بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





08/12/2016

ماتریکس (4)، ئێمە و ئێوە و باشووری کوردستان/ بەرهەڵستکاری لە پراکتیک و لە تیۆردا/ بەشی پێنجەم

بەرهەڵستکاری لە پراکتیک و لە تیۆردا
بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەشەکانی پێشوودا ئەوەمان باسکرد، لەگەڵ هەبوونی ژیانی سیاسی و سەرەتاکانی حوکمڕانییەوە بەرهەڵستکاری بەردەوام هەبوە. لە پێکهاتەی خێزانێکەوە دەستیپێکردوە تا گەیشتوەتە هەموو پێکهاتە و پەیوەندییە جیهانییەکان و دەسەڵاتە گەردوونییەکانیشی گرتوەتەوە[1]. پەیوەندییەکانی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی، خێزان بێت، ڕێکخراوێکی مەدەنی، کۆبەندی[2] سیاسی یان دەوڵەتێک بێت، دابڕاو نییە لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەو پێکهاتەیە لەگەڵ کاراکتەرەکانی تری هاوشیوەی خۆی کە دەبنەوە بە ژینگەی دەرەکی بۆ پیکهاتەکانی و دەبنە ژینگەی ڕاستەوخۆ بۆ پێکهاتەکە. بۆیە هەرکات بیر لە بەرهەڵستکاری دەکەینەوە لە ناو پێکهاتەیەکدا ئەوەمان پێویستە کە پەیوەندییەکانی ئەو پێکهاتەیە لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا لێکبدەینەوە تا بزانین بەرهەڵستکاری چ شێوگ و پێکهاتەیەک وەردەگرێت. واتە کاتێک لە ناو خێزانێکدا هەندێک لە ئەندامەکانی بەرامبەر دەسەڵات و هەژموونی خێزانەکە ناقایلن، ئەم ناقایلییە بە جۆریک وابەستەییەکی گەورەی بە پەیوەندییەکانی ئەو خێزانەوە هەیە لەگەڵ خیزانەکانی دەوروبەریدا (دراوسێکانی گەڕەکەکە، خیزانە ناسیاوە پەیوەندیدارەکان، خزمەکان و تەنانەت نەناسەکانیش لە خێزانی تر). ئەم پەیوەندیی و کاریگەرییانە ناقایلی لە دۆخی تێگەیشتنی خۆبەخۆوە دەپەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندییە بابەتی و کارلێکە دەرەکییەکانی هەر پێکهاتەیەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.

بەمجۆرە بەرهەڵستکاری ئاسایی ناوخۆ ئەشێت ئەنجامی هەناردەکردنی ڕق و کینە و توندوتیژییەکانی بێت بۆ دەروەی پێکهاتەکە، هەر بۆیە لە کاتی هیرش و گێژاوی دەرەکیدا ناوەوەی ڕێکخراوێک پتەوتر و بەهیزتر دەردەکەوێت لە پێشووتری خۆی، ئەگەر بایی ئەوەندە زەبری هەبێت پارێزگاری لە بوونی خۆیبکات. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. یان جاری وا هەیە کە هاوردەکردنی کێشە دەرەکییەکانی جەستەیەکی ڕێکخراوەیی دەبیتە هۆکار بۆ شکست و ئاشوب لە ناوەوەی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەدا. ئەم دراوانە لە گۆشەیەکی سەرماندا دەپارێزین بۆ دواتر پیویستمان پێیان دەبێت لە لێکدانەوەکانماندا و ئێستا دەچینە سەر باسێکی تری هەمان مەبەست.

دەسەڵات لە پێکهاتەیەکی چکۆلەوە تا پێکهاتە گەردوونییەکان درێژ دەبێتەوە و لە هەر بڕگە و جومگەیەکدا بەرهەڵستکاری تایبەت بە خۆی هەیە جا ئەو دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی زۆر چکۆلەی بەشەکی ناو خێزانێک بێت یان دەسەڵاتێکی نێونەتەوەیی گەورە و هەژموونگەری گەردوونی بێت. یەکێک لە گرنگییەکانی هەبوونی دەوڵەت، ئەوەیە کە سنوورەکانی دەوڵەت بەر بە تێهەڵکێشی دەسەڵاتەکانی هەمان جوگرافیا و بگرە دونیاش دەگرێت لە تێکەڵاو بوون و خۆ هەڵقورتاندن لە کاروباری یەکترەوە. کۆی ئەم جۆرە لە سەربەخۆیی کە دەکرێت پێی بڵێین (سەروەری) چۆن دەبێتە هۆکار بۆ سەروەری خێزانێک، بەهەمان میکانیزم هۆکارە بۆ سەروەری دەوڵەتەکان، کە بەهۆی ئەم سەروەرییەوە دەتوانن بچنە ڕیکەوتن و زاڵ بوون و پاشکۆیەتییەوە لەگەڵ یەکتردا. هەر بەهۆی ئەم سەروەرییەوە دەتوانن درێژە بە بەردەوامی فەرمانڕەوایی سیستەمی سیاسی بدەن و بیپاریزن لە کاریگەری دەرەکی لەسەر بەهیزکردنی بەرهەڵستی ناوەکی. کۆی ئەو سیستەمە جیهانییەی ئەمڕۆ دەیبینین کە هاوزاڵێتی باکوری زەوی بەسەر باشوورەکەیدا دەسەپێنێت بەشێک لەم هاوکێشە گرانەمان بۆ لێکدەداتەوە. ئەگەر بەوردی تێبینی بکەین دەبینین بەرهەڵستکاری لە ژینگە "دیموکراتەکاندا" ڕێکخراوە و ئاراستەیەکی وەرگرتوە کە بە ئاراستەی ئارامانەی پێشکەوتوو پێناسەدەکرێت. لە ڕاستیشدا تا ئەندازەیەکی بەرفراوان ئەتەکێتێکی بەرزی پێشکەوتنی لەڕێگاوە نمایش دەکرێت، بەڵام ئەم دۆخە لە ئاسایی و ئارامی سەرئەنجامی مێژوویەک لە کۆلۆنیالی بەرهەمهاتوە و بەردەوام لە ڕێگای نوێبوونەوەی شێوگی کۆلۆنیالیزمی جیهانییەوە بە جۆری تر پەیدا دەبێتەوە. بەواتایەکی تر، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو هاوکێشەیەی سەرەوە ئەنجامی هەناردەکردنی کێشە و بژێویەکانە لە ناوەوە بۆ دەرەوە و لە ڕیگای چنینەوەی زۆرترین بەرژەوەندی ئابووری و دابینکردن و مستۆگەرکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهینان و وزەوە ئەم پرۆسەیە بەردەوامە. بەشێک لەو جەنگەی ئەمڕۆ سەراسەری جیهانی گرتوەتەوە لە ڕێگای بازاڕەوە ئەو کەرەستەیەیە کە نائارامی پێ دەرکەنار دەکرێت لە سەنتەری سەرمایەداری جیهانیدا، باشترین و سادەترین نمونە بازاڕەکانی درووستکردن و ساخکردنەوەی چەک و تەقەمەنی و بێشوماری و زەبەلاحکردنی بەکارهێنانی ناپیویست و بەرهەمهێنانی ناپێویستن.

لەلایەکی تر هێز و خۆ سەپاندن لە ناوخۆی هەر کۆمەڵگایەکی دواکەوتوودا بە پیچەوانەی ئەم میکانیزمەوە ڕوو دەدەن، واتە توندوتیژییە دەرەکییەکان هاوردەی ناوەوە دەکرێت بۆ بەرگرتن لە کاریگەرییەکانی بەرهەڵستکارییەکی سروشتی. بەو جۆرە بەرهەڵستکاری سروشتی دەبێتەوە بە بەرهەڵستکارییەکی توندڕەوانە و خزمەت بە هاوکێشەی یەکەم دەکات.

بنەڕەتی دەوڵەت و بەردەوامی فەرمانڕەوایی پێویستی بە دوو چەمکی گرنگ هەیە: ئەوانیش، پارێزگاری کردنە لە قەوارەی جڤات، هەروەها جۆرێکی پەسەندکراو لە دادوەرییە[3]. هەرکات ئەم دوو پێویستییە یان یەکێکیان دیار نەما ئەوا فەرمانڕەوایی ڕەواییەکانی لە دەست دەدات و دەبێتە ستەمکاری، چونکە لە دەستدانی هەر یەکێکیان لەدەستدانی بێ مەرجی ئەوەی تریان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر فەرمانڕەواییەک کەوتە دۆخی بێدادی کردنەوە، ئەوا ئەو هێزەی کە بەکاری دەهێنێت بۆ داکۆکی لە جڤات و پاراستنی ئاسایشەکەیان، ئەمجارەیان ناچارە بەکاریبهێنێت بۆ پارێزگاری لە بەردەوامی ناڕەواییەکەی خۆی، چونکە ناڕەوایی بێ هێز ناتوانێت بەردەوام ببێت و هەر زوو ڕووبەڕووی گۆڕان دەبێتەوە. هەروەها ئەگەر هێزی[4] بەکارهێنا لە دژی جڤات، ئەوا ئەو هیزە دەکەوێتە دۆخێکی نا هاوتا و نا هاوسەنگەوە لەبەرژەوەندی ستەمکاری و ناڕەوایی دەسەڵاتەکە.

زۆر لە مێژە میرنشین و دەوڵەتە لاوازەکان، ناچار بوون خۆیان هەڵبواسن بە هێزێکی بەهێزترەوە، ئەمەش میراتی پێکهاتەی فیوداڵییە کە تا ئێستاش لە ناو گەورەترین و پێشکەوتووترین دەوڵەتاکانی دونیادا ماوە، بەڵام بە ئەتەکێتێکی بەرزتر لەوەی کە فیوداڵەکانی کوردستان پەراوەی دەکەن. سەرپێبوون بۆ دەوڵەتی گەورە یان لە خۆیان گەورەتر، متمانەیەک بۆ داکۆکیکاری پەیدا دەکات لە هەر هێرش و دوژمنێکی دەرەکی بەرامبەر بە دەوڵەتە چکۆلەکە یان میرنشینە لاوازەکە، بەڵام لە سیستەمە تۆتالیتارەکاندا یەکەم دوژمنی دەرەکی بریتییە لە بەرهەڵستکاری ناوەکی بۆیە ئەم هێزە مات و شاراوەیە لە دژی ناوەوە بەکار دەهێنێت نەک لە دژی دەرەوەی خۆی. بەتایبەت، کە بەرهەڵستکاری ناوەکی تاکە هێزە دەتوانیت جێگرەوی چالاک و کارا لە داهاتوودا بۆ سیستەمی لەگۆڕ ئامادە بکات.

لەم باسەدا، پێویستمان بەوە هەیە بە خیرایی تەوەری گۆڕانی میژوویی بەرهەڵستکاری پیشان بدەین لە وێنەیەکی گشتگیردا، کە بە پێی چەند قۆناغێکی سەرەکی وەک پردێک پیایاندا دەپەڕینەوە بۆ هەندێ لە تیۆر و پراکتیکەکانی بەرهەڵستکاری جیهانی. تێگەیشتن لە بەرهەڵستکاریی تێبگەیشتنی لە چەرخی مێژوویی بابەتەکە هەیە ئەگەر تەنانەت کەمێک خێراش بێت. بۆیە، ناچار دەبێت بزانین خودی ڕەوایی دەسەڵات، کە دەکاتە فەرمانڕەوایی، لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە، تا بزانین بەرهەڵستکاری لە چی مەرج و دۆخێکدا و بە چ شێوەیەک درووست دەبێت! لە کۆندا دوو سەرچاوەی سەرەکی هەن بۆ ڕەوایی دەسەڵات: {خواوەند و هێز}، هەر دەسەڵاتێک ویستبێتی ڕەوایی بەرقەرار بکات پەنای بۆ ئایین و خواوەندەکان و پەرستگاکان بردوە تا ڕەوایی بە کردە و یاسا و ڕەفتارەکانی دەسەڵات بدەن، هەندێ جار ئایینی تایبەت یان ئایدۆلۆجیای شێوە ئایینیان بۆ ڕەوایی دەسەڵاتەکە داتاشیوە. لەبەرامبەردا بە هۆی هێزەوە توانیویەتی ئەو ژینگەی فەرمانڕەواییە بەرقەرار بکات کە تێیدا پارێزگاری لە جڤاتێک بکات کە فەرمانڕەواییەکەی قبووڵە یان ناچارە قبووڵی بکات هەر بە هۆی هەمان هیزەوە. هەر قەوارەیەکی سیاسی یان میرنشنێک و دەرەبەگایەتی و تەنانەت شارێکی خاوەن کارگێڕیی، نەیتوانیبێت ئەم هەنگاوە بنێت، ئەوا نەیتوانیوە بەردەوام ببێت لە فەرمانڕەوایی جڤاتەکەیدا. لێرەوە بەڕەوڕوو بوونەوەی دەسەڵات لەلایەن بەرهەڵستکارانییەوە یان لە ڕێگەی پێشێلکاریی دەسەڵاتەوە بوە بۆ یاساکانی خۆی یان لەڕێگەی لاوازییەوە بوە. هەر بۆیە، هەر هیزێکی بەرهەڵستکار پەیدا بووبێت ناچار بوە قەوارە و فەرمانڕەوایی سیاسی بخاتە ژێر پرسیاری ڕەواییەوە {پرانسیپەکانی خواوەند یان لاوازی هیز} بەوجۆرە ناچار بوە بەوپەڕی تواناوە و ڕاستەوخۆ بە یاخی بوون و بەرەنگاری دەستپێبکات. ئەگەر دەسەڵاتی فەرمانڕەوا پرانسیپەکانی خواوەندی پێشێلکردبێت، ئەوا پیرۆزی گشتی کەوتوونەتە مەترسییەوە، ئەگەر دەسەڵاتی فەرمانڕەوا لە ڕووی هیزەوە لاواز بووبێت، ئەوا مەترسی گشتی درووستکردوە و هێزە بەرهەڵستکارەکان لە گەڵ درکپێکردندا بەرەنگاری بوونەتەوە (کە بێگومان هێز بە هیزی بەرامبەر بەرهەڵستی لێ دەکرێت، نەک هەر لە سەردەمە کۆنەکاندا، بەڵکو تەنانەت ئەمڕۆش هەر بەوجۆرەیە، ئەشێ ئەمە یاسایەکی سروشتی فیزیکی بێت و تێپەڕاندنی زۆرتری پێویست بێت لەو توانایەی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی هەیەتی).

هەر لە کۆندا بەرهەڵستکاری لەگەڵ ستەمکاریدا ڕەوایی شۆڕشگێڕانەی وەرگرتوە و بوەتە شۆڕشێک دژ بە دەسەڵات. لە دۆخی سەرکەوتندا مێژوەکەی نووسراوەتەوە وەک هێز و لە شکستیشدا مێژوو وەک خیانەتکار لە زۆربەی جارەکاندا تۆماری کردوون. ئەم دۆخە لە پەیوەندییەکان زۆر سانا و لەبار بوە لەگەڵ سیستەمی کۆیلایەتی و برەوی بازاڕی کۆیلایەتیدا. هەر لەگەڵ گەشەکردنی ژیاندا و دەرکەوتنی چەند پرسێکی ماف پەروەرانەدا، بەرهەڵستکاری پێدەنێتە دۆخێکی مۆدێرنتر و ڕۆشنترەوە و بەرگێک لە بەرگەکانی دونیابینی بەبەردا دەکرێت و شۆڕش لە یاخیبوونی هیز ڕزگاری دەبێت و تیۆریزە دەکرێت، ئەو کات یان بەرگی ئایینی یان بەرگی نیشتمانی تەنانەت لە هەندێ بۆنەی پێشکەوتووخوازانەدا بەرگی مرۆڤدۆستی و چینایەتیشی بە بەردا دەکرێت. ئەم پرۆسەیە یان لە ڕێگەی پەرستگاکانەوە گەشەدەکات، یان دەبێتە شۆڕشی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ ڕزگار بوون لە داگیرکاری، یان ئەوەتا لە هەندێ کاتدا بوەتە شۆڕشی ئازادیخوازانە و داواکاری مرۆییانەی لێ کەوتوەتەوە. کاتێک بەرهەڵستکاری دەچێتە قۆناغی نوێوە و لە سەردەمی مەملەکەت و میرنشینەکاندا دەبێت، ئەوا هێشتا هەر لە دۆخی ڕەوایی شۆڕشدا دەبێت و چەندین شۆڕشی سەرکەوتووش لە دونیادا بەم هۆکارانە ڕوو دەدەن.

لەگەڵ گۆڕانکاری مێژووییدا و پاش چەندین جەنگی گەورەی جیهانی شێوەی زاڵبوون بەسەر پانتاییە جوگرافییەکاندا لە شیوازی کۆلۆنیاڵی باوەوە دەگۆڕیت بە کۆلۆنیالی ئابووری و زاڵبوون بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا. بەشێکی گەورەی ئەم گۆڕانکارییە کە لە شێوەدا تەنیا سیامای دیموکراسی گرتوە بەهۆی دوو هۆکارەوە ڕوویداوە و بەردەوامە، نەک بە هۆی خودی گەشەی دیموکراسییەوە. ئەو هۆکارانە بریتین لە: پیویستی ئابووری هەروەها فۆرمە کۆلۆنیاڵیەکان، کەواتە بەشیکی گەورەی ئەم وەرچەرخانانە دوورن لە پرۆسەی دیموکراسی و دیموکراتیزە بوونی کۆمەڵگاکانەوە. بۆ نمونە لەو هۆکارانە: ژمارەی زۆری دانیشتوان، تێچوونی جەنگەکان، هەیمەنەی بازاڕی بەرهەم و بەکارهێنانی زەبەلاح کە پێویستی بە ئارامی هەیە نەک پشێوی. هێزە کۆلۆنیالی و ئابوورییەکانی دونیا بایی ئەوەندەی پێویستییان بە پشێوی هەیە لە هەرکوێیەکی دونیادا بێت دەتوانن درووستی بکەن و لە ژێر کۆنترۆڵدا بیهێڵنەوە، لایەنی کەم تا ئیستا توانیویانە لە ژێر کۆنترۆڵی گشتیدا بیهێڵنەوە. بۆیە بەکورتی و بە پوختی ڕەوڕەوەی میژوو لەم دوا بەشەشدا جاریکی تر پێویستی بە هۆکاری ئابووری هەیە تا گۆڕانکاری گەورە لە خۆیدا ئەنجامبدات. گۆڕانکاری ئەم جارە کە ستەمکاران پێیهەڵدەستن، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دۆخە کە شۆڕشی تێدا درووست دەبێت. بەتایبەت، چونکە لە زۆربەی بارەکاندا مەرج نییە شۆڕشەکان لە قازانجی هەمان مەبەستی بازاڕ و سیستەمە کۆلۆنیاڵییەکان بکەونەوە. بۆنمونە، بڕوانە شۆڕشی کوبا، شۆڕشی چین، شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، تەنانەت گەشەی ڕێکخراوی قاعیدە لە ئەفغانستان و ...تاد.  بۆیە لە ستراتیژی هیزە جیهانییەکانەوە بەرهەڵستکاری دەبیت پەرت بکرێت بۆ ئەوەی گرۆبەندی تێدا درووست نەبێت نەبیتە هۆکار بۆ درووستکردنی شۆڕش[5]. بۆیە لە دوا قۆناغەکانی گەشەی سەرمایەداریدا کە دەکاتە تا ئەمڕۆ، هەموو هەوڵێک لە پێناو بە تاکگەرایی کردنی بەرهەڵستکاریدایە و هەموو کۆشەشەکان بۆ ئەوەیە فۆرمەکانی بەرهەڵستکاری لە خواستی ڕیشەییەوە بۆ خواستی ڕیفۆرم بگۆڕێن و ریفۆرمەکانیش توانای کۆنترۆڵکردنیان هەبێت و ببێتە ژینگەیەکی تاقیکاری بۆ خۆڕێکخستنەوەی هیزە سەردەست و زاڵەکان. بۆیە هەمیشە هەوڵەکان بۆ ئەوەن گرۆبەندی ڕوو نەدات، ئەگەر ڕوویدا گەورە نەبێت، یان گرۆکان لە دژی یەکتر بە چکۆلەیی هێزەکانی خۆیان بەتاڵ بکەنەوە..تاد، واتە ستراتیژی گرۆکان لە ستراتیژی درێژ خایەنەوە بۆ ستراتیژی کورتخایەن بەرن، هەروەها قەبارەی گرۆکان لە گرۆی گەورەوە بۆ گرۆی چکۆلە بەرن و هەوڵەکانیان کۆنترۆڵکراو بێت یان لایەنی کەم، توانای کۆنترۆڵی هەبێت.

لەهەر قۆناغێکدا بووبێت بەرهەڵستی سیستەم و شێوازەکانی فەرمانڕەوایی لە دۆخ و پراکتیکێکدا هاتوونەتە ژیانی کردارییەوە کە چیتر پەراوەکردنی ئەو سیستەمی فەرمانڕەواییانە بەرگەی ڕەخنەی جڤاتە بەرهەڵستکارەکەی نەگرتوە. واتە بەرهەڵستکار تێبینی سیستەم و شیوگی فەرمانڕەوایی دەکات و لاوازی و بێدادییەکانی دەدۆزێتەوە، لەم پێگەیەشەوە قسەکردن لەسەر ناڕەوایی و لاوازی دەبیتە کردە و قسەیەکی شیاو. لە نێوان قسەی سەرزارەکی و ڕەخنەی حسێبیدا تا دەگاتە بەرهەمهێنانی گۆڕانکاری؛ دوو کردەوەی گرنگ هەن کە ڕوودەدەن {نووسین و شۆڕشکردن}، سەرباری ئەوەی کە قسە کردن لە خۆیدا یەکەم هەنگاوی گۆڕانکارییە وەک پێشتر باسمان کردوە! ئەو دوو کردە گرنگ و پێویستە هێچیان بە بێ ئەویتریان شوێن ناگرن و بەرجەستە نابن. واتە چەندین شۆڕش کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوویاندابێت بە بێ تێپەڕ بوون بە نووسیندا ئاکامەکانیان گەیشتن نەبوە بە ئامانجەکانی شۆڕشەکە کە بۆی درووست بوە. کەواتە بۆ ئەوەی شۆڕشی بگۆڕ و ئاسۆ ڕوون درووست ببیت ((پێویستیمان بەو نووسینانە هەیە کە خاڵەکانی وەرچەرخان دیاریدەکەن))، بەواتایەکی تر ئەو نووسینانەی کە قسەی شیاو و حسێبی لە خالەکانی وەرچەرخانەوە بە کردەوە دەکەن. ئەم خاڵی وەرچەرخانانە ناکرێت بە بێ نووسینەوەیان بدۆزرێنەوە، لەبەر دوو هۆکار:
یەکەم؛ تان و پۆی خاڵەکانی وەرچەرخان بەبێ شیکردنەوەی ورد دیارنابن و دەرناکەون ((بەتایبەت لە قۆناغێکی پێشکەوتووی وەک ئەمڕۆدا))، پێم خۆشە دژابەرییەک لە ئەزموونێکی چکۆلەوە باس بکەم {من خۆم لە دەیان کۆبوونەوەی گرنگدا بەشدار بووم لەگەڵ پێشکەوتووترین پارتەکانی کوردستاندا، کە تەنیا بۆ ئەتەکێتی کۆبوونەوەش دێڕێکی تیا نەنووسراوەتەوە، جا ببینە بە حاڵی ستراتیژ و بەرنامەکانی گۆڕانکاری، کە گومانم هەیە ٨% سیاسەتکارانی کوردستان هەر بزانن ستراتیژ چۆن دادەڕێژرێت}!
دووهەم؛ لەبەر ئەوەی خاڵی وەرچەرخان هەمیشە پیویستە بۆ ئەوەی بۆیان بگەڕێینەوە تا بزانین چەند لە ئامانجی سەرەکی دوور دەکەوینەوە یان چەند نزیک دەبینەوە، بەو جۆرە، کەواتە دەبێت تۆماریان هەبێت، بۆ پرسی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن و وردبینی کردن (ئەمانە هەموویان کەرەستەی زانستی سیاسین و میتۆد و شارەزای تایبەتی خۆیانیان هەیە).
بەم جۆرە؛ دەتوانین بڵێین: نووسین یەکەم هەنگاوی دوای قسەی شیاوە بۆ گەیشتن بە شۆڕشێکی بگۆڕ کە ئاسۆکەی دیار بێت.

زۆرکات، کێشەی گەورەی کوردستان ئەوە بوە، کە قسەیەکی شیاو نەبوە لەمەڕ تێبینییە سیاسییەکانەوە تا تیۆر و نووسینی گونجاویان لێوە بەرهەم بێت، بەڵام یاخی بوونی کاڵفام بەردەوام هەبوە، هەربۆیە شتێکی وا ناتوانرێت پێی بوترێت شۆڕش، ئەوە دەبێتە درۆیەکی گەورە لە زانستدا و لە کۆمەڵگاشدا هەڵخەڵەتاندنێکی مەزن. بەرئەنجامگیری وردیش ئەوەیە: کە شۆڕش نەبێت گۆڕانکاری هاوردەکراو ئەشێت جێگەی بگرێتەوە، بێگومان هەر دەبێت بە پێی پیویستی پێشکەوتنی جیهانی و بەپێی گرنگی پێگەی جوگرافی دەبێت ئەو گۆڕانکاری هاوردە و سەپێنراوانە خۆجێی بکرێنەوە لە کۆمەڵگادا جێکەوتە بکرێن. لەم سۆنگەیەوە، گومان نامێنێت بۆ ئاستەمبوونی گۆڕانکاری ڕیشەیی پێویست و ناکرێت لەدایک ببێت. دواتر، کاتێک ئەوانەی ناویان لێنراوە شۆڕشی کورد و کوردستان سەراپا درۆیەکی گەورن لەگەڵ مێژووی خەڵک و نیشتمانێک، ئەگەر هاتوو تیۆر و ڕێبازێکی نووسراوی دیاریکراوی لە پشتەوە نەبووبێت. لەباشترین دۆخیشیاندا، بەناو زانستی خواز بوون و ڕوو لە ئەزموونە پرشنگدارەکانی جیهان بوون، بەڵام لەبەر نەبوونی تیۆری ڕیشەیی؛ تیۆرێک کە زایندەی لێکدانەوەی کێشە و بەرهەمی توێژینەوە و چارەسەری ورد بێت، ئەوا بەناچاری "شۆڕش" گەڕاوەتەوە سەر کتێبە ئایینییەکان بۆ داڕشتنەوەی فەرمانڕەوایی خۆی. چ لە کاتی بەرەنگاریی و یاخیبوونیدا چ لە کاتی فەرمانڕەوایی کاتییدا، کە دوور و درێژترینیان ئەم ئەزموونەی باشوورە کە هەر بە زۆر ناونراوە حکومەت و هەرێم و کوردستان، هەربەهەمان شێوەش، گوایە پەرلەمان و دیموکراسی تایبەت بەخۆمانمان هەیە!

لەوە خراپتر دەربارەی کوردستان، بەتایبەت ئەم دۆخەی باشووری کوردستان، ئەوەیە هیچ پێناسەیەک نییە مرۆڤ لەسەرییەوە ڕابمێنێت، سیستەمێک نییە، شێوگێکی حوکمڕانی دیاریکراوی هەبێت، ئەجێندا و ستراتیژ و سیاسەتێکی پێناسەکراوی نییە ئەم پانتاییە لە جوگرافیا...تاد[6]. سەرباری ئەوەش لە پەراوەی سیاسی خێڵەکی و فیوداڵییەوە چەند هیزێکی چەکداری فەرمان ناڕەوا هاتوون تێکڕای پێکهاتە و بەها کۆمەڵایەتییەکانیان تێکشکاندوە بۆ ئەوەی خاڵێکی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتیش نەمێنێتەوە بەرهەڵستکاری بتوانێت خۆی لێوە ڕێکبخاتەوە. بە کورتی و بە کوردییەکەی، شێوگی پێشکەوتن لە بیرکردنەوەدا دەبینین، بەڵام خودی پێشکەوتن لە کردەوەدا نابینین. گەر سەیری شێوگی فەرمانڕەوایی کوردستان بکەین، لە ئەتەکێت و ڕووکاری دەرەکیدا باڵایە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچی بەسەر هیچەوە نییە و بە میکانیزمی گەندەڵیش ئیدامەی ئەو باڵاییەی شکڵییەی خۆی دەدات. لە ڕووکاریشدا هەموومان تەنیا گەندەڵییەکان دەبینین. کە لە خۆیدا گەندەڵییەکان هیچ کێشە نین، کە لە خوارەوە باسی دەکەین هۆکاری کێشە نەبوونی گەندەڵی چییە.

پێشتر ئەوەمان ڕوونکردوەتەوە کە هەر هەنگاوێک بۆ بەرەو پێشەوەچوونی سیاسی دابنێین، پێویستیمان بە بەرهەڵستکاری کارا و پڕ تیزە بۆ جیگرتنەوەی سیاسەتی باشتر. ئەم بەرهەڵستکارییە بەبێ خاڵی وەرچەرخان نازانێت چی داڕێژێت. کاتێک سیستەم و پێکهاتەی دیار نەبوو بەرهەڵستکاری نازانێت و ناتوانیت خاڵی وەرچەرخان لەدەوری چی درووستبکات. پێشتر هەر لەم بەشەدا باسمان لەوە کرد کە بەرهەڵستکاری لە ناوەوەی سیستەمدا لە ژیر کاریگەری پەیوەندییە دەرەکییەکاندا شێوەدەگرێت. ئەوکات، بەرهەڵستکارییەکی سروشتی یان بەرەنگارییەکی ڕیشەیی ناتوانێت هەبێت بەبێ بوونی هەڵوێستەکردن بەرامبەر دەرەوەی سیستەمەکە و ناوەوەی سیستەم بەجۆرێک کە بتوانێت خاڵی وەرچەرخانی زیندوو بۆ گۆڕانکاری درووست بکات. تەنانەت لە دواکەوتووترین فۆرمی بەرهەڵستکاریدا دید و تێڕوانینی خۆجێی جیهانی دەبێتەوە و لە پیشکەوتووترین فۆرمی بەرهەڵستکاریشدا تیۆرەکان لە گەورەترین دونیابینی جیهانییەوە دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ چکۆلەترین دراوی خۆجێیدا بکات. بڕوانە دۆخی کوردستان لەبەر ئەوەی هیچ خاڵێکی وەرچەرخان نەماوە لە بیرکردنەوە و دیدگادا، هەموومان باس لە گەندەڵی دەکەین. خراپترین بەرهەڵستکاری ئەوەیە هەموو تیڕوانینەکانی لەمەر دژایەتی گەندەڵی بێت. نەهێشتنی گەندەڵی Standpoint یان خاڵی هەڵوێستەکردن نییە و خاڵی وەرچەرخان درووست ناکات! ئەوە بەڵگەنەویستێکی سیاسییە، ئەی بێگومان دەبێت گەندەڵی نەمێنێت، ئیدی ئەمە هیوا و ئامانج و ئاسۆیەکی گرنگ و گەورە نییە! هێزی سیاسی خۆی پێوە مەشغوڵ بکات و ببیتە سەرەکیترین درووشمی، ئەمە دەبێتە دەرئەنجامێکی دەستکەوتەکان کە لە بەرئەنجامی ئامانجە کاربۆکراوەکانەوە کۆدەکرێتەوە، نەک خودی خۆی ببێتە ئامانج. هەرکاتێک کۆمەڵگایەک خاڵی وەرچەرخانەکەی بوو بە نەهێشتنی گەندەڵی، ئەوا زۆر دەمێکە تۆوی بەرهەڵستکاری لە کۆی کۆمەڵگاکەدا بڕاوە و هیچ هیوایەکی نەماوە بۆ زیندووبوونەوە تا نەگاتە دوا قۆناغەکانی داڕزان. ئیدی مرۆڤ نازانیت وەک هەندێک وڵات و کۆمەڵگا لەو داڕزانەدا هەڵدەداتەوە یان بۆ ئەبەد ڕەگ و ڕیشەکانی سەوز بوونەوە تێیدا لەناودەچن.

کەی دەبیتە بەرهەڵستکار، ئەوکاتەیە کە تۆ لە پێگەی فەرمانپێکراودا دەبیت، واتە کەسێک (دەزگایەک) هەیە لەسەروو تۆوە فەرمانڕەواییت دەکات. لە بازنەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا شێوگی فەرمانڕەوایی زۆرن کە ئەم هێڵکارییە زۆرینەی هەرە زۆری باوەکانیان پیشان دەدات:


لەم هێڵکارییەدا ڕوون دەبێتەوە زۆربەی شیوگەکانی فەرمانڕەوایی چ ئاراستەیەکی ئایدۆلۆجیان هەڵگرتوە و چۆنێتی بیرکردنەوەی گشتیان پیشان دەدات. هەروەها جیکەوتی چوارگۆشەکانیان لەگەڵ ئەوانیتر دەریدەخات بەرهەڵستکارەکانیان کامانە دەبن و خۆیان بە چ ئاراستەیەک بەرهەڵستکاری ئەوانی تر دەکەن. بۆ نمونە ئەو چوارگۆشانەی هیڵە سوورەکەیان پێدا ڕۆشتوە ڕەوتی گشتی چەپڕەوەکان پیشان دەدات. هەروەها، ئەوەی هێڵە شینەکەیان پێدا تێپەڕیوە ڕەوتی گشتی ڕاستڕەوەکان پیشان دەدات. شیوگی حوکمڕانی و پێشینەی بەرژەوەندی چینایەتی و تویژی حوکمڕان خۆی لە شیوازەکانی (A و B و C و D) دا یەکلایی دەکاتەوە. ئەگەر دوو نمونەی خێرا لەسەر ئەم هێڵکارییە باس بکەین، ئەوا ئەمانە دەبن:

١. زۆرینەی فەرمانڕەواییەکانی مێژوو دەکەونە ناو لاکێشە زەردەکەوە، کەچی بەزۆری هەرە زۆری کۆمەلگاکان هەموو جۆرە بیرکردنەوەکانی تێدایە، جا ئەگەر بەشیوەیەکی دراسەکراوی سیستەماتیک بن یان بەشیوەی ڕێکەوت و خۆڕسک. جار هەیە دەتوانین ئەو پێکهاتانە لە کۆبەندێکی سیاسی یان ڕێکخراوێکی بەهاداریشدا[7] ببینینەوە.
٢. ئەگەر چوارگۆشەی (O o4) وەربگرین بۆ نمونە، کە زۆربەی دەسەڵاتەکان لە باشووری کوردستاندا و لەبەر لاوازی هەگبەی زانین و ئەزموونی زانیاری زانستیاندا تەنیا لەم چوارگۆشەیەدا دەتوانن فەرمانڕەوایی خەڵک بکەن ((بە پوختی ئەم چوارگۆشەیەی فەرمانڕەوایی تەواو سەنتەرە، پێویستی بە خەڵکی باو هەیە "عەوام" هەروەها بە ئاسانی دەتوانێت خۆی لەگەڵ زۆربەی ئایدۆلۆجیاکاندا بگونجێنێت و ئەوەی ڕۆژ بیخوازێت پەتێکی ئاسانە و ئەو دەتوانێت یارییەکی کەم سەرئێشەی لەسەر بکات)) جا لەم چوارگۆشەیەدا یان هەر چوارگۆشەیەکی تردا دەسەڵات لە قازانجێتی بکەویتە چەقی چوارگۆشەکەوە بۆ ئەوەی هەمیشە بتوانێت بەرهەڵستکارییە ناوخۆییەکان لەخۆ بگرێتەوە لە ڕێگای هاوسەنگ کردنی فراکسیۆنەکانی ناو خۆیەوە.

لەم دوو نمونەیەدا، هەڵوێستەیەک دەربارەی ئایین دەکەین، لەوانەیە بۆ زۆربەمان پرسیار بێت ئایا ئاراستەیەکی ئایینی لە نێو ئەم ئاراستانەدا نییە، یان ئایا چۆن تێیدا پێناسە دەکرێن! ئایا ئەو هەموو تەوژم و ڕێکخراوە ئایینییە کە هەن چۆن لەم چوارگۆشانەدا جێیان دەبێتەوە! بۆ ڕامان لەسەر پرسی ئایین لە ناو بیرکردنەوە لە بەرهەڵستکاریدا یەکسەر دەمانباتەوە سەر سەرەتاکانی ئەم پرسە، چونکە بەرهەڵستکاری لە هاوزاڵێتی هێزەوە دەست پیدەکات و ئایینیش هەر بۆ نمایندەیی ئەو هێزە نادیارە دێتە بەرهەم کە کەس ناتوانێت بە توانا سنووردارەکانی سەردەمی خۆیەوە بەرەوڕوویی ببێتەوە. ئیدی هەر کە شتێکی نوێ دەدۆزرێتەوە ئایین دەکەوێتەوە ژێر پرسیار، تا دەگاتە ئەو جێگایەی کە پرسیار لە پرسیاری ئایین فراوانتر دەبێت و قسە لەسەر بوون دەکرێت. بۆیە ئایین دەبێتەوە کەرستەی یاریدەدەر لە بری ئەوەی کەرەستەی سەرەکی دەسەڵات بێت، هەندێ جاریش هەیە ئەوەندە یارمەتی دەسەڵات دەدات دەبێتە کاراکتەری سەرەکی دەسەڵات، بەڵام خانەی سەرەکی بووندا زۆر ناژی! لەسەرەتای بەشی داهاتوودا وردەکاری دەستپێکی ئایین لە تیۆری بەرهەڵستکاریدا باس دەکەین.

لەم دوو نمونەیەوە کە باسمانکرد دەتوانین لە هەژاری تیۆری و تیڕوانینی سیاسی لە باشووری کوردستان تێبگەین، ئەگەر هاتوو وەک یەک گەڕانەوەی خێرا بە میژووی خۆمان و ئەوانەی پێمان گوتوون شۆڕش و حوکمڕانیدا بچینەوە. بەداخەوە بۆ کەمی دەرفەت، چونکە لە کۆی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیدا هەریەک لەم چوارگۆشانە دەتوانین بۆ چوارگۆشەی زۆر زیاتر ورد بکەینە و ماتریکسی وردتر و لێکدانەوەی شیکاریان بۆ بکەین. بۆ نمونە گەر بێین تەنیا بیری ئاشتیخوازی لە چوارگۆشەکاندا پێناسە بکەینەوە بە هەر چوار جۆرەکەی ئاشتی خوازییەوە، ئەو سا دەبینین کە ئەم چوارگۆشانە دەیان ئەوەندەی تر لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت. کە لە ئیستادا ئەوە ئەرکی سەرەکی ئەم ماتریکسە نییە، ماتریکسی ژمارە (4).

لە بەشی داهاتوودا: 
چەند تیۆرێکی دیاری بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری:


[1]  مەبەست لە دەسەڵاتی گەردوونی، دەسەڵاتی ئەو دەوڵەت و یەکێتی و پەیماننامە نێودەوڵەتیانەیە کە لەڕووی تەکنۆلۆجی و سەربازییەوە بە ئەندازەیەک پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە بینیوە، دەتوانن بە کرداری سەربازی هەڵسن لە بۆشایی گەردوونیدا. ئەم هیزانە بۆیە بە گەردوونی ناویان دەبەین، چونکە بە شێوەیەکی سنووردار لە دەرەوەی بەرگە هەوای زەوی دەتوانن کاریگەریان هەبێت. ڕێدەکەوێت و دەتوانن ڕێگە بە هەندێ گڕە بەرد و بارستایی گەردوونیی بگرن کە لەوانەیە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە زەوی یان تێپەڕبوونیان بە مەوداکانیدا زیانی پێ بگەیەنن. بەم جۆرە توانا و هێزیان لە دەرەوەی زەویش کە گەردوون دەکات دەتوانێت کاریگەری هەبێت ئەگەرچی تا ئێستا کاریگەرییەکی سەرەتاییە.
[2]  کۆبەند، وشەیەکە لە نووسینەکاندا لە بری وشەی پارت بەکاریدەهێنین. کۆبەند لێکدراوی دوو وشەیە کە (کۆ-بەند)ن ئەشێ لە بری پارتی سیاسی وشەی تر بەکار هاتبێت لە زمانی کوردیدا، بەڵام من ئەم وشەیە بە پەسەند دەزانم، چونکە پارتی سیاسی، لە خۆیدا، کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە خەڵکە کە هاوبیر و بۆچوونن و لەسەر چەند بەندێک کۆکن بۆ پەراوەی کاری سیاسی دەستەگەرایی خۆیان و ئەو بەندانە کۆیان دەکاتەوە کە وەک هێزێکی ڕێکخراوەیی دەربکەون.  
[3]  کاتێک باس لە پەسەندکراو دەکەین مەبەستمان ئەوەیە پەسەندکراو بێت لەلایەن ڕای گشتییەوە، واتە جۆرێک لە ڕەزامەندی گشتی لەسەر خودی دادوەرییەکە هەبێت. گرنگە وشەی گشتی بە ستراتیژی بەرژەوەندی گشتییەوە ببەستینەەو نەک ڕای باوی گشتی، چونکە ڕای باوی گشتی شێوگێکی مەترسیدار لە ئاراستەی سیاسی درووست دکات کە ئەویش جەماوەری بوونەوەی بیری سیاسییە، کە لە زمانە لاتینییەکاندا پێی دەوترێت پۆپۆلیستی.
[4][4]  هێز مەبەست لە هەموو جۆرەکانی هێزە ئابووری و سەربازی و دیبلۆماسی...تاد، یە!
[5]  کاتێک قسە لە سەر شۆڕش دەکەین مەبەستمان هەموو جۆرەکانی شۆرشە،تەکنیکی ، زانستی، سیاسی و فەرهەنگی ...تاد. شۆڕش بەواتای دۆزینەوەی جێگرەوەی ڕیشەیی بۆ ئەو سیستەمەی کە باوە یان بە جۆرێکی باو ئاراستە دکرێت.
[6]  لێرەدا قسە لە سەر پیلان و وردەکاری ستراتیژی خۆڕسکانەی تاقمە مافیا و داگیرکەرە ناوخۆییەکاندا نییە، باس لە پانتاییەکی جوگرافی دەکەین کە دانیشتوانی هەیە و بە زۆر ناونراوە هەرێمی کوردستان!
[7]  ڕێکخراوی بەهادار، هەموو ئەو ڕێکخراوانەن کە دەتوانن بەهایەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، زانین و/یان ئابووری بۆ کۆمەڵگا زیاد بکەن. ڕێکخراوی بەهادار لە کۆمەڵگای مەدەنیدا ئەو ڕێکخراوانەن کە لەسەر بنەمای خۆیان پەیدا دەبن و بەردەوام دەبن، نەک کۆبەندێکی دەسەڵاتدار درووستیان بکات و لە کاتی لێقەوماندا بێ بیرکردنەوە و هەڵوێستەکردن (پاتەی لاستیک و بەتانی خەتدار لە چلەی هاویندا دابەش بکەن).

No comments:

Post a Comment