بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





22/10/2016

هەرجارەی باسێک ژمارە -20-

پێشمەرگە، لە نێوان پیرۆزی ئەرک و شێواندنی مێژوویدا

سەرەتا:
هه‌موو پیرۆزكردنێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژیاندۆستی مردنە، مردنی تێڕامان‌ و پرسه‌، كاتێك تێڕامان‌ و پرس مردن، گشت ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤێك ده‌مرێت، گه‌شه‌كردنی دادوه‌ری ده‌پووكێته‌وه. پانتاییه‌ك نامێنێته‌وه‌ بۆ پیاداچوونه‌وه‌ ‌و لێپرسینه‌وه‌. دواكه‌وتوویی باڵده‌كێشێت به‌سه‌ر هه‌موو بوارەکانی ژیاندا. پیرۆزكردن ئه‌و ژیربێژی و بیرمەندییه دەیهێنێتە ئاراوە كه کۆمەڵگا والێدەکات ناتوانێت چیدی شتێكی به‌رزتر، ڕاستر، زانستی تر ببینێت، ئیتر بۆیە لەگەڵ وەستاندا مردن باڵدەکێشێت بەسەر هەموو جومگەیەکی کۆمەڵگادا. بەپێی ئەم تێگەیشتنە هیچ کات و هیچ کام لە شتەکان پیرۆز نین لەلام جگە لە ژیاندۆستی، بەرزترین بیروباوەڕم بەلاوە جێی ڕەخنەیە و بە پیرۆزی نابینم، خۆشەویسترین و پڕ بەهاترین کەس لەلام شایستەی ئەوەیە بە هەمیشەیی لە ژێر پرسیار و لێپرسینەوەدا بێت. "پێشمه‌رگه‌"ش لە وێستگەیەکدا پیرۆزە و لەوێ ترازا هیچ پیرۆزییەکی تێدا نامێنێت! بۆ نمونە کاتێک دەبێتە لەمپەڕ لەبەردەم ئازادی و یەکسانی (دادوەری)دا کە هەردووکیان بژوێنەری ژیاندۆستین کام پیرۆزییەی تێدا دەمێنێتەوە؟

ئەو کات لە بەردەم دوو بژاردەدا دەوەستینەوە، یان پیرۆز نامێنێت و پێشمەرگەیە، یان چیتر ناوی پێشمەرگەی بەسەردا ناچەسپێت، ئەگەر بڕیارمان دابێت پێشمەرگە بۆ ژیاندۆستی پێشمەرگە بێت! ‌مرۆڤ بەو بەهایانەوە مرۆڤە کە بەرەو ژیاندۆستی گەشە بکات و لەڕێگای ‌دادوه‌ری ‌و ئازادییه‌وه‌ مرۆڤ دەتوانێت ژیاندۆست بێت. دواجار ته‌نیا ژیاندۆستیش لە کۆنسێپتێکی (تێگەیشتنێکی) گشتگردا بە پیرۆزی دەمێنێتەوە.


پێشمەرگە و گیان بەختکردن
وەک وشە، پێشمەرگە لە لێکدرانی دوو وشەی بنەڕەتییەوە هاتوە: (پێش لەگەڵ مەرگ)، بە گشتیش واتای کەسێک کە لە پێناوی شتێک یان بیروباوەڕێکدا بەرەو مەرگ پێشڕەوی بکات، کە دواتر دەبێتە ناو بۆ کارەکتەرێکی بکەر، پێشمەرگە، لەنووسین و گۆکردندا بزوێنێک لە کۆتاییەکەیدا هەیە، ئەم بزوێنی کۆتاییە لە هەموو کاراکتەرە بکەرەکانی تر جودای دەکاتەوە، تەنانەت لە سەربازیش. چونکە ئەو بزوێنە سیفەتی بکەرێکی چالاک بەو کاراکتەرە دەبەخشێت، بۆنمونە بڕوانە (ئەندازیار، مامۆستا، سەرباز، سەرتاش، سیاسەتمەدار، تەنەکەچی، چلاکەوان ...تاد) لە بەرامبەر پێشمەرگە کە خۆی لە خۆیدا وشەیەکی پێناسەکراو دەبەخشێت.. (پێشـ) (مەرگـ) (ــە).  لێرەدا قسە لەسەر هاتنی وشەکە ناکەین کە چۆن لە بری وشەکانی "پارتیزان" یان "گەریللا" وشەی "پێشمەرگە" هاتوە و کێ هێناوێتی و یەکەمجار چۆن دانراوە، ئەوە بۆخۆی چیرۆکێکە و لەم باسەدا زۆر گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. هەرچۆنێک ئەوە ڕووی دابێت بنەمایەکی ڕۆحی و فەلسەفی لە ناوئاخنیدا هەبوە و پاشتر لە داکەوتی سەردەمی خۆیدا ئەو بنەمایە جێکەوتە بوە. بۆیە هاتوەتە بوون و تا ئیستاش بەردەوامە و لەناو فەرهەنگەکانی دەرەوەی کوردستانیشدا جێگەی خۆی کردوەتەوە و هەر بە هەمان پێناسەی کوردییەوە و بە تێگەیشتنی کولتووری کوردەکان دەناسرێتەوە. ئەم دەربڕینە هەروا بە هەڵواسراوی و جێ پرسیار دەمێنێتەوە تا ساتەوەختی لێکدانەوەی پرسی گیان بەختکردن و وشەی شەهید.

وشەی شەهید (گیانبەختکردن) لە لای ئازاد مستەفا سکرتێری پاسۆک،جیاواز لە بیروبۆچوون و ئایدۆلۆجیای خودی ئەو سەرکردەیە، باشترین لێکدانەوە بۆ گیانبەختکردن دەدۆزینەوە. ئازاد موستەفا لە ساڵەکانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا سکرتێر و سەرکردەیەکی دیاری پارتی سۆشیالیستی کورد پاسۆک بوە، لە هەندێ هەوڵدا وەک تیۆریستی شۆڕشگێڕانەی ئەو پارتەش دەرکەوتوە. باشترین پێناسەی ڕەوشتی بۆ گیان بەختکردن (شەهید بوون) دەکات و جوانترین شوناسی بۆ دەردەهێنێت! لە خۆیدا ئەو شووناسە وێنەی پێشمەرگەمان بۆ بەرجەستەدەکات، ئەتوانم بڵێم ئەم شوناسە دەتوانێت ئەو فەرمانە لە کاتی بەردەوامییەوە بۆ کاتی تەواو بگوێزێتەوە، تەواوێک نە بەتەنیا لەڕووی دەمکاتی فرمانەکەوە، بەڵکو تەواوێک لە ڕووی مێژوەوە کاتێک بڕیارە مێژوو حوکم لەسەر هەڵوێست بدات. واتە ئەکرێت مرۆڤ بانگەشەی ئەوە بکات پێشمەرگەیە، کە دەکاتە پرسی ژیاندۆستی و خەباتێکی ڕەوا بۆ مردن ئامادەیە، بەڵام ئەمە تەنیا وەک بانگەشە دەمێنێتەوە تا ساتی گیان بەختکردن، ئیدی ئەو کاتە هیچ گومانێک لە پێشمەرگە بوونی نامێنێتەوە. ئازاد موستەفا لە ڕوانگەی خەباتگێڕی و پەیامبەرییەوە، چ وەک گیانبەختکردن لە پێناوی پرسێکی دیاریکراودا (بەتایبەت نەتەوە و نیشتمان پەروەری لەلای ئەو) و چ وەک هەڵگری شوناسی خۆکردن بە قوربانی بۆ پرسێک، دەڵێت: 
"شەهید تاکە دڵسۆزی بێنیازە"
ئەم دەستەواژەیە، لە لایەک حوکمێکی قەدەرییە بۆ هەموو مردوویەک، کە ئیدی نیازی نامێنێت، بەڵام لەلاکەی ترەوە بۆ پێشمەرگە دەبێتە دڵسۆزی، چونکە خودی کاری پێشمەرگایەتی لە چوارچێوەی دڵسۆزی بیروباوەڕەوە درووست دەبێت. کاتێک ئەوی پێشمەرگە لە پێناوی بەرەنگاریی ستەمکارییدا یان پرسێکی گشتیدا خۆی ئەو ڕێبازە هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی بە گیانی خۆی بەر بە شتێک بگرێت کە دژی ئامانجە گشتییەکانی کۆمەڵگاکەیەتی. بەڵام لە چ کاتێکدا دەستەواژەکە ڕاستە، ئەگەر هاتوو لە ماوەی پێشمەرگایەتیکردندا بۆ پرانسیپ و بنەماکانی ڕەوایی کاریکردبێت، بۆ نمونە مرۆڤێک بە شووناسی ڕووکەش پێشمەرگەیە و چەکی لەشاندایە بەڵام سیخوڕی دەکات بۆ هیزە داگیرکەرەکان، ئەگەر لەم ڕێبازەدا گیانیش بسپێرێت ئەنجامی ڕێکەوتێک، ئەوا گرنگ نییە مێژوو تۆماری دەکات یان نا ئەو کات ئەو نە پێشمەرگە بوە نە گیانبەختکردنەکەشی لە پیناوی پرسێکی گشتیدایە. هەر بۆیە ئەو چەکدارەی کە لە خۆپیشاندانەکانی جەماوەردا وەک ١٧ ی شوبات دەبێتە بکوژی دەنگی ئازادانەی خەڵک، یان ئەو بەناو ئاسایشەی (سەردەشت عوسمان) دەفڕێنێت و تیرۆری دەکات، هەروەها بۆ کاوە گەرمیانی و ودات...تاد ڕاستە، ئەوا کاتێک لە جەنگی دژی تیرۆرستی ئیسلامیدا بەڕێکەوت دەکوژرێت، نەدەکرێت پێشووی ئەو بە پێشمەرگایەتی هەژمار بکرێت، کاتێکیش کە گیان لەدەست دەدات نا کرێت بە دڵسۆزێکی بێنیاز پاداشت بدرێتەوە. ئەم دەستەواژەیە بە چەند خەسڵەتێکی پێشمەرگە پشتڕاست دەکەینەوە:
١. پێشمەرگە چەکدارێکی ئاسایی نییە، دەبێت بیروباوەڕێکی هەبێت و بە ڕەوایی پاساودرابێتەوە. بۆ نمونە ئەمڕۆ خەڵک لە شاری کەرکووک چەکیان هەڵگرت و بۆ داکۆکی لە پرسی گشتی بوونە پێشەنگی مەرگێک بۆ وەستاندنی تاریکییەک کە رووی کردە شارەکەیان. (پرسێکی گشتی هەیە!)
٢. پێشمەرگە وەزیفەکەی بە گەیشتن بۆ حوکمڕانی کۆتایی دێت، چونکە پێشمەرگە لەبەرەی داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی نا دەسەڵاتەوە دەتوانێت شوناس وەربگرێت. کەواتە پاش گەیشتنی گرۆ کوردییە ڕێکخراوەکان بۆ حوکمڕانی ئیدی چەکدارەکانیان خەسڵەتی پێشمەرگایەتی لەدەست دەدەن، ئەگەر پێشتریش هەیانبووبێت.
٣. پێشمەرگە هیچی نییە بۆی بژی جگە لە گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکەی، کە ئامانجێکی گشتییە. بەواتایەکی تر خاوەنی هیچ شتێکی ماددی نییە، ئەگەر خاوەنیشی بێت لە پێناوی پرسەکەیدا ئەوەش بە گرنگ و سەرەکی نابینێت، بۆ نمونە تەنانەت چەکەکەی دەستیشی موڵک نییە. چونکە مرۆڤ کاتێک بڕیاریدا پێشبڕکێ لەگەڵ مەرگ بکات لە پێناو ئامانجێکدا، ئەوا خاوەنی هیچ نامێنێتەوە نەیبەخشێت بە ئامانجەکەی. بەمجۆرەش ساتەوەخت و هەڵوێستی پێشمەرگایەتی زۆرن لە ژیاندا، بۆنمونە کیمیاگەرێک لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی تاقیکردنەوەکەیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشییەک، ژەهراوی دەبیت و گوێناداتە ژەهراوی بوونی خۆی و کارەکەی دەکات بە ئاراستە ئامانج، ئەم ژەهراوی بوونە ئەگەر نەیکوژێت ئەشێ تەمەنی کەمبکاتەوە، بەڵام ئەو باوەڕی وایە ئامانجە گشتییەکەی گەورەترە لە تەمەنی خۆی ئیدی ئەو پێشمەرگەیە، نەک ئەو چەکدارەی شوێن بەرژەوەندییەکانی بەرپرسەکەی کەوتوە یان بە مەبەستی تاڵانیکردن پەلاماری سەنگەرەکانی بەرامبەرەکەی دەدات و لەم پرۆسەیەدا هەر بە ڕێکەوت دەکوژرێت.
٤. پێشمەرگە، مووچە وەرناگرێت و پێویستی پێی نییە! پێشمەرگە ئەگەر مامەڵە بە بڕێک لە نەختەوە بکات بۆ هەندێ پێویستی سەرەتایی خۆی وەک فڵچەی دان و جلوبەرگی ژێرەوە و هەندێ کات شتی ئارەزوومەندانەی وەک کتێب و ڕادیۆ و مۆبایل و ....تاد، ئەوا لە ڕێگەی یارمەتییەوە دابینی دەکات، نەک وەرگرتنی مووچەیەک.
٥. پێشمەرگە، تەنیا لە پێناوی دیسپلینی سەربازیدا جۆرێک ڕێکخستنی هەرەمی بەخۆوە دەبینێت، ئەگەرنا سەرەوە و خوارەوەی هەرەمەکە لە ئیمتیازدا تەنیا ئەوەیە لەوانەیە پێویست بکات لووتکەی هەرەمەکانی پێشمەرگایەتی باشتر و زووتر گیانی خۆی بەختبکات.
٦.پێشمەرگە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، تەنیا ژەمەکانی خۆراکی سەرەکی و چەک و تەقەمەنی و بەشی سەرما و گەرما جل و بەرگی پێویستە!
٧.پێشمەرگە، پێویستی بە نوێبوونەوەی زانیاری و شارەزایی کارەکەی و پتەوبوونی بیروباوەڕەکەیەتی، نەک پیرۆز بوون و ستایشکردن، چونکە لە کۆی گشتیدا پێشمەرگایەتی هەڵبژاردنێکی ئیرادە گەرانەیە نەک سەپاندنێکی یاسایی، بۆ نمونە سەربازی زۆرە ملێ.

بەم خەسڵەتانە ئەگەر هەستمانکرد لە کەسێکی تێکۆشەردا دەتوانین بیدۆزرێنەوە، لە دۆخی بەرەنگاریدا، ئەوا کەسەکە دەبێتە پێشمەرگە. هەر بۆیە لە پاش دامەزراندنی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ساڵی ١٩٩٢ باسکردن و پێناسەکردنی هەر چەکدارێک وەک هەڵگری خەسڵەتی "پێشمەرگە"، خۆ خەڵەتاندنێکی گەورەیە و هەوڵدانێکە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و سووکایەتی کردنە بە میژووی وشەکە. حکومەتی هەرێم یان هەر حکومەتێک سنوورێکی جوگرافی هەبێت، پێویستە سوپای هەبێت نەک پێشمەرگە! سوپاش دامەزراوەیەکی نیشتمانییە و لە چوارچێوەی ئەو میلیشیا بە کرێگیراوەدا جێگای نابێتەوە کە ئەمڕۆ لەکوردستاندا هەیە! تا ئەمڕۆش لەبەر باری ناچاری و بێدەرامەتی و لە ژێر درووشمی بریقەداری ناسیۆنالیستی بەرچاو تەنگی باشووری کوردستاندا و بەناوی بەرەنگاری تیرۆرەوە خەڵکی هەژار و ڕەنجدەر بە لەبەرکردنی بەرگی پێشمەرگە دەکرێتە خۆراکی جەنگ و شەڕە جۆربەجۆرەکان. لەم جەنگانەشدا دوو خاڵی زۆر سەرەکی دەبینیینەوە: یەکەم؛ جەنگەکان لەڕووی سیاسی و دەستووریەوە زۆربەیان جێگای گومانن و دەکرێت بیسەلمێنین کە ناڕەوان، بۆ نمونە: شەڕی ناوخۆ، شەڕ دژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە و هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و ....تاد، بەدەستەوەدانی شنگاڵ و موصل و دواتر شەڕکردن بۆ گرتنەوەیان...تاد. دووهەم؛ زۆر باش دەبینین ئەنجامی نەشارەزایی و بازرگانی باندەکانی مافیای سیاسی لە کوردستاندا تەنانەت وەک پێویست توانای جەنگ و بەرەنگار بوونەوەش لە چەکدارەکاندا درووست ناکرێت و گرنگی بە پێویستییەکانیان نادریت و بەشێوەی هەڕەمەکی ڕەوانەی پێشەوەی شەڕگەکانیان دەکەن و دواتریش وەک پێویست گرنگی بە کەسوکار و منداڵەکانیان نادرێت، لە هەمان کاتدا باشترین توانا و پاریزگاری و کەرەستە بۆ بەرپرسە سەربازییەکان تەرخان دەکرێت لە بەشی هەرەدواوەی شەڕگەکاندا.

بەد سوود وەرگرتن لە چەمکی پێشمەرگە
بە باشی دەرکەوتوە کە دەسەڵاتی سیاسی لە باشووری کوردستاندا جگە لە تاوانکاری لە هیچ ئەرکێکی تردا ناتوانرێت سەرکەوتوو بێت و جێگایەکی باش بۆ خۆی لە دڵی خەڵکدا بکاتەوە، تەنانەت لە مێژووی کۆن و نوێی ئەو پارتانەی ئەمڕۆ دەسەڵاتیان هەیە! ئەم دەسەڵاتە هەرچی دەستبکەوێت هەوڵدەدات بەشتێک قازانج بیفرۆشێتەوە، بۆیە هەموو وشەو دەستەواژەکانی وەک: نیشتمان، پێشمەرگە، کوردستان، خەڵک...تاد هەموو کەرەستەن لەلای ئەو بەکاردەهێنرێن لە قەواڵەیەکی بازرگانی تایبەت بە بنەماڵەیەکدا.
دەسەڵاتی خۆفرۆشی سیاسی لە کوردستاندا چەندین سوود لە پێشمەرگە وەردەگرێت، بەکەمترین تێچوون دەیانخاتە هەرزانترین بازاڕی مەرگەوە. هەمیشە وەک شوناسێکی نەبڕاوەی خۆی پێناسەیان دەکات و دەکاتەوە، لەسەر ڕەخنەگرتن لە وشەکە ئامادەیە گەورەترین بیرمەند تیرۆر بکات لە کوردستاندا، بەڵام خودی پێشمەرگە لە بەشی هەرە پێشەوەی شەڕگەکاندا دەبێت خۆیان نان و خورما بکڕن و خۆیان فیشەک و تەقەمەنی و کەرەستەی شەڕکردن دابین بکەن و لەکاتی مۆڵەتەکانیاندا دەبێت بە قەرز و صەدەقەی خەڵکی کرێی گەڕانەوە بۆ شەڕگەکان پەیدا بکەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە لەبەر باری ناچاریدا بەشێکی گەورەیان بەپێشمەرگکراون نەک بووبێتنە پێشمەرگە!
سەبارەت بەم پرسە، ماوەیەکە وای لێهاتوە هەر کەس چەند دێڕێک لەسەر پێشمەرگە و میلیشیا و جەنگ و ناڕەواییەکانی بڵێت، ئەوا ڕاستەوخۆ دەسەڵات و بەکرێگیراوەکانی هێرشی دەکەنەسەر. ژمارەیەکیش لە خەڵکی دڵسۆز لە ژێر کاریگەری نۆستالجیکی ناوی پێشمەرگەدا، خۆنەویستانە دەبنە پارێزەری ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە. باشترین نمونە لە ڕێگای ئازادی ڕا دەربڕینەوە ڕاستییەکان دەتوانین بدۆزینەوە: ئازادی لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا یاسای جەنگەڵی بەسەردا دەچەسپێت و تەواو وەک هەموو شتەکانی تر دووفاقە. ئازادی هەموو جۆرەکانی سه‌ركوت ده‌كرێن ‌و یەک جۆر ئازادیش هه‌یه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕەها‌ و شێوه‌ ڕەهاوە هەژموون دەکات، ئەویش ئەو ئازادییەیە کە داکۆکی لە دەسەڵات و دەزگا گرگنەکانی دەسەڵات دەکات. هه‌موو جۆره‌كانی سه‌ركوتكردن به‌ دوای تاوانی مۆراڵیدا ده‌گه‌ڕێن بۆ كپكردنه‌وه‌ی ڕای ئازاد، هه‌میشه‌ له ‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان تاوانێكی ڕەوشتی بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌ر ده‌ڕبرینێك کە له ‌خواست‌ و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وی ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بێت و یان بە تایبەتی دژی دەسەڵات بێت. پیرۆزكردنی وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ بەو میکانیزم و ئەندازەیە بەتایبەت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن "پێشمەرگە"، له‌خۆیدا دۆزینه‌وه‌ی كه‌ناڵێكی ڕەوشتییه‌ بۆ تاوانبار كردنی ئازادییه‌كانی هەر کەسێک قسە لەسەر هێز و دەستکەوتەکانی هێز و قازانجەکانی هێز بکات.

میلیشیا یان پێشمەرگە؟
باشترە لە خۆمان بپرسین ئایا هێزی چەکداری ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان پێشمەرگەیە یان میلیشیا؟ کە دەکوژرێت بە گیان بەختکردوو هەژمار دەکرێت یان کارەساتە؟ بەجۆریک لە جۆرەکان لە پێشتر باسی پێناسە و ڕیشەی پێشمەرگە و گیان بەختکردنمان کرد. ئێستا نۆرەی ئەوەیە بزانین لەڕووی زانستییەوە ئایا میلیشیا ڕاڤە دەکرێت؟ یان دەتوانین هێڵێکی پەیوەندی لە نێوان میلیشیا و پێشمەرگەدا بدۆزینەوە؟

(میلیشیا)،Mi-li-tia   وشه‌یه‌كه‌ بنه‌ڕه‌تێكی لاتینی هه‌یه‌، ناوه‌، به‌واتای خزمه‌تی سه‌ربازی دێت. ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ساڵی 1625 ه‌وه‌ به‌كار دێت له‌ئه‌ده‌بیاتی لاتینی ‌و جیهانیدا. دوو واتای هه‌یه‌: یه‌كه‌م؛ به‌شێكه‌ له ‌هێزی سه‌ربازی ناو وڵاتێك كه‌ بۆ باری نائاسایی به‌كار دێت، به‌واتای  Emergency، بە گشتی ئه‌م هێزه‌ له ‌خه‌ڵكی سڤیل درووست ده‌كرێت. دووهەم؛ بە زۆری ئه‌و به‌شه‌ی نێرینه‌ی كۆمه‌ڵگا بوه‌ كه ‌هه‌میشه‌ بێ ڕێكخستن ئاماده‌ی جه‌نگ بوون‌. به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ واتایه‌ك به‌كاردەهێنرێت كه ‌خه‌ڵكێكی سڤیل بخرێتە بەر ئەزموونی چەکداری بۆ پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی. جیاوازی خه‌ڵكی سڤیل ‌و خه‌ڵكی سه‌ربازی له‌ زانست ‌و هونه‌ری جه‌نگدایه‌. خه‌ڵكی سه‌ربازی زانست ‌و هونه‌ری جه‌نگ ده‌زانێت به‌ڵام خه‌ڵكی سڤیل به ‌غه‌ریزه ‌و ڕق به‌شداری شه‌ڕەکان ده‌كات. واته‌ سه‌رباز بۆ ئامانجێکی جیاواز به‌كاردهێنرێت له‌پارێزگاریدا، بەڵام ئامانجی میلیشیا بە زۆریی بۆ تۆڵه ‌‌و پاككردنه‌وه ‌و ترس لە باری نائاسیی درووست دەکرێت، بۆیه‌ ناتوانرێت شێوازبەند و سیستەماتیک بکرێتەوە‌. بەتایبەت‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی ئەرکە سەرەکییە سەربازییەکەی بە ئاسانی به‌كاردەهێنرێت، ئه‌م هێزه‌ له ‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌رامێك داده‌مه‌زرێت كه‌ زیاتر به‌ده‌ستهێنانی ئامانجێكی تایبه‌تی (تایبەت بە کەسێک یان گرۆیەک) هه‌بێت نه‌ك گشتی بێت بۆ بنەمای پرسێک. نمونه‌ سه‌رباز كه ‌جله‌ سه‌ربازیه‌كانی دانا مرۆڤێكی سڤیله‌، به‌ڵام میلیشیا له‌ كاتی مۆڵه‌تیشدا ده‌ستی له‌سه‌ر چه‌كه‌كه‌یه‌تی. به‌واتای نوێ میلیشیا ئه‌م خەسڵەتانه‌ له ‌خۆده‌گرێت:
١. هێزێكی سه‌ربازیه‌ پارێزگاری له‌ شوێنێك یان له‌ یاسایه‌كی دیاریكراو ده‌كات. مه‌رج نییە‌ ئه‌و یاسایه‌ یاسای هه‌موو خه‌ڵك بێت و یاسایەکی ڕەوا بێت. ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی به‌سه‌ر چەکداری حیزبه‌كاندا ده‌چه‌سپێت له‌دوای ساڵێ ١٩٩٤ ەوە بە دیاریکراوی. چونكه‌ له‌دوای ئه‌م ساڵه‌وه‌ پارتە سیاسییەکان نەیانتوانی چەکدارەکانیان بۆ دۆخی سەرباز بگۆڕن‌، بەڵام خۆیان پەراوەی حوکمڕانیان دەکرد، بەرئەنجام ئەو چەکدارەی کەهەیانە خەسڵەتی سەربازی پێ نەبەخشرێت، خەسڵەتی پێشمەرگایەتی لە دەست دەدات. واتە ئەو هێزە نه‌بوه‌ته‌ هێزێكی شێوازبەندی ڕێکخراو، لە هەمان کاتدا سیفەت و دۆخەکانی پێشمەرگایەتیشی لە دەستداوە‌! هه‌ندێ جار ڕۆڵی پۆلیسی نهێنیشیان پێ بینیوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ لیوا تایبه‌ته‌كان‌ و زرێڤانی ‌و هێزە کەسییەکان...تاد.
٢. بە کەمی خۆبه‌خشانەیە و ڕێژەی زۆریان لە ‌ژێر كاریگه‌ری ناچاریدا، چه‌كیان هه‌ڵگرتوە ‌و به‌باشیش ناتوانن ئه‌و چه‌كه‌ به‌كار بهێنێت و تا ئەندازەیەکی زۆر هەژارن لە هونەر و زانستی جەنگدا. به‌ڵێ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێی ده‌وترێت "پێشمه‌رگه‌ی كوردستان"، یان ژمارەیەک هەڵخەڵەتاون بە ناو و پۆستی سەربازییەوەن، بەڵام به‌ پیشه‌ له ‌چه‌كداری به‌ولاوه‌ هیچی تر نازانن ‌و ناچارن‌ چه‌كدار بن. بێگومان زۆرینەیان له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌ مێژووییه‌كانی شۆڕشی كوردستاندا بەم ئاکامە گەیشتوون، یان له‌به‌ر بژێوی خێزان ناچار چەکدار‌ بوون و ڕیگایەکی تریان لەبەردەستدا نییە بۆ بەردەوامی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان.
٣. هێزێكی تایبه‌ته‌، واته‌ هێزێكه‌ موڵكی حكومه‌ت نییە ‌‌و حكومه‌ت ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات.
٤. میلیشیا، هێزێكی ناشێوازبەندی ڕێکنەخراوه ‌‌و به‌ناوی جیاواز بانگهێشت ده‌كرێت؛ بۆنمونه‌ سوپای سوور، جوندوڵا، سوپای پاسداران، ...تاد. لە کوردستاندا دۆخەکە خراپترە، بۆ نمونە هیزەکانی کاک...فڵان و پارێزگاری کاک فڵان...تاد.
بەپێی پێویستی باشتر بوو پاش ئازادی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ و پاش دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢، ئیتر ناوی پێشمه‌رگه‌ بگۆڕایه‌ به‌شتێكی تر ئه‌گه‌ر ده‌مانویست دەست بە پیرۆزییەکانی وشەی پێشمه‌رگەوە بگرین‌، هەروەها وه‌ك وشه‌ خه‌سڵه‌تی شوڕشگێڕی تێدا بهێڵینه‌وه‌، هیچ شووره‌یی نه‌بوو ئەگه‌ر ناوه‌كه‌یمان بگۆڕیایه‌ به‌سوپای كوردستان. له‌ ڕووی زمانناسی كولتوورییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ناوێك له‌ سه‌رده‌می خۆی و لەپیناسەی تەواوی خۆیدا به‌كار نه‌هێنرێت، ئه‌وا وه‌زیفه‌ی ناوه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، به‌م جۆره‌ش هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ‌و پارتی، ناوی پێشمه‌رگه‌یان په‌لكێش كرده‌ ناو كه‌ینوونه‌ی میلیشیا بوونه‌وه‌. به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه‌، مه‌سعود بارزانی له‌پاڵ تاڵه‌بانیدا به‌رپرسی یه‌كه‌من له ‌به‌میلیشیاكردنی پێشمه‌رگه‌دا نه‌ك ڕەخنەگرێک! بۆیە کاتێک نووسەرێک یان ڕەخنەگرێک ناوی پێشمەرگە لە چەکدارەکان دەسێنێتەوە، یان ڕەخنە لە بوونیان دەگرێت‌، ئه‌وا ده‌قاوده‌ق ده‌ربڕینه‌كه‌ی له ‌ڕووی زانستییه‌وه‌ درووسته ‌و هیچ خه‌وشێكی زانستی تیادا نییە‌. ئه‌وه‌ خەڵکی كه‌م زانست‌ و كه‌م په‌روه‌رده‌ی زانستین ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌م پێناسه‌یه‌ قبوڵ نەکەن و بیانەوێت چوارچێوه‌یه‌كی ڕەوشتی بکەنە قاڵب بۆ سه‌ركوتكردنی دەنگە زیندوو و جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا.

پوختەی ئەنجامگیری
بەڵێ له ‌ڕابردوودا و لە باشووری کوردستاندا چەکدار هەبوون، ناوی پێشمه‌رگه‌یان لێنراوە و لە کۆی گشتیدا زۆربەیان بەکاری پێشمەرگانە هەستاون، پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نكانیش هه‌بوون و تا ئەمڕۆش ماون‌، ئەم چەکدارانە هه‌ركات ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌یان بینیبێت له ‌پێناو ئازادی ‌و یەکسانی (دادوه‌ری)دا! یان، هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئازادی و یەکسانی (دادوه‌ری) بووبێت، له‌ كاتی ئاماده‌یی گیانبازییدا، پێشمه‌رگه‌ بوه‌ و کە له‌ هۆشمەندی چەکدارانە ترازاوە چەکداری پارتێكی سیاسی یان تاقمێکی دیاریكراو بوه. واته‌ میلیشیا بوه‌. لەڕاستیدا له ‌پاش كۆتایی شه‌ڕی ناوخۆی كوردستانه‌وه‌، ئیدی ئەو چەکدارە‌ ناوی خۆی له ‌ده‌ست ده‌دات، بەبێ پەردە‌ ده‌بێته‌ میلیشیای تەواو، هه‌ندێ جاریش ڕۆڵی به‌كرێگیراوی پێ بینراوه‌، کە ئەمەشیان ئاساییە، چونکە میلیشیا ڕۆڵی به‌كرێگیراوی پێدەبینرێت، به‌ڵام ئاسته‌مه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌وكاره‌ هه‌ستێت. بۆ نمونه‌ له‌لێدانی هێزه‌ ئازاده‌كاندا، وه‌ك پارتی كرێكاران، حیزبی كۆمۆنیست، پارتی كاری سه‌ربه‌خۆ..تاد، بۆنمونه‌ له ‌كاتی جێبجێكردنی مه‌رامی داگیركاراندا وه‌ك لێدانی دیموكرات، هێنانه‌وه‌ی به‌عس له‌ 31 ی ئابدا.. به‌م پێوانانه‌ش هه‌ركه‌س به‌شدار بووبێت له ‌ناشرینكردنی (وشه‌ی پێشمه‌رگه‌)دا پێویسته‌ دادگایی بكرێت! كه‌به‌ڕای من ئاخر كه‌س ڕەخنەگرەکانن و یەکەم کەسیش ئەو بەرپرسانەی پارتە دەسەڵاتدارەکان و هاوکۆلکە بێفەڕەکانیانن لە پارتەکانی سێبەر.

هەرگیز ناکرێت سوپای كوردستان ‌و میلیشیا له ‌كوردستاندا له‌ یه‌ك ‌و دوو جیانەكرێنه‌وه ‌و بە هەمووشیان بڵێین "پێشمەرگە"، لە مێژە هێزی سەربازی لە باشووری کوردستان پێشمەرگە نەماوە و هیچ خەسڵەتێکی پێوە دیار نەماوە، ئەگەر بچێت لە پێشی هەرە پێشەوەی سەنگەرەکاندا سنگ بنێت بە گولەوە لە دژی هێزە ئیسلامییە تۆقێنەرەکان، نەک لەبەر ئەوەی دڵسۆزی تێدا نییە، نەک لەبەر ئەوەی نیشتمان پەروەر نییە، نەک لەبەر ئەوەی گیان بەخت ناکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی چەکداریکردنی ئەو پێناسەی پێشمەرگەی بەسەردا ناچەسپێت و بە پێچەوانەوە لە خانەی میلیشیادایە. ئەشێ ئەنجامی سەرڕاستی و دڵسۆزی لە جەنگاندندا بەرامبەر بە تاریکی تیرۆریزمی ئیسلامی پاش گیان بەختکردن بە (شەهید) هەژماری بکەین، ئەمە گرنگ نییە، بەڵام بە پێشمەرگە ئاستەم هەژمار دەکرێت، چونكه‌ له‌ ڕاستیدا هیزی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له ‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ر دایه‌: مانه‌وه‌ به‌ میلیشیایی یان گۆڕان بۆ هێزێكی شێوازبەندی ڕێکخراو كه‌ ئه‌و هێزه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو چین ‌و توێژه‌كان بكات‌ و لە پرسی بەرگریدا دوا قسەی هەبێت بۆ کوردستان و ئیدی به ‌ناوی سوپای كوردستانه‌وه‌ بانگ بكرێت. بۆیە ڕەخنەگرێک سووکایەتی بە ناوی پێشمەرگە و بە شەهیدبوون ناکات، بەڵکو ئەوە پارتە سیاسییەکانن، ئەوە دەسەڵاتی کوردییە و بە تایبەتی بنەماڵە حوکمڕانەکان و بە دیاریکراوی بنەماڵەی بەرزانین کە ئەرکی سووکایەتیکردنیان بە خەڵکی کوردستان و بە پێشمەرگە و مێژووی پێشمەرگایەتی و گیانی پێشمەرگایەتی خستوەتە ئەستۆی خۆیان. 

No comments:

Post a Comment