بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





20/05/2018

سێودوی دڵی شەهیدێكی زیندوو 4-4

بەشی چوارەم و کۆتایی


هیوادارم جگەرگۆشەكانم بە هەڵە تێم نەگەن، مانای ئەوە نییە ئەم منداڵەم لەوانی تر خۆشتر دەوێت، بەس زۆرجار هەست دەكەم ئەمە لەوانی ترم كەساسترە و زۆرتر پێویستی بە چاودێری هەیە. ئەمە منداڵێكی نائاسایی منە، هەرچی سیستەم هەیە دژی ئەون، هەرچی دوو پێ هەیە وا هەست دەكەن گەر گەورەبێت لە بەشی ئەوانی تر دەخوات تەنانەت خوشك و براكانیشی ئەو گومانەیان لێی هەیە.

تكایە پرسیاری خۆشەویستی و ژیانم لێ مەكە! بیریان بخەرەوە كە لە لای من خۆشەویستی سەروەتێكی گەورە و زەبەلاح بوو بۆ بوونی من و ڕەوتی بەلەمەكەم هەر بەهۆی خۆشەویستییەوەیە كە من تیایدا بەردەوامم. خۆ ئەگەر ئەوەم لێ بكەنەوە، ڕێك دەبم بە سندووقێكی بەتاڵ، هەر بۆیەش هەندێ جار حەزمكردوە شتێك بكەم و شان بەمە ژێر هەندێ پرس و بەرپرسیارێتی زۆر ئیش لە ژیان بگرمەخۆم. ئەمەشیان هەر لە تۆ فێر بووم، كاتێك كە زانیم ژیانم خۆش بوێت و بۆ خۆشەویستییەكانی بژیم بۆم دەركەوت ئەگەر سووكە ڕابەریی شتێكیشم پێ بسپێرن بە جیاواز جێبەجێی دەكەم. ئیتر لەوێوە خۆشەویستیشم خۆشویست. ئەگەر بە هۆی ڕابەرایەتی كردنەوە هەموو دونیا پیسیت بەسەردا بكەن، تۆ هەر خۆشت دەوێن. خۆ ئەگەر وانەكەیت لەوانەیە زۆر دەستكەوتت هەبێت و بە دێڕی گەورەش لە مێژوودا بە نەمری بمێنیتەوە، بەڵام خۆ ئەوە نابێت كە خۆت دەتەوێت.
من نامەوێت لە خۆشەویستی دابڕێم، ئەگەر هیچیشم لێی دەستنەكەوێت! ئەزانم جار هەیە لەوانەیە كەس خۆشەویستی نەبێت بۆم یان لە بیریشم بكەن. من خۆم وام، درۆدەكەم گەر بڵێم دایمە خۆشەویستانم لە خەیاڵدایە! چونكە زۆر شتی تر هەیە مەشغوڵم دەكات، بەداخەوە، چونكە خۆشەویستی ئەوان ئەو دورگەیەیە ئەگەر نەشی گەمێ هەمیشە لێم دیارە. یان ئەگەر بەهۆی شەپۆلەكانی دەریاشەوە بەلەمەكەم پشتی تێكردبێت، كەچی لەنەستەوە هەر ئاوڕێكم بۆ داوەتەوە.
من دەمەوێت لەگەڵ ئەوەی ماوە لە ژیانمدا بە خۆشەویستییەوە بەسەری بەرم، بە خۆشەویستیەوە و هیچی تر. من بیر ناكەمەوە لە گرێ بەستێك لەگەڵ هیچ بەرژەوەندییەك یان ڕێكەوتنێك بۆ هیچ بەرژەوەندییەك، بەهێندەی خۆم هەمە و ئارەزوومە دەژیم و نامەوێت زیانم بۆ کەسی تر هەبێت. خۆشەویستی ئەو ڕووبەرە تایبەتەیە كە دەمەوێت لێی بێبەش نەبم تێیدا بژیم، قەرەبووی هەموو تەمەنمی تێدا بكەمەوە. دەمەوێت خۆشەویستی ببێتە سەیرانگایەك كە چووم بۆی كەپری لێ نەبێت، خانوو نەبینم تەنیا سروشت و گوڵ و سەوزایی و بەرد و دار و هەوا و پەپوولەی لێ بێت، تەنانەت پێم خۆشنییە ئەو ناوچەی سەیرانەی من بۆی دەچم ئەشكەوتیشی لێ بێت. ئێمە چەند خۆپەرست بووین ئەشکەوتەکانمان هەڵبژارد بۆ ئەوەی خۆمان پەنا بگرین، نەماندەزانی ئەشکەوتەکانیش دیواریان هەن. هیچ شوێنێکم ناوێت دیواری هەبێت. گرنگ نییە بۆم كەش و هەواكەی چەند دژوار بن، بەمەرجێك سروشتی بن دوور لە هەموو سەرما و گەرما و لافاوێكی دەستكرد. بابە گیان هەر شتێك ڕێكخراو بێت لە خۆشەویستیدا، هەر شتێك سنووردار بێت، هەر شتێك لەبەر خاتری شتێكی تر بێت هەست دەكەم لەبەینم دەبات. من خۆشەویستییەكم دەوێت تێیدا زۆر زۆر كێوی بم و بەدوور بم لە هەموو سنووربەندییەكانی شارستانیەت. ئێ تازە ئیتر وام لێ هاتوە، تێگەیشتن بۆ پێشکەوتن وای فێرکردم، چی بكەم؟ تۆ بتزانیبایە وام لێ دێت باوەڕناکەم داوات لێبکردمایە پێشکەوتوو بم. كاتێك ترۆپكی شارستانییەتی ڕۆژئاواییم بە بەرجەستەیی بینی و تێیدا ژیام بۆم دەركەوت هەموو شتە دەستكردە جوانەكان پڕن لە هێما و وێنای دڕەندەیی و دژە ژیان و دژە ئازادی و دژە سروشت و دژە خۆشەویستی. ئێمە هەڵە بووین وامان دەزانی ڕۆژئاوا هەمووی شكسپیر و بۆدلێر و دۆستۆفسكی و هیمۆنگوای و ڕامبۆ و ڤۆلتێرن، نا ڕۆژ ئاوا لەمانەی زۆر كەم تیایە. بەهەر حاڵ ئەمە كاردانەوەی منە بۆ غوربەت، با نیگەرانترت نەكەم، خۆزگە لێرە دەبوویت هەموویم بۆ باسدەكردیت، لەولاش بوویتایە دەمتوانی وەك جاران بە تەلەفۆنیش بێت بۆت باس بکەم. ئینجا پێم دەوتیت ئەوەی لە دوورەوە وەك چرا دەسووتێت مەرج نییە نوور بێت.

بابە گیان ئەزانم تۆ ئێستەش خەمی باری ناهەمواری دارایی و ئابووری منتە، چۆن من دەمەوێت جگەرگۆشەكانم باشترین ژیان بژین. ئەمەیان بۆ كڕووزانەوە باس ناكەم تكایە بە هەڵە تێم مەگە. بەڵام مرۆڤ هەر باسی باری ئابووری بکات بە پێی ئەم سیستەمەی ئەمڕۆ، گەر هەموو سەروەتی دونیاشی هەبێت هەر دەبێت بکڕووزێتەوە. کڕووزانەوە عەیبە نییە پزدانێکە لەگەڵ لە دایکبوونی سەرمایەداریدا کەوتوەتە خوارەوە و لە کۆرپەلەی ڕەوڕەوەی مێژوومان نابێتەوە. من پێت دەڵێم لە دڵەوە لە هەموو كەس خۆم بە خاوەن بوون و بە توناتر دەزانم، ئەمە ئەو بەرزی عیزەتی نەفسەیە، کە خۆت بە دێڕە شیعرەکەی بە درێژایی تەمەن مەست بوویت. بەس حەز دەكەم بۆت باس بكەم، هیچی تر دڵنیام تۆش پێت خۆشە گوێم لێ بگریت. ئەمڕۆ من لەبارودۆخێكی ئابووری زۆر باشدا دەژیم، خاوەنی هیچ نیم، تەنانەت ئەوەی سەری مانگیش وەریدەگرم، هەر زووبەزوو پێم نامێنێت. چونكە پاكی دەڕوات بۆ كۆمەڵێك نمرەی بانكی تر، یارییەكەی ئێرە ئەمەیە. لای خۆمان خەڵك بە ڕیفراندۆمەوە مەشغوڵ دەكەن، لێرە خەڵك بە گەڕان بەدوای بازاڕی هەرزاندا. لای خۆمان خەڵك كە ڕەسمی قەرەقۆزێك ئەدات لە یەخەی و پەنجەی مۆر ئەكات ئەو ڕۆژە لای وایە هەموو دونیا هی خۆیەتی. لێرە ئەوەی بوتڵێك شیری لە هەرزانكراوێكدا بە دوو كرۆن كەمتر دەستكەوتبێت ئیتر وا دەزانێت ئەو ڕۆژە شایی و جەژنێتی.
بەسەری تۆ، من تەنیا وەك تێرمیناڵێكم لێهاتوە كە ئەو ژمارە بانكیانەم پێدا تێپەڕ دەبن و هیچی تر. لەوانەیە هی ئەوە بێت، ئەوەتەی هەم دژی پارەم و حەزدەكەم ئەڵتەرنەتیڤێكی بۆ بدۆزمەوە، نا خۆ ئەوانەی لەگەڵمن لە كارەكەم دین و ئیمان و ئاسمان و ڕێسمانیان پارەیە. ئەوان ئەزانی لە چی ئەچن؟ ڕێك هەمان شێوەی موستەشار و قوە تەوارییەكانی جارانیان هەیە. بەس لێرە بە چەك و خەبەردان و خۆ فرۆشی و ملكردن بە پەتەوە نییە! بە پرۆسەی ئەنفال و ویرانكردنی گوندەكان ناچێتە ڕێوە. نا لێرە پۆلیس و ڕیكلام و زانكۆكان خەڵك بۆ شتی جیاواز جیاواز قەید دەكەن و لەلای خاوەن پارەكان ڕۆژانەی خۆفرۆشیان بۆ دابین دەكەن و تەواو. هەست ئەكەم ئەگەر پارە نەبێت ئازادییەكانم زیاد دەكەن. كات هەبوە شتێك پارەم بەخۆمەوە شكبردوە، هەرگیز هێندەی ئیستا ئاسوودە نەبووم كە هیچم نییە. ئەمەیان تەنیا لە ڕووی ڕۆحیەوەیە، ئەگەرنا ئەو بێ قیمەتانەی ناو سیستەمی ژیانی سەرمایەداریی ڕۆژبەڕۆژ سەرئێشەی وام بۆ درووست دەكەن هەر باوەڕناکەیت. دیارە بۆ زۆر كەس وایە، بەڵام من بڵێم چی خەڵكی تر گوێی پێ نادەن یان تاقەتیان چوە لەوەی ڕۆژانە هەستی پێبكەن. بۆیە ئەمەش خەیاڵێكی تری منە و یەكێكی ترە لەو سەرابانەی شوێنی كەوتووم. بەڵام لەلای تینوو لەوە خۆشتر نییە كە سەرابێك بە دیدەكات. بۆیە دەڵێم سەرابە، چونكە بە بێ پارە، ناتوانم سەفەر بكەم، كەواتە ناتوانم كارەكانم جێبەجێ بكەم. ناتوانم تەنانەت كتێبەكانیشم چاپ بكەم بەوشێوەیەی دەمەوێت، ئەوەتا لەو كۆمپیوتەرەدا كەوتوون نازانم دوای من یەكێكی تر چاپیان دەكات و پێی دەوڵەمەند دەبێت، یان دەفەوتن. هیوادارم منداڵەكانم بە پارەی ئایدیای منەوە خۆش ڕانەبوێرن، چونكە بە حسابی خۆم هەموویم بۆ بەرەنگاری بێدادی و هەژاری نووسیون نەك بۆ دەوڵەمەندكردنی یەكێك، جا با نەوەكانی خۆشم بن.
زۆرجار هەیە دەمەوێت بڕیاری شتێك بدەم بەس باری ناهەمواری دارایی و ئابووریم وایان لێ كردووم، دەستەكانم جارێكی تر بە گۆچانەكەمەوە زۆر دەكەونەوە لەرزەلەرز و ئەڵێی خاوەنی قسە و بڕیاری خۆم نیم. ئینجا لەوە ناخۆشتر نییە خۆت ئابووریت خوێندبێت و پرانسیپەكانت ڕێگەت نەدەن هەر نەبێت ئابوورییەكی گونجاوت بۆخۆت هەبێت.

بۆچی تۆ وا ئەزانیت ئەمانە هەمووی پەلەقاژەی ڕزگار بوونن لە خەم مەگەر پێم نەوتیت من ڕاهاتووم چێژ لە خەم وەرگرم؟ بابە گیان ئەو دۆخەی من هەمە لە غوربەت و لە بێكەسی و لە تەنیایی باوەڕ ناكەم هیچ كەس ئیرەیی پێببات، مەگەر یەكێك لەو كوردستانەی خۆمان بڵێت: خۆزگەم بە خۆی لە ئەوروپا دەژی! ئای لەو گێلییە، من لە كوردستانیش بووم حەزم لەم ژیانە نەبوو، نازانم ئەوانە چۆن ئیرەیی بە هیچ دەبەن؟ بەهەر حاڵ كەس لەوە ڕازی نییە كە هەیەتی و تێیدا دەژی.
لەوانەیە وەك جاران بپرسیت ئەی نازانم تۆ چیت دەوێت؟! بەڵێ حەقی خۆتە، باوەڕ بكە خۆشم نازانم چیم دەوێت. لەم هەموو دێلێما و پارادۆكسەدا هەرچی هەڵدەبژێرم بەشێكی جەستەم لێدەبێتەوە. ئەزانم زۆر زیرەكانە نییە، تەنانەت لۆجیكێکیشی بۆ شك نابەم کە نەتوانم خۆم ساخ بكەمەوە، دەبێت بزانم چیم دەوێت! بەڵام زۆر بە تەماعم هەموو شتێكم دەوێت، لایەنی كەم سێ شتم پێكەوە دەوێت كە هیچیان لەگەڵ یەكتر هەڵناكەن. پێشكەوتن و ژیانێكی بێوەی بۆ جگەرگۆشەكانم و خۆشەویستییەكی گەردوونی و داڕووتاو لە هەموو مەرجێك. ئەمەش خەیاڵێكی ترە و ئەم هەموو نەگونجاوە چۆن پێكەوە كۆدەبنەوە؟ نابنەوە خۆ بە زۆر نییە! بە كورتی ئەزانم منیش و تۆش و هەموو كەسێكیش هەر ئەوەی دەوێت كاتی هەبێت وزە و توانایی و هێزی خۆی بە خولیاكانی خۆیەوە خەریك بكات، جگەرگۆشەكانی پێویستیان بە هیچ نەبێت و لەو خۆشەویستییە بێبەش نەبێت كە دەتوانێت ڕۆژانە وزەكانی نوێ بكاتەوە.
ئێ بابە گیان ئەگەر لات وای ئەمە زۆرە، تکایە بمبورە من شتێکی ترم نییە بۆ وتن و ئەتوانیت تۆش نامەکەم دانێیت، بزانم یەکێکی تر نادۆزمەوە پیایدا بینێرم، یان وازی لێ بێنم تا خۆیان نامەیەکی لەم جۆرە بۆ جگەرگۆشەکانیان دەنووسن. جارێکی تر لە نیگەرانییەکانم ببورە، بەر لەوەی تۆ بمبوریت! ئەگەر نامەکەت برد، پییان بڵێمن لە نیگەرانییەکانی ئەوان بوراوم، ئەها ببینە ئەمەش لەم نامەیەی بە تۆدا دەینرێرم فێربووم.


No comments:

Post a Comment