بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





31/08/2018

ڕۆژی (31) ی ئــــــــــــــــــــــــاب 1946-2046


هەوڵدەدەین لەم باسەدا سەرنجێکی خێرا لەسەر چەند ڕووداوێك کۆبکەینەوە و میکانیزمێكی ڕاستەوخۆ بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزی ئەو ڕووداوانە بخەینەڕوو. بە پوختی سروشتی پێکهاتەیەکی بەکرێگیراو باس دەکەین بە ناوی بنەماڵەی بارزانییەکانەوە کە لە بەرگی پارتێکی سیاسی کوردستانیدا درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. ئەوەش لە کورتەی دوو زانستی مرۆییەوە (سیاسەت و مێژوو). باسەکە بۆخۆی دوورودرێژە، بەڵام دەکرێت بەکەمترین درێژیی هەندێ سەرەتایی لێ ڕوون بکەینەوە.
لەبەروارێكی وەك ئەمڕۆدا (٣١ی ئاب)، تیشكخستنە سەر کاراکتەرێکی وەك پارتی بەرزانی کە لە بنەڕەتەوە بۆ خیانەت لەدایكبوون، پێویستی بە کردنەوەی چەند کۆدێك هەیە. کردنەوەی ئەو کۆدانە کارێکی ئاسان نین و زانین و زانستیان زۆر پێویستە، بەداخەوە لەوانەیە من بەشێکی هەر زۆر کەمی لێ بزانم، بۆیە ئەوە وا دەکات تەنیا چەند ئاماژەیەكم پێ بخرێتەڕوو. بۆ ئەو مەبەستە، پێشەکییەك لەبارەی سیاسەت و مێژوەوە دەبێتە پێویستی. یەکێك لە خەسڵەتە گرنگەکانی کاری سیاسی نهێنی بوونی بەشێکی زۆری کارەکەیە، واتە بەشێکی باشی کارەکانی پیشەی سیاسەت بە بێدەنگی و بە نهێنی لەبەردەستی چەند بڕیاردەرێکی بوارەکەدا دەمێنێتەوە و هەر شاراوە دەبێت بۆ هەموو مێژوو. میژووش وەك زانستێکی مرۆیی، لە کورتماوەدا تیشك دەخاتە سەر ڕووداوەکان و لە درێژ ماوەشدا لێکدانەوەی وردیان دەتوانێت بۆ بکات و زیاتریان لێ ڕوون بکاتەوە.
گرنگە دوو خاڵ باس بکەین کە ئەم زانستەی دواییان تێیدا هەژارە و دەستکورت و بێتواناییە. ئەوانەش  بریتیین لە: یەکەم؛ ناتوانێت دەستی بگات بە هەموو وردەکارییەکانی ڕووداو لە مەودا کورتەکەیدا (ئەوەش بە هۆی سروشتی نهێنی بوونی کاری سیاسییەوە). بۆیە دەبینیت وێنە پچڕ پچڕەکانی مێژووی سیاسی تێکڕا ناتەواون. دووهەم؛ هەرگیز ڕووداوەکانی مێژوو دووبارە نابنەوە، مەبەستمە بڵێم ئەو هەڵەیە تێپەڕێنین کە لامان وایە مێژوو دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەت کە ئێمە دەزانین کات بڕەرێکی یەك ئاراستەیە و هۆکارەکانی ناوی هەمیشە نوێن ئەگەر لە ڕابردووش بچن. ئەوەی لە مێژوودا جێگیر و نەگۆڕە بریتیە لە گۆڕان، کە بەردەوامییەکی جێگیری هەیە.
ئەم زانستە، (مێژوو) لە کوێدا دەتوانێت قەرەبووی ناتەواوییەکانی خۆی بکاتەوە؟ لە وەڵامدا دەبێت بێینە مەودای درێژ و دۆزینەوەی هۆکارە چنراوەکان بە درێژایی چەند دەهەیەك لە گۆڕانکاری و تێگەیشتن لە وەرچەرخانەکانیان. ئەمەش پێویستی بە یادەوەرییەکی باش و یادەوەرییەکی چالاکی دوورمەودای کۆمەڵگا هەیە. لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوودا کە پرۆسەی ئارشیڤکردن نزیکە لە نەبوو، بە ئاسانی ناتوانین لەم گۆڕانە مێژووییانە تێ بگەین و شیکردنەوەی تەواومان بۆیان هەبێت. بۆیە بەردەوام هەست دەکەین کە ئێمە لەبەردەم تێگەیشتنێکی زۆر ناتەواو و چەواشەکراودا دەژین. بۆ ئەوەی بگەینە بەشێکی زیاتر لە ڕاستییەکان ناچارین بەهۆی تێگەیشتنەوە لە ڕووکارەکانی تری دەوروبەرەوە بەشێکی باش لە مێژووی ڕاستینەی خۆمان ڕاڤەبکەین. مێژووی بەرژەوەندی و وەرچەرخانی هێزە جیهانییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ناوچەیەی تا ئەمڕۆش پێی دەوترێت کوردستان، هەروەها مێژووی ئەکتەرە سیاسییەکانی کوردستان بە پێکەوەیی لەوانەیە شتێكمان پێ بلێن. ئەگەر بە وردی و وریایی لێی بڕوانین، لەوانەیە توێژەرێکی زیرەکی مێژووی سیاسی کە توانای خوێندنەوەی ڕایەڵە ئابووری و فەلسەفییەکانی حوکمڕانی جیهانی هەبێت بتوانێت بەشێکی باشی هەموو وێنەکەمان بۆ تەواو بکات. ئەم کارە پێویستی بە تێڕوانین هەیە لە هەموو ڕووداو و وردەکارییەکان، خوێندنەوەی ئەو بەشە لە یادەوەری گشتی، تێبینی کردنی وەرچەرخانە ناوچەیی و جیهانییەکان، هەروەها تێڕوانین لە سروشتی دەروونشیکارانەی هەر قۆناغێکی بەشدارییەکانی کاراکتەری سیاسی لە ناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا.
ئەوەی سەرەوە کارێکی قورسە، بەڵام ئەنجامێك دەدات بە دەستەوە. مێژوو لە مەودای کورتخایەنی خۆیدا گێڕانەوەیەکی نیمچە ناواقعییە بۆ ئەوەی چی گوزەری کردوە، بەڵام بۆ بەئاستەم دەگات بە پشتی ڕووداوەکان، ئەوە ئەگەر هەمووی تۆمارکرابێت. زانینی مێژووی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، میکانیزمی کاری ئایین لەسەر گەلانی ناوچەکە، هەروەها تێگەیشتن لەبەریەککەوتنی شارستانی لەم ناوچەیەدا زۆر کۆدمان بۆ دەکەنەوە. بەتایبەت کۆدی شۆڕش و نائارامی کە لەم ناوچەیەدا خزمەتی بە چ ئاراستەیەكی بەرژەوەندی جیهانی کردوە. بەرئەنجامی دواکەوتن، هاوسەرگیری ئایین و گرۆبەندی هەژموونێکی کۆمەڵایەتی تیرەگەری بەرتەسك درووستدەکات بەناوی شێخەکانی ناوچەی بەرزانەوە وەك زۆر ناوچەی تری کوردستان، بەڵام ئەمان بە پێی ناوچەی جوگرافی و سروشتی کۆمەڵایەتییانەوە لەبارترن بۆ بەکارهێنان. ئیتر لەگەڵ لەدایکبووندا بۆ ئەوە گەشەدەکەن ببنە کۆسپ لەبەردەم خواستی خەڵکی ناوچەکەدا. بۆ وردەکاری و زانیاری زیاتر نێوانی ئەو دێڕانە بخوێنەرەوە کە لە لێکۆڵینەوەکانی فەرید ئەسەسەرد و یادەوەرییەکانی ڕەفیق پشدەرییدا نووسراون دەربارەی مێژووی ئەم خێڵ و باندانە، بەڵام ئاگادار بە کە ئەوانە بە تەنیا لایەنێکی وێنەکەت بۆ ڕووندەکەنەوە. بۆ تێگەیشتنی باشتر پێویستت بە خوێندنەوە و تێگەیشتن هەیە بەشێوەی بەراوردکاری کاتێك لە مێژووی بەرژەوەندییە جیهانی و ناوچەییەکان دەڕوانیت و ئەو ڕێکەوتنە نهێنیانەی لە نێوانیاندا ڕوویداوە بەراوردیان دەکەیت بە ڕووداوەکانی ناوەوەی کوردستان. کۆی ئەو ڕووداوانە دەیسەلمێنن کە پرسی بزووتنەوەکانی کوردایەتی لە ناوچەکەدا بە شێوەی جیاجیا بەکارهێنراوە. لە نێوەندی ئەو بەکارهێنانەدا بنەماڵەی بەرزانییەکان کە سەرکردایەتی پارتی دەکەن زۆر بە باشی سوودیان لێ بینراوە.
لێرەدا و لە ڕێکەوتی ڕۆژێکی ڕەشی وەك ٣١ ئابدا چەند سەرنجێك بەیاد دەهێنینەوە:
* ئەم تاقمە لە ساڵانی ١٩٤٦ و ١٩٤٧دا پشتگیریکردنی تەواوی کۆماری مهاباد ناکەن و پاشەکشە دەکەن لە ئەرکەکانی سەرشانی خۆیان لەو کۆمارەدا.
* لە خۆیدا سروشتی درووستبوونی پارتی بەرئەنجامی یاخی بوونێکی خێڵەکییە و هێزی خێڵ وا دەکات کە هەژموونێکی بەسەر چەند قسەزانێکی ئەو سەردەمەدا هەبێت و هەروەها لە ژێر بانگەشەی نەتەوەییدا ئیحتوای بزاوتە چەپڕەوەکانی ئەو سەردەمە دەکات کە تێیدا درووست دەبێت. دواتر دەبینیت لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا و لەسەر دەستی مەلامستەفا دژایەتییەکی بەرچاوی درووستبوونی حیزبی سیستەماتیك و بە بنەما دامەزراوەیی دەکرێت.
* پارتی و دامەزراوە موخابەراتییەکانیان بە سەرکردایەتی بەرزانییەکان هەمیشە لە دژایەتی شۆڕشگێڕ و ڕابەرانی سیاسی بەشەکانی تری کورستاندا بوون و ئەوەی دەرفەتی تاوانکاری بوو بێت بەرامبەریان سڵیان نەکردوەتەوە و ئەنجامیان داوە.
* پارتی بارزانییەکان وەك باندێك بە ڕەسەن پەروەردەی خیانەتکارین و هەر لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥دا گەورەترین توانای دارایی و مرۆیی و سەربازی خەڵکی ڕاپەڕیوی باشووری کوردستانیان تەسلیم بە دەوڵەتی ئێرانی و حوکمڕانی شاهەنشایی ئەو سەردەمەیان کردوە و لە خزمەت مانەوەی کۆماری ئێراقدا خۆیان ڕەخساندوە.
* لەماوەی ساڵانی ١٩٧٦ هەتا ١٩٨٤ دژایەتی هەموو ڕاپەڕینەکانی باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردوە و گرێیەکی گەورەبوون لەبەردەم خەباتی کۆمەڵە و دیموکرات. ئەمەش کاتێك بوو کە ئەو هیزانە لەوپەڕی دۆخی گەشە و دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتییەکاندا دەژیان و لەکاتی ڕزگارکردنی بەشێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوون.
* دەبینین سەرباری دژایەتی گەورە و بە بەرنامەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ساڵێ ١٩٧٠ تا ١٩٨٣، کەچی لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٧ هەتا ١٩٩٣ کاتێك خەڵکی باشووری کوردستان بە قورسترین دۆخەکانی جینۆسایددا تێدەپەڕین، ئەمان ئامادەی ئاشتەوایی و دەست لە دەستنانی هێزە کوردییەکانی تر بوون. تەنانەت هەوڵەکانیان بۆ ئاشتەواییش بەشێکبوە لە پرۆسەکانی دەسەڵاتگەرایی و هۆکاری ئەوەش بۆ ئەرکی مێژوویی خۆیان دەگەڕێتەوە کە پێیان سپێردراوە. ئەو ئەرکەش ئەوەیە کە نەدەکرێت لە ناوچەکەدا شۆڕش بپووکێتەوە نە دەکرێت سەرکەوتوو ببێت. بۆیە هەر لەپاش ساڵی ١٩٩٣ کە هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن و خۆ بەهێزکردنندا دەبێت، ئەمان گەلی کوردستان لە چەند شەڕێکی تری ناوخۆوە دەپێچن.
* هۆکاری سەرەکی ڕوودانی گەورە خیانەتی ٣١ی ئاب بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەبوو پدك دەست بگرێتەوە بەسەر کوردستاندا و دوو پرۆسە بوەستێنێت، یەکەم پرۆسەی ئەو هێڵە ستراتیژیانەی (ی.ن.ك) خەریك بوو درووستی دەکرن و تۆڕە ستراتیژییەکانی کوردستانی پێکەوە دەبەستەوە. بەهۆی ئەم هێڵانەوە بە ئاسانی ناوچەکانی کوردستان گەشەی کشتوکاڵی و بازرگانیان دەکرد. هەروەها زۆربەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە دەرکەوتبوو لە باشووری کوردستاندا گەورەترین پرۆسەی داهێنان لە بواری جیا جیادا لە ئاراد بوو بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە. بۆنمونە؛ پارچەی یەدەکی ئۆتۆمبیل درووستدەکرا و ئامێرەکانی سەتەلایت و سەرخستنی ئاو و چارەسەرکردنی قیر و زۆر داهێنانی تر سەریان هەڵدابوو.
* لەماوەی ساڵانی ١٩٩٩ تا ٢٠٠٩ پارتی بەرزانییەکان کاریکردوە لەسەر چەند پرۆسەیەك، لە گرنگترینیان داگیرکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی دوژمنە ناوخۆییە کلاسیکییەکانی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی بەها و پرانسیپە بۆرجوازییە لاوازەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی و لاوازکردنی تەواوی هەموو هێز و لایەنە چەپڕەوەکان. بەتایبەتی لەڕیگای بەکارهێنانی خودی هیزی یەکێتی و لایەنە ئیسلامییەکانەوە.
* لە ساڵێ ٢٠٠٣ تا ساڵی ٢٠١٤ درووستکردنی پردێکی پەیوەندی بەهیز لەگەڵ تورکیا، دامەزراندنی پرۆسە و کۆمپانیاکانی بە تاڵان بردنی سامانی نیشتمانی و بەتایبەتی نەوت، هەروەها جێبەجێکردنی خواستەکانی تورکیا و کۆسپدانان بۆ گەڕانەوەی ناوچە جێ ناکۆکەکانی نیوان هەرێم و بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
* هەر لەهەمان ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ دا زۆرترین کاری کردوە بۆ لاوازکردن و ناشرینکردنی ڕۆڵی کوردەکان لەنێو سیاسەتی ئیراقیدا و ناشرینکردنی ڕۆڵی خەڵکی هەرێم لە سیاسەتی ناوەندی ئیراقدا. هەروەها خراپ بەکارهێنانی هێزی پێشمەرگە لەو پێناوەدا، ئەم پرۆسەیەی دواییان بە سەرکردایەتی چەند کەسێك بەڕیوەچوە لەوانە بۆ نمونە هۆشیار زێباری و ڕۆژی نوری شاوەیس و بابەکر زێباری و چەند دانەیەکی ترەوە. لەوانە بڕوانە کار و ئەنجامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێراق، وەزارەتی دارایی ئێراق و ئەرکانی سوپا و پەرلەمانی ئێراقی..تاد.
* لە ساڵی ٢٠١٤ بە ئاشکرا بەشداری دەکات لە جینۆسایدی یەزیدییەکان و سەرخستنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و درووستکردنی کۆسپی بەردەوام بۆ ئازادییەکانی ڕۆژئاوا و سەرخستنی پرۆسەکانی کوردستان لە ڕۆژئاوای وڵاتدا.
* دواجار خەونی سەربەخۆیی لەباشووری کوردستاندا بە مەبەست تووشی شکستێکی گەورە کرد و لە ٢٥ی سێپتامبەری ٢٠١٧دا ڕیفراندۆمێکی دۆڕاوی ئەنجامدا کە بوو بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ نەیارەکانی کوردستان تا خەڵك تووشی نا ئومێدییەکی گەورە بکەن.
دەرئەنجام، هیچ کام لەکارەکانی ئەم پارت و بنەماڵەیە بەبێ پلان و بەشدارییەکی پڕ نەخشە و داڕێژراو نەبوە. هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندییەکی خێڵەکی بەرتەسکی خۆیاندا هەرزانترین وەرەقە بوون بەدەست هێزە جیهانی و ناوچەییەکانەوە و بەردەام کاریان بۆ شکست و تێکشکاندنی خەڵکی ڕەنجدەر و بەش مەینەتی کوردستان و ناوچەکە کردوە. هەتا ئەمانە لە کوردستاندا دەسەڵات و دەرفەتی بەشداری کارایان هەبێت گەلانی کوردستان و هێچ هێزێکی ئاسۆ پێشکەوتوو لە ناوچەکادا ناتوانن مافە سەرەتاییەکانیان دەستەبەر بکەن و بگەن بە بەشێکی ئامانجەکانیان. خۆ ئەگەر ئەم باندە لەبەریەك هەڵبوەشێنرێت و دەسەڵاتیان لە کوردستاندا بنەبڕ بکرێت ئەوا داگیرکەرە جیهانیی و ناوچەییەکان کات و وزەیەکی ئێجگار زۆریان دەوێت تا سەرلەنوێ ئاکتەرێکی تری بەم جۆرە ئەڵقەلەگوێ و هەرزان بۆ خۆیان دەستەبەر بکەنەوە، ئەوە ئەگەر لە هەل و مەرجی مێژووییدا هەر دەرفەتی درووستبوونی ئەو جۆرە لە پرۆسە مابێت.
بۆیە هەر هیزێکی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە گشتییەکان درووست ببێت و خەمێکی گشتی هەبێت، ئەوا کاتێك سەرکەوتوو دەبێت و ئامانجەکانی مستۆگەر دەکات، ئەگەر نۆدانە لە فیشەکەکانی ناو تفەنگەکەی ئارنستۆ تشی گێوارای بەم باندە و پاشکەوتوەکانییەوە بنێت و دەهەم فیشەکیش هەڵگرێت بۆ داگیرکەری دەرەکی. ئەگەر واش نەبێت بۆ مەودایەکی دووری تر ئەم باندە هەمیشە لەباربەری هەر بزاوت و گەشانەوەیەك دەبن کە لەبەرژەوەندی خەڵكی چەوساوە و بەشمەینەتی ناوچەکە درووست ببێت.

No comments:

Post a Comment