بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





02/08/2018

بۆ- هەڵاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی / ئاوێتەی (جیاوازی و نەزۆکی) سیاسی لە کوردستاندا



ئاوێتەی (جیاوازی و نەزۆکی) سیاسی لە کوردستاندا




سیاسەت و کاری سیاسی بە زۆر پێناسە و دیدو بۆ چوونی جیاواز دەتوانرێت گوزارشتی لێ بکرێت. بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی بابەتەکەمانەوە زۆر بە نزیكی بمێنینەوە، دوو تەوەرەی سەرەکی لەم کایەیەدا دەکەینە پێگەی سەرەتایی بیرکردنەوەکەمان، {بەرژەوەندی + دەسەڵات}. بەم دوو خەسڵەتەوە سیاسەت دەبێت بە زانست و هونەری گرتنە دەستی دەسەڵات و پارێزگاریکردن لێی لە پێناو پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانمان و هەوڵدان لە پێناو زیاترکردنیاندا. یان بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵێین: سیاسەت بریتییە لە زانست و هونەری پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانمان و بەدەستهێنانی زیاتری ئەو بەرژەوەندیانە لە ڕێگای گەیشتن بە دەسەڵات و بڕیارەکانی بەڕێوەبردنی ژیانەوە بەو جۆرەی بەرژەوەندییەکانمان دیانخوازن. ئەم دوو پێناسەیەش وەك دوو دیوی جیاوازی هەمان دراو دەردەکەون. کەچی هێشتا، ئەم پێناسانە زۆر شتمان پێدەڵێن دەربارەی: هۆکارەکانی جیاوازی و جیاوازی سیاسی و داینەمۆی چوونە پێش بە هۆی جیاوازییەکانەوە. هەر ئەم خاڵە وا دەکات تێبگەین بە کۆی ئەم هۆکارە گرنگانە نەزۆکی سیاسی و پێشکەوتنیان چۆن درووستکردوە لە زۆر شوێنی دونیادا و بە تایبەت لە کوردستاندا، کە جێ سەرنج و گرنگیی باسەکەی ئێمەیە.
کاری سیاسی کاتێك لە نێوان دوو پرسی وەك بەرژەوەندی و دەسەڵاتدا دێت و دەچێت، ڕووبە ڕوە لەگەڵ دابەش بوون بەسەر دوو کۆتا شێوەی کارکردندا. هەرچەند بەرژەوەندی و دەسەڵاتیش توانایان هەیە بەسەر زیاتر لە دوودا دابەش بکرێن بەس ئەو دوو کۆتایە دوو کۆتای پەڕگیریمان لە جیاوازی دەخەنە بەردەم. بۆ نمونە کاری سیاسی پارتیزانی و نا پارتیزانیمان هەیە؛ یەکەمیان هەمیشە ململانێ دەکات بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی شێوازبەند، دووهەمیان ئەو دەسەڵاتەی لا گرنگە کە لەڕێگای هەژموونەوە پەراوەی سیاسەت بکات و بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی بگات. کاری سیاسی دەوڵەوت و کارگێڕی گشتی یان شۆڕش و یاخی بوون. کاری سیاسی تاك ڕەوانە کە هەموو هێزە گشتییەکان دەچنە خزمەت ئایدایا و بەرژەوەندی تاکێکی بڕیاردەروە، یان ئەوانەی هێزە کەسییە تاکەکان دەچننەوە و دەیانخەنە خزمەت کارێکی پێکەوەییەوە، لە دەسەڵاتدا بوون یان گرتنە بەری بەرهەڵستکاری دەسەڵات...تاد. هەموو ئەم ململانێیانەش یان بە شێوەی ئاشتیانە یان توندڕەوتانە دەکرێن و سەرباری ئەو دوو کۆتاییە پەڕگیرەش، چالاکی سیاسی هەن هەردوو کۆتاییەکە بە ڕێژەی جیاجیا بە ئاوێتەیی بەکاردەهێنن.
بەهەر شیوازێك کاری سیاسی بکەین، ئەگەر پاش تێفکرین و تێگەیشتن بێت ئەوا بەم سووڕە داخراوەی خوارەوەدا تێدەپەڕین، خۆ ئەگەر بەشێك لە سووڕەکە جێبەجێ نەکەین سووڕەکە بەردەوام نابێت. ئەگەریش بەردەوام نەبێت ئەوا پێشکەوتن و چوونە پێش ڕوونادات. سووڕەکەش بەم جۆرەیە:
گفرتی سیاسیمان هەیە، شیکردنەوەی بۆ دەکەین، لە هۆکار و دۆخەکانی تێدەگەین، پاشان تێزمان دەبیت بۆ چارەسەری گرفتەکان، ئەم تیزانە دەکەینە کردار و هەوڵدەدەین جێبەجێیان بکەین، لە دوایدا جێبەجێکردنەکەمان هەڵدەسەنگێنین (کە دەکاتە هەڵسەنگاندنی تیۆر و کردارەکەشی بە پێکەوەیی)، لە کۆتایی سوڕەکەدا دەچینەوە ئەوەڵ بەڵام بە ئاستێکی بەرزتر، چونکە دەبینین گرفتمان هەرماوە یان ئەنجامی کار گرفتی نوێمان بۆ درووست بوە. کەواتە جارێکی تر بە سووڕەکەدا دەگەڕێینەوە، لە هەموو خولێکی سووڕەکەدا شتێك دەچینە فراوانی و شتێك دەچینە سەروە، چونکە شتێك چارەسەر دەکەین و ئومیدمان بۆ درووست دەبێت شتی زیاتریش چارەسەر بکەین. بەڵام ئەگەر بە ڕێگای تێفکرین و تێگەیشتن ئەم کارە نەکەین، مەرج نییە هەموو قۆناغەکانی سووڕەکە ببڕین و پێشکەوتن و کەڵەکە بوونی ئەزموون ڕووبدات. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەم دوو وێنەیەی خوارەوە:
ئالێرەدا گرنگە خاڵێك بە هەند وەربگرین پاش ئەوەی دەردەکەوێت پرۆسەکە سێ داینەمۆی یەك لە یەك گرنگتری هەیە، ئەوانیش: بەرژەوەندی و ناوڕۆکی شاراوەی هێزی بڕیار و هەروەها جیاوازییە. بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندییەوە، بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوە لە چارەسەرەوە، ململانێ و کێشمە  کێش دروست دەبێت و بەهۆی هێز و توانای بڕیاردانەوە یەك بەیەکی قۆناغەکان دەبڕدرێن. ئەو هێزە لوولپێچییەی فراوان بوونی ئەزموون و پێشکەوتن درووست دەکات بریتییە لە فراوان بوونی بەرژەوەندی لە چەند و لە چۆندا (چەند وابەستەی ژمارەی دانیشتوانە، چۆنیش وابەستەی پێشبینی ئەرێنییە بۆ ژیان) ئەگەر هێزێك بتوانێت ئەم هێزە بوەستێنێت، دوای بخات یان بێهیوایی تێدا درووست بکات، ئەوا دەتوانێت هیواکان بە چکۆلەیی بهێڵێتەوە، وەك هیوای درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە باشووردا. ئەوەی دەتوانێت ئاستی پێشکەوتنە لوولپێچییە فراوانەکە بۆ سەرەوە بەرێت ئەو هێزی بڕیارەیە کە دەتوانێت ڕەگەزی سەرکێشی (موجازەفە) درووست بکات. بەو جۆرەش هەردوو هێزەکە پێویستیان بە تێگەیشتن هەیە، لە گرفتی سیاسی هەروەها لە ئەنجامەکانی کردەوەی سیاسی، ئەگەر ئەم تێگەیشتنە نەبێت ئاستەمە بتوانین ئەو دوو هیزە فەراهەم بکەین. خاڵێکی تر کە گرنگە دەربارەی دەبەنگی باسی بکەین، بریتییە لە بەردەوامی تێگەیشتن لە گرفتی سیاسی، کە بەهۆی تەکنی پرسیاری (بۆ) وە دەتوانین دروستی بکەین، لە بەشەکانی داهاتوودا گرنگی تەواو بەم تەکنیکە دەدەین. ئەم درووستکردنە لەلای هەموو ئەوانەی کاری سیاسی دەکەن ڕاستە، هەروەها گرنگ نییە لە چ ئاستێکدان. بە کوشتنی پرسیاری (بۆ) ش دەتوانین هەموو پرۆسەی سیاسی پەك بخەین.
دەگەڕێینەوە بۆ بنەڕەتی جیاوازی، ئێمە چەندین لێکچوونمان هەیە، بەڵام ئەگەر بگەینە دوا کۆتای لێکچوونیش شتێکمان بۆ جیاوازی دەمێنێتەوە. هەر بەهەمان شێوە نا کۆتا جیاوازی لە نیوانماندا هەیە، بەڵام لە دوا کۆتای جیاوازییەکانیشدا شتێکمان هەیە بۆ ئەوەی لە یەك بچێت. لێرەوە جیاوای لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دەچۆڕێتە چەند خانەیەکی جیاواز جیاوازەوە:
١. جیاوازی دوو لا یان زیاتر لەسەر دەستکەوتنی یەك شت! دەستکەوتنی یەك شت یەکێکیان بێ بەش دەکات، بەمەرجێك ئەو شتە قابیلی بەشکردن نەبێت بەسەر دوولاکەدا.
٢. جیاوازی دوولا یان زیاتر لەسەر دەستکەوتنی شتێك یان زیاتر! کاتێك دەستکەوتەکە بەش بکرێت.
٣. جیاوازی دوولا یان زیاتر لەسەر چۆنێتی بەشکردنی بەرژەوەندی و دەسەڵات، واتە شێوازی بەشکردن.
٤. جیاوازی دوولا یان زیاتر لەسەر جێگرنتەوەی شتێك؛ بۆ نمونە (س) فۆرمێکی بۆ بەڕێوەبردن هەیە بەدەر لە بەرژەوەندی، (ص) یش بەهەمان شێوە، هەریەکەیان دەیەوێت فۆرمەکەی ئەو بەڕێوە بچێت، لە کاتێکدا یەك دەرفەت و یەك شێوە هەیە قابیلی جێبەجێکردن بێت. ئەگەر (س) جێبەجێکرا ئەوا (ص) جێبەجێ ناکرێت. لە پرۆسەی تێگەیشتندا دەکرێت بە بەراورد هەریەکەیان وەك ئەڵتەرنەتیڤی جیا وەربگیرێت و هەردووکیان لە قۆناغی جیاجیادا جێبەجێبکرێن.
لە شێوەی ئەم جیاوازییانەوە دەبینین، ئایا تێگەیشتن لە بەرژەوەندی لەسەر چ ئاستێکە، ئایا تێگەیشتنە بۆ بەرژەوەندییەکی ماددی کورتخایەنی ڕاستەوخۆی بەرتەسك یان تێگەیشتنە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکی فراوانی بەردەوامی دوورمەوداتر. لە خۆیدا هەریەکەشیان گرفتی خۆی هەیە ئەگەر خودی تێگەیشتنەکە نا ئامادە بێت. تۆ ببینە، ئەگەر ورد بڕوانیت لە كۆمەڵگای خۆمان، ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە بەرژەوەندی لەسەر ئاستی تاك و گرۆ دیاریکراوەکانیش لە کورت مەودادا بیریان لێ دەکرێتەوە، سەرئەنجام هێزی بڕیار لە ناو خودی تاك یان گرۆوە پەیدا نابێت و هەمیشە بڕیاردەرێکی دەرەکی هەیە کە زیاتر بەشداری دەکات، تەنانەت لە پرسە کۆمەڵایەتییە گشتییەکانیشدا. ئیتر بۆ نمونە و لە هەمووی گرنگتر دەبینیت ژمارەیەكی ئێجگار گەورە لە کۆبەندی سیاسی هەن، کەچی سەرباری زۆری ئەم کۆبەندانە کە ئاماژەیەكی گەورەن بۆ بوونی جیاوازیەكان، لەكاتێكدا نەبوونی جیاوازی گەورە لەنێوان ئەم کۆبەندانەدا ئاماژەیە بۆ پێنەگەیشتنی جیاوازیەكان وەك سرووشتی خودی جیاوازی كەبەرهەمێكی سروشتی كۆمەڵگا بێت. 
هەموو ئەو گرۆ سیاسیانەی لەكوردستاندا هه‌ن چونیەكیەكی زۆر گەورە لەنیویاندا هەیە، واته‌ لەڕووی فكر و ڕێكخستن و میكانیزمی كاركردنیانەوە زۆر كەم جیاوازی بەدی دەكەین. ئەو جیاوازیانەی بەدیان دەكەین لەناوەكان و شێوەكارییە سەرزارەكی و دەرەكییەكانیاندا بەدی دەكرێن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خودی جیاوازییەكان جیاوازی بنەڕەتی نین بەڵکو لەپێكهاتەی جیاوازی مادیی و بونیادی ئەم پارتانەوە هاتوە. بۆیە ژیانی سیاسی لەكوردستاندا فرەڕەنگی و چارەسەری جیاواز بەخۆیەوە نابینێت تا ئەو هێزی پێشکەوتنە درووستبکات لە کاری سیاسیدا، ئەوە جگە لەوەی ئەو لوولپێچەی بۆ پێشکەوتن باسمان کردوە لە پەروەردە و کولتووری سیاسیدا جێنەکەوتوە وەك سیستەمێکی کۆمەڵایەتی. هەمیشە تێز و ئەگەرە سیاسیەكان باون و داهێنان لەئاست پێویستیدا نابینرێتەوە، کە داهێنانیش نەبوو ئەوا ئەو سووڕەی سەرەوە کە باسمانکرد، پێدەچێت بە تەواوی ڕوونەدات، ئیدی چارەسەر نەزۆك دەبێت و داهێنانیش لە کاری سیاسیدا بەدی ناکرێت.
 


No comments:

Post a Comment