بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





05/09/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٥) بەشی یەکەم ١-٢

تەڵەی نووسین (كورت و درێژ.. سادە و ئاڵۆز)!
پوختەی بابەتەكە
ئەمڕۆ جۆرێك لە نووسین باوە، كە دەبێت نووسین زۆر كورت و پوخت بێت و سادە و ساكار، بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بیخوێنێتەوە! ئەم باوبوونە تەڵەیەكی گەورەیە بۆ زانین و بۆ ڕۆڵی نووسین لە گۆڕانكاریدا. لەوانەیە چەند پێشەكییەكمان پێویست بێت بۆ ئەوەی لەم پرسە بە باشی تێبگەین! خۆ ئەگەر ئەو پێشەكیانە بنووسین، ئەوا دەقەكەمان درێژ و تا ڕادەیەك ئاڵۆز دەبێت و لەوانەیە تۆی خوێنەری ئەمڕۆی قایلكراو بە نووسینی كورت و سادە مەیلی خوێندنەوەیت نەبێت! ئەمە بۆخۆی بەشێكی زۆر لە هەمە دوورییەكانی ئەو تەڵەیە دەخاتە ڕوو. تەڵەیەكی ئاوا من و تۆ و كۆی كۆمەڵگاكان لەسەر ساویلكەیی ڕادەهێنێت. لەو كاتەوە كە میدیای ئەلكترۆنی و دەرفەتی بڵاوكردنەوە ئاسانتر بوە، ئیتر دەسەڵاتە ستەمكارەكانی جیهان لەسەر ئاستی جیاجیا ناچارن ڕێگای سووككردن و كاڵكردنەوەی نووسینی بگۆڕ و كاریگەر بگرنەبەر. ئەگەر ئەتەوێت لەم تەڵەیە تێبگەیت یان گفتوگۆی ئەم بیركردنەوەیە بكەیت، ئەوا بە ناچاریش بێت ئەم نووسینە تۆزێ درێژە بخوێنەرەوە. هەرچەند، لەوەشیان ئازادیت و بۆ تۆی خوێنەر جێدەهێڵم.
پەرەگرافێك سەبارەت بە نووسین
نووسین چەندین جۆر و چەندەها ڕێگا و شێوازی هەیە بۆ دەربڕین، بەتایبەت بۆ ئەوەی بتوانێت پەیام لە نووسەرەوە بۆ وەرگر بگەیەنێت و مشتومڕ و پرسیار بوروژێنێت تا فیدباك و كردەوە درووست بكات. پەیامەكانی نووسین بێ ئەرك نین، چ لە ڕووی سیاسی و فەرهەنگەوە ئەركی تایبەتیان هەیە، چ لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ژیانەوە كارێكی گرنگ جێبەجێدەكەن. گەیاندنی پەیام بە كورتی دەكرێت و بە درێژیش هەر دەكرێت، بەڵام خودی نووسینی درێژ و كورت دوو ئەركی جیاوازیان هەیە و بۆ بۆنەی جیاواز دەبن. بۆ نمونە؛ گفتوگۆی ڕاگەیاندنی ڕووداوێك جیاوازە لە لێكدانەوە و شیكردنەوەی ڕووداوەكە. ئەگەر نووسەر باسی پێكدادانی دوو كەشتی دەكات لە دەریایەكدا و تەنیا مەبەستێتی ڕووداوەكە بگەیەنێت، ئەوا جیاوازە لەوەی باس لە هۆكاری پێكدادانەكە بكات، یان بیەوێتە گفتوگۆ لەسەر سروشت و سیستەمی كەشتیوانی بكات بۆ ئەوەی جۆرێكی تر بەڕێوەببرێت. لێرەوە ئەركی نووسین و ڕۆڵی نووسین دەردەكەوێت و ئێمە تێگەیشتنی زیاترمان دەوێت لەوەی تەنیا باسی كورتی و درێژی نووسین بكەین یان سادەیی و ئاڵۆزییەكەی. هەواڵ و ڕووداوی سیاسی دەكرێت بە كورتی پەخش بكەین، بەڵام بیری سیاسی و فەلسەفەی حوكمڕانییەكی نوێ ناكرێت بە تەنیا بە پەیام پەخش بكرێت. بیر (فكر) لێكدانەوە و شیكردنەوە و پێشبینی و زانیاری و پێكەوە گرێدانی رووداو و ...چەند شتێكی تریشی پێویستە، بەخشكردنی هەواڵ بەبێ باسكردنی پشتەوەی ڕووداو لە خۆیدا سەرلێشێواوی درووست دەكات. گەیاندنی زانیاری پچڕ پچڕ گێلی لێكدانەوە و تێگەیشتن لە هۆكار و دەرئەنجام بەرهەم دەهێنێت و ئەمانەش ئامانجی دەسەڵات و ڕژێمە ستەمكارەكانە لەسەر ئاستی دونیا بە گشتی و ناوچە خۆجێییەكانیش بە تایبەت، وردەكاری ئەم باسە لە كۆتاییدا دەچنیتەوە، ئەگەر مەیلت هەبوو بەردەوام بیت.
پرسیارەكانی بابەتەكە
ناوەڕۆكی بابەتەكە، بە دوو پرسیار دەست پێدەكەم، كە دەبێت لە قۆناغەكانی سەرەتای خوێندندا یان هەر نەبێت لە قۆناغە ناوەندییەكاندا وەڵام درابێتنەوە! ئەویش ئەوەیە؛ ئایا نووسین چییە؟ مرۆڤایەتی بۆ دەبێت دەقی نووسراوی هەبێت؟ لەهەناوی وەڵامی ئەم دوو پرسیارەدا دەقی تەڵەكە خۆی دەدات بە دەستەوە.
هەموو قسەیەكی ئاسایی نێوان ئێمە دەكرێت بكەین بە نووسین. دەتوانین زۆر باش تۆماریان بكەین و بڵاویان بكەینەوە، بەڵام ئایا هیچ بەهایەكی دەقی نووسراویان دەبێت جگە لە تۆماركردن! ئەوەی بەها بە نووسین دەدات پرۆسەیەكە بەها لە خودی دەقی نووسراودا درووستدەكات! ئێمە لە زانستی ئابوورییەوە دەتوانین ئەوە فێر ببین بەها چۆن بەرهەم دێت. ئەوەی بەها درووستدەكات لە هەر بوارێكی ژیاندا بریتییە لە كار، بڕوانە سەرنج و ڕای ئابووری ناسە كلاسیكەكان تا دوا دید و تێڕوانینەكانی ئەمڕۆ. كەوتە درووستكردنی بەها لە نووسیندا بەهۆی ئەو كارەوەیە كە لە نووسیندا كەسی نووسەر دەیكات، نەك تەنیا قسەی ڕۆژانە تۆمار بكرێت و ناوی بنێین نووسین، ئەكرێت نووسراوەیەك بێت، بەڵام هەرگیز ناكرێت ناوی دەقی لێ بنرێت. پرۆسەی زۆركردنی نووسراوە و وڕێنەكانی ڕۆژ و پاشانیش بە نووسینكردنیان، پرۆسەیەكە دەقی بە بەهای نووسین لە ناو قسەی گشتیدا وندەكات.
با لێرەدا سەرنجت بۆ شتێك ڕابكێشم كە گرنگە؛ چونكە ئەمڕۆ ڕژێمە حوكمڕانەكانی دونیا، لە چكۆلەترینیانەوە تا زەبەلاحترینیان پێیان خۆشە و لە قازانجیاندایە قسەی نووسراو جێی تێكستی نووسراو بگرێتەوە یان لایەنی كەم پانتاییەكانی نووسینی بگۆڕ دابپۆشێت. ئەمەش، مەترسی و هەڕەشەیەكە لەسەر هەموومان. چونكە ئەم پرۆسەیە بە هەمان شێوەی سیستەمی بەكاربەری بەرخۆر كاردەكات و دوورە لە پێویستییەوە. لەم پرۆسەیەدا؛ گرنگە كات و وزەی خوێنەر بە بۆشایی و هیچ پڕ بكرێتەوە، مرۆڤی نامۆكراو باشتر بەڕێوە دەبرێت و داخوازییەكانی پێشبینیكراون. بەڵام مرۆڤی بیركەرەوە، كارا و بزۆك كردەوە و داواكارییەكانی پێشبینی نەكراون. بۆ نمونە؛ ئەو شێوازەی ئەدەبدۆستێك گوزارشتی پێدەكات لە ئیشق و خۆشەویستی زۆری جیایە لەو قسەو باسە ڕۆژانەیەی هەر یەكەمان باسی پێدەكەین لە هەمان بابەت. ئەشێ من چەند خۆشەویستێكم هەبێت (منداڵەكەم، مەعشوقەكەم، نیشتمانەكەم...تاد) زۆریش ڕاستگۆیانەتر لە ئەدەبدۆستەكە خۆشم بوێن، بەڵام هەرگیز ناتوانم لە نووسیندا وەك پیشەی نووسین وەكو ئەو دەربارەی بنووسم. وەكو ئەو گوزارشت لە ناخی خۆم و خەڵكی تر بكەم لە دەقێكدا، لەبەر هیچ نا، بەڵكو ئەشێ زانینم بۆ نووسین وەك ئەو نەبێت یان هەر هۆكارێكی تر. ئیدی ئەگەر هەڵبزڕكانی من ببیتە شیعر، یان لێكدانەوەی بێ بنەمام ببێتە وتار و هەموومان هەر خەریكین لەو مەیدانەدا، بێگومان بەرهەمی زۆر شاكارەكان دەشارێتەوە، ئەمەش بەشێكی گەورەی تەڵەكەیە.  
لێرەوە تێدەگەین نووسین كارە، بەهۆیەوە بەهای نوێ پەیدادەبێت و هەموو كەس دەتوانێت ببێتە نووسەر، بەڵام بوون بە نووسەر زۆر زیاتری دەوێت لەوەی كە تەنیا بتوانیت بنووسیت و بخوێنیتەوە، هەروەها زۆر زیاتر دەوێت لەوەی خوێنەرێكی بەردەوامی هەر شتێك بیت كە دەنووسرێت. كاتێك دەڵێین نووسین كارە، مەرج نییە كارێك بێت مووچە و داهاتی لێ دەستكەوت ببێت، زۆر كار هەن لە ژیاندا خۆبەخشانە دەكرێن. كارە خۆبەخشانەكان پایە گەورەكانی كۆمەڵگا دەوڵەمەند دەكەن. كەچی هێشتاش نووسین كاری هەموو خۆبەخشێك نییە. نووسین، چونكە زۆر زیاتری دەوێت لەوەی خانەنشینێك بیت یان بێكارێك بیت و نەزانیت چی بكەیت خۆت بە نووسینەوەوە خەریك بكەیت، ئەمە كارەسات دەخولقێنێت، تەنانەت ئەگەر تەنیا ئارەزوو مەندێكیش بیت نووسین بە بێ فێربوونی نووسین ئەنجامی باشی نابێت. كاتێك كە وەك كار سەیری نووسینمان كرد، ئیتر دەزانین كە وەك هەر كارێكی تر پێویستی بە زانین و شارەزایی و هونەری تایبەت بەخۆی هەیە. بەڵێ جاران خەڵك بە ئەزموون دەبوون بە نووسەر، هەرچۆن بە ئەزموون دەبوونە حەكیم و پزیشكیش. بەڵام لەپاش دۆزینەوەی بنەما و بنەڕەتەكانی نووسین، ئیدی دەبێت خۆت فێری نووسین بكەیت ئەگەر لە خوێندن فێر نەكرابیت، ئەگەر بە تایبەت بەهۆی بەرنامەیەكەوە نەتخوێندبێت. وەك هەر كارێكی تر نووسینیش چەندین شێواز و ئەرك و دووری و تام و بۆنی جیاوزی هەیە. كەواتە بەو جۆرە جارێكی تر نووسین لە قسەی ئاسایی جیادەبێتەوە. قسەی ئاسایی دەڕوات و بەشێكی زۆر زۆر كەمی لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە، هەر پێویستیش نییە هەمووی لە یادەوەریدا بمێنێتەوە، بەتایبەت یادەوەرییەك كە دەبێتە بنەڕەت بۆ پێدا چوونەوە. یادەوەرییەك كە دەبێتە بنەما بۆ ئیستكردنی جیاجیا و كاركردی گۆڕین لە ژیانی ڕۆژانەی داهاتووماندا. لە قسەی ئاساییدا دەتوانیت چەندین شتی ناڕاست و ترشوخوێی چەندین ڕووداو بكەیت، بەڵام لە نووسیندا ئەمە ئاسان ناكرێت، كاتێك نووسەر بخوازێت بەرپرسیارانە بنووسێت. ئەوەی ئەمڕۆ كەرەستەكانی میدیای ئەلەكترۆنی دەیانەوێت بیكەن و تا ئەندازەیەك ئامانجی خۆیان پێكاوە، ئەوەیە یادەوەری كۆمەڵایەتی پڕ بكەن لە قسەی ڕۆژانە و لە نێویدا تێكستێك كە بەرهەمی كارە بێسەروشوێنی بكەن، یان لە چوارچێوەی سیستەمی هەژموونی زۆرینەی نوسراوەی پڕوپووچدا بەرەو شاردنەوەی بەرن.
نووسین لەهەر قۆناغ و سەردەمێكدا كۆمەڵێك ئەركی هەن، كە بەشێكیان بە پێی سەردەمەكە دەگۆڕێت و بەشێكیشیان بە درێژایی مێژوو وەك خۆیان و بە بنەڕەتی دەمێننەوە، بەتایبەت ئەوانەیان پەیوەندیان بە سروشتی نووسینەوە هەیە. ئەوەی من زۆر بە بنەڕەتی دەبینم لە ئەركی نووسیندا دوو خاڵی زۆر سەرەكین: یەكەم؛ درووستكردن و دەوڵەمەندكردنی یادەوەری بە كۆمەڵە. دووهەم نووسین ئەو سۆفت وێرەیە كە داینەمۆی گۆڕانكارییەكانی مێژووی ژیریی دەخاتە ئیش. مێژووی نووسین نازانرێت، بەڵام لەو سەردەمەوە دەستیپێكرد كە دووپێیەك بیریكردەوە و هات لەپی دەستی خۆی لە سەر دیواری ئەشكەوتێك بە چاپكراوی جێهێشت. لەو كاتەوە هەتا ئەمڕۆ، كە لەڕێگای میدیای ئەلەكترۆنییەوە هەركەسە دێت و وڕێنەكانی خۆی دەنووسێتەوە و كراوەتە شێوگی نووسینی باو نووسین كاریگەری و گرنگی خۆی لە دەست نەداوە.
لەخۆیدا نووسین چەند ئەركێكی بە قۆناغ و سەردەمی خودی نووسینەكەشی هەیە و بەتەنیا بەو دوو ئەركە سەرەكییەوە ناوەستێت؛ لەوانە:
* درووستكردی هۆشیاریی؛ نووسین لە ڕێگای درووستكردنی پرسیار و لێكدانەوەی ڕووداوەكان و شیكردنەوەی پێشهات و پێشبینی كردنی ئاییندەی نزیك و دوورەوە، لە ڕێگای پێشكەشكردنی تێزەكانی چارەسەرەوە؛ دۆخێك لە هۆشیار درووست دەكات لە ئاستی جیاجیادا. بۆ نمونە نوسینی زانستی هۆشیاری زانستی و تێكستێكی شانۆگەری هۆشیارییەكی گشتی تایبەت بە فەلسەفە و دیدگایەك دەنەخشێنێت. هەروەك چۆن دەقێكی شیعری كۆی هەست و ڕۆشنیی هەستەوەرەكان لەو زمان و كولتوورەدا لەساتەوەخت و سەردەمی خۆیدا دەردەخات و دەبێتە كۆ هۆشیاری هەستی گشتی.
* سەرچاوەی زانین و تێگەیشتنی قۆناغەكەیە؛ ئەو زانیار و ڕاستییە پێشبینیكراوانەی لە نووسیندا دەیاندۆزینەوە دەبنە زەخیرەی زانین و تێگەیشتنی ئێمە لە هەر قۆناغێكدا. تەنانەت كە لە قۆناغێكی دواتریشدا بۆیان دەگەڕێینەوە دەتوانین بزانین ئێمە لە كوێوە سەرچاوەی هەنگاوەكانی پێشوومان گرتوە. هەرگیز ناكرێت قسەی وتراو ببێتە ئەو سەرچاوەیە، چونكە ئەو قسە وتراوە بارگاوییە بە چەندین پڕوپاگەندە و دەربڕینی هەست بە بێ بنەمایەكی زانستی و خاڵییە لە مشتومڕی بیرێكی قووڵ. بۆیە قسەی وترا و ئەم ئەركەی قۆناغەكەی خۆی لە چوارچێوەی گێڕانەوە تێپەر ناكات. واتە گەر ئێمە هەموو قسەكانی ڕۆژانەی خۆمان تۆمار بكەین، جگە لە گێڕانەوە هیچی ترمان نەكردوە. بەواتایەكی تر؛ واتە هیچ بەهایەكمان بە هۆی كار و كردەوەی نووسینەوە نەخولقاندوە تەنیا دۆخی گوزەرمان گێڕاوەتەوە. ئەمە بێسوود نییە، بەڵام هەموو ئەركەكانی نووسین پڕناكاتەوە.
* بەهۆیەوە هاریكاری دروست دەبێت و بەرنامەكار دادەڕێژرێت؛ تێكڕای گۆڕانە گەورەكانی مێژوو بە بێ نووسین ڕوویان نەداوە، تەنانەت بەر لە مێژووی نووسینیش جۆرێك لە تێكستكردنی زارەكی هەبوە لە شێوەی ئەفسانە یان لە شێوەی چیرۆكی دەما و دەمەوە كە بەهۆیەوە مرۆڤ توانیویەتی بەرنامەكاری خۆی وێنا بكات. بەرنامەكار بەرهەم و دەرئەنجامی هاریكارییە، ئەو چەمكە هەرە گرنگەی مێژوو، كە دەتوانێت سیستەم دروست بكات. سیستەم بەشێكی باشە لە وەرچەرخانە مێژووییەكان كە دەتوانێت چیرۆكی بوونمان بۆ بگێڕێتەوە. هاریكاری بە بێ نووسین ناتوانێت بگاتە بازنە فراوانەكانی دانیشتوان. دەكرێت بە شێوەی زارەكی و ڕێكەوتنی چەند پیاوماقوڵێك ڕێكەوتنێكی زارەكی  مۆر بكەین لە نیوانی چەند گوندێكدا، بەڵام بە بێ نووسین ناتوانین سیستەم داڕێژین. بە بێ سیستەمیش ناتوانین هێز كۆ بكەینەوە بۆ هاریكاریكردنی یەكتر و وەشاندنی ئەو گورزانەی كە لە ئەركی گرۆی چكۆلە و تاكەكەس تێدەپەڕن.  
* گرنگی تۆمار لە یادەوەریدا بۆ پیاچوونەوە؛ تۆماركردنی بیر و بیركردنەوە ئەو پێگە زەحمەتەیە كە شارستانییەت گەر نەیبوو ناتوانێت ڕابوەستێت. بەواتایەكی تر ئەگەر كولتوور تۆماری بۆ یادەوەری و نۆرمەكانی نەبوو، ئەوا كولتوورێكی كۆچەری دەمێنێتەوە. كولتوورێك دەبێت بەتەواوی پشتی لە جوگرافیایەكی جێگیرە و سنوورەكانی لەو شوێنەدا دەمێننەوە كە دەتوانێت تەنیا دەماودەم بگێڕدرێتەوە. بەزەحمەت بۆ هیچ كولتوور و فەرهەنگێكی تر تەرجەمە دەكرێت، بەزەحمەت دەبێتە زەخیرەیەك بۆ بیناكردنی داهاتوو. بە زەحمەت جێدەكەوێت و كاریگەری لەسەر كولتوورێكی تر دادەنێت. ئیتر بۆیە بە بێ یادوەری نووسراو تێكڕای هەژموونی كولتوورێك تەنیا ڕاگوزەردەبێت. ئەم ڕاگوزەرییە لەوانەیە لە گرۆی چكۆلەدا پارێزگاری لە خۆی بكات، بەڵام هەرگیز بۆ گرۆ گەورەكان دەست نادات و هەمیشە كولتوورەكەیان بە لاواز دەمێنێتەوە.
*ناوەندێكە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو پیاچوونەوە؛ پرۆسەی بونیادنانی داهاتوو لەسەر نووسین زۆر دەوەستێت، چونكە گەشە و پێشكەوتنی داهاتوو بە بێ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پیاچوونەوەی ڕابردوو دروست نابێت. پیاچوونەوەی ڕابردوو ئەو خاڵی وەرچەرخانەیە كە مرۆڤ دەتوانێت بە هۆیەوە وێنای ئاییندە بكات. وێنای ئاییندەش هەمیشە ئەو گەڕانەوەیەی دەوێت، خۆ ئەگەر ئاڵوگۆڕی بیروڕاش زۆر پێویست نەبێت مرۆڤ بەتەنیاش بژی، ناتوانێت لە خاڵێكەوە دەستپێبكات بەبێ گەڕانەوە بۆ یادەوەری ڕابردوو. بڕوانە نمونەی چیرۆكەكەی ڕۆبنسن كرۆزۆ، كە ناتوانێت لە هیچەوە بوون درووست بكات بە بێ گەڕانەوە بۆ یادەوەری شارستانییەتەکەی پێشتری خۆی. 


No comments:

Post a Comment