بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





21/11/2016

ماتریکس (4)، ئێمە و ئێوە و باشووری کوردستان/ ژیربێژی پێوانەکانی بەرهەڵستکاری تا بەرەنگاری / بەشی سێیەم

ژیربێژی پێوانەکانی بەرهەڵستکاری تا بەرەنگاری

سەرەتا بە پێویستی دەزانم ئەو تەم و مژە یەکلایی بکەمەوە کە لە نێوان دوو چەمکدا هەیە، یان ڕاستتر ئەوەیە: لایەنی کەم لەم نووسینەدا دوو چەمکی سەرەکی یەکلایی بکەمەوە بۆ ئەوەی بزانین لە هەر جێکەوت و پێویستییەکدا باسی کامیان دەکەین. ئەم دوو چەمکە لە زۆر زمانی تریشدا جێی ئاڵوزی و لێکچوون و لێتێکچوون و تێهەڵکێشبوونن، چ لە دەربڕیندا چ لە ئەرک و پێناسەدا. هۆکاری سەرەکی ئەم ئاڵۆزییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆر نزیکن لە یەکتر و لە یەک بواردا بەگەڕ دەخرێن و زۆربەی ئەو کەرەستانەی بەکاریان دەهێنن هاوشێوەن. ئەو دوو چەمکە بریتین لە ((بەرهەڵستکاری)) و ((بەرەنگاری))، لەبەشی پێشوودا و لە پەراوێزی ژمارە (٦) دا ئاماژەیەکی خێرامان بەم دوو چەمکە داوە، بەڵام لێرەدا ناچارین وردەکارییەکانی هەردوو چەمکەکە باس بکەین تا بۆ لەمەوپاش باشتر مامەڵە لەگەڵ هەریەکەیان بکەین.

بەرهەڵستکاری، بریتییە لە بەرهەڵستی کردن لەدۆزێک یان پرسێک بەرامبەر بە دۆزێک یان پرسێکی تر، کە یەکەمیان دەبێتە بەرهەڵستی لێکراو، هەروەها دووهەم دەبێتە بەرهەڵست کراو، ئەم بەرهەڵستکارییە، بۆ شتێکی دیاریکراو دەبێت، وەک: بیروڕا، پلانی کار، کردەوە و ستراتیژ.... تاد. لە بەرهەڵستکاریدا هەردوو ڕای جیاواز، تا ئەندازەیەکی گەورە یەک ئاوات و هیوایان هەیە و یەک بەرژەوەندی گشتگیری هەمەکی کۆیان دەکاتەوە؛ بۆ نمونە: یەک دەستوور و یەک بەرژەوەندی نیشتمانی، یان یەک پرانسیپی ئایدۆلۆجی دیاریکراو، بەڵام دەکریت دیدوبۆچوونی پراکتیکی دوو پرسە بەرهەڵستەکە جیاوازبن یان تا ڕادەیەک دونیابینی جیاوازیشیان لەمەڕ مەسەلەیەکی دیاریکراودا هەبێت، بەمەرجێک لێکترازانی بەرژەوەندییە گشتییەکان لە نێویاندا ڕوو نەدات. لەناو هەر ڕێکخراوێکی سیاسی یان لە ناو هەر کۆمەڵگایەکی سیاسی دەکریت چەندین دۆز و پرسی جیاواز هەبن، ئەمانە نابنە بەرهەڵستکاری یەکتر، بەڵکو ئەمانە ڕکابەری یەکتری دەکەن! کاتێک دەتوانین بە (بەرهەلستکار و بەرهەڵستکراو) جیایان بکەینەوە، ئەگەر یەکێکیان فەرمانڕەوا و ئەویتریان فەرمانپێکراو بێت. بەواتایەکی تر بەرهەڵستکاری بەرامبەر بە دەسەڵات دەکرێت و بەبێ دەسەڵات بەرهەڵستکاری نییە (دەسەڵات جۆری زۆرە؛ بۆ نمونە: دەسەڵاتی سیاسی، مەعرفی، ئابووری، یاسایی...تاد).

لە لای دووهەم؛ بەرەنگاری، بریتییە لە بەرەنگار بوونەوەی کاریگەرێک (هێزێک، ڕووداوێک، دیاردەیەک، پرۆسەیەک یان ستراتیژێک...تاد) بە هەموو توانایەکی فیزیکی و نا فیزیکییەوە لەلایەن کاریگەرێکی ترەوە بۆ لابردنی یەکەم. وەک بەرەنگار بوونەوەی داگیرکەر، دوژمنێکی دەرەکی، نەخۆشییەکی کوشندە، کارەساتێکی سروشتی، سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانە، گەندەڵی، سیستەمێکی سیاسی تەواو جیاواز و دژ...تاد. لە بەرەنگاریدا کاردەکرێت بۆ هەڵگرتنی کاریگەرییەکە بە هەر نرخێک بێت و مەرجە هاوزاڵێتی هەبێت، چونکە ئەگەر هاوزاڵێتی نەبێت ئەوا بەرەنگاری درووست نابێت، بەواتایەکی تر بەرەنگاری لەگەڵ ناڕەواییەکدایە، کە ستەم درووست بکات و ئەو ستەمە بگاتە دژابەری تەواو لە نیوان گرۆکاندا.

بەواتایەکی تر، لە کاری سیاسیدا بەرهەڵستکاری، لە یەک چوارچێوەی هاوبەشە هیوادا دەکریت، بەڵام بەرەنگاری لە بەرامبەر شتێک دەکریت کە تا دوا خاڵ دوو هێزە بەرەنگارەکە دژ بە یەکبن، چونکە کاتێک بەرەنگاری لەدایک دەبێت کە بوونی یەکێکیان ببێتە هۆی نەبوونی ئەویتریان. لە زۆربەی زمانەکانی دونیادا ئەم کێشەیە تا ڕادەیەک ئاماددەیە و تێکچڕژانێکی زۆر گەورە هەیە لە نێوانیاندا. گرنگە بزانین جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوانیاندا هەیە بۆ نمونە لە زمانی عەرەبیدا (معارضة و مقاومة) یان پێ دەوترێت، لە زمانی فارسیدا (مخالفت و مقاومت)، لە زمانی ئینگلیزیدا (Opposition and Resistance) لە زمانی ئەڵمانیدا (Opposition und Widerstand)، لە هەندێ زمانیشدا هەمان وشە بۆ هەردووکیان بەکاردێت و لە ڕستەدا لە یەک جودا دەکرێنەوە. لە زمانی کوردیدا و بە پێی چەند فەرهەنگێک بەم جۆرە باس لە هەردوو وشەکە کراوە:
بەرهەڵست:     شتێکە کە یەکێ کارێک بخاو نەیەڵێ سەربگرێ (فەرهەنگی خاڵ[1]).
دوژمن، دژ، لەمپەڕ، کۆست: (بەرهەڵستم زۆرن، بەرهەڵستم دەخەنە ڕێگەوە)(ف[2]) دشمن، مخالف: مانع سر راه (هەنبانە بۆرینە[3]).
بەرەنگار:       گەیشتنی دوو گیاندار بە یەک لووت و بزووت (فەرهەنگی خاڵ).
دەگژاچو، ئاوقا: (ئەو بەرەنگارم بو، منیش بەرەنگاری بومەوە) (هەنبانە بۆرینە).
ئانگژا، ئاوقا، گژ: بەگژ یەک دا چوون، ئانگژا بوون. لە ئاست کەس و کارێک و کارەساتێک دا وەستان و بەربەرەکانی کردن. بەرەنگاری؛ بەربەرەکانی کردن دەگەڵ هەر شتێکی دیکە. (فەرهەنگی کوردی هەرمان[4]).
لە زمانی ئینگلیزیدا و لە فەرهەنگی لۆنگماندا بۆ وتنەوەی زمان بەم جۆرە باس لە وشەی Opposition کراوە:
پەیوەندییەکە لە نیوان دوو شتدا کە لە یەک جیاوازبن لە یەک شتدا، نەک لە چەند شتیکدا، چونکە ئەوکاتە نابنە Opposition بۆ یەکتری. 
In general, the term “opposition” is used when two elements differ in only one feature. So English /k/ and /g/ are said to be in opposition because they differ only in that /g/ is voiced and /k/ is voiceless (see VOICE2). One is less likely to speak of the opposition between /k/ and /b/, because they differ in several ways involving both PLACE OF ARTICULATION and VOICING[5].

بۆیە لێرە بەدواوە هەرکات باسی بەرهەڵستکاریمان کرد، ئەوا مەبەستمان لە بەرهەڵستی کردنە لە ئاراستەیەکدا، واتە هەمان هیوای گشتی دوو ئاراستەکە (بەرهەڵستیکراو و بەرهەڵستکار) کۆدەکاتەوە و لەو دوانەشدا یەکەمیان فەرماندارە و ئەوەی تریان فەرمانپێکراو (دەسەڵات و حوکمکراو).

تا ئەو شوینەی دوو پێکهاتەی جیاواز لە یەکتر هەمان بەرژەوەندی گشتی و یەک چەتری هیوای هاوبەش بتوانێت هەردووکیان لەخۆبگرێت، ئەوا دەتوانین بە دەسەڵاتدارەکەیان بڵێین بەرهەڵستیکراو، بە حوکمکراوەکەشیان بڵێین بەرهەڵستکار. لەگەڵ ئەم دوانە لە ژێر هەمان چەتری هیوادا ترازان و جێگایان نەبوەوە، ئەوا سێ بژاردە دەکەوێتە بەردەمیان: یەکەم و دووهەم؛ ئەکرێت چەتری هیواکانیان کەمێک فراوان بکەن و ببنە جێگرەوەی یەکتر، یان ئەگەر چەتریکی هاوبەشی فراوانتریش کۆیان نەکاتەوە ئەکرێت ببنە ڕکابەر لەسەر هەمان دەستکەوت و هەمان پێگە و بەرژەوەندی (ماددی بێت یان ناماددی) ئەوکات دەبێت و پێویستە چەترێکی هیوای گەورەتر و لەدەروەی خۆیان هەبێت بۆ کۆکردنەوەیان. ئەگەرنا، لە دۆخی نەبوونی هیچ بەرژەوەندی و هیوایەکدا، لە دۆخی نەبوونی هیچ گونجاوی و هاوتەباییەکی دیاریکراودا؛ دووهەم بژاردە دێتە پێشەوە کە دەبنە دژابەر بە یەکتری و ئەگەر یەکێکیان لە پرۆسەی دژابەریدا توانی زاڵ ببێت (کە لە ڕووی تیۆرییەوە هەر بەو جۆرە دەبێت) ئەوا ئەوەیتریان دەبێتە بەرنگاری. بەواتایەکی تر دوو هێزی بەرەنگار هیچ پرس و بەرژەوەندییەک نییە کۆیان بکاتەوە و لە زیاتر لە پرسێکی ستراتیژیدا دژ بە یەکترن، نەک تەنیا سەبارەت بە یەک پرس. ئالێرەوە پانتاییە خۆڵەمێشییەکان زۆر زیاد دەکەن، زۆرجار هەیە لێمان تێکەڵاو دەبێت ئایا ئێمە بۆ یەکتر بەرهەڵستکارین، جێگرەوەین، ڕکابەرین، یان دژابەرین بە یەکتر و بەرەنگاری یەکتری دەبینەوە.

تا ڕادەیەک بەرهەڵستکاری و بەرەنگاریمان باسکردن و بۆمان دەرکەوت کە ئەم دوو چەمکە پەیوەندیدارن بە دەسەڵات و حوکمکراوەوە. کەواتە بەرژەوەندییەکان حوکمی پەیوەندییەکانیان دەکات، ئەو بەرژەوەندیانە ماددی بن یان ناماددی. بەو جۆرەش دوو جۆر پێوانە هەن کە خەسڵەتی بەرهەڵستکاری و بەرەنگاریمان بۆ پێوانە دەکەن. پێوانەی بەرژەوەندییە ماددییەکان و پێوانەی بەرژەوەندییە ناماددیەکان. بەرژەوەندییە ماددیەکان هەموو دەستکەوت و پێکهاتەیەکی ماددی لە خۆدەگرن کە بەها و نرخێکی ماددیان لە بازاڕی ئابووریدا هەبێت (وەک: کاڵا، خزمەتگوزاری، نەخت..تاد). بەرژەوەندییە ناماددییەکانیش، هەموو ئەو بەها و پرانسیپ و دونیابینی و دەستکەوتە مێژوویی و مەعنەویانە دەگرنەوە، کە جاری وا هەیە مرۆڤ هەموو ژیانی خۆی لە پێناویاندا دەبەخشێت و بۆیان دەژی.

هەرکات بمانەوێت بەرژەوەندییەکان شرۆڤە بکەین، بەتایبەت بەرژەوەندییە ماددییەکان، دەبێت لە وانەیەکی ژیربێژی تێبگەین کە بە چوارگۆشەی بەرهەڵستکاری[6] ناسراوە، ئەم چوارگۆشەیە بە پلەی یەک بنەمای بەرهەڵستکارییەکە بۆ بەرژەوەندییە بەرجەستەکراوەکان ڕاستترە لە بەرژەوەندییە ئاماژەییەکان[7]. چوارگۆشەی بەرهەڵستکاری بەم شێوەیەی خوارەوە نەخشە دەکرێت:

ئەو نەخشەیەی سەرەوە چاویلکەیەکە بۆ ئەوەی ببینین لە کوێدا هێز و بیرکردنەوە و ڕاکان دەبنە بەرهەڵستکاری یەکتر و بە پێی چ لۆجیکێک دەبنە بەرەنگاری یەکتر یان فۆرمەکانی تری پەیوەندی لە نێوانیاندا. بۆیە کاتێک سەیری پارتە سیاسییەکانی باشوور دەکەین و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداردا یان لەگەڵ یەکتردا پێوانە دەکەین، بەپێوانەی بەرژەوەندی ماددی، ئەوا دەتوانین بزانین لە چ شوێنێکدا بەرژەوەندییەکان یەکدەگرنەوە بۆ ئەوەی ئەم پارتانە پێکەوە ئیئتیلاف درووستبکەن یان ببنە بەرهەڵستکاری یەکتر..تاد. ئایا هەموو ئیئتیلاف و دژایەتییەکانیان هیچ مانا و بایەخێکی هەیە؟ یان ئایا هەریەک لەو هەڵوێستانەیان بەرامبەر بە یەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و غەریزییە بە بێ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە؟ بە هەمان شێوە لە ناو هەمان ڕێکخراوی سیاسیدا قسەکان ڕاست دەردەچن! لەناو هەمان ڕێکخراودا ژیربێژییەکە پشت بە بەرژەوەندی فراکسیۆنە جیاوازەکانی ئەو ڕێکخراوە دەبەستێت. کاتێک دوو هێز هیچ بەرژەوەندییەکی بەرجەستەکراویان لە نێواندا نامێنێت، ئیدی ئەگەری زۆری هەیە ببنە بەرەنگاری یەکتر بەتایبەت ئەگەر بەرژەوەندییە ناماددییەکانیان زۆر لاواز بێت یان هەر نەیان بێت. هەروەها دەبنە پێچەوانەی ئەوانەی کە بەرژەوەندییەکیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، جا گرنگ نییە ئەو بەرژەوەندییە زۆرە یان کەمە. بۆیە دەبینیت یارییە سیاسییەکان لەسەر بنەمای کەمی و زۆری دەستکەوت بەڕێوە دەچن نەک لەسەر بنەمای جیاوازی بنەڕەتی لە بەرژەوەندییەکاندا، باشترین نمونە ئەو پارتە سیاسییە بچووکانەن کە خۆیان بە هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە هەڵواسیوە و لەسەریان دەژین، کە زۆرجار دەبینین بەها و بنەما ناماددییەکانیان چکۆلەترین ڕەنگدانەوەی واقعیانەی نییە[8].

ئەگەر بەرژەوەندییەکی بەرجەستەکراوی وەک سامانە سروشتییەکان وەر بگرین، دەبینین "پارتێکی سیاسی" وەک "بنەماڵەی بارزانی" دەسەڵاتدار بەپێی شەرعیەتێکی هەڵەتاو، دەستی بەسەردا گرتوە. گرفت لەوەدایە کە ئەو دەسەڵاتە مافی ئەو دەست بەسەردا گرتنەی نییە! جا کاتێک پارتێکی سیاسی تر دێت و بەشێک لەم دەستکەوتە داگیرکراوەی دەست دەکەوێت بێگومان ئەو کاتە ئەویش دەبێتە بەشێک لەو دەسەڵاتە ستەمکارەکە، هەر بۆیە دەبێتە هێزێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لەلایەن خەڵکەوە نەک ببێتە بەشێک لە بەرهەڵستکارییەکی ئاسایی، یان تەنانەت ببێتە ئەڵتەرناتیڤێکیش بۆ دۆخە سیاسییەکە.
  
با بێین کەمێک وردتر ئەو چوار گۆشەیە بەسەر هەموو نمونەکەی سەرەوەدا تەواو شرۆڤە بکەین، بەڵام بە سادەیی، ئەبینین "پارتی" گرفتی گەورەی حوکمڕانییە لە کوردستاندا، سەرچاوەی گرفت و قەیرانە سیاسی و ئابووری و ئیداریییەکان...تاد. ئەوا با وای دابنێین کۆی ئەم گرفتە (أ) بێت. کاتێک هەر پارتێکی سیاسی بێت و بخوازێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ (أ) بکات، ئەوا دووچاری حوکمێکە و ناکرێت لە هیچ کاتێکدا بەرژەوەندییە مادییەکانی بەشێک بن لە (أ). کەواتە هیچ (ب) ێك نابێت (أ) بێت، لە باری نمونەییدا! یان لایەنی کەم، ئەگەر دەیەوێت لەیەک چوارچێوەدا بەرهەڵستکاری کێشەی (أ) بکات، دەبێت لایەنی کەم بەشێک لە (ب) بریتی نەبن لە (أ) {بۆنمونە، بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕووی جەماوەرییەوە تا ئەو شوێنە سەرکەوتوو بوون کە بەرژەوەندییە ماددییەکانیان بەشێک نەبوو لە بەرژەوەندییە ماددییەکانی ئەو قەیرانەی پارتی درووستی کردوە و پێی دەڵێت حوکمڕانی}. کاتێک دێینە سەر ئەم ژیربێژییە بە پێوانەی بەرژەوەندی گشتی ئەوا بڕ و جۆری قەیرانەکانی (أ) دەستنیشانی دەکەن کە ئەو پارتە دەتوانێت کام داناییە هەڵبژێرێت. لەیەک چوارچێوەدا ببێتە بەرهەڵستکاری یان لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیە ببێتە بەرەنگاری، کە ئەمە بەتەنیا بەهۆی بەرژەوەندییە ماددیەکانەوە پیوانە ناکرێت و ناچارین بەرژەوەندییە نامادییەکانیش لێک بدەینەوە. بۆ نمونە ئەگەر بێین، هێزە ئیسلامییەکان وەک فاکتەرێکی بەهای مەعنەوی بخەینە ناو هاوکێشەکەوە، ئەوا دووچاری تەڵەیەکی پێکەوەیی دەبین لەلایەک تەڵەیەکی ماددی، لەلایەک تەڵەیەکی کولتووری، کە هەر چۆنێک بجووڵێینەوە یەکێکیانمان پێدا دەتەقێتەوە، بۆیە لە دۆخی ئاوادا هێزی سیاسی پێویستی بە شیکردنەوەی چوارگۆشەی جیاجیا و مەلەفی جیاجیا هەیە کە کاریان لەسەر بکات و وەرەقەکان ناکرێت تێکەڵاو بکرێن. بۆیە بەپێی ژیربێژی ئەم چوارگۆشەیە، هەر هەمان بزووتنەوە کاتێک مەلەفەکان تێکەڵاو دەکات، دووچاری هەمان نەخۆشییە باوەکان دەبێتەوە. بۆ ئەوەی لە باسە بنەڕەتییەکەمان زۆر نەچینە دەرەوە، دەگەڕێینەوە سەر جۆرێکی تر لە بەرژەوەندییەکان (ناماددییەکان).

کاتێک باس لە بەرژەوەندییە ناماددییەکان دەکەین، قسە و باسمان لەسەر بەها و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و بیرمەندییە ناماددییەکانە، کە هەروا بە خێرایی تیشکێک دەخەینە سەر ئەو پێوەر و بابەتانەی بەرژەوەندییە ناماددییەکانمان بۆ دیاری دەکەن! یەکەمیان، چەند پانتاییەک دەگرێتەوە لە بیروڕا و تێز و پێشنیار کە جیاوازن لە شتێکدا یان لە چەند شتێکدا و لە قۆناغی دەربڕین و تاوتوێکردندان و لە قۆناغێکدا پێکەوە دەژین کە هیچ ململانێیەکی بەرژەوەندی بەرجەستەکراو لە نێوانیاندا درووست نەبووبێت؛ ئەوکات، پێیان دەڵێین (جیاوازەکان). دووهەمیان؛ جێگرەوەکان (ئەڵتەرناتیڤەکان)، ئەو جیاوازانەن کە کار بۆ هەمان دەستکەوت دەکەن و هەمان پێشبینیان هەیە، بەڵام ڕێگای گەیشتن بە پێشبینییەکانیان جیاوازە، بۆیە بە شێوەیەکی بەشەکی یەکترن و لە گشتدا جیاوازن، لەم بارەدا دەبنە جێگرەوەی یەکتر. سێیەم؛ ڕکابەرەکان، ئەو جیاوازانەن لەسەر هەمان دەستکەوت هەروەها لەسەر دوو تێزی جیاواز لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکە، ئەشێ یەکێکیان لەویتریان بەهێزتر بێت، بەڵام نە لەڕووی یاساییەوە نە لەڕووی هێزی واقعیەوە هاوزاڵییەکانیان یەکلایی نەبوونەتەوە و بە ئاشکرا دەستنیشان نەکراون. چوارەم؛ دژەکان، ئەمانەش هەموو ئەوانەن کە بە تەواوی دژ بەیەکترن و بوونی یەکێکیان دەبێتە هەڕەشە بۆ سڕینەوەی ئەوی تریان، لەم بارەشدا گرنگ نییە کامیان دەسەڵاتدار و بەهێزن، یان کامیان بێدەسەڵات و لاوازن.

لەسەرەتادا گرنگە لە هەر چوار پەیوەندییە سەرەکییەکەی بەرژەوەندیداری (هاوبەشەکان، جێگرەوەکان، ڕکابەرەکان، دژابەرەکان) تێبگەین بە پێوانەی بەرژەوەندییە ناماددییەکانیان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاستەمە بتوانین لەم پەیوەندیانە تێبگەین بە بێ باسکردنی چوار چەمکی گرنگ کە دەستنیشانکەری هەمان پەیوەندین ئەوانیش (ئاوات، هیوا، ئامانج و مەبەست (یان کەرەستە)) ن.

پەیوەندی هاوبەشەکان؛ ئەو پەیوەندییەیە، کە دوو یان زیاتر لە لایەنێک (کەسێک یان هێزێک) پێکەوە لە هەمان دۆخ و ژینگەدا بەرەژەوەندی و چارەنووس و خواستیان چونیەکە و دابین بوونی بۆ یەکێکیان بەقازانجی ئەوانیتر دەکەوێتەوە کە هاوبەشن لەگەڵیدا.

پەیوەندی جێگرەوەکان؛  ئەو پەیوەندییەیە، کە دوو یان زیاتر لە لایەنێک (کەسێک یان هێزێک) پێکەوە لە هەمان دۆخ و ژینگەدا بەرەژەوەندی و چارەنووس و خواستیان هاوشێوەیە و دابین بوونی بۆ یەکێکیان بەقازانجێکی کەمتری ئەوانیتر دەکەوێتەوە، کەلەسەر هەمان ستراتیژن و پێکەوە هاوبەشن، هەمیشە جێگرەوەکان مەبەستی کارەکانیان جیاوزە و زۆرجار ستراتیژی کورت مەودایشیان جیاواز دەبێت.

پەیوەندی ڕکابەرەکان؛ ئەو پەیوەندیەیە کە دوو یان زیاتر لە لایەنێک (کەسێک یان هێزێک) پێکەوە لە هەمان دۆخ و ژینگەدا هاو بەرژەوەندی و هاو چارەنووسن و خواستی نا چوونیەکیان هەیە و دابین بوونی ئەو خواستانە بۆ یەکێکیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبێتە هۆی کەم بوونەوە یان گۆڕانی چۆنایەتی خواستەکانی ئەوانی تر کە جیاوازن لەگەڵیاندا و ئەم جیاوازییە بە شێوەیەکی بەرچاو ژیانیان دەگۆڕێت.

پەیوەندی دژابەرەکان؛ ئەوە پەیوەندیەیە کە دوو یان زیاتر لە لایەنێک (کەسێک یان هێزێک) پێکەوە لەهەمان دۆخ و ژینگەدا بەرژەوەندی و چارەنووس و خواستیان پێچەوانەیە بە یەکتر و دابین بوونی خواستەکانی یەکێکیان دەبێتە هۆی دابین نەبوونی خواستەکانی ئەوانی تر کە دژبەیەک دەوەستنەوە لەگەڵ یەکدا.

جارێکی تر دەمەوێت جەخت لەسەر خاڵێکی گرنگ بکەمەوە، زۆرجار هەیە مرۆڤ کە باس لە بەرژەوەندی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەکەیت، تەنیا خەیاڵ و بیرکردنەوەی بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەچێت. هەرچەندە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان زۆر سەرەکین و بەشی گەورەی بەرژەوەندییەکان دیاریدەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان نین و بەڵکو بەرژەوەندی بیر و هەژموون و دید و شێوەی تێڕوانین لە ژیانیش بەشێکن لەو بەرژەوەندیانە. ئەو چەمکانەی پەیوەندییە بەرژەوەندیدارەکان دیاریدەکات و جیایان دەکاتەوە ئەمانەن:

ئاوات: بریتیە لە گوزارەی ئەو کۆمەڵە هیوایەی مرۆڤ وەک دوا تروسکەی گەشی ژیان لەلای خۆی لێی دەڕوانێت و دوای بەدەست هینانی ئاواتەکانی شتێکی نامێنێت لە بووندا بۆی بەردەوام بێت. هەمیشە ئاواتەکان دوورمەوتداترین و هەمەکیترین خواستن و بە پێی تێگەیشتن و فراوانی دیدی مرۆڤەکان دەگۆڕدرێن. (جاری وا هەیە ئاواتەکانی مرۆڤێک ئەوەندە چکۆلە دەبنەوە لە گەیشتن بە مەرگی بکوژێکدا کۆدەبێتەوە، جاریش هەیە ئاواتەکان ئەوەندە گەورە دەبن ئاسوودەیی و خۆشبەختی هەموو مرۆڤێکی ئەم دونیایە و تەنانەت گیاندارەکانی تریش دەگرێتەوە...تاد) لە پەیوەندییە دژەکاندا ئاواتەکان ناچوونیەک و دژ بە یەکترن. ئاواتەکانی مرۆڤ تاک بێت یان گرۆ، گەر بەدەستیش نەیەن گرنگن، چونکە هیزی بزوێنەرن بۆ بەردەوامی هەوڵەکانی ئەو مرۆڤانە.

هیوا: مرۆڤەکان تاک بن یان گرۆ، هیوایەک کە شایستەی بەدەستهاتنە کۆیان دەکاتەوە، ئەوەی هیوا لە ئاوات جیادەکاتەوە، توانای بەدەستهاتنەکەیەتی، کە لە هیوادا توانا و ئەگەری بەدەستهاتن بەرزترە و مرۆڤ هەرکات توانی ئامانجەکانی بپێکێت و پلانەکانی وەک پێویست جێبەجێ ببن ئەوا هیواکان شتێکن پییان دەگات. مرۆڤ و گرۆ دژ بەیەکەکان و تا ئەندازەیەک ڕکابەرەکانیشیان لە هیواکانیاندا جیاوازن و کار بۆ هیوای هاوشێوە ناکەن. ئەگەرچی ڕێکەوت دەبێت گرۆ ڕکابەرەکان هیوای هاوبەشیان هەبێت و بیانەوێت لە ڕێگای ئامانجی جیاوازەوە پێی بگەن، بەڵام ناکرێت دژەکان هیواکانیان هاوبەش بێت.

ئامانجەکان: ڕەنگدانەوەی خواستی پێوانەیی پرۆژەکانی مرۆڤ و گرۆ مرۆییەکانن. واتە خواستێکن بە پێوانە و بە دیاریکراوی مرۆڤ لە دۆخێکەوە دەبەنە دۆخێکی جیاوازتر و بە پێی بەدەستهاتنی ئامانجەکان مرۆڤ لەگەڵ هیوا و ئاواتەکانی خۆیدا نزیک دەبێتەوە، بۆ ئەم نزیکبوونەوەیە پێویستە ئەو گۆڕانکارییەی بە هۆی ئامانجێکەوە بەدەست دێت لەگەڵ ڕەوتی هیوا و ئاواتەکاندا هاوئاراستە و ئەرێنی بێت. تەنیا مرۆڤە هاوبەشەکان و تا ڕادەیەک جێگرەوەکان ئامانجی چونیەکیان هەیە و ڕکابەر و دژەکان ئامانجەکانیان تەواو جیاوازە.

مەبەست[9] (کەرەستە): چکۆلەترین هەنگاو و پلان و کەرەستە دەگرێتەوە کە بەهۆیەوە بەشێک لە پێویستییەکانی ئامانجێک یان چەند ئامانجێک دیاریدەکات و تەنانەت مرۆڤ و گرۆ مرۆییە هاوبەشەکانیش مەرج نییە هەمان مەبەست بەکار بهێنن بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانج و لەو پنتەوە دەرفەت بۆ بەرهەڵستکاری و پێشکەوتن درووست دەبێت. ئەوەی سەیرە لە مەبەستێکدا، جار هەیە کە دژەکان و جیاوازەکان و هاوبەشەکانیش هەموویان هەمان مەبەست بەکار دەهێنن بەڵام بە ئاراستە و خواست و چۆنێتی جیاواز تا بەهۆیەوە دژایەتی یەکتر یان ململانێی یەکتر یان پشتیوانی یەکتری پێ بکەن لە نێوان دژەکان و جیاوازەکان و هاوبەشەکاندا (یەک لە دوایەک)، باشترین نمونە لەم بوارەدا میدیای ئازادە!

هەر یەکێک لەمانە دیاری دەکات کە پەیوەندییەکان پەیوەندی پشتیوانی و درووستکردنی یەکترییە لە نێوان جیاوازەکاندا یان بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکن بۆ یەکتری ڕووخاندن و سڕینەوەی یەکتر. بەشێک لەمانە سرووشتین و لە نێوان هێزە جیاوازەکاندا ڕوو دەدەن، بەشێکیشیان ناسرووشتین وەک ئەوەی لە باشووری کوردستاندا بە کاریگەری هۆکاری تر ئامادەییان هەیە. بەرهەڵستکاری لە نێوان پشتیوانەکاندا بەکار دێت و ڕۆڵی گرنگی هەیە لە بەرەوپێش بردنی دۆزێک و دۆخێکی دیاریکراودا. خۆ ئەگەر بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی چەمک و فاکتەری بەرەهەڵستکاری نەبوایە، ئەوا مرۆڤایەتی نەک هەر پێشکەوتنی بە خۆیەوە نەدەبینی، بەڵکو ئاستەم بوو ژیانیش بە ڕێوە بچێت تا ئەم شوێنەی ئێرە. (لە بەشەکانی داهاتوودا بنەڕەت و دۆخەکانیان لە باشووری کوردستاندا ڕوون دەکەینەوە).



[1]  محمدی خاڵ.
[2]  لە فەرهەنگەکەدا مەبەست لە وشەکەیە بە زمانی فارسی.
[3]  هەژار، چاپی شەشەم ٢٠٠٩ فەرهەنگی فارسی کوردی.
[4]  عەلی نانەوازادە، هەولێر ٢٠٠٥.
[5] LONGMAN, Dictionary of Language Teaching and Applied Language. Third Edition 2002.
[6]  چوار گۆشەی بەرهەڵستکاری بریتییە، لەو چوارگۆشە ژیربێژییەی بۆ یەکەمجار هاوکێشە بنەڕەتییەکانی و سەرەتاییەکانی  لەلایەن فەیلەسوفەی ناسراو ئەرستۆتالیسەوە لەوانەی ژیربێژیدا هێنرایە بواری گفتوگۆ و دواتر لەبواری ژێربێژیدا چەندین تیۆری تری لێوە داتاشراوە. ئەم چوارگۆشەیە چەند جارێک نوێ کراوەتەوە و ڕەخنەی جدی لێ گیراوە، بەڵام هێشتا کاریگەری و ڕۆڵی زانستی خۆی لە دەست نەداوە، بەڵکو بەکارهێنانەکانی فراوان بوون هەر چۆن کەرەستەکانی ژیربێژی سەرەتاییترین کەرەستەکانی فەلسەفەی سیاسی و تیۆرییە بنەڕەتییەکانی کارگێڕین.
[7]  بەرژەوەندییە بەرجەستەکراوەکان ئەوانەن کە ڕاستەوخۆ دەکرێت پیوانەیان بۆ بکەین جا ئەگەر ماددی بن یان ناماددی، بەڵام بەرژەوەندییە ئاماژەییەکان بەرئەنجامی ڕووداوەکان و لێکەوتنەوەی دەستکەوت هەستیان پێ دەکەین بە هۆی ئاماژەیەکی ماددی یان ناماددی ترەوە.
[8]  لێرەدا قسە لە سەر گەورە و چکۆلەیی هێزەکان نییە، چونکە هەر یەک لەو پارتانە، بە پێی دەستوور و لەسەر بنەمای بوونی کۆمەڵایەتییەوە لە دایک نەبوون یان ژیانیان بەردەوام نییە، واتە ئەکرێت بەهۆی ساتەوەختێکی مێژوویەوە لە منداڵانی کۆمەڵگاوە هاتبن، بەڵام دواتر ژیانیان بەشێوەیەکی سروشتی بەڕێوە ناچێت. ئەم پرسەش پرسێکی دوورودرێژە و لەوانەیە لە بۆنەی تردا بتوانین لێکدانەوەی بۆ بکەین.
[9]  لێرەدا وشەی (مەبەست) بە شیاوتر دەزانم لە کەرەستە، چونکە کەرەستە بگۆڕێکی ماددیە، بەڵام مەبەست دەکرێت ماددی بێت دەکرێت ناماددی بێت بۆ ئەوەی بەکاریبهێنین و بەهۆیەوە بگەینە شتێک.

2 comments:

  1. دەست خۆش کاک سۆران

    ReplyDelete
  2. دەست خۆش کاک سۆران . ڕێزم بۆ ماندوو بونت

    ReplyDelete