بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





25/11/2016

هەرجارەی باسێک ژمارە-21

شۆڕش و زەبری شۆڕشگێڕانە یان ڕەشەکوژی

تابلۆی هونەرمەندی بەڕێز "عومەر دەروێس" بە سوپاسەوە

کاتێک خەڵکی کوردستان بیت و نەتوانیت بێ بیرکردنەوە لە گرفتەکانی ئەو وڵاتە بژیت، ئەوا چەند سەرقاڵ بیت یان بتەوێت خۆت بە ژیانەوە سەرقاڵ بکەیت؛ کەچی هەر ناچاریت لایەنی کەم ڕۆژی جارێک بیر لە چارەسەری گرفتەکانی مەملەکەتەکەت بکەیتەوە. ئەشێ سەردار و سەرخێڵەکان بە مەملەکەتی خۆیانی بزانن، بەڵام لە ڕاستیدا خاوەندارێتی داگیرکەر زۆری جیاوزە لە خاوەندارێتی ئاوارەیەک. بەهەرحاڵ ئەگەرچی، لە پرانسیپێکی ستراتیژییەوە باوەڕم بەوە نییە چارەسەرەکان بڵاو بکەینەوە، چونکە ئەوانە تەنیا بۆ کارکردنن نەک بۆ زانین، بەڵکو زانینیان پاش جێبەجێکردن دەبێت، بەداخەوە زۆرجاریش هەیە بەدبەختی و نەشارەزایی گەلی کوردستان و دووری بیرکردنەوەکان لە زانست و چارەسەری ژیرهۆشانەوە وامان لێ دەکات ناچار ببین هەندێک شت بڵاو بکەینەوە. بۆ نمونە باسی ئەمجارەمان.

ڕۆژی ٢٣ ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦ لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستان هاونیشتمانییەکمان کە ئەندامێکی کارای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە بە ناوی (د. هوشیار ئیسماعیل) ـەوە ڕەشەکوژکرا. ئەم کردەیە، یەک دونیا گومان و ناڕەزایەتی و شادمانی بە دوای خۆیدا هێنایە ناو کەناڵەکانی میدیای کوردستانەوە، بەتایبەت باشووری کوردستان. ئەوەی دەستی قەڵەم دەگرێت و ئەوەی هۆشێکی بێت لە کۆمەڵگایەی ئێمەدا بەجۆرێک لە جۆرەکان بەسەر ئەم سێ ڕا سەرەکیدا دابەش دەبن. خەڵکێک هەیە خۆشحاڵە لەو کردارە و بەلایەوە کارێکی باشە کە بانگخوازێکی ئیسلامی کوژراوە. دووهەم گرۆ، ئەوانەن کە دژی هەموو جۆرە ڕەشەکوژییەکن و بەلایانەوە گرنگە کوشتن و چارەسەری توندڕەوانە نەمێنێت لە کوردستاندا و ئازادی ڕا دەربڕین و دەرفەتی یەکسانی خەبات بۆ هەموان ئاوەڵا بێت و کۆمەڵگاکەمان ببێتە ژینگەیەکی تەندروست بۆ گەشەی سیاسی، تەنانەت ئەمە بۆ نەیارەکانی خۆشیان بە ڕەوا دەبینن. هەرچی ڕای سێهەمە، ئەوانەنە کە نایانەوێت هیچ بڵێن. لە ڕاستیدا، لەبەر ئەوەی پرسەکە هێندە ئاڵۆزە نازانن پشتیوانی لێ بکەن یان دژی بوەستنەوە و هەر لایەنێکیان بگرن هەست دەکەن حەقی خۆیانیان نەداوە بە پرسەکە. لەبەر ئەم هۆکارە بەلایانەوە باشە بێدەنگی لێ بکەن و هیچ نەڵێن. ئەم ڕایانە کەناڵەکانی میدیا و گەورە "ڕۆشنبیر"[1] و "بیرمەند"ەکانیشی گرتوەتەوە، ئەوە ئەگەر هەبن.

گرۆی ڕاکان لە هەموو نیوەندەکاندا هەن و هەر یەک بە جۆرێکن، لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵاتداران هەر یەکە بە خواستی خۆی سوود لەم بۆنەیەش دەبینێت و کۆی دەسەڵات بۆی گرنگە پرسێکی گەرمتر هاتوەتە پێشەوە بۆ مەشغوڵکردنی خەڵک، من ئەگەر تەنیا لەلای خۆمەوە بیبینم، دەبینم بە پرسێکی لاوەکییەوە خەریکم جارێکی تر، پرسەکە لاوەکییە چونکە پرسی ڕۆژە و ڕێگرە لە بیرکردنەوەی ستراتیژی! بیرکردنەوەی ستراتیژی، دەخوازێت من بیر لە هەموو ئەوانە بکەمەوە کە دەبنە قوربانی، کێشەکە سۆزی من نییە لەگەڵ تاکە کەسێک. ئەگەر هەر یەکێک لەم ڕایانە بەشێوەیەکی خێرا ببینیت، ئەوا دەبینیت هەموویان ڕەواییەکی خۆڕسکیان هەیە و تا ئەندازەیەک پەسەندن. بەم جۆرەی لای خوارەوە:

بەرەی یەکەم: خۆشحاڵەکان، ئەم بەرەیە ئیسلام بە سەرچاوەی تیرۆر دەبینن و باوەڕیان وایە هەرچی لە سەراسەری ئیسلامدا هەیە بانگەشە بۆ تیرۆر دەکات و تیرۆر دەبێت بە تیرۆر وەڵام بدرێتەوە. زیاتر لایان وایە ئەوەی بچێتە مزگەوتەکان یان نەزانە یان پشتیوانی لە ڕەوتە سونی و شیعە توندڕەوەکانی ئیسلام دەکات و هەریەکەیان لە قۆناغێکدا ئەو پشتیوانییە دەکەن و هەریەکەیان بە جۆرێک. ئەگەر بیروباوەڕی تاکەکەسی لەم بۆچوونە نەخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە، واتە ئازادی ئایینی دەرکەنار بکەین لە باسەکەمان[2]، ئەوا بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم گرۆیە ڕەوایی لە ڕاکەیاندا هەیە، لەهەمان کاتیشدا تێڕوانینیان لەڕووی مرۆیی و ڕەوایی یاساییەوە لەژێر پرسیاردایە.

بەرەی دووهەم: دژەکانی ڕەشە کوژی، لە تێگەیشتنێکی لیبراڵانەوە یان لە تێگەیشتنێکی پاسیفیستانەوە بۆ ئازادی، باوەڕیان وایە ناکرێت نەیارەکانیشت بەسزای مردن بگەیەنرێن، ئەگەر تەنانەت تاوانکاریش بن، و باشترە کۆمەڵگا ڕێگای ڕاستکردنەوە بۆ تاوانباران بگرێتە بەر. ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆریان خۆیان بە "سێکویلار" دەبیننەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دژی ئەو باهۆزەن کە دەیەوێت توندوتیژی و سزای مردن بکاتە بەهانە بەرامبەر نەیارە ناسێکویلارەکانیان. بۆیە سەرسەختانە ڕایان وایە کە دەبیت دژی تیرۆر بن ئەگەر بەرامبەر تیرۆریستانیش بکرێت نەک بانگخوازێکی پارتێکی سیاسی، کە "شەرعیەتی[3]" لە حکومەتی هەرێمەوە وەرگرتوە.

بەرەی سێیەم: بێدەنگەکان، لە نێوان دوو بەرەی پێشوودا، ون بوون. لەلایەک دژی توندڕەوی ئیسلامن و ڕۆژانە لە کەناڵەکانەوە بانگەشەکانیان دەبینین بۆ توندڕەوی و ڕەشەکوژی، لەلایەکیش باوەڕیان وایە توندڕەوی ئاکامێکی باشی نییە. هەر بەم هۆکارە هەڵبژاردنی بێدەنگی یان سووکە توانج و ڕای شەرمنانە لێرە و لەوێ هەست پێدەکەین. ئەم گرۆیە لە ژێر گوشاری هەردوو گوتارەکەی تردان، گوتاری بەرەی یەکەم کە داوادەکات خۆشحاڵبن بە مەرگی داعشێکی شاراوە، هەروەها لەژێر گوتاری بەرەی دووهەمدان کە دەبیت کۆمەڵگا لە توندوتیژی ڕزگاری ببێت.

هەموو ئەم ڕایانە (جگە لە ڕاکانی دەسەڵات) لەیەک کاتدا ڕەواییان هەیە و لەیەک کاتیشدا بێمانا و بێ بنەمان. ئەم دەرئەنجامەش ئەو قسەیە پشت ڕاست دەکاتەوە کە (کۆمەڵگای مەدەنی لەیەک کاتدا باشە وهەر لە هەمان کاتیشدا خراپ[4]). دەرکەنارکردنی ڕاکانی دەسەڵات گرنگن، چونکە لەلایەک دەسەڵات بەشێک نییە لە کۆمەڵگای مەدەنی؛ و لەلای دووهەمیشەوە دەسەڵات لە پرۆسەکانی تیرۆرکردنی ئازادیدا تا ئیستاش یەکەمین تاوانبارە، بەپێی ئەو بەڵگەیەی هیچ کام لە ڕووداوەکانی تیرۆریان یەکلایی نەکردوەتەوە و تیرۆریستانیان ئاشکرا نەکردوە. کۆی ئەم سێ ڕایە، لەبەر ئەوەی بەرئەنجامی زاڵبوونی سۆز[5] یان زاڵبوونی هۆشیارییەکی دیاریکراوە بەسەر ژیرهۆشیدا[6] بە ناچاری بێمانا دەکەوێتەوە، لایەنی کەم لەیەکێک لە دیدگاکانەوە. ئەم جۆرە لە ناکۆکی و نا تەبایی لە تێگەیشتندا ئەگەرچی فرەیی ڕای پێوەدیارە، بەڵام لەبەر نەبوونی ئارگومێنتی ڕوون و تەنیا فڕێدانی قسە وا دەکات بەدحاڵی بوونی کۆمەڵایەتی بەرفراوانتر بکات.

هەریەکێک لەم سێ بەرەیە، ڕەوایی و ناڕەوایی خۆی هەیە، ئەوەش بە پلەی یەک دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی پرسی ڕەوایی بە پێوانەی گشتی، کە هەموویان دەرگیری ئەم گرفتانەی خوارەوەن:
یەکەم: گرفتەکانی توندڕەوی، تێپەڕ بوونی کۆمەڵگا بە مێژوویەکی دوورودرێژدا لە توندڕەوی جۆرێک لە بەربەستی درووست کردوە کە ماوەی پتر لە بیست ساڵە زەبری شۆڕشگێڕانەی خستوەتە ژێر پرسیارەوە و هەندێ جار بانگەشەکردن بۆ ناتوندوتیژی خەریکە زۆر ساویلکانە خەباتی چەکداری باکوری کوردستانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە لەگەڵ دڕندەترین دوژمنی ئەمڕۆی سەر ئەم زەویە دەرگیرە، ئاوێتەی ئایینی تۆقاندن و ناسیونالیستی تورکی.

دووهەم: گرفتەکانی خەباتی ئاشتیخوازانە، هەندێ نمونەی مێژوویی لێرە و لەوێ لە جیهاندا وای کردوە جڤاتی شۆڕشگێر و ڕووناکبیری نازانستی کوردستان هەمیشە تەنیا یەک ئاسۆی ئەزموونەکان بخوێننەوە. ئەگەر خەباتی ماهاتما گاندی وەربگرین بە نمونە و لە هەموو قۆناغەکانی بکۆڵینەوە، ئەوا زۆر بەکورتی دەڵێین ئەو دەرفەتە مێژوویەی نیوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم نەبوایە و پێشینەی مێژووی کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هیندستانی بەریتانی نەبوایە، کە لەماوەی سەدەی شانزە تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەی خایاند، ئەوا هەرگیز خەباتێکی ئاشتیخوازانەی وەک ماهاتما گاندی بەری نەدەگرت و سەرکەوتوو نەدەبوو. لیرەدا دەمەوێت بڵێم دوورییە میژووییەکان و پێشهات و لێکدانەوە ژیربێژییەکان بڕیار دەدەن نەک ئایدیا و ئەزموونێکی دیاریکراو. هەر ئەم هەڵەیەشە ئەگەر بەلامانەوە وا بێت ئەوەی ماندێلا پێشی چەند دەهەیەک لە زینداندا کردی هەمان بەرئەنجامی دەبێت بۆ زیندانەکەی ئۆجەلان، بە داخەوە ئەزموونەکانی مێژوو تەنیا بۆ سوود بینین نەک دووبارەکردنەوە، ئەشێ خۆیان دووبارە ببنەوە، بە سروشتی میژویی، بەڵام سەپاندنی دووبارەکردنەوەکەیان هەڵەیەکی گەورە دەبێت.

سێیەم: گرفتەکانی بزووتنەوە ئاینییەکان، بزووتنەوە ئایینییەکان سەراپا یەک ستراتیژ و یەک بنەما و یەک ئاسۆیان هەیە، ئەگەر بڕیارە تۆ کەسێکی زانستی بیت و بەرمەبنای ژیربێژی و ژیاندۆستی و پێشکەوتنخوازی بجووڵێیتەوە، گومانی تێدا نییە ئایینەکان کۆسپێکی گەورەن لەبەردەم مرۆڤایەتیدا، هەتا ئەو شوێنەی تاکەکەسی دەبنەوە و دەرفەتیان نابیت ببنە یاسادانەر و فەرمانڕەوای کۆمەڵگا، ئیدی لەوێوە دەکرێت سوودێکیان بۆ هەندێ باری دەروونی هەندێ کەس هەبن. بەم بڕگەیە، لە تێگەیشتن، هەرکات بەلاتەوە ئاسایی بوو پارتی سیاسی ئایینی هەبێت و لەچوارچێوەی پلورالیزمدا بینیتنەوە، ئەوا ناتوانیت خۆت بەکەسێکی پێشکەوتووخواز هەژمار بکەیت کە خەبات بۆ بەها مرۆییەکان دەکات بە بەهای ئازادییشەوە، لەوانەیە بانگەشەی لیبرالی بوونی خۆت بکەیت، بەڵام تاماویت ناچاریت بەو خەونە هیلیۆمییەوە بمێنیتەوە. ئایین دەگەڕێتەوە بۆ تاکەکەس و هەر کات پرسی تاکی تێپەڕاند دەبێتە بەڵا. ئایینی ئیسلام بە تایبەتی، ئایینێکە نە لەگەڵ یەکسانیدا و نەلەگەڵ ئازادیدا هاوتەریب دێتەوە! بەپێی هەموو شاخە و گرۆ و بنەڕەتەکانی، بە پێی خودی ئایینەکەیان کەیەکەمین سەرچاوەکانی قورئانە، ئاینێکە بۆ ستەم نەک بۆ بەختیاری مرۆڤ لە ژیاندا. ئایینێکە هەموو ڕاستی بوون بە درۆیەکی پڕگومان دەگۆڕێتەوە. لەهەمان کاتدا ڕەشەکوژی بۆ ئەوانیش ئەگەر پێشمان خۆش بێت بەو جۆرە ناڕەوایە و بە ئاستەم دەتوانین پاساوێکی شۆڕشگێڕانەی مرۆیی پێ ببەخشین، تەنانەت ئەگەر بە ئاشکرا بۆشمان بسەلمێت کە هەموو بانگخوازێکی ئیسلامی سەر بە بنەچەیەکی "داعشی" یان هەر بزاوتیکی توندڕەوی ترە! کە لەڕاستیدا پشتیوانیکردنی یەکگرتوو بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆگان و سەرکۆنەنەکردنی دەوڵەتی تیرۆریستی تورکی، لەیەککاتدا چاوەڕوانکراوە، هەروەها هاوبەشیکردن و بەشدارییە لە کاری تیرۆردا، هەر بۆیە کوژرانی بانگخوازێکی نەزانیش لە کوردستاندا بە ڕیگای ڕێکەوتیش بێت دەکەوێتەوە هەمان خانە ڕەش و سپییەکانی شەترنجەکەوە، چونکە لەم گەمەیەیاندا داشەکان یان سپین یان ڕەشن خۆڵەمێشی نییە، بەداخەوە!

چوارەم: گرفتی نەبوونی دامەزراوەکانی ئاسایش، دامەزراوەکانی ئاساییش هەمیشە، بەرپرسی یەکەم لە کۆی ڕووداوە توندوتیژەکانی کوردستاندا، چونکە ئەوان بەرپرسیاری سەروماڵی هاوڵاتیانن، هەروەها بەرپرسیارن لە گەشە و بانگەشەی تیرۆریزمی ئیسلامی. ئەمە جگە لەوەی لە زۆر بۆنەدا بەشدارن لە ڕەشەکوژیدا، چەندین ڕووداو هەن کە ڕێکەوتیان تێپەڕاندوە و ئەو هێزانە بەشدار بوون لە ڕەشەکوژی خەڵکدا، هەر لە کێشە و دوژمنایەتی خێڵەکییەوە بۆ کوژران و تیرۆرکردنی چالاکەوانەکانی بواری ڕۆشنبیریی و فڕاندنیان و ئەشکەنجەدانیان و زیندانیکردنیان بە یاسا و بەدەر لە یاسا. 

پێنجەم: گرفتی نەبوونی بەرەیەکی شۆڕشگێڕ، نەبوونی بەرەیەکی شۆڕشگێڕ بە پشتیوانی خەڵک لەمێژە کوردستانی دەرگیری حوکمڕانییەکی ستەمکارانە کردوە. ئەم ستەمکارییە بە پێوانە کەمترین جیاوازی هەیە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، هەر بۆیە نەبوونی هێزێک یان بەرەیەکی شۆڕشگێڕ کەتوانای هەبێت خواستە بنەڕەتییەکانی خەڵک بەرجەستە بکات و ڕووبەڕووی ستەمی ناوخۆیی ببێتەوە لە باشووری کوردستاندا، قەیرانێکی درووستکردوە، کە بە سەدان بەرپرس هەن و لە مێژە پیویست بوو بە سزای شۆڕشگێڕانە بگەن و تا ئێستا هیچ کارێکیان بەرامبەر نەکراوە. پرسیاری گەورە ئەوەیە، ئەوەی لە کوردستاندا بەناوی حوکمڕانییەوە ستراتیژەکانی ئەردۆگان دەباتە پێشەوە ئایا مەترسیدارتر نییە لە خودی سوپاکەی ئەردۆگان؟ پرسیارێکی فیکتۆرهیگۆییانەمان ئەوەیە، ئایا دەسەڵاتدارنی هەرێم کە سامانی نیشتمانی بە بۆری و تەنکەر تاڵانفرۆش دەکەن، شایەستەی سزای لە سێدارەدان نین؟ ئەی ئایا ئەگەر کۆمەڵیک گەنجی بەرپرسیار لە خۆیان ببوردن و بەیانی ڕیڕەوی بۆریە نەوتەکان بگرن، تەنیا بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی خۆیان و نەوەکانی داهاتوو، ئەوا دەسەڵات نابێتە دادوەرێکی بێگەرد و بە بیانووی تیرۆر لە سێدارەیان نادات؟ ژمارەیەکی زۆر لە پرسیاری لەم جۆرە، ئەتوانن شیری بەری دایک بە مرۆڤ بهێننەوە.

کۆمەڵگای کوردستان و گەلی کوردستان وەک هەر کۆمەڵگایەکی تری سەر ئەم هەسارەیە پێویستی بە ئاسایشی چڤاتەکەی هەیە و دەبێت ستراتیژێک هەبێت لە چکۆلەترین هەڕەشەی ناوەکی و گەورەترین هەڕەشەی دەرەکی بیپارێزت و پشت بە دنگەکانی ماف ببەستێت بۆ ئەو پاراستنە. کاتێک هیزە شێوازبەندەکانی ئاسایشی سەر بە پارتە دەسەڵاتگرەکانی کوردستان نەتوانن ئەم ئاسایشە دابین بکەن، نەک هەر ئەوە بەڵکو خۆیان ببنە مەترسی بۆسەر ئاسایشی هاوڵاتیان، ئەوا هەموو ڕەواییەک فەراهەمە لەبەردەم هاوڵاتیاندا خۆیان شکۆمەندی و بەها مرۆییەکانی خۆیان لەمەترسی بپارێزن. بێگومان خەباتی ناتوندوتیژی و دژ وەستانەوە بە سزاکانی کوشتن و لە سێدارەدان، هەنگاوێکی گەورەی مرۆییە و هۆشیارییەکی بەرزی مرۆیی دەوێت، بەڵام لەگەڵ گەلێکدا کە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی لەناوبردن و برسیکردندا بێت و تەنانەت پرسە نەتەوەییە جۆربەجۆرەکانیش بەرمەبنای پرسە چینایەتییەکانی ڕەنگڕێژکرابن، ئەوا پاسفیزمی پەتی، هەڵەیەکی گەورەیە و سەدان ئەوەندە قوربانی لێدەکەوێتەوە، سەدان ئەوەندە سامان و مافی نەوەکانی داهاتوو بەفیڕۆ دەچێت و هیچیش ناخاتە سەر هیچ. خەبات بەرامبەر بە دوژمنانی چین و توێژە ڕەنجدەرەکانی کوردستان لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی پاسیفیستیانەی پەتی، هیچ ژیریی و داناییەکی تێدا نییە و مل دانە بە جۆرێکی تر لە ئەنفالکردن. باشترین نمونە لەبەردەستماندا خەباتی گەلی باکورە لە کوردستان کە هەموو ڕێگایەکی ئاشتیخوازانەیان گرتە بەر لە ئیمراڵیەوە تا قەندیل و تا دوا شەقامەکانی دیاربەکر و ئەنقەرە، بەڵام لەگەڵ تیرۆریزمدا دواجار هەر ناچاری بەرخوردی سەربازی بوونەوە. بەڵێ خەباتی مەدەنی و سیاسی ئەوان لە ڕووی تاکتیکی و قۆناغەوە سوود و گرنگی خۆی هەیە و نکوڵی لە بەهێزی خاڵە باشەکانی ناکرێت، بەڵام لە ڕووی ستراتیژیی دوور مەوداوە، پێشی چەندین ساڵە ئەوەمان باسکردوە کە ئەو ڕێبازە هەر بەمڕۆ دەگاتەوە و دواخستنی پرسەکە زیاتر هیچی تر نییە.

ئێمە لە باشووری کوردستاندا شۆڕشێکی پێشکەوتووخوازمان پێویستە، ئەو شۆڕشە پشت بە بنەما زانستی و ژیربێژییەکانی لێکدانەوە ببەستێتت و لەسەر گوتار و پلانی نووسراوی شیاوەوە بناغە بگریت، پێویستی ئەم شۆڕشە دەخوازێت کە لەچەندین ئاراستەوە کاری ڕێکخراوەیی جیاوز لە خۆ بگریت و کۆی کاری ئەم ڕێکخراوانە چەترێکی هاوبەشی شۆڕشگێڕانە هەڵبدات. هەر لەویوە دەتوانین جارێکی تر زەبر و سزای شۆڕشگێڕانە دابڕێژینەوە بە ژیربێژی و پێوانەی مرۆڤدۆستانەوە. گرنگە هەمیشە لە پشتی سەرماندا ئەوە هەڵگرین و لەیادی نەکەین، سزای شۆڕشگێڕانە بە بێ یاسا و پشتیوانی یاسایی چەندین کێشەی گەورە درووست دەکات، لەوانە:
١. شەرعیەت دەدات بە تاوانکاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان قووڵدەکاتەوە.
٢. دەرفەتی بەردەوامی دەدات بە کولتووری خێڵ و چەکداری هەرزان[7].
٣. ئاسایش و ئارامی گشتی دەخاتە مەترسییەوە، و هەموو گرۆیەک لەیەکتر دەترسن.
٤. ئەلگۆکانی ستەمکاری فراوانتر و بەهێزتر دەکات.

لەم چەند خاڵەوە تیدەگەین، کە بەرەیەکی شۆڕشگێڕانە دەتوانێت کاریگەری فراوانتری سیاسی و ئاشتیخوازانەی هەبێت، خۆ ئەگەر دووچاری زەبری شۆڕشگێڕانەش ببێتەوە، ئەوا پێویستی بە ڕێکخراوی یاسایی و هەبوونی یاسایەکی نووسراو و پشتیوانیکراوی بەرفراوان هەیە، تا بەهۆیەوە بتوانێت دادگایی هەموو ئەوانە بکات کە پیویستە بە زەبری شۆڕشگێڕانە سنووریان بۆ دابنرێت. ئەم جۆرە زەبرە، ئەگەر لە دەست ئەو باوە سیاسییەی شۆڕشی کوردستان ڕزگار بکرێت، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دوژمنانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دادەنێت و ڕیگرییەکی بەهێز دەبێت بۆ هەریەک لە خراپەکاری، خۆفرۆشی، گەندەڵکاری و تاوانی نیشتمانی. ئەو کات فەتوابەخشێک کە پشتیوانی لە داعش دەکات و ڕیڕەوی توندڕەوی ئایینی بانگەشە دەکات، بە ئاسانی جیادەکرێتەوە لە پیاویکی ئایینی کە تەنیا بۆ بیروڕاکانی خۆی خەریکی ئایینەکەیتی و هیچ هیزێکی سیاسی نییە بەدسوودی لەگەڵ بنەما ئایینییەکانی ئەو بەکار بهێنێت. هەروەها زۆرن ئەو بەرپرسانەی کە دەبوو لەگەڵ ئاشکرا بوونی فایلەکانی سیخوڕیان دادگایی بکرانایە و بە سزای شۆڕشگێڕانە بگەن، زۆرن ئەو بەرپرسانەی لە گەندەڵییەوە گڵاون و خۆیان دەستیان ناجێتە دەستلەکارکێشانەوەوە، دەبیت دەستیان پێ بکێشینەوە. ئەمڕۆ کەرەستە و دەرفەتەکان بەجۆرێک فراوان بوون و زانیاری سنوورەکان ناناسیت، ئیدی هەنگاو نان بۆ هەر کارێک ئاسانتر دەکرێت لە جارانێک کەچەندین مانگ پێویست بوون بۆ ئەوەی نامەیەک یان وتارێکی ڕۆشنبیری بگاتە خەڵک. بەڵێ زەبری شۆڕشگێڕانە بەبێ شۆڕش ناکرێت، بەبێ یاسایەکی شۆڕشگێڕانە دەبێتەوە بە ڕەشە کوژی، بەبێ دادگایی کردنێک دەبێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر بوونی کۆمەڵایەتی ئێمە لە داهاتوودا. ناکرێت خواستمان بێت تیرۆریستی ئیسلامی و بانگخوازە شەریکەکانی داعشیزم، بە هەمان شێوە تیرۆر بکرێن و خۆشمان هیچ بنەمایەکی دادوەرانەمان نەبیت بۆ بەسزا گەیاندنیان.

دواجار ئەو شۆڕشەی ئێمە پێویستمانە، کاتێک دێتە بەرهەم ئەگەر خەڵک چالاکانە ڕێکخراوە تایبەت و پیشەییە جیاوازەکانی خۆیانیان درووست کرە بە دوور لە هەژموونی پارت و بەرژەوەندییە تەسک و تاکەکەسیەکان. ئەوکات پێکەوە بەسترانەوە و بڕیاردان لە چەترێکی شۆڕشگێڕانە کارێکی ئێجگار وا گران نامێنێت. چۆنێتی درووست بوونی ئەو ڕێکخراوانە کارێکە وردەکاری زۆر و پلانی سەنگینی دەوێت (لێرەدا دەرفەت نییە باسی هەموویان بکەین). بێگومان بە لەوەی بایی ئەوەندە خەڵکی یاسا ناس و بەتوانا لە کۆمەڵگادا هەن زۆر بە ئاسانی دەتوانن یاسای باری نائاسایی شۆڕش بە شێوەی دادوەرانە داڕێژن و بایی ئەوەندە دادوەرمان هەن دەتوانن چەندین دادگا لە مەنفادا درووست بکەن بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی تاوانکاران بە شێوەیەکی یاسایی و بایی ئەوەندەش ڕێگا و کەرەستە و میتۆد هەن ئەو یاسایانەی پێ جێ بەجێ بگرێن. ئەوەی کە نییە ڕێکخستن و کاری پێکەوەییە و هیچی تر، هەر بۆیە ئەو بەدحاڵی بوونەی لەسەروەش باسمانکرد بەردەوام.



[1] ناڕۆشنییەک لەگەڵ وشەی "ڕۆشنبیر و ڕووناکبیر" دا دەبینینەوە، مرۆڤ کەمێک وردببێتەوە هەستدەکات ئەم دوو چەمکە وەک وەزیفە، یان خەسڵەت لە کەسێکی بنێین هیچ مانایەکی جوان یان ئەرێنی نادەن بە دەستەوە. چونکە کاتێک ئەم خەسڵەتە بە یەکێک دەبەخشین، ئەوا لەوانی تری کەم دەکەینەوە! لە ڕاستیشدا وا نییە، چونکە نە ڕۆشنی بیر و نە ڕووناکییەکەی لای کەسێک کۆ نابێتەوە. ئەشێ ڕۆشنبیرێک یەک دونیا تاریکی لە بیرکردنەوەکانیدا هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕۆشنییەک لە بوارێکدا بەدی دەکەین، ئیدی ناکرێت ئەو خەسڵەتەی پێ ببەخشین. لەلایەکی ترەوە، هەردوو چەمکەکە، ڕێژەیین و ناکرێت بە شێوەی ئاوەڵناو یان شوناس لەسەر کەسێکی دیاری بکەین.
[2] ناکرێت ئەوە لە بیر بکەین زۆرجار بۆ توێژینەوەی زانستی، یان گەیشتن بە ڕاستییەک، ناچارین هەندێ لە فاکتەرەکان فەرامۆش بکەین. بەتایبەت بۆ ئەوەی لە هۆکار و دەرئەنجامێک بکۆڵینەوە. بۆیە لێرەدا کە دەڵێین بیروباوەڕی تاکەکەسی نەخەینە بەر لێکۆڵینەوە، مەبەستمان نییە بەتەواوی لە هەموو هاوکێشەکاندا فەرامۆشی بکەین.
[3]  کێشەیەکی گەورەمان ئەوەیە شەرعیەتی (ڕەوایی) حکومەتی هەرێم خۆی لە ژێر پرسیاردایە، بۆیە پێدانی شەرعیەت بە هەر گرۆ و هەر کردەیەکی تری ئەو بەشێوەیەکی خۆڕسک دەکەوێتە ژێر پرسیاری ڕەوایەتییەوە.
[4] ئەم پرسەی کۆمەڵگای مەدەنی لە چەند باس و وتارێکی تردا پێشتر باسمان کردوە و ڕوونمان کردوونەتەوە.
[5]  سۆز بە واتای emotion هەردوو باری ڕق و خۆشەویستیش دەگریتەوە.
[6] ژیرهۆشی، وەک چەمکێک بەکاردەهێنم بۆ ئاوێتەکردنی ژیریی و هۆشیاری، کە بەڕای من یەکێکیان بەس نییە بۆ بزاوتنی نوێی شۆڕشگێڕانە نە لە کۆمەڵگای ئێمەدا و نە لە سەراسەری دونیادا. ژیری: بەواتای داناییەکی شیاو و گونجاو دێت، واتە ئەو داناییەی پشت بە هۆکار و ڕاستییە سەلمێنراوەکان دەبەستن بۆ هەلسەنگاندن و بڕیاردان و پەراوەکردن. هۆشیاری: بەواتای بە ئاگا بوون و تیگەیشتنێکی فراوان لە چواردەور دێت، هەروەها بەپێی ئایدۆلۆجیا و تێڕوانینەکان ئاراستە و ڕەوتی هۆشیارییەکان دەگۆڕێن. بۆ نمونە هۆشیارییەکی ئایینی جیاوازە لە هۆشیارییەکی نەتەوەیی و ...تاد. هۆشیاری پشت بە زانیاری و لێکدانەوە دەبەستێت بە ئاراستەی بیرکردنەوە و دونیابینییەکی دیاریکراو. ئەم چەمکە لە یەکێک لە ژمارەکانی داهاتووی {ماتریکسی (٤)دا "ئێمە و ئیوە و باشووری کوردستان" بە وردی قسەی لەسەر دەکەین. 
[7] چەکداری هەرزان هەمیشە جۆرێکە لە چەکداری کە هەر هیزێک پارەیەکی باشتری پێ بدات، دەتوانێت بۆخۆی بەکار بهێنێت، چونکە هێزی چەکداری میلیشیای، لەمڕۆدا هێزێکی بێ بەرهەمە و لە زۆر باردا ناچار دەکرێت لەسەر ئاشووب بژی.

No comments:

Post a Comment