بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





29/11/2016

ماتریکس (4)، ئێمە و ئێوە و باشووری کوردستان/ بازنەکانی شکستی دەسەڵات و بەرهەڵستکاری/ بەشی چوارەم

بازنەکانی شکستی دەسەڵات و  بەرهەڵستکاری
          تابلۆی هونەرمەندی بەڕێز ڕێبوار سەعید

کە سیاسەت هەبوو فەرمانڕەوا و فەرمانپێکراو هەیە (د.حسن الصعب، ١٩٧٧). کەواتە، شتێک نییە ناوی سیاسەت بێت و فەرمانڕەوا و فەرمانپێکراوی تێدا نەبێت.. ئەو یاسا و ڕێڕەوانەی کە فەرمانڕەوایی پێ دەکرێت شێوازی فەرمانڕەواییەکەی پێکدەهێنێت. هەمیشە ئەو یاسا و تیۆر و شێوازانەش دەرگیرن لەگەڵ دوو دووری گرنگدا: یەکەمیان؛ دەمکات، کە بە پێی پێکهاتەی سەردەم و میکانیزمی کارکردنی ئەو پێکهاتانە دەگۆڕێت. دووهەمیان؛ بەگەڕکەوتن، ئەنجامی بەگەڕکەوتن و جێبەجێکردنی شێوگی فەرمانڕەوایی، خودی فەرمانڕەوایی گۆڕانی بەسەردا دێت لە ژێر کاریگەری ئەو بژاردانەی خۆیدا کە لە خودی فەرمانڕەواییەکەدا پەراوەیان دەکرێت. ئەم گۆڕانکاریانەش بەرئەنجامیان دەبێت: کە تێکڕا دەتوانین پۆلێنیان بکەین بە پێی تێڕوانینی خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵ. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە پۆلێنکردنەکان سەرتاپا لە نێوان ئەرێنی و نەرێنی و بێلایەندا دابەش دەبن کە ئەوەش سادەترین پۆلێنە. کەواتە بەدەر لە سروشتی مرۆڤ کە لە خۆیدا بوونەوەرێکە هەرگیز بە هەمیشەیی لە دۆخی قایل بووندا نامێنێتەوە، بوونەوەرێکە هەمیشە ڕەخنەی لەو دۆخی گوزەرە هەیە کە پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها بوونەوەرێکە بەبەردەوام لە تاقیکردنەوەدایە لە پێناوی باشتردا؛ کەچی هێشتا خودی پۆلێنکردنەکە بە باش و خراپ بەرهەمکاری سیاسی دەخەنەوە بەر محەکی دابەشکردن بەسەر قایلبوون و ناقایلبووندا. ئەمەش سروشتی ئەنجامگیرییە لە فەرمانڕەواییدا!

لە لایەکی ترەوە فەیلەسوفی گەورەی گریک ئەریستۆتل[1] بەجۆرێک باسی ژیانی سیاسی دەکات کە لە شکۆمەندی مرۆڤ جیانابێتەوە، ئەو کاتێک دەڵێت: "مرۆڤ بوونێکی سیاسیشی هەیە لە پاڵ بوونە بایۆلۆجییەکەیدا"، ئەوا مەبەستێتی ئەوە بخاتە ڕوو کە مرۆڤ بەهۆی بوونی سیاسییەوەیەتی دەتوانێت شکۆمەندی خۆی بپارێزێت. لەلایەکیتر ڕای میشێل فۆکۆ[2] وەک فەیلەسوف و زانایەکی بواری دەسەڵات، باس لە توانای دەستڕۆشتنی مرۆڤ بە سەرژیاندا دەکات، بەهۆی ئەو پەراوەیەوە کە لە دەسەڵاتدا هەیەتی و بەشێکی زۆر لە گرفتەکانی پەیوەندی کاری سیاسی و دەسەڵات لەلای ئەم دانایە پێکەوە دەبەسترێنەوە و لەیەک لێکدانەوەشدا یەکتری بەرنادەن. لە هەمووشیان گرنگتر فەیلەسوفی ئیتالیای Giorgio Agamben[3] کە یەکێکە لەوانەی زۆر بە وردی دەست دەخاتە سەر ژیانی بایۆلۆجی و ژیانی سیاسی و هەرگیز بۆ مرۆڤ لەیەکتریان جیا ناکاتەوە، ئەم جیانەکردنەوەیە لە چەمکی A state of exception دا بەتەواوی ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت ئەم ئاوێتە بوونەی (ژیانی بایۆلۆجی و ژیانی سیاسی) یە کە کۆمەڵگایان درووستکردوە. لەم ڕۆچوونە وردەی جۆرجیۆوە تێدەگەین چارەنووسی مرۆڤ وایە کاتێک دەتوانێت دەستبەرداری ململانێ ببێت، ئەگەر لە دەرەوەی ململانێکاندا بژی (ململانێ بە واتاکانی: فەرمانڕەوایی، بەرهەڵستکاری، جیاوازی، ڕکابەری، بەرەنگاری)، ژیانیش لە دەرەوەی ئەم ململانێیانە دەکاتە نەمانی خواست بۆ هیچ ئومێد و خواستێک ڕوەو ژیانێکی باشتر. بە کورتی؛ قایل بوون بە گوزەر چ لە دەسەڵاتدا بیت یان لە دەرەوەی دەسەڵات، مانایەک دەبەخشێت ئەویش خۆ بەدەستەوەدان و لە دەستدانی شکۆمەندییە لە ژیاندا. بۆیە کاتێک دەسەڵاتی کوردی لە باشووردا دەبینین کە هەمیشە خۆی بەدەستەوە داوە بۆ دوژمنەکانی لە دۆخی ملکەچی[4] submission دا ژیانی بەسەربردوە، چونکە مانایەکی بۆ ژیان نەبوە و هەرگیز شکۆمەند نەبوە لە مانەوەدا و بەردەوام دۆخی "حیزی و سەلامەتی[5]" قبوڵکردوە.

پێویستییە بنەڕەتییەکان و تەنانەت لاوەکییە پێویستەکانیش[6] لە ژیانی مرۆڤدا دیارن، لایەنی کەم لە هەرەمەکەی ئیبراهام ماسلۆوە[7]. هەرکاتێک مرۆڤ پێویستییەکانی دابین نەبوون ئەوا دەکەوێتە دۆخی مەترسییەوە، هەموو دۆخێکی مەترسیش بۆ مرۆڤ پڕە لە گوشار[8] هەروەها ناهاوسەنگی، هەموو ناهاوسەنگییەک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا بەرەو نا جێگیری و ترس و دڵەڕاوکێ دەڕوات کە ئەویش گوشارێکی درێژخایەن بەرپا دەکات،  بەشیوەیەکی گشتیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناهاوسەنگی و گوشار، بەتایبەتیش گوشار، مرۆڤ ئەم پێنج میکانیزمە بە کار دەهێنێت: سڕبوون (ماتبوون)، هەڵاتن، بەگژاچوونەوە، خۆ بەدەستەوەدان، ترسی بەردەوام. کە ئەمانە هەموویان شێوازی بەرهەڵستکاری سەرەتایین و لە پرۆسە سیاسییەکاندا جێگایان دەبێتەوە. چونکە بۆ نمونە نەبوونی سەرچاوەکانی بژێوی هەر یەکێک دەخاتە بەر دەم مەترسی لە ناوچوون، بۆیە کاردانەوەیەکی گوشار ئامێزی بۆ درووست دەکات و بەم جۆرانەی لای خوارەوە ئەکریت وەک گوشارێک مامەڵەیان لەگەڵ بکات:
یەکەم؛ سڕ بوون (ماتبوون): یەکەم قۆناغەکانی بەرەوڕوو بوونەوەی گوشارە، مرۆڤ تێیدا توشی تاسان دەبیت و نازانێت چ بژاردەیەک هەڵبژێرێت. لە سیستەمی سیاسیدا دەسەڵاتە ستەمکارەکان هەمیشە هیزە بەرهەڵستکارەکان دەهێننەوە ئەم دۆخە، بۆ نمونە لە باشووری کوردستان، دروستکردن و هێنانی پرسی تیرۆری ئیسلامی یان حەشدی شەعبی و یان هەر مەترسییەکی دەرەکی تر کە درووستی دەکەن یەکێکە لەو ڕێگایانەی دۆخی گوشار لەسەر هیزە بەرهەڵستکارەکان بهێننەوە قۆنا‌غی سڕبوون. قۆناغی سڕبوون هەمیشە سەرەتاکانی گوشارە کە مرۆڤ نازانێت کام ڕێگە هەڵبژێرێت تا لە مەترسی ڕزگاری ببێت.
دووهەم؛ هەڵاتن: پاش پێناسەکردنی مەترسی (خودی گوشار) دیاری دەکرێت و تا ڕادەیەک ئەوسەری مەترسییەکە دەخوێنرێتەوە، بۆ نمونە ئەگەر لە پڕ لە دارستانێکدا مرۆڤ تووشی ببێت بە تووشی مارێکەوە ین تووشی ببێت بە گەلە گورگێکەوە، هەریەکەیان بە سروشتی خۆی دیاریدەکرێت کە چۆن بەرەوڕووی ببیتەوە پاش قۆناغی یەکەم، کە تێیدا سەرەتا سڕ دەبیت. لە یەکەم هەنگاویشدا مرۆڤ هەوڵی هەڵاتن دەدات، ئەگەر ناچار نەبێت کە بەرەوڕووی مەترسییەکە ببێتەوە. لە دۆخی باشووری کوردستاندا هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات و ژیان لە تاراوگە ئەگەرچی بەشێکی گەورەی چاولێکەری و فەنتازیای ژیانێکی جوان و گەشاوە و پاشەڕۆژێکی ڕوونە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ هەموو نا قایل و نەیار و چالاکەکانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا دەربازێکە، بەشێکە لە میکانیزمی هەڵاتن لەو دۆخەی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت.
سێیەم؛ بەگژداچوونەوە: بەزۆری ئەم میکانیزمە تێچوونی زۆرە و مرۆڤ کاتێک ئەم ڕێگایە دەگرێتە بەر، ئەگەر ناچار بێت یان ئەگەر کەرەستە و چەکی پێیویستی بەگژداچوونەوەکەی پێ بێت. هەموو ئەوانەی بەگژ دەسەڵاتی باشووردا دەچنەوە دەرگای ناچاریان لێ دادەخرێت بە یەکێک لە ڕێگاکان، ئەوە جگە لەوەی کە کەرەستەی پێویستیش بە ئاسانی لەبەردەستدا نییە (نە لە ڕووی تیۆری و مەعنەویەوە، نە لە ڕووی ماددیەوە). داخستنی ڕێگاکانی ناچارکردن بەخشینی پۆست و پلە و پایە و ئیمتیاز و دەرفەتە بە نەیارەکان، هەنگاوەکانی دەسەڵات لەگەڵ خەڵکی بەرهەڵستکاردا بەم جۆرەن؛ هەوڵدەدات بە کەمترین نرخ بیانکڕێت، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا هەوڵدەدات گوشاریان لەسەر دابنێت بۆ ئەوەی هەڵەیەک بکەن یان لە هۆشمەندی گشتیدا ناشرینیان بکات یان لە وڵاتەکە دەریانپەڕێنێت. ئەگەر ئەمانە سەرکەوتوو نەبوون ئەوا بەڕێگای پاکتاوکردنی جەستەیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. هەندێ جاریش هەیە یەکەم جار دەست بۆ دوا هەنگاو دەبەن تا بتوانن هەژموونی سەرکوتکردن بە باشترین شێوە پەراوە بکەن بۆ چاوترساندن و تۆقاندنی ئەوانی تر.
چوارەم؛ خۆبەدەستەوەدان: مرۆڤ ئەنجامی تاقیکردنەوە یان نەبوونی بڕی پێویست لە توانایی و زانین زۆر باش دەزانیت میکانیزمی بەگژداچوونەوە بۆ ئەو بەکار نایەت. هەر لە سەرەتاوە هیوایەکی زۆری لێ سەوز ناکات و دەزانێت مەترسییەکە بۆ تواناکانی ئەو زەبەلاحن. لەم ئەگەرەدا باشترین ڕێگاکان بۆ خەڵکی کەمتوانا خۆدانە دەست مەترسییەکەیە، ئەوەش بەو هیوایەی سەرچاوەی مەترسییەکە هێرشی بۆ نەبات یان بەتەواوی لەناوی نەبات یان بەجۆرێک لە جۆرەکان لە دۆخی گوزەردا بیپارێزێت، لەم دۆخەدا مرۆڤ تەواو دەستبەرداری گۆڕانکاری خوازراو دەبێت و باوەڕی وایە مانەوە لە دۆخی گوزەردا گۆڕانکارییە بەرەو باشتر نەبا لە دۆخی گوزەرەوە بگەڕێتەوە بۆ دۆخەکانی پێشتر. ئەم ئەزموونی مەترسییە وا دەکات لە داهاتووش بەهەمان میکانیزم بەرەوڕووی هەموو هێزێکی بگۆڕ ببێتەوە، چونکە ئەزموونی مەترسییەکانی گوشاری گۆڕانکاری زۆر بەگەورەیی دەبنە تۆقێنەر و لە هزری مرۆڤدا دەمێنێتەوە، بەتایبەت مرۆڤی کەم ئەزموون و ئەوانەی ئاستی زانین و ئیدراکیان لە ئاستێکی تەواو نزمدایە.
پێنجەم؛ ترسی بەردەوام: وا دەکات مرۆڤ بۆ ئەوەی توشی گوشار نەبیت لەسەرەتاوە خۆی لە هاتنی گوشارەکان بپارێزێت، ئەمە بەتایبەت کاتێک ڕوودەدات کە بەچەندین گوشار و ئەزموونی مەترسیدا ڕۆشتبێت. بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت لە ڕوودانی گوشار و مەترسییەکانی، هەر لەسەرەتاوە ئەگەر بۆیکرا و گونجا، ئەوا بەبێ مەترسیش هەڵدێت، یان خۆی دەدات بە دەستەوە و هەوڵ دەدات بەشێک نەبیت لەوەی کە مەترسی گوشار بۆ سەر درووست دەبێت. بەتایبەت بۆ مرۆڤی بێ هیوا، یان خواست نزم ئەم ڕێگایە زۆر باوە. ئەو کاتانەی مرۆڤ تەواو بێ دەسەلات دەکرێت، ئەوا بە پلەی یەک بێهیوایی باڵ دەکێشێت بەسەر ژیان و دۆخە سیاسییەکانیدا. باشترین ڕێگاش بۆ بێدەسەڵاتکردن کەمکردنەوەی ئاستی زانین و شێواندنی ژیربێژی بیرکردنەوەیە. کە بەڕێگای قسەی نامەعقوولی زۆر ئەم پرۆسەیە زۆر ئاسان دەچێتە پێشەوە. هەر بۆیە گەر بگەڕێینەوە سەر بەشی یەکم دەبینین مەترسییەکانی زۆری زانیار و بەتایبەت زۆری قسەی نامەقول لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنەکانەوە چ مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئەم میکانیزمانە لەلای تاکی کوردستانی درووستکردوە.
 
لەم میکانیزمانەوە دەگەڕێینەوە بۆ دابین نەبوونی پێیویستییەکان: دابین نەبوونیان لە ژیاندا، مرۆڤ ناچار دەکات ڕێگاچارە و ئەڵتەرنەتیڤ بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دابینیان بکات کە ئەمە لە خۆیدا یەکسانە بە خواست بۆ گۆڕانکاری و پاشان کردە و کاری گۆڕانکاری. کەواتە مرۆڤ لە دۆخی گوزەر قایل نییە و دەیەوێت گۆڕانکاری بکات، ئەگەر سیستەم و ژینگەی سیاسی دەرفەتێکی سروشتیان بەم گۆڕانکارییەدابێت ئەوا تەنیا بەرهەڵستکارییەکی سیستەماتیکی ناو خودی سیستەم دەتوانیت بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە و بێ گرفت گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدات. ئەوەی لە دیموکراسییەتی ڕۆژئاوادا بەدی دەکەین تەنیا نمایشکردن و بە زۆر گونجاندنێکی ئەم دۆخەیە بەتایبەت ئەو دیموکراسیەتەی سیستەمی ئابووری کاپیتالیستی تییدا هەژموونکارە (واتە دیکتاتۆریەتی سەرمایە). خۆ ئەگەر سیستەم ڕێ بە خواستەکانی گۆڕانکاری بگرێت ئەوا پەنگخواردنەوە ڕوودەدات و بەرهەڵستکاری لە شێوەی تردا دەبینرێتەوە تا دەگاتە بەرنگاری خوێناویانە و زۆرجار تەقینەوەی دۆخی سیاسی لێ بەرپا دەبێت.

 بەرهەڵستکاری ڕێگەپێداراو لەچوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا
کاتێک باس لە سیستەمێکی سیاسی کراوە دەکەین، کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی فەرمانڕەوایی خەڵک هەژموونی بەسەر فەرمانڕەوایی تاک و گرۆ و دامەزراوەکاندا زیاتر بێت، ئەوا باس لە سیستەمێک دەکەین کە بەرهەڵستکاری لەچوارچێوەیدا ڕێگەپێداراوبێت. ئەمەش دەکاتە ڕێگەپێدرانی بەرهەڵستکاری لە کۆی جومگە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە خێزان و گرۆبەندییەکی سادەوە تا دەگاتە گەورەترین پارت و یەکبوونی دەسەڵاتدار.  ئەو کاتانەش گۆڕانکاری شێوەیەکی هارمۆنی وەردەگریت و ژیانی سیاسی بەشێوەیەکی زیندووی تەندرووست بەڕیوە دەچێت. لە ژینگەیەکی لەو جۆرەدا، هەموو هێز و خواستە سیاسییەکان ژنان و پیاوان، گرۆ و چین و توێژە جیاوازەکان ئامادەییان هەیە، لە سیستەمە باشەکاندا بەڕاستەوخۆیی و لە سیستەمە کەمتر باشەکاندا لە ڕیگەی نوێنەرایەتییەوە[9]. لە چورچێوەی سیستەمی سیاسیدا بەرهەڵستکاریش بەشێکە لەم پێکهاتەیە. جا ئەو بەرهەڵستکارییە، تاک بێت، ئاراستە ، گرۆ یان ڕێکخراو و کۆبەندی سیاسی بێت.

 گرنگی بەرهەڵستکاری:
بەرهەڵستکاری لە هەر پێکهاتەیەکی سیاسیدا بێت، چەند گرنگیەکی هەیە کە ناتوانین دەستبەرداریان ببین، لەوانە:
١. سروشتی پێکهاتەی کۆمەڵگای مرۆیی بەشێک لە بەرهەڵستکاری پێکیدەهێنێت و دەرکەنارکردنی بەرهەڵستکاری، سروشتی گەشە و نەشونمای کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ لاواز بوونی لە قوڵایی مێژووی کۆمەڵگاکەدا زۆر بە سانایی دەردەکەوێت.
٢. بەبێ بەرهەڵستکاری هەر جەستەیەکی سیاسی جۆرێک لە ناساغی بەخۆیەوە دەبینێت و لاواز دەبێت لەبەردەم هەر هێرشێکی دەرەکیدا، بەواتایەکی تر بەرهەڵستکاری ناوەوەی کۆمەڵگا یان پێکهاتەی سیاسی لەمەترسی دەرەکی دەیپارێزێت، لە بڕگەکانی داهاتوودا بەشێک بەم پرسە تایبەت دەکەین.
٣. بەردەوامی ئامادەیی چەندین ئەڵتەرنەتیڤ پەیوەستە بە بەرهەڵستکارییەوە، واتە ئەگەر بەرهەڵستکاری نەمێنێت ئەوا سیستەم لەسەر رێگەیەکی داخراو بەردەوامە. هەمیشە پلانە ستراتیژی و دوورمەوداکان کە پێویستی سەرکی گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونن، پێویستیان بەچەندین پلانی جێگرەوە هەیە، ئەو پلانانە بەبێ بەرهەڵستکاری بەرهەم نایەن.
٤. بەرهەڵستکاری دەتوانێت ئاشکراخوازی (شەفافییەت) دەستەبەربکات و لەڕێگای بەرهەڵستکارییەوە ڕێگا لە دەسەڵاتی ڕەها دەگیرێت.
٥. بەرهەڵستکارییە کە ڕێگە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەگرێت، کە دەکاتە نەهێشتن و سنووردارکردنی گەندەڵی.
٦. بەرهەڵستکاری ڕیگە لە پێشێلکاری دەگریت، چ بۆ یاساکان، بۆ ئازادی و بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەر بەهایەکی بەرز کە کۆمەڵگا بڕیاری پاراستنی دابێت.

کەواتە ئەگەر ڕێکخراویک یان کۆمەڵگایەکی سیاسی بەرهەڵستکاری تێدا نەبوو (ئەمە بارێکی خەیاڵییە، ڕاسترە بڵێین ئەگەر بەرهەلستکاری سەرکوتکرابوو) ئەوا ئەو ڕێکخراوە یان کۆمەڵگایە نەخۆشە. کەواتە ئەگەر تەنیا بۆ لایەنی تیۆری بگەڕێین تا بزانین چ کاتێک بەرهەڵستکاری نامێنێت، تەنیا بۆ لێکدانەوەی تیۆری و هیچی تر، کە دەیسەلمێنێت بەرهەڵستکاری لە چوارچێوەی سیستەمدا بەشێوەیەکی ڕیکخراوی ڕێگە پێداراو سەلامەتی سیستەمی سیاسی دەپارێزێت. بۆ نمونە؛ دەتوانین بڵێین کاتێک بەرهەڵستی نییە، ئەگەر فەڕمانڕەوایی نەبیت، ئەمە دۆخێک! هەرکات کۆمەڵێک خەڵک لە چوارچیوەیەکدا کۆبوونەوە، ئەوا ناچارن یاسا و بنەمایەک دابنێن بۆ ڕێکخستنی بەرژەوەندییە بەیەکاهەڵپژاوەکانیان، بەبێ ئەم یاسا و بنەمایانە دۆخێک لە نائارامی درووست دەبێت و دەگەڕێنەوە دۆخی جەنگەڵ کە پێشتر باسمانکردوە. کەواتە کاتێک فەرمانڕەوایی نامێنێت، ئەگەر مرۆڤەکان بە تەنیا ژیان، ئەمەش دەرچوونە بۆ دۆخی نەگونجاو، کەواتە کە فەرمان ڕەوایی هەبوو ناچار بەرهەڵستکاری هەیە. بارێکی تری نمونەیی ئەوەیە: ئەگەر پێکهاتەی ئەو کۆمەڵە یان ڕێکخراوە تەواو چوونیەک بێت، homogenous ، کە دەڵێین تەواو چوونیەک بێت مەبەست، ئەوەیە کۆی پێکهاتەکە لەڕووی ئایین و ئەتنیک و چینایەتی و زمان و پێویستی و دابەشکردنی دەستکەوت و پێشبینی پاشەڕۆژەوە تەواو یەکسان بن و هیچ جیاوازییەکیان نەمێنێت نە لە نێوان تاکەکاندا نە لەناو گرۆکاندا، کە ئەمەش نزیکە لە ئاستەم، هەرهیچ نەبێت لە بەر هۆکاری جوگرافی و جینەتیکی، کەواتە جارێکی تر بەرهەڵستکاری دەبێت هەبێت و لەگەل کۆمەڵدا بەردەوامە.

بۆ ئەوەی بەرهەڵستکاری لە سیستەمدا جێگا بکەینەوە، درککردنمان بەمانەی خوارەوە گرنگن:
١. شکۆمەندی و ژیانی ئاسایی بەرهەڵستکاران پارێزراو بێت.
٢. کارئاسانی بۆ بەرهەڵستکاران بکرێت و پێشوازی لە کارەکانیان بە سنگێکی فراوانەوە بکرێت، وەک پێویستییەکی کۆمەڵ و سیستەم لێی بڕوانرێت.
٣. پێویستە بەرهەڵستکار دەستی بە هەموو زانیاری و سەرچاوەیەکی زانین بگات و ڕێگری نەکرێت لەبەردەم کارەکانیاندا.
٤. پێویستە بەرهەڵستکار دەرفەتی یەکسانی هەبێت بۆ دەستگەیشتن بە میدیا و دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکانی بەشیوەیەکی ئازاد و دوور لە هەر باجێک کە پانتاییەکانی ئازادی سیاسی پێ کەمبکرێتەوە.
٥. پێویستە بودجە و پلانی پێشوەخت ئامادەبکریت بۆ پرۆژەکانی بەرهەڵستکاریی وەک یەکێک لە پێکهاتە سەرەکی و زیندوەکانی جەستە سیاسییەکە. 
٦. هەر تاک و گرۆیەکی بەرهەڵستکار هەمان ماف و هەمان دەرفەتی ئەوانەی تری ژیانیان هەبێت، ئەگەرچی بڕیاری کۆتاییان لەدەستدا نییە.
٧. لەبەرچاوگرتنی، هەموو ڕەخنە و پێشنیارێکی بەرهەڵستکار، وەک یەکێک لە پیوانەکان بۆ کارکردن و پلاندانانی ئایندە. ئەم خاڵەش لە هەموو خاڵەکانی تر گرنگترە بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی سیستەمی سیاسی و پاراستنی لە هەڵوەشاندنەوە، چونکە دانایی لە قبوڵکردنی بەرهەلستکاریدا، بریتییە لە سوود وەرگرتن لە تێزەکانی بەرهەلستکاری.

ئەرکەکانی بەرهەڵستکاری:
پێشتر ئەوەمان سەلماند کە بەرهەڵستکاری، بەشیکە لە جەستە و ژیانی سیاسی کۆمەڵگا، بۆیە وەک هەر بەشێکی تر کۆمەڵێک فەرمان و ئەرک دەکەونە سەرشانی و ئەو ئەرکانە هیچیان جیاواز نییە لە ئەرکەکانی ئۆرگانە فەرمانڕەواکان. بە پێچەوانەوە، زۆرجار هەیە بەرهەڵستکارەکان هەمان دەسەڵاتیان هەیە و بەشێکن لە سیستەمی فەرمانڕەوایش. لەو ئەرکە گرنگانە ئەمانەی لای خوارەوە لە پێشینەترین ئەرکەکانن:
١. ڕەخنەگرتنی بەردەوام لە دۆخی گوزەر و بەرچاوخستنی ئاکامە نەرێنی و ئەرێنییەکانی دۆخی ئێستای فەرمانڕەوایی.
٢. چاودێریکردنی بەردەوامی، یاسا و ڕێککەوتن نامە گشتییەکان کە فەرمانڕەواییان لەسەر بونیادنراوە، وەک یاسا و یاسا بنەڕەتییەکان و ڕێکەوتننامە گشتییەکان.
٣. پاراستنی هەمەچەشنی بیروبۆچوون و بەئاگاهێنانەوە لە هەموو ئەگەرە پێشبینیکراوەکان.
٤. پشکنینی هەموو ڕاو بیر و بۆچوون و پێشنیارە جیاوازە مومکینەکان لە ناو کۆمەڵگادا و لێکۆڵینەوەیان و دەرخستنی توانایی جێبەجێکردنیان.
٥. جەختکردنەوە لەسەر ئاشکراخوازی و دەرئەنجامەکانی فەرمانڕەوایی لەو ڕوەوە!
٦. بەرەوڕووبوونەوەی فەرمانڕەوایی هەمیشە بۆ هەبوونی ڕێگای باشتر و پرسیارکردن لەسەر بژاردەکانیان.
٧. جەختکردنەوە لە بەشداری گشتی و ئاوەڵاکردنی دەروازە لەبەردەم گرۆ پەراوێزخراوەکاندا.
٨. ئامادەیی و پلانی ئامادەکراو بۆ وەرگرتنی دەسەڵات بەبێ دوودڵی و خۆدزینەوە، هەر کاتێک کە پێویستی کرد و بەرهەڵستکارێک کە ئامادە نەبێت دەسەڵات وەربگرێت و فۆرمی خۆی لە فەرمانڕەواییدا جێبەجێ بکات، ئەوا بەرهەڵستکارێکی نا پاسیڤ و نا پاک دەردەچێت.

سوڕی فەرمانڕەوایی و بەرهەڵستکاری
کاتێک قسە لە سەر سوڕی دەسەڵات و بەرهەڵستکاری دەکەین، کرۆکی مەبەست ئەوەیە لە فەرمانڕەواییدا کێ فەرمان دەگرێتە دەست و کێ دەبێتە بەرهەڵستکار و کەی و چۆن! بەواتایاکی تر ڕۆڵی فەرماندار لە چ پنتێکەوە دەستپێدەکات و لە چ پنتێکدا تەواو دەبێت! وەک پێشتر سەرلماندمان فەرمانڕەوایی بێ بەرهەڵستکاری ئاستەنگ دەبیت، مەگەر بەرهەڵستکاری سەرکوت بکرێت، ئەو دەم لە چکۆلەترین وەرچەرخانی هیزدا بەرەنگاری و ڕاپەڕینی خوێناوی ڕوو دەدات و گۆڕانکاری لە دایک دەبێت. کەواتە گفتوگۆ لەسەر فەرمانڕەوایی هەتا هەتایی قسەیەکی خەیاڵییە و تا ئێستا لە کۆی مێژوودا ئەگەرچی فۆرمەکەی گەشەی کردوە، بەڵام وەک تاکە سیستەم نەچوەتەسەر، کەواتە قسە لە سەر چۆنێتی گۆڕانکارییەکەیە. بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانەی سیستەماتیک گۆڕانکاری ڕوو دەدات یان بە شێوەی بەرەنگاری سیستەماتیکی خوێناوی و بە هۆی زەبری شۆڕشگێڕانەوە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا دەگۆڕدرێت بە دانەیەکی تر، کە زیاتر بریتییە لە هێزە بەرهەڵستکارەکان یان بەرەنگارەکان. لەوانەیە لە بەرامبەردا بپرسیت ئەی بۆ فەرمانڕەوا میانڕەوەکان و دیموکراتخوازەکان کەمتر دەمیننەوە لە فەرمانڕەواییدا و ستەمکار و تاك ئاراستە و دیکتاتۆرەکان زیاتر دەمێننەوە! لەبەرامبەر ئەم پرسیارەدا، دەتوانین بڵێین، شیوازی مانەوەیان لە فەرمانڕەواییدا بۆمان دیاری دەکات کە بەکام ڕێگایە دەڕۆن و هیزێکی تر شوێنیان دەگرێتەوە.

چوار سروشتی سەرەکی ناسراو هەن بۆ فەرمان ڕەوایی، کە هەریەکەیان بە جۆرێک دەڕۆن، بەڵام بەهەمان سوڕی دەسەڵات و فەرمانڕەواییدا تێدەپەڕن. ئەو چوار جۆرە ئەمانەن:
١. فەرمانڕەوایی دیکتاتۆریەتی سەرمایە، بە ڕووکاری دیموکراسیانە. وەک شێوەی هەموو حوکمڕانییە بەناو پێشکەوتوەکانی دونیا، کە زۆرجار بە دیموکراسیەتی ڕۆژ ئاوا ناسراوە. ئەم سیستەمە لەگەڵ کەوتنی سیستەمی ئابووری جیهانیدا دەکەوێت. ڕێبازی خۆی هەیە و زۆری ماوە، ناکرێت لێرەدا باسی بکەین.
٢. فەرمانڕەوایی دیموکراسی ئابووری لاواز، هەموو ئەو سیستەمانەن کە پشت بە کۆمەکی ئابووری دەوڵەتە بەهیزەکان دەبەستن و تەنیا وەک نمونەی حوکمڕانی ئامادەییان هەیە و لە ڕووی ئابوورییەوە پێگە و جێکەوتی زۆر گرنگیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا نییە. وەک یۆنان، ئایسلەندا.
٣. فەرمانڕەوایی تۆتالیتاری ئابووری لاواز. هەموو ئەو فەرمانڕەواییانەن کە زۆر جار لەڕیگای دیموکراسی سەپێنراوەوە حوکمڕانییان دەکەویتە دەست و کۆمەڵگاکانیان سەرباری دەوڵەمەندی لە دۆخی ئابوورییەکی لاوازدا دەژین؛ وەک هەرێمی کوردستان، وەک ئەفغانستان و زۆر لە وڵاتە دواکەوتوەکانی دونیا.
٤. فەرمانڕەوایی تۆتالیتاری ئابووری بەهیز. هەموو ئەو فەرمانڕەواییانەن کە لە ڕێگەی سیستەمێکی نادیموکراتییەوە بەڕێوە دەچن و بە حوکمی ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو کۆمەڵگاکانیان بەڕێوە دەبەن و هەمیشە لە بازاڕی سیاسی و ئابووری جیهانییدا لە گەڵ فۆرمی ژمارە یەکدا لە ململانێدان. ئەم شیوازەش دەبن بە دوو بەشەوە؛ بەشێکیان پشت بە جۆرێک لە دادوەری کۆمەڵایەتی دەبەستن و لەڕیگای توانای لەبارەوە کۆمەڵگاکانیان بەگونجاوترین و بە توانستترین شێوە بەڕێوە دەبەن. جۆری دووهەمیان ئەوانەن کە بە ئەندازەیەکی زۆر ستەمکاری لە سیستەمەکانیاندا هەیە و هەموو ڕێگایەکی سەرکوتکردن دەگرنە بەر بۆ شکست پێهێنانی نەیارەکانیان. نمونەمان لەمانە تا ڕادەیەک وەک ئێران و کۆریای باکور و چین و ڕووسیا..تاد.

سوڕی کەوتنی جۆری یەکەم و چوارەم درێژخایەنترە و زۆر پەیوەستە بە یەکترەوە. لە جۆری یەکەمدا خودی دەسەڵات ناکەوێت، بەڵکو نوێنەرایەتی دەسەڵات بە شێوەیەکی "دیموکراسیانە" نوێ دەکرێتەوە. بۆ نمونە دەبینین لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا یان لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسادا خودی فەرمانڕەوا و پارتی فەرمانڕەوا گۆڕانی دەوری بەسەردا دێت، بەڵام فەرمانڕەوای سەرەکی خاوەن سەرمایەکانن کە خۆیان ئەگەر لە بازاڕی کار و قۆرخکاریدا نەکەون لە فەرمانڕەوایی سیاسیدا ناکەون و لەبری (س) لە کۆبەندی سیاسی پانتاییەک بۆ (ص) دەکەنەوە. ئەوکات کە نۆرەی (ص) هات دەتوانێت بە مەودایەکترەوە لە ئازادی ئەو فەرمانڕەوا بێت. هەر بۆیە دەبینیت دەستووری پێشکەوتووترین کۆمەڵگکان ناتوانێت لە سنوورێک زیاتر لە سنوورەکانی ئایین تێپەڕێنێت. ڕاستە دەبینی کە ئایینەکان حوکمڕان نیین، بەڵام بە پیی پێویستی کاپیتالیزم ئەو ئایینانە ژیانیان بە بەردا دەکریتەوە ئەگەر لە لێواری مەرگیشدا بن، ئەوە تەنیا وەک نمونەیەک. هەرچی جۆری چوارەم هەیە لەڕیگای پاراستنی سنوورەکانی لە کاریگەری بازاڕی دەرەکییەوە دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر سەرکوتکردنی بەرهەڵستکارە نەیارەکانی (بەرهەڵستکاری نەیار، هەموو ئەو بەرهەڵستکارانە دەگریتەوە کە دەچنە قۆناغی ململانێ و ڕکابەرییەوە) لە ناو کۆمەڵگای نێوخۆییدا و لە ئاستێکدا ڕایانگرێت. هەر یەکەیان لەم دوو بەشە شێوازە، زادە و بەرهەمی گەشەسەندنی کولتووری نێوخۆیی خۆیانن و پێگەی جوگرافی و مێژوویان کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە سەر مانەوەیان. لە ڕاستیدا مانەوەی هەندێک لەم سیستەمە تۆتالیتاریانە خراپی نمونە ڕۆژئاواییەکەیە و وەک بەرگرییەکی ناوخۆیی دەتوانن سوود لە بەرهەڵستکاری ببینن بۆ نوێبوونەوە و مانەوە، کە شێوگێکی تۆتالیتارییە بۆ بە سیستەمکردنی بەرهەڵستکاری.

لێرە بەدواوە قسە لەسەر ئەوە نییە کە فەرمانڕەوا بۆ هەتا هەتایی لە دەسەڵاتدا بمێنیتەوە، چونکە هەر دەبێت گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام بۆ دڵنیایی لەم دەستەواژەیە دێین گریمانەکەمان پێچەوانە دەکەینەوە واتە پرسیارەکەمان وا لێدەکەین کە ئایا چۆن دەتوانین بۆ هەتا هەتایی لە فەرمانڕەواییدا بمێنینەوە؟ دیکتاتۆریەتی سەرمایە و ڕووکاری دیموکراسی، یان تۆتالیتاریەت و ئابووریەکی بەهێز. کەواتە دەگەڕێینەوە سەر ئەو ستراتیژەی کە هەمیشە دایکی فەرمانڕەوایی بەردەوام ئابووری بەهێز و باوکیشی هاوسەنگییەکە لە دادوەریی! هەردوو فۆرمی یەکەم و چوارەم ئەگەر ئابووریەکی بەهێزیان نەبێت ناتوانن لە بازنەی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکاندا دەربازیان ببێت. خۆ ئەگەر ئاستێک لە دادوەری و ڕەزامەندی گشتی دابین نەکەن ئەوا ناتوانن بەر بە بەرهەڵستی ناوخۆ بگرن. لێرەوە لە بیری سیاسی کۆندا تیۆرەکەی نیکۆڵۆ مەکیاڤیلی[10] کاردەکات و لە بیری سیاسی نوێشدا Bruce Bueno de Mesquita[11]   ڕۆڵی هەرە گرنگ دەبینێت. دی مەسکیتا (نۆڤەمبەری ١٩٤٦) بەڕای ئەم دیموکراسی بۆ کەسی فەرمانڕەوا خراپترین فۆرمی فەرمانڕەواییە، چونکە ئەگەر ملکەچی بازنەیەکی فراوانی دەنگدەران ببێت ئەوا ناچار دەبێت زۆر زوو فەرمانڕەوایی چۆڵ بکات، تەنانەت ئەگەر باشترین فەرمانڕەواش بێت، (لێرەدا دەگەڕێینەوە سەر گریمانە نمونەییەکان کە پێشتر باسمانکردوون). بەڵام ئەو دیموکراسییە لە ڕوانگەی خەڵکەوە باشترینە هەر وەک ماکیاڤیلی لە دیسکۆرسەکانیدا پێشنیاری کردوە، بەڵام ئەو لەوێ بە ناوی فەرمانڕەوایی کۆماری باسی دەکات کە دەکاتە ئەو دیموکراسییەی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی وەک مۆدێلێکی باو بانگەشەی بۆ دەکات. بە ڕای دی مەسکیتا، پێنج ڕیگای زۆر گرنگ هەیە بۆ دیکتاتۆر کە لە فەرمانڕەواییدا بمێنێتەوە و هەر پێنج ڕێگاکە پابەندە بە توانای ئابوورییەوە، بۆیە کە توانای ئابووری نەما فەرمانڕەواییش دەکەوێت، ئەو ڕێگایانەش ئەمانەن:
١. باشترین هەنگاو ئەوەیە پشت بە کەمترین خەڵکی دڵسۆز ببەستیت کە داکۆکی لە مانەوەت بکەن لە حوکمڕانیدا. ئەبێت ئەم خەڵکەشت لە گەورەترین کۆمەڵگای هاوپشتیوانانەوە دەستکەوتبێت.
٢. ئەو خەڵکە کەمەی هەڵتبژاردوون بە ئاسانی بتوانیت بیانگۆڕیت لە کۆمەڵگا فراوانەکەوە، بۆ ئەوەی هەرکەس سەرپێچی یان نا دڵسۆزی نواند، بە ئاسانی بتوانیت بیگۆڕیت بە کەسێکی تر.
٣. دەبیت باجی هەرە گەورە بخەیتە سەر خەڵک کە لەتوانادا هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانیت دەوڵەمەند ببیت و لەڕیگای توانای ئابووریتەوە بەرتیل بدەیتە بەکرێگیراوە دڵسۆزەکانت. نابێت ئەوە لەیاد بکەیت کە خودی باجگرتن نابێت ئەوەندە زۆر بێت ببێتە مایەی یاخی بوونی خەڵک، چونکە ئەوکات ژمارەی کەمی بەکرێگیراوەکانت بەرگەی هێزی زۆرینەی خەڵک ناگرن.
٤. کەمترین بەشی ئەو داهاتە دەدەیتەوە بەکرێگیراوەکانت، واتە بایی ئەو ئاستەی دەتوانیت دڵسۆزیان لێ بکڕیت. زۆرترینی دەستکەوتەکەش بۆ خۆت دەپارێزیت بۆ مسۆگەر کردنی پێگەی ئابووریت.
٥. چەند بۆت دەکرێت ئەو بڕە پارەیە لە باشترکردنی ژیانی خەڵکدا خەرج مەکە بەتایبەت خەڵک ناتپارێزێت لە دەسەڵاتەکەتدا و ڕۆژێک دێت هەر لات دەبەن، جگە لەوەش: أ) ڕازیکردنی دەنگدەرانێکی زۆر، زۆر زیاتری تێدەچێت لەوەی کرێی بەکرێگیراوەکانت بدەیت، چونکە زۆر گرانە بەرتیل بدەیتە ملیۆنەها خەڵک بۆ ئەوەی لە فەرمانڕەواییدا بمێنیتەوە، کە ئەمەش ڕێبازی دیموکراتەکانە، بەڵام چەندێک بازنەی پشتیوانەکانت چکۆلەبن ئەوەندە زیاتر دەتوانیت بەنرخێکی هەرزان دڵسۆزیان بۆخۆت بکڕیت و بمێنیتەوە. هەروەها ب) ئەگەر پارەکەت بۆ خەڵک خەرجکرد ئەوا خەتا ئەکەیت بە پێشبینی ئەوانەی پشتیوانی تۆیان کردوە بگەیتە دەسەڵات و زوو پشتت تێدەکەن، چونکە لە بنەڕەتەوە ئەوان بۆ جیاوازی لە خەڵک هاتوونەتە ئەو پشتیوانییەوە بۆ تۆ.  

لە دوا ویستگەی ئەنجامگیریدا، دەردەکەوێت هەموو فەرمانڕەواییەکان دەگۆڕدرین، لە ڕیگای بەرهەڵستکارییەوە، هەموو ئەو فەرمانڕەواییانەی تەمەنیان دریژ دەکەنەوە، لە ڕێگای گۆڕانێکی هەڵەتاوەوە بەر بە گۆڕانی بنەڕەتی دەگرن، هەروەها لەسەر بنەمای بەرهەڵستکاری خۆیان نوێ دەکەنەوە، کە ئەمەش هەر دەکاتەوە گۆڕانکاری بەڵام بە فۆرمی درێژەدان بە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی. ئەم وێنەیە ئەگەر بۆ هەموو جیهانیش گەورە بکەین بە هەمان شێوەیە. بەڵام با بێین بۆ دەسەڵاتی باشووری کوردستان چکۆلانەی بکەینەوە، دەبینین دەسەڵاتی باشوور لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان بەشێکی زۆری خاڵەکانی دی مەسکیتا تا ڕادەیەک جێبەجێ دەکات و پیڕەوی هەر دە ئامۆژگارییە شەیتانییەکەی نوام چۆمسکی[12] دەکات. بەڵام لە بازنەی دەسەڵاتی جیهانیدا زۆر بە ئاسانی لەو گرۆیەی دەسەڵاتە کە ئاغاکانی هەر کات بیانەوێت ئەیگۆڕن بە یەکێکی باشتر کە خزمەتی قۆناغێکی تری ژیانی ئەوان بکات یان خزمەتێکی باشتری ئیستایان بکات. لە بەشەکانی داهاتوودا قسە لەسەر ئەم خاڵە دەکەین.

کەواتە دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی فەرمان ڕەوا هێز و توانای زانینی، هەروەها پلانەکانی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی پیویستییەکان سنووردارە و دەرفەتی خۆ نوێکردنەوە هەر سنووردارە لە یەکەی کاتدا. ئەم چەند هۆکارە وا دەکات، کە بەرهەڵستکاری بێتە پێشەوە و وەک جێگرەوەی دەسەڵات دەربکەوێت، بۆیە لە سیستەمی ئاساییدا بە پرۆسە و میکانیزمی تایبەت ئەو ئاڵوگۆڕە ڕوودەدات، جا ئاڵوگۆڕەکە خۆڕسک بێت یان دەستکرد. لە کاتێکدا، لە سیستەمی تۆتالیتاری ستەمکارانەدا هەر زوو بەرهەڵستکاری دەبێتە بەرەنگاری توندوتیژ و دووچاری هەموو جۆرەکانی سەرکوتکردن دەبێتەوە تا دەگاتە ئاستێک، پەنگخواردنەوەی هێزە جەماوەرییەکان لە ستەمکاری دەگەنە قۆناغی ڕاپەڕین و لەو دۆخەشدا هەمیشە هێزە ڕێکخراوە ڕاپەڕیوەکان جێگا دەگرنەوە. زۆربەی جار ئەم هێزانە فۆرمێکی تری فەرمانڕەوایی دەسەپێنن. ئەوکات گرنگ نییە ڕەوایی بونیاد دەنێن بەو سەپاندنە یان فۆرمی ستەمکاری نوێدەکەنەوە.




[1]  ئەریستۆتل، فەیلەسوف و زانایەکی گریکی کۆنە لە سەدەی چوارەمی پێش زایندا ژیاوە و لە زۆر زمانی دونیادا بە مامۆستای یەکەم ناسراوە، لەزۆربەی پەخش و بڵاوکراوە عەرەبییەکاندا بە (أرسطو) ناوی دەبەن و ئەم ناوە کاریگەری لەسەر نووسینی کوردیش هەبوە، بەڵام لەخودی زمانە لاتینییەکاندا پێی دەوترێت "ئەریستۆتل".
[2]  میشێل فۆکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤)، فەیلەسوف و زانایەکی فەرەنساییە و تیزی سەرەکی ئەم دانایە دەربارەی زانین و دەسەڵاتە و چۆنتێتی بەکارهێنانی زانینە لە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگادا. تێزەکانی فۆکۆ کاریگەری زۆری لە سەر ناوەندە ئەکادیمییەکان و چالاکەوانەکانی بواری سیاسی و ڕۆشنبیری هەبوە و بەیەکێک لەو زانا مەزنانە هەژمار دەکرێت کە لە بواری دەسەڵاتدا لێکۆڵینەوەی وردی کردوە.
[3]  Giorgio Agamben ١٩٤٢، فەیلەسوفێکی ئیتالیاییە و ناسراوترین تێزی ئەم فەیلەسوفە، A state of exception ، بەداخەوە بۆم ناکرێت بە زمانی کوردی، بەلام مەبەست لە زاراوەکە ئەوەیە: "دەسەڵات دەتوانێت هەندێ یاسای باری نائاسایی دەربکات بۆ بەرژەوەندی گشتی بە پشتبەستن بە سەروەری دەسەڵاتەکە، هەمان شیوەی یاسای باری نائاسایی و فریاگوزارییە، بەڵام پشت بە هەژموون و سەروەری دەسەڵات دەبەستێت" ئەم تێزەی جۆرجیۆ لە تیۆریستی ئەڵمانی کارل شمیت (١٨٨٨-١٩٨٥) ەوە وەرگیراوە.
[4]  ملکەچی یان submission، زاراوەیەکی سیاسی و دەروونییە، مەبەست لە کردەی قبووڵکردن و مل کەچکردن دیت بۆ هێزێکی باڵاتر یان خۆ خستنە ژیر ڕکێفی یەکێکی تر بۆ ئەوەی پارێزراو بیت لە دۆخی گوزەردا.
[5]  دەستەواژەیەکی باوی کولتووری کوردییە، بەواتای ژیان لە خراپترین دۆخی مۆرالدا، بەلێکدانەوەیەکی تر واتای ڕازی بوون بە هەموو سەرشۆڕیەک بەو مەرجەی ژیانت پاریزراو بێت. هەمیشە ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەوانە بەکارهاتوە کە هیچیان تیا بەسەر نییە و ناتوانن چکۆلەترین ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە بخەنە بەردەم خۆیان، جا ئیتر ئەنجامی خۆشەویستیان بۆ سامانەکانیان بووبێت یان لە ترسی گیانیان بووبێت.
[6]  پێویستییە بنەڕەتییەکان ئەو پێویستیانەن کە ژیانیان پێوە بەندە و مانەوە لە ژیاندا بە بێ ئەو پێیویستیانە ناگوزەرێت، بەڵام پێویستییە لاوەکییەکان دەبن بە چەند بەشێکەوە، لەوانە لاوەکییە پێویستەکان، ئەم پێیویستیانە ئەو جۆرەن لە پیویستی کە ژیان بەبێ ئەوان دەگوزەرێت بەڵام ئەشێ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ژیارییەوە پڕ ببێت لە کێشەی بوونی کۆمەڵایەتی و ئەگەری هەیە کێشەی دەروونی قوول درووستبکات تا ئەندازەی بوونیان بە پێویستییەکی بنەڕەتی ئەگەر لەسەریەکتر کەڵەکە ببن.
[7]  ئەبراهام ماسلۆ (١٩٠٨-١٩٧٠) دەروونناسێکی ئامریکایی بوو، کە هەرەمی پێویستییەکانی مرۆڤی بە پێنج بەش دەستنیشانکرد و لە ڕێگای ئەو پیویستیانەوە مرۆڤ لە بووندا خۆی بەرجەستە دەکات، ئەوانیش: پێویستییە فیزیۆلۆجییەکان، پێویستییەکانی دڵنیایی، خۆشەویستی، ڕێزی خوود، هەروەها خوودسەلماندن.
[8]  گوشار یان Stress بارێکی دەروونی و فیزیکییە کە بەهۆی دابین نەبوونی پێویستی و یان هاتنە پێشی بارودۆخی نەخوازراوەوە ناهاوسەنگی لە ژیانی گیانەوەراندا درووست دکات.
[9]  شیوەی بەشداری تاک لە بڕیار و دەسەڵاتدا تا زیاتر ڕاستەوخۆبێت شێوەی فەرمانڕەوایی باشتر دەکات بە پێچەوانەی زیادکردنی ڕێگەی نوێنەرایەتی کردن کە ڕێژەی فەرمانڕەوایی خەڵک کەمدەکاتەوە، بۆیە ژمارەیەک هۆکار هەن کە دەبنە یاریدەدەر بۆ باشترکردنی جۆری فەرمانڕەوایی، لەوانە پێشکەوتنی تەکنیکی و سیستەمەکانی زانیاری، بچکۆلەی پانتایی جوگرافی فەرمانڕەواییەکان، کەمی ژمارەی دانیشتوان...چەند دانەیەکی تر کە دەکرێت لە دەرفەتی تردا بابەتیان لەسەر باس بکەین. 
[10]  نیکۆڵۆ مەکیاڤیلللی (١٤٦٩-١٥٢٧)، مێژووناس و سیاسەتمەدار و دیپلۆمات و فەیلەسووفی ئیتالیایی کە زۆرجار بە باوکی سیاسەتی مۆدێرن دەناسرێتەوە و یەکێکە لەو زانا گەورانەی میژوو کە لە کولتووری کوردی و تا ڕادەیەک ڕۆژهەڵاتیدا بە خراپترین شێوە ناوەکەی بەکار هاتووە، ئەوەش ئەنجامی تێنەگەیشتن و بەربڵاوی کولتووری زانین و زانیاری زارەکی.  
[11]  دی مەسکیتا، (١٩٤٦) زانای سیاسی و پسپۆڕ لە بواری تیۆری گەمە و پەیوەندی نیودەوڵەتی و ئابووری سیاسیدا. ئەم زانایە لە زانکۆی نیویۆرک پرۆفیسۆرە و چەند تیزی هەیە لەبواری کاری سیاسی و پاراستنی سیستەمی سیاسیدا.
[12]  نوام چۆمسکی، (دیسەمبەری ١٩٢٨) زانا و فەیلەسوفی ئەمریکایی کە پسپۆڕە لە بوارەکانی زمان و تیۆری زانین و مێژوودا و بەیەکێک لە ڕەخنەگرە هەر بەهیزەکانی سەردەم هەژمار دەکرێت بۆ بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی. یەکێک لە تێزەکانی بریتییە لە دە ڕێگا بۆ بەدکاریکردنی دەسەڵات لە ڕێگای میدیاوە. ئەم دە ڕیگایە ئەوە پیشان دەدات کە چۆن دەسەڵات میدیا بەکاردەهێنیت بۆ بە هەڵەدابردنی ڕای گشتی و شکست پێهێنانی ناوەندەکانی بەرهەڵستکاری.

No comments:

Post a Comment