بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





28/09/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٣)

 


سەرمایە و ناپاکی ـــ سەرمایەی (ماددی، مرۆیی)

بوون و ئاماددەیی مرۆڤ بە (بەها) ـەوە بەستراوەتەوە، ئەگەر بەها لە ژیانی مرۆڤ دەربهێنین، ئیتر مرۆڤ وەك مرۆڤ نامێنێت. بەهاکان دابەش دەبنە سەر دوو جۆر: یەکەم؛ بەها ماددییەکان کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێویستییەکانی مرۆڤ تێردەکەن و کەموکوڕییەکانی پڕ دەکەنەوە و لەو شمەك و کەرەستە و خزمەتگوزاریانە پێكدێن کە سوودێکیان هەیە. دووهەم؛ بەها مەعنەوییەکان کە ئەوانیش هەیانە ڕاستەوخۆ و هەیانە ناڕاستەوخۆ پێویستییە ناماددییەکانی مرۆڤ تێردەکەن و سوودێکیان بۆی هەیە. هەرشتێك بتوانێت پێویستییەك یان کەموکوڕییەکی ژیانی مرۆڤ پڕ بکاتەوە و سوودێکی هەبێت، ئەوا ئەتوانین بڵێین بەهایەکی هەیە. مرۆڤ هەر خۆی بەها دەبەخشێتە ئەو شتانەی چواردەوری خۆیشی، ئەوەش بە پێی پێویستی و بە پێی گرنگی ئەو شتانە کە دەکەونە چواردەوری ژیانییەوە. زۆر جاریش ئەو شتانە، بەرجەستە و هەست پێکراو نین، وەك ئازایەتی، یان خۆشەویستی، بیروباوەڕ...تاد، بەڵام کاریگەرییەکانیان بەرجەستەن. هەرشتێك وەڵامی پێویستی و/یان کەموکوڕییەکانی مرۆڤ نەداتەوە ناتوانێت بەهای هەبێت، واتە بەها وابەستەیە بە توانایی ئێمەوە بۆ بەکارهێنانی سوودەکانی هەر شتێك.

 بەها دەتوانرێت هەڵبگیرێت و لە داهاتوودا بەکاربهێنرێت، بەها هەیە هەرگیز لە ناو ناچێت. بەهاکان ڕێژەیین، بە پێی کات و بە پێی شوێن و بە پێی پێویستی دەگۆڕێن. بەهاکان لە پێناسەکانی ئێمەوە هێز وەردەگرن. من بەهایەکی زۆر گەورە دەدەمە جوانی، کەچی تۆ جوانی تەنیا لە ڕاستگۆییدا دەبینیتەوە. ئەم بەهایانە ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە دەستنیشانکردنی کردە و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەدا. هەندێك لەم بەهایانە بە ژیانی ماددی و پێویستییەکانی ڕۆژانەمانەوە دەبەسترێنەوە، وەك بەهای ئۆکسجین و ئاوی خواردنەوە. هەندێکیشیان بە ژیانی دەروونی و کۆمەڵایەتیمانەوە پەیوەندیدارن، وەك بەهای دڵنیایی و بێوەیی ئازیزانمان. کە دەڵێین بەهاکان ڕێژەیین، مەبەستمان لەوەیە کە بە پێی ماددە و کات و بیروباوەڕەکان دەگۆڕێن. لە ڕووی ماددییەوە بڕوانە شووشەیەك شەراب، ئەگەر بەرهەمی ئەمساڵ بێت یان بەرهەمی چەند ساڵێك پێش ئێستا بێت. بەهای جۆرەکانی خزمەتگوزاری لە ڕووی چۆنێتی ماددەکانەوە جیاوازن. بۆ ئەوانەی نائاسایی وابەستەی مەزهەبی شیعەن گرنگە خراپترین شیعەی ئێراق سەرۆك وەزیران بێت نەك باشترین سوونە. بەهای حوکمڕانی و ئیدارەی باش لای بنەماڵەکان ئەوەیە کە یەکێك لە ئەندامانی خێزانەکانیان بەرپرسی یەکەم بێت، نەك کەسێك کە باشترین جۆرەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دەزانێت. ئەم بیروباوەڕانە دەبنە بنەما بۆ لێکدانەوەی ناپاکی لە دواتردا، ئەگەرچی لە خۆیدا تێگەیشتنەکان پەیوەندیان بە باسی یەکەمەوە هەیە، ئایا ئێمە چۆن دوژمن دەبینین. ڕێژەیی بەها وا دەکات، ئەو کەسەی زانیاریمان دەداتێ لەلای دوژمنەکەمانەوە، ئێمە بە قارەمانی بزانین، بەڵام لەلای ئەوان ناپاکە، هەر بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. سەرباری ڕێژەیی بەها، کەچی هەندێ ماددە و پرس هەن بەهاکانیان ناگۆڕێت، بۆ نمونە؛ ژەمە خۆراکێكی دیاریکراو گۆڕانێكی کەم لە بەهاکەیدا درووستدەبێت، یان دەستپاکی هەمیشە بەهایەکی گران و دیاریکراوی خۆی هەیە.

هەر شتێك لە توانایدا هەبێت بەها درووستبکات، یان بەهای شتێك زیادبکات، یان بتوانێت پارێزگاری لە مانەوە و/یان زیادکردنی بەهای شتێکدا بکات، ئەوا ئەو شتەی یەکەم دەبێتە سەرمایە. بۆ نمونە؛ سەلاجەیەك سەرمایەیە، چونکە دەتوانێت پارێزگاری لە بەکڵکهاتنی شووشە شیرێك بکات بۆ چەند ڕۆژێك، بە بێ ئەوەی لە بەهای خۆراکی شیرەکە کەم ببێتەوە. نانەوایەك سەرمایەیە، کە دەتوانێت بەهای بەکارهێنانی ئارد بگۆڕێت بۆ نان. کولێرە بەخشینی هەبوویەك بە نەبوویەك سەرمایەیە، چونکە بەهای خۆشەویستی لە نێوان دوو مرۆڤدا درووستدەکات. ئێمە کاتێك باس لە پرسی ناپاکی دەکەین، لەگەڵ سێ سەرمایەدا دەرگیرین. خودی کۆمەڵگا بەهۆی ئەو سێ جۆرە لە سەرمایەوە درێژەی هەیە و دەتوانێت وەك یەکەیەکی مرۆیی یەکانگیر بژی و پارێزگاری لە خۆی بکات. ئەگەر ئەو سێ سەرمایە نەبن، ئەوا کۆمەڵگا هەشبێت بەردەوام نابێت و دەکەوێت. ئەو شارستانێتە گەورانەی دونیا کە تا ئەمڕۆ دەژین و ماون، یان پێشتر ڕەنگی مێژوویان ڕشتوە بەرئەنجامی کار و ڕێکخستنی کۆمەڵگاکانیان بوون کە بەهۆی ئاوێتەیەکی بەهێزی پێکهاتەکانی ئەم سێ سەرمایەوە درووستکراون. ئەو سەرمایانەش بریتین لە: سەرمایەی ماددی، سەرمایەی مرۆیی، سەرمایەی کۆمەڵایەتی. کارکردن و بیروباوەڕ ئەو هەوێنەیە کە ئەم سێ سەرمایەیە بەگەڕدەخەن، لەو پنتەشەوە ئیتر شارستانێت و کۆمەڵگاکان بەردەوام دەبن. ئەم سێ سەرمایەیە هەریەکەیان بە جۆرێك لە جۆرەکان بەهاکان بەرهەمدەهێنن، کە خودی ئەو بەهایانە دەبنەوە بە ڕۆحی ژیان لە کۆمەڵگادا. جارێکی تر خراپکردنی ئەم سەرمایانە بە مەبەست و ئەنجامی خەمساردی دەبێتەوە بە ناپاکی و لە هەر بڕگەیەکدا هەوڵدەدەین نمونەکانیان بەرجەستە بکەین. لەهەمووی گرنگتر سەرمایەی کۆمەڵایەتییە، کە لە دوا وێستگەدا کرۆکی باسەکەی ئێمەی پێوە دەبەسترێتەوە.

سەرمایەی ماددی: هەموو ئەو کەرەستە و ئامێر و بوونە ماددییانەی کۆمەڵگا دەگرێتەوە کەدەتوانن بەها درووستبکەن، زیادی بکەن، یان پارێزگاری لە بەها بکەن (واتە بەهاکان هەڵبگرن بۆ کاتێکی تر). بەم پێیەش دەرزییەکی دروومان سەرمایەی ماددییە تا دەگاتە مەڕێك، شۆفڵێك، کارگەیەکی تواندنەوەی ئەلەمنێوم، شەقامێکی گشتی، تاقمێك قەنەفەی ناوماڵ....تاد. هەریەکێك لەمانە بەهامان بۆ درووستدەکەن، دەیپارێزن و جار هەیە زیادیشی دەکەن. جلشۆرێکی کارەبایی ناو ماڵێك سەرمایەیەکی تاکە کەسییە، بەڵام سەیرانگای سەلاحەدین و سەری ڕەش سەرمایەیەکی گشتییە. گەڵاجاڕێك سەرمایەیەکی تایبەتییە خاوەنەکەی تاکەکەسە، کە دێتە سەر بەرهەمهێنانی ئۆکسجین ئیتر دەبێتەوە بە سەرمایەیەکی گشتی. بەڵام نەوتی ژێر زەوی کە سامانێکی سروشتی و گشتییە، بە سەرمایەیەکی گشتی و موڵکی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت، تەنانەت زۆر جار ئەم سامانە سروشتیانە وەك مولگی نەوەی داهاتووش پێویستە لێی  بڕوانرێت.

 سەرمایەی ماددی تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەگەر هەموویان پێکەوە کۆبکەینەوە، ئەوا بەشێکی گەورە لە سەرمایەی گشتی کۆمەڵگا پێکدەهێنن. کەواتە ئەو ئامێرەی لە ماڵەوە بەکاریدەهێنیت یان ئۆتۆمبیلەکەت بەشێکە لە سەرمایەی گشتی کۆمەڵگاکەت! ئەگەر تۆ زەرەر لە سەرمایەی ماددی خۆتا بکەیت ئەوا سەرمایەی گشتی زەرەری بەر دەکەوێت. هەر کەسێك بێت و بە سەرمایەی ماددی خۆیەوە مامەڵەیەکی خراپ بکات دەکەوێتە دۆخی ناپاکییەوە بەرامبەر بە سەرمایەی گشتی چونکە خراپەیەکی بەرامبەر بە سەرمایەی ماددی کۆمەڵگاکەیەوە کردووە. ئەم جۆرە لە ناپاکی، ناپاکییەکی نەبینراوە لەلایەن تاکەوە. خۆ ئەگەر دەسەڵاتیش نەتوانێت وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ سەرمایەی تاکدا بکات، ئەوا هەر کەمتەرخەمی و نەزانییەك لە سیستەمدا دەبێتەوە هۆکار بۆ ناخۆشییەکانی تاك لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا. بەهەمان شێوە سەرمایەی گشتیش ئەگەر وەك پێویستی پارێزگاری لێ بکرێت ئەوا پارێزگاری لە کۆی خۆشگوزەرانی هەر تاکێك کراوە. ئێستا کاتێك دەڕوانینە نەختینەی تاکە کەسێك و شێوازی خەرجکردنی بۆمان دەردەکەوێت هەر تاکێك لە کۆمەڵگادا چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسە گشتییەکاندا دەکات و تا چ ئاستێك لێیان بەرپرسیارە. هەروەها بۆمان دەردەکەوێت چۆن ناپاکی تا دوا جومگە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆشتووەتە خوارەوە. ئیتر وەرە بڕوانە لە ئاودیوکردنی شۆفڵ و لە بیناسازی بێ پلان و هاوردەکردنی کەرەستەی خراپ و درووستکردنی شەقامێکی بێکەڵك و هاوردەکردنی دەرمانی ماوە بەسەرچوو! هەر هەموو ئەمانە خەمساردی سیستەم و چکۆلەیی دیدگای ژیریی دەسەڵات پیشان دەدەن، لە زۆربەی بڕگەکانیشدا کاتێك خۆیان خاوەنی سەرچاوەکانی داهات و جومگەکانی بازرگانین، تێکڕای کردەوەکان دەبنە ناپاکی گشتی.

سەرمایەی ماددی هەر کۆمەڵگایەك، یەکێکە لەسەرچاوە گرنگەکان بۆ درووستکردنی بەهای پێویست، جا ئەو سەرمایەیە لە کەرەستەکانی بەرهەمهێناندا بێت، سامانی سروشتی و گشتی بێت یان نەختینە دراوییەکان بن. هەموو ئەمانە پێویستە بەباشترین شێوە بە گەڕبخرێن بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی و ژیانی نەوەکانی داهاتووەوە، کاتێك وەك پێویست بەگەڕ ناخرێن سەرباری هەبوونی ئەو هەموو سەرچاوەیەی زانیاری، ئەوکات خەمساردی یان بە هەدەربردن دەبێتە یەکێك لە هەرە ناپاکییە گەورەکان. کاتێك تاکێك نەختینەکانی بە گەنجینە دەکات و لە ڕێگەی بەگەڕخستنەوە ناخرێتەوە خزمەت بەرهەمهێنانی ئابووری کۆمەڵایەتی، ئەو کاتە هەموو بە گەنجینەکردنێك دەبێتەوە بە هەدەردانی توانای گشتی. ئیتر لێرەدا قسە لەسەر ئاودیوکردنی تەلی کارەبا و لە کیسچوونی بیستوپێنج هەزاری ناکەین، لێرەدا قسە لە لەکارخستنی کارگە و کارخانە ناوخۆییەکان ناکەین، کە تێکڕا بە قازانجی بازرگانی، چەند بەرژەوەندی خوازێكی دەسەڵاتدار پەکیانخراوە.

سەرمایەی مرۆیی: هەموو توانا جەستەیی و هزرییەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا، ئەکرێت بەگەڕ بخرێن بۆ دروستکردن و زیادکردن و پاراستنی بەهاکان، چ بەهای ماددی بن یان بەها ناماددییەکان. کارکردن بە یەکێك لە گرنگترین ڕەگەزەکانی ژیان دادەنرێت، چونکە تاکە ڕێگایە کە بەهۆیەوە کۆمەڵگا دەتوانێت گەشەسەندن بە خۆیەوە ببینێت و بەهۆیەوە دەتوانێت بەردەوام بێت. کارکردن لەسەر ئاستی تاکە کەس و خێزان و کۆمەڵگا گرنگی گەورەی خۆی هەیە. کۆی شارستانییەتی مرۆڤایەتی بەرهەمی کارە. کە دابەش دەبێتە سەر چەند جۆرێك، لەوانە کاری عەمەلی و کاری تیۆری، کاری فیزیکی و کاری هزری، کارەکانی ڕێکخستن و کارەکانی جێبەجێکردن...تاد. هەمیشە دوو جۆر ناپاکی شایستەی ڕوودانن کە لە کارکردندا درووستببن: یەکەم؛ کاتێك کارێكی پێویست ئەنجام نادرێت، بۆ نمونە لە بری بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی دەچین هاوردەی بەرهەمی کشتوکاڵی کۆمەڵگا دراوسێکان دەکەین. ئەم دۆخە بە تەواوی وەك ئەوەیە خێزانێك لە ماڵەکەی خۆیدا دەیان مریشك و کەڵەشێری هەبێت هێلکەکانیان فڕێبدات و لەبازاڕ هێلکە بکڕێت.  دووهەم؛ کاتێک بە پێچەوانەی پێویستەوە کارێك دەکرێت، بۆ نمونە؛ پێدانی چارەسەری هەڵە بە نەخۆش! بیهێنە بەرچاوی خۆت هەریەك لەم دوو نمونەیە بە مەبەست ڕووبدەن و ئامانج لێیان تێکدانی ئابووری وژیانی سیاسی کۆمەڵگاکە بێت، ئەوکات بێگومان ناپاکییەکی مەزنە.

گرنگی نەدان بە هێزی کار و فەرامۆشکردنی سەرمایەی مرۆیی، هەموو ئەو جۆرانەی ناپاکی درووستدەکەن کە لە پەرەگرافەکانی سەرەوەدا باسمانکردوون. ئەگەرچی مرۆڤ خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی و کەس ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر، بەڵام هەرگیز هێزی بیر و بازووی تاكەکەس بە تەنیا خۆی خاوەنی نییە! لەوانەیە ئەم دەستەواژەیە بە دەستەواژەی ڕژێمێکی سەرتاپاگیر بێتە بەر گوێ (سیستەمێکی شمولی)، بەڵام لە ڕاستیدا مرۆڤ بە تەنیا ناژی و بۆ هەر پێویستییەکی خۆی پێویستی بەوانەی تر هەیە کە لە چواردەوری هەن، لەم ڕوانگەیەشەوە دەکەوینەوە بەردەم بەرپرسیارێتی گشتی. لەچوارچێوەی هێزی مرۆییدا سیستەم و دەسەڵات بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ، بەتایبەت لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا، چونکە پێکهاتەی کارگێڕی و سیستەمەکان بە ئەندازەیەك ئاڵۆزبوون تاك ناچارە پشتیان پێ ببەستێت و ڕێگایەکی تری لەبەردەمدا نییە، جگە لە متمانە کردن بە سیستەم. بۆ نمونە بڕوانە پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

 لەدەستدانی هێزی مرۆیی، چ لە ڕووی فیزیکییەوە بێت، یان پەککەوتنی توانای بەرهەمهێنانەوە بێت یان خراپ بوونی چۆنێتی جێبەجێکردنەوە بێت یان پیس بوونی هزر و لەکارکەوتنی بیرەوە بێت، تێکڕا دەکەونە ئەستۆی دەسەڵات و ڕژێمی دەسەڵات و کارگێڕییەوە. بۆ نمونە؛ لە دەستدانی چەندین سەرچاوەی مرۆیی لە کاتی شەڕە ناوخۆییەکاندا، یان لە سێدارەدان و کوژرانی چەندین کەس بە هۆی جیاوازی بیروڕای سیاسییەوە، دەتوانین لە تەرەکردنی هەموو تواناییە مرۆییەکانیش لە کۆمەڵگا بە هەمان شێوە بڕوانین. بەتایبەت کاتێك ناچار دەکرێن کۆمەڵگا جێ بهێڵن و ڕوو لە نیشتەجێ بوونی دەرەکی بکەن. سەرمایەی مرۆیی چەندێك ئازاد و دەسکراوە بێت بۆ تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی نوێ ئەوەندە زیاتر بە بەرهەم دەبێت بۆ دروستکردنی بەهای زیاتر و ئەگەری فرەیی بەردەوام بێت زیاتر کۆمەڵگا دەتوانێت لە قۆناغی فرەیی پێویستییەکان نزیك ببێتەوە، بەتایبەت لە گەڵ پێشکەوتنی زانستی و تەکنۆلۆجیدا.

 سەرمایەی مرۆیی جگە لە ئازادی، پێویستی بە خۆشگوزەرانی و ئاسایش و متمانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بکات. پێویستی بە پەروەردە و فێرکردنێکی شایستە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی خۆی لە سەردەمەکەدا وەك پێویست بگێڕێت. لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە دەیان جۆر تاك بێکەڵك دەکرێت، بێئومێدکردنی تاك لە خۆیدا گەورەترین ناپاکییە کە بەرامبەر بە تواناییەکانی ئەم پێکهاتەیە دەکرێت. چۆن ئەوەمان باسکرد کە بەهەدەردانی سەرمایەی ماددی دەبێتە ناپاکی، بەهەمان شێوە خراپکردنی سەرمایەی مرۆییش لە خۆیدا گەورەترین تاوان و ناپاکییە. بڕوانە چۆن هێزی کاری بەرهەمهێن لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس و لەسەر دەستی فاشیزمی کوردی تێکڕا بوونە هێزی چەکدار و ڕووخێنەر. هێزی پێشمەرگە و سەربازی ئێمە ئەرکی سەرەکیان پارێزگاریی بوو لە سنوورێکی جوگرافی دیاریکراو کە کۆمەڵگایەکی تێدا دەژی، کاتێك ئەم هێزە لە بری پاراستنی نیشتمان دەبێتە هۆکار بۆ درووستکردنی مەترسی ناوخۆیی، بۆ درووستکردنی ئاشوب و کوشتار و ڕاوەدوونانی خەڵکی ئازادی خواز بێگومان هێزی دەسەڵاتدار لە بری دەسەڵاتێکی نیشتمانی دەبێتە دەسەڵاتێكی داگیرکەر.

 

تێبینی: وێنەی بەکار هاتوو، دەستکردی، هاوڕێ و هونەرمەندی خۆشەویست کاك قەیس عەلی - یە.


No comments:

Post a Comment