بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





15/11/2016

ماتریکس (4)، ئێمە و ئێوە و باشووری کوردستان/ حەتمیەتی ڕاپەڕین و هەڵبژاردنی خەباتی مەدەنی / بەشی دووهەم


حەتمیەتی ڕاپەڕین و هەڵبژاردنی خەباتی مەدەنی
لەم ڕۆژەدا و پاش ئەو هەموو چاخە لە پەرەسەندن، ئیدی مرۆڤ بە شوێنێک گەیشتوە کە ناتوانێت جارێکی تر لە جەنگەڵدا بژی و بەهێزەکانیان لاوازەکانیان بخۆن. هەرچەندە با نابەرابەری و بێدادی سەراپای ژیانی سەر ئەم زەویەی تەنیبێت و هەموو کوچەیەکی ئەم جیهانە پڕ لە جوانییەی لەخۆی پڕکردبێت. سەرباری ئەم ڕاستییە تاڵەش، هێشتا بێدادی ڕێژەییە و سیستەمە کارگێڕی و دەسەڵاتە سیاسیە جیاوازەکانی دونیا بایی ئەوەندە لەخۆیاندا دەهێڵنەوە کە سیمای شارستانیانەیان تێک نەچێت و نەچنەوە دۆخی ئەو جەنگەڵە سەرەتاییەی هەر بەهێزێک لە سەر شەقام بتوانێت بەهۆی فوول لایتێکەوە کەسێکی تر بداتە بەر دەستڕیژی دەمانچەکەی و بێباکانە لە ژیان بێبەری بکات. بەبێ ئەوەی هیچ کەس دواتر دەست بهێنێتە ڕێگای بکوژەکە و تەنانەت سیستەمی بەناو گشتیش بە جۆرێک پارێزگاری لێ بکات، کە لە ڕاستیدا ئەم کارە بەهۆشی هیچ کەسێکی ساخدا نایەت.

ئەوەی لە باشووری کوردستاندا ڕوودەدات و پێیدا تێدەپەڕین و بەتایبەت وا بۆ دە ساڵێک دەچێت ئەوەندە قێزەون بوە، هەر کە بیری لێبکەیتەوە ناچار بۆ چارەسەری پێویست دەگەڕێیت، لایەنی کەم بۆ پاریزگاری کردن لەوەی نەکا ژیان ببێتە جەنگەڵێکی پەتی وەک ئەوەی ئیستا ملی بۆ ناوە. لێرەوە پەنا دەبەینە بەر شیکردنەوەیەکی خواریزمی[1] بۆ گەیشتن بە دەروازەی چارەسەرێک[2].

ڕیزبەندییەکانی خواریزمییەکە:
1. ئایا باشووری کوردستان لە ئێستادا شوێنێکە بایی ئەوەندە شارستانییە بۆ ئەوەی مرۆڤ ژیانێکی تا ڕادەیەک ئاسایی تێدا بەسەر بەرێت؟ دوو ئەگەرمان لەبەر دەمدایە:
1. Aبەڵێ شوێنێکی شارستانییە. کەواتە ئەم شوێنە شارستانییە کارگێڕی و دەسەڵاتێکی هەیە گرنگی بە پرس و گرفتە گشتییەکانی بدەن!
1. B نەخێر شوێنێکی شارستانی نییە! کەواتە لە دۆخی ناشارستانی بووندا پێناسەیەکی تر هەیە و بەشێوەیەکی ڕێژەیی لەو پێناسەیە نزیک دەبێتەوە، کە ئەویش دۆخی ژیانە لە ناو جەنگەڵدا و زۆربەی ڕووداوەکان بە پاڵنەرە سرووشتییەکانی گیاندارێک کاردەکەن!
2. لە ئەگەری 1. A ەوە دەگەینە ئەم پرسیارە، ئایا باشووری کوردستان ئیدارە و حکومەتی هەیە؟
2. Aبەڵێ هەیەتی. هەر بە پێی ئەوەش لەم ئیدارە و حکومەتدا ناچارین بە دوای دادوەریدا بگەڕێین بۆ ڕزگار بوون لە ئەگەری جەنگڵستانێک، چونکە ئیدارەی جڤاتێک چەند دادوەرانە بێت ئەوەندە زیاتر دەتوانێت لە ژیانی جەنگەڵی زووتر ڕزگاری ببێت.
2. Bنەخێر ئیدارە و حکومەتێک نییە لە باشووری کوردستاندا، لەم وەڵامەوە توشی سەرسوڕمان دەبین، چونکە ناکرێت شوێنێکی شارستانی بەو هەموو دانیشتوانەوە نزیکەی پینج ملیۆن کەسێکی تێدا دەژی و هیچ ئیدارە و حکومەتێکی نەبێت!
3. لە ئەگەری 2. A ەوە، کوردستان حکومەت و ئیدارەی هەیە، کەواتە ئایا ئەو ئیدارەیە دادوەرە و بەشێوەیەکی شارستانی خەڵک بەڕێوە دەبات؟
3. Aبەڵێ ئیدارەیەکی دادوەرانەیە (لایەنی کەم ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە[3]). ئەمەش ناڕاستە، چونکە ئەی بۆ خەڵک کاردەکات و موچە وەرناگرێت، کارەبا نییە، ئاوی پاک نییە، ڕیژەی نەخۆشی لە زیادبووندایە، ڕێژەی کارەساتی ئوتۆمبیل لە زیادبووندایە، ناوەندی تەمەن دادەبەزێت، تاوان ڕوو لە زیادبوونە، ژمارەی ئەوانەی وڵات جێدەهێڵن لە بەرزبوونەوەدایە، بازرگانی مادە هۆشبەرەکان زیادی کردوە، بێکاری ئاشکرا و دەمامکدار بێ حساب بوونەتەوە، سەعاتەکانی خوێندن وەک پێویست نین، دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان نییە لە کایە جۆربەجۆرەکانی ژیان و کارکردندا، داهاتی گشتی و بەتایبەت سامانە سروشتییەکان نادیار و نائاشکران، ژنان ڕیزیان لێ ناگیرێت و بەرزترین ڕێژەی توندوتیژی لەو ناوچەیەدا دژی ئەوان هەیە و هیچ هەڵوێستێکی گرنگ و گەورەی بەرامبەر وەرناگیرێت، دەستاو دەستی دەسەڵات ناکرێت، ڕێز لە ڕا و ئیرادەی خەڵک ناگیرێت..کۆمەڵێک کارەساتی سیاسی و کۆمەڵایەتی تریش!
3. B نەخێر، ئەو ئیدارەیەی لە باشووری کوردستان هەیە دادوەرانە کۆمەڵگا بەڕێوە نابات و تژییە لە نابەرابەری. کەواتە، لێرەوە پرسیار دەکەین ئەگەر دادوەرانە ئیدارەی کۆمەڵگا نەکات، دەبێت بەهۆی هۆکارێکی دەرەکییەوە نەتوانێت ئەو دادوەرییە دابین بکات؟ بۆ نمونە کەم توانایی داراییە!
4. لە ئەگەری 3. A ەوە، کەواتە ئەو بەڵێیەی کە لای وایە ئیدارە و حکومەتی کوردی لە باشووردا دادوەرانەیە، ڕایەکی هەڵەیە و جێکەوتە نابێت و ئەگەر بەم ئاراستەیە بژین کە لامان وایە ئیدارەیەکی دادوەرمان هەیە، لە نمونەکانەوە تێدەگەین، نەک هەر دادوەرانە نییە، بەڵکو ناڕەوایی بەرامبەر دادوەریش دەکەین ئەگەر خەسڵەتی لەو جۆرە بدەینە پاڵ پێکهاتەی ئەم ئیدارە و حکومەتە.
5. لە ئەگەری 1.B ەوە، باشە کە باشووری کوردستان شوێنێکی شارستانی نییە، ئەی چییە؟
بە پێی ڕێژەی پەراوەی دژە شارستانی و دژە مرۆیی لە جەنگەڵستان و کێوی بوون نزیک دەبێتەوە. لە دۆخی واز لێهێنانی جەنگەڵدا ناچار، دەبێت قایل بین بەوەی دڕندەکان بێدەسەڵاتەکان بخۆن و ئەمەش لە کاریگەری دوور مەودادا لەوانەیە بگاتە شوێنێک دڕندەکان یەکتریش بخۆن تا ناوچە جوگرافییەکە[4] تووشی لە ناوچوونی گشتی دەبێتەوە.  
6. لە ئەگەری 2. Bەوە، نەخیر باشووری کوردستان، ئیدارە و حکومەتی نییە، ئەی کەواتە چۆن ئەو هەموو خەڵکە و ئەو پانتاییە گەورەیە چۆن بەڕێوە دەچێت؟
6.A بە زۆرداری و بەکارهێنانی هێز (هەموو جۆرەکانی هیز)! کەواتە دەگەینەوە خاڵی (5) و دەڵێین کوردستان لە جەنگەڵەوە نزیکترە.
6.B لەخۆیەوە بەڕیوە دەچێت و کەس نازانێت چۆن. (تێبینی یاسایەکی بنەڕەتی و بەشێکی زۆری ئەو یاسایانەش کە هەن پێڕەوی ناکرێن وەک خۆیان).
7. کەواتە: لە ئەگەری 6.B باشووری کوردستان ئەگەر جەنگەڵیش نەبێت جۆرێکە لە بەرەڵاخانە، و دوو ڕێگەمان لەبەردەمدا دەمێننەوە، واز لەم بەرەڵاخانەیە بهێنین، با شەقاوەکان ژیانی تێدا بەسەر بەرن. یان وازی لێ نەهێنین و بە کردارێک هەستین بۆ ڕاگرتنی ئەم کارەساتە.
8. لە ئەگەری 3.B ەوە، ئایا بەهۆی هەژارییەوەیە کە ئەم حکومەت و ئیدارەیەی کوردستان ناتوانێت پێویستییەکان دابین بکات؟
        8.A بەڵێ بەهۆی نەداری و هەژارییەوە دادوەری جێبەجێ ناکرێت لە باشووری کوردستاندا.
        8.B  نەخێر هیچ پەیوەندی بە توانای مادی دەسەڵاتەوە نییە!
9. لە ئەگەری 8.A ەوە، بەراوردێک لە نیوان قەبارەی داهاتی گشتی و گرفتە گشتییەکاندا دێتە پێشەوە، یەکەم و دواهەمین پرسیارمان ئەوە دەبێت، ئایا ئەو هەموو داهاتە چی بەسەر دێت، چونکە ئەگەر بەراوردی کۆی داهاتی گشتی بکەین بەرامبەر خەرجییەکان، ئەوا جیاوازییەکی زۆر گەورە دەبینینەوە لە قازانجی داهاتی گشتیدا، بۆیە دەکەوینە بەردەم دوو ئەگەر:
        9.A کەس نازانیت ئەو داهاتە زەبەلاحە چی بە سەردێت و چۆن خەرج دەکرێت.
9.B نەخێر ئەم دۆخە بە هۆی هەژارییەوە ڕوو نادات.
کەواتە کاتێک ئەگەری 9.A ڕاست بێت ئەوا هەمان ئەنجامی خاڵی 7 ی هەیە و باشووری کوردستان بەرەڵاخانەیە. لە کاتێکدا ئەگەری 9.B مان بە ڕاست بۆ دەرچوو، ئەوا دەگەڕێینەوە سەر بژاردەی 8.B و ئەو بێدادییە هیچ پەیوەندییەکی بە لاوازی داهات و باری خراپی ئابووریەوە نییە.
10. لە هەردوو ئەنجامی 8.B و 9.B ەوە دەردەکەوێت کە ستەمکارییەک حوکمڕانە نەک دادوەری، بەڵام ئایا ئەو ستەمکارییە چ جۆرێکە لە ستەمکاری، یان سەرچاوەکەی چییە؟
10.A داگیرکارییەکە کە سەرچاوە و تواناییە گشتییەکانی داگیر کردوە و لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیدا پرس و خواستی خەڵکی وەلا ناوە و ژیانێکی ناشایستەی هێناوەتە پێش بۆ گشت.
10. B سیستەمێکی دیکتاتۆری خۆسەپێنی ڕەهایە و لەڕێگای گەندەڵییەوە تاوانکاری بەرامبەر بە مافە گشتییەکان دەکات و پێشێلیان دەکات.
10.C ئەشێ لە فۆرم و میتۆدی حوکمڕانی دادوەرانە نەزانێت و لە ڕووی زانیاری کارگێڕی و پێڕەوکردنی دادوەرییەوە گرفتی زانین و شارەزایی هەبێت.[5]
11. لە هەر دوو خاڵێ (5 و 7) ەوە، دەکەوینە بەردەم دوو بژاردە:
        11.A واز لەو جەنگەڵستانە/ بەرەڵاخانەیە بهێنین، کێ کێ دەخوات با بیخوات!
11.B واز لەو دۆخە نەهێنین و لایەنی کەم هەر دەبێت شتێک بەرامبەری بکەین بۆ ئەوەی بەرەو باشتر بیگۆڕین.
12. لە هەردوو بژاردەی 11.A و 11.B ەوە دەگەینە هەمان ئاکام، چونکە لە ژیانی جەنگەڵێکدا مرۆڤ شوێنێکی نامێنەتەوە بۆ ژیان وەک مرۆڤ، یان ڕاستترە بڵێین وەک مرۆڤێک ژیانی نوێ بخوازێت هەر بەوجۆرەی لەسەرەتای ئەم سەردێڕەدا باسمانکردوە، بەڵکو تەنیا وەک گیاندارێک سەیر دەکرێت و هەر کەسێک برسی ببێت و پاشان توانای هەبێت دەتوانێت بیخوات. کەواتە ئەگەر مرۆڤ (هاونیشتمانی) واز لە دۆخەکەش بهێنێت و هیچ نەکات بەرامبەری و بەو جەنگەڵستانە قایل بێت، ئەوا دڕندەکان وازی لێ ناهێنن و کەی ئارەزوویان کرد دەیکەنە ئامانجی هێرشیکی چکۆلانەی خۆیان! هەر بۆیە قایل بوون بە دۆخی جەنگەڵ وامان لێدەکات کە قایل بین بە خورانیش (چونکە ئیتر ئەوە سروشتی جەنگەڵە). خۆ ئەگەر بژاردەی دووهەم 11.B وەربگرین، ئەوا مرۆڤ بە پاڵنەری بەرەنگاری و بەرهەڵستکارییەوە دەبێت ژیانێکی تێدا بەڕێ بکات و شتێک بەرامبەر ئەو دۆخە بکات. لەم خاڵەوە دوو بژاردە بۆ هەردوو بەرەنگاری و بەرەهەڵستکاری[6] درووست دەبێت:
12.A بەرهەڵستکاری و/یان بەرەنگاری چالاکانەی ڕێکخراو کە بەرەو ئامانجێک یان داهاتوویەکی نەخشە بۆکێشراوامان بەرێت.
12.B بەرهەڵستکاری و/یان بەرەنگاری چالاکانەی نا ڕیکخراو کە تاک بە ئازادانە بەشداری تێدا دەکات لە ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوەدا، لە هەمان کاتدا نازانیت ئاکامی هەوڵەکانی ئەو کارەی پێی هەڵدەستێت بە کوێ دەگات.
13. لە ئەگەری 10.A ەوە، دەگەینە حەتمیەتی بەرەنگار بوونەوەی داگیرکەر و بەشی سەرەکی ئەو داگیرکەرەش ئەوەیە دەبیت وەدەر بنرێت، بەڵام چۆن؟ ئەم جۆرە لە ئەنجامگیری دەرهاویشتەیەکی مێژوییە!
14. لەئەگەری 10.B ەوە، دەگەینە حەتمیەتی لابردن و ڕووخاندنی هەر دیکتاتۆرێکی خۆسەپێن، بەڵام چۆن؟ ئەم جۆرە لە ئەنجامگیری دەرهاویشتەیەکی مێژوییە!
15. لە ئەگەری 10.C ەوە، دەگەینە بژاردەی گۆڕینی ئەو ئیدارە و حوکمڕانییە بە دانەیەکی شارەزا و لیزان، بۆ ئەوەی دۆخی بێدادی تێدا چارەسەر بکەین. ئەمەش بەڕیگای ئاشتیانە و مەدەنیانەی گونجاو ئەنجام دەدرێت. (بەڕێگاکانی ڕاگەیاندن، خۆپیشاندان و داکۆکیکردن و بۆیکۆت و پرۆتیستۆکردن و تەنانەت فێرکردن و پێشنیاری جیاواز و هەڵبژاردن و ...تاد.) لەکاتی خۆیدا کاریگەرانە ڕۆڵێکیان دەبێت.
16. دەرئەنجامی هەموو خاڵەکانی 13 و 14 و 15 پێمان دەڵێن کە دەبێت پرسیارەکانمان لەدەوری (چۆن) کۆە بکەینەوە! ئیدی ئەم چۆنە بەرەو چەند بژاردە و ویستگەیەکمان دەبات:
16.A بەڕێگای هەڵبژاردن، وەک ڕێگایەک بۆ گۆڕانکاری، ئەم ڕیگایە تاقیکراوەتەوە و دەرکەوت هەر هەمان ئەوانە دێنەوە مەیدانی کارگێڕی و دەسەڵاتی حوکمڕانی کە پسپۆڕن لە ستەمکاریدا و هەلپەرستانە لەیەکێک لە وێستگەکانی ژیاندا خۆیان بۆ ئەو ستەمکارییە ماتداوە، لەگەڵ کەمێک گۆڕانی تویژاڵکاریدا کە بۆ ماوەیەکی کورت دەتوانێت ناوەڕۆکی خۆی لەپاڵدا بشارێتەوە. ئەمەش سروشتی هەڵبژاردنە، بە تایبەت لە کۆمەڵگایەکدا کە ڕای مرۆڤ ئازاد نەبێت و کەشە دیموکراتیزە بووکان ئامادە نەبن. لە باشووری کوردستاندا ڕا ئازاد نییە، لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵدا دەیان خەڵکی ئازادیخواز تیرۆر کراون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنیت کە دەسەلاتی سیاسی بە شێوەیەکی سەرکوتی ئازادی دەکات.
16.B بەڕێگای خەباتی مەدەنی، خۆپیشاندان، بۆیکۆت، کامپەینی میدیایی و...تاد، ئەم ڕێگایەش لە تاقیکردنەوەدایە، هەرچەند لە گەڵ دەسەڵاتێکی نابیست و نابینای خۆسەپێندا ئەم کارە ئەگەر گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردا نەیەت ئاستەمە بتوانیت کاریگەری گەورەی هەبیت. بە پێچەوانەوە، هەمیشە بەرهەڵستکارە ساختەکان لەم ڕێگایانەوە دەگەنە دەسەڵات و هەلپەرستانە ئاکامەکانی دەچننەوە و جارێکی تر دەکەونەوە خزمەتی هەمان سیستەم، بێگومان کەمێکی ئێجگار کەمیان نەبێت. ئەمەش دەسەڵات بەشدارە لە ناشیرینکردنی ئەم پرۆسەیەدا کە دواتر لە زنجیرەکانی داهاتوودا میکانیزمەکانیان باسیان دەکەین.
16.C بەڕێگای شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەم بژاردەیەش: ئیش و پارە و کات و خوێن و ڕێکخستنی پێویستە. بەڵام لەم سەردەم و دۆخەدا سەرنج ڕاکێش نییە و زۆر پێشوازی لێ ناکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هۆکار زۆرە.

ئەنجامگیری:
یەکەم: سەرباری ئەوەی ڕێگاکانی شۆڕش و ڕاپەڕین ڕێگایەکی پێشوازی لێکراو نین، بەهۆی گەلێک هۆکارەوە، لە هەمان کاتدا ڕیگا شارستانییەکانیش بەبێ ئاکام دەکەونەوە ناو ئەو کەرەستەیەوە کە ئێستا لەبەردەستدایە. هەرچەندە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێدەچێت ڕێگاکان بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین پاکتر ببنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی دەیبینین خەڵک زیاتر بەرەو خەباتی مەدەنی خۆی تاو دەدات، ئەوەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە.  

دووهەم: سروشتی ئەو بێدادییەی کوردستان و ئەو داگیرکارییەی بەسەر تەواوی کایەکانی ژیاندا هاتوون وا دەکەن بژاردەکان ببن بە یەک بژاردە، ئەویش ڕاپەڕین و ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتەیە، بەڵام هەمیشە هۆشیارییەکان باڵاترن لەوەی ئەم کارەساتە بخولقێنن دەیانەوێت بە ئەزموونی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی پێشوودا نەچنەوە.

سێیەم: گرفتی سەرەکی لەوەدا دەبینرێتەوە کە بەردەوام چی خەباتی مەدەنی هەیە بە کۆمەڵیک خۆپیشاندان و بۆیکۆت و چارەسەری هەنووکەیی دەزانرێت، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوانە زۆر درەنگە هاویشتنیان و دەبوو چەندین ساڵ پێش ئێستا پەراوە بکرانایە. هەروەها کە بیر لە ڕاپەڕین و شۆڕش دەکرێتەوە، یادەوەری خەڵکی کوردستان لەوە زیاتری تێدا نییە کە پێشتر لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی پێشووتر بینیویەتی و بە ئاسانی ناتوانێت بەرەو داهینان بڕوات. بەتایبەت لە کۆمەڵگایەکدا توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نزمترین ئاستی ئەنجامدان و لە خراپترین دۆخی گرنگی پێداندایە.

دراوێک: هەمیشە خەڵکی کوردستان بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی دوژمنی دەرەکی ئامادەییەکی باشتری قوربانی دانی هەیە لە دوژمنە ناوەکییەکان، ئەمەش بۆ خەسڵەتی پیرۆزکردنی زیاتری خێزان بە سەر پیرۆزییەکانی مافەوە دەگەڕێتەوە. کە لە بەشەکانی داهاتوودا باس لە پێکهاتەی خێزان و چینایەتی کۆمەڵگاکانی باشووری کوردستان دەکەین و هیوادارم ڕوونتر ببێتەوە.

چوارەم: ئاستەمە کۆمەڵگا و کاری سیاسی بپەڕێتەوە بۆ کەنارێکی باشتر و تەنانەت جیاوازتریش ئەگەر خەباتی مەدەنی لەچەند چالاکییەکدا کورت بکرێتەوە و لامان وا بێت کۆی کارەکە بریتیە لە هاتنی ملیۆنێک هاوڵاتی بۆ سەرشەقامەکان. بە هەمان شێوە ئەگەر چەمکی شۆڕش و ڕاپەڕین لەو فۆرمە کۆنەی خۆی کە هەیەتی ڕزگاری نەکەین، ئەوا بە ئاستەم دەتوانین ئاسۆیەکی نوێ ببینینەوە.

لە پەراوێزی ڕیزبەندییە خواریزمییەکەدا پرسیارێکی گرنگ لە خۆمان دەکەین، گرنگە، چونکە بەهۆی ئەم پرسیارەوە کەلێن و بۆشایی پرسیارەکان پڕ دەکەینەوە لە خواریزمییەکەدا:
((ئایا، دەکرێت حوکمڕان و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان ڕۆژێک بێت بەسەریاندا خۆیان گۆڕەپانەکە جێ بهێڵن و بێژن کە ئەوان هەڵە بوون و داوای لێبوردن بکەن و پاشان گۆڕەپان و قۆناغە کە بۆ خەڵکێکی ژیر و بەتوانا چۆڵبکەن و هەر لە هەمان کاتیشدا ببنە هاوکار و یاریدەدەری نەوەیەکی نوێ بۆ ئەو گۆڕانەی خۆی دەیخوازێت؟))
بێگومان ئەم دوایین پرسیارە، گریمانەییە لە بۆشاییدا تا بتوانین پاریزگاری لە ئەگەرەکانی میتۆدەکە بکەین. لە ڕاستیدا، زۆر ئاستەمە حوکمڕانی بۆ ماوەیی بەم جۆرە چۆڵ بکرێت. حوکمڕانییەک لە ڕووی چینایەتییەوە بۆماوەییە، لە ڕووی پێکهاتەی زانستی و زانیارییەوە بۆماوەییە، لە ڕووی خاوەندارێتییەوە لەلای دوژمنان و هیزە موخابەراتییەکانی دونیا بە بۆماوەیی تۆمارکراون. بەڵێ ئەوە ڕێک لەو دوو دێڕە بەرزەی ئەدیبی جوان "عەبدوڵا پەشێو" دەکات کە دەڵێت: ((دەبێت چاوەڕوانی فرۆی بەرخە نێر و هێلکەی دوو زەردێنەی کەڵەشێر بین))





[1] شیکردنەوەی خواریزمی یەکێکە لە ڕێگا ژیربێژییەکانی میتۆدی ماتماتیکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و خوێندنەوەی ئەگەرەکانی کێشەیەک، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانیت بۆ وشەی Algorithm  بگەڕێیت و زانیاری زیاتری لەسەر پەیدا بکەیت هەروەها ئەم دوو سەرچاوەیە یەکێکن لە سەرچاوە باشەکان بۆ خوێندنەوە لەوبارەیەوە:
·         Algorithms, fourth edition, Robert Setgewick and Keiven Wayne, Princeton University/ 2011/ ISBN: 978-0-321-57351-3
·         Introduction to Algorithms, Third Edition, Thomas H. Cormen, Charles E. Leiserson, Ronald L. Rivest, Clifford Stein/ Cambridge, Massachusetts London, England 2009.
ISBN 978-0-262-03384-8
بۆ زانیاری بەڕێزت هەردوو سەرچاوەکەم بە فایلی پی دی ئێف لەلا دەست دەکەون ئەگەر کەسێک مەبەستی بوو سوودیان لێ ببینێت.
[2] پەنا بۆ شیتەڵکردنی خواریزمی دەبەین، چونکە لە دۆخی قەیران و کێشەدا ئەبێت پرسەکان یەکلایی بکرێنەوە، ناکرێت ئەگەر و ئەڵتەرنەتیڤی هەڵواسراو بهێڵینەوە. بە زۆری پرسەکان ڕەش و سپی دەکرێنەوە و دەبێت بە شوێنێک بگەن (ئەگەر بەو جۆرە نەبێت بڕیار زۆر ئاستەم دەدرێت). هەر بە پێی ئەم میتۆدە ئەکرێت ئەگەرێک یان ئەڵتەرناتیڤێکی پرتەقاڵیمان بۆ درووست ببێت لە پاڵ ڕەش و سپیدا و ئەویش پرۆسێس دەکەین وەک خۆی، بەڵام هەرگیز ناکرێت ئەگەر و ئەڵتەرناتیڤەکان بدەینە دەست دۆخێکی خۆڵەمێشی. ئەمەش سروشتی میتۆدەکەیە کە بۆ چارەسەری خێرا زۆرجار کاریگەرانە بەکاردەهێنرێت. 
[3]  دەتوانین لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و کەناڵە میدیاییەکانی تری دەسەڵات و حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە ئەوە بسەلمێنین.
[4] لە زانستی نوێدا هەرکات باسی جوگرافیایەک کرا، ئەوا باس لە هەموو پێکهاتە زیندوەکانی ئەو جوگرافیایە دەکرێت نەک تەنیا باس لە تۆپۆگرافیا و خاکەکەی بکرێت چ وەک مێژوو، چ وەک ئەم دەمە. واتە کە دەڵێین جوگرافیایەک، مەبەستمان هەرموو جوگرافیای سروشتی و مرۆیی و گیاندارییەکەیەتی.
[5] تێبینی: دەکرێت دانەیەک زیاتر لە ئەگەرەکانی پێگەی ژمارە 10 ڕاست بن!  
[6] لێرەدا بەرەنگاری بەواتای بەرەنگار بوونەوەی مەترسی و بەرپەرچدانەوەی مەترسی دێت (وەک ئەو بەرەنگارییەی خەڵک لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بە دوژمنی گەورەی مرۆڤایەتی دەوڵەتی ئیسلامی دەیکات!)، بەڵام بەرهەڵستکاری دۆخێکی ئارامترە و لەهەموو کاتێکدا ئامادەیە کە حوکمڕانی ئامادە بێت، چونکە هەر تێزێک بۆ بەڕێوەبردن لایەنی کەم تێزێک یان زیاتر لە تێزێک هەیە کە بەرهەڵستی دەکەن و هەوڵدەدەن بەڵگە و ئارگیومێنتەکانی بەتاڵ بکەنەوە.  

No comments:

Post a Comment