بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





13/11/2016

ماتریکس (4)، ئێمە و ئێوە و باشووری کوردستان! سروشتی قسەی نەشیاو/ بەشی یەکەم

سروشتی قسەی نەشیاو (نامەعقول)
بۆ هەڵسەنگاندنێکی خێرای ژیان، ئەکرێت بپرسین ئایا ژیانمان، ژیانێکی شایستەیە، شیاوە، یان ناشایستەیە! پاش تێگەیشتنی خێرا لە وەڵامە خێراکان، دەبینین: ئاو و هەوا ناپاکە، نەخۆشی زۆر و چارەسەر کەم، کارەبا و ئاو و هەرچی خزمەتگوزاری هەیە کورتوکوێر، لەنگ و ناهاوسەنگ، خوێندنەکەمان دواکەوتوو لە هیچ کونجێکی ئەم دونیایەدا جێی پێزانین نییە، ئازادی سنووردار و ئەوەی کە هەیە باشترە پێی بوترێت بەرەڵایی، بەهەدەردانێکی زۆری سەرچاوەکان...تاد. کەواتە ژیانێکی ناشایستە دەژین. لەم خاڵەوە، دێینەوە سەری دێڕ و ئینجا دەپرسین، ئایا ئەوە ئاکامی چی بێت ئێمە وا ناشایستە دەژین! گەر بەوردی لەمەشیان ورد ببینەوە دەبینین چەندین کردەوەی نابەجێمان هەیە و لە سەروو هەموویانەوە قسەی نەشیاوە، کە بەرەو ئەو هەموو کردەوە ناشیاوەمان دەبات.

ئەکرێت یەکێک بێت و بڵێت لەم هەموو دۆخە نەشیاوەدا کە گوزەردەکات، دەبێت قسە چ بارێکی لەکۆڵگرتبێت، بەتایبەت کە لە بنەڕەتەوە قسەکردن لە خۆیدا هیچ مانایەکی نییە تا نەبێتە کردەوە! کەچی، خودی میکانیزمەکە تەواو پێچەوانەیە، چونکە لەگەڵ قسەکردندا ئێمە یەکەم هەنگاوی کرداریمان ناوە. ڕاستترە بڵێم هەر لە خۆیدا کردەوە نییە، گەر بە قۆناغی قسەکردندا نەڕۆشتبێت، هەرچەندە جاری وا زۆر ڕیدەکەون کە قسەکان کراون بە بێ ئەوەی دەنگیان لێوە هاتبێت. کەواتە ژیانمان بۆیە نەشیاو و نامەعقولە لەبەر ئەوەی قسەکانمان نەشیاون، نامەعقول و نابەجێن. بەڵێ، دەکرێت هەر لە یەکەم هەنگاوی نامەعقولی ژیانی خۆماندا قسەکانمان و قسەکەرەکانمان دادگایی بکەین بەر لە سەردار و سەردزەکانمان.

بەشێوەیەکی گشتی هەر قسەیەکی نامەعقول سەرچاوە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیرنەکردنەوە یان بیرکردنەوەیەکی نامەعقول! لەوانەیە یەکێک بپرسێت لەبواری بیروڕای بیرمەندانە و زانستیدا یان لەڕووی توێژینەوەوە و هەڵوێستەی بابەتیانەدا ئەبێت نامەعقول چی بێت؟ یان بۆ بەقسەی نامەعقول دەست پێبکەین؟ دەگەڕێینەوە سەر سەرچاوە و هۆکارە نامەعقولەکان و بە خودی وشەکە دەست پێدەکەین. هەر دەربڕینێک بێبنەما و دوور بێت لە ڕاستییەوە، یان هەر ڕایەک لە گیرفان دەربێت و نەتوانین بە هیچ زانیاری و داتایەک یان بەهۆی هیچ تاقیکردنەوە و سەلماندنێکەوە ڕاستییەکانی بسەلمێنین، ئەوا دەچێتە خانەی بیروڕا و بۆچوونێکی خودی و تاکەکەسییەوە. بیروڕا و بۆچوونی تاکەکەسی، ئاساییە و هیچ گرفتێکی تێدا نییە، یان ڕاستترە بڵێم لەگەڵ نامەعقولیدا هاوجووت و هاوجێکەوت نین، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوە بۆ هەڵوێست وەرگرتن، ئەوا لەنێو ئەو بیروڕا و بۆچوونانەدا ناچار دەبین بەدوای بنەمایەکدا بگەڕێین کە ژیربێژییەک (لۆجیک) بتوانێت پشتیوانی لێ بکات و بەهۆیەوە ڕێگا بەخۆمان دەدەین باوەڕی پێ بکەین، گومانی لێ بکەین یان ڕەتی بکەینەوە. زۆرن ئەو هۆکارانەی وادەکەن هەڵوێستە بەرامبەر قسەیەک بکەین یان بەرامبەر ڕایەک لە گومان و ڕامان و ڕەتکردنەوە و پەسەندکردنیدا بمێنینەوە. زۆرجار بەداخێکی زۆر گرانەوە هەست بەم هەموو هەڵوێستەیە دەکەین کە باسمانکردن، بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەمان بەرجەستەکردبێت. بەبێ ئەوەی هەست بکەین خودی هەڵوێستەکە ڕامان و پرسیاری پێشوەختی لەپشتەوە بێت.

بڕیاردانی خێرا و پێشوەخت، هەمیشە یەکێکە لەو دەزگا شکستخواردوانەی ئەگەری لەدایکبوون و وەشاندنی قسەی نامەعقول زۆر بەهێز دەکات، هەر هەمان دەزگایە، من و تۆ ڕاپێچی خۆپیشاندانێک و دەنگدانی هەڵبژاردنێک دەکات بە بێ ئەوەی بیرمان لێکردبێتەوە. بەگشتی ڕۆژانە و بگرە هەر چرکەساتێک ڕابمێنین، چەندین قسەی بێ بنەما و نازانستی و دوور لە بەڵگە و نەبوونی ژیربێژی لەپشتی قسەکانەوە هەست پێدەکەین. ئەم ڕاستییە تاڵە زۆر یەکانگیرە لەگەڵ هەندێ سروشتی دەروونی مرۆڤدا. مرۆڤ بەسروشتی خۆی بوونەوەرێکی لایەنگرە، بەسروشتی خۆی لەنێوان دژ و جیاوازەکاندا هەڵبژاردن دەکات. ئەوەی وا دەکات مرۆڤ ئەم هەڵبژاردنەی خۆی دوابخات بۆ پاش تێگەیشتنێکی باش، یان هەڵبژاردنی باشی هەڵوێستەکان و جیاکردنەوەی خراپەکانیان بە دوور لە دەردی ئینتمای کوێرانە، تەنیا قەبارەی زانیاری و ئەزموونی قوڵ و ئارامی مرۆڤە لەتێڕامانەکانیدا. یەکێکی تر کە هەمیشە دەمانوەستێنێت لە هەڵوێستی خێرا بیرکردنەوەی ژیربێژیانە و ژمارەی زۆری پرسیارەکانمانە لە بوونی هەر دیاردەیەک. پرسیارکردنە لە ئەگەرە فرەکانی ژیان، بەتایبەت کاتێک لە پانتاییەکی ئاوا جەنجاڵی وەک ئەمڕۆی کوردستاندا بیرکردنەوەکانمان دێن و دەچن و کەمجار هەیە بە ئاکام بگەن.

ئەوەی ڕۆژانە و لەچەندین بۆنەدا دیانبیستین، ئەو ڕا سەیرانەن، بەبێ بوونی بەڵگە هێرش دەکەنە سەر ئەم و ئەو، بەبێ بیرکردنەوە پشتیوانی لە دیاردەی نوێ و کردەوەی سەیر دەکەن، چەندین هەڵەی باو دووبارە دەکەنەوە! لەمڕۆدا ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتێکی باشیان بۆ ئەم دۆخە ڕەخساندوە و ئیدی بانگەشە و دژە بانگەشە بە چەندین جۆر بەردەوامن. جێی هەڵوێستەکردنە کە ژمارەیەکی زۆری ئەو هێرش و پشتیوانیانە بنەما و ڕیشەیەکی زانستی یان بەڵگەیەکی ئاشکرا و دیاریکراویان پێ نییە تا بتوانن هێرش و پشتیوانییەکانی خۆیانی پێ بسەلمێنن. لەنمونەی ئەو هێرشانەوە: زانستی ترین ڕا پێشکەش بکەیت لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیاوە هەندێ کەس دەڵێن: "قسەی سۆشیاڵ میدیا"یە و جێی متمانە نییە! بە بێ ئەوەی کەسەکە لە ناوەڕۆک و خودی بابەتەکە هەڵوێستەی کردبێت. ئیدی لێرەوە ئەم قسەیە دەبێتە قسەیەکی نامەعقول، یان پێچەوانەکەی: خەڵکێک باوەڕ بە هەموو شتێکی نووسراو یان وتراو دەکات کە لە تەلەفزیۆن یان ڕادیۆ یان هەر کەناڵێکی میدیاییەوە بێت، چونکە بابەتەکە پەخشکراوە، ئیدی لە هۆشی ئەودا ئەو بابەتە جێی متمانەیە، چونکە پەخشکراوە. هەر ئەم ماشێنەیە، جاری وایە وا دەکات ئەگەر گوتارێک لەلایەن کەسێکی ئاساییەوە ئامادە بکرێت و بەناوی ناودارێکەوە پەخشبکرێت زۆرتر ڕێز لە وتەکانی دەگرن تا ئەوەی کەسێکی ئاسایی وەک خۆی پەخشیان بکات. لە کاتێکدا ڕای پەخشکراو گرنگترە لە خودی ناونیشانی کەسەکە.

لەمەڕ ئەم جۆرە لە پراکتیک و باوبوونی پراکتیکدا، نەریتێک لەدایک دەبێت کە بریتی دەبێت لە نەریتی قسە فڕێدان لە پانتاییە گشتییەکاندا بەهامان بیرکردنەوەی گشتی. خەمی گەورە لە تەشەنەی ڕای گشتیدا نییە، بە پێچەوانەوە، ڕای گشتی بەها و گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵکو خەمی گەورە لەو میکانیزمەدایە کە ڕای گشتی پێ بینا دەکرێت، بەتایبەت کە دوور دەبێت لە ژیربێژی و بیرکردنەوەی بە بەڵگە و دۆکومێنتکردنەوە و تەنیا پشت بە قسە فڕێدان دەبەستێت. لەوەش ئاستەمتر ئەوەیە کە تەنیا پشت بە پڕوپاگەندە و سووککردن یان فوتێکردن ببەستێت. لەم بوارەدا ڕای باو پەل دەهاوێت و دەبێتەوە بە نەریتی بیرکردنەوە و وەک هەورێکی ڕەش بەسەر هۆشی گشتی کۆمەڵەوە سێبەر دەکات، و هەموو هیوا و ئاواتەکانیش دەخاتە مەترسییەوە. ئەم باو بوونەی فکر لە هەموو مۆدێل و باوبوونەکانی تر ترسناکترە، بەتایبەت زۆرجار کۆی پانتاییە گشتییەکانی بیرکردنەوە داگیر دەکەن و هیچ دەرفەتێک بۆ ڕایەکی تر ناهێڵنەوە خۆی نمایش بکات. ئەم خاڵە کۆمەکێکی گەورە بەوانە دەکات کە بەپێی پاترۆن (نمط) بارودۆخەکان بەڕێوە دەبەن و هەژموونی خۆیانیان سەپاندوە یان بەشێکیان لە دەسەڵاتی گشتی لە کۆدا بردوە و بێگومان بە خواستی خۆیان مامەڵەی پێ دەکەن. جا ئەودەستکەوتانە گرنگ نین بۆ هێزە دەستڕۆشتوەکانن ئەگەر لە دەسەڵاتدا بن یان لە بەرگی ئۆپۆزسیۆن و بەرنگارییدا خۆیان پێشکەش بکەن.

بۆشاییەکی گەورە هەیە لە نێوان ڕای گشتی و ڕای باودا! لەم بۆشاییەدا تێکەڵییەک دروست دەبێت کە تێکڕای هەردوو ڕاکە (گشتی و باو) وا لێدەکات لەیەکبچن، جاریش هەیە هەر تەواو دەبنە یەک، لە کاتێکدا چیێتیان (ماهیة) زۆر دوورن لەیەکترەوە. ئەم تێکەڵییە وا دەکات هەردوو ڕاکە کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە هەبێت و یەکتر ئاراستە بکەن، زۆرجار بە ڕاستەوخۆیی و لە هەندێک جێگەشدا ناڕاستەوخۆیانە کاریگەری دادەنێن. ڕای گشتی کۆی ڕای کۆمەڵێکە لەخەڵک کە دەبێتە بنەما بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە دیاردەیەک و ئەو هەڵوێستە کاریگەری لەسەر کردەی گرۆ دادەنێت بەرامبەر هەر ڕەفتارێک کە پێویست بێت بە کۆمەڵ بکرێت، تەنانەت بە تاکیش. ڕای باو لەم پێوانەیەدا جیاوازییەکی زۆری هەیە، ئەو ڕایە دەبێت کە مەرج نییە کۆی جڤاتێک بیکاتە بنەما بۆ ڕەفتاری هەڵوێستەکردن و هەڵوێست وەرگرتن، لە هەمان کاتدا پانتاییەکی گەورە لە هزری گشتی کۆمەڵدا درووست دەکات بە جۆرێک ئاراستەی کردەوەی هەموان دەکات لە زۆر کاتدا. ڕای باو چاوەڕوان ناکات کاریگەری زانیاری بە ئاراستەیەکیدا بەرێت، بەڵکو زیاتر پشت بە دابونەریتی باو و پڕوپاگەندە و گوتاری بەکاربراوی شەقام دەبەستێت. ڕای گشتی بەوە لە ڕای باو جیادەکرێتەوە، کە دەتوانرێت بەهۆی بەڵگە و هەواڵ و زانیاری و ...تاد لە هۆکارەکەیەوە بگۆڕدرێت و ئاراستە بکرێت. لەکاتێکدا ڕای باو، ئەگەرچی بەڵگەی گەورەش لەسەر ناڕاستێتی ڕاکە هەبێت، هێشتا کاریگەرییەکانی لە کۆمەڵگادا دەمێننەوە و بەهەمان میتۆد و میکانیزم مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵدا دەکەن بەبێ ئەوەی یەک تۆز لە پیرۆزییەکانیان کەم ببێتەوە. لەم سۆنگەیەوە فڕێدانی قسەی بێبنەما و دوور لە بەڵگە و بنەمای زانستی و واقعیانە، بەئاسانی دەتوانێت کۆمەک بە باوبوونی ڕایەک یان هەواڵێک یان هەڵوێستێک بکات، ئیتر هەموو گفتوگۆکانی کۆمەڵگا دەبنە قسەی نامەعقول و چەند پڕبن لە ناڕەزایی و بەرەنگاری هیچ مانایەکیان لە کۆی گشتیدا نامێنێت.

لەکۆمەڵگاکاندا ئاستی کاریگەری ڕای باو یان ڕای گشتی دەگۆڕێت! بۆ نمونە ئەگەر کۆمەڵگاکان بەسەر پێشکەوتوو دواکەوتوودا دابەش بکەین، کە پۆلێنێکی زۆرخراپی دابەشکردنە بەگشتی، بەڵام لە وێنەکردنی گریمانەییدا سوودێکی لێ دەبینین، ئەوا دەڵێین کۆمەڵگا پێشکەوتووترەکان ئەوانەن کە تاک بەئەندازەیەک هۆشیاریی هەیە و بەئاگایە بە ئاسانی ناچێتە ژێر کاریگەری ڕای گشتییەوە، بەڵکو کۆی ڕای تاکەکانی ڕای گشتی درووستدەکەن و لە کاتێکدا ئەم هەڵپێکانە ڕوودەدات، کە تاکەکان دەتوانن تاکی چالاک و بەشدار بن و بەبێ ئەوەی ئەرکێکی گەورەی فکری و زانستیان لەسەر کەڵەکە بووبێت لە کاتی پێویستدا دەزانن لە کوێدا دەتوانن و پێویستە هەڵوێست وەربگرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگا دواکەوتووترەکان هەمیشە چاوەڕوانی ڕا باوەکانی کۆمەڵگا دەکەن بۆ ئەوەی ئاراستەیان بکات، هەر کاتێکیش ڕایەکی گشتیان پێویست بوو، ئەوا هەر لەسەر بنەمای ڕای باوەوە کاکەڵەی ڕایەکی گشتی دەکەنەوە و گرنگییەکی ئەوتۆ بە خودی زانین و زانست و هۆشیارییە گشتییەکان نادەن کە لە بنەڕەتدا پێویستی درووست بوونی هەر ڕایەکن، لایەنی کەم لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم سەردەمەدا.

ئەم لاوازییەی دواییان کاریگەری زۆری لەسەر هەڵسەنگاندنەکان هەیە و بەو هۆیەوە دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی وتە و ڕا و قسەی نامەعقول، بە جۆریک، ئەگەر لە دیدگایەکی دەرەکییەوە لێی بڕوانیت، ئەوا کەمتوانایی و نەزانییەکی زۆر هەست پێدەکەیت. بە ئەندازەیەک، ئەم کەمتواناییە هەموو مەوداکانی زانین دەتەنێتەوە و ڕاستەوخۆ بە بەرهەمە وتراوەکانەوە دیارە، کە قسەیە، هەروەها ئەگەر ببێتە نووسینیش جگە لە ئارایشتی نووسین هیچی تری تیادا بەدی ناکرێت، ئەوەش بەشێوەیەکی گشتییە و هەمەگیر نییە. تێڕوانینی گشتی و هەندێ جار تێڕوانینی "ڕۆشنبیر"ەکانیش لە بەرامبەر تێگەیشتن لە بەرهەمەکانیاندا چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت یان ماڵپەڕ و هەفتەنامەکاندا، زۆر بە ئاشکرا دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم دۆخەی نەزانی و لاوازیی هەڵسەنگاندنەوە. بەم هۆیەوەیە، لە کتوپڕێکدا دەبینین زۆرجار هەموو خەڵک هەمان شتی نامەعقول دەڵێنەوە. تەنانەت ئەگەر شتەکە لە خۆیدا نامەعقولیش نەبێت، ئەوا لەبەر ئەوەی هیچ لە هەمان شت ناکەوێتە ژێر کاریگەری چکۆلەترین پرسیارەوە کەبەرەو گۆڕان ئاراستەی بکات، ئەوا خودی مەعقولەکەش لە چوارچێوەی زۆر وتنەوەدا دەبێتە نامەعقول. بۆ نمونە هەموو دەزانین کە عەلی وەردی لە ئەنجامگیرییەکی زانستییەوە دەڵێت کەسایەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئیراقیدا "جوتەکی هەڵکەوتوە (إزدواجي)". ئیدی ئەم قسەیە بەبێ ئەوەی کارێکی عەمەلی بکرێت بۆ بەرگرتن بە داهاتووی ئەم دیاردە خراپە، بەردەوام دەوترێتەوە. ئەم بەردەوامییە وای لێهاتوە جووتەکی کەسێتی بوەتە خەسڵەتێکی باو کاری پێ دەکرێت، بە هەمان پرۆگرامی دوژمنەکانی ئەو کۆمەڵگایە. هەر بۆیە متمانە بە کەسایەتی ئیراقیەک ناکەین ئەگەر بڵێت من دژی فڵانە دیاردەی دزێوم! جێگیربوە لەلامان کە ئەو کەسێتییەکی جووتەکی هەیە و لە پشتەوە دژی فڵانە دیاردە نییە کە خۆی باسیکردەوە. هەروەها بەو جۆرە لە کۆمەڵگای ئیراقیدا ئەنجامی زۆر دووبارەکردنەوە و چەسپاندنی ئەم قسەیە لەگەڵ شوناسی کەسێتی تاکی ئیراقیدا کەس ناخوازێت بەری پێ بگرێت و تێکڕای دۆزینەوەکە دەبێتە خەسڵەتێکی جێگیر و ئەو دۆزینەوە گەورەیەش دەبێتەوە بە قسەیەکی نامەعقول. هەر بەهەمان شێوە خیانەتکاری حیزبەکان ئاسایی کراوەتەوە، ملکەچی بۆ بێ مووچەیی ئاسایی دەکرێتەوە..تاد.

لە نمونەیەکی سادەوە بۆ واقعیەتی ڕووداو دەڕوانین؛ دەبینین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیس بووک و تویتەر و ئینستاگرام...تاد بوونەتە واقعێک لە کۆمەڵگای مرۆییدا و کۆمەڵگای کوردستانیشی بە جۆرێک لە جۆرەکان گرتوەتەوە. پێکهێنانی بەشێک لە واقع و بەکارهێنانیان بەشیوەیەکی بەرفراوان، ئەوە پیشان دەدات کە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بوونەتە بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان. گرنگییەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێن یان پشتیان تێبکرێت بەبیانووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم کەناڵانە، چونکە دەمانخاتە پانتاییەک لە نەزانییەوە هەروەها لە مامەڵەی سەردەمیانەدا بەهەڵەماندا دەبات. ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە لەوە دەرچوون بە نەرێنی سەیر بکرێن، بەتایبەت لەسەرانسەری زەویدا بەکارهینە چالاکەکانی تۆڕێکی وەک فەیس بووک لە 2015 دا گەیشتوونەتە 1،5 ملیارد کەس و تۆڕێکی وەک تویتەر گەیشتوەتە سەروو 300 ملیۆن لە دانیشتوانی زەوی[1]. لەم زانیارییە چکۆلەیەوە تێدەگەین کە ناچارین بەشیوەیەکی ئەرێنی سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین و وەک واقعێک دەبێت لێی بڕوانین و پلانمان هەبێت بۆ بەکارهێنانیان و سوود بینین لێیان بەبەرژەوەندی ستراتیژی و بیرکردنەوەی پێشووتری خۆمان ئەگەر هەمانبووبێت. کەچی، ئەوەی بەگشتی لە زاری باوەوە دەیبیستین سووککردن و بەهیچکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بەبێ هیچ بنەمایەک کە پشتیوانی لە خراپی ئەم تۆڕانە بکات. لە خۆیدا ئەمە بریتی نییە لە سڕینەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو ئەوەی وا دەکات کاریگەرییە نەرێنییەکان چەند هێندە ببنەوە، ئەو تێڕوانینە نەرێنییەیە کە هەوڵ دەدات تۆڕەکان سووک بکات و لەوەش ترسناکتر، ئاساییکردنەوەی سووکبوونە. چونکە تۆڕێکی وەک فەیس بووک، بۆ نمونە، بەگشتی بەکاردەهێنرێت و لە ڕووی نێونەتەوەییەوە سنوورەکانی بەزاندوە، ئیدی سووک بوونی خودی کەناڵەکە بەزیان بۆ میکانیزمی بەکارهێنانی کەناڵەکە دەگەڕێتەوە لە کۆی چالاکییە کۆمەڵایەتیەکانی ئێمەدا.
ئەوانەی بەشدارن لە ناکامکردنی تێڕوانینی ڕەخنەگرانە و زانستییەوە بۆ هەر دراوێکی گشتی نوێ، ئەوانەن کە سوودمەندن لە دۆخی گوزەر و هەریەکەیان بە جۆرێک:
١. هەیانە نازانن و ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر و کارا بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لە بابەتەکان بڕوانن، بەتایبەت خۆیان دەرگیرن لەگەڵ کیشە هونەری وتەکنیکی و پراکتیکییەکانی بەکارهێنانی هزری خۆیاندا وەک کەرەستەیەک بۆ بیرکردنەوە. لە هەمان کاتدا ئەمەش، ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوانەی زۆریان بەکاردەهێنن تەواو لەم ڕوانگانە شارەزا و لێهاتوو بن.
٢. هەموو ئەوانەی ئاگایانە دژ بە دەرفەتەکان دەوەستنەوە ڕێگرن لە ئازادی بیروڕا، ئەمانەش دابەش دەبن بەسەر دوو جۆر و کۆمەڵە لە خەڵک، یەکەمیان هەموو ئەو بیروڕا (ئایینیانەی[2]) دژی هەر کرانەوە و هەر پێشکەوتنێکن لە دونیادا هەبێت. دووهەم؛ ئەوانەی ماکی قۆرخاری و خۆسەپاندنیان لە بووندا هەیە، چونکە بەتایبەت کەناڵەکانی زانیاری هەڕەشەن بۆ داگیرکردنی دەسەڵات و چینینەوەی سوودە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکانی دەسەڵاتداری.
٣. هەموو ئەو کەسانەی بیئاگایانە ڕای ئەو دوو گرۆیەی یەکەم و دووهەم دووبارە دەکەنەوە.
٤. هەموو ئەوانەی هەوڵیانە تیکڕای خەڵک بەهەموو شێوەکان بە هاوشیوەی کاری ئەواندا ڕانەگات و نەیانگرێتەوە.
٥. ئەو کەسانەی زۆر بە وردی لە پێشهات و پاشهاتەکانی زانینی ئەمڕۆیان کۆڵیوەتەوە و بەرئەنجامی خۆ ساغکردنەوە لە نیوان ڕای هاوڕا و دژدا خۆیان بەلای دژدا خستوە و بەپێی بنەمای دیاریکراو بابەتێک بە باش نازانن. ئەمانەش ژمارەیان لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر کەمە.

لەنیو ئەمانە هەموویاندا، هەڵوێستە لەسەر یەک گرۆ دەکەین کە لە چەند خاڵێکیاندا وەک بڕەر تێدەپەڕن. ئەو گرۆیەی جۆرێک لە ترس لە دڵیاندا نیشتەجێ بوە بەرامبەر کرانەوە و خستنە ژێر پرسیاری هەر شتێک، ئەو گرۆیەی هەمیشە لە نەگۆڕاندا دڵئارامن و ناخوازن بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی نوێ کەمترین فەرمان و ئەرکیان بکەوێتە سەر[3].

ئێمە کۆمەڵگایەکی میدیایی ئۆپۆزسیۆنمان درووستکردووە و بەهیچ هێزێک ڕام ناکرێت، بەڵام ئەی چۆن خۆی دەکەینە هێز؟ چۆن ئاراستەی دەکەین بۆ ئەوەی بگاتە مەبەستێک چونکە کۆمەڵگایەکی فەوزایی و پڕ لە قڕەقڕ هیچ نابەستێتەوە بۆ ڕەوڕەوەی گشتی ژیانمان؟ ئەمانە هەمووی ئەو پرسیارانەن کە لەو شیکارەی سەرەوە دێنە دەرەوە.

جیاوازییەکی گەورە لە نێوان دوو سروشتدا هەیە: یەکەمیان سروشتی پیاوانی سێکوچکەی ستەم، کە هەمیشە فۆرمی خۆیان لە بازنە و چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ڕێکدەخەن و ژیان بەو جۆرە شوناس دەکەن کە ئەوان دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن. لەم فۆرمەی ئەواندا  سنوورەکان نابێت ببەزێنرێت. هەر بۆیە هەمیشە کاتێک بەرەوڕووی ناقایلی و گلەیی و ڕەخنەکان دەبنەوە کە تەواو ئامادەبن بۆ وەڵام و دانانی هەموو داشەکان لەو خانانەدا کە ئەوان دەیانەوێت. سروشتی دووەم، سروشتی کەناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کە هەمیشە ئامادەیە لە ڕوو بەڕوو بوونەوەدا و خەڵک تێیدا بە بێ فلتەر و بە کەمترین سانسۆرەوە دەتوانێت دەربارەی پرسەکان بدوێت و ڕەخنەی ڕاستەوخۆ بگرێت. ئەم میکانیزم و سروشتە هەمیشە ئەوان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و دەبێت ئاماددەیی ڕاستەوخۆی گفتوگۆ و داکۆکیان هەبێت بۆ ئەوەی بەرەنگاری هێرشەکانی سەریان ببنەوە. ئەم دژابەرییە وا دەکات کە هەرگیز ئەوان ئامادەیی دانپیادانانیان نەبێت بۆ کەناڵەکان. کەواتە مەیدانی بەرەوڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ مەیدانی کاری ئەوان نییە و هەمیشە ئەوان بە ئامادەییەوە دەچنە بەرەنگارییەکان کە تێیدا سەرکەوتوون و یان دڵنیان تێیدا سەرکەوتوو دەبن.

بەپێی ئەم پەرەگرافەی سەرەوە، مەبەست لە گوتاری باوی کوردی بەرامبەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوو ئەگەر لەخۆ دەگرێت بە پلەی یەک، یان ئەنجامی بیرکردنەوە پەیامێکی ژەهراوییە بۆ پاراستنی دەسەڵات و سووککردنی ڕای خەڵک. یان ئەنجامی نەزانییە و هەمان قسەی نامەعقول دووبارە دەکاتەوە کەیەکێک لە سێ کوچکەکانی ستەمکاری مەبەستێتی وەک پەیام بگات. دوور نییە ئەنجامی نەزانی و سروشتی ستەمکاری یەکبگرن و کەسەکە خۆی بکەوێتە ئەو خانەیەوە کەلەلایەک داکۆکییەکی زانایانە لە دەسەڵات دەکات و لەلایەکی تریش نەزانانە دەکەوێتە سەنگەری دەسەڵاتێکی ستەمکارەوە. بەڵام هەموو ئەگەرەکان و گوتارەکانیان کۆمەک بە یەک تەوەرە دەکەن و یەک ئامانج دەپێکن، ئەویش گێڕانەوەی تاکە بۆ قۆزاخەکەی خۆی و بەهیچ کردنی گوتار و ڕاکانێتی (گرنگ نییە ڕاکانی ڕای زۆر گەورە و مەزن و وەرچەرخێنەر بن، گرنگە ئەو وتار و بیرو ڕاو سەرنج و ژیانی خۆی لا سووک بێت) هەمووی ئەنجامی چەند قسەیەکی نامەعقول. ئیدی کە کۆی گفتوگۆکان لە چوارچیوەی قسەی نا مەعقولدا کۆببنەوە، بەردەوام دەبیستین چەند کەس بە بێ ئەوەی ڕۆژێک سەربازیان کردبێت ئەمڕۆ بە پلەی سەربازی خانەنشینن و هیچ کەسێکیش نییە لەم ڕاستیە نا مەعقولە بپێچێتەوە تا وای لێدێت قسەکردن لەسەری دەبێتە قسەیەکی نامەعقول. لە ئەنجامدا کردەوەی شیاو کەم دەبینینەوە چونکە ژمارەیەکی زۆر هەن بە ئاگا و بێ ئاگا خودی ئەم دۆخە بۆ هاونیشتمانی ستەملێکراو لە چەند وتەیەکی نەشیاودا ئاسایی دەکەنەوە. بەڵێ ئەوە ئەو شوێنەیە کە قسە تێیدا نابێتە نووسین، ئەوە ئەو نووسینانەیە کە تاڵەکانی داوی هیچ کردارێک ناچنن. ئەشێ ئەو کردارەش بێت کە چەند جوان بێت لەبەر ئەوەی پێشتر بەوردی قسەی لەسەر نەکراوە، ئەوا دەمانباتەوە هەمان خانەی یەکەمی ماروپەیژەکە لەگەڵ ستەمکاریدا.



[1] Worldwide; Facebook; 3rd quarter 2008 to 2nd quarter 2015 
[2]  مەبەست تەنیا لە بیروڕای ئایینە ناسراوەکان نییە! بەڵکو هەموو ئەو بیروڕا نا ئایینیانەش دەگرێتەوە کە بە میکانیزمی ئایین کاردەکەن.
[3]  لێرەدا بەسوود دەبێت گەر ترس دوو جۆری لێ جیا بکەینەوە: ترسی نەزانین، ئەو ترسەیە کە تاک لە بەکارهێنان و دەستبردن بۆ شتێکدا بۆ نمونە شارەزاییەکی ئەو تۆی نییە و دەترسێت ببێتە بەکارهێنی و سڵدەکاتەوە. هەر بۆیە دەبێتە نەرێنی و بەکارهێنانی ڕەتدەکاتەوە. بەڵام ترسی سەرەکی لەلای پیاوانی ئایینی  و دکتاتۆرەکان و ڕۆشنبیرە گرگنەکان کۆدەبێتەوە. کە ئەم سیانە هەرسێکیان یەک هێڵی ستراتیژی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە و گەورەترین قازانج لە گێلکردنی خەڵک و دوورکەوتنەوەی زۆرینە لە بەشداریکردندا دەکەن. بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە باشترە ئەگەر ئەم باسە کورتە بخوێنیتەوە: http://www.sorancoste.blogspot.no/2015/10/blog-post_27.html  هەرجارەی باسێک ژمارە (١٦) سێکوچکەی ستەمکاری.

No comments:

Post a Comment