بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





11/10/2016

پۆرنۆگرافی چییە؟ - بەکورتی

سەرباری کەمی شارەزاییم لەم بوارەدا، ڕێگە بە خۆم دەدەم ئەم باسە بنووسم، ئەوەش لە بەر چوار هۆکاری سەرەکی:
١. پاش ئەوەی بابەتی ((پۆرنۆگرافی و دەسەڵات))م لە بلۆگ سپۆتەکەی خۆم www.sorancoste.blogspot.com  بڵاوکردەوە، ژمارەیەک پرسیار و نامەی تایبەتم بۆهات بە سوپاسەوە بۆ هەموویان. ئەوەی هاوبەش بوو لە نێو پرسیارەکان ئەوە بوو: ((ئایا تۆ دڵنیایت Demi Lovato ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی کاری پۆرنۆی هەیە یان نییەتی و تەنیا ئەوانەی هەن ناڕاستن؟)). ئەم پرسیارە وای لێکردم ئەم بابەتەی دواتریان بڵاو بکەمەوە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر.
٢. ڕیگە بەخۆم دەدەم لەسەر ئەم بابەتە بدوێم، چونکە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٩ سەرپەرشتی زانستی چەند توێژینەوەیەکم کردوە لە بواری توخمتێری زانیدا. ئەوەش لە چوار چێوەی پرۆژەی ڕێکخراوەیی و لە بواری (خوێندنی تایبەت) کە لە کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ لەسەر ئاستێکی زانستی بەرز و لە ڕێگای ڕێکخراوی ئێن پی ئەی نەرویجییەوە بەڕێوە دەچوو.
٣. ماوەی دوو کۆرسی ئەو خوێندنەی خاڵی ژمارە دوو، وانەی توخمتێری زانی (سێکسۆلۆجی)م تێیدا وتوەتەوە بە خوێندکارەکانی خوێندنی تایبەت. بەتایبەت کە لە کوردستان کەسمان دەست نەدەکەوت ئەو وانەیەمان بە دوورییە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ بلێتەوە و هێنانی پسپۆڕی بیانیش تێچوونێکی زۆری هەبوو. هەر بۆیە بە ڕێنمایی دوو کۆمەڵناسی ئەڵمانی و هۆڵندی و بە سەرپەرشتی شارەزایەکی بواری جێندەری بەریتانی و ڕابەرێکی زانستی جێندەری نەرویجی، ئەو وانەیەم وتوەتەوە.
٤. پاش بە دوادا چوون و گەڕان لە بواری بازاڕ و کاڵادا لە زانکۆی ئۆسلۆ بۆ پەیداکردنی خوێندنی باڵا، یەکێک لەو بازاڕانەی لە کولتوورە جیاوازەکانی بەکارهێناندا بەدواداچوونم بۆ کردوە بازاڕی ((Human exploitation)) واتە بازاڕی ئیستیغلالکردنی مرۆڤ بوو. بەشێکی ئەم خوێندن و بەدوادا چوونە کار لە سەر بازاڕەکانی sexual exploitation  دەکات واتە بازاڕەکانی ئیستیغلالکردنی توخمتێری، کە پۆرنۆگرافی یان ڕووتەمەنی یەکێکە لە بوارەکانی ئەو خوێندنە.
بە هەر حاڵ، بەم بیانوانە ڕێگە بە خۆم دەدەم بە پشتیوانی چەند سەرچاوەیەک بلێم پۆرنۆگرافی چییە:
Gary F. Kelly، لە چاپی حەوتەمی 2001 ی Sexuality Today, The human perspective  دا دەڵێت: پۆرنۆگرافی بریتییە لە فۆتۆ و فیلم و ئەدەبیاتێک کە مەبەستێتی لە ڕووی توخمتێرییەوە وروژاندن درووستبکات لە ڕێگای کاریگەرییەکی دەرەکییەوە و بەهۆی چالاکییەکی جەستەیی یان توخمتێری. بەپێی ئەم پێناسەیەش هەموو فیلمێکی ڕووت و فیلمی وروژاندن و وێنە و چیرۆکی دەنگ و نووسراو و شانۆگەری و کلیپ و ....تاد کە ببێتە هۆی وروژاندنی توخمتیری بە پۆرنۆگرافی هەژمار دەکرێت. تەنانەت وێنەی سەر کاغەزی سابوون و بانگەشەی ژنێکی ڕووت یان پیاوێکی بە ماسوولکە لەسەر پەنیر و لە ڕیکلامێکدا بە پۆرنۆگرافیک هەژمار دەکرێت.
بە گوێرەی فەرهەنگی وێبستەر، جەخت لەسەر ڕووتبوونەوە دەکات، واتە ئەگەر ڕووتبوونەوە نەبێت ئەوا بە پۆرنۆگرافی هەژمار ناکرێت. لێرەدا بەشێک لە کەتەلۆکەکانی جل و بەرگ بڕین، بوردا، بە پۆرنۆگرافیک بەڕێوە دەچێت بەشێکیشیان نمایشی ئاسایی جل و بەرگن. هەروەها بەپێی ئەم پێناسەیەش ئەگەر بانگەشەیەکی کڕین بەهۆی لایەنە توخمتێرییەکانی مێینەیەک یان نێرینەیەک یان جووتڕەگەزێکەوە بکرێت ئەو کاتە هەر بە پۆرنۆگرافی هەژمار دەکرێت.
لە زانکۆی کامپریدج، لەلایەن کۆمەڵێک زانای بواری توێژینەوەی پۆرنۆگرافیەوە، بازاڕی پۆرنۆ لە بازاڕی هونەر جیاکراوەتەوە، ئەم جیاکردنەوەیەی ئەوان لەسەر بنەمای هونەرە، بۆ نمونە هونەری نیگارکێشان یان پەیکەر سازی یان نمایشی شانۆ ئەگەر خۆ ڕووتکردنەوەیەکی تێدا بێت لە پێناوی گەیاندنی گوتارێکدا، نەک وروژاندنی توخمتێری ئیدی ئەوکاتە بە پۆرنۆ هەژماری ناکەن.

زۆری تر هەن لە پێناسە و لەو لیکدانەوە، بەڵام ئەوانەی سەرەکیترین و سادەترین و باوترینیانن ئەمانەی سەروە بوون. بنەڕەتی وشەکەش بە پێی سکوڵی سۆسیۆلۆجی بەریتانی و لە ئینسکلۆپیدیاکەیاندا هاتوە، کە هەر بابەتێک وروژاندنی توخمترێری درووست بکات پۆرنۆگرافیە. هەر لە هەمان سەرچاوەدا هاتوە کە بنەڕەتی وشەکە لە گریکەوە پەیدا بوە و لە هەر دوو وشەی پۆرنی porni (لەشفرۆش) هەروەها گرافیان graphien (بنووسرێت) بەو جۆرە هەر بابەتێکی هونەری یان وێژەیی کە بەشێک لە ژیانی لەشفرۆشی باس بکات دەبیت بە پۆرنۆگرافی.

لە خۆیدا کاری پۆرنۆگرافی لە دونیای سەرمایەداری و بەتایبەت ڕۆژئاوادا بە جۆرێک گەشەی کردوە و پەرەی سەندوە، کە کاردار و بازاڕدارەکانی ئەم بوارە خوێندنی تایبەتیان بۆ دامەزراندوە و لە چەندین بواری خوێندنی تری وەک سۆسیۆلۆجیا و سایکۆلۆجیا و کولتوور و ئابووری و سیاسی و کارگێڕی و بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ ...تاد گرنگی پێ دەدرێت. ئەم بوارە ساڵانە چەندین کۆنفراس و کۆنگرەی نیودەوڵەتی  بۆ دەبەسترێت و چەندین نووسەر و کارمەند و پسپۆڕ کاری تێدا دەکەن. لە خۆیدا مرۆڤایەتی تا ئێستاش چەند بەشێکن لە بارەی هەڵوێستەکردن بەرامبەر بە پۆرنۆگرافی کە بە گشتی دابەش دەبن لە نیوان پشتیوان و دژدا. سەرباری ئەوەش یەکێکە لە کارە پڕ داهاتەکان بۆ ئەوانەی دەبنە ئەکتەری پۆرنۆگرافی سەرکەوتوو، چونکە زۆر بە ئاسانی لە ڕێگای بازرگانی و بڵاوکراوە و پەخشوەشێنەکانی دونیاوە دەناسێنرێن و دەکرێنە ئایکۆنی بازرگانی ناسراو. هەر وەک یاریزانەکانی تۆپی پێ و فۆرمویلە وان، ئەمانیش دەبنە جێی سەرنجی ڕێکخراوە نیودەولەتییەکان و دەیانکەنە نیردراوی خێرخواز و ئاشتیخواز و ...تاد.

هەر بۆیە گرنگە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ Demi Lovato دەبینین لە چەندین کاریدا وروژاندنی توخمتێری درووستدەکات و لە چەند بۆنەیەکدا فەلسەفەی خۆی لەسەر نمایشکردنی جەستە باس دەکات، کە لێکەوتەوەکانی تێکڕا پۆرتنۆگرافی دەکەونەوە و گۆرانییە تایبەتەکانی بۆ ئەو بوارە دایناون ئەشێ بۆ پشتیوانی پەیوەندییە هاوڕەگەزبازەکان بن، یان مەبەستێکی تری لێیان هەبێت، بەڵام لە ڕاستی لێکەوتنەوەیاندا هاندەری هەندێک لە جۆرەکانی پەراوەی توخمتیرییە. ئەو کەسە و هەر کەسێکی تر ئازادە لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆی دەکات، بەڵام پێناسەکانی دەرەوە و ڕوانین لە کارەکانی هەر ئەکتەرێک، بۆ هەڵسەنگاندنی خەڵک و ئاراستە جیاوازەکانی بیرکردنەوە دەمێنێتەوە. بۆ نمونە ناکرێت هەرگیز بازرگانی بە جەستە و تایبەتمەندی مرۆڤەوە بە ئازادی توخمتیری هەژمار بکەین، بەڵام دەکرێت یەکێک لە دەرهاویشتەکانی ئازادی گشتی ئەم بازرگانییە بێت. واتە کاتێک لە بەرهەمە بینراو و بیسرتاروەکانی Demi Lovato دەڕوانین باشترە لە ڕوانگەی پێناسەکانی پۆرنۆگرافی و شوناسی خۆیەوە بۆ نواندنەکەی بڕوانین نەک بەپێی هەندێ پێناسە کە خۆمان بۆ پۆرنۆگرافیا هەمانە. لەم بوارەدا دەچمە سەر هەندێک قسەی باوی کوردستان وەک نمونە: (موجەلەی ڕووت و فیلمی خەلاعی و ....تاد). ئەم وشانە لە کولتووری باوی ئێمەدا کاریگەری و لێکەوتەوەی سەیریان هەیە، هەندێک لە کڕیارەکانی پۆرنۆگرافی لە کوردستان بۆ نمونە بە بیستنی وشەکانیش توشی وروژاندن دەبن. یان هەیانە باوەڕی بەوە نییە کە کەسێک لەشفرۆش بێت هەتا خۆی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی لەگەڵدا نەکات. کڕیاریشمان هەیە هەموو کەس بە لەشفرۆش دەزانێت، تەنانەت ئەوانەی بەسەر شەقامەکانیشدا دەرۆن. لەلای کۆمەڵیک زاناش ئالوودە بوونی پۆرنۆگرافی هەیە و بە مەترسیەکی گەورەی دەبینن بۆسەر ژیانی تەندرووستی...تاد.
ئەمانە تێکڕا هەمووی کۆمەڵیک پرسن لە ژێر پرسیاری گەورەی ئازادی و بازاڕی کار و سەرمایەدان و وەڵامدانەوەیان گەرچی زۆری دەوێت، بەڵام تا ڕادەیەک ئاسانە بۆ کەسێک بخوازێت هەڵوێستەی بەرامبەر بکات و ڕای خۆی هەبێت. بە هەر حاڵ من لەم بابەتەدا نامەوێت ڕای خۆم باس بکەم، جگە لە ڕوونکردنەوە زانستییەکە، بۆیە کاتێک باس لە پۆرنۆ گرافیا دەکەین، باشترە ئەوە بزانین کە ئەکتەر و بەرهەمهێن و پشتیوانانی ئەم بوارە بیر و فەلسەفەی خۆیانیان بۆ ئەم بوارە هەیە و لە ڕوانگەی جیاجیاوە داکۆکی لە کارەکانی خۆیان دەکەن.

تێبینی: کەرەستەی فێرکردن و ڕێنمایی کردنی زانستی بۆ پەراوە و ژیانی توخمتێری بە پۆرنۆگرافی هەژمار ناکرێت. 

No comments:

Post a Comment