بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





18/12/2017

پەیامێك بۆ جەماوەری خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوی کوردستان


پەیامێك بۆ جەماوەری خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوی کوردستان

کە جام پڕ بوو لێی دەڕژێت! ئەمە ئەو مەنتیقەیە کە پێمان دەڵێت بزاوتنی هێزە جەماوەری و بەشمەینەتەکانی کۆمەڵگا مەرج نییە هەموو کات بەخواست و پلانی ئەو هۆشمەند و بیرمەندانە بەڕێ بکەوێت کە لە مێژوودا پلان بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دادەنێن. بزاوتنی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی ستەم و تاڵانی و کاولکاری، لە دەسەڵاتی باندو مافیاکانی خێڵ و بنەماڵەکان دەروازەیەکی تری بۆ نەماوەتەوە جگە لە ڕاماڵینی ئەو تاقمەی چەندین ساڵە بە فەرمان و قازانجی داگیرکەرانی کوردستان حوکمڕانی خەڵكەکەی دەکەن. ئەشێ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ئەم دۆخەی ئەمڕۆش پیلان و دەستی هەندێ تاقم و حیزبی هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی لە پشتەوە بێت، بەڵام هیشتا خەڵك دەتوانن، جێدەستی خۆیان لە خواست و ڕاپەڕین و بزاوتەکاندا دیاری بکەن.
بەشەرمەزارییەوە لە دەرەوەی کوردستانەوە ئەم دێڕانە ئاراستەی هاونیشتمانی و هاوڕێ و کەس و هاوبیر و خەڵکی ڕەنجدەری نیشتمانەکەم دەکەم. لایەنی کەم لەم دوورەوە ویژدانی خۆم بەوە ئاسوودە دەکەم چەند سەرنجێك لەم چەند دێڕەوە ڕەوانەی ئێوەی تێکۆشەر و بەشمەینەت بکەم:
یەکەم: ئەمڕۆ ئەرکی هێزی پێشمەرگەی ڕاستیینە ئەوەیە پارێزگاری لە سنوورەکانی کوردستان بکات و ئەرکی سەرشانی فەرماندە مەیدانییەکانیانە بەشێوەیەکی درووست ئاراستەی هێزەکانیان بکەن و بەرگری لە هەر هەڕەشە و مەترسییەکی دەرەکی بۆسەر کوردستان بکەن ، نەک بکەونە خزمەت ستەمکارانی کوردستانەوە بۆ سەرکوتی خەڵكی ڕاپەڕیو.
دووهەم: ئەمڕۆ ئەرکی سەرشانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش پارێزگاریکردنە لە دامەزراوە گشتییەکان و ڕێخۆشکردنە بۆ خۆپیشاندەران تا بە کەمترین تێچوون بتوانن کوردستان لە مافیا و بنەماڵە خوێنڕێژ و دز و تاڵانچییەکانی کوردستان پاك بکەنەوە. ئەرکی سەرشانی تێکڕای ئەفسەر و پلەدارەکانە مل نەدەن بە بڕیارە داپڵۆسێنەرەکان و لەبەرامبەر سەرکوتی خەڵکدا ببنەوە بەو هێزە نیشتمانییەی پشتیوانی لە خەڵك دەکات، ئەوان ئەمڕۆ وەك دامەزراوەیەکی حوکمەتی جگە لە قەڵغانێك بۆ پارێزگاری لە ستەمکاری هیچ ڕۆڵێکی تر نابینن لە خزمەتی دەسەڵاتێکی ناشەرعیدا.
سێیەم: ئەرکی سەرشانی خەڵکی ڕەنجدەر و تێکۆشەری کوردستانە خۆ بەخۆ و لە ڕێگای خۆ ڕێکخستنەوە، پارێزگاری لە شوێن و کەرەستە و دامەزراوە گشتییەکان بکەن و هەموو کەلوپەل و دۆکومێنتە هەستیارەکانیان بپارێزن، کە بەتەنیا ئەم ڕەفتارە خۆمان دڵنیا دەکاتەوە کە هەموو پێکەوە دەتوانین سیستەمێکی باشتر بهێنینە سەرکار.
چوارەم: ئەرکی سەرشانی چالاکەوان و ڕابەرە نیوەندییەکانی ناو خەڵکە مل بە بێسەرەوبەرەیی نەدەن و خەمسارد نەبن لە سەپاندنی داواکانی خەڵك و کەمتەرخەمی لە خۆ ڕێکخستندا نەکەن. کۆمەڵگا لۆکاڵی و محەللییەکان دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن لە گرۆی بچووك بچووکدا؛ بەپێی گەڕەك و ناوچە، بەپێی پیشە و شوێنی کار، بە پێی ئارەزوومەندی و تیپ و ڕێکخراوە میللیەکان و خۆیان چۆنیان پێ خۆشە و بە باشی دەزانن. هەمیشە لەو گرۆبەندیانەدا دەتوانن یەکێتی بڕیار بدەنە دەست زانا و لێهاتوەکانیان و ئەگەر گرۆیەك لە خەڵك کۆك نەبوون لەسەر کەسێك یان چەند دانەیەك کە ڕابەری خۆبەڕێوەبردن بکەن، ئەوا دەتوانن یاسای دانایانەی بە تەمەنترین ڕابەریی پێڕەو بکەن تا دەچینە قۆناغێکی ترەوە لە سەرکەوتن. ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە خەڵك بە لێبوردن لە خواستە زۆر تایبەتەکانیان لەسەر چەند بنەمایەك کۆك و تەبابن:
١. لە پێناوی ڕێکنەکەوتن لەسەر پرسە زۆر تایبەت و وردەکان، پرسە گەورە و گشتییەکان ناکرێت ببنە قوربانی.
٢. هەموو هەوڵبدەین ئاستی لێبوردەییمان بەرامبەر بە یەکتری بگەیەنینە لووتکە و سەرکەوتنی ئەویترمان بە سەرکەوتنی خۆمان بزانین. نووسین و وتار و قسە و کاری جوانی یەکتری بە دەستکەوتی گەورەی خۆمان بزانین و پشت بکەینە خۆپەرستی و خۆبەزلزانی و ڕکابەری و ململانێی بێهوودە.
٣. سووربین لەسەر ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە و گەیاندنی تاوانبارەکانیان بە دادگایەکی ڕەوا کە سبەی ڕۆژ خەڵك بە گشتی بڕیاری لێ بدات.
٤. بە هۆشیارییەوە گوێ بۆ یەکتری بگرین و لە پرانسیپە گشتییەکان لانەدەین کە دەمانبەن بەرەو سەرکەوتن و چاککردنی ژیان لە کۆمەڵگاکەماندا.
٥. هەمیشە لە بیرمان بێت کە ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و پشێوییەکان بۆنە نین بۆ خۆ دەوڵەمندکردن و پۆزلێدان و تۆڵەکردنەوە، بەڵکو دەرفەتی مێژووین بۆ دادگایی کردنی تاوانباران و هێنانە سەرکاری ژیانێکی باشتر گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ خۆمان و هاوڕی و هاونیشتمانییەکانمان.
٦. پشتیوانی و هاوپشتی گەڕەك و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زامنی زیاتری سەرکەوتنن، بۆیە دوورکەوتنەوە لە گیانی خۆخۆیی و ڕێگەنەدان بە سووکایەتی و درووستکردنی کەلێن لە نێوانتاندا دەبێتە یەکێك لە هەرە گورزە کاریگەرەکان بۆ سەر دەسەڵاتی ستەم و هاڕەکردنی یەکجاری و کۆتایی.
لە کۆتاییدا سەرکەوتنی خێرا و سەقامگیربوونەوەی کوردستان، لە ڕیگای چارەسەری موچە و خێرایی دەستکەوتە کورتمەوداکانەوە نابێت، بەڵکو لە زوو چارەسەرکردنی سیستەمی حوکمڕانی و دوورخستنەوەی ستەمکارە خۆسەپێنەکاندایە. بەهێزبوونەوەی ناوخۆی کوردستان دەرفەتی زیاترمان دەداتێ تا لە پەیوەندییە دەرەکییەکانماندا خاوەن شکۆ و کەرامەت و داوای ڕەوای خۆمان بین. سەرکەوتنیش تەنیا لەڕیگای خۆڕێکخستن و دوورکەونتەوە لە فەوزا و بێ سەرەوبەرییەوە دەبێت. بۆ ئەمڕۆی خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕین، ڕابەرە دلسۆز و جەماوەرییەکانتان پشتگیری بکەن و ڕێگەمەدەن خەڵکی زمان لووس و بەرژەوەندی خواز لە نیوتاندا خۆیان وەك ڕابەر و ڕێنماییکار بسەپێنن. جارێکی تر قبوڵ مەکەن سەرانی دزی و تاڵانچێتی و ئەزموونی شکست خۆیان بکەنەوە بە دەمڕاست و بێنەوە پێش بۆ بەخەساردانی  دەستکەوتەکانی مێژوویەکی ترتان.
بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتن، هەمیشە جەماوەری هۆشیار دەتوانێت نەخشی خۆی بدات لە ڕووداوەکان، ئەگەرچی بە خواستی ئەوانیش ڕووداوەکان سەرپێی شەقامەکان نەکەوتبن.

No comments:

Post a Comment