆ سەرۆکخێڵ قایل دەکرێت، بەڵام گرۆیەك کە خاوەنی خواستی تایبەت بێت، مەرج نییە قایل بکرێت. هەمان سەرمایەی چنینی پردی پەیوەندی بۆ پەیوەندییە دەوڵەتی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش ڕاستە. لە کۆتاییدا دەڵێین ئەگەر گرۆ فراوان و چوونیەك بێت، ئەوا بۆندەکانیان بەهێز دەبێت و هیچ کات فراوانی و بەهێزی پردەکانی پەیوەندی دەرەکی نابێتە مەترسی بۆ سەر گرۆ، بەڵام ئەگەر بۆندە کۆمەڵایەتییەکانی گرۆ لاواز بێت، ئەوا پردەکانی پەیوەندی بە هەموو شێوەیەك زیان بە کۆمەڵگا دەگەیەنن و دەبنە هۆکار بۆ دروستبوونی ناپاکی. بۆیە هەر چۆن گرنگە سەرمایەی ماددی گەشە بکات، سەرمایەی مرۆیی گەشە بکات و پەروەردە بکرێت، بەهەمان شێوە سەرمایەی کۆمەڵایەتیش پێویستی بەو گەشەکردنە هەیە.

 بەکورتی؛ ئەگەر توانیمان سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهێز بکەین ناپاکی تا دوا سنوور کۆتایی کەمدەبێتەوە. گرنگترینیشیان چارەسەری ئەو ناپاکییەیە کە تووشی تاك دەبێت لە نێوان خودی خۆی و خۆیدا.

 دەسەڵات ئەگەر دەسەڵاتی خەڵك نەبێت هیچ کات لە قازانجی نییە، کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی بەهێز و یەکانگیر و پڕ خواست و دونیابینی بەرز بێت. بۆیە دەسەڵاتە ستەمکار و داگیرکارەکان هەمیشە هەوڵی پەیداکردنی کۆمەڵێك چڵکاوخۆر و خزمەتکار دەدەن! ئەوانەی بە ئاسانی دەتوانن سیخوڕبن  و هەواڵنیریی بۆ سیستەمێکی تۆقێنەری ستەمکار بکەن. بەتایبەت ئەم جۆرەی دەسەڵات بەم ڕێگایە بە ئاسانی دەتوانێت بۆ درێژترین ماوە خۆی پێیان بپارێزێت. ئیتر باشترین کەرەستە بۆ ئەم پرسە ناپاکەکانن لە کۆمەڵگایەکدا. بۆ ئەوەی ناپاکی پێویستی دەست بکەوێت دەبێت بۆندەکانی نێو گرۆ هەڵوەشێنێتەوە (بۆندە کۆمەڵایەتییەکان) یان لاوازیان بکات، متمانە لە نێوان تاك و خوددا لاواز بکات بۆ ئەوەی بە سانایی و سادەیی خۆی بدات بەدەست بەهێزترەوە.

 کاتێك ئێمە باسە بنچینەییەکەمان دەربارەی ناپاکی بێت، ئەو هۆکارە سەرەکییەی وا دەکات ئێمە ئەم هەمووە لەبارەی سەرمایەکانەوە بدوێین و پەلبهاوین بۆ ناو چکۆلەترین پەیوەندییەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بریتییە لە ناپاکی! بەتایبەت و زۆر بەسادەیی، چونکە کۆی ناپاکی لە سەرمایەکاندا دەکرێت و بە تایبەتی ناپاکی گەورە دژی گەورەترین سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت کە ماف و تایبەتمەندی و ئازادییەکانی مرۆڤن. سەرمایەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵێك سوودی بنچینەیی درووستدەکەن بۆ کۆمەڵگا، سەرباری ئەوەی ناپاکی تا ئاستی نەمان کەمدەکەنەوە. هەروەها هەمیشە ستراکتۆری بنچینەیی کۆمەڵگا پێكدەهێنێت و هەر خۆشی ئەو بەهایانە بەرهەمدەهێنێت کە واتای مەرجی بوون بە کۆمەڵگا دەبخشێت، گەر ئەم قسەیە ورد بکەینەوە، ئەوا دەڵێین: سەرمایەی کۆمەڵایەتی؛ بەشداری هاوڵاتی لە کاری کۆمەڵایەتیدا زیاد دەکات، پێشکەوتنی پیشەیی خێرا دەکات، ئاستی بەخشندەیی بەرزدەکاتەوە و خۆپەرستی کەمدەکاتەوە. ئەوەی توێژینەوە و بە دواداچوونە زانستییەکان دەریدەخەن؛ خەڵك دڵخۆشتر دەبێت، تەندروستتر دەژی، دڵنیاتردەبن، بەرهەمدارتر و دەوڵەمەندتر و تەنانەت بەرگری جەستەیی تاکیش بەهێزتر دەکات. دەوڵەمەندی هەر کۆمەڵگایەك لە ڕووی سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە ئاماژەیە بۆ بەرزی ئاستی هۆشیار و بەرزی ئاستی متمانە. ناکرێت ئەوە لە بیربکەین کە {متمانە} یەکێکی ترە لە گرنگترین پرسەکان کە پەیوەندییەکی گرنگی بە ناپاکییەوە هەیە.


No comments:

Post a Comment