بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





05/09/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٥) بەشی دووهەم و کۆتایی ٢-٢

تەڵەی نووسین (كورت و درێژ.. سادە و ئاڵۆز)!
دەسەڵاتی ستەمكار و دەقی نووسراو
لێرە بەدواوە دەچینە سەر خاڵێكی بنەڕەتی كە ئەویش پەیوەندی نووسین و ڕژێمی سیاسی و دەسەڵاتە ستەمکارەکانە. هەر ڕژێمێكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە دەستی كەمینەیەكی دیاریكراودا بهێڵێتەوە و گۆڕانكاری بەسەردا نەهێنێت، چەندێك بە ڕەوایی بچێتە سەر تەختی حوكمڕانی، هێشتا خەوشی تێدەكەوێت و دەبێتەوە بە دەزگایەك بۆ ستەمكاری. تەنانەت ئەگەر بەڕێوەبردن لە دەستی نوێنەرایەتی زۆرینەشدا بێت، بە مەرجێك نەتوانێت گۆڕانكاری و نوێبوونەوە لە خۆیدا بكاتە بەشێكی پێكهاتەكەی، ئەوا توشی هەمان دەردی كەمینە حوكمڕانەكان دەبێتەوە. نووسین وەك ناوەندێك بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا، هەروەها وەك ڕێگایەك بۆ تێگەیشتن هەمیشە مەترسییەكی گەورەیە بۆ دەسەڵاتێك كە لە گۆڕانكاری بترسێت و هەستبکات یان بزانێت بە هۆی تێگەیشتنەوە گۆڕانكاری دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئەو. سەرئەنجام كۆمەڵگایەكی گێل و دەسەڵاتێكی ستەمكار، دوانەی كاراكتەرێكن وەك خڕی و خلبوونەوە وان، هەتا گرۆڵەی كۆمەڵگا خڕتر و هۆشی بەكۆمەڵ بەتاڵتر بێت لە باوەشی ستەمكاریدا باشتر هەڵدەخلێت. با بەگشتی بڕوانینە پرۆسەی نووسین و میكانیزمەكەی، تا بزانین چۆن دەستی بەسەردا دەگیرێت، خودی میكانیزمەكە بەم جۆرەیە:
یەكەم: بیركردنەوە و تاقیكردنەوە و كاركردن لەلایەن نووسەرەوە بەر لە بوون بە نووسەر دەستپێدەكات، پاشتریش فیدباك دەبێتە بەشێكی گرنگ لەم کەرەستانە. ئەم کەرەستانە پێکەوە بریتین لە هۆکار بۆ كەڵەكەكردنی زانین و زەخیرەخستن بۆ نووسین لە داهاتوودا.
دووهەم: بەرهەمهێنانی نووسین و پرۆسەی نووسینەوە؛ خودی نووسین بەتەنیا كۆمپیوتەر و كیبۆردێك یان چەند لاپەڕە و پێنووسێك نییە! نووسین پرۆسەیەكە پێویستمان بە دیاریكردنی ئامانج و ڕێگای نووسینەوە و تەكنیكەكانی نووسین هەیە تێیدا. پرۆسەیەكە وشە تێیدا دەچنرێت و زیادەكانیان لە كەمەكانیان بەڵاترن بۆ ناشرین كردن و بێماناكردنی نووسین. هەندێ دێڕ هەن دەبێت چەندین جار دووبارە بكرێنەوە و هەندێ زانیاری گەورە و كتێب و سەرچاوش هەن، تەنیا ئەوەندە بەسە یەك ئاماژەیان پێ بدرێت. نووسین پیشەسازییەكە لە دەستی نووسەرەكەی كە ئەترازێت ئیتر دەكەوێتە چەندین بازاڕەوە. نووسین كە دەكەوێتە ئەم بازاڕانەوە هەر هەمان كاڵا و هەمان بەرەهەمە، بەڵام چەندین مامەڵەی جیاواز جیاوازی پێوە دەكرێت و لە چەندین پیشەسازی و بەرهەمی تردا دەبێتەوە بە کەرەستەی خاو.
سێیەم: پەخش وەشاندن و دابەشكردنی (بەرهەمی نووسراو) نووسین، پاش ئەوەی دەزانین بۆ كێ دەنووسین پرسی چۆنێتی گەیاندنی دێتە پێشەوە. ئەو دەقە دەگاتە كێ و چۆن و لە چ كاتێكدا دەگاتە دەستی. ئەمڕۆ كە لەگەڵ گرفتی ژینگەدا دەرگیرین بڵاوكراوەی ئەلكترۆنی زۆر كۆمەك بە كۆمەڵگای مرۆیی و ژیانی درێژمەودا دەكات. بەڵام ئایا وەرگر پێی قایلە یان ڕاهێنان و هاندانی پێویستە! بۆنمونە؛ هەندێ جار هەیە، بەناچاری دەبێت نووسین بیكەینە دەنگ، چونكە خەڵك لە هەموو جێگەیەكدا ڕێگای پێنادرێت بخوێنێتەوە...تاد. خەڵك ناچارە كار بكات، ئەگەر كار نەكات ناژی، بەڵام پێویستی بە خوێندنەوەش هەیە، و بێ خوێندنەوە فریای تێگەیشتن و ململانێکانی ژیان بە باشی ناكەوێت و زۆرتر دەبێت بە ژێر دەستوپێی مێژوەوە.
چوارەم: وەرگرتنی نووسین و خوێندنەوە؛ بەشی هەرە سەرەكی نووسین خوێنەرەكەیەتی. بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر نووسینێك كەس نەیخوێنێتەوە، باشترین بەرهەمیش بێت بێ ڕۆح و بێ گیان دەكەوێت و هیچ كاریگەری نابێت. چونكە ئەركەكانی نووسین پڕ ناكاتەوە. وەرگر، چەند خۆی گرنگە، ڕاهێنان و پەروەردەكردنەكەی لەوە گرنگنترن كە نووسەر پێشبینی بكات. لە كۆمەڵگا دواكەوتوەكاندا، سەرباری نەبوونی پەروەردەیەكی باش بۆ خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیركردن. دامەزراوەكانی چاپ و پەخشیش ئەو ڕۆڵە پێویستەیان نەبینیوە بۆ خۆشەویستكردنی بەرهەمی نووسراو، چ لە چۆنێتی بەرهەم و چ لە شێوەی خستنەڕوودا. پرۆسەكانی بانگەشە و ناساندنی كتێب و بڵاوكراوەكان هێندە لاواز و چەپگیرن ناتوانن بەردەمی خوێنەر وەك پێویست ڕۆشنبكەن، ئیدی بەرهەمی نووسراو وەك پێویست ناگاتە دەستی وەرگر و وەك پێویستیش كاریگەری دانانێت و هیچ ڕۆڵێكی نییە لەپەروەردەكردنی وەرگردا. بۆیە بە ئاسانی دەبینین میدیای ئەلكترۆنی و ماڵپەڕەكانی وەك فەیس بووك و تویتەر و...تاد زۆر بەئاسانی دەتوانن ئاراستەی سروشت و ئارەزووی خوێنەر بكەن. دواجار دەتوانن ئەو كەرەستەیەش لە وەرگر درووست بكەن كە بۆ ئەو ڕۆژەی خۆیان پێویستە و كە بە ئاسانی دەكەوێتە ژێر تیشك و شەبەنگەکانی بەرژەوەندی ئەوانەوە!
پێنجەم: فیدباك و گەڕانەوە بۆ مشتومڕ لە نێوان نووسەر و خوێنەردا، بە هەموو هەنگاوەكانی ڕەخنەگرتنیشەوە. ئەم قۆناغەی كۆتایی بەرئەنجامی پێگەیشتنی وەرگرێكی هۆشیارە. زۆربەی جارەكان پێویست ناكات خوێنەر نووسەر بێت بۆ ئەوەی ڕەخنەگرێكی باش بێت، وەك ئەوە نییە كە هەمیشە پێویستە نووسەر خوێنەرێكی باش بێت. ئەوەی پرۆسەی فیدباكی تێكداوە، ئەوەیە نووسەر ناخوێنێتەوە و ئەوەشی پێویستیی بە خوێنەر بوونە، بەر لە هەرشت بوە بە نووسەر (بەناتەواوی لە دایك بوە). ئیتر بازنەی نووسین و بەشداری نووسین لە هۆشیاری گشتیدا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە. نووسەری باش نەك هەر دەخوێنێتەوە، بەڵكو هەمیشە لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرهەمەكانی خۆیدایە. گومانت لەوە نەبێت ئەوەی ڕەخنەگرێكی ئاسایی هەستی پێدەكات زۆر جار هەیە باشترین ڕەخنەگر کە بە پیشە ڕەخنەگرن ئەو فیدباكە ناداتەوە بە نووسەر.
نووسەر بۆ هەر نووسین و بابەتێك گروپی مەبەست بە خۆی هەیە و ناچارە گرنگی پێویستیان پێ بدات. مەرج نییە نووسینەكانی (نووسەرێكی دیاریكراو) بۆ هەموو كەس ببێت! مەرجیش نییە هەموو كەس لێی تێبگات و پێویستییان بە نووسینەکانی هەبێت و چێژی لێ ببینن. نووسەری شارەزا و لێزان دەتوانێت بۆ هەر گرۆیە و بە پێی پێویستی گرۆكە بنووسێت، یان خۆی پسپۆڕ بكات بۆ گرۆیەكی دیاریكراو بنووسێت. نووسەر ئەگەر خۆی تەرخان كرد بۆ دەستەبژێرێكی سیاسی یان ئەكادیمی بنووسێت، نابێت مەراقی ئەوە بخوات بۆچی خەڵكێكی زۆر نایخوێننەوە. ئەگەر بۆ هەموو كەسیش بنووسێت مەرج نییە لە هەموو ئاستێكدا چێژ لە نووسینەكانی ببینرێت و سوودیان پێ بگەیەنێت. ئیدی بزانە مەرج نییە پڕفرۆشترین كتێب باشترین بێت. سیستەمی پڕ فرۆشترین كتێب و ناسراوترین یاریزان و پڕ تەماشاترین فیلم و...تاد، هەموویان تەڵەی جیاكاری بە بازاڕکردنن و تا ئەندازەیەكی زۆر ئەتوانین بڵێین بە دڵنیاییەوە باشترین نین، هەر بە تایبەت باشترین ناکرێت یەك دانە بێت باشترینەکان زۆرن. نووسین لە دۆخی هەرە باشی خۆیدا جۆرێكە لە وانە وتنەوە، ناكرێت چاوەڕوانی پۆلێك لە پسپۆڕی زانكۆكان بكەیت بچنە پۆلی خوێندنێكی سەرەتایی دابنیشن بۆ گفتوگۆی سێ جاران چوار. ئاستەكانی نووسین جیاوازن، گرنگیشە نووسەر بەهۆی دەقەوە كاریگەریی لەسەر پەروەردەكردنی خوێنەر دابنێت. سەرباری ئەوەی مەرج نییە لەم هەنگاوەدا سەركەوتوو بین، بەهۆی زۆریی فاكتەرە دەرەكییەكان و بەهێزییانەوە، بەڵام هەوڵدانی بەردەوام كاریگەری و گۆڕانكارییەك هەر درووست دەكات.
جارێكی تر دەردەكەوێت كە نووسین کارە و كارێكی ئاسانیش نییە، وەك ئەوەی لە فەیس بووك دەبینین هەر كەسە و بە ئارەزووی خۆی وڕێنەكانی دەنووسێتەوە و بە ژمارەیەك لایك و كۆمێنتەوە دڵی خۆش دەبێت و ئێمەش بمانەوێت هەموو ئەو دەقانەی پڕ خوێنەرترن بە باشتریان بزانین، یان سادەتر و كورتترن بیانخوێنینەوە و ئەوەی بارگرانیمان لە تێگەیشتن بۆ درووستدەكەن فەرامۆشیان بكەین. ئەو گرێی دەركەوتنە زۆری دەوێت چارەسەر بكریت، ئەوە گرێی چكۆلەیی و گرگنییە كە لە كۆمەڵگای نامۆكراودا هەموو تاكێك پێوەی ئالوودە دەبێت بە ئەندازەی جیاواز جیاواز. لەسەروە باسمانكرد دەسەڵات مەراقی هەیە لە مەڕ كاریگەریی و ڕۆڵی نووسین لەسەر گۆڕانكارییەکان، بەتایبەت دەسەڵاتە ستەمكارەكان. لە هەر قۆناغێكی مێژوودا بە جۆرێكی تایبەت و جیاواز مامەڵە لەگەڵ نووسین و نووسەردا كراوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە. بۆ تێگەیشتنی زیاتر بڕوانە ئەم وێنەیەی خوارەوە، كە پرۆسە و قۆناغەكانی بەرهەمی نووسراوی تێدا  پیشاندەدەین:
تەنیا تێڕوانین لە وێنەكە بەسە بۆ ئەوەی بزانین لە كوێدا  ستەمكاریی دەتوانێت كۆسپ درووست بكات بۆ تێگەیشتن. نووسین ئەگەر ئەو سۆفتوێرە بێت كە داینەمۆی گۆڕانكاری بەگەڕ بخات، ئەوا لە هەرشوێنێكدا كۆسپ لەبەردەم پرۆسەی نووسیندا دابنێین نووسین نامێنێت، یان زۆر لاواز و كەم كاریگەریی و بێ بایەخ دەبێت و بەرئەنجام داینەمۆی گۆڕانكاری ناكەوێتە كار. كۆمەڵگا پێشكەوتوەكان لە ستەمکارییاندا هەوڵیانداوە سوود لە پرۆسەی نووسین وەربگرن بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانیان و هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان، بەتایبەت تا ئەو شوێنەی لەگەڵ توانای كۆنترۆڵ و هەژموونگەرایی ئەواندا گونجاو بوە و بۆیان بڕیكردوە. بەڵام لە وڵاتە دواكەوتوەكاندا باشترین ڕێگە بۆ بەربەست لە گۆرانكاری كۆسپدانان بوە لەبەردەم پرۆژەی نووسیندا. هەر خودی ڕێگری لە پرۆژەی نووسین شكستی بە گۆڕانكاری هێناوە لە وڵاتە دواكەوتوەكاندا، دواتریش لە پەیوەندییە جیهانییەكاندا ئەو خواستی گۆڕانكارییەی فەراهەمكردوە كە لە ئەنجامی پرۆژەی نووسینی وڵاتە پێشكەوتوەكاندا داخوازی لێكراوە. لە وێنەکەوە دەبینین ڕێگەگرییەكی چکۆلە بۆ نووسەر بەر لە پرۆسەی نووسین، یان كۆسپ دانان لە بە تێكستكردنی بیرۆكە یان وەستاندنی پەخش ئاستەنگ كردنی (ژمارەی سپاردن بۆ نمونە)، یان ڕێگەگرتن لە خوێندنەوە و خراپ ئەرشیفكردن...تاد. ئەمانە هەموویان پرۆسەیەك بوون لەلایەن دەسەڵاتە ستەمكارەكانەوە پەراوەكراوە یان سانسۆركراوە یان ڕێگرییەكی ماددی و زۆرجاریش مەعنەوی بۆ درووستكراوە. نمونەكانی؛ چنینەوەی چاپكراوێك لە بازاڕدا، قەدەغەكردنی بەخشینی كتێبە دیاریكراوەكان بە خوێنەر لە كتێبخانە گشتییەكاندا، چاودێری كردنی خوێنەرانی بەرهەمێك، ڕێگری ژمارەی سپاردن و ڕێگەنەدان بە چاپكردن و دواخستنیان....تاد. بێگومان ئەوەی مسقاڵێك لە مێژووی خوێندنەوە و نووسین شارەزاییەكی چكۆلەی هەبێت، ئەوا بەم كردەوانەی ستەمکاریی ئاشنایە.
وەك باسمانكرد هەرسەردەمەو بە جۆرێك كۆسپ لەبەردەم بیركردنەوە و نووسیندا دانراوە، چونكە نووسین هەمیشە ئەو سۆفتوێرەیە كە داینەمۆی بەگەڕخستنی گۆڕانكارییەکانە. لە سەردەمی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیای نووسین و ئاسانی پەخش و سەربەستی نووسەری خۆبەخشدا، ئیتر ناكرێت كۆسپە باو و تەقلیدییەكان بەكاربهێنرێت. تازە ئیتر ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نووسین وەك پێشوو بوەتە گاڵتە بەخۆكردن. بەتایبەت بە هۆی زۆری چاپخانە و زۆری كەناڵی ئەلكترۆنی و بڵاوی كەرەستەكانەوە. کەچی هێشتا دەسەڵاتە ستەمکارەکان ناچارن نووسین وەك كەرەستە و كاراكتەرێكی گۆڕانكاری پەك بخات. سەرئەنجام ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئەی دەبێت چی بکات؟ با بگەڕێینەوە بۆ بازنەكانی نووسین، تۆ بیر بكەرەوە بتەوێت پرۆسەی نووسین (وەك مەترسیی) پەك بخەیت، چی دەکەیت! بەمەرجێك لە سیمای گشتیدا ڕای گشتیت سەركوت نەكردبێت و خەڵكیش چیان هەیە هەڵیڕێژن و هیچ لە پشتی سەری خۆیاندا نەهێڵنەوە! بێگومان ئەمڕۆ زۆر ڕێگەی ئاسانتر هەیە لە گرتن و زیندانی كردنی نووسەرە داهێنەرەكان، یان هەر پێویست ناكات نووسینە پڕ سەرئێشەكان لە بازاڕەكاندا كۆبكریتەوە! ئایا پێویستت بە سانسۆر هەیە لە دۆخێكدا كاتت بۆ خەڵك نەهێشتبێتەوە تێیدا بخوێنێتەوە (نەك لەبەر ئەوەی كات نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەی هێندە سەرقاڵی دەركەوتنە و ئالوودەیە بە خوێندنەوەی پڕوپووچەوە)!
ئەمڕۆ درووستكردنی ڕێگری لەبەردەم پرۆژەی نووسیندا ئاسانتر بوە، بە تایبەت ئەو نووسینانەی پڕاوپڕ ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن و دەبنە داینەمۆی گۆڕانكاری. ئەم ڕێگرییە لە سەرانسەری دونیادا بەڕێدەكرێت و كارئاسانی بۆ دەكرێت. بڕوانە كۆگاكانی كتێبفرۆشی لە دونیادا، بە دەگمەن بەرهەمێك دەبینیت توانای بەخشینی ئایدیایی باش و خاوەن تەوژم بێت بۆ گۆڕانكاری. لەم سەردەمەدا گەڕانەوە بۆ بەرهەمە كۆنەكانی مرۆڤایەتی لەلایەك خواستی ئەمڕۆ تێرناكات (بۆ نمونە؛ دەكرێت بەرهەمی كۆن وەڵامی پێویستی ئەمڕۆ بداتەوە، بەڵام لە شێوگدا بەمڕۆ نامۆیە) بیهێنە بەرچاوی خۆت نمونەكانی دوو سەد ساڵ لەمەوبەر چی بووبن! ئەی نمونەكانی ئەمڕۆ! لەلای دووهەمەوە شێوەی بڵاویی بەرهەمکانی ڕابردوو بەجۆری پێویست ئاسان نییە كە بۆ بەردەستی ئەمڕۆ گونجاوبن و هەموو کەس دەستی پێیان ڕابگات، مەگەر لە ناوەندە زۆر ئەكادیمییەكاندا یان كەسێك بۆخۆی خولیای لەو جۆرەی هەبێت. كەواتە بە زۆرینە نامۆن.
پوختەی مەبەست
بەرئەنجام دەسەڵاتە ستەمكارە جیهانی و ناوچەییەكان لەسەر ئاستی جیاجیا هەمان پەراوەی ڕابردوو دەكەن لە كۆسپدانان لەبەردەم دەرکەوتن و بەرهەمهێنانی نووسینی بگۆڕدا. پێشتر نووسەریان دەگرت و ئەشكەنجەیان دەدا و دەیانكوشتن، ئێستا برسی و بێكار و بێڕێزیان دەكەن و پەرواێز دەخرێن، گومانی تێدا نییە ئەگەر ببنە مەترسی هێشتا ئەگەری پەراوەكانی پێشوو بەردەوامە. پێشتر چاپەمەنیان گران بەها دەكرد، ئێستا كاتی خوێندنەوەیان قاتی كردوە. پێشتر بەرهەمە گەشەكانیان لە بازەڕەكاندا كۆدەكردەوە، ئیستا بە بەرهەمی پروپووچ دایدەپۆشن. پێشتر دەرفەتی زانین و خوێندنیان بە نووسەرە نەیارەكان نەدەدا، ئێستا خودی كەرەستە و پرۆگرامەكانی خوێندن بەوشێوەیە دادەڕێژن كە هەموو كەس دەتوانێت بخوێنێت بەڵام خودی سیستەمەكە داهێنەری بگۆڕ لە دەرەوەی كۆنترۆڵكردن قبوڵناكات (ئەوەی ناونراوە دیسپلینی ئەكادیمی). ستەمكاری پێشتر كە شوێنێكیان داگیر دەكرد، كتێبخانەكانیان دەسووتاند، ئێستا زمانی نووسین سووك و چروك و بێبایەخ دەكەن بەبێ ئەوەی هیچ پانتاییەکیان داگیرکردبیت و قەترەیەك خوێنیان بۆ بەخشی بێت...تاد.
بەڵێ ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت نووسینی سادە و كورت و ئاسان بۆ خوێندنەوە بەهاوكاری میدیای ئەلەكترۆنی سنووری پێویستیی تێپەڕاندوە. بەربڵاوی بڵاوكردنەوەی ئەلكترۆنی پەخشی وڕێنە و قسەی ڕۆژانەی كردوەتە زەلکاوە دەریایەك چەندین كانیلەی سازگاری نووسینی تێدا ون بوون. لەو چوارچێوەیەدا نووسینی كورت و ساکار ئەو ئەركە دەبینن كە كۆمەڵگای پێنەگەیشتوو یان سەرقاڵكراو وا لێدەكات گرنگی بە شیكاری ورد نەدات و ئارەزوەكانی ڕۆچوون و وردبوونەوەی لە دیاردەكانی ڕۆژانەدا بكوژرێت.
كەواتە گەر دەخوازیت نووسین بە ئەركە كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەكانی خۆی هەستێت، ئەوا چەندێك نووسین گرنگە بەو ئەندازەیەش خوێندنەوە گرنگە. ئەو باوەڕەت هەبێت خوێنەرێکی باش بە لە نووسەرێکی خراپ زۆر زیاتر دەردەکەویت و کۆمەك بە پرۆسەی نووسین دەکەیت. مەرج نییە دەقە سادە و كورتەكان خوێنەر بگەیەننە ئاستێكی بەرز لە هۆشیاری، هەر چۆن باڵاخانە بەرزەكان و لووتكەكانی سەرێ سەركەوتن و هەناسەیان دەوێت، ئاواش نووسینی كاریگەر و بگۆڕ هیلاكی و چەندجار خوێندنەوە و بە دواداچوون و تێگەیشتنی دەوێت. هەر چۆن نووسەر بە دەستخۆشی لێكردن دڵخۆش دەبێت، پێویستی بە ڕەخنەش هەیە بۆ ئەوەی نەبێتە تەوتەم. دواجار نووسینی كورت ئەركی گەیاندنی بیرۆكەی یەك ئامانج و پەیامی سادەی دیاریكراوی لە ئەستۆیە، نووسینی درێژ و پڕ شیكاری و ئاڵۆز دەتوانێت پرۆژە فرە ئامانج و كێشە فرە دوورییەكان لێكبداتەوە، دەتوانێت خاڵ لە سەر وشەكانی ڕووداو و پێشهاتەکانی ئایندە دابنێت.

No comments:

Post a Comment