بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





16/08/2018

بۆ- هەڵاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنتگی/ ڕێبازی (بـــــــــۆ) و هەڵهاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی‏

ڕێبازی (بـــــــــۆ) و هەڵهاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی



چیرۆکی (بــــۆ):
ڕێباز یان میتۆدی (بــــۆ) شتێكی زۆر سەیر و داهێنانێکی گەورە نییە، بە ڕێکەوت بەکارهێنانی من بۆ ئەم تەکنیکە لەگەڵ ڕێبازێکی زانستی کۆمپانیای تۆیۆتای یابانیدا یەکی گرتەوە، ئەو کۆمپانیایە پێشتر ڕێبازەکەی بەکارهێناوە لە چوارچێوەی سیستەمی بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی گرفتی کارگێڕی و تەکنیکی خۆیاندا. ئەو سیستەمەش ناسراوە بە لیــــن (Lean). ڕێبازی (5 بـــۆ) ی لین یان بە زمانی ئینگلیزی 5Why، ڕێبازێکی زانستی تاقیکراوەیە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن Taiichi Ohno ەوە بۆ یەکمجار لە کۆمپانیای تۆیۆتا مۆتۆرس بەکارهێنراوە. ئەم ڕێبازە داوا دەکات کە هەر کیشەیەکی تەکنیکی هەبێت دەتوانین بە پێنج جاری یەك لە دوا یەکی پرسیارکردن لە هۆکارەکەی بگەینە ڕیشەی کێشەکە و لەوێوە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. پێشتر من بۆ خۆم، لە ئەزموونی کاری ڕێکخراوەییەوە هەروەها لە ئەزموونی توێژینەوە و بەدواداگەڕانەوە، چەندین جار هونەری ئەم پرسیارکردنەم تاقیکردبوەوە، بەڵام نەك بۆ پێنج جار، بەڵکو بۆ نا کۆتا تا دەگەیشتمە هۆکاری بنەڕەتی شتێك. لەوانەیە بپرسیت: چۆن دەمزانی گەیشتووم بە هۆکاری بنەڕەتی؟ ئەوکاتەی ئەگەر چیتر لە خۆم بمپرسیایە، بۆ ئەو ڕووداوە ڕوویداوە یان بۆ ئەو ئەنجامە بەو جۆرەیە کە دەستگیرمان هاتوە و وەڵامێکی ترم دەستنەکەوتایە جگە لە خودی ئەنجامەکە خۆی، ئەوا دەمزانی کە ئەوە هۆکاری بنەڕەتییە. خاڵێکی تر ئەوە بوو کە تێبینیم دەکرد لە کاتێكدا چارەسەری ئەو خاڵەمان بکردایە، ئەوا ئیدی کێشەکانی وابەستە بە دواترەوە سەریان هەڵنەدەدایەوە، کەواتە دەمزانی ئەو هۆکارە بۆ زۆرکێشە ڕیشەیی بوە. هەروەها دوا پێوەری من بۆ دڵنیایی، ئەوە بوو دەبوو چارەسەری ئەو هۆکارە بمگەیەنێتە گۆڕانکاری بنەڕەتی، لە چارەسەری کێشەکەدا. واتە ئەگەر بیرم لە کێشەی زانین (معرفە) بکردایەتەوە، لەوانەبوو بگەمە ئەوەی کە زانکۆکانمان خراپن، ئەمە بەس نەبوو بەردەوام دەبووم تا دەگەیشتە شوێنێك دەکەوتمە گومانەوە ئایا زانکۆ بەو جۆرەی هەیە لە خۆیدا پێویستە یان دەبێت شێوگ و سیستەم و هەموو بنەمایەکی زانین بگۆڕین. کە دەگەیشتمە ئەو شوێنەی گۆڕانکاری بنەڕەتی بە دەردەکەوت، ئیدی دڵنیا دەبووم کە ئەوە هۆکاری بنەڕەتییە! قورسی ئەنجام و لێکدانەوەکان گرنگ نەبوو، بەڵکو گەیشتن بە ئەو هەنگاوە گرنگ بوو کە ئەگەر ئەو هەنگاوە نەبێت ئەوا ئەو گۆڕانکارییە درووست نابێت کە لەگەڵ ئامانجەکانمدا دەگونجێت. کارێکی قورس و سەختە بەڵام ئیتر ئەوە ڕێگایەك بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێبازێکی نوێ!
بە هەر جۆرێك بێت، وەك زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگاکەی خۆم (کۆمەڵگای ئەو جوگرافیایەی هێشتا پیی دەوترێت کوردستان) کاتێك کە شتێك ئەدۆزینەوە لێی دڵنیانین کە ئەمە باشە یان باش نییە، تەنانەت تاقیشی ناکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین، بەڵکو زۆر جار هەر یەکەوجێ لە بیر خۆمانی دەبینەوە و پەنا دەبەینەوە بەر بەرهەمەکانی دەرەوەی خۆمان. منیش هەر بەوجۆرە بە دڵنیاییەك نەگەیشتبووم کە ئەمە یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجام. یان لە ڕیبازێکی زانستیدا دامنەڕشتبوەوە تا خەڵکی تریش بتوانن وەك من و لە من باشتر سوودی لێ ببینن! بەڵکو، تەنیا پەراوەیەکی تاکەکەسی بوو لە چوارچیوەی خوێندن و گەڕان و توێژینەوە و ئیش و ژیانی ئاسایی و خوێندن و کاری ڕێکخراوەییدا پەراوەم دەکرد. دواتر کاتێك تەکنیکەکەم لەم ڕێبازە کارگێڕییەی یابانییەکاندا خوێندەوە و مێژووی پێشەکەوتنی تۆیۆتام ناسی، زیاتر میتۆدەکەم لەلا دڵگیرتر بوو. جگە لەوە پاش ئەوە بە یەك دوو ساڵ لە وڵاتی نەرویج نیشتە جێ بووم و بەتایبەت لە ساڵی 2013 و 2014 بینیم لەسەر ئاستێکی فراوان ئەم ڕێبازە کارگێڕییە دەخوێنرێت و ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوەکانی دەوڵەتیش هاتوونەتە پای ئەوەی ڕێبازی لیــــن بەکار بهێنن و دامەزراوەکانی جۆیانی پێ چاك بکەن، ئیدی تێگەیشتم ئەو ڕێبازی (بـــۆ) یە کە من ناوم لێنابوو (ڕێگای پرسیاری بەردەوام) و پێشتر سوودم لێ بینی بوو دەکرێت گەشەی پێ بدەم و لە ئامانجەکانی تۆیۆتا زیاتر لێی بڕوانم. یان با بڵێین من وەك نەرویجییەکان نەکەم، کە شتێکی سەرکەوتوو دەبینن تەنیا لەو چوارچیوەیەدا پەراوەی دەکەن بۆ ئەوەی هەمان سەرکەوتن بەرجەستەبکەنەوە بەڵام بە تام و بۆنێکی نەرویجییەوە. هاتم وەك یابانییەکان خۆیان لە کەرەستەکەم ڕوانی، یابانییەکان کاتێك بەرهەمێك یان کەرەستەیەك لاسایی دەکەنەوە، پەڕوباڵی دەکەن و لە هەموو سووچێکی مۆری خۆیان دەخەنە سەر بەرهەمەکە، تا وای لێدێت بەرهەمە بنەرەتییەکە لە لاساییکراوەکەدا ناناسرێتەوە. بێگومان ئەوان بۆ خۆسەلماندن ئەوە ناکەن، هەرگیز! سروشتی داهێنان لە داهێنانەوەدا ناچارە دەبێت سروشتی پێویستی شوێن و کات و کولتوور و کۆمەڵگا لێكبداتەوە، ئیتر ئەمە وادەکات کە جیاواز بێت. منیش هاتم ئەم ڕێبازەم هێنا بە پێی پێویست دەستکاری بکەم و لە بواری کرداریدا تاقی بکەمەوە، لەوانەیە بگەم بە ئەنجامێك یان هەر هیچ نەبێت ئەزموونێکی بە چێژ بێت. بەهەر حاڵ بەشێکی ئەو گەمەیە لەم نووسینەدا بەردەوامە و چاوەڕوانین بزانین بە کوێ دەگات!
ئەوەی لەم چیرۆکەدا گرنگە و سەیریشە، پەیوەندی نێوان ڕێبازی (بـــۆ) و پرسی دەبەنگییە، یان ڕاسترە بڵێم کەرنەڤاڵی دەبەنگی! یان پرسیار ئەوەیە کە بۆ هەر لە بنەڕەتەوە کەرنەڤاڵی دەبەنگیم هەڵبژاردوە وەك ناونیشانێك؟ ئەوەی بە تێبینی تایبەت و هەندێ جار بەهۆی خودی تەکنیکەکەوە پێی دەگەین، ئەوەیە ئێمە کۆمەڵگایەکمان هەیە سەرڕێژی کردوە لە دەبەنگی. تەنانەت، ئەم دەبەنگییە لە مەیدانی زۆر فراواندا وەك نەخۆشی تەواوی جەستەی گرتووینەتەوە. تێبینییەکی چکۆلە لەو بارەیەوە بکەرە سەرەتای تێگەیشتن: هەموو دەزانین پاك ڕاگرتنی ژینگە ژیانمان خۆشتر دەکات، کەس نەیزانێت دەبێت وەزیری کشتوکاڵ ئەو ڕاستییە باش بزانێت، کەچی من بینیومە لە سەیرانگایەکدا تا دەستی گەیشتوە بوتڵە پلاستیکییەکەی فڕێ داوەتە دەشت و دەر، کە لێم پرسیوە بۆ، وەڵامەکەی ئەوە بوو: "کورە بێقەزابیت لە کوێ تاقەتم هەیە ئەو هەموو خاشاکە بەرمەوە بۆ تەنەکەخۆڵەکەی ماڵوە"! لەوانەیە تۆ هەزاران نمونەی لەو جۆرەت لا بێت. بە کورتی ئەم نوێڵی (بـــۆ) یە لە هەر سووچێکی جەستەی کۆمەڵگای کوردستانی گیر بکەیت، دەتباتەوە بۆ ئاکامەکانی دەبەنگی و بەدحاڵی بوون و کاڵفامی و لێك تێنەگەیشتن. هەرکات ئەم ڕێبازە بە باشی بەکاربهێنین دەگەینەوە ئەوەی، کە هۆکاری سەرەکی لە چکۆلەترین تا گەورەترین کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە بۆ دەبەنگی و تێنەگەیشتن دەگەڕێتەوە. تا ئەو شوێنەی ئاسوودەیی ژیانی ئێمە بوەتە کەرنەڤاڵێك لەم دەبەنگییانە! ئیتر ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا دەبەنگی چییە؟ ئایا نەزانین و مامەڵەی نەزانانەیە؟ ئایا دەبەنگی لەوە زیاتر دەگرێتەوە؟ ئایا دەبەنگی بوەتە خەسڵەتێك گەیشتبێتە جینەکان، یان تەنیا لە میمییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا دووبارە دەبێتەوە؟ ئەی هۆکاری سەرەکی ئەم دەبەنگییە چییە؟ ئایا هۆکارێکی سەرەکی هەیە یان چەند هۆکارێکە و ئاوێزانی یەكبوون؟ کۆمەڵێك پرسیاری قورس بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەگەینە ئەو پەڕی کۆتاییەکانی (بـــۆ) و (بـــۆ)ی  هەر قۆناغێكیش بە چی دیاری بکەین. هەمان هونەر و ستراتیژی پرسیاری (بـــۆ) دەتوانین بگرینە بەر بۆ گەیشتن بەو پرسیار و بوارە یەك لە دوایەکانەی کە دەبەنگییەکی بێ وێنەیان درووستکردوە.

شێوگی بۆ تا کۆتایی:
لە خۆیدا شێوگی (بـــۆ) بۆ گەیشتن بە کۆتاییەکان سوودی زۆری هەیە و بۆ ئێمە نوێیە لە تاقیکردنەوەکاندا.
بێگومانین کە لە بنەڕەتەوە هەموو پرسیارکردنێك سوودی گەورە و تایبەتی خۆی هەیە! دواجار ئەگەر وەڵامی پرسیارەکان بخەینە بواری تاقیکارییەوە. ئەوا هونەر و تەکنیکی پرسیاری (بـــۆ) بەم جۆرە سوودی لێ دەبینین:
١. ئاسانکارییمان بۆ دەکات تا لە بنەڕەت و ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە تێبگەین، ئەگەر بەڕاستی دەمانەوێت چارەسەری بکەین. ئەوەش بەتەنیا لە چارەسەری کێشەدا نامێنێتەوە، بەڵکو هەر کە تێگەیشتین ئیتر ناهێڵین ئەو هۆکارانە درووست ببن کە کێشەی وا درووستدەکەن و بەرهەمدەهێنن.
٢. تەکنیکێکە تەنیا لەسەر ئەو پرسانە نا ئاراممان دەکات کە ئەگەری ڕوودانیان هەبێت، نەك هەموو ئەو ئەگەرانەی دەرفەتی ڕوودانیان هەیە و مەرج نییە ڕوو بدەن. واتە تەکنیکی پرسیارەکە وایە دەمانپارێزێت لە خۆ خەریککردن بە شتی لابەلاوە.
٣. وزە و توانامان بەکارناهێنین لە ئەگەرێکدا کە شایستەی ڕوودان نەبێت. واتە تەنیا بە بەکارهێنانی تەکنیکەکە بەتەنیا لە بەشی هەرە گەورەی نا حاڵی بوون و دەبەنگی دەمانپارێزێت.
٤. کۆمەکمان دەکات تا بگەینە ڕیشەی هەر کێشەیەك، ئەو کات دەتوانین بۆ هەتاهەتایە چارەسەری بکەین و هیچ ترسمان لە سەرهەڵدانەوە و ڕوودانەوەی نەبێت.

(بــۆ) چۆن بە تەنیا و بە گرۆ بەکار دەهێنرێت:
ئەم ڕێگایە بۆ گەیشتن بە هۆکاری بنەڕەتی تەنیا کەسێكیش دەتوانیت پەراوەی بکات، هەروەها بە پێکەوەیی لە ناو تیم و گرۆکانیشدا کاری پێدەکرێت. جیاوازی بەکارهێنانەکەی لە ناو گرۆدا یان لەلای تاك زۆر گەورەیە و هەرگیز بەراورد ناکرێت. بۆ تاك گرنگییەکەی لە ئەندێشەمەندی و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتندایە، واتە کاتێك تاك ئەم کەرەستەیە بەکار دەهێنێت بۆ دۆزینەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ڕووداوێك ئەو ئاستی تێگەیشتن و لێوردبوونەوە و ئارامکردنەوە دەروونییە لە تاکدا گرنگییەکی گەورەی دەبێت. بەکارهێنانی کەرەستەکەش لە ناو گرۆ و تیمدا دەرفەتی بەشداری یەکسان فراوان دەکات، چونکە کاتێك دەگەینە هۆکارەکان چارەسەر دەست پێدەکات و دەردەکەوێت چۆن دۆزینەوە و دابەشکردنی ئەرکەکان بە هەمان شێوە دەسەڵاتەکانیش دابەش دەکات. واتە ئەگەر بۆ تاك ئارامبەخش و ئەندێشەمەندی درووستبکات، بۆ گرۆ بەشێکی باش لە دادپەروەری نزیکمان دەکاتەوە، لێرەوە بە ئاسانی لەوە تێدەگەین کە کوشتنی پرسیار تەنیا لە قازانجی بێدادی و ستەمکاریدایە (تەنیا وەك دوپاتکردنەوەیەکی لاوەکی ئەمەیان بە بیردا دەهێنینەوە).
سەرباری ئەوەی ئەرکەکە بۆ تاك و گرۆ جیاوازە لە ئاکامی بەکارهێنانیدا بەڵام بە هەمان شێوە کاردەکات و بەڕیوە دەچێت. وەك هەر کەرەستەیەکی تر کارپێکردنی لە گرۆدا پێویستی بە ڕێکخستن و هاوئاهەنگی نێوان تاکەکانی گرۆکە هەیە. کاتێك بەکاری دەهێنین پێویستمان بە نووسینەوەی ئەگەرەکانە لە شێوەی ڕەگی درەختێکدا تا لە شاڕەگەکانەوە شۆڕ دەبینەوە بۆ موولوولە ڕەگەکان و دەگەینە وردەکاری هۆکارەکان. ڕیزکردنی ئەم هۆکارانە، یەك لە دوای یەك دەریدەخەن کە مرۆڤ بە تاك یان بە گرۆ دەتوانرێت بە سەرکەوتوویی لە چ وردەکارییەکی هۆکاردا کار بکات و لەوێوە بەرەو شاڕەگەکانی هۆکار لە کارکردندا شۆڕ ببێتەوە. ئەم کەرەستەیە بەهۆی تێگەیشتنەوە ئارامبەخشی بە تاك دەگەیەنێت، مرۆڤ لەگەڵ کارکردنیندا بەم ڕێگایە، ئیتر دەزانێت شتەکانی دەوری چۆن گوزەر دەکەن و جێکەوتی خۆی لە کوێدایە، چۆن دەتوانێت خاوەنی بیر و ئاراستە و کارکردنی خۆی بێت و چێژ لە کەمترین ئاستی ئازادی و بوونی خۆی وەربگرێت. بێگومان ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵك خوازیاری بوونی ڕاستینەی خۆیان نین بە هۆی ئەوەوە کە هەمیشە خوازیارن چەندیان دەستکەوت هەیە، ئیتر گرنگ نییە کاریگەرن یان ناکاریگەر. کاتێك ئەم ڕێگا و ڕێبازە بگوێزینەوە بۆ گرۆ یان بۆ تیمی بە پێکەوەیی ئەوا زۆر شتی ترمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە پاڵ ئەو دەستکەوتانەی بۆ هەر تاکێك دەستمان دەکەون. لە شیوگە یابانییەکەیدا وەك دڕکی ماسی هۆکارە بنەڕەتییەکان جیا دەکاتەوە، بەڵام شێوەی دڕکی ماسی بۆ لێکدانەوەکانی ئێمە دەست نادات چونکە پرۆسەی گۆڕانکاری بە دامەزراوە نەبوە و لە دامەزراوەکاندا ناگوزەرێت، بە تایبەتیش گۆڕانکاری سیاسی. ئەمە وا دەکات ئێمە ناچار بین بەدوای زۆر کێشەی تردا بگەڕێین و لە هەمان کاتتدا مشوری بە دیموکراتیزە بوونی گرۆیەکیش بخۆین و هەوڵ بدەین دەستەبەری بکەین. بۆیە لە ناو گرۆدا چوار پێنج هەنگاوی گرنگ زۆر زۆر پێویستن کاتێك بەکاری دەهێنین، ئەوانیش:
١. دیاریکردنی گرفت و کێشەکەیە بە وردی و زۆر زۆر بە ڕوونی، واتە دیاریکردنی یەك کێشە لە یەك کاتدا و تێکەڵاو نەکردنی کێشەکان بە مل یەکدا.
٢. دیاریکردنی هەموو ئەوانەیە کە پەیوەندیدارن بە کێشەکەوە و دەیانەوێت بەشداری بکەن لە چارەسەردا یان بە جۆرێك لە جۆرەکان بەشێکن لە تیمەکە. هەندێ جار هەیە کەسێك پەیوەندی بە کیشەکەوە هەیە، بەس نابێتە بەشێك لە تیمەکە یان گرۆی چارەسەر، ئەوانە ناتوانن بەشدار بن، چونکە دەبنە خەوش بەسەر خودی چارەسەرەوە.
٣. بەڕێوەبەری پرۆسەکە دیاری بکەین، واتە کێ لە تیمدا هەڵدەستێت بە شیکردنەوە و ئاراستەکردنی پرسیارەکان. ئەوەش بە مەبەستی ڕێکخستن و ئاراستەکردنی کارکردن دەبێت، نەك پەرتەوازە بوون تووشبوون بە خولانەوە لە بازنەی بەتاڵی گفتوگۆدا ڕووبدات.
٤. پاش پرسیارەکان و گەیشتن بە هۆکارە بنەڕەتییەکان، شێوازەکانی چارەسەر دیاری بکرێت لە ناو تاکەکانی گرۆیەکدا. زۆر جار هەیە ئەندامەکانی گرۆیەك بەشی ئەوە ناکەن چارەسەری هەموو گرفتەکان لە ئەستۆ بگرن، بۆ ئەو مەبەستە ناچار دەبیت چارەسەرەکان یان بکرێنە چەند قۆناغێك یان سوود لە تواناکانی دەرەوەی گرۆ وەربگیرێت.
٥. دابەشکردنی بەرپرسیارێتی ئەرکەکان بە پێی توانایی و شارەزایی و دەرفەت و پێویستی.
کۆی ئەم باس و هەنگاوانە بەرەو تێگەیشتنمان دەبات و لە ڕێگایەوە خۆمان لەو کەرنەڤاڵی دەبەنگییە ڕزگار دەکەین بە شێوەیەکی کرداری. بۆ خولقاندنی پێشکەوتن و ئەڵتەرنەتیڤ پێویسیتیمان بەکارکردن هەیە لەسەر هەردوو ئاستەکە، واتە ئاستی تاك و ئاستی تیم. بۆ ئەو مەبەستە لە چەند زنجیرەیەکی داهاتوودا لەسەر گرفتی دەبەنگی باسەکان چڕ دەکەمەوە، بەو هیوایەی میتۆدەکە و گفتوگۆکانی سوودێك بگەیەنن.

No comments:

Post a Comment