بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





26/10/2016

سەرکردەیەک (گوڵ) بێت!

سەرەتا:
ئەم تێکستە شیعرییە بە هیچ جۆرێک تێکستێکی جنێوئامێز نییە (هەجوو)، ئەگەرچی هەندێ وشەی تێدا بەکار هاتوە لە هەندێ بۆنەی کۆمەڵایەتی گشتیدا وەک جنێودان بەکارهێنراون، بەڵام لە کۆی تێکستەکەدا بە هیچ مەبەستێکی جنێودان یان سووکایەتی پێکردن بەکار نەهاتوون. خودی تێکستەکە بۆ هەموو ئەو بەناو سەرکردە و سیاسی و مارشاڵ و ئەفسەر و حاکمانە نووسراوە کە لە تەڵەی دەسەڵاتی پارتییەوە گلاون بە هۆی دۆکومێنتی فۆتۆگرافی و ڤیدیۆیی و ئەلکترۆنییەوە کە تێکڕا ئەو دۆکومێنتانە تایبەتن و دەزگا سیخوڕی و هەواڵگرییەکان لە دژیان پاراستویانە و وەک هەڕەشە و چاوشۆڕکردن بەکاریان دەهێنن. بۆیە زۆر جار لێرە و لەوێ دەبینین بەناو سەرکردەیەک هەر لە خۆڕا و بێ بۆنە و قازانجێک پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەو دەسەڵاتە و بنەماڵە داگیرکەرەکەیان دەکات. ئەم تێکستە بە ناچاری ئەو واقعە بەو جۆرە نووسراوە کە نووسراوە و لە چوارچیوەی داواکارییەکدا خۆی دەبینێتەوە بۆ هەڵویست وەرگرتن، ئەگەر تەنانەت جارێکیش بێت لە ژیانی پڕ شەرمەزاریاندا. چونکە ئەگەر مرۆڤ بە درێژایی تەمەنیشی خراپەکار بووبێت، بەخواستی خۆی یان لەباری ناچاریدا، ئەوا دەتوانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان هەڵوێست وەربگرێت و بەشێک لە تاوانەکانی سووک بکات یان لەسەریان پەشیمان ببێتەوە. هەموو ئەو ڕەفتارە توخمتێریانەی دەسەڵاتی سیاسی و کۆیلایەتی ئایینی و کولتووری سەپاندونی بەسەر خەڵکدا دەتوانن لێی ڕزگار ببن بە باسکردن و داننان بە ڕاستییەکانیاندا، چونکە هیچ پەیوەندییەک لەوانە جێی شەرمەزاری نییە ئەگەر مرۆڤەکە پەنای نەبردبێتە بەر تاوانکاری، بۆ نمونە: تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵ، تاوانی ئەنجامدانی هەراسانکردن و کاری توخمتێری لەژیر باری ناچاریدا هەروەها تاوانی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە.
ئەمەی لای خوارەوە تێکستە شیعرییەکەیە و لە کۆتایی تێکستەکدا هەموو ئەو لێکدانەوانە باسکراون کە پیویستن لەسەر وشەکان و هەندێک لە دێڕەکان.


سەرکردەیەک (گوڵ) بێت

هەڤاڵی دوێنێ باش دزی تازە
حیزەکەی جاران هاوڕەگەزبازە
چەمکی ئەخلاقی گەلێ گۆڕاون
حیزی وەکو تۆ ئەمڕۆ تەواون
قائید گەلێکن لە دارەی دونیا
بکا بە کونا یا بکەن بە کونیا
هەڵوێست گرنگە لەبەردەم گەلدا
جەبان ترسەکەی وا لەناو گەڵدا
هاوڕەگەزبازی مافی ئینسانە
ئەوەی پێی شەرمە ئەکید نەزانە
بۆخۆت ئازادبە پێت خۆشە چی بی
لەوە چاترە هەرچی و پەرچی بی
جا جوامێرەکەی فیلی فیلان خۆر
شێری یا کەمتیار خۆ هەردووکیان بۆر؟
کوشتەی بۆرە شێر جێی شانازییە
کەمتیار لە ڕاویش پیشەی حیزییە
پارتی گرتوێتی هەتیوو بەسەرتۆ؟
بۆ حیز کوا عەیبە نەخوازەلا تۆ؟
بە گرتەی گیراو پارتیش عەرزت کەن
گەر هەڵوێستت بوو باش باست دەکەن
با غیرەتت بێ بەس یەکجار بمرە
تەوێڵی تەڕت لە شەرما بسڕە

تێبینییەکان:
١. گوڵ: مەبەست لێی هاوڕەگەزبازە، ئەم وشەیە هاوڕەگەزبازەکانی کورد لە ناو خۆیاندا بەکاری دەهێنن، بەهەرکەسێک بڵێن گوڵە، مەبەستیان ئەوەیە کە ئەو کەسە هاوڕەگەزبازە.
٢. ئەم تێکستە (هەجوو) نییە، واتە جنێوی تیا بەکار نەهاتوە، هەندێ پرسیاری تێدایە لە شێوەی میتافۆردا، مەبەست لێیان ڕوونکردنەوەی هەڵوێستە نەک سووکایەتی کردن.
٣ . پارتی: مەبەست لەو ڕێکخراوە تیرۆریستەیەیە کە لە کوردستاندا حوکمڕانە و جومگەکانی حوکمڕانی بە دەستەوەیە و هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ سەرکوت کردن و بە کۆیلە کردنی هاونیشتمانی و چەندین دەزگای هەواڵگری و ئەشکەنجەدانی تیرۆریستی هەن کە بەشی گەورەی تواناییە نیشتمانییەکانیان بۆ تەرخانە کراوە و جگە لە نۆکەرایەتی بێگانە و هێزە ئیقلیمییە تەماعکارەکان ئەرکێکی ئاشکرای تریان نییە.
٤. لە تێکستەکەدا وشەی (حیز) وەک جنێو بەکار نەهاتوە، بەڵکو دەلالەتی کۆمەڵایەتی مێژوویی هەیە و لە هەمان کاتدا بە پێی تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی وشەی (حیز) بەگەڕخراوە بۆ خزمەتکردنی پەیامی تێکستەکە.
٥. وشەی (حیز)، لێرەدا مەبەست لە هەموو ئەو کار و کەرەستە و ڕەفتارانەیە کە بە شێوەیەکی خراپن و دوورن لە هەموو پێوانە زانستی و مرۆییەکانەوە و  پەسەندیان لەژێر تاقیکردنەوەدا دەرنەچوە. بۆ نمونە؛ ((شووشەیەکی حیزە، بەهەوایەکی سارد و گەرم دەتەقێت))، ((تفەنگێکی حیزە ئێرە تا ئەویا گولەکەی ناڕوات))، ((ڕاوچییەکی حیزە جارێک چۆلەکەیەکی ڕاونەکردوە))، ((گایەکی حیزە، دوومەتر بکێڵێت سەعاتێک دەمدەکاتەوە))..تاد. دواجار ئەوە کەسی ترسنۆک و شەرمۆکە وشەی حیز بە شیوە کۆنەکەی لێکدەداتەوە و هەمیشە بە دەلالەتێکی ڕەوشتی توخمتێری دەیبینێت. بەم جۆرەش لە دێڕەکاندا وشەکە بەکارهاتوە:
أ/ دوا نیوە بەیتی یەکەم، نیوەبەیتێکە پیناسە دەکات، واتە ئەوەی جاران پێیان دەوت (حیز) بە دەلالەتی ڕەوشتی توخمتێری، ئەوە بەو جۆرە نەماوە لە ئەمڕۆی دونیادا و بە کەسێک کە ڕەفتارە توخمتیرییەکانی بەو جۆرە بن پییان دەوترێت هاوڕەگەزباز و لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەن و لە پێشکەوتوەکاندا تا ڕادەیەکی باش بە ئاسایی سەیر دەکرێن.
ب/ لە دوا نیوە  بەیتی دووهەمدا، ((حیزی وەک تۆ))، مەبەست لەو جۆرە ڕەفتارە توخمتێرییەیە کە لە کولتووری بکەردا باوە و ئەو چەندێک حەزی پێ بکات و سروشتی بایۆلۆجی خۆی بەو جۆرە بێت، بەڵام تازە لای بوەتە شەرم و ناوێرێ دان بە ڕاستییەکەیدا بنێت. بەم جۆرەش ئەو ئەگەر ترسی لەو جۆرە حیزیە هەیە، ئەوا لە دونیای ئەمڕۆدا ئەو حیزییە هیچ نەنگییەکی تێدا نییە، بەتایبەت کاتێک مرۆڤ سروشتی بایۆلۆجی و ئارەزوە دەروونییەکانی خۆی هاوڕەگەزبازانە هەڵکەوتبن.
جـ/ لە دوا نیوە بەیتی هەشتەمدا، ((کەمتیار لە ڕاویش پیشەی حیزییە))، مەبەست لێی بە شێوەیەکی خراپ و نا جۆر ڕاو دەکات شوێن ئاژەڵە بەهێزەکان دەکەوێت و پاشماوەی ڕاوی ئەوان دەلێسێتەوە.
د/ لە دوا نیوە بەیتی نۆهەمدا، ((بۆ حیز کوا عەیبە نەخوازەلا تۆ))، لێرەدا ئەو کەسەی موخاتەبە دەکرێت ئەوەندە کاری نابەجێی کردوە، ئێستا هاتوەتە سەر ئەوەی ئەگەر گرتەیەکی ڤیدیۆی هەبێت لای پارتی گوایە ئەوە شەرم و شوورەییە، بێگومان نەخێر، جا ئیتر ئەم هەموو ترس و لەرزەی بۆ چییە دان بە ڕاستی خۆتدا بنێ و بەو پەڕی غیرەتەوە داکۆکی لە ڕاستگۆیی ئەو کارە بکە کە کردووتە و لە ناخەوە پێویستیی و باوەڕت پێیەتی. بە تایبەت ئەوانە هەمووی پرسی تایبەتن و کەس مافی نییە بیانخاتە بەر نەشتەری ڕەخنە، ئەگەر کەسەکە خۆی شەرمن نەبیت و ترسنۆک نەبیت لە شاردنەوەیدا یان تاوانێکی لەوانەی سەرەوەی ئەنجام نەدا بێت.
٦. لە دوا نیوە بەیتی دەهەمدا، ((گەر هەڵوێستت بوو باش باست دەکەن)) مەبەست لە باسکردنی خەڵکە بە گشتی نەک باسکردنی ئەوانەی کە گرتەکانی ئەو عەرز دەکەن.
٧. تەوێڵ: بەواتای ناوچەوان دێت.
٨. وێنەی بەکار هاتوو وێنەی پەیکەری )A Rush of Blood to the Head) ە کە لەلایەن ژنە هونەرمەندی گەورەی جیهانی Beth Cavnere ی پەیکەرسازەوە بەرهەم هاتوە. ئەم پەیکەرسازە دەڵێت:
"غەریزە سەرەتاییەکانی گیانداران بە قووڵی لەناخماندا شاراوەیە، چاوەڕوانی ساتەوەختێکن بۆ ئەوەی هەموو ڕابردووی خۆیان بخزێننە چرکەساتێکی ئاگاییەوە. ئەو پەیکەرانەی من سازیان دەکەم گوزارشت لەباری دەروونی مرۆڤ دەکەن و بە شیوەی ئاژەڵ و مرۆڤ ئاوێتەیان دەکەم."  

No comments:

Post a Comment