بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





20/10/2016

باشترین شێوەی خۆشەویستیکردن!

دەستپێک:
لەوانەیە من فاشلترین کەس بم لە خۆشەویستیدا، بەڵام سووکە ئەزموونێکی چاودێری ئەم بابەتە و خوێندنەوەی ئەم بابەتەم کردوە، هەروەها لە دووریشەوە زۆر تێبینی بابەتەکەم کردوە. هاوڕێیەکی زێدە ئەزیز پرسیارێکی لێکردم و پرسیارەکەی جۆرێک لە داواکاری بوو بە متمانەیەکی زۆرەوە! داواکەی ئەوە بوو چۆن دەتوانێت ببیتە پارتنەرێکی (هاوجووتێکی) باش؟ یان چۆن دەتوانێت ببێتە خۆشەویستێکی باش بۆ هاوجووتەکەی؟ منیش لە ناخەوە هەستم بە داواکەی کرد و زۆر بە دڵ وەڵامم دایەوە. لەگەڵ ئەو هاوڕێیەدا تەمەن و ژیانێکی دوورودریژی جدیمان پێکەوە بەسەربردوە و ئێستاشی لەسەر بێت بۆ یەکتر بێ پەردە دڵدەکەینەوە و گفتوگۆی زۆر کایەی جۆر بە جۆری بیر و سیاسەت و ژیان دەکەین. بۆیە کاتێک ببینێت بابەتەکە بەشێوەیەکی گشتی بڵاو دەکەمەوە دڵنیا دەبێت کە ئەوە ڕای بێ ڕتووشی منە و لە ناخەوە باوەڕم پێیەتی بۆیە بڵاوی دەکەمەوە. سەرەتا وتم ئاسانە و دەستمکرد بە نووسین بۆی و ڕای خۆمم بۆ نارد. دواتریش بۆ سەلماندنی قەناعەتی خۆم یەکسەر بڵاومکردەوە بێ ئەوەی گوێ بدەمە هەندێ هەڵەی ئیملایی و ڕێزمانیش، بەتایبەت من ئینگلیزی زانێکی ئارەزوومەندم نەک پیشەگەر. ئیدی بلۆگە وتارێکی لێدەرچوو لە کاتی خۆیدا و لە نیوان پشووەکانی کارکردندا لە نێتەوە پەخشمکرد. کەچی ژمارەیەک هاوڕێ و خوێنەر بەلایەنەوە پەسەندبوو و منیش لام خۆشەویست بوو.. لە هەمان کاتدا پێم ناخۆش بوو ئەوانەی تەنیا کوردی زمانن لێی بێبەش ببن، بۆیە ئەمەی خوارەوە بابەتەکەیە بە کوردی. هیوادارم توانیبێتم تێکستەکەم بە زمانی خۆمان بە باشی داڕشتبێتەوە، چونکە توانای وەرگێڕانیشم هەر زۆر سنووردار و نا پیشەییانەیە.

تێکست:
هەموو هەوڵێکی خۆت بدە کە خۆت خۆت بیت، واز لە بەرامبەرەکەشت بهێنە با ئەویش خۆی بێت. ئەگەر ئەو هەمووشتێکی تۆی لا پەسەند بوو، ئەوا تۆش ئەو شتانەی ئەو وەک خۆی پەسەند بکە.

هەندێ جار لەوانەیە لە یەک دوو بابەتدا ئێوە نەتوانن پێکەوە بگونجێن، هەرگیز مەیکە بە کێشە و هەوڵبدە لەگەڵیاندا بژیت. لەوانەیە ئەو نەگونجاوی و ناڕازیبوونەتان وای لێبێت پاش ماوەیەک لە خۆیدا ببیت بە گونجاوی.

هەرگیز پەیوەندییەکەت ناولێمەنێ، یان هەوڵ مەدە لە شێوازێکدا لە قاڵبی بدەیت، چونکە هەموو شێواز و قاڵبەکانی پەیوەندی نێوان دوو کەس سەرنەکەوتوویی پەیوەندییە سروشتییەکان دەردەخەن. بۆ نمونە هەرگیز ناوی مەنێ هاوسەرگیری یان بەرەو هاوسەرگیری لێیمەخوڕە.. هەرگیز ناوی مەنێ پەیوەندی دڵداری دوو دڵخواز.. هەرگیز هەوڵ مەدە وەک هاوژینێک مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت... تاد. تەنیا با خۆشەویستی بێت و خۆشەویستی بکە و بەوپەڕی خۆشەویستییەوە هەموو ساتەکانی ئەو پەیوەندییە بەسەربەرە و بژی. ئەگەر هەستیشتکرد هیلاک بوویت یان بێزاریت لەو خۆشەویستییە، جێی بهێڵە، پشوویەکی لێ وەرگرە یان هەر شتێکی تر بکە، چونکە زۆر بە زوویی بیری دەکەیت کاتێک هەست بکەیت ئەوە تۆیت بەبێ گرنگترین شتەکانی ژیانی خۆت دەژیت! چونکە زۆر بە زوویی بیری دەکەیت، کاتێک کە دەزانیت جارێکی تر پێویستت بەو خۆشەویستییە هەیە.

هەرگیز تەماع و ڕەزیلی لە خۆشەویستی و خۆشەویستەکەدا مەکە، هەموو شتێکی پێ ببەخشە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی یەک پاداشتی ئەو بکەیت، ئینجا چێژ لەو بەخشینە ببینە، چێژ لەوە ببینە کاتێک شتێک دەدەیت بە خۆشەویستەکەت.

لەوانەیە خۆشەویستەکەت بەکارت بهێنێت، یان خراپ سوودت لێ ببینێت، یان ئەو وەک تۆ نەبێت؛ جا چییە؟ وازی لێبێنە چۆنە با ئاوا بێت. چۆنیشی پێ خۆشە با ئاوا بکات! تۆش دەتوانیت ئەو شتانە بکەیت کە خۆت باوەڕت پێیەتی.. دواتر لەوانەیە تۆ ئەو شتانەت کردبێت کە خۆت پێت خۆش بوە و باوەڕت پێیان هەبوە، بۆنا؟ ئینجاش لەوانەیە ڕۆژێک بێت لەگەڵ خۆشەویستەکەت دەستبەرداری یەکتر ببن. لەگەڵ یەکێکی تردا بە هەمان شێوە دەست بە خۆشەویستی بکەرەوە. یادگاری و ساتە خۆشەکانی کۆن لە یاد مەکە. لەوانەیە نەتوانیت یەکێکی ترت خۆش بوێت! ئەوجاش تەنیا بۆنەی یادەوەرییەکانی خۆت بکەرەوە و هەموو جارێک لەگەڵیاندا بژی. ئەوە خۆشەویستییە، خۆشەویستی ڕاستیینەیە و تۆ دەتوانیت باشترین بیت لەم مەیدانەدا. لە کۆی ئەمانەدا پێویستە هەمیشە خۆت لە دوو سێ شت بپارێزیت بۆ ئەوەی لە پەیوەندییەکی سروشتیدا بمێنیتەوە و دوور نەبیت لە خۆشەویستی و پاریزراو بیت لە پەیوەندییە دەستکردەکان:

١. هەرگیز لە پەیوەندییەکدا بەردەوام مەبە کە هەست دەکەیت لەبەر خاتری یەکێکی تر لەو پەیوەندییەدا ماویت.
٢. هەرگیز پەشیمان مەبە لەوەی کردووتە و لەوەی دەیکەیت ئەگەر پەیوەندییەکەشت سەرکەوتوو نەبوو، چونکە پەیوەندی سروشتی وایە، زۆربەیان لە خاڵێکدا دەپسێن و شکست دەهێنن.
٣. هەرگیز هەوڵ مەدە پێکهاتەی پەیوەندییەکەت و خودی پەیوەندییەکەت بەراورد بکەیت بە پەیوەندییەکانی تری هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی دەوروبەرت یان پەیوەندی نێو فیلمەکان و چیرۆکەکان و هەر ئەزموونێکی دەرەوەی پەیوەندییەکەی خۆت، بەڵکو چەند دەتوانیت خۆت بە دانسقەترین شێوە خۆت بە.

No comments:

Post a Comment