بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





04/09/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (١)

 



شیکردنەوەی وشەی دوژمن و تێگەیشتن لە سەرەتاکانی چەمکی دوژمنکاری

وشەی دوژمن، هەرکەس بە وردی لێی بڕاوانێت دەزانێت کە وشەیەکی لێکدراوە و لەهەردوو وشەی (دژ) هەروەها (من) پەیدا بووە. کاتێك پێکەوە لەم وشە لێکدراوە ورد دەبینەوە، دەزانین کە شتێك هەیە ئەویش منم و لایەنی کەم دژ بە (منێك) هەیە. لە زۆربەی کاتەکاندا وشەی من لەکەسی تاکەوە دەبێتە کەسی کۆ و نوێنەرایەتی ئێمە دەکات. واتە زۆر بە ئاسانی (من) دەبێتە (ئێمە). با جیاوازییەك بکەین لە نێوان من و ئێمەدا سەبارەت بەم چەمکە، زۆر بەسادەیی دەستەواژەی من (دوژمنێکم هەیە) جیاوازە لە دەستەواژەی (ئێمە دوژمنێکمان هەیە). لەکاتی دەربڕیندا بە دەستەواژەی دووهەم دەتوانین دەستەواژەی یەکەمیش لە خودی دەربڕینەکەمان بگرین، واتە کاتێك ئێمە دوژمنێکمان هەیە، دەکاتە منیش هەمان دوژمنم هەیە. بەڵام مەرج نییە دەستەواژەی یەکەم بتوانێت بەشەکانی دەستەواژەی دووهەم بە تەواوی لە خۆی بگرێت، واتە دەستەواژی دوژمنی من، لەزۆربەی بارەکاندا مەرج نییە دوژمنی ئێمە بێت. ئەم خۆجێیەتییەی هەردوو دەستەواژەکە، هەوێنێکی باش دەبێت بۆ پەرەگرافەکانی داهاتوومان تا بە هۆیەوە ناپاکی تایبەت و ناپاکی گشتی ڕوون بکەینەوە.

 دژ، لە خۆیدا نهێنی هەموو دوو پێکهاتەیەکی بووە! بە واتایەکی تر هیچ بوونێك ئاماددە نابێت ئەگەر دژەکەی نەبێت. بۆ ئەوەی سادەی بکەینەوە دەڵێین لەبەرامبەر ساردیدا گەرمی هەیە، لە بەرامبەر بەرزدا نزم هەیە...تاد. لە ژیاندا دژەکان بۆ یەکتری مەترسی لە ناوبردن و سڕینەوە درووستدەکەن، هەروەها دەبنە داینەمۆی سەرەکی بۆ گۆڕانکاری و یەکتر نوێکردنەوە. ئەم مەترسی درووستکردنە دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ ململانێ و ڕکابەری کە بەهۆیەوە هەموو هەبوویەك هەوڵی مانەوە و خۆپێشخستن دەدات ــ (هێرقلیتس، کارل مارکس). لە لای مرۆڤ دژ بوون، دژبوونە بە خواست و ئامانج یان دژبوونە بە دەستکەوت و بەش؟ واتە یان دژبوونێکە بە خواست لەمەڕ بەها و پێکهاتە ماددییەکان یان دژبوونێکە بە خواست لەمەڕ بەها ناماددییەکان. ئەم پرسیارە چەند گریمانەیەکمان بۆ درووستدەکات کە سەرچاوەکانیان بۆیەك سەرچاوە دەگەڕێنەوە. لە کۆدا ئەگەر پەلەمان نەکردبێت زۆر بە خێرایی دەگەینە دیدگای (ململانێ لە پێناوی مانەوەدا)ــ ماڵثۆس، داروین، والاس. بەڵام ئایا کام مانەوەیە؟ یان کام جۆرە لە مانەوە؟ بۆچی بوون تەنیا بوونێکی فیزیکییە؟ یان بوون و مانەوە وابەستەیە بە بوونێکی مەعنەویشەوە کە دەیسەلمێنێت بوونەوەر ئاماددەیە لە بووندا؟ ـ داتاشراوەیەك لە دەستەواژە مێژووییەکەی دیکارتەوە، "من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم".

 سەرباری ئەوەی مرۆڤ گیاندارێکە کۆئەندامی دەمار تێیدا ئاڵۆزترە لە گیاندارەکانی تر، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بۆ ژیانی خۆی و بەردەوامی پێدانی بەهەمان شێوەی گیاندارەکانی تر، ئەویش هەر لە سەرەتاوە پشت بە پێکهاتە ماددییەکان دەبەستێت. کەواتە (بوون و مانەوە) مانایەکی فراوانتری هەیە لە ململانێ لەسەر پێکهاتە ماددییەکان یان بە تەنیا بەسترانەوە بە بەها ناماددییەکانەوە. لەخۆیدا ڕاسترە بڵێین پێکهاتەیەکی ئاوێتەیە لەم دوانە، کە بێگومان لە کات و شوێندا ڕێژەکانی جیاوازن، هەروەها لە لای تاك و کۆمەڵگاکانیش ئەم پێکهاتانە ڕێژەکانیان دەگۆڕێن.

 کەواتە بۆ نزیکبوونەوە لە واتای دوژمنکاری دەتوانین ئاوا دەستپێبکەین: دوژمنکاری دەبێتە ئەو کاریگەریی و هێزەی کەوا دەکات کەسێك یان گرۆیەك نەگەن بە ئامانجەکانیان و زیان بە گوزەرانیان دەگەیەنێت. بەواتا گشتییەکەی، نەك ئاماددەییە فیزیکییەکەی، دوژمن لەدەرەوەی دەستەواژەی ئێمەیە (من)ـە، دوژمن ئەو کەس و هێز و پێکهاتە و/یان دیاردەیەیە کە دەتوانێت بەر بە ئامانجی ماددی و مەعنەوی من (ئێمە) بگرێت. لە چەقی ئەم تێگەیشتنەوە پرسیاری دوورترمان بۆ درووستدەبێت! بۆ ئەبێت ئێمە گرۆی جیاواز جیاواز یان تاکی جیاواز جیاواز بین؟ (مەبەست ئەوە نییە لە یەك بچین، چونکە بێگومان تا بەرەو وردەکارییەکان ڕۆبچین جیاوازییەکانمان قووڵدەبنەوە)، بەڵکو مەبەست ئەوەیە بۆ ناکرێت لەدەوری ئامانجە هاوبەشەکانمان کۆك بین و دەستکەوتە ماددییەکانیشمان بەش بکەین؟ (لە خۆیدا وەڵامی ئەم پرسیارە هێندە گرنگ نییە لەم باسەدا، بەڵکو ئەوەی گرنگە بزانین چۆن دوژمنکاری لێوە پەیدا دەبێت). ئەمە سەرەتایەکی حەتمییە بۆ پەیداکردنی دوژمنکاری، چونکە هەندێ لە ئامانجەکان دژ بەیەکن، هەندێكی زۆریش لە دەستکەوتەکان هەر وا بە ئاسانی توانای بەشکردنیان نییە، یان دەرناکەوێت کە بە ئاسانی توانای بەشکردنیان هەبێت، لایەنی کەم لە هەموو یەکەیەکی کات و شوێندا. ئەم دوو خاڵە دوانەیەکن لەو دوو دوانەیەی کە هۆکاری سەرەکین لە دامەزراندنی دوژمنکاریدا لە نێوان دوو کەس یان دوو گرۆی جیاوازدا.

 دوو دوانەی دووهەمی هۆکارەکان بەردەوام مانەوە و مەترسییەکانی کۆنترۆڵن؛ ئەم دوانەیە بەجۆرێك لە جۆرەکان داتاشراوەی دوانە هۆکاری یەکەمن. ئەمانیش دوو پانتایی تری هێنانە گۆڕی دوژمکارین. کاتێك مرۆڤ دەبێتە مەترسی بۆ سەر مرۆڤێکی تر بە هۆکاری ناوەڕۆکی ئەو پەرەگرافەی پێشوو (ماددە و ئامانج)، ئەوا مرۆڤ ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە لە بەردەوامیدا بەهۆی نەمانەوە، هەربۆیە پرۆسەکانی سڕینەوە و جینۆساید و زۆر شتی تریش پەیدا دەبن لە ناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. لەگەڵ ئەوەشدا خواستی مرۆڤ بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداو و چواردەوری خۆی، هەمیشە مەترسی لەسەر دەرەوەی خۆی پەیدا دەکات، مەترسی درووستکردنیش هەمیشە مەترسی بەرامبەر "مەترسی پێچەوانە" درووستدەکاتەوە و بەوجۆرە دوژمنکاری پەیدادەبێت یان ئەگەر پەیدابووبێت لە هۆکارەکانی پێشووەوە، ئەوا بەردەوامی زیاتری دەبێت. کەواتە تەنیا ئامانجە ماددی و ناماددییەکان لە ئەنجامی بەشنەکردنیاندا دوژمنکاری درووست ناکەن، بەڵکو خواستی مانەوە و ئارەزووی کۆنترۆڵ فۆبیای مەترسی و هەڕەشەی سڕینەوەی هەمیشەیی پێڕێکی ترن کە چەکەرەی هەموو دوژمنکارییەك ئاودەدەن. بەڵێ، بۆ ئەوەی دوژمن دیاری بکەین لەچاوگێکی ئەنترۆمۆرفیکی مەترسییەوە ئەبێت کۆنترۆڵمان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی ئازایەتی و تواناییمان هەبێت ئەو دوژمنە دیاریبکەین. ئەمە تەواو وابەستەیە بە نادڵنیاییەکەوە کە بەرهەمی دوودڵییە (Becker, 1969). هەر ئەمەشە وا دەکات سیستەمێك کە زادەی لەبەرگرتنەوەی خودی تاکەکەسی مرۆڤە، بەبێ دوژمن نەژی. ئەگەر سیستەمێك دوژمنێکی ڕاستینەی دیاریکراویشی نەبێت ناچارە بۆخۆی درووستی بکات تا هەست بە بەردەوامی خۆی بکات. هەروەها ئەمەش وا دەکات کە بە ناچاریی مرۆڤ تواناییەکانی کۆنترۆڵکردنی خۆی زیاد بکات بۆ ئەوەی لە دەست مەترسییەکانی نەمان خۆی قورتار بکات.

 هیچ مرۆڤێك، یان (ڕژێمێك) سیستەمێك بە بێ دوژمن ناژی! چونکە کاتێك دوژمن نامێنێت ئەوە ئەو کاتانەیە کە مەترسی نامێنێت! ئەگەر مەترسی نەما واتە مانەوەی بەردەوام مستۆگەربووە! ئەمەش ناکرێت، چونکە ئەگەر تەنانەت مەرگی ئاساییش بێت مرڤ دەکەوێتەوە بەردەم مەترسی، یان تەنیا لە هەندێ دەگمەنی دەستکرد و سروشتی بڕوانە. کەواتە تاك، گرۆ و سیستەمەکان بۆ ئەوەی هەبن دەبێت (دژ) دوژمنیان هەبێت، ئەگەر دوژمنیشیان نەبوو دەبێت دانەیەك درووست بکەن. بەڵام باشترین دۆخی مرۆڤ بوون ئەوەیە کە بتوانێت دوژمنی ڕاستینە و ڕەوا بناسێت پاشان بە پێی سەرەکی بوونیان ڕیزبەندیان بکات و پشت بە بشتی دژایەتیکردنی ئەو دوژمنە بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات، ئەم دەستەواژەیە بۆ کۆی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگایەك و گرۆیەك و تەنانەت تاکە کەسێکیش ڕاست دەردەچێت.

 دوژمنی ڕاستینە هەمیشە ئەو دوژمنەیە کە مەترسی ڕاستەوخۆتر بۆ سەرژیانمان درووستدەکات، بەها مرۆیی و بەرزەکانمان دەخاتە بەردەم لەکەداربوون یان لەناوچوونەوە. دوژمنی ڕاستینە ئەو هێز و دیاردە و کەس و تاقم و باندانەن کە بەردەوام تواناییەکانمان لاواز دەکەن و هەژموونی خۆیان بەسەرماندا دەسەپێنن، بەجۆرێك ئێمە هیچ کۆنترۆڵێکمان بۆ ژیانی ئێستە و داهاتوومان نابێت و ئەوان دەتوانن پێمان بڵێن ئێمە دەتوانین بژین یان نەژین. دوژمنی ڕاستینە ڕیزبەندییەکەی بە پێی ئەو مەترسیانەیە کە لە هەرەمەکەی ماسلۆدا هاتوون. ئەگەر دوو هێز یان دوو گرۆ ببنە جێی مەترسی بۆ ئێمە ئەوا کامیان سەرەکین و کامیان دەبنە لاوەکی؟ یان لەساتەوەختی دوژمنکاریدا دەبێت یەکەمجار بەرەوڕووی کامیان بوەستیینەوە؟ بە پێی ڕیزبەندییەکەی ماسلۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشە بۆ سەر بوون و ئاسایشمان درووستدەکات ئەوە یەکەمین دوژمنە. پاشان ئەوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و پێویستییە بنەڕەتییەکانمان دادەنێت ئەوە لە دوژمنە سەرەکییەکانمانن. ئەگەر مرۆڤ یەکەمین جار بەرەوڕووی دوژمنی سەرەکی و ڕاستینە نەبێتەوە و تەنیا بۆ سەلماندنی بوونی خۆی دوژمنێك لە خەیاڵەوە بێنەتە ئاراوە، جگە لە کاولکاری و ناشیرینی بۆ ژیان چی دی لێ بەرهەم نایەت. ئەو دوژمنە درووستکراوانە هەمیشە لە ئاسانترین بۆنەدا بەتاڵ دەبنەوە، یان بە هیچەوە خەریکمان دەکەن. ئەشێ ڕووبدات کە لەبری دوژمن دۆستیش بن. بەرەنگار بوونەوەی دوژمنی سەرەکی و ڕاستینەش بەرەوپێشمان دەبات و ئەو دۆخەمان پێ دەگۆڕێت کە لە باری نا ئارامی و ناجێگیریدا دەمانژێنێت. هەرکاتێك ئێمە کەوتینە هەڵەوە لە دەستنیشانکردنی دوژمندا، ئەشێ بە شێکی زۆر لە ژیان و مێژوو بدۆڕێنین، چونکە بەرەوڕووبوونەوەی دوژمنی خەیاڵی و دوژمنی نا واقعی، بەڵام دوژمنێك کە بتوانرێت دوابخرێت و ئێمە بیکەینە پێشینەی دوژمنەکانەوە، ئەوا لەلایەك وزەمان بە فیڕۆدەدات لە لایەکی ترەوە دەرفەت و کاتی زیاتر دەبەخشێتە دوژمنە سەرەکیی و ڕاستینەکانمان و ژمارەشیان زۆرت دەکات.

ئێمە پێشتر باسمان لە دژایەتی نێوان دژەکان کرد، هەروەها باسمانکرد کە داینەمۆی ڕاستینەی گۆڕانکاریین و بەبێ ئاماددەیی دژەکان بوون ئامادە نابێت. بۆ ئەوەی دژەکان کاریگەری خۆیان هەبێت و بتوانن ئامادەبن، ناچارن هێزی پێویستیان بۆ دژایەتیکردن هەبێت. هەر دژێك هێزی پێویستی لە دەستچوو ئەوا دژایەتی بەردەوام نابێت لە نێوان دوو دژدا، ئەمە هەردوو دژەکە دەخاتە بەردەم مەترسی لە ناوچوون. زیرەکی سیستەمەکان لەوەدایە ئەم دژایەتییە لە نێوان سیستەم و ناسیستەمدا بەشێوەیەکی ئەرێنی گەشە پێبدەن، ئەوەش ئەوکاتانەیە کە دژایەتی تێدا دەگۆڕێت بۆ ڕکابەری ئەرێنی، و لە ڕێگای شێوازێکی دیاریکراوەوە ئەم ڕکابەرییە هەردوو هێزە دژەکە ڕادەگرێت و گەشەیان پێدەدات. کەواتە هێزە دژەکان کاتێك دەتوانن پەرە بە خۆیان و بەرامبەر بدەن ئەگەر توانیان هاوسەنگییەك بپارێزن هەروەها پەراوێزی لادانیش لەو هاوسەنگییە سنووری دیاریکراوی گۆڕانکاری نەبەزێنێت.

 هاوسەنگییەك هەیە لە نێوان من (ئێمە) و دوژمندا، ئەو هاوسەنگە گوڕ بە ژیان دەدات کە بچێتە پێش. هەر کات ئەو هاوسەنگییە تێكچوو گوڕی گۆڕانکاری و پێشەوەچوون بۆ ژیان نامێنیت. مرۆڤ دەتوانێت ژیان دروستبکات و بەرەوپێشی بەرێت، بەتایبەت کاتێك تێدەکۆشت دژ بە دوژمنەکەی، ئەشێت ئەو دوژمنە نەبوونی بێت، ڤایرۆسێك یان سیستەمێکی حوکمڕانی بێت...تاد، هەرچییەك بوون و ئامانج بخاتە مەترسییەوە، هەرجۆرێکی مەترسی دروستبکات یان کۆنترۆڵمان بۆ ژیان کەمبکاتەوە دەبێتە دوژمن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە دوو هێز هەن دژ بە یەك دەجەنگن و ئەو جەنگینە دەیانباتە پێش. ئەگەر لایەك لە لاکانی ئەم هاوسەنگییە زۆر زاڵبوو بەسەر لاکەی تری هاوسەنگیدا، ئەوا دژایەتی نامێنێت و چوونە پێش لەو ئاراستەیەدا دەوەستێت، تا ئەو جێگایەی دوژمنێکی نوێ پەیدا دەبێت، ئەگەرنا ئەوا دەبێت دروستبکرێت بۆ ئەوەی چوونەپێش بەردەوام بێت. مرۆڤ ئەگەر مەترسییەکانی سەری زیادیانکرد و تای هێزی زۆر لە دژی کەوتەوە، توانایی جەنگینی نامێنێت لە بری ئەوە سێ تا چوار میکانیزمی تر هەن دەیانگرێتە بەر بۆ ئەوەی خۆی لە مەترسییەکان قورتار بکات. ئەو میکانزیمانە؛ هەڵاتن، خۆ بە دەستەوەدان و چوونە پاڵ دوژمنن یان متبوون و خۆشاردنەوەن؛ کە ئەمەی دواییان زۆر درێژە ناکێشێت.

 باسمان لە دوژمنی سەرەکی و/یان ڕاستینە کرد، بۆ ناسینی ئەم دوژمنە تێگەیشتن و دونیابینی پێویستن. ئەگەر مرۆڤ هۆشیارییەکی باشی بە ئامانج و خواستەکانی خۆی و بەرامبەرەکانی نەبێت، ئەوا ناتوانێت کۆی ئەو هەڕەشانە بناسێت کە دەبنە لەمپەڕ لەبەردەم ئامانجەکانیدا، یان بە کورتی بە ئاسانی ناتوانێت دوژمن دیاری بکات و بزانێت لەگەڵ چ مەترسییەکدا ڕووبەڕووە. هۆش و ژیریی و بەهرەمەندی پێویستن بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەو تواناییەی تێدا هەبێت، کە هەریەك لەم پێویستییانە لە ڕێگای پەروەردە و گۆشکردن و ڕاهێنان و ئەزموونەوە زیاد دەکەن. ئێمە بۆ ئەوەی بەئاسانی بەسەر دوژمندا یان بەرەی دوژمنکاردا سەرکەوتن بەدەستبهێنین جگە لە لاوازکردنی توانا ماددییەکان و توانایی و هەژموونی کۆنترۆڵکردن، دوو خاڵی تر گرنگن کە بە ئاسانی دەتوانین مل بە دوژمنەکانمان کەچ بکەین؛ ئەوانەش: یەکەم؛ بەهەڵەدابردن و کەمکردنەوەی تێگەیشتنیانە لە دوژمنی سەرەکی خۆیان. دووهەم؛ دڵنیاکردنیانە لە نەبوونی مەترسی و هیوا هەڵچنین لەسەر هەڵەتاو (وهم). بەم جۆرە بە ئاسانی دەتوانین ڕێگە لە هەموو دوژمنێك بگرین بتوانێت بگاتە ئامانجەکانی خۆی. وەك ئەوەی بە ڕێگای ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێمەدا کراوە.

 لە کۆمەڵگای کوردستاندا دوو پرۆسە زۆر بەباشی پێڕەوکراون؛ لە لاوازکردنی توانایی ماددی خەڵك و لاوازکردنی توانای تێگەیشتن و دونیابینیمان. ئەم دوو پرۆسەیە، توانیویانە ماتەوزەی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن خامۆشبکەن هەروەها توانیویانە تاکی کۆمەڵگا بە هەڵەدابەرن لە ناسینی دوژمنی سەرەکی و ڕاستینەی خۆیاندا. بۆیە زۆر بەسانایی دەبینین تاك دەبێتە تاکێکی ناکارای بێکاریگەریی کە ناتوانێت لە لایەك خۆی بەرەوپێش بەرێت، لەلایەکی تریشەوە ناتوانێت بەرەوڕووی هیچ بێدادییەك یان مەترسییەك بوەستێتەوە کە بەرامبەری ئەنجامدەدرێت و تەنانەت کە بە سروشتیش دێنە بەردەمی. لە زۆربەی جارەکاندا مەترسییەکان لە توانایی تاك گەورەترن هەر بۆیە چ لەسەرەتاکانی ژیانەوە چ لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانیشدا مرۆڤ ناچاربووە لە چوارچێوەی کۆمەڵدا بەرەوڕوویان ببێتەوە، هەر چالاکییەکی لەو جۆرەش پەنای پێدەباتە بەر دامەزراندنی سیستەمێك بۆ بەرەوڕووبوونەوەی مەترسییە کوتوپڕەکان و پێشبینیکراوەکان. کێشەی گەورە لەوەدایە ئەگەر تاك تێکشێکنرا ئەوا سیستەم کارناکات، یان ئەگەر سیستەم نەبوو تاك چەند بە هێز بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا ناتوانێت بەر بە مەترسییە گەورەکان بگرێت. خەسڵەتی سیستەمیش بەوجۆرەیە کە هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە جیاوازەکاندا دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی گەورەتر.

 لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا کە ڕژێمی سەرمایەداری تێیاندا لە ئاڵۆزترین تواناییەکانیدایە، سیستەم ئەگەرچی توانایی تاك و کۆنترۆڵی تاكی بەسەر پرسەکانی ژیان و دوژمنە ڕاستینەکانیاندا لاوازکردوە، بەڵام لە ڕێگای خۆیەوە پارێزگاری لە کۆی ئەو هەڕەشانە دەکات کە ڕووبەڕووی ئەو تاکانە دەبێتەوە کە ملیان بە کۆی ڕژێمەکەداوە. لە کۆمەڵگاکانی نیوەگۆی دووهەمدا بە گشتی و لە کۆمەڵگایەکی وەك کوردستاندا بە تایبەتی لەسایەی پاشکۆیەتی بۆ ڕژێمی سەرمایەدارییەوە، کە بەچەند بریکارییەکدا دەڕوات، تاك تا دوا ئەندازە لەسەر ئاستی ماددی و مەعنەوی و ئیرادە و پێشبینییەوە تەواو لاوازکراوە! لە هەمان کاتدا لە جێگەیدا ڕژێمێکیش نییە بتوانێت بەرگەی مەترسییە دەرەکییەکان بگرێت و ڕووبەڕوویان ببێتەوە. جگە لەوەش ئەوەی وەك سیستەم خۆی پێناسەدەکات بە هەموو شێوەیەك ملیداوە بە مەترسییەکان و لە خۆیدا بووەتە گەورەترین مەترسی سەرەکی بەسەر پرسی تاك و بەردەوامی کۆمەڵگاوە. ئەمە هۆکارە بۆئەوەی تاكێك لە کۆمەڵگای کوردستاندا بچێتە دۆخی سڕبوونەوە چونکە تاکە ڕێگایە لەم دۆخەدا کە لاواز بتوانێت خۆی لە مەترسییەکانی دوژمنکاری پێ قورتار بکات. وەك ئەو سەربازە بریندارەی لەشکستی بەرەکانی جەنگەوە خۆی دەکاتە مردوو تا سووپای دووژمن بە ئاسانی بەسەریدا تێپەڕن و نادیدەی بکەن.

 دەرئەنجامی ئەم گۆشە نیگایە ئەوەیە کە هاندەری سەرەکی بۆ مانەوە و گەیشتن بە ئامانجەکان وا دەکات هەرشتێك مەترسی درووست بکات بۆ سەریەکێك لە بوونەکانمان (بوونی ماددی و ناماددی)، ئێمە وەك دوژمن لێی بڕوانین و مامەڵەی هەڕەشەی لەگەڵدا بکەین. بەهەمان شێوە؛ کاتێك مەترسییەك بۆ سەر توانایی کۆنترۆڵکردنیشمان درووست دەبێت، ڕەگ و ڕیشەی ڕق و توڕەیی لە ناخماندا دەبێت سەرهەڵبدات، چونکە کەمبوونەوەی کۆنترۆڵ یان نەمانی کۆنترۆڵ لە ژیاندا، سەرچاوەیەکی گەورەی ترە بۆ درووستکردنی مەترسی لەسەر بوونەکانمان. دواجار ڕق و بەتایبەتی ڕقی ژیرانە، ئەو سەرچاوە بە پیتەیە کە لە هەست و نەستماندا شوناسێکی ڕاستینەی دوژمنی سەرەکی و دوژمنی ڕاستینە لەلایەك ئاشکرا دەکات و لەلایەکیش تێبینی و ئاگاییمان لەسەری دەپارێزێت.

ئەنترۆمۆرفیکی: تێڕوانین یان جۆرە شیکردنەوەیەکە کە لە شێوە و خەسڵەتی مرۆڤبوون دەڕوانێت.

No comments:

Post a Comment