بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





11/12/2016

ماتریکس (4)، ئێمە و ئێوە و باشووری کوردستان/ چەند تیۆرێکی دیاری بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری/ بەشی شەشەم

چەند تیۆرێکی دیاری بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری:

ئەگەر بمانەوێت ڕووماڵێکی مێژوویی بۆ ئەم دوو چەمکە بکەین (بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری) لەناو تیۆر و لێکدانەوە و ئایدیاکاندا، ئەوا بە دەیان ڕای جیاواز دەدۆزینەوە کە لە دووتوێی زانستە جیاوازەکاندا خۆیان حەشارداوە! بۆ نمونە مێژوو، فەلسەفە و سیاسەت و ئایینناسی...تاد. هەر بۆیە ڕووماڵکردنی تیۆری کارێکی گران نییە، بەدیاریکراوی ئەو تیۆرانەی لەمەڕ ئەم دوو چەمکە بەتایبەت نووسراونەتەوە، کە تا ئەندازەیەک ژمارەیەکی کەم لە ڕای جێگیر و تیۆری داڕێژراو دەبینینەوە. بە پێچەوانەوە لەوانەیە لەسەر یەکێک لە پرس ومیتۆدەکانی بەرەنگاری  وەک ((شۆڕش))، کە بەشێکە لەم بابەتە، بە سەدان تیۆر و میتۆد و کەرەستە بدۆزینەوە. کەواتە باشترین ڕێگا بۆ قسەکردن لەسەر دەروازەی تیۆری ئەم باسە گەڕانەوەمانە بۆ نێوان دێڕی تیۆرەکانی تر و بەتایبەت تیۆرەکانی زانستی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی و ئابووری سیاسی و پاشان ناسینەوە و دۆزینەوەی تیۆری بەرهەڵستکاریی لە نێویاندا. ئەگەر تیۆریش نەبێت بەڵکو بتوانین ڕا و پێشبینی و گریمانەکانی بەرهەڵستکاری و بەرنەنگاری لە نێوانی دێڕەکانیاندا بناسینەوە.  

بەشێکی زۆر لە توێژەران سەرەتای بەرهەڵستکاری بۆ گومان و پرسیاری ئایینی دەگێڕنەوە، بەهەردوو جۆرەکەیەوە. پرسیار و گومان لە ئایین و پێکهاتەکانی ئایین وەک دەسەڵاتێک لە سەرەتایی مرۆڤایەتیدا، هەروەها پرسیار و گومانی ئایینی لە ڕەوایی هەر دەسەڵاتێک کە نەیتوانیبێت پێڕەوی ڕێنماییە ئایینییەکان بکات وەک سەرچاوەیەکی دانپیادانراوی ئاسمانی یان نادیار بۆ جەماوەر، کە دەکاتەوە پێڕەوی سەرەکی دادوەری. ئەم تێڕوانینە خاوەنێکی دیاریکراوی نییە، گەرچی لە زۆربەی پێڕستە میژووییەکاندا بەگشتی باس کراون. یەکەم بە گژا چوونەوەی مرۆڤ بۆ دەسەڵاتی سروشت بوە، هەر لە بەرامبەر سروشتیشدا ئایینەکانی هێناوە بۆ لاوازکردنی ئەو بەهێزییەی سروشت کە بەرئەنجامی کەمزانینی خۆی بوە. ((بە گەڕانەوە بۆ میشێل فۆکۆ،  هەر چۆن زانین دەسەڵاتبەخشە، نەزانین نەک بەس دەسەڵات نابەخشێت، بەڵکو ئەگەر بە هۆی هۆکارێکی ترەوە دەسەڵاتیش هەبیت ئەوا نەزانین لاوازی دەکات)). بۆ نمونە، زانین ئامادەیە کەواتە هەژموونێک دەبەخشێت بۆ ئەوەی خاوەن زانین دەسەڵاتی هەبێت، بەڵام دەسەڵاتێک ئامادەیە بە هۆی توانای ئابووریەوە یان بەهۆکارێکی تر (سەربازی زۆر بۆ نمونە)! نزمی ئاستی زانین، زیان بەخش دەبێت بۆتەوژم و هەژمونی دەسەڵاتێک کە بەهۆی هۆکارێکی ترەوە پەیدا بوە. بەم جۆرە هێزی بەرهەڵستکار دێت و لێکدانەوەکان دەداتە دەست خواوەندەکان و خۆی مل بە خواوەندەکان دەدات.

لە باشووری کوردستاندا تا ئێستا ئەم هاوکێشەیە لە کاری سیاسیدا پێڕەو دەکرێت. لەبەر ئەوەی هیزێکی زەبەلاح هەیە پێی دەڵێن ئەمریکا و رۆژئاوای ئەوروپا، ئیدی هیچ شتێک ناکرێت بەرامبەر بە سروشتی هەبوونی ئەو هیزەی ئەوان بوەستێتەوە. ناچار دێین و خواوەند و ئایینێک درووست دەکەین کە دەتوانێت بەرامبەر مەترسییەکانی سروشتی ئەم هێزە بوەستێتەوە. هەر بەم هۆکارە مەترسیە ڕاستینەکانی ئەم هەژموونە بەدی ناکەین، بۆیە ئەنجامی نەزانی بۆخۆی دەبێتەوە کەرەستەیەک بۆ ملکەچ بوون لەبەردەم ئەو خواوەندانەدا کە خۆمان لە ڕێگای پەرستن و سروتەکانی قەدەغەکردنی پرسیارەوە درووستیان دەکەین.

سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بەرهەڵستکاری بە شێوەیەکی دانپیادانراو دەگەڕیتەوە بۆ سنوورەکانی ملکەچی خەڵکی فەرمانپێکراو بۆ هەژموونی دەسەڵاتی ڕەوا (فەرمانڕەوایی)، ئەم سنوورەش بە دادوەری و پارێزگارییەوە بەندە وەک پێشتر باسمان کردوە. بەڵام لێرەڕا دەگەڕێینەوە سەر خودی دادوەری لە چ پێوانەیەکەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا چەندین خواوەند و ئایین هەبوون بۆ پێناسەی ئەم ڕەواییەتییە و لە پاڵیدا ڕەواییەتی ئابووری و بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی خێزانە شاهانەکان، هەروەها پێوەری سەرەکی ئەو ڕەوایەتیانە بوون. بۆ نمونە لە چینی کۆندا، ڕەوایی بۆ سکۆلارەکانی ئیمپراتۆریەتی چینی گەڕاوەتەوە، هیچ کات ئیمپراتۆرە کۆنەکان بە بێ پشتیوانی سکۆلارەکان نەیانتوانیوە فەرمانڕەوایی بکەن (ول دیوارنت، مێژووی شارستانیەتەکان). ئەم سکۆلارانە خۆیان لە کاتێکدا سەرچاوەی تیۆر و سەرچاوەی پشتیوانی خواوەندەکانیش بوون. بەڵام لە ڕۆژئاوادا لە سەدەی شانزدەوە سەرەتاکانی دانپێدانان بە بەرهەڵستکاریدا لە کەنیسە و چاکسازییەکانی کەنیسەوە دەستپێدەکات. لەوانە، بەرهەڵستکاری لۆثەری و کاڵڤنی و کاتۆلیکەکان! هەموو ئەمانە یەک لە دوایەک گومانیان لە دەسەڵات درووستکردوە بە دوورکەوتنەوە لە ڕێنماییە ئایینییەکان و ڕێگەیان داوە خەڵک بەرەنگاری دەسەڵاتێکی لەو جۆرە ببێتەوە و هەر بەو جۆرەش ڕەواییان بە یاخیبوون و شۆڕشکردن داوە. بۆ نمونە:
بەرهەڵستکاری لۆثەری، لە سەرەتای ١٥٠٠ تا ١٥٥٠ تیزی بەرەنگاری خۆی دەخاتە ڕوو بۆ بەرهەڵستی دەسەڵاتی باڵا، کاتێک دەسەڵاتی باڵا ڕێنماییەکانی خواوەند و ئایینی مەسیحی تێدەپەڕێنێت، بەوجۆرەش ڕەوایی دەدات بە دەسەڵاتی بەرهەڵستکاری نەک کۆمەک و هاوکاری دەسەڵاتی باڵا نەکات بەڵکو دژیشی بوەستێتەوە. پاشتر کاڵڤنییەکان دێن و تیۆری خۆیان لە بەرهەڵستکاریدا پێشکەش دەکەن لەوانەJohn Ponet و   Christopher Goodman هەروەها  [1]John Knox کاڵڤنییەکان پیرۆزی دەسەڵاتی خواوەند لە خاوەنشکۆ دەسەندنەوە، بەوەی ئەگەر ستەمکاری گەیشتە ئاستێک، شازادەکان یان ژمارەیەک لە کاردارە باڵاکانی فەرمانڕەواییەک دەتوانن خاوەنشکۆ لە کار بخەن وشۆڕشی دژ هەڵبگیرسێنن ئەگەر نەیانتوانی بە ئاسانی بیگۆڕن. دواتر بەرهەڵستکاری کاتۆلیکی دێت کە وەک دیفاکتۆیەک خۆیان دەدەن بەدەست ڕێبازەکانی ڕیفۆرمەوە و تێڕوانینی خۆیان دەبێت بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بە بەخشینی ڕەوایی ڕاگەیاندنی ئەو هێز و توانایە بە شێوەیەکی جیاواز و پاشان بەخشینی بە سەودا و سەدا پاپای کاثۆلیکی.

ئەگەرچی ئەم تیۆرانە لەلای کەنیسەکانەوە سەرهەڵدەدەن وەک یەکەم هەنگاو دەبن بۆ وەستانەوە بەرامبەر دەسەڵاتی خاوەنشکۆکان. بەڵام، بەشێوەیەکی سەرەکی لە فەرەنسا و بەریتانیا و سکۆتلاند و زۆر شوێنی تری دونیای ڕۆژئاواییدا دەردەکەون. ئەگەرچی لە ڕووی فەلسەفاندنەوە ئەریستۆتل و پلاتۆ و سۆکراتیس و هیرکلیتۆس زۆریان ئاماژە بە بنەماکانی فەرمانڕەوایی و بەرهەڵستکاری داوە، بەڵام ڕەوتی تیۆرێکی گەش و دیاریکراو لەم بارەیەوە نادۆزینەوە، هەتا نەگەینە تان و پۆی بیری سیاسی و پێشبینییە سیاسییەکانی نیکۆلۆ مەکیاڤیلی کە دەکەوێتە نیوەی دوەمی سەدەی پانزەهەم و سەرەتای سەدەی شانزدەهەمی پاش زاین، لە خۆیدا دەردەکەوێت کە بیری مەکیاڤیلی کاریگەری گەورەی لە سەر تیۆری بەرهەڵستکاری ئایینینش هەبووبێت وەک بەرهەڵستکاری لۆثەری و کاڵڤنی و کاثۆلیکی.  ڕەوایی بەرهەڵستکاری لە یەکەم پێشبینی و هەنگاوە سیاسییەکانی نیکۆلۆ مەکیاڤیللیەوە بەم شێوەیە دەستپێدەکات:

چینە خانەدانەکان و خەڵکی ڕەشۆکی زۆر زوو بە ئاسانی دەکەونە خۆسەپاندن و دۆخی لووتبەرزی و خۆ بە زۆرگرتن بەسەر ئەوانی تردا. ئەمەش لە ماف و دەستکەوت و دەسەڵاتیاندا ڕوون دەبێتەوە و بە ئاسانی ڕەنگدەداتەوە. ئەگەر خانەدانەکان بەهۆی دەسەڵاتی ڕەهایانەوە دەگەنە ئەم دۆخە، بەڵام خەڵکی ڕەشۆکی دەبنە پاشکۆ بۆ پارێزگاری لە خانەدانەکان. بەهەمان شێوە پەراوەی خۆ سەپاندن دەکەن بەسەر ئەوانی ترەوە، تاکە ڕەواییش بۆ ئەم خۆسەپاندنەیان داکۆکی و پارێزگارییانە لە خانەدانەکان. ئەم دۆخە کاتێک دێتە پێش ئەگەر خەڵکی تر جگە لەم دوو چینە، بێدەنگی هەڵبژێرن لەبەرامبەر ئەوەی ڕۆژانە بەرامبەریان ڕوودەدات. لەم پێگەیەوەیە داوا لە میر دەکرێت لە سنووری گونجاودا خۆی بسەپێنێت! هەندێکیش لەو خۆسەپاندنانە بە هێز دەکرێت، بەڵام بەشی زۆریان بە دانایی دەبێت، ئەوەش پشت دەبەستێت بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو هێزەی میر هەیەتی.

مەکیاڤیللی، دەگاتە ئەو پێگەیەی سنوورەکانی بەرهەڵستکاری ڕەوا دەکاتەوە، بۆ فەرمانڕەوایەک کەناتوانێت هاوسەنگی لە نێوان دەستکەوت و خەرجییەکانیدا ڕاگرێت. ئەم تێڕوانینەی مەکیاڤیللی ڕێک بۆ ئەم دۆخەی فەرمانڕەوایی باشووری کوردستان ڕاستە، بەڵام ئەوەی ڕێگە لە یاخیبوون دەگریت و دەرفەت بە گۆڕانکاری نادات، چەند هۆکارێکن لە باشووری کوردستاندا. کە لە ژمارەکانی داهاتوو زیاتر باسیان دەکەین. بەڵام گرنگترینیان ئەمانەن:
١.  تێکەڵاو بوونی، بەرژەوەندی چین و توێژەکان بەبەردەوامی، ئەوانەی داکۆکی لە "خانەدانەکان" دەکەن، هەر ئەوانەن مافەکانیان پێشێلدەکرێت. مەکیاڤیللی باس لە ئەگەری بێدەنگ نەبوون دەکات، بڕوانە دێڕەکانی سەرەوە.
٢. خاڵی یەکەم بەئاسانی جێبەجێ دەبێت، چونکە مافەکان بەرجەستە نین، واتە دەسەڵاتی کوردی نایەت لە زەوی و موڵکەکانی تۆوە نەوتەکە دەربهێنێت و بیدزێت، بەڵکو ئەوەی دەدزرێت لە هەر کوێیەک بێت بەشی تۆی تێدایە وەک بەشێک لە سامانی گشتی کۆمەڵگاکە.
٣. لاوازی فاکتەری تێگەیشتن و لێکدانەوەی درووست، هۆکارێکی ترە بۆ درووستبوونی بێدەنگی.
٤. لاوازی یادەوەری بەکۆمەڵ، ئەو یادەوەرییەی هەڵوێستە درووست دەکات.
بڕوام وایە مەکیاڤیللی سەرەتای بیر و تیۆری کلاسییکییە بۆ دەرکەوتنی بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری بە شێوەیەکی نووسراو لە کڵێشەی ئارگیومێنتی زانستیدا. لە دوای مەکیاڤیللییەوە دێینە سەر تیۆرەکانی تر و بە هۆی باڵادەستی کەنیسەوە ڕیفۆرمی ئایینی جۆرێک لە کەشی گشتی درووستدەکات بۆ ئاساییکردنەوەی بەرهەڵستکاری سروشتی. بەشێکی گەورەی ئەم پێڕستە مێژوویەش بۆ سروشتی ئایینی مەسیحی و ئەو ڕیشە پاسیفیستییە دەگەڕێتەوە کە لەهەندێ تیرەی ئایینەکەیاندا هەیە، هەروەها بەشێکی تریشی بۆ پێشکەوتنی زانستی و تەکنۆلۆجی دەگەڕێتەوە کە کۆمەکێکی زۆری بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی بەرهەڵستکاری کردوە و وا دەکات بەشێکی فەرمانڕەوایی لە دۆخی دەسەڵاتی ڕەهای فیوداڵی و دەسەڵاتی کوێرانەی ئایینی و بەرژەوەندی بنەماڵەی شاهانەی دەربهێنرێت، وەک ئەوەی پێشتر باسمان لە تیۆرەکانی بەرهەڵستکاری کرد لەلای کۆمەڵێک تیۆریست و فەیلەسوفی ئایینی مەسیحیەوە.

کاتێک دێینە سەر سەردەمی بیری مۆدێرن، ئەوا لە تیۆر و تێڕوانینی سێ بیرمەندی گەورەی پانتایی بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری دەڕوانین، کە بیرکردنەوەی هەرسێکیان بۆ باشووری کوردستان و بەشێکی زۆری ناوچەکانی تری جیهان گرنگن وەک تیۆر، هەروەها بۆ کۆی بیری بەرەنگاری لەگەڵ کاپیتالیزم و ژیانی جیاوازی چینایەتی گرنگن. ئەوانیش بیری کۆمۆنیستییە لەلای (ئەنتۆنیۆ گرامشی) ئیتالیایی، هەروەها بیری ئەنارشیستییە لەلای (جێمس سکۆتی) ئەمریاکایی و بیری ئابووری لیبرالییە لەلای (کارل پۆلانی) مەجەرستانی. لەوانەیە کەسێک بێت بە خەیاڵیدا، کە ئایا بۆ لەسەر ئاسۆی بیری کۆمۆنیستی و ئەنارشیستی و لیبرالیزمی ڕادیکاڵ دەوەستینەوە! ئایا ئەی بزووتنەوە ئایینییەکانیش وەک ئەمان دژ بە کاپیتالیزم نین؟!

لە وەڵامدا دەڵێین؛ هەڵوێستەکردن لەسەر بنەمای تیۆرەکانیانە نەک جێکەوتی بەرهەڵستکارانەیان، ئەشێ لە کرداری بەرهەڵستکاریدا قسەیەکیان لەسەر بکەین، چونکە تا ئەمڕۆ ئەوانەی بە شێوەیەکی زانستی و لە شێوەیەکی ستراتیژیدا بەرامبەر دەسەڵاتی سەرمایەداری وەستاونەتەوە بریتین لەو تیۆر و کردارە چەپ و کۆمۆنیستی و لیبراڵە ڕادیکاڵانەی سیستەمی سەرمایەداریان لەلا ناڕەوایە. لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لە دونیادا سەرمایەداری فەرمانڕەوایی کۆمەڵگای مرۆیی دەکات بەشێوەیەکی گشتی، ئەوا ئەو تیۆرانەی بەرهەڵستی دەکەن تیزی بەرهەڵستکاری لەلای ئەوانەوە دەردەکەوێت بە شێوە واقعییەکەی. بیری ئایینی و ڕادیکالیزمی ئیسلامی و تەنانەت مەسیحیش فەرامۆش دەکەین لەتیۆردا، چونکە لە کۆی هاوکێشە ئابوورییە سیاسییەکاندا بەرهەڵستکار نامێننەوە بۆ سەرمایەداری ئەگەر تەنانەت لە هاوکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیشدا بەرهەڵستکاری سەرمایەداری بکەن وەک شێوازێک بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی یان تەنانەت وەک بزاوتی سیاسیش. هەروەها ناکرێت ئەوە لە یاد بکەین کە بزاوتە سیاسییە ئایینییەکان هۆکاری یاریدەدەرن بۆ تەشەنەکردن و بڵاو بوونەوەیی نەفامی و توندوتیژی لە پاڵ بزووتنەوە نەتەوە پەرستەکاندا، هەر بۆیە ئەگەر فۆرمی بەرهەڵستکاریشیان هەبێت جێی باس و لێکۆڵینەوەی ئێمە نییە.

یەکەم (ئەنتۆنیۆ گرامشی Antonio Gramsci): مارکسیستێکی نوێی ئیتالیاییە، لە دورگەی ساردینیا لە ئیتالیا و لە باشوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و لە مانگی یەکەمی ساڵێ ١٨٩١ لەدایک دەبێت. گرامشی لەناو خێزانێکی ئاسایی هەژاردا پێدەگات و قۆناغەکانی خوێندن هەتا گەیشتن بە زانکۆ تەواو دەکات. لە ڕێگەی خەمی کرێکاران و جووتیارانەوە هەر لە سەرەتاکانی تەمەنی خوێندنەوە بە بەرهەڵستکاری دەست پێدەکات تەنانەت لە ناو کۆبەندی کۆمۆنیستی ئیتالیاشدا سەرەتا وەک بەرهەڵستکارێکی ناوخۆیی کۆبەندەکە دەردەکەوێت و دواتر دەبێتە یەکێک لە تیۆریست و سەرکردەکانی ئەو کۆبەندە. تا دواتر بۆ ماوەیەک دەبێتە یەکەمین بڕیار بەدەست تێیدا. خوێندنی ناشێوازبەندی گرامشی زیاتر پێیگەیاندوە لە خویندنە ئاسایی و شێوازبەندەکانی! گرامشی لە ڕێگەی کارکردنی وەک سەرنووسەری چەند ڕۆژنامەیەکەوە دەناسرێت و تێزەکانی خۆی لە ڕێگایانەوە دەخاتەڕوو. هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ زیندان و ناڕەواییە چینایەتییەکانی کۆمەڵگادا قاڵ دەبێتەوە. تا دواجار کە لەساڵی ١٩٢٤ دا لەلایەن ڕژێمە فاشستەکەی مۆسۆلۆنییەوە دەستگیر دەکرێت. ئەو دەمانەی دەستگیر دەکرێت، لە دادگاکەیدا داواکاری گشتییەکەی، دەڵیت: "ئەبێت ئەم ئەقڵە بۆ بیست ساڵی تر بیدەنگ بکەین چونکە ترسناکە ترسناک". ئەنتۆنیۆ گرامشی هاوسەرگیری لە گەڵ میوسیکژەنێکدا دەکات بە ناوی ژولیا شوشت Julia Schucht و دوو کوڕی لێی دەبێت، بەڵام بەهۆی نالەباری ژیانی سیاسییەوە دەرفەتی بینینی کوڕی دووهەمیانی لە ژیاندا بۆ ناڕەخسێت. ئەنتۆنیۆ گرامشی یەکێکە لە دیارترین فەیلەسوف و تیۆرستە سیاسییەکانی دونیای سۆشیالیزمی زانستی و بە نوێکەرەوەیەکی گەورەی بیری مارکسیستی دادەنرێت. ئەم بیرمەندە گەورەترین بەرهەمە تیۆرییەکانی لە زینداندا دەنووسێت و تیزێکی گەورە لەمەڕ بەرهەڵستکارییەوە پێشکەش دەکات. ئەنتۆنیۆ سەرباری ئەوەی کوڕێکی شیرین زمان و هەست ناسکی ئەو کاتەی ئیتالیا دەبێت شۆڕشگێڕێکی مرۆڤدۆست و گەورەش دەبێت لەگەڵ ئەوەی تەمەنێکی کەمی دەبێت، بەڵام بەهۆی باری خراپی تەندرووستییەوە لە زینداندا ئەم گەنجە تووشی چەندین نەخۆشی دەبێت وەک هەڵوەرینی دانەکانی و تێکچوونی سیستەمی هەرس و بەرزی پەستانی خوێن و چەندین نەخۆشی درێژخایەنی تری وەک سیل و گاوت. گرامشی بە سەرکردەیەکی دید ڕۆشنی دژە سیستەمی سەرمایەداری و بۆرجوازی هەژمار دەکرێت و هەمیشە لەنێو گەنجترین و بیرکراوەترین شۆڕشگێرەکانی سەرەتای سەدەی بیستدا پێڕستی ئەو هاتوە.

ئیتالیا وڵاتێکە چەندین بیرمەندی سیاسی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردوە، ئەگەر لە مەکیاڤیللیەوە تیۆری بەرهەلستکاری لەنێو دێڕی تیۆرە سیاسییەکاندا بدۆزینەوە، ئەوا ئەمجارەیان دژی دەسەڵات و ستەمی سەرمایداری و فاششتی، لەلای گرامشی گوڕ و تینی بەرهەڵستکاری بە تیۆریی دەبینینەوە کە کۆی تێزەکەی لەم بارەیەوە بە پوختەی ئەم خاڵانە بە کورتی لەگەڵ دۆخی باشووری کوردستاندا پێشکەش دەکەین:

١.  هەژموون: بەرهەڵستکاری چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگا لە بونیادنانی کولتورێکەوە دەستپێدەکات کە بەرامبەر کولتووری بۆرجوازی بوەستێتەوە و ئەو هەژموون گەراییە ڕاگرێت کە کاپیتالیزم دەیەوێت لە ڕێگای هەژموونی کۆلتوور و ڕۆشنبیری خۆیەوە ژیان بەو شیوەیە ئاسایی بکاتەوە کە نۆرم و پێڕەوەکانی کاپیتالیزم نۆرم و ڕێڕەوێکی ئاسایی بن. کاپیتالیزم و (کولتووری بۆرجوازی) ئەم کارە لە ڕیگای فۆلکلۆر و ئایین و نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگاوە دەکات، ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەریت و هەمیشە بە پشتیوانی دەسەڵاتی ستەمکار دەردەکەوێت، تێکڕا ڕەگێکیان لە هەژموونی ئایینی ئیسلامی و بەباوکردنی کولتووری ژن کوشتن و سەپاندنی فۆرمی کۆنزێرڤاتیزم ((پارێزگاری)) لە ئەندێشە و بیری بۆرجوازی کوردیدا هەیە، کە هاوتەریبە لەگەڵ هۆشمەندی فیوداڵی، یان موڵکانستێنی سامانی سروشتی. گرامشی تیۆری بەرهەڵستکاری لە ڕوانگەی ئەو بەرهەڵستییەوە دەبینێت کە بەرامبەر بە هەژموونی ڕۆشنبیری و کولتووری کاپیتالیزمی دەکرێت. هەر بۆیە بەرەنگاربوونەوەی کاپیتالیزم بەتەنیا لە بەرژەوەندییە ئابووریەکانی کاپیتالیزم لە کارگەکانەوە ناکرێت، بەتایبەت کارگەکانی بەرهەمهێنان بۆ پێویستی کۆمەڵگا سەرجەمیان لە دەرەوەی هەرێمی باشووری کوردستانن، بەڵکو مرۆڤ لە کۆمەڵگای باشووردا پێویستی بە دژ وەستانەوە هەیە بۆ کولتوورێک کە بۆرجوازی فیوداڵی کوردی لەوساڵانەی دواییدا درووستی کردوون، وەک گۆڕینی مۆدێلی ناوماڵ و خەرجی زۆر لە جوانکاری (سمت و لووت) خۆ خستنە سەر مۆدێلی گارداشیان و سەیارەی کیلۆمەتر سفر...تاد. ئەشێ ئەمان لەشێوەی تەنزدا بن کە باسیان دەکەین، بەڵام گرنگن بۆ جێکەوتەکردنی تیۆر لە واقعدا. هەر بۆیە دبینمەوە تێزی گرامشی تێزێکی بە پیت و فەڕە چونکە ئەو دۆخەی لە کوردستان دەگوزەرێت بەشێوەیەکی تر و وریایانەتر لە ڕۆژئاوا زۆر بە سۆفیستیکەیتیانە بەڕێوە دەچێت.
دواجار درووستکردنی کولتوورێک بۆ بەرەنگاری ئەو هەژموونە، پێویستی بەکاری گەورەی مەعریفی و هونەری و زۆر ڕێکخستنی شۆڕشگێرانە هەیە بە پێناسەی نوێ، نەک لە فۆرمە باوەکەی شۆڕشی شاخ و چەکدار بوون و کوشتن و بڕیندا. کە لە خۆیدا ئەرکی چەکداری بەم وتەیە سفر ناکەینەوە، چونکە ئەویش گرنگی و کات و سات و ڕێکخستنی خۆی هەیە و لە ناو یاسای جەنگەڵدا مرۆڤ کە کەڵبە و چنگی پێویستی نەبوو بۆ خۆپاراستن لە دڕندەکان دەبێت کەرەستەیەکی بەدەستەوە بێت بۆ بەرەنگاری لە دڕندەکانی ئەو جەنگەڵە، کەبەداخەوە تا ئیستاش زۆرجار چەکە.
٢.  بیر و پەروەردە: تێڕوانینی گرامشی بە وەستانەوە و ڕابوون بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمی سەرمایە و بۆرجوازی دەستپێدەکات، جا لە هەر قۆناغێکدا بن! لە ترۆپکی کاپیتالیزمی لیبراڵی نوێدا یان لە سیستەمێکی خێڵەکی فیوداڵی موڵکانەستێنی وەک ئەوەی کوردستان یان ئەمارەتەکانی دورگەی عەرەبیدا. بنەماکانی ئەو ڕابوونەش پەروەردە و توانای تیۆری و زانستی چینە چەوساوەکان و توێژە ڕەنجدەرەکانی کۆمەڵگایە. لەلای گرامشی فێربوون و شرۆڤە لەسەر ئاستێکی فراوان لەناو پرۆلیتاریادا لە پشتبەستنێکی کوێرانە بە مارکسیزم گرنگترە. گرامشی باس لەوە دەکات یەکگرتنی پرۆلیتاریا لەبەرامبەر خاوەندارەکانی هۆیەکانی بەرهەمهێنان بەوە نابێت کەرەستەکانیان لێ بسەندرێتەوە و دەستکەوت و خاوەندارێتی بەجۆرێکی تر ڕێکبخرێتەوە تاقمێک لە ناو دەوڵەتدا دەستی بەسەردا بگرن، بەڵکو بەوە دەبێت کە ئەو هۆشمەندییە بگۆڕدرێت. کرێکار و پرۆلیتاریا پێویستیان بە زانابوون هەیە لە ڕووی مرۆییەوە، تا بتوانن بەرەوڕووی هەرجۆرێکی ستەمکاری ببنەوە. لە خۆیدا ئەم تێڕوانینەی گرامشی بەرهەمی تێگەیشتن و کارکردنە لەگەڵ هیگلییە مارکسیستەکان و کەوتنە ژێر کاریگەری ڕەخنەکانی لیۆن ترۆتسکی ڕوسیایی و هەروەها لە ڕەخنە کردنی سیستەمی فاشیستی ئیتالیاییەوە سەرچاوە دەگرێت. لەلای گرامشی دەتوانرێت ئەم فۆرمە لە هۆشیارکردنەوە بەرهەم بهێنرێت بە سوود وەرگرتن لە هەژموونی زانین، هەرگیز ناکرێت کاریگەری ئەم دێڕانەی گرامشی بەسەر فەیلەسوف و زانای بواری دەسەڵات (میشێل فۆکۆ)وە نەبینم هەرچەند زۆرینەی شرۆڤەکاران لەسەر میشێل فۆکۆ باس لە کاریگەری گرامشی ناکەن، بەڵام ڕەچەڵەکی ئەم بیرکردنەوەیە و هێڵە تەریبەکانی دەبینرێنەوە، بەتایبەت فۆکۆش بە یەکێک لە فیلەسوفە پۆست ئەنارشیستەکان هەژمار دەکرێت، لە ڕیزی جیل دۆلۆز و جودیث بۆدلێر و فێمینیستە پۆستمۆدێرنەکان..تاددا. بیری گرامشی دواتر لە تیۆری پەروەردەیی پاولۆ فێرێری[2] Paulo Freire بەرازیلیدا زۆر جوان ڕەنگدەداتەوە هەروەها لە تێڕوانینەکانی فرانز فانۆندا[3] Frantz Fanon هەستی پێدەکرێت و کاریگەری دادەنیت. تێزەکانی فانۆن یەکێکن لە تێزەکان بۆ بەرگرتن بە بەرهەڵستکاری پەرتەواوزە و گۆڕینیان بۆ بەرهەڵستکاری ڕێکخراو. (بەداخەوە لەبەر کەمی کات و نەبوونی دەرفەت بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لە فرانز فانۆن بوێری ئەوەم نەکرد بەیەکێک لە تیۆرییە گرنگەکان هەڵیبژێرم، هیوادارم تویژەرێک هەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم کارە بکات).
ئەی کوردستان چۆنە و پەروەردەی کوردی چۆنە؟ چۆن بێینە دەرەوە لە پەروەردەی شێوازبەند کە بەتەواوی لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە خەسێنراوە، ئەمە کێشەی سەرەکی کوردستان نییە بە گشتی بەڵکو کێشەی ئەکادیمییایە لە دونیادا کە بە گشتی بەپێی خواست و پێویستیەکانی خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراوان بەڕێوە ناچێت. ئەوەی کێشەی سەرەکی باشووری کوردستانە، ئەوەیە کێشەی پەروەردەیی بەشێکە لە چارەسری ئەو قەیرانە سەرەتانییەی چەندین سەدەیە تووشی خەڵکی کوردستان بوە.
٣.  دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی: بۆ ئەوەی لە ڕای گرامشی تێبگەین دەربارەی ئەم دوو چەمکە و چۆن لە پرسی بەرهەڵستکاریدا بەگەڕیان دەخات، سەرەتا گرنگە بزانین ئەو چۆن لە هەردووکیان دەڕوانێت: لەلای گرامشی کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی سیاسی یان مەدەنی نییە، بەڵام لە پێناوی تێگەیشتندا ئەو دەڵێت باشترە لە یەکتریان جیا بکەینەوە، ئەگەرنا لە زۆر بۆنەدا تێکەڵاو دەبن.
ئەگەر تێگەیشتنی گرامشی ڕوون بکەینەوە، ئەوا باشترە بەم هێلکارییە شتێک نمایش بکەین:
  

  
لەلای گرامشی ناتوانین کۆمەڵگا بە تەواوی وەک ئەم بازنانە لەیەک جیا بکەینەوە بۆ کۆمەڵگای سیاسی و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگای مەدەنی، بەڵکو ژیان زیاتر لە بەریەککەوتنی ژمارە 4 دا دەگوزەرێت و هەموو کایەکان تێکەڵاون، ئەمە جگە لەوەی تێکەڵبوون و ئاوێتە بوونی زۆر هەیە لە نێوان کەرتە سەرەکییەکاندا. واتە کەرتی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی ژمارە 1 درووست دەکەن، کەرتی تایبەت و کۆمەڵگای سیاسی ناوچەی ژمارە 2 درووست دەکەن، لە دواجاریشدا تێکەڵاوی کەرتی تایبەت و کۆمەڵگای مەدەنی ژمارە 3 درووست دکەن. کۆمەڵگای سیاسی لای گرامشی هەموو کایەکانی سەربازی و پۆلیس و  دادگا ...تاد دەگرێتەوە بەڵام کۆمەڵگای مەدەنی خێزان و پەروەردە و ڕێکخراوەکانی تر دەگرێتەوە، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت ئەو کەرتە ئابووریەیە کە لە نێوان حکومەت و خێزاندا ناوەندگیری دەکات. لەلای گرامشی کە جەخت لەسەر کۆمەڵگای سیاسی و مەدەنی دەکاتەوە لای وایە کە دەوڵەت لە سیستەمی سەرمایەداریدا لە ڕێگای هێز و قایلکردنەوە فەرمانڕەوایی خۆی دەکات. حکومەت ئەو کەرەستەیەیە کە هێزی پێیە و کۆمەڵگای مەدەنیش ئەو کەرەستەیەیە کە قایلکردن بۆ هەژموونی دەسەڵات مسۆگەر دەکات. بۆیە بەلایەوە گرنگە کە ئەم قایلکردنە بەرئەنجامی هێز نەیەتە بەرهەم، بەڵکو بەرئەنجامی هێزە مەدەنییەکانی ناوکۆمەڵگا بێتە بەرهەم، هەروەها بۆ گرامشی گرنگە کە ئەو هێزەی حکومەت هەیەتی لەدژی کۆمەڵگایەکی بەرهەڵستکار بەکار نەیەت، بەڵکو کۆمەڵگا خۆی ببێتە خاوەنی ئەو هێزە کە لە ڕاستیدا بەشێکی گەورەی ئەو هێزە پێکدەهێنێت کە پێی دەوترێت هێزی خەڵک. لە تێڕوانینی گرامشیدا سیستەمی سەرمایەداری سیستەمێکی ستەمکارە، بۆیە بەرەی خەڵک ئەو بەریە پێکدەهێنێت کە بەگشتی بەرهەڵستکارە، بەڵام لەم سیستەمەدا کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕێگای سەندیکا و یەکێتییەکان و پەروەردە و زۆر بواری ترەوە جۆرێک لە قایل بوون درووست دەکات کە لە بەرژەوەندی حوکمڕانییە.   
پرۆسەی فەرمانڕەوایی لەلای دەوڵەتی کاپیتالیستی دوای ڕەخنەکانی سۆشیالیزم و پێشبینییەکان چی بەسەر دێت! واتە دەوڵەتی کاپیتالیستی دوای ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ هەندێ ئەزموونی سۆشیالیستی جیهانیدا چۆن بەخۆیدا دەچێتەوە. گرامشی ئەمە زۆر باش ڕووندەکاتەوە؛ لەلای ئەو سەرمایەداری دەتوانیت درێژە بە خۆی بدات لە ڕیگای کۆنترۆڵکردنی ئابووری و ڕێگەپێدانی هەندێ داخوازی کورتخایەنی چینە بۆرجوازیەکانی خوارەوە (وەک وردە ڕۆشنبیری عەمید و عەقید، وەک هونەرمەندی بێ هونەر...تاد)، ئەوەش بە ڕێگەدان بە خەباتی پاسیڤ و بێ ئاکامی بزووتنەوە سەندیکاییەکان و ئەوەی پێی دەوترێت کارگێڕی زانستی کە خەباتی سۆشیالدیموکراتەکان و ڕەوتە کارگێڕییەکانی وەک فرێدریک تایلۆر[4] و هێنری فایۆڵ[5] نمونەیەکی باشی ئەم لێکدانەوەیەن. کەواتە بە پێی ئەم تێڕوانینەی گرامشی، بەشێکی گەورەی ئەوانەی لە کوردستاندا پێیان دەوترێت کۆبەندی سیاسی، ڕێکخراوی مەدەنی، کۆمپانیای میدیایی خەڵک و/ یان کۆمپانیای ئابووری سەربەخۆ، تێکڕا درۆی گەورە گەورەن و نەبوونیان لە بوونیان باشترە، چونکە ئەمانە هۆکارن بۆ سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی شۆڕشی خەڵک و سەرهەڵدانی بزاوتە بگۆڕەکان. گرنگە لەم خاڵەدا ڕێکخراو و بڵاوکراوە جددیەکان و تەنانەت کۆبەندە سیاسییە جددیەکانیش جیا بکەینەوە، کە بەداخەوە ئەمەی دواییان نمونەی هەر نییە.
لەلای گرامشی بزاوتی نوێی پرۆلیتاریا دەبێت بە بەرهەڵستکاریەکی وردتر دەستپێبکات، ئەویش بونیادنانی کولتووری بەرەنگارییە، کولتوورێک کە لەیەک کاتدا بەر بە هەژموونی کولتووری کاپیتالیزم بگرێت و لەلایەکی تریشەوە ژینگەیەکی پەروەردەیی درووستبکات بۆ هێنانە سەرکاری سیستەمێکی دادوەرانە. لەلای گرامشی ئۆپۆزسیۆنێکی کاتی پیویستە بۆ ئەوەی بتوانێت لەپاڵ ئەو ئۆپۆزسیۆنەدا پەروەردەیەکی شۆڕشگێڕانە ئامادە بکرێت. ئەم بیرمەندە هەرگیز لە گەڵ کوتەدا و هەڵگەرانەوەی کتوپڕدا نییە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆکار بۆ درووست بوونی شۆڕشی پێچەوانە یان دەبێتە سەرەتایەک بۆ زاڵبوونی دژەکان جارێکی تر.
٤. مێژوو گەرایی[6] و ڕەخنە لە مەتریالزیم: ئەوەی گرامشی بە شێوەیەکی ڕیشەیی بە مارکسیزمەوە دەبەستێتەوە دوو پرسی سەرەکین: یەکەمیان، پابەند بوونی گرامشییە بە خەباتی پرۆلیتاریا و بەرەنگاربوونەوەی کاپیتالیزم و فاشیزمەوە، هەروەها دووهەمیان، تێڕوانینی مێژووگەرایانەی ئەم بیرمەندەیە. لەلای گرامشی لێکدانەوەی بیر و بۆچوون هیچ بەها و سوودێکی نییە و تەنانەت واقعیش نییە، ئەگەر لە چوارچێوەی تێڕوانینی مێژووی گەشەی کۆمەڵگا و جێکەوتی مێژوویی ئەو کولتوورەوە سەیر نەکرێت. کەواتە ئەمیش هەر وەک کارل مارکس لە تێڕوانینی میژووییەوە بۆ گەشەی کۆمەڵگا لە بەردەوامی کێشەکانی کولتوور و بیرکردنەوە دەڕوانێت، ئەگەر لەلای مارکس کولتوور وەک دەرهاویشتەیەک لە سەرخانی کۆمەڵگادا ڕەنگدانەوەی ژیانی ماددی کۆمەڵگا بێت ئەوا لەلای گرامشی ئەم لێکدانەوەیە جیاواز ناکات، بەڵام گرامشی هەوڵێکی سیاسی دەدات و باوەڕی هەیە کە لە ڕووی مێژووییەوە کاپیتالیزم لەڕێگای هەژموونی کولتووری خۆیەوە درێژە بە ڕەوایی خۆی دەدات. بۆیە باشترە، پرۆلیتاریا جۆرێکی تر پێناسەی سەرخانی ڕۆشنبیری خۆی بکاتەوە، کەواتە لەهەمان پێگەی ماددی مێژوویی پرۆلیتاریا دەستپێبکاتەوە. تێڕوانینی مێژووگەراییانەی گرامشی بە باشی گەشەی کرد و جارێکی تر لە خانەی سەرخانەوە بۆ ژێرخان لە ڕاستی مێژوویی دەڕوانی، وەک ئەوەی لە ڕووی ڕاستییەوە چۆن مێژوو دەگوزەرێت.
هەرچەند ئەمە بوو بە سەرەتایەک بۆ ڕەخنەگرتن لە گرامشی لەسەر ئەو بنەمایەی کە گرامشی تێڕوانینەکانی بەرەو ڕیلاتیڤیزمی مێژوویی[7] هەنگاو دەنێت.
هەندێ کات دەبینیت، لە باشووری کوردستانیش ژمارەیەک لە خەڵک دێن و کردەی بگۆڕ پەکدەخەن لەسەر ئەو بنەمایەی کە لێکدانەوەکان دەخەنە ئەستۆی مێژوو، گوایە ئەوەی ڕوو دەدات حەتمیەتی مێژووییە و کۆمەڵگا دەبێت پێیدا تێپەڕببێت، بەڵام لە راستیدا ئەمە خۆدزینەوەیەکە لە پرسی خۆ گونجاندن لە گەڵ تیۆری نوێدا و بەخشینی هەموو هێز و توانایەکە بە یەکدانە تیۆر کە ئەو مێژووی لێکداوەتەوە و چەند گۆڕانکاری نوێ لە مێژوودا ڕوو بدات وابەستەیە بە خودی ئەو تیۆرە و گۆڕانکاری تێیدا ڕوو نادات.  لە خۆیدا لەسەر ئەو بنەمایەش ڕەخنە لە کەسێکی وەک گرامشی دەگیرێت کە هەر نوێکردنەوەیەک بۆ تیۆری پێشتر دەستکاریکردنی پیرۆزییەکانی تێکستەکەیە.
گرامشی بەوەوە ناوەستێت کە ڕەخنە لە مێژووگەرایی بیری مارکسی یان جۆرێک لە بیری مارکسی بگرێت و هیچی تر، بەڵکو ڕەخنەی توند لە فەلسەفەی ماتریالیستیش دەگرێت و لای ئەو ماتریالیزم کاتێک واتای هەیە لە مێژووی گۆڕانی مرۆڤەوە لێی بڕوانین، نەک بەتەنیا بابەتی بوونی ماتریالیزمێک کە لە قاوغی زەوی و ژیان دەمانباتە دەرەوە و بەردەوام دەبین لە دژایەتی کردنی ئایدیاکانی ئاییندا و لامان وابێت ئەمە مارکسیزمە و ئەمە تێڕوانینی کۆتایی ئێمەیە. نەخێر گرامشی باوەڕی وایە کە باشترە بزاوتە زەحمەتکێشەکان لە بیری ئایدیالیستی بۆ نمونە ئایین بەوجۆرە بڕوانن کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی چینی سەردەست و بەهۆی ئەم پێکهێنەرەوە ئێمە ڕووبەڕووی ڕەواییدان بە ستەمکاریی دەبینەوە. لەلای گرامشی دژایەتی کردنی ئایین بۆ ئایین و تێڕوانین لە ماتریالیستی ژیان، لە خۆیدا ون بوونێکە لە دونیای ئاییندا و گۆڕین ئایینی خوایە بە ئاینی مرۆڤ. کە من باوەڕم وایە هەردووکیان هەر ئایینن و دستکردی مرۆڤن، یەکێکیان لە دونیای ئایدیالیستی و فێنۆمێنۆلۆجیای هیگلییەوە کە باشترینیانە، یەکێکیشیان لە دونیای ماتریالستییەوە کە چارلس داروین و فرێدریک ئەنجلز باشترینیان. لێرە هەڵوێستەیەک لەمەڕ ئەم تەوژمە دەکەین لە کوردستاندا، زۆر جار هەیە کە دەسەڵاتی کوردی بۆ بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتییە چینایەتی و نیشتمانییەکانی تر، ئەم پرسی ئایدیالیستی و ماتریالیستییە لە چوارچێوەی ئایین و دژە ئاییندا تۆخ دەکاتەوە و ئەم جۆرە لە گفتوگۆی جڤات ئەوروژێنێت. ئەو چەلەحانێیەی لەم پێناوەدا بەردەوامە هەرگیز کۆمەک بە پرسی سیاسی و گۆڕانی مێژووی سیاسی خەڵکی کوردستان ناکات. لە خۆیدا پرسی لەم جۆرە پرسی ئایین پرسێکی شکست خواردوە، ئەگەر مرۆڤ کەمێک بیر بکاتەوە پرسیاری لەمەڕ ئەم مەسەلەیە نامێنێت. بۆ ئێمە گرامشی و تێڕوانینی ئەو لەوەدا گرنگە ئەگەر هۆشیار ببینەوە نە بە چاک نە بە خراپ ئەم پرسە لە پێشەنگی ئەو پرسانەدا نامێنێتەوە کە ستەمکاری بەرامبەر ئێمە گەیاندوەتەوە ترۆپک. جا هەندێ کارگێڕی کۆبەندە سیاسیە بە حساب سۆشیالدیموکراتەکان هەن پشتیوانی و توانایی ئابووریان بۆ کۆمەڵێک خەڵک هەڵڕشتوە دژایەتی ئایین بەبەردەوامی بکەن، بەبێ ئەوەی ئەجێندایەک هەبێت بۆ ئەوەی بزانن لە چ ڕوانگەیەکەوە دژایەتی ئەم پرسە دەکەن. دواتر کار بەوە دەشکێتەوە بەشێکی گەورەی توانا کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان دوو پشتیوانیدا و لە شەڕێکی لاوەکیدا بە خەسار دەچن: بۆ نمونە پارێزگارەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە چالاکوانە ئایینییەکان دەکەن بۆ نمونە "مەلاعەلی" کەڵەکچی، لەولاوە بەناو سۆشیالدیموکرات و چەپە دۆگماکان پشتیوانی لە دژە ئایینەکان دەکەن بۆ نمونە (مەریوان هەڵەبجەیی) و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای باشوور خەریکی بەهەدەردانی وزەی بەرەنگارین. کە لەڕاستیدا چ بەناو سۆشیالدیموکرات و چ پارێزگارەکان سوود لەم ململانێ چکۆلەکراوانە وەردەگرن، هەروەها هەندێ جاریش دەیانکەنە بابەتی گەرمی میدیایی و بۆ لاوازترکردنی یادەوەری دەستەجەمعی بەکاریان دەهێنن.
٥. ڕەخنە لە ئابووری سیاسی: گرامشی ڕەخنە لە ئابووری سیاسی دەگرێت، بەتایبەت لای مارکس و دەبینێت ئەو پێڕستەی مارکس بۆ ڕووداوەکانی داناوە بەو جۆرە نایەنە دی! گرامشی لە ڕەخنەکانیدا بۆ ئابووری سیاسی، لە ناوەڕۆک و لە خودی ئابووری سیاسی نادوێت لەلای مارکس، بەڵکو لە ڕووی خولگەی مێژووییەوە لەم پرسە دەڕوانێت و باوەڕی وایە کە ئەگەر پرۆلیتاریا بە ئاگا بێت و هەژموونی کولتووری خۆی بونیاد بنیت و خاوەنی هۆشیارییەکی بەرز بێت ئەوا هەڵوێستەی سیاسی لە هەڵوێستەی ئابووری باشترە. چونکە لەلای ئەو، خەباتی سەندیکایی تەنیا لە چوارچێوەی ڕیفۆرمی ئابووریدا دەمێنێتەوە بۆ پرۆلیتاریا، بەڵام کێشەی سەرەکی کێشەی سیستەمە. سەرمایەداری لە ڕێگای خەباتی پاسیڤی سەندیکاییەوە تێدەگات کە ڕکابەری چ داخوازییەک دەبێتەوە. کاتێک پرۆلیتاریا لە ژێر دروشمی خەباتی سەندیکاییدا خواستەکانی دەبنە خواستی ئابووری ئەوکات ئابووریەکی بازاڕی درووست دەبێت کە لە قازانجی کاپیتاڵیزمە. بەتایبەت، کاپیتاڵیزم خۆی لە ڕێگای داخوازییەکانی کرێکارانەوە لە بازاڕدا ڕێکدەخاتەوە.
لەلای گرامشی ڕەوڕەوی میژوو لە ڕێی کارەوە دیاریدەکرێت، تەنانەت خواستی مرۆڤیش بە کار تەواو دەبێت، ئەم تیڕوانینە مەزنەی گرامشی لێکدانەوەیەکمان بۆ درووست دەکات، کە خواستی مرۆڤ خواستێکی ڕاستینە نییە تا ئەوکاتەی کار بۆ بەدەستهێنانی نەکات. تەنانەت ئەو بەرنامە و کارەی بۆ هەر مەبەستێک ئەگەر دەسەڵاتێکی ڕەهاش دایبنێت بە بێ کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی نایەتە بەرهەم لە هەر بارودۆخێکدا بێت. بۆیە ئەو باوەڕی وایە ئەگەر هۆشیاری چین و توێژە ڕەنجدەرەکان گەشە بکات بۆ ئاستێکی گونجاو یان ئاستی پێویستی شۆڕشکردن، ئەوا کرداری بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشگێڕانە درووست دەبێت.
کاتێک گرامشی ڕەخنە لە ڕێبازی ئابووری ڕووت دەگرێت کە لەلایەن سەندیکاکانەوە پێڕەو دکرێت، بۆیە ڕەخنەیان لێ دەگرێت چونکە دەڵێت ئەوان بەدوای هەندێ چاکسازی بێهودەوەن، تەنیا کۆمەڵێک گۆڕانکاری سەرتوێژکاری دەخوڵقێنن کە بەهۆیەوە سیستەمە ستەمکارەکە بەهێزتر دەبێت. ئەمەش ڕاستەوخۆ لە باشووری کوردستاندا زۆر بە جوانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا گوزەشتوە. چونکە هەموو ئەو ڕەخنە و ململانێیەی هێزە بە حساب بەرهەڵستکار و ئۆپۆزسیۆنەکان دەیکەن و کردویانە وەک خەباتی ئەو سەندیکایانەی کاتی خۆی ئیتالیای فاشستی بوە و هیچی لەوە جیاوازتر دەرناکەوێت، بەڵام دیارە بە شێوازێکی دواکەوتووترانەوە لەوەی لە ئەوروپا و ئیتالیادا هەبوە. ئەوە دەبەنگی دەسەڵاتی کوردی و پشتقایمیەتی بە هێزی کۆلۆنیاڵی کە سوود لەم جۆرە ریفۆرمە وەرناگرێت. ئەگەر دەسەڵات زۆر گەمژە نەبوایە دەبوو زۆر سوودی لە جووڵەی ئەوەی پێی دەڵێن ئۆپۆزسیۆن وەربگرتایە، بەڵام خۆشبەختانە ئەو کردەوەیەی دەسەڵات هەنگاوێکی باشتر لە مەرگ نزیکیکردوەتەوە. خۆ ئەگەر بزاڤێک یان ڕێکخراوێکی جدی هەبوایە بیتوانیبایە هێزە کۆمەڵایەتییەکان بە ئەندازەیەکی کەمیش بجووڵێنێت ئەوا ئەو دەسەڵاتە پەڕپووتە بە لێدانێکی زۆر کەم دەکەوت. بۆیە، ناکرێت ئەوە لە یاد بکەین کە بەشێکی گەورەی تێڕوانینەکەی گرامشی لە کوردستاندا وابەستەیە بە لاوازی هۆشیاری چین و توێژە ڕەنجدەرەکانی کۆمەڵگای باشوورەوە.
بەڵێ ئەگەر تێڕوانینی گرامشی بۆ چین و توێژە کارگەر و ڕەنجدەرەکانی باشووری کوردستان بخوێنینەوە، ئەوا لەوێوەیە، کە داوادەکات بیر لە ئاسۆیەکی دوورتری داواکارییەکانی خۆیان بکەنەوە نەک تەنیا لەسەر یەک داخوازی هەنووکەیی بوەستن کە بریتییە لە مووچە یان یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە لە کوردستاندا. ئەم داواکاریانە داواکاری کاتین چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە. چین و توێژە کارگەرەکانی کوردستان پیویستیان بەوە هەیە لە پاڵ داواکارییە هەنووکەییەکانیاندا کولتوور و هۆشیاری خۆیان بونیاد بنێن و داواکاری ستراتیژی سیاسی دوور مەودایان هەبێت (بێگومان میکانیزم و پەیکەری ڕێکخراوەیی خۆشی پێویست دەبێت). چونکە ئەگەر تێبینی بکەین، دەسەڵاتی کوردی بەتەنیا هەموو پرسە سیاسییەکانی بەلاداخستوە و کێشەی مووچە و قەیرانی ئابووری کردوەتە تاکە هۆکارێک بۆ ئەوەی چیتر تاکی زەحمەتکێش لەو کۆمەڵگایەدا ڕەنجی خۆی لەبەرامبەر داوا هەنووکەییەکاندا ساخ بکاتەوە و هیچ ئاسۆیەک بۆ ژیانێکی باشتر نەبینێت. بێگومان چینە هەلپەرست و کەم خوێنەوار و شێوە جوانەکان، زۆر بە ئاسانی لەسەری سەندیکا و کۆبەندە سیاسی و شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا دەبینرێنەوە، وەک ئەوەی گرامشی باسی دەکات و دەڵێت سەرکردەی یەکێتییە بازرگانییەکان بە ئاسانی دەتوانن بە باشکردنی دۆخی ڕێکخراوەکانیان لە پەیکەری سیاسی و کارگێڕی بەردەوامی سیستەمی کاپیتاڵیستیدا ئەوە پیشان بدەن کە گۆڕانکاری ئابووریان درووستکردوە، بەڵام چ ئابووریەک بێگومان ئابووریەکی سواوی بازاڕی، (Vulgar Economy) بە زمانی عەرەبی بەم ئابووریە دەوترێت (إقتصاد مبتذل). بەڵێ لەلای خۆشمان بزاوتێکی سیاسی و گۆڕانێکی ئابووری و کارگێڕی سواوی لەکارکەوتوو دێتە پێشچاومان. ئەم جۆرە لە تێڕوانین کە ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە چەندساڵی فەرمانڕەوایی باشووردا هەیبوە ڕۆڵی ئەو سەندیکا کرێکاریانەی بینی کە لەبزاوتە ڕیفۆرمیستیەکانی ئیتالیادا گرامشی باسیان دەکەن. سەرکردەکانیان ڕۆڵی ئەو سەرکردانەیان بینی کە ڕابەرایەتی بزاوتی چاکسازی و خەباتی سەندیکالیان دەکرد. ئەوان داوای گەڕانەوەی یاسا دەکەن بۆ دامەزراوەکانی هەرێم، بەڵام چ یاسایەک؟ ئەوان داوای ڕێکخستنی داهات دەکەن، بەڵام لە بەرژەوەندی کێ؟ ئایا ئەو سیستەمەی ئەوان سیستەمی ئابووری موڵکانەستێنی سامانە سرووشتیەکان دەخاتە ژیر پرسیارەوە؟ یان هەمان سیستەمە و بەجۆرێکی تر و بە خاوەندارییەکی تر بەڕێوە دەچێت؟
دواجار لەلای گرامشی ڕەوتی شۆڕش بە چاوەڕوانی کردنی گۆڕانی مێژوویی و پێگەیشتنی پەیوەندییەکانی بەرهەم هێنان لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریادا کۆتایی نایەت، بەڵکو چین و توێژە ڕەنجدەرەکان لە ژیانێکی ستەمکاریدا دەژین کە بەردەوام پێویستی هەنووکەییان هەیە و ئەمەش ناچاریان دەکات بۆ شۆڕشی ناکامڵ و بەرئەنجام کاپیتاڵیزم خۆی لەسەر داواکانیان نوێ دەکاتەوە و سەرکردە سەندیکالیەکانیش گەشەدەکەن و هەندێکیان دەبنە کاپیتالیستی نوێ. ئەوەش هەمان ئەو پرۆسەیەیە کە بیری کۆمەڵایەتی پەکخستوە و خەڵک ئامادەیی قوربانی دان بۆ داواکانی خۆی نەماوە، چونکە کۆی فێربوون ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر ڕاپەڕینیش ڕوو بدات، ئەوا کۆمەڵێک خەڵکی نوێ دێنەوە پێشەوە و ئینجا ئەوان دەبنەوە ئەمانەی ئەمڕۆ فەرمانڕەوان (ئەوەش خودی داواکاری دەسەڵاتە لە ناشرینکردنی بەرهەڵستکاریدا). زۆر بەباشی لە لایەن بەشێکی گەورەی پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەم ڕەفتارە سەلمێنرا، هەروەها ڕووداوەکانی ١٧ی شوبات و قوربانییەکانی گەواهییەکی باش بوون بۆ ئەم ڕاستییە. بەڵام لەبەر ئەوەی خەباتگێڕ و خوێنەواری کورد دوای ئەزموونی نوسراو و تێکستە جدییەکان ناکەوێت ئەم جۆرە تێڕوانینانە نابنە پرس لە مەیدانی گشتیدا بۆ تێگەیشتن، بەڵێ ڕۆژنامەکانیش لەبەر ڕۆشنایی سەرمەستکردنی مۆدێلەکانی لیبرالیزمی نوێدا بەو جۆرە دەمێننەوە کە جویینەوەی قسەی بێ بنەماو بێ بنەڕەتن لە ڕووی توێکاری و شیکاری زانستییەوە.
٦. بەرهەڵستکاری کارا: بەکورتی و بە پوختی بەرهەڵستکاری لەلای گرامشی لەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی زۆر گرنگ دەوەستێتەوە کە دەتوانین پێی بڵێین بەرهەلستکاری کارا، کە گرنگە بزاوتە سیاسی و مەدەنییەکانی کۆمەڵگای کوردستان سوود لە ڕاکانی ئەو بیرمەندە وەربگرن. لە گرنگترین ئەو خاڵانەی گرامشی هەڵوێستەیان لەسەر دەکات ئەمانەن:
١. درووستکردنی هەژموونی کولتووری بۆ چین و توێژە ڕەنجدەرەکانی کۆمەڵگا کە بتوانێت بەرەوڕووی هەژموونی چینە کاپیتالیستی و سەردەستەکان ببێتەوە.
٢. لەپاڵ خەباتی هەنووکەییدا چین و توێژە ڕەنجدەرەکان پێویستیان بە خەباتی ستراتیژی و درێژخایەن هەیە کە بەهۆیەوە بتوانن بەشێوەیەکی دوورمەوداتر چارەسەری کێشەکانیان بکەن.
٣. دەتسکاری کردنی سیستەمی پەروەردەیی لە ڕێگای جێگرتنەوەی پەروەردەی سەپێنراو بە پەروەردەیەک کە لەبەرژەوەندی ستەملێکراوان بێت. ((شایەنی باسە ئەم پرسە پرسێکی گەورەیە کە لەپەروەردەی خێزانەوە تا دەگاتە ئاستە بەرزەکانی خوێندنی باڵا پێویستیان بەوە هەیە بخرێنە ژێر پرسیاری جدیەوە)).
٤. گۆڕینی ئاراستەی کار و شێوگی پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.
٥. گۆڕینی داخوازییە ئابوورییەکان بە داخوازی سیاسی کە پرسە ئابوورییەکانیش چارەسەر بکات. سەندنەوەی ئەو ڕەواییەتییەی دەسەڵات دەیدات بە پرسی نان، کە بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی بێشەرمانە ئەمڕۆ ئەو ڕەوایەتییەش نادات بە پرسی نان تەنانەت بۆ ئەوانەی لە پێناوی مانەوەی خۆشیدا دەجەنگن و ژیانی خۆیان بەخت دەکەن.
٦. خۆپاراستن لەو تێڕوانینە ماتریالیستیانەی کە دەکەونە دەرەوەی مێژووی ژیانی مرۆڤ هەروەها خۆپاراستن لەو تێڕوانینە مێژووگەراییەی مرۆڤ لە دۆخی چاوەڕوانی مێژوویدا ڕادەگرێت.
٧. کۆتایی هێنان بە پرسی دژایەتی ئایین لە پێناوی ئایینی نائایینیدا، بەڵکو تێڕوانین و دژایەتی کردنی ئایدیالیزم بەگشتی، وەک یەکێک لە سەرچاوە ئایدۆلۆجیەکانی چینە سەردەستەکان.

تێبینی:
بەشی داهاتوومان دەرباری دوو تیۆریستی گەورەی ترە کە ئەوانیش جێمس سکۆت و کارل پۆلانین


[1] John Ponet لە سەرەتای سەدەی شانزەدا ژیاوە و لە زانکۆی کامبریدج پێگەیوە و تیۆریستێکی بواری بەرهەڵستکاریی بوە لە کاتی خۆیدا
Christopher Goodman بەدرێژای سەدەی شانزدە ژیاوە و لە خویندکارەکانی ئۆکسفۆرد بوە و لە دوورخراوەی ماریان ژیاوە بە هۆی ئەو بەرهەلستکارییەوە کە بۆ دەسەڵاتی کاتۆلیکی ڕۆمانی کراوە لە ئینگلستاندا، شایەنی باسە دوورخراوەی ماریان، لە وڵاتە پرۆتستانتەکانی وەک هۆلندا و ئەڵمانیا و پۆلندا و چەند جێگایەکی تردا ژیاون و تێزی بەرهەڵستکاری خۆیان بۆ ڕژێمی پاشایەتی بەریتانی دەربڕیوە.
John Knox یەکێک بوە لە شۆڕشگێرەکانی کەنیسەی سکۆتلاندی و بەشێکی گەورەی ژیانی لە دوورخراوەیەک بردوەتە سەر کە کاتی خۆی فەرەنسییەکان حوکمیان داوە. ئەم فەیلەسوفە لە ماوەی 1513-1573 ژیاوە و بەشدار بووە لە چەندین چالاکی شۆڕشگێرانەدا بۆ گۆڕانکاری لە ڕێنماییەکانی کەنیسە و ئایینی مەسیحیدا.
[2]  پاولۆ فێرێری، لەماوەی 1921-1997 لە بەرازیل ژیاوە ، پێتاگۆلۆج و فەیلەسوفێکی بواری پەروەردەیە، یەکێکە لە مەزنترین داهێنەرەکانی پەروەردەی ستەم لێکراوان. ئەم بیرمەندە شۆڕشگێڕە کارەکانی بە جۆرێک لە جۆرەکان دەچێتەوە سەر کۆی ئەو تیۆرە پەروەردەییەی ئەنتۆنیۆ گرامشی داوای دەکات. فێرێری بەرەهەمی کەمە، بەڵام بەرەهەمی گرنگی هەیە. ئەم بیرمەند و فەیلەسوفەی بواری پەروەردە یەکێک لە بەرهەمەکانی لەسەر دەستی بەڕێز، جیهاد موحەمەد بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە و سەرباری ئەوەی کە جیێ سوپاس و پێزانینە، یەکێکیشە لە بەرهەمە گرنگەکان بۆ کۆی شۆڕشی ڕۆشنبیری و خەباتی مەدەنی پەروەردەکاران لە کوردستاندا.
[3]  فرانز فانون، یەکێک لە بیرمەند و فەیلەسوفە هەرە مەزنەکان کە بەڕەچەڵەک ئەفریاقاییە، فرانز فانون لە ساڵێ 1925 تا 1961 ژیاوە، بە یەکێک لە هاوڵاتییە فەرەنساییە دەروونناس و فەیلەسوف و شۆڕشگێڕە پان ئەفریقاییەکان هەژمار دەکرێت. فانۆن لەبواری پۆست کۆلۆنیاڵیدا توێژینەوەی گەورەی هەیە و تیۆری ڕەخنەیی بەرزی داڕشتوە وەک یەکێک لە مارکسیستەکان. پاشتر فانۆن پاثۆلۆجی دوای کۆلۆنیالیزم و کاریگەرییە دەروونیەکانی پشت کۆلۆنیالیزمی ڕوونکردوەتەوە. ڕام وایە تیۆر و تێڕوانینەکانی فرانز فانون بۆ خەڵکی کوردستان یەکێکە لە گرنگترین کار و بەرهەمە فکرییەکان کە تائێستا بەداخەوە هیچ بەرهەمێکی نابینین بە زمانی کوردی.
[4]  فریدریک وینسلۆ تایلۆر Frederick Winslow Taylor (1856-1915) یەکێکە لە زانا کارگێڕییەکانی ئەمریکا و لەسەرەتای سەدەی بیستدا شیوازی زانستیانەی کارگێڕی دۆزیەوە. زۆرترینی ئایدیاکانی لە خزمەت گەشەی سەرمایەداری کارگەکاندایە و لە دووتوێی کتێبێکدا کۆی کردوونەتەوە بە ناوی بنەماکانی کارگێڕی زانستی (The principles of Scientific Management)، کە لە ساڵی 1911 دا بۆ یەکەمجار بە چاپ گەیشتوە.
[5]  هێنری فایۆل Henri Fayol (1841-1925) یەکێکیترە لە ئەندازیارەکان، بەڵام ئەم لە بواری ئەندازیاری کانەکاندا کاریکردوە و میتۆدی کارگێڕی دۆزیوەتەوە. ئەمیش بەیەکێک لە باوکە مەزنەکانی کارگێڕی بزنسی سەرمایەداری هەژمار دەکرێت.
[6]  مێژوو گەرایی، جۆرێکە لە تێڕوانینی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی کە دوو خاڵی زۆر گرنگی بەلاوە لە پێشینەی هەموو شتەکانی تری لێکدانەوەدایە، ئەو دوو خاڵە بریتین لە: ١) دەستنیشانکردنی مێژوویی؛ واتە هۆکاری مێژوویی گرنگترین فاکتەرە لە دەستنیشانکردنی پاشەڕۆژی هەر ڕووداوێک بەر لە هەر فاکتەرێکی تر، بەتایبەت لە بواری کولتوور و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. ٢) گەشەی مێژوویی؛ لەلای ئەم تەوژمەی بیرکردنەوەی فەلسەفی و سیاسی، سەرەکیترین فاکتەرە بۆ لێکدانەوەی بوونی مرۆڤ و ئامادەیی مرۆڤ لەم قۆناغە مێژووییەیدا. 
[7]  بەپێی ڕیلاتیڤزمی مێژوویی،  ڕاستییەکی ڕەها لە هیچ بیروبۆچوونێکدا نییە و بەپێی بابەتەکە دەگۆڕێت و ڕاستییەکان ڕێژەیین و تا ئەو ئاستە ڕاستن لە گەڵ هێڵە گشتییەکانی بیرکردنەوە و کولتوورێکدا دەگونجێن و بۆیان هەیە بە ئەندازەیەک ڕێژەیی بن لە هەرساتێدا بێت بەهۆی ڕاستییەکی ڕێژەیی ترەوە ڕەتبکرێنەوە، کە لەڕاستیدا ئەم خاڵە لە بەرژەوەندی ئایدۆلۆجیایەک نییە کە ئەوسەری دونیا و ژیانی دیاریکردبێت وەک ئەو تەوژمە دۆگماتیزیانەی مێژووی مارکسیزم. 

No comments:

Post a Comment