بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





17/05/2018

سێودوی دڵی شەهیدێکی زیندوو 1-4



شەهیدێکی زیندوو ئەم نامەیەی دایە دەست تەرمی ساردەوبووی باوکی! کەس باوەڕی نەبوو لاشەی ئەو کەڵە پیاوە، جەستەی بەباری ئەو مارشاڵە بتوانێت لەپاش کۆچی دوایی خۆی ببزوێت! نەیاندەزانی ڕۆحی فڕیوی ئەو هێشتا بەکارە و دەتوانێت پەیامەکان لە جاران باشتر بگەیەنێت. جا وەرە پەیامی کوڕە شەهیدەکەی کە کاتی خۆی هەر بەودا ناردبووی بۆ جگەرگۆشەکانی خۆی لە دونیایی غوربەت و فەنابوونی بێ ئومێدییەوە.
ئەو بەم جۆرە دەستی پێکرد: بابە تۆ زۆر زۆر سوور بوویت و دەتویست من پێشکەوتووبم، ئەوە منیش داوات لێدەکەم ئەم پەیامی پێشکەوتنەم بە جگەرگۆشەکانم بگەیەنیت! تۆ هەموو خەمی مێژووت بە چێژێکی ساتەوەختی خۆتەوە ڕژاندە ناو دڵی من. بەڵام با نیگەرانت نەکەم، کە خەون خەونی پێشکەوتن بێت، ئەوا کە لە شوێنێك شکستت هێنا و بۆت نەهاتە دی، ئیدی ئەچیت بۆ شوێنێك، کە گوایە دەڵێن ئەو پێشکەوتنەی لێیە و ئاسۆی داهاتوویەکی نوێ چاوەڕوانی هەموان دەکات. بۆ نمونە ببینە؛ هەموو ئەوانەی نیشتمانێکی دواکەوتوو چۆڵدەکەن... ئەی نابینیت گەورە زاناکانی دونیا بە دوای ژیانێکی تردا دەگەڕێن لەسەر هەسارە دوورەکان و دەیانەوێت لەوێ حەماقەتەکانی ئێرە دووبارە نەکەنەوە؟ ئێ دە بابە تو ئەسحابە گلەیی مەکە لە ئەنجامەکان، تۆ خۆت داوای پێشکەوتنت لێ نەکردم؟ پێشکەوتنیش زانینی ویست، هەتا وردە وردە شتیش فێربووم و دەمزانی دونیا بەری بە کوێوەیە، لێبوردنم بۆ نەزانەکان زیادی دەکرد! تا ئەو ڕۆژەی زانین منی کردە قوربانی دواکەوتووترین و ئەوانیشی کردە باڵادەستی فەنتازیا توڕەهاتەکانی ئەم بوونە.
پێش ئەوەی شەهیدببم، ئەمزانی ئەم جۆرە لە هەنگاونان گرانە و پڕ سەرئێشە و قوربانییە. قوربانی ئەمڕۆ ئەم سەردەمە وەك گیانفیداییەکانی سەردەمی ئێوە نییە. ئێوە قوربانی ژیان و بەخشینی ڕۆحتان کردبوە وانە و لە فێرگەکانی حیزبدا دەتانوتنەوە. بەڵام پێشکەوتن قوربانییەکی زۆر لەمە گەورەتری ویست و هێشتا پێشی نەگەیشتووین و هەربەزیندووییش شەهید بووین. خۆبەکوشتدان و زیندانی چەشتن و بەشداریی شەڕەکان مەسەلەیەکی ئاسان بوون. تۆ نازانیت کە چۆن چۆنی منت لێ دەپاراستن، ئێستا خۆم هەستی پێدەکەم! کەچی ئەوانەی گیانیان بەخشی زۆر پڕ دەستکەوتتر بوون، ببینە یەک پارچەن لە (سەروەریی و سەروەری و سەروەری) یان چنییەوە! ئێمە کە بە سێ خوێندکار تەختەیەکی دوو نەفەریمان دەستکەوتبوو ڕۆژانە چوار پێنج سەعات لەسەری بخوێنین، هەروا بێتەوە ململانێی یەکەم و دووهەمی پۆل و قوتابخانەی لەسەر بکەین، ئەو دەمە ئەوانەمان بەردەوام بوون و ڕوویان لە شاخەکانی ئێوە نەکرد تا ئەمڕۆش بەشەهیدی دەژین. کەچی هێشتا وەك ئێوە چانسی سەروەریمان نەبوو، لەبەر هیچ نا تەنیا ئەوەیە لەسەردەمێکی تردا دەژین.
دڵنیام تۆ دەزانیت، شەونخونی و تێکۆشانی زانستی و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی نوێ قوربانییەکی گرانتری دەوێت لە شەهیدبوون! دڵنیام تۆ دەزانیت، کە نە تۆ و نە ئێمەش ئەنجامەکانی نابینینەوە. ئەرکێکی گرانە بتەوێت بەڕێگای زانست و هونەر قوربانی بۆ پێشکەوتنی زیاتر بدەیت. لەوانەیە سەدان جار چێژی گیان لەدەستدان و خۆ زیندانیکردن ببینیت! کاتێك بە دیار دێڕەکانی نووسەرێکەوە وەنەوز ئەتباتەوە و ناچاریت توڕەهاتە جیهانییەکان بخوێنیتەوە، ئینجا تێدەگەیت شەهید بوون لەسەنگەر چەند ئاسانترە.
بابە گیان بەرەکانی جەنگی بیروباوەڕ ڕاستینەن، سڵاوت لێ بێت، تکایە بەڕۆحی سپیتا ئەم چامەیەم بۆ بگەیەنە دەستی جگەرگۆشەکانم... هیوامە لەو نیگەرانیانەم ببوریت کەڕۆژێك لە ڕۆژان بۆم دروستکردبوویت. لە یادمە پێت دەوتم پاش ئەوەی گوێ لە ئامۆژگارییەکانم ناگریت ئەوجا پەشیمان دەبیتەوە. بەداخەوە، هێشتا پەشیمان نەبوومەتەوە هەر لە بەرەکانی جەنگم و لەسەر کەلەڕەقی و بیروبۆچوونەکانی ئەم یاخیبوونەم بەردەوامم، بەڵام لە گوێنەگرتنی ئەوسا و سەرکێشی ئێستام بە بەردەوامی ئازار دەچێژم.
بابە گیان، ئەی هاوڕێ ئەبەدییەکەم؛ وام لێهاتوە ئەو ئازارانە بوونەتە بەشێك لە خۆشییەکانی ژیانم. ئەی بۆ پێت نەوتم ئەوکاتانە کە ئەمە پەیامی پتر لە چەندین ملیۆن ساڵێکە و سپێرم و هێلکەکان تەنیا ئەرکیان ئەوەیە جارجارە بە کەسێکی وەك تۆدا بیگوێزنەوە. بەداخەوە، بابە! خۆشبەختانە ئێستاش هەر ئەو شتە ئەکەم کە باوەڕم پێیەتی، نەك کە ئەزانم باشن بۆم و تۆش دڵخۆشدەکەن. هەر هەوڵدەدەم بە ئەزمووندا بڕۆم نەك ئەزموونە کۆنەکانی تۆ بکەمە پێڕەوێك بۆ ئەوەی شوێنیان کەوم. سەیر نەبێت لەلات، کە من هەمیشە تۆم بە بەهێز دەبینی و لە هێزی تۆوە لە ژیانی خۆم گورزم دەوەشاند، ئەمە سروشتی هەر مناڵێکە، بەڵام غوربەت وای لێکردم ئێستا بمبینیت نامناسیتەوە! لەوپەڕی هەڕەتی هێز و پشتیوانیدا سەرمای غوربەت دەتکاتە لۆکەیەکی تەڕی خوساو، تك تك ڕۆحت لێ دەچۆڕێت. گەرما و بۆخەی غوربەت لەو بەویژدانتر نییە، بەڵکو بەجۆرێك لاوازت دەکات داوای کۆمەك و یارمەتی لە چکۆلەترین پەنجەرەش بکەیت جا با هێندەی کونیچکەی دەرزییەك بێت، جا وەرە بۆ دەلاقە زەبەلاحەکانی بانك و دیمەنی سەیری دەریا بێسنوورەکانی ڕۆژئاوابوون.
زۆرجار کە هێشتا سەیری ڕەوت و ڕەفتاری خۆم دەکەم هەر بە هیزم، کە سەیری هاوکێشەکانی غوربەتیش دەکەم هەست ئەکەم لاشەیەکی سەرئاوکەوتووم و جگە لە شەهیدێکی زیندوو هیچی تر نیم. لە بیرتە تۆ هەموو هەوڵت بۆ ئەوە بوو من شەهید نەبم، منیش هەمیشە هەوڵم بۆ ئەوە بوو بە قارەمانی خۆم تۆ دڵخۆشکەم. باش ڕۆشتینەوە وا نییە!
هەردووکمان زۆر سەیربووین! ئێ ئاخر کە شەهید نەبم چۆن پێش ئەکەوم، کەواتە یەکێك لە خەونەکانی تۆ فت! ئێ ئەگەر شەهید نەبم چۆن دەبمە قارەمان و چۆن دڵی تۆ خۆش کەم؟ لایەنی کەم یەکێکیش لە داواکانی من فت. ئەشێ ئێستاش وێنای ڕابردووی بەهێزیمان پێکەوە وەك هێزی پاڵەوانێکی خەیاڵی داهاتوو لەلای من هەر دڵخۆشکەر بێیت، ڕێنیشاندەرێك بێت بۆ ئەبەد! لەبەر هیچ ناڵێم، لەبەر وەفا و دڵسۆزیی خۆم بۆ تۆ باسی ناکەم، بە پێچەوانەوە تەنیا ئەوەیە پرۆگرامێکە و لەسەری ڕاهاتووم! ڕۆژانێك هەبوون دەمتوانی زۆر لەوە زیاتر بکەم کە لە توانای خۆمدا هەبوون! ئیستاش هەر لە توانای خۆم زیاتر دەکەم خەمت نەبێت، لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوەی تۆ بەوجۆرە ڕاتهێنابووم، هەر بەوجۆرەش پرۆگرامت کردبووم. ئازایەتی من نییە ئیتر وا بارهاتووم! مرۆڤیش ئەیجنتێکی ئەلکترۆنییە و لێی بزانیت بە ئاسانی پرۆگرام دەکرێت، سەیر نەبێت لەلات تەنانەت گەورە زانا و فەیلەسوفەکانی دونیاش چەند هاوکێشەیەکی ئەلگۆریزمی پرۆگرامی کردوون بیدۆزیتەوە هەموویان کۆنترۆڵ دەکەیت. هەر وەك جاران کەم دەنووم و زۆرتر یان دەجەنگم یان ئێشکی پارێزگاری لە هاوڕێکانم دەگرم. ئەوەی گرفتی غوربەتە، وا دەکات هەست بکەیت نە پاڵەوانێتیت پێ ماوە نە ئازایەتییەکی ئەوتۆ. بەڵکو ئەوەی ماوتە، گەر بتوانی تا ڕادەیەك ڕێپیشاندەرێکی چکۆلەبیت و هیچی تر، ئەویش دەبێت بەو شتە کەمە قایل بیت، ئەگەر نا لێرە جەنگەکە زۆر سەخت و ئاڵۆزە و زوو دەکوژرێیت! ئێ ماڵئاوەدان بۆ فێرتکردم خۆم پەنابگرم لە مردن! من زۆر دەناسم بەسەر زیندوون و لە مەیتخانەیەکی گەورەدا تەرمی خۆیان بەدوای هیچدا کێش دەکەن و شانسیشیان نییە نە وەك تۆ ببنە قارەمان، نە وەك من ببنە شەهیدێکی زیندوو. ئێ باوەڕ بکە ئێرەش هەر سەرقەبرانێکی گەورەیە و بەهەر لایەکدا ئاوڕ بدەیتەوە چەند کەسێك لەملا و ئەو لاتەوە لەسەر تاتەشۆری ئایپادێك لێی پاڵکەوتوون! یا لە بەردەم ڕیزی کاشێرێکی سوپەرمارکێتێکی هەرزانجاندا ڕیزیان بۆ تەڵقینی خۆیان بەستوە!
بابە گیان کەوتووینەتە کەنارێکی ئەم دونیایەوە تا کەسێك گوێت لێ دەگرێت لەوانەیە ببیتە گاڵتەجاڕی سەدان کەسی تر. ئەمەش واقعەکەی ئێمەیە نابێت نکۆڵی لێ بکەین. تۆش لێرەبایت هێندەی من بێباك دەبوویت و زۆر لەوەی دواییان نیگەران نە دەبوویت. دەبا خەڵك گاڵتەشمان پێ بکەن، چونکە ئەوە حوکمی تەمەنە هەر ڕوودەدات و خەڵکێك خەمێکی گەورەی هەبێت هەر دەبێتە گاڵتەجاڕی ئەوانی تر، لە بیرت ماوە کە منداڵ بووم چیرۆکی مەزنەکانت بۆ دەخوێندمەوە؟ ئەو دەمە دەتوت با لە هەریەکەیان یەك خەسڵەت هەڵدەبژێرین و فێریان دەبین و پێکەوە وەك ئەوان دەکەین تا ئێمەش ئاوا مەزن ببین. بەڵێ، ئەو دەمانە باوەڕم دەکرد و شای چێژەکانم لە زەردەخەنەی دڵخۆشی تۆ دەبین گەر من مەزن بم تۆ ئاسوودەیت! کەچی دواتر وا بوو خەڵکێك بۆ باوەڕ و ئامانج و خواستەکانی خۆی بژی دەبێتە گاڵتەجاڕی ئەوانی تر! مەزنی چی؟ ماوەیەکی زۆرە ئەم ڕاستییەش دەزانم، کەچی هەروادەکەم و بەردەوامم، هەروادەکەم و لێی پەشیمان نیم. دڵتخۆش نەکەیت (ئوستادی هاوڕێم) مەزنیش نەبووم! هیچ... هیچ، بەلای مەزنیشدا نەڕۆشتووم. ئەزانی ئێوە دەتانویست و ئێمە و هەموو کەس دەمانەوێت منداڵەکانمان مەزن بن، بۆ؟ نازانیت بۆ؟ ئێ باشە سەیرە هەرە زیرەکترین و قارەمانترین و باشترینمان بەپێی جینەکان ڕێژەیەکی کەمی لە شیمپانزییەك جیاوازە! مەزنی لە چیدا بێت؟ سەیر نییە؟ مەزنی چییە؟ ئەزانی چەند ئاسوودەم لەمەشدا لە خواستەکانت یاخیم و هەر بە ڕێکەوتیش بێت مەزن نەبووم!
من دوای ئەوەی زۆر زۆر بیرمکردیت، زۆر زۆر بیری ڕابردوو و داهاتوومکرد، حەزمکرد وەك ڕابردوو ئەم نامەیە بە تۆدا بنێرم تکا دەکەم بیگەیەنە داهاتووی من! هەرچەند بیردەکەمەوە دەزانم تازە سوودی نییە، جا تکایە بە ڕۆحی سپیت هەڵیبگرە و لەلای خۆتەوە بیدەرە دەست جگەرگۆشەکانم. بەس نازانم ئەم نامەیەی من بۆ تۆ، بۆچی پێم خۆش بوو بڵاوی بکەمەوە! تۆ بڵێی لەبەر لایك و کۆمێنتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت؟ باوەڕ مەکە، نا نا! جا با پێت بڵێم ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی داهاتوون هەموو شتێکیان تیا دەست دەکەوێت! ڕێك ئێرە ئەڵێی بەردەم مزگەوتی گەورە و مەزادخانەکەی جارانە، هەموو شتێکی تیا دەست دەکەوێت. کڕین و فرۆشتن بەهەموو جۆرەکانییەوە، کاڵای وای تیایە لە خۆڵی خاڵس گرانترە، تێشیدایە ئەڵێی هەڵوێست فرۆشییە ئەوەندە چروك و هەرزانە... درۆ، ڕاست.. چیت دەوێت هەیە. وتم، جا چییە با ئەم نامەیەی منیشی لێ بێت. لەوانەیە ناسیاو و هاوڕێ و دۆستەکان پێیان خۆش بێت کە من و تۆ هێشتا پەیوەندییەکی گەرممان ماوە. هەرچەند حەز ئەکەم ئەو خەبەرە ناخۆشەت بەمێ، کە من پێخۆش بوون و پێناخۆش بوونی کەسم بۆ گرنگ نەماوە. وایە، ئیتر پێشکەوتن وایە، گەر خۆت بەدەستی بێنیت یان بچیت لە دەستکەوتەکانی خەڵکی پێشکەوتوودا بژیت! لەو پێشکەوتنەدا کە جاران ئاواتی تۆ بوو هەر ئەمەی لێ سەوز دەبێت، خۆت بۆ خۆت بژیت و هیچی تر.
دەتەوێت بزانیت من ئێستا چۆن بیر دەکەمەوە و هەستم چۆنە؟ دڵنیام دەتەوێت، وا نییە؟ چوار تا پێنج ساڵی ڕابردووم دوای ئەوەی تۆ زۆر بێڕەحمانە جێتهێشتم منیش زۆر سەیر و پڕ لە ئازار بردمەسەر و بەردەوام بووم. ئەشێ ئەو ئازارانە لە هیچ ئازارێکی تر نەچن، چونکە جاران تۆ لێرە بوویت زوو زوو بەشێك لە کۆڵەکەمم بەسەر تۆدا بەجێ دەهێشت، ئیستا ئەو عەیامە نەماوە. ئەم کۆڵە قورسانە لە زۆرلاوە پەلوپۆی ناخی منیان کردوە و نازانم کاریگەری دوورمەودایان چۆن دەبێت. بەهەر حاڵ با خۆم بە پووختی کۆکەمەوە، هەوڵبدە ئەنجامەکان هەرچۆنێك بن ڕۆحی خۆتیان پێ ئاسوودە بکەیت وەك ئەو نان و شووتیەی پاش شەقبردن پێکەوە خواردمان. ئەم سەردەمە وایە، دەبێت ئاسوودەیی لە بێئومێدیدا بدۆزیتەوە، نەك هەوڵبدەیت ئاسوودەیی بخوڵقێنیت. من وا ناکەم، چونکە با شەهیدیش بم هێشتا زیندووم، بەڵام تۆ وا بکە، چیت ماوە لە دەستی بدەیت؟ هیچ، هەرچەند دەزانم هیچی ئەو سەردەمەی ئیوە لە زۆری ئێستە زیاترە، بەڕاستی ڕۆحیت بابە گیان. ڕۆحی چی، تۆ میمبەریت لەم دێڕانەی مندا، منیش بەدکارێکی نەڕەنەڕ کەر هاتووم و بڵندگۆکانت بەکار دەهێنم! ئینتیخاباتیش تەواو بوو! 

No comments:

Post a Comment