بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





27/09/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٦) ماتماتیکی کاندید و دەنگدەر، بەشی یەکەم ١-٣

پرانسیپێکی سەرەتایی دەربارەی هەڵبژاردن

باس و گفتوگۆ لەمەڕ هەڵبژاردن و شێواز و پرانسیپ و دیدوبۆچوونە جیاوازەکانی هەڵبژاردن لەم نووسینەدا جێی باس نییە، بە تایبەت کە زۆر هەڵدەگرێت. ئەوەی گرنگە سەرەتا یادی بهێنینەوە ڕۆڵ و ئەرکی هەڵبژاردنە! لە بنەڕەتەوە هەڵبژاردن بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانەوە درووست دەبێت، چونکە کاتێك دانیشتوان زۆردەبن، ئیتر ناتوانن هەموو بەشداری پرۆسەی بڕیاردان و بە ڕێوەبردنی کۆمەڵگا بکەن. پێوانەکانی هەڵبژاردنی بڕیاردەر یان سەرکردە و سەرۆکی کۆمەڵگا لەسەرەتادا بە شێوەی جیاواز بوە و زۆرجار هێز و خوێن و چەند پیوانەیەکی تر یەکلاییکەرەوە بوون. دواتر بۆ دەستنیشانکردنی (هەڵبژاردنی) ئەو کەسەی کە دەکرێتە نوێنەری خەڵك و لە بری دانیشتوانێکی زۆرتر کۆمەڵگا بەڕیوەدەبات یان بڕیارەکانی تاوتوێ دەکات، شێوەی بەخت و ڕێکەوتنی نیشتنەوەی باز و چەندین کولتووری جیاواز چەندین ڕێگای تریان گرتوەتە بەر. پاش بڕینی مێژوویەکی زۆر لە بەڕێوەبردنی شارستانێتەکانی مرۆڤایەتی و لە قۆناغە پێشکەوتووترەکانی فەلسەفاندنی سیاسیدا هەروەها لە چوارچێوەی دیموکراسیدا، هەڵبژاردن پێشکەوتنێکی گەورە لە شێوازیدا بە خۆیەوە دەبینێت و چەندین تیۆر و شێوگ هەن بۆ جێبەجێکردنەکانی. بەڵام هێشتا ئەرکی سەرەکی هەڵبژاردن دیاریکردنی خەڵکێکە بۆ ئەوەی لە بری کۆی دانیشتوانێك بڕیار بدەن. بەمەش هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی نوێنەرایەتی دێتە کایەوە و گەشە دەسێنێت، چونکە هەموو دانیشتوان ناتوانن ڕاستەوخۆ بەشداری پرۆسەی بڕیاردان بکەن، بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنۆلۆجیا و بەتایبەتیش تەکنۆلۆجیای زانیاریدا بڕیارە ئەم بەشداری کردنەی بڕیار گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت. لە داهاتوودا زۆر ئاستەم نابێت گەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەشداری پێشنیار و داڕشتن و دەنگدانی ڕاستەوخۆ بکەن لە بڕیارەکاندا و بە ئاسانی دەتوانرێت ئەو پرۆسەیە بەڕێوە بچێت، ئەگەر سیستەمێكی بخوازێت دادپەروەرانە کارەکان بەڕێوەبەرێت.  
هەموو ئەمانە تا ئێستاش لە ژێر پرسیاری هەستیار و گرنگدان و مرۆڤ دەکرێت چەندین ڕا و سەرنج و تێزی جۆراو جۆری هەبن. لە کۆی مێژوودا هەڵبژاردن شێوگێك بوە بۆ پوختکردنەوەی ئەرك و بەرپرسیارێتی و بڕیاری زۆرینە لە دەست کەمینەیەکی گوایە "دەستەبژێر" دا! گرنگی ئەم خاڵە لەوەدایە هەمیشە هەڵبژاردن و سیستەمی نوێنەرایەتیکردن بەڕێگای هەڵبژاردن دەکاتە یەکێك لە ڕێگا شێوە ڕەواکان بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگادا. گرنگە لە وشەی (شێوە ڕەوادا) کەمێك هەڵوێستە بکەین. بەڵام، کە دێینە سەر بەرژەوەندی و ڕەواییەتی پرۆسەیەك، شێواز و ئیمکانییەتی ئەنجامدانی شێوازەکەی وا دەکات؛ هەڵبژاردن لە خۆیدا گەورەترین درۆی زەبەلاح بێت بۆ نوێنەرایەتی کردن! سروشتی دیمۆگرافی نوێنەرایەتیکردن لە ئاستێکی دیاریکراودا نوێنەرایەتی پێدەکرێت. واتە ئەگەر لەو ئاستە زیاتر کورت یان درێژی هینا ئیدی نوینەرایەتی کردن وەك پێویست نابێت بۆ کۆمەڵگای نوێنەرایەتی کراو. ئەم ڕاستییە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان و دواکەوتوەکاندا هەمان پرانسیپی هەیە، بەڵام دوو شت سروشتەکەی دەگۆڕن: یەکەم پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی، دووهەم کولتووری پەراوەی هەڵبژاردن، کە لە هەر کۆمەڵگایەکیاندا جیاوازە.
گەرچی لەڕووی چیێتییەوە، ئەوەی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان جیادەکاتەوە گەشەی سیستەمە، چونکە سیستەمی سەرمایەداری گەشەی کردوە و ئەنجامی بەخۆداچوونەوە و هاویشتنە دەرەوەی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ دەروەی خۆی (بەتایبەت جیهانی دواکەوتوو) توانیویەتی بە بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە. بۆیە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا و لەناو هەناوی سیستەمی سەرمایەداریدا لەبەر ئەوەی پێکهاتەکانی بە دامەزراوەکراون، خودی ڕای جیاواز و گرۆبەندی و هەڵبژاردن لە نێوانیاندا خزمەت بە بەرەوپێشچوونی سیستەمەکە دەکات. کۆی ئەو سیستەمە بۆ نمونە لە ڕێگای پەروەردە و خوێندنەوە تەواو پاکدەکرێتەوە لە کۆی ئەو نەخوازراوانەی دەیانەوێت لە دەرەوەی سیستەم شتێك پێشکەش بکەن. خودی سیستەمەکەشیان سروشتەکەی بە جۆرێکە، تا ئەندازەیەك لێخۆشبوونی بۆ نەیارەکانی هەیە! دەبێت نەیار ببێتە هۆکار بۆ بەهیزکردنی سیستەم، ئەگەر نەیار ببێتە هۆکار بۆ لاوازکردنی سیستەم یان هەڵوەشاندەوەی، ئەوا بە بەهێزترین چەك و توانای خۆیان دژی دەوەستنەوە.
ڕژێمی سەرمایەداریی لە دونیادا بە باشترین شێوە توانیویەتی سوود لە کەرەستەی هەڵبژاردن ببینێت، کە بەهۆیەوە خۆی نوێدەکاتەوە و چارەسەری هەندێ گرفتی سەرەکی پێدەکات کە لە هەناوی ڕژێمەیکدا بە شێوەیەکی دەوری درووست دەبن. بەڵام لە بنەڕەتدا کورتکردنەوەی بەشداری سیاسی لە هەڵبژاردندا و جێگیرکردنی ڕای زۆرینە لە ناو پێکهاتەی ژمارەیەك نوێنەردا، کە گوایە باشترین نوێنەرایەتی هەموو خەڵك دەکەن، لە خۆیدا گەورەترین درۆ و ساختەکارییە. لەوەش مەترسیدارتر، ئەو ڕا باوەیە کە دەڵێت: "مرۆڤایەتی تا ئێستا ڕێگایەکی باشتر لە هەڵبژاردنی نەدۆزیوەتەوە"! ئەم وتەزایە چ لە ناو بیرمەند و چ لە ناو سیاسییەکانیشدا کەشێکی درووستکردوە کە بە وردەکارییەوە بیر لە سروشت و ئەگەر و شێوازێکی جیاواز ناکەنەوە بۆ هەڵبژاردن. بۆیە، تەنیا یەك پرسیاری سەرەکی لێرەدا بەسە بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییە بسەلمێنین! ئەو پرسیارەش ئاراستەی خۆمان دەکەین لەمەڕ سیستەمی سەرمایەداری:
{ئایا ئەگەر هەڵبژاردن و نویەنەرایەتی لە خۆیاندا بیانتوانیایە بەنەما و سەرەتاکانی (ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری) بۆ خەڵك دابین بکەن و ببنە هۆی نەمانی جیاوازی و چەوساندنەوە لە نێوان مرۆڤەکاندا، تۆ بڵێیت خودی سیستەمی سەرمایەداری هەر وەك ئێستا بانگەشەی بۆ هەڵبژاردن و ڕەوایەتی بەو سیستەمە کارتۆنییە بدایە کەوا ئێستا ناویان ناوە دیموکراسی؟ من گومانم هەیە! چونکە خودی ئەو سیستەمە لەسەر بنەمای جیاوازی و ناتەبایی و زاڵبوونی ئەگەرەکانی دەستی بەهێزەوە بەڕیوە دەچێت و ئەگەر ئەو ناتەباییە نەمێنێت، ئەوا سیستەمەکە بەرگەی یەك کاتژمێر ناگرێت}.
لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا، چەندێك بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت، کەچی چکۆلەترینی پەراوە ئازادەکانی ژیان، تێچوونی خۆیان هەیە و جاریش هەیە ئەو تێچوونانە دەگاتە ئاستی بەخشینی ژیانی خاوەنەکانیان. تێچوونەکان وایانکردوە هەرگیز دەرفەتی یەکسان و تەنانەت هاوشێوەش لەبەردەم هەڵبژاردنی خەڵکدا فەراهەم نەبێت. بۆ نمونە و لە سادەترین نمونەدا؛ کەسێك توانای چاپکردن و بڵاوکردەوەی سەدهەزار پۆستەر و ڕیکلامی هەیە بۆ خۆ کاندیدکردن، بەڵام کەسێكی تر تەنیا توانای پێنج هەزاری هەیە، بێگومان ئەوەی توانای زۆرتر بێت ئەگەری بردنەوەی زیاترە، ئیدی گرنگ نییە چۆن نوێنەرێکە. لە ڕووییەکی ترەوە، پارتێکی سیاسی مەبەستێتی ئەڵقە لەگوێیەکی خۆی بگەیەنێتە ناوەندی بڕیار و دێت بە درێژایی چەند ساڵێك کاری بۆ دەکات تا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و لەبەرچاوی خەڵکدا وێنەیەکی جوانی پێ ببەخشێت، بێگومان ئەم کەسە کاتێك دەبێتە کاندیدی هەڵبژاردنێك زیاتر ناسراو و ڕوو لە دەردەبێت بۆ بازاڕەکانی هەڵبژاردن ئەگەر بەراوردی بکەین بە هۆشمەندێك کە بەدرێژایی کات خەریکی ڕەخنەگرتن و پیاچوونەوەی سیستەمی حوکمڕانی بووبێت. ئەم دەرد و ئازارانە جیهانین و تەنیا بە پانتاییەکی دیاریکراوەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵام لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا کە تێیاندا سیستەم سەپاوێكی دواکەوتوە، ئەم پرسانە خراپتر دەبن و تاك دەبێت باجی زیاتری ئەو خراپ بوونە بدات.
بەگشتی سروشتی نوێنەرایەتیکردن بەو جۆرەیە؛ تا بازنەی نوێنەرایەتی کردن تەسك ببێتەوە توانای نوێنەرایەتیکردن بەرز دەبێتەوە و بە پێچەوانەوە. واتە ئەگەر هەر ١٠ کەس و نوێنەرێکیان هەبێت زۆر باشترە لەوەی هەر ١٠٠ کەس و نوێنەرێکیان هەبێت، چونکە لە باری یەکمدا تاکەکەسەکە باشتر نوێنەرایەتی ١٠ دەکەسەکە دەکات. خۆ ئەگەر نوێنەرایەتی نزیك ببێتەوە لە نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆ ئەوا هەر تاکێك و تەنیا نوێنەرایەتی خۆی داکات و ئەو چەمکەمان بۆ دەسەلمێت کە خەڵك بە تەواوی بەشدار دەبێت لە پرسەکانی ژیانی خۆیدا. بەڵام ئەم کارە زۆر ئاستەمە لە چوارچێوەی باودا. کەچی گەر ورد ببینەوە ئەمڕۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە قۆناغێکی ئێجگار پێشکەوتوودایە، تا ئەندازیەکی ئێجگار باڵا خەونە تەکنیکییەکانی حەفتاساڵی ڕابردووی مرۆڤایەتی هەموویان هاتوونەتە دی. بە تایبەت تەکنۆلۆجیای زانیاری، بە شێوەیەك پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، بەهیچ جۆرێك کۆسپە کۆنەکان نەماون لەبەردەم بەشداری فراوان و درووستکردنی بڕیاری بە کۆمەڵدا. چکۆلەکردنەوەی بازنەکانی نوێنەرایەتی و دروستکردنی دەرفەت بۆ بەشداری ڕاستەوخۆ لە درووستکردنی بڕیاردا، دەرفەتێکی زیاتر دەدات بە دادپەروەری، بە تایبەت ئەگەر مەبەستمان بێت.

No comments:

Post a Comment