بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





18/05/2018

سێودوی دڵی شەهیدێکی زیندوو 2-4

بەشی دووهەم


دەتەوێت بزانیت من ئێستا چۆن بیر دەکەمەوە و هەستم چۆنە؟ دڵنیام دەتەوێت، وا نییە؟ چوار تا پێنج ساڵی ڕابردووم دوای ئەوەی تۆ زۆر بێڕەحمانە جێتهێشتم منیش زۆر سەیر و پڕ لە ئازار بردمەسەر و بەردەوام بووم. ئەشێ ئەو ئازارانە لە هیچ ئازارێکی تر نەچن، چونکە جاران تۆ لێرە بوویت زوو زوو بەشێك لە کۆڵەکەمم بەسەر تۆدا بەجێ دەهێشت، ئیستا ئەو عەیامە نەماوە. ئەم کۆڵە قورسانە لە زۆرلاوە پەلوپۆی ناخی منیان کردوە و نازانم کاریگەری دوورمەودایان چۆن دەبێت. بەهەر حاڵ با خۆم بە پووختی کۆکەمەوە، هەوڵبدە ئەنجامەکان هەرچۆنێك بن ڕۆحی خۆتیان پێ ئاسوودە بکەیت وەك ئەو نان و شووتیەی پاش شەقبردن پێکەوە خواردمان. ئەم سەردەمە وایە، دەبێت ئاسوودەیی لە بێئومێدیدا بدۆزیتەوە، نەك هەوڵبدەیت ئاسوودەیی بخوڵقێنیت. من وا ناکەم، چونکە با شەهیدیش بم هێشتا زیندووم، بەڵام تۆ وا بکە، چیت ماوە لە دەستی بدەیت؟ هیچ، هەرچەند دەزانم هیچی ئەو سەردەمەی ئیوە لە زۆری ئێستە زیاترە، بەڕاستی ڕۆحیت بابە گیان. ڕۆحی چی، تۆ میمبەریت لەم دێڕانەی مندا، منیش بەدکارێکی نەڕەنەڕ کەر هاتووم و بڵندگۆکانت بەکار دەهێنم! ئینتیخاباتیش تەواو بوو! 
بابە تۆ مێژوویەکی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستی بوویت بۆ من و هاوڕێیەکی گیانی بە گیانیم بوویت بۆ مەودایەکی دوور و درێژ. کە ئێستا دووری لە من چۆن گرامشی کوڕە چکۆلەکەی لێ ون بوو منیش هەمان هەستم هەیە. دوورکەوتنەوە و نەبینینەوەی منداڵە ئازاکانی خۆم کە لەمەیدانی کار و ڕووبەڕوو بوونەوەدا هەندێکیانم لێ بزربوون و هەندێکیان لێ دەبینم هەمان ئازاری تۆم پێدەبەخشن. لە ئازارەکانی ئەنتۆنیۆوە هەستەکانم دەچنمەوە، مناڵێك پڕ بە دڵ و بە خۆشەویستییەکی ناکۆتاییەوە ژیانت پێ بەخشیبێت و نەیبینیتەوە، لەوانەیە هەموو قوربانییەکی بۆ بدەیت! تەنانەت ئەگەر لەسەر کەرامەتی خۆشت بکەوێت، وا نییە؟ باوەڕ بکە هەندێ کات بەغیلی بە ئەنتۆنیۆ دەبەم. بیرتە چیرۆکەکەیت بۆ دەخوێندمەوە کە چۆن لە بەندیخانەش کۆڵی نەداوە، ئێ زاڵم من کەی تەمەنم هی ئەوەبوو لەو چیرۆکانە تێ بگەم! کەچی ئیستا دەزانم کە ئەو دواجار بۆ هەر نەیتوانی کوڕە چکۆلەکەی ببینێتەوە! بەڵێ، ئەوە هەموو جارێکی لە دەرگای دڵم دەدات، زۆرجار هەیە حەز ناکەم ئەوەم بیربکەوێتەوە، بەس چی بکەم لە بیرم ناچێت و بەردەوام ترسێکی گەورەیە لە دڵمدا. چۆن تۆ منت نەبینییەوە ئەترسم منیش هەروا بم.
هەر ساتێك هیواکانم بۆ ژیان دەڕوانن هەستدەکەم هەر ئێستا نا ئیستا دەمرم. کە مردیشم هەموو ژیانم لێ ئاوا دەبێت و باوەشی گەرمم نامێنێت بۆ ئازیزەکانم، ئەوەش گرنگ نییە هەموو کەس وان، بەڵام خەم لەوە دەخۆم ئیتر دێبات و فێربوون نامێنێت، کە من هێندەی سەرجێیەکی گەرم لەگەڵ خۆشەویسترین شۆخی ئەم گەردوونە چێژی لێ دەبینم. ئەمەش هەست و شعوری هەموو ساتێکی منە، بەتایبەت ئەوکاتانەی کە لە پەنجەرەی ئۆفیسەکەمەوە سەیری دەرەوە دەکەم و دەڵێم ئەهـ! ئەوە چییە خۆ ئێرە بەختیاری نییە! دڵنیا بە من ئەمانە بۆیە نانووسم تۆ زیاتر دڵت لەلام بێت، ئەی لەغوربەت کێم هەیە شتەکانی بۆ باس بکەم و غەریبی وێرانی نەکردبێت؟ نەخێر خۆت باش دەزانیت، من ئەوانە نیم تامەزرۆی پیاهەڵدان و بەزەیی بم. یان بۆ ئەوەم بێت زۆر زیاتر ڕێزم لێ بگرن. نا.. نا  هەرگیز، من مەبەست ئەوانە نییە، درۆت لەگەڵدا ناکەم ئەگەر بڵێم لە ئاستوونێکی بیرکردنەوەدا تا سنوورێك باوەڕم بە (ڕێز)یش نەماوە، ڕێزیش پێدەچێت وەك زۆر شتی تر خواستێکی ئێگۆیستیکی بێت، بۆیە لەویش گومانم هەیە و ئێستا کە بەڕاستی پێزانینم بۆ کەسێك هەبێت پێی ناڵیم بەڕێز، چونکە بیستوومە دەڵێن ڕێزی ئەوانی تر بگرە بۆ ئەوەی خۆشت بەڕێز بیت، جا کەواتە من چیم کرد؟ من ئەمە دەنووسم، بەشێکی دانپێدانانە بە دۆخی خۆمدا (ئیعتراف)، بەشێکیشی قسە کردنە بۆ هاوڕێیەك، کە ئەوەتەی بەجێی هێشتووم ئاسوودەییم هەست پێ نەکردوە، جگە لە  دە ڕۆژ و کەمتر لە بیست و چوار کاژێرێك لەگەڵ!
هەندێ جاریش هەیە دەمەوێت وشەکانم بۆ ثێراپیستێك هەڵڕێژم. تۆم هەڵبژارد بە نوێنەری هەموو هاوڕێ خۆشەویستەکانم ئیعترافت بۆ بکەم. لە هەستیارترین دۆخی خۆمدا بێشەرمانە دەمەوێت تۆ ببیتە پۆستەچی داهاتووم، چەند بێ شەرمییە وا نییە؟ دەی ئێمە پۆستەچی کرۆمۆسۆمەکانی مێژووی ئێوە و ئێوەش پۆستەچی یادەوەری ئێمە بن بۆ داهاتوو هەرگیز هیچ بەدەست نایەت بەبێ بەخشین، تەنانەت گەزۆبارینیش کۆکردنەوەی دەوێت. پێشتر کەسێکی ترم هەڵبژارد بەشێکی زۆرم لەم دانپیادانانە بۆ نووسی، بەڵام سوودی نەبوو! نوێنەر مێژوویەکی ڕیشەیی نەبێت لەگەڵ نوێنەری کراوەکەیدا نا بێتە نوێنەرێك پەیامەکانی پیا بگەن. چەند بە هاوڕێیەکی نزیکیشی بزانیت، چەند بە بەشێك لە خۆتی بزانیت کە ئەو لە دەرەوەی تۆبێت بە ڕۆح بە جەستە بە ژیان، ئیتر هیچ سوودی نییە، تەنیا دەبێتە نوێنەری بەرژەوەندییەکانی خۆی و دێڕەکانی تۆش بەباری گوێزەکانی خۆیدا دەژمێرێت. تۆم هەڵبژارد وەك هاوڕێیەكی زۆر زۆر نزیك قسەت بۆ بکەم، چونکە هاوڕێ نزیکەکان باشتر لە ئازارەکانی یەك دەگەن. بەتایبەت تۆ زووتر و پێش منیش ئەزموونی غوربەتت چەندین جار تاقیکردوەتەوە. تۆم هەڵبژارد وەك ثێراپیستێك چونکە مێژوویەکت لەگەڵ مندا هەیە، لەوانەیە مێژووی حاڵەتەکانی من باشتر دیاری بکەیت و بزانیت من مەبەستمە بڵێم چی و دەمەوێت چی بکەم.
ئەم باسەی من لە زۆر وێستگەیدا خەیاڵییە، بەڵام خۆ لە دەمێکدا دەژین ڕاستی ئەوەندە قێزەون بوە، خەیاڵ جوانترین شتە. ئەم باسە وەکو هیوای نەخۆشێکە دکتۆر بۆ مردن ڕەوانەی ماڵەوەی کردبێت. بۆیە بۆت باس دەکەم ئەم دۆخەشت بەسەردا هاتوە. مردن چەند سامناك بێت هیوا هێشتا جوانترین تیشکە لە ناو ئەو دوا نائومێدییەدا دەژی، ئەوەش هەر لە تۆ فێربووم! هەرگیز لە بیرم ناچێت کە پێت وتم: "ئێمە صەدام حوسێن نەیتوانی بمانکوژێت تۆ بڵێی دەرەقەتی کانسەرێکی خوێڕی نەیەین؟" وای چ وانەیەکی مەزن بوو، ئەو وانەیە فێری کردم ئیتر من جارێکی تر لە خراپترین دۆخدا نەکەوم. هەموو ژیان ئەوەی فێرنەکردم کە لەو دێڕەی تۆدا من بەدیم کرد. ئەم باسەی من لە خاراوی شەڕگەی جەنگەکان دەچێت، هێشتا شەڕەکانیش چەند قێزەون بن، وانەیەکی جوانیان هەر تێدا دەدۆزینەوە! ڕێك وەك ئەو گوڵەی بەڕێکەوت لە پیساییەکی زۆردا بە باشترین شێوە سەوز دەبێت.
تۆ بزانە لە دوێنێوە من بۆ چی دەژیم! بە درێژایی ژیانم هەڵەیەکی گەورەم چەندجارێك دووبارە کردوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە: لەبەر کەمکردنەوەی ئازارەکانی چواردەورەکەم هەرگیز وەك پێویست ئەو هەنگاوە قورسەم هەڵنەگرتوە کە ئامانجەکانم باشتر بهێنێتە دی. بۆ نمونە؛ زۆرجار سەرم کەوتوەتە بەردەم چەکوشی کۆمەڵگا و ملم لا نەبردوە!! یان بۆخۆم هەنگاوێکم ناوە وامزانیوە باشترینە و لە بێباکی خۆمدا حسابم بۆ دەوری خۆم نەکردوە!!! ئەم هەڵەیەم لە دوێنێوە کۆتایی پێ هێنا، ئیتر بۆ ئەوە دەژیم کە دەمەوێت.
بابە گیان هەر لە مناڵیمەوە ڕاهاتووم دژی ستەم و چەوساندنەوە بم، هەر لە منداڵیمەوە بۆ یەك هیوا ژیام کە ڕۆژێك بێت دادپەروەری هەموو سووچێکی ئەم دونیایە بگرێتەوە وکەسێك نەمێنێت لێی بێبەش بێت. ئاواتم بوە دەردەکانی توندوتیژی و هەژاری و نەخۆشی و ....تاد نەمێنن و ژیان پڕ بێت لە چێژ و خۆشەویستی، خەیاڵە وا نییە؟ بەس چی بکەم، پێوەی ئالوودە بووم، موعتاد بووم بەم نەخۆشییە، کە دەیکەمە دەرەوەی خۆم ڕێك هەست بە عەدەم دەکەم. کە لە ناویشما دەژی هەست دەکەم هەموو دونیا هەر چوار وەرزەکەی بەهار و شادییە. ئەم خواستانەی من وەك پەڵە هەورێك بەسەر سەرمەوە تا ئیستاش دەسووڕێنەوە و یەخەم بەرنادەن، هەر تاوە ناتاوێکیش دادەکەن. جار هەیە پەڵە هەوری جوان و ڕەنگاو ڕەنگن بارانی خۆشی و پەلکەزێڕینە درووستدەکەن. جاری واش هەیە ڕەش و تاریك شەستە و ڕەهێڵە دەکەن و تەرزە و بەفر و زۆر شتی ناخۆش دەبارێنن و کارەسات درووستدەکەن، بێگومان کارەساتەکان بۆ خۆمن، من ئەوەندە ترسنۆك دەرنەچووم کارەساتەکانم بۆ دەرەوە بن و بەهار و وەرزی گوڵەکانیشم بۆ خۆم. من تا ئیستاش حەز و خواستمە لەم هیوایەدا بژیم و هەست دەکەم ژیانم هیچ مانایەکی تری نییە بە بێ ئەم خەونە. هەست دەکەم ئەم خواستە تاکە شتە کە لە خۆمم خۆشتر دەوێت. وەك مناڵەکانم وایە و هیچ جیاوازییەکی نییە! بگرە، جار هەیە تۆ نازانیت کام مناڵەیانت زیاتر خۆش دەوێت لە بۆنەی جیاواز جیاوازدا خۆشەویستیان پاش و پێش دەخەیت بە پێی هەڵوێست و پێویستییەکانیان. درۆ ناکەم ئەگەر بڵێم زۆرجار هەیە لە سەرتۆپی منداڵەکانمدا دەوەستێت، جاریش هەیە دەبێتە دواهەمین منداڵی خۆشەویستی من، بەڵام لەو ئاستە هەرگیز دانابەزێت. چۆن هیوام هەیە لەسەرەمەرگمدا دەستم لە دەستی مناڵەکانمدا بێت و بۆ دواجار چاوم لە چاوی ئەوان بڕوانێت کاتێك کە ئیتر نۆبەمە جارێکی تر بێمە لای تۆ، هەر ئاواش دەمەوێت ببینم ئەم ئاواتەم دەژی و بە سەوزی جێی دەهێڵم و ئاسۆکانی گەشە دەکەن. ئەوەی جیاوازە لە مناڵەکانی ترم ئەوەیە من چەندێك خواستم بێت مناڵەکانم تا هەتا هەتایە بژین خەیاڵێکی بێمانایە، بەڵام ئەم ئاواتەم حەز ئەکەم لایەنی کەم وەك دار زەیتوونێکی تەندروست هەزار ساڵێک بژی، ئەمەش هەر خەیاڵە بەس چی بکەم تازە من ئالوودەی ئەم دەردە بووم.

ژیانی من بۆ ئەم هیوایەیە، منی داگیر کردوە و بەهەموو دوورییەکانی مندا تێدەپەڕێت. ئەم بەڵا شیرینە... ئەم مناڵەی من لە مێژووی خۆمدا چێژی ڕۆحی لێ سەندوومەتەوە... بۆ نمونە کە منداڵ بووم زۆر گەورە ژیام، کە هەرزەکار بووم خەمی پیرێکم لەکۆڵی خۆم نابوو، ببینە ئیستا خۆم بە پیرێك دەزانم بەدەستێکی لەرزۆکەوە دەستم لەبری گۆچان بە ڕەوڕەوی مناڵیدا هەڵواسیوە! چی دەردەچێت؟ (قەشمەرییە، قەشمەریی.. وانییە؟). کە گەورە بووم حساب بکە دەمێك بوو بە زیندوویی شەهید بووبووم، وەك بۆم باسکردیت. ئیدی کە مردن و زیندوێتی ئاوێتە دەبن جارجار بەدەست خۆت نییە وەك کەسێکی ئاسایی شتێکە هەر دەژیت. من دەمەوێت بەم دوا دواییە پاش ئەو هەموە لە غوربەت بچمە دۆخی سروشتی خۆمەوە لەگەڵ ئەو ئاواتە ئاوێزان ببم کە ناوی مەرگە بۆ هیوا.. مەرگە بۆ ژیان.. نامەوێت چیتر شتێك هەبێت بیکەمە قوربانی خەونێکی سەرمەدی! (قسەی قۆڕە) وا نییە؟ ئێ چی بکەم، ئەمەش بەختی ئالوودەیی. ئەمە لە یۆتۆپیایەکی سەیر دەچێت، بەڵام چۆن سەرمەستێك بۆ دوا قومی مەی بێ ئاگایانە دەکۆشێت، چۆن ئالوودەیەك (موعتادێك) بۆ قومێ ژەهری تر دەناڵێنێت. منیش ئاوا لە ژیانێکی بێ ئومێدی بێزارم و دەمەوێت لەگەڵ ئەم موعتادییەی بیری خۆمدا بژیم. دەمەوێت بەشی زۆری ئەوەی ماومە لە ژیان بە نووسین بێت بەکارکردن بێت بە خۆشەویستی بێت بە هەرچی بێت بۆ ئەم خەونە خەیاڵییەی خۆمی تەرخان بکەم بابە! ئەزانم زەردەخەنەیەکی پڕ لەخەفەت ئێستا دێتە سەر لێوەکانت و دەڵێیت: "ئاخ، ئاخ ڕۆڵە تۆ هیوایەکی گەورەی من بوویت، تکایە خۆت توشی بەڵا و ون بوون مەکە". ئێ زۆر سەیرە بابە گیان، من ئیستا هەست دەکەم ئاوا نەبێت ون دەبم. ئەوەش چارەنووسی وانەکانی پێشکەوتنی تۆ بوون.

No comments:

Post a Comment