بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





18/09/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٢)

 


ناپاکی تایبەت و  ناپاکی گشتی

ناپاکی یەکێکە لەو چەمکە پڕ لە ناڕۆشنیانەی کە بە سادەیی پێناسە دەکرێت، بەڵام زۆر بەئاڵۆزی خودی ناپاکیمان بۆ دیاریدەکرێت و بۆمان جیادەکرێتەوە لە کردەوەکانی تری وەك؛ هەڵە، تاوان، گوناهـ. لە پێناو گەیشتن بە تێگەیشتنێکی باشدا، پێویستمان بەو پرسانە هەیە کە پەیوەندیدارن بە ناپاکییەوە، هەتا کەمێك بنکۆڵیان بکەین. لە گرنگترینی ئەو پرسانە: سەرمایەی کۆمەڵایەتی، متمانە، بەها، پەیوەندییەکان...تاد، ئەمانەش هەموو دواتر دەگەڕێینەوە بۆ لایان. باشترین پێناسەی زانستی سادە دەڵێت: "مەبەست لە ناپاکی ئەوەیە لایەنێك لە لایەنەکانی پەیوەندییەك بەجۆرێك ڕەفتار بکات بەرژەوەندی و قازانجی خۆی بپارێزێت و بەرەوپێشیان بەرێت بەڕێگای مەترسی خستنە سەر بەرژەوەندیی و قازانجەکانی لایەنەکەی تری پەیوەندییەکە". جولیا فیتنێس[1]/زانکۆی ماکوایەری. ئەم پێناسەیەی جولیا، زۆر سادە و ڕاستەوخۆ و بێ گرێیە، بەڵام وردەکاری بابەتەکە لەم پێناسانەوە ئاوی دڵ نادەن وەك پێویست. بۆیە دەسپێکی ئەم باسە بەر لە پێناسەیەکی ورد بە چوار چەمکی پەیوەندیدار دەستپێدەکەین و بە پێکەوەیی ڕوونیان دەکەینەوە، کە هەریەکەیان ئەگەر بە تەنیا باسیان بکەین، لەوانەیە ژمارەیەك لق و پۆپی لێ ببێتەوە، ئەوانەش: تاك، پەیوەندییەکانی تاك، ئەو یاسایانەی پەیوەندییەکان ڕێکدەخەن هەروەها پێشبینییەکان. بەو هیوایەی لە ڕێگەیانەوە بتوانین بگەینە پێناسەیەکی فراوانتر.

 ژمارەی ئەو تاکانەی بە تەنیا دەژین و لە مێژوودا بە تەنیا ژیاون بەواتای دابڕانی تەواویان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر زۆر کەمن و بە باری تایبەت و هەندێ جار بە نمونەیی هەژماردەکرێن. تەنانەت ئەو تاکانەش کە تەریك دەکەون و بە تەنیا دەژین جۆرێك لە پەیوەندیان لەگەڵ خۆیاندا هەیە. لەگەڵ ئاڵۆزبوونی کۆمەڵگا و گەیشتنی بە ئاستێك لە تایبەتمەند بوون ژینگەیەك بۆ تاك درووستدەبێت تەنانەت لەگەڵ خودی خۆشیدا بە تەنیا نامێنێتەوە. واتە مرۆڤێك لە ناخی خۆیدا زیاتر لە مرۆڤێكی هەیە، ئەمەش کۆمەڵێك بۆند و پەیوەندی ناوەکی بۆ کەسێتییەکانی ناوەوەی ئێمە درووستدەکات. زۆرجار بیستوومانە و خوێندوومانەتەوە کە عەلی وەردی، کۆمەڵناسی ناوداری ئێراقی، کەسایەتی هاوڵاتی ئێراقی بە کەسایەتییەکی جووتەکی (مزدوج) هەژماردەکات و ڕەخنە دەگرێت لەوەی کە تاك لە ئێراقدا خۆی نییە و هەمیشە تەمسیلی دوو تاك دەکات لەناخی مرۆڤێکدا. لە ڕاستیدا ئەمە بە تەنیا کۆمەڵگای ئێراقی ناگرێتەوە، بەڵکو لەسەرتاسەری ژیاندا مرۆڤ هەمیشە زیاترە لەیەك کەسایەتی لە ناخی هەمان جەستەدا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی خواستی مرۆڤ لە چاو ئەوەی دەتوانێت بە ئەنجامی بگەیەنێت[2]. لە کۆمەڵگاییەکدا کە مرۆڤ وابەستەیە بە کولتوور و نۆرم و بەهاکانی خاوەندارێتییەوە، ئەوکات لە نێوان توانا ئابووری و کەسییەکانی خۆی و سەپێنراوەکانی سەر کۆمەڵگاکەی هەمیشە دەکەوێتە دوو ڕێیانەوە و ئەگەر زیاتر نەبێت لایەنی کەم دوو کەسێتی بۆ درووستدەبێت. کە بەزۆریی یەکێك لەو کەسێتییانە شاراوەن و ئەوەی تریان زیاتر دەردەکەوێت لە یەکەی کات و بە پێی جێکەوت.

 لە کۆمەڵگا ئازادترەکاندا ئەم دوو کەسایەتییەی هەمان مرۆڤ کەمێك سەربەستترن و هەریەکەیان کە دەردەکەون، نابنە مایەی شەرمەزاری بۆ کەسایەتییە فیزیکییەکە. بەڵام لە کۆمەڵگا سەرکوتکراوەکاندا بەها باوەکان لە بەها تایبەتەکان زۆر جیاوازترن و بە هۆی سەرکوتکردنەوە هەموو ئارەزوویەکی تاکەکەسی دەبێتە مایەی شەرم بۆ کەسێتییە فیزیکییەکە[3].

 تاك کاتێك لە پەیوەندیدایە لەگەڵخۆیدا هەمیشە کۆمەڵێك خەیاڵ و ئاوات و ئاسۆی بۆ خۆی هەیە، بەڵام ئایا چەندێك لەم خەیاڵانەی لە ژیاندا بەرجەستەدەکات! بێگومان مەرج نییە هەموویان بتوانێت. ئایا ئەو تواناییە ئابووری و فیزیکی و هزرییانەی مرۆڤ هەیەتی بەشی خەیاڵەکانی دەکەن؟ مرۆڤ هەیە، ئەو داکەوتە (واقع)ـە بەیان ناکات کە ناتوانێت بە هەموو خەیاڵەکانی بگات، بۆیە دەیەوێت هەر بگاتە خەیاڵەکانی خۆی هەرچەندێکیان تێبچێت. بۆ ئەوەی بگەینە خەیاڵەکانمان وزە و توانا و توانای ئابووری بەس نییە، بەڵکو کار و ڕێکخستن و کۆمەڵێك دیسپلینی دەوێت کە ئێمە لە گەڵ خۆماندا جێ بەجێیان بکەین. زۆرجار هەیە ئەم کارکردن و ڕێکخستنە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا دەیکاتە یاسا، مرج نییە نووسراو بێت! بۆ نمونە خوێندکارێك بۆ ئەوەی لە پۆلێکی خوێندندا سەرکەوتوو بێت و بە نمرەی خەیاڵی خۆی بگات، بۆخۆی دەکاتە یاسا کە ڕۆژانە دوو کاتژمێر بە ڕێكوپێکی کۆشەش بکات. جار هەیە مرۆڤ ئەنجامی هێز و ڕێگرییەکی دەرەکی (وەك نەخۆشی) ناتوانێت پەیمانەکانی بەرێتەسەر کە بەخۆی داون و یاساکانی ڕێکخستنی ژیان و کاری خۆی دەشکێنێت. زۆرجاریش بەهۆی کەمتەرخەمی و گێلی و تەمەڵی و ...تاد یەوە کە دەستکردی خودی خۆین ناگاتە ئامانجەکانی. ئەمەی دووهەمیان یەکەم هەنگاوە بۆ ئەنجامدانی ناپاکی تایبەتی خۆبەخۆ! کە زۆرجار دەشێت ئەم ناپاکییە درێژببێتەوە بۆ ناپاکی تایبەتی خۆبەدەریش، هەروەها ناپاکی گشتیش. یەکەم ترازانی تاك بەرەو ناپاکی لە نێوان مرۆڤ خۆی و خودی خۆیدا درووستدەبێت، بەتایبەت کاتێك یاساکانی ئەو پەیوەندییە دەشکێنێت کە لە نێوان خۆی و خودی خۆیدا هەیەتی. ئەنجامی ئەم یاسا شکێنییە  لە خەیاڵی خۆمان و پێشبینییەکانمان دووردەکەوینەوە. لێرەوە دەردەکەوێت کە ناپاکی شکاندنی ئەو یاسایانەیە کە لە پەیوەندییەکانمانەوە درووستبوون و پەیوەندییەکانمانی ڕێکخستوە، بە هۆیەوە ئەوەی پێشبینیمان کردبوو لە داهاتوودا بەدەست بێت، بەهۆی ناپاکییەوە (شکاندنی یاساکانی پەیوەندییەوە) بەدەست نایەت. کەواتە ئەوەی خۆمان بۆ ئاماددە کردبوو ڕوونادات. ئەنجامی ئەمەش زیانی جیاواز جیاوازمان پێدەگات چ لە ڕووی فیزیکییەوە چ لە ڕووی دەروونییەوە، هەروەها ناپاکی زیانی گەورە دەگەیەنێت بە پرسە ستراتیژییەکانی داهاتووشمان کە زۆرجار بازنەی بەرژەوەندییەکانی تاك دەبڕێت، دواتر لە جۆرەکانی دەکۆڵینەوە.

 هەر هەمان یاسای پەیوەندی لە نێوان دوو کەسیشدا درووستدەبێت کە لەگەڵ یەکتردا و نزیك لە یەك لە پەیوەندییەکدا دەبن و ئەنجامی شکاندنی ئەو یاسایانە، ناپاکی تایبەتی خۆبەدەر درووستدەبێت، ئەوەش ناپاکییەکە کە کەسێك بەرامبەر بە کەسێکی تری دەکات. شکاندنی یاساکانی ناو پەیوەندییەك، وەك باسمانکردوون، دەکرێت بەهۆی هێزێکی دەرەکییەوە بن، دەکرێت بە هۆی هەڵەوە بن یان دەکرێت بەهۆی کردەیەکی تاوانکارانەی بێ مەبەستەوە بن ، ئەمانەش ناونانرێن ناپاکی. بەڵام هەرکات بەهۆی کەمتەرخەمی و خەمساردییەوە بوون یان بە مەبەست ئەنجامدران لە پێناوی چێژێك یان دەستکەوت و قازانجێکی ماددی و مەعنەویدا و ئەنجامی زیانگەیاندن بە لایەنی بەرامبەر لە پەیوەندییەکدا درووستبوون، ئەو کات پێناسەی ناپاکی دەیانگرێتەوە.

 تاك دابڕاو نییە لە کۆمەڵگا، لە هەندێك باری زۆر دەگمەن و تایبەتدا نەبێت. ئەنجامی ژیانی بە کۆمەڵ، ژمارەیەکی زۆر بەرپرسیارێتی گشتیمان بۆ درووستدەبێت. هەموو ئەم بەرپرسیارێتییانە لە چوارچێوەی یاسای نووسراو و نەنووسراودا داڕێژراون و بەگشتی دەیانزانین. ئەم بەرپرسیارێتییانە لە خۆیاندا دەبنە یاسا بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاك و کۆمەڵ، بۆیە جارێکی تریش هەر شکاندنێك بۆ ئەو یاسایانە دەبێتەوە بە ناپاکی ئەگەر لە چوارچێوەی مەبەست و کەمتەرخەمیدا ئەنجامبدرێن.  بەم جۆرەش لە ناپاکی دەوترێت ناپاکی گشتی، بۆ نمونە؛ فرۆشتن و ئاودیوکردنی شۆفڵ بۆ ئێران لە سەردەمی ڕاپەڕیندا ناپاکییەکی گشتی بوو ئەگەر تاکەکەس پێی هەستابێت یان لایەنێکی سیاسی. هەروەها ئەمڕۆ کە نەوت تاڵانفرۆش دەکرێت، بەهەرجۆرێك بەشداری لە پرۆسەکانیدا بکەین، بەشداریکردنە لە ناپاکییەکی گشتیدا. لە ڕووی ناوەڕۆکی ناپاکییەوە، ئەم کارانە هیچیان جیاواز نییە لەگەڵ ناپاکییەکانی خۆفرۆشێك کە دەچێت ئاگایی دەدا بە ڕژێمێکی ستەمکار و بە هۆیەوە کەسێکی شۆڕشگێڕ بە گرتن و کوشتن دەدات، کە داکۆکی لە مافەکانی کۆمەڵگاکەی دەکات بەو ناپاکەشەوە.

 کەواتە، لە ڕووی پێناسەوە دەگەینە ئەوەی، بۆ ناسینی ناپاکی، پێویستمان بە ناسینی یاساکانی پەیوەندییەکە هەیە. ئینجا لەوێوە کاتێك شکاندنی یاساکانی پەیوەندییەك بە مەبەست یان ئەنجامی خەمساردی دەبێتە هۆی چنینەوەی سوود و قازانجی ماددی و/یان مەعنەوی بۆ لایەك لە لاکانی پەیوەندییەکە لەسەر حسابی لاکەی تر، ئەمەش ناپاکییە. ناپاکی ئەشێ لە کەسێك ڕووبدات بەرامبەر بە خۆی، بەرامبەر بە کەسێکی تر (تاکێك) یان بەرامبەر بە گرۆ و کۆمەڵێك، کۆمەڵەکان تەنانەت دەکرێت بە ئەندازەیەك فراوان ببینرێت تا دەگاتە هەموو جیهان. واتە ناپاکی دەکرێت لە کردەیەکی چکۆلەدا ناپاکییەك بێت بەرامبەر بە هەموو جیهان بکرێت. بۆ نمونە، پیسکردنی ژینگە لە جێگایەك، پیسکردنی ژینگەی هەموو جیهانە، چونکە کاریگەرییەکان دوورمەوداتر دەڕۆن لە زیان گەیاندن بە جێگەیەکی دیاریکراو.

 ناپاکی دەتوانێت بەچەندین جۆر پۆلێن بکرێت، یەکێك لەوانە پۆلێن دەکرێتە سەر دوو جۆری سەرەکی، ناپاکی گشتی کەبەرامبەر بە کەسێك زیاتر دەکرێت، هەروەها ناپاکی تایبەت کە لە نێوان دوو کەسدا ڕوودەدات. ناپاکی تایبەتیش دابەش دەبێتەوە بە دوو بەشەوە خۆبەخۆ هەروەها خۆبەدەر. ناپاکی خۆبەخۆ هەموو ئەو ناپاکییانەیە کە مرۆڤ خۆی بەرامبەر بە کەسێتی خۆی ئەنجامیان دەدات و گەورەترین زیانیش ئەوەیە کە متمانە بەخۆ لە دەستدەدات، هەروەها خۆبەدەریش ئەوانەن کە بەرامبەر بە کەسێکی دەرەکی ڕوودەدەن. 

 جۆری دووهەم بۆ پۆلێنی ناپاکی، پشت بە تێگەیشتن دەبەستێت، ئایا تێگەیشتنمان بۆ ناپاکی لەسەر ئاستێکی فراوانە یان ناپاکی وەك دۆخ و ڕووداوێکی تایبەتی دیاریکراو دەبینین. تێگەیشتنی فراوان بۆ ناپاکی، لە هەموو جۆرەکانی پەیمانشکێنی و یاساشکێنی دەڕوانێت تا بزانرێت ئایا بە مەبەست ئەنجامدراوە یان ئەنجامی خەمساردی ڕوویداوە کە هەردوو بارەکە وەك ناپاکی لێی دەڕوانرێت بەڵام بە ئاستی جیاواز. ئەو ناپاکییەی بە مەبەست ڕوودەدات دەچێتە خانەی ناپاکی گەورەوە جا لە هەر جۆرێكی ناپاکی بێت تایبەت یان گشتی. بەڵام ئەو ناپاکییانەی ئەنجامی خەمساردی ڕوودەدەن بە ناپاکی ئاسایی هەژمار دەکرێن. خۆ ئەگەر بە هۆی هەڵەیەکەوە بووبێت یان گوناهـێك بووبێت ئەوا جیاوازە. ئەم تێگەیشتنە بەرفراوانە بۆ ناپاکی لە وڵاتە کارگێڕی ئاڵۆز و پڕ لە بیرۆکراسییەکاندا زۆر بەوردەکارییەوە لێی دەڕوانرێت و بەدوای هۆکارەکانیدا دەگەڕێن. لە هەندێ وڵاتیشدا سزادان و لێپێچینەوە بوونەتە بەشێك لە کولتووری کارگێڕی و سیاسی وەك یابان و کۆریاکان و چین بۆ نمونە. ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکان و دامەزراوە دەوڵەتییە تۆکمەکانیش زۆر بەوردی لە خەمساردی و کەمتەرخەمیان کۆڵیوەتەوە و ئەگەر بە ناپاکیش نەیانناساندبێت هێشتا سزای زۆریان لەسەر داناوە. جۆری دووهەم لە پۆلێنەکەمان تێڕوانینە لە ناپاکی وەك دۆخێكی تایبەت، ئەم جۆرەیان بە دیاریکراوی لە یاساکاندا دیاریکراوە، وەك ناپاکی لە نیشتمان، ناپاکی لە سپاردەیەك (خیانة الأمانة) یان لە ناپاکییە باوەکان وەك ئەوەی پێی دەڵێن: "ناپاکی هاوسەرگیری".

 پۆلێنی سێیەم بۆ ناپاکی، بە پێی بنەمای جێکەوتی دامەزراوەیی لە ناپاکی دەڕوانێت. بەوجۆرەش ناپاکی دابەش دەکاتە سەر: ناپاکی تایبەت، ناپاکی کۆمەڵایەتی، ناپاکی بازاڕ، ناپاکی پەروەردەیی و ئەکادیمی، ناپاکی دامەزراوە ئاسایش پارێزەکان، ناپاکی دامەزراوە یاساییەکان، هەروەها ناپاکی دامەزراوە تەندروستییەکان. بۆ ڕوونکردنەوەیان هەندێك نمونە لەوانە باس دەکەین: ناپاکی کۆمەڵایەتی هەموو ئەو ناپاکیانە دەگرێتەوە کە لە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوودەدەن، وەك خێزان، هاوڕێ، خزم، یانە و چالاکییە بە کۆمەڵەکان. فێڵکردن لە بەرهەمە پیشەسازی، کشتوکاڵی، بازرگانی یان خزمەتگوزارییەکان ناپاکییەکی بازاڕە. بۆ نمونە چێشتخانەیەك برنجی چینی بە برنجی کوردی دەفرۆشێت، یان بازرگانێك لە تورکیاوە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو هاوردە دەکات و بەروارەکەی دەگۆڕێت. یان دەبینین خوێندکار دەچێتە زانکۆ بۆ ئەوەی پسپۆڕ ببێت لەبەرامبەردا پاش چەندساڵێك لە خوێندن و بارگرانی هیچ فێرنابێت و بڕوانامەکەشی پێدەدەرێت. خوێندکار دەچێت لە خوێندنگەیەکدا زانست فێرببێت کەچی لەلایەن خوێندنگەکەیەوە بازرگانی سێکسی پێوەدەکرێت لەگەڵ بەرپرسەکانی ئەو وڵاتەدا، ئەمانەش ناپاکی پەروەردەیی و ئەکادیمین. نمونەیەکی تر ئەوەیە: دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش لەبری سەروماڵی هاوڵاتیان بەرژەوەندی تاڵانچی و دزەکان دەپارێزن..تاد. یان لە خاڵێکی سنوورییەوە ماددەی قەدەغەکراوی وەك ماددە هۆشبەرەکان یان تەقەمەنی نایاسایی ئاودیوی سنوورەکانی کۆمەڵگایەك دەکەن. نا پاکی لە دامەزراوە یاساییەکانیشدا ڕوودەدەن! وەك، شاردنەوەی بکوژی ڕۆژنامەنووسە ئازادەکان، یان درووستکردنی بارگرانی یاسایی بۆ نەیارە سیاسییەکانی دەسەڵات، فێڵکردن و تێپەڕاندنی یاساکان لە پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکاندا بە بێ ئەوەی ڕەوایی پێویستیان هەبێت. هەروەها ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا... نمونەکان لە وڵاتی خۆماندا گەلێکن. دامەزراوە تەندروستییەکان لە بری دەرمان جار هەیە نەخۆشییەکان بڵاودەکەنەوە، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی دەرزیلێدانەوە چاویان کوێربوو خەڵکێکی کەم نەبوون، یان هاوردەکردنی دەرمانی ماوە بەسەرچوو، خۆ نەڕەنجاندنی پزیشك لە نەخۆشخانەکاندا و گرنگیدان بە نۆرینگە تایبەتەکان...تاد. ئەمانە هەموو جۆری جیاواز جیاوازی ناپاکین و بەر لە هەرشت هەڕەشەن بۆسەر متمانە و ئاسایشی تاك.

 وەك پێشتر باسمانکردوون، هەموو ئەم ناپاکییانە ئەنجامی یاسا شکێنی، پشتگوێخستنی ڕێکەوتنەکان و/یان وادەرنەچوونی پێشبینیکراوەکان ڕوودەدەن. یاساکان کە پەیوەندی نێوان خەڵك ڕێکدەخەن ئەگەر نووسرابن یان نەنووسراو ئەوا کاریگەرییان لەسەر پێشبینییەکانمان هەیە. ئەنجامی ئەو بۆندە کۆمەڵایەتییانە یان کەسیانەی لە نێوان تاك و دامەزراوەکاندا هەیە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشبینیان دەبێت بۆ ئەوەی کە دەگوزەرێت. لە نێو نووسراوەکاندا، بە پێی یاسا نووسراوە کە پۆلیس دەبێت پارێزگاری لە سەروماڵێ هاوڵاتیان بکات و دامەزراوەییەکی دەسەڵاتدار بێت بۆ جێبەجێکردنی یاساکان، ئەگەر هاتوو خەمساردبوو یان پارێزگاری لە ستەمکارکرد ئەوا متمانەی خۆی دەدۆڕێنێت و ناپاك دەردەچێت. لە نمونەی یاسا نەنووسراوەکانیش، کە زۆرجار دەشێت لە یاسا نووسراوەکان گرنگتربن، بڕوانە نهێنی نەخۆشێك لە نێوان نەخۆش و نوژدارێکدا! یان لە نێوان دوو نەخۆشدا کە لە هەمان ژووری خەستەخانەیەکدان و بە گرفتەکانی یەکتر دەزانن، بۆ نمونە دکتۆر لە نۆرینگەکانی خۆیاندا زیاتر لە نەخۆشێك دەبینن لە یەك کاتدا. پەرلەمانتارێك بەر لە هەڵبژاردن بەڵێن دەدات یاسای قەدەغەکردنی بەشوودانی منداڵ بچەسپێنێت، بەڵام لەکاتی دەرکردنی یاساکەدا پێچەوانەی بەڵێنەکەی دەنگ بە یاسای بەشوودانی منداڵ دەدات، ئەشێ بیرو ڕای پەرلەمانتارەکە بگۆڕێت، بەڵام لەڕاستیدا ڕێکەوتنی ئەو ئەگەرچی نەنووسرابێتیش، بەڵام پێشبینی نەکراوە کە کەسەکە بەوجۆرە ڕەفتار بکات بەرامبەر متمانەی دەنگدەرەکانی، بەڵێن دەدات کە ئیمتیازاتی تایبەت ڕەتبکاتەوە، کەچی بەهۆی ئیشەکەیەوە حەق و حسابی خۆی ناناسێت، ئەمانە هەروا تاوانی سادەنین، ئەمانە ناپاکی گەورە گەورەن، چونکە ئەم ڕەفتارانە هەموویان پێچەوانەی ڕێکەوتن و پێچەوانەی پێشبینییەکانن. ڕێك وەك ئەوەیە بڵێین با بچین بۆ چێشتخانەیەك لە بری ئەوەی لەوێ تێرخواردن ببین، برسیمان ببێت و پارەیەکی باشیشمان لێ بسەنرێت.

 لەم سەردێڕەدا ئاماژەیەكی چکۆلە بە گۆڕانی بیروڕا دەدەین، چونکە مرۆڤ ئەکرێت بیروباوەڕ و تێڕوانینی بۆ مەسەلەکان بگۆڕێت. ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە لە بیروڕادا کاریگەری لەسەر تێڕوانینی ئێمە دەبێت بۆ پەیوەندییەکانمان، بەتایبەت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەرەوەی خۆماندا. بەوجۆرەش دەکرێت ئێمە هەڵوێستمان بەرامبەر بە پەیوەندییەکانمان بگۆڕێت، بۆ ئەوەی گۆڕانی بیروڕا نەبێتە هۆکار بۆ دەرکەوتنی ناپاکی، دەکرێت ڕاستەوخۆ ئاشکرا بکرێت و لە پەیوەندییەکان پاشگەز ببینەوە. بەڵام گۆڕانی بیروڕا لە پەیوەندییە نوێنەرایەتی و شێوازبەندەکاندا (ڕەسمییەکاندا) کە پەیوەندیان بە کۆمەڵگاوە هەیە ئاسان نییە کە ڕووبدات، بۆ نمونە ئەندام پەرلەمان کە نوێنەرایەتی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵك دەکات، یان نوێنەری دانوستاندنێك کە نوێنەرایەتییەکی گەورەدەکات، ناتوانێت بەئاسنی بیروڕاکانی بگۆڕێت و بە جۆرێکی تر ڕەفتار بکات، بە پێچەوانەیە ئەوەی کە پێشتر بڕیاری لەسەرداوە، چونکە دەبێتە ناپاکی. ناکرێت بەناو سەرۆکێك بە ناوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەوە ئاواتی سەربەخۆیی تیرۆربکات، ئەمانە بیروڕاگۆڕین و تاقیکردنەوە و گاڵتە هەڵناگرن ئەمانە ناپاکین. زۆرجار هەیە گۆڕانی بیروڕا بەرهەم و داهێنانی نوێی هەیە و گۆڕانەکە ئەرێنییە بۆ تاك و بۆ کۆمەڵگاش بۆیە گرنگە ڕوون بکرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەمان پەیوەندی پشتیوانی بکەن بەرلەڕەفتار پێکردنی، چونکە لەم بارەیاندا تاکی داهێنەر و بگۆڕ زۆرجار بەر نەفرەتی ناپاکی دەکەوێت، لە کاتێکدا دەکرا گۆڕانەکانی بە سەرکەوتن و قارەمانی بۆ هەژمار بکرایە. هەرچەندە دواجار هەر کەس و گرۆیەكیش بەرپرسن لەبەردەم دادگایی مێژوویی خۆیاندا.

دواجار سەبارەت بە پێشبینی زۆر بە کورتی دەڵێین: هەرکاتێك سووکایەتی بە شکۆ و کەرامەتت دەکرێت، یان مافەکانت بە ئاشکرا پێشێلدەکرێن، ئەوکات پێشبینی تەواو ئەوەیە کە بێیتە وەڵام و بەرامبەر مافەکانت هەرشتێك بکەیت. هەرکاتێك لەم بەرهەڵستکارییە سڵەمیتەوە و یان خەمساردبوویت، ئەوا یەکەم هەنگاوت ناوە بەرەو ناپاکی. ئەم ناپاکییەش هەموو جۆرەکانی ناپاکی تێدا بەرجەستە دەبن، خۆبەخۆیە خۆبەدەرە و ناپاکییەکی گشتیشە. 



[1] In: Leary, M. (Ed.) (2001) Interpersonal rejection (pp. 73-103). New York: Oxford University Press.

[2]  دەستپێکێکی گرنگە بۆ ئەوەی لە دواتر بەکاری بهێنین بۆ لێکدانەوەی میکانیزمی ڕوودانی ناپاکی.

[3]  دەستپێکێکی ترە بۆ ڕوونکردنەوەی میکانیزمی ڕوودانی ناپاکی لە کۆمەڵگا بندەستەکاندا.


1 comment:

  1. دەستت خۆش و هزرت ڕۆشن بۆ ئەو بابەتە گرینگە کۆمەلایەتیە. ڕوونکردنەوەیەک جوان و وردت لەسەر "ناپاکی" خستۆتە ڕوو. "ناپاکی" چەمکێکە، کە پێویستی بە شێکاری و ڕوونکردنەوەی زۆر هەیە و پێویستە لە ساڵانی سەرەتایئ خوێندندا ببێتە بابەتی باس و بابەتی پەروەردەیی. چونکە ساڵانی سەرەتای خوێندن، هەڕەتی داڕشتنی کەسایەتی تاکە .. هەڕەتی چاندنی خەسڵەتەکانی تاکە لە هزر و بیردا.
    لەهەر جێگەیەکدا و لەهەر کاتێکدا،، تاک وەک خۆی، یان کۆمەڵگە بە گشتی یاخود دەسەڵاتێک بە تێکڕایی کەوتبێتە سەر ڕێگەی هەلدێر، هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ناپاکی، جا خۆبەخۆ یان خۆبەدەر یاخود "دەربەخۆ"* بووبێت.
    کە دەڵێم "دەربەخۆ"*، مەبەستم لە لایەنی دووەمە بەرامبەر بە لایەنی یەکەم، کە زۆر جار کاریگەری دادەنێت بۆ بردنی لایەنی یەکەم بەرەو "ناپاکی".
    دەستتخۆش هاوڕێ گیان بۆ ئەو بابەتە گرینگ و ڕیشەییە، کە بابەتێکی بنچینەیی چاکسازی کۆمەڵگەیە!

    ReplyDelete