بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





10/10/2016

پۆرنۆگرافی و دەسەڵات


کەرەستەیەک بۆ هەڕەشەی 
سیاسییە مایەپووچەکان








تا ئەو سات و شوێنەی ژیانی ئابووری ملکەچی سیستەمی نابەرابەری ئاڵوگۆڕی کار و سەرمایە بێت، ئەوا بەها ئەخلاقییە ڕاستەوخۆکانی ناو ئایینەکان و بەها ئەخلاقییە کولتوورییە داتاشراوەکان دەمێننەوە و خۆیان دەسەپێنن. هەروەها لە ژێر کاریگەری ئەو بەها داڕزاوانەدا پەیوەندییە توخمتێرییەکانی (سێکسییەکانی) مرۆڤ لە ژێر هەڕەشەی سەرکوتکردن و پیس بەکارهێنانی ڕۆژانەی دەسەڵاتە سیاسییەکاندا دەمێننەوە. ئابەم جۆرەیە، هەرچی سیستەمە سیاسییەکانی ئەمڕۆ هەیە پرسی پەیوەندییە توخمتێرییەکان دەکەنە وێستگەیەک بۆ هەڕەشەی سیاسی لە ڕکابەرەکانیان و هەوڵدەدەن پۆرنۆگرافیای نەیارەکانیان دەستبکەوێت تا بە پێوانە ئایینی و گشتییەکان کەی ویستیان هەڕەشەی کۆمەڵایەتیان لێ بکەن.. زۆرجار ئەم کردەیە وەک گەورەترین چەکی کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنن.

دەسەڵاتی شکستخواردووی کوردی لە حەفتا ساڵی ڕابردووی خۆیدا، لە باشووری کوردستان هیچ کات دوودڵی نەنواندوە لە چەندبارەکردنەوەی ئەم ڕەفتارە، تەنانەت لە سەردەمی بەناو "شۆڕش" و کێویبوونی خۆشیاندا و تەنانەت لە دژی یەکتریش ئەم ڕەفتارانەیان بەکارهێناوە. ئەم سیاسەتە لە ڕێگای دەستگا سیخوڕی و هەواڵگرییەکانیانەوە بە باشترین شێوە کاری بۆ کراوە. زۆر جاریش هەبوە کە ئەم دەزگایانە کاریان ئەوە بوە فایلی تایبەتی پۆرنۆگرافی بۆ خەڵک درووست بکەن، تا بتوانن لە بەرامبەر ئەوەی پێی دەڵێن ((حەیا و ئابڕوو)) خەڵکی ناڕازی لە نێو بزووتنەوەکانی کوردستاندا دەمکوت بکەن. زۆرجار هەبوە بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی خۆفرۆشیشدا کردوە! کەمنین ئەو دەستدرێژییە توخمتێریانەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ سەر ژن و منداڵ و گەنجی خەڵکی شۆڕشگێڕ کردوویانە بۆ ئەوەی دەمکوتیان بکەن و خۆیان واتەنی چاوشۆڕیان بکەن. کەمنین ئەو هەوڵانەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیکی دامەزراوەیی داویانە بۆ ناشرینکردن و هەڕەشەکردن لە کادر و کاربەدەستەکانی حیزب و دەوڵەت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنیان و ئەنجامدانی ئەوەی ویستوویانە لە ژیانی سیاسیدا بە ئەنجامی بگەیەنن.

ئەم ڕەفتارە لەسەر ئاستی دونیا ڕەفتارێکی مایە پووچی سیاسییەکانە و کاتێک دەسەڵاتێک یان گرۆیەکی سیاسی دەستی بۆ دەبات کە ناتوانێت بە لۆجیک و ڕێگای سیاسی درووست بەر بە تەوژم و توانایی ڕکابەرەکانی بگرێت و لە ڕووی ڕەواییەوە لە بەردەمیاندا دەستەوەستان دەمێنێتەوە، ناچار دەست بۆ ئەم کەرستە بێبایەخە دەبات. سەرئەنجام لەلای من نۆرەی ئەو ژیرییە هاتوەتە پێش، کە لەلایەک خەڵک سڵ لەو هەڕەشە پڕوپووچە نەکاتەوە و پێویستی بەوەیە بەها کولتووریەکانی چەپاندن فەرامۆش بکات، لەلایەکتریش پیوانە سیاسییەکانی چینی سەردەست لە گۆڕبنێت. ئەو "چەمکی حیزبوون"ـە لەگۆڕبنێت کە نێوەندە کۆمەڵایەتییەکان بۆیان گرنگە، چونکە ڕاستی وایە کە ئەوە چەمکێکە لە دەسەڵات دەقەومێت نەک لە تاکی کۆمەڵگا، بەتایبەت مرۆڤ تا ملکەچ نەبێت بۆ دەسەڵات و مل کەچ نەبێت بۆ ستەمکاری هەرگیز "حیز" نابێت، ئەم چەمکە تایبەتە بە خۆ بەدەستەوەدان بۆ دەسەڵاتێکی خۆسەپێن. کاتی ئەوە هاتوە خەڵک بارگە و کاریگەری ئەو هەڕەشەیە بەتاڵ بکاتەوە، بەتایبەت لە ڕووی سروشت و مافەوە پەیوەندییە توخمتێرییەکان (سێکسییەکان) بەدەر لە تاوانکاری توخمتێری (بەتایبەت دەستدرێژی بۆسەر منداڵ، هەراسانکردن، توخمتیری بەزۆر...تاد)، هەموو ئەوەکانی تریان ڕەوان و هیچ جێی شەرم و شوورەییەک نین بۆ خەڵک. بۆیە فەرامۆشکردنی ڕەفتار و ڕەوتی سیاسی دەسەلات گرنگییەکی تایبەتی شۆڕشگێڕانەی خۆی هەیە و پێشەنگەکان ئەرکیانە سەرەتای هەنگاوەکان بگرنە بەر.

یەکێک لە هەنگاوە گەورەکانی مرۆڤایەتی بۆ ڕزگار بوون لە کۆیلایەتی، ئایین و کولتوورە دواکەوتوەکان، بۆ ڕزگار بوون لە بە کاڵاکردنی مرۆڤ، بریتییە لە ئازادکردنی پەیوەندییە توخمتێریەکانی مرۆڤ و ڕێگە گرتنە لە تاوانکاری توخمتێری! کە لە ڕاستیدا خودی تاوانکاری توخمتێریش لە خۆیدا بەرهەمی سەرکوتکردنەکەیەتی و بەچەندین شێوە خۆی دەردەخاتەوە.

لەشفرۆشی، ئەگەرچی بە یەکێک لە کۆنترین پیشەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت، بەڵام یەکێکیشە لە قێزەونترین سووکایەتییەکان کە بە مرۆڤ دەکرێت. بێگومان هەر کردەیەک مرۆڤ و پیرۆزییەکانی ژیان بکاتە کاڵا، سووکایەتیکردن و بێحورمەتیکردنە بە کەرامەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی. من گومانم نییە کە پەیوەندییە توخمتێرییە ئاساییەکانی مرۆڤ یەکێکن لە هەناسە گرنگەکانی ژیان و پیرۆزی ژیانیان پیوە دەبەسترێتەوە، نەک وەک ئەوەی باوە قێزەون و تاوان و لەکە بن بە نێوچەوانی خەڵکەوە.

بە ئاشکرا دەبینین، ئەمڕۆ ئەم پرسە (لەشفرۆشی = سووکایەتی بە مرۆڤ) بوەتە یەکێک لە کاڵا گرنگەکان لە دەستی سەرمایەداریدا کە وەک چەکێکی دوودەم بەکاری دەهینێت. ببینە لەم سیستەمەدا پەیوەندییە توخمتێرییەکان دەکرێت بە ڕێگایەک بۆ لێدانی گەورە سەرۆکەکانی دونیا، بیلل کلنتۆن و کێشەی مۆنیکا لوینسکی بە نمونە. بۆ زانیاری بیلل کلنتۆن یەکێکە لە سەرۆکەکانی پێشووی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. لەهەمان کاتدا ئەستێرەکانی لەشفرۆشیش لە هۆلیود یەکێک لە باشترین داهاتەکانی دونیایان بۆ دەبڕدرێتەوە! بۆیە چەکێکە بە هەردوو باری تابووکردن و هەروەها بە باری بەکاڵاکردنی بازرگانی سەرمایەداریش بەکاردەهێنرێت کە ئەویش چەکی پۆرنۆیە.

لەم نێوەندەدا دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان لەم مەسەلەیەشدا وەک هەر کردەوەیەکی تری هەر گرگنانە مامەڵەی کردوە، وەک هەر شوێنکەوتنێکی تر بۆ سەرمایەداری پاشکۆکەوتوو خۆی نمایشکردوەتەوە! ئەم کاڵایە بە هەمان دوانە مۆراڵی پەراوە دەکات کە لە زۆر پرسی تردا ڕۆژانە دیبینینەوە. بڕوانە قۆرخکارێکی دەسەڵات بە ناوی "سەرۆکی حکومەتەوە" لە لایەک پێشەنگی دژایەتی کردنی لەشفرۆشییە و بودجە تەرخان دەکات بۆ سنووردارکردنی ئەو دیاردەیە لە کوردستاندا. لەلایەکیش لەسەر بەرزترین ئاستی دەسەڵات پێشوازی لە لەشفرۆشە جیهانییەکانی سەرمایەداری دەکات. ئەگەرچی بەیەکگەیشتنی لووتکەی ئەم خۆفرۆشانە کە یەک لە یەک قێزەونتر و ناشایستەترن بە مرۆڤایەتی بەهایەکی زۆر گرنگی نییە، بەڵام لە ڕووی بەکارهێنانەوە وەک خاڵی وەرچەرخان گرنگییەکی تایبەتی پیشانی خەڵک دەدات، کە چیتر سڵ لە هەڕەشەکانی ئابڕووبردن نەکەنەوە و ژیانی سیاسی و بەرەنگاری خۆیان پەک نەخەن و بەرەوپێشی بەرن.

ئەم دوانە مۆراڵییە دوو دەروازە لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا ئاوەڵادەکەن. یەکەم بە پێوانەی ڕەوشتە گشتییەکان ئیدی شتێک نامێنێتەوە لە ڕەوشتی ئەم دەسەڵاتە نەکەوێتە ژیر پرسیارەوە! کەواتە سەروەختی شاربەدەرکردنی دەبێت نزیک بێتەوە، هەرچەند لام ناخۆشە لەسەر پرسێکی ئاوا چکۆلە و سووک ڕسوا و شاربەدەر بکرێن، بەتایبەت ئەوانە کۆمەڵە تاوانی زۆر گەورە گەورەیان ئەنجامداوە. ئەوەی گرنگترینیشە هەموو ئەو تۆمەت و ڕاستیانە فەرامۆش بکرێت کە گوایە دەسەڵات درووستیان دەکات یان دەستی دەکەون لەمەڕ بەڵگە پۆرنۆکانی دژ بە خەڵک. گەر تۆ کەسێک بیت باوەڕت بە پەیوەندییەکانی خۆت هەبێت و بەلاتەوە درووستن و تاوانێکت نەکردوە؟ (بۆ نمونە، دەستدرێژیت نەکردوەتە سەر منداڵێک، یان بەزۆر و زەبری هێز لەگەڵ کەسێکی تردا جووت نەبوویت،..تاد) ئیدیدی پێویست ناکات تۆ لە هەڕەشە سیاسییەکانی دەسەڵاتێک بترسیت کە دەیەوێت کەرامەتی تۆ بە کردەیەکی مرۆییەوە ناشرین بکات، کە تۆ خۆت بەوپەڕی بڕواوە پێی هەستاویت. ئەگەر پەیوەندییەکی مرۆیی و تەواو بەرابەرانەت لەگەڵ کەسێکی تر هەیە و/ یان هەبوە، هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆت مەدۆڕێنە تەنیا لەبەر ئەوەی سیخوڕەکانی دەسەڵات چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی یان چەند گفتوگۆیەکی ئەوینداری تۆیان لایە، یان چەند فۆتۆیەکی تۆ و دۆستەکەتیان زۆر ترسنۆکانە دەستکەوتوە. ئەوە بەد ڕەوشتی ئەوانە کە دەخاڵەت دەکەنە ژیانی تایبەتی ئێوە! ئەگەر دەتەوێت لەم ڕاستییە تێبگەیت بڕوانە "سەرۆکی حکومەتەکەیان" ببینە چ گرنگییەک بە لەشفرۆشە نێودەوڵەتییەکان دەدات و کەس نازانێت بڕی ئەو پارە ڕەشانە چەندە کە بەمانە سپیان دەکەنەوە. لەوەی دەیبینین لە کوردستان دەگوزەرێت، ڕەخنەکان شایستەی ئەوە نین ڕوویان بکرێتە  بەناو "سەرۆکە" موفلیس و شکستخواردوەکەی حکومەتی هەرێم، بەڵکو ئەوەی یەک تۆز هۆشیاری هەبێت و وتارەکەی (پیران ئەمیر) لە ماڵپەڕی ئێن ئار تی بخوێنێتەوە لە ژێر سەردێڕی ("نێچیرڤان بارزانی" بۆچی هونەرمەند Demi Lovato):




سەرئەنجام خوێنەر تێدەگات کە دەبێت ڕەخنەکانمان ئاراستەی Demi Lovato  بکەین نەک بە ناو "سەرۆکی حکومەت". مرۆڤێک بەو هەموو خواستە "مرۆڤدۆستییەوە" کە بازاڕەکانی سەرمایەداری و کۆمپانیاکانی هۆلیود بانگەشەی بۆ دەکەن، با لەشفرۆشیش بێت، چۆن و بە چ پێوانەیەک قبوڵیکرد لەگەڵ خۆفرۆشێکدا کۆببێتەوە یان وێنەی لەگەڵ بگرێت؟


No comments:

Post a Comment