بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





19/05/2018

سێودوی دڵی شەهیدێکی زیندوو 3-4

بەشی سێیەم



نامەوێت چیتر شتێك هەبێت بیکەمە قوربانی خەونێکی سەرمەدی! (قسەی قۆڕە) وا نییە؟ ئێ چی بکەم، ئەمەش بەختی ئالوودەیی. ئەمە لە یۆتۆپیایەکی سەیر دەچێت، بەڵام چۆن سەرمەستێك بۆ دوا قومی مەی بێ ئاگایانە دەکۆشێت، چۆن ئالوودەیەك (موعتادێك) بۆ قومێ ژەهری تر دەناڵێنێت. منیش ئاوا لە ژیانێکی بێ ئومێدی بێزارم و دەمەوێت لەگەڵ ئەم موعتادییەی بیری خۆمدا بژیم. دەمەوێت بەشی زۆری ئەوەی ماومە لە ژیان بە نووسین بێت بەکارکردن بێت بە خۆشەویستی بێت بە هەرچی بێت بۆ ئەم خەونە خەیاڵییەی خۆمی تەرخان بکەم بابە! ئەزانم زەردەخەنەیەکی پڕ لەخەفەت ئێستا دێتە سەر لێوەکانت و دەڵێیت: "ئاخ، ئاخ ڕۆڵە تۆ هیوایەکی گەورەی من بوویت، تکایە خۆت توشی بەڵا و ون بوون مەکە". ئێ زۆر سەیرە بابە گیان، من ئیستا هەست دەکەم ئاوا نەبێت ون دەبم. ئەوەش چارەنووسی وانەکانی پێشکەوتنی تۆ بوون.

تۆ لەوانەیە بپرسیت کە گەورەترین بەرپرسیارێتی من چی بێت! ئەو هەڵانەی پێشتر باسمکردن یەك دونیا بەرپرسیاریتی گرانیان لەسەر شانم داناوە! ئەڵێی قەرزێکی نەبڕاوەی بانکن، هەموو مانگێ بەلانسەکەیان دەگوێزرێتەوە بۆ مانگەکەی تر. بڕیاریش بدەم فەرامۆشیان بکەم و نەیاندەمەوە، ئەوان من فەرامۆش ناکەن و نامبوورن، ئەگەر زیاد نەکەن لە حسابەکەمدا هەر وەك خۆیان بە قەرز دەمێننەوە. ئەو هەڵانەی پیشتر دەیانکەین دەبنە مەنگەنەی جەڕاندن و دەبنە باری پسێنەر بۆ قاچەکانمان! هەرکات دەمانەوێت هەنگاوێکی تر هەڵگرین نایەڵن بڕۆین. ئەو هەنگاوە بە ئاراستەی ژیان بێت یان بە ئاراستەی بیروباوەڕەکانمان زۆرجار دەمانوەستێنن. هەڵەی مێژوویی بۆ کەسێك لەم هەموو هیوایە بارکرابێت، بەرپرسیارێتییەك درووست دەکات کە ئێمە هەموو بەدەردی یەکتر ببینەوە بە باوك! باوکایەتی بە ژمارەی مناڵەکان نییە، هەن بوون بە باوك یەك وەچەشیان نەخستوەتەوە، ئێ خۆ پەشیمانیش بیت لە باوکایەتی، لە بانکی ژیاندا قەرزەکانت لێ ناسڕنەوە؟ ناتوانیت هیچ بکەیت. لە غوربەت تێدەگەیت باوکایەتی چ بەر پرسیارێتییەکی سەخت و خەتەرناکە!
ئای لە هەڵەی مێژوویی! بەڵام لە هەموویان قورستر تاقیکردنەوەی بەختە لەگەڵ غوربەت. کێشەی سەرەکی لەوەدایە زۆرجار هەیە هەڵەی مێژوویی جەبرییە، بمانەوێت و نەمانەوێت تێی دەکەوین. خۆ من نەمویستوە ئەو هەڵانە بکەم، کە بیر دەکەمەوە هەست دەکەم وەك بێ هۆشێك مامەڵەم کردوە، دڵنیام تۆش هەروا بوویت و ئەوانیتریش هەر وان! بەڵام نا بەو پەڕی هۆشەوە بێهۆشانە مامەڵەمان کردوە و هەڵەی زەبەلاح دووبارە دەکەینەوە. تازە پەشیمانیش دادمان نادات، پەشیمانی هیچ چارەسەر ناکات، تەنانەت هەڵەی وا سەیرن پەشیمانی تێیاندا ئیختیار و ئۆپشن نییە!
خۆ من تەنیا خۆم لەبەردەمی باوکایەتیدا بە بەرپرسیار نازانم، ئەوە ئاسانترینیانە بۆیە باسی دەکەم. بەڵکو لەبەردەم هەموو بووندا خۆم بە بەرپرسیار دەزانم. من هەڵگری جیناتی مێژوویەکم پتر لە چوار ملیۆن ساڵە لەبەرپرسیارێتی باردەکرێم. بەداخەوە ئامانجی پێشکەوتن وانەکانی فێربوونیان کردە تەوقی سەرم، بەهۆی ئەو تەوقەشەوە من وا دەزانم تێدەگەم. ئەمەیان خەمە گەورەکەیە کە بەرپرسیارێتییەکان ڕاکردن لێیان بژاردە نییە! کە ڕاش دەکەم بۆی دەگەڕێمەوە، جا هیواکانم خەوتبن یان بەخەبەر. جگەرگۆشەکانم ئازا و بە توانا بن یان لاواز و پڕ پێویستی. بیانبینم یان نەیانبینم. جیاواز ناکات من هەموو ساتێک ئەو تەوقی بەرپرسیارێتییە لە گەردنم ئاڵاوە و نابێتەوە. بەشێکم ئاکتیڤە و جوابێکم بەو بەرپرسیارێتییە پێ دەدرێتەوە، بەشێکی گەورەم پاسیڤە و هیچم بۆ ناکرێت بەرامبەری، ئەوەش خەریکە تەوقەکە توندتر دەکات و هەست بە خنکانی خۆم دەکەم.
هەر منداڵەکانم نین کە لێیان بەرپرسیارم بەڵکو خۆشەویستەکانیشم بەرپرسیارێتی لەوە سەختترم بۆ درووست دەکەن. چونکە ئەوانیش زۆرن، ڕاستە پلە بەند دەکرێن و هەیانە خۆشەویستتر و خۆشەویستترینیشیان هەیە، بەڵام هەر یەکەیان هێشتا بەرپرسیارێتی خۆی هەیە. لە هاوڕێیەکی چکۆلەی کەمدووی فەیس بووکەوە تا تۆ و دایکم من بەرامبەرتان هەر خۆم بە بەرپرسیار دەزانم، لایەنی کەم وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە. لایەنی کەم بتوانم بە گەرمییەوە گوێ لە خەمێکتان بگرم، پێویستییەکی ڕۆحیتان دابین بکەم، ئەوە ئەگەر بەم هەموو بارە گرانەی غوربەتەوە پێم بکرێت!
بەرپرسیارێتی ئەوەندە سەختە تۆ نازانیت لە کوێوە یەخەی بگریت؟ چونکە هەموویان سەرچاوەیان لە تۆ دەوێت، ئەوانەیان پێویستیان بە پارەیە ئاسانترن! ئەوانەیان پیویستیان بەکات هەیە بەهەر حاڵیك لە کەم، کەم و لە زۆریش، زۆر! ئەوانەیان پێویستیان بە وزە و هەست و تواناییە زۆر سەختن، چونکە لەگەڵ ئەم دۆخی جەنجاڵییە نا مەوجوودەی وجوودی غوربەتدا هەموو کاتێك دابین ناکرێن. غوربەت و لاوازی ئەم سەرچاوە جوانانەی مرۆڤ دەپسێنن، غوربەت منی کردە کۆیلەی بڕێکی کەمی داهات کە تەنیا بەهۆیەوە دەژیم و هیچی تر... غوربەت کاتەکانی هەموو دزیم، لە تاوانا لە جگەری خۆم قەرزکردوە و لە خەوەکەم دەدەم بە خۆم، لە بیرمە زوو زوو دەتوت، ئەوەی فێرە قەرزاری بوو هەموو موچەی دونیای بدرێتێ هەر قەرزار دەمێنێتەوە. غوربەت سەراپای ڕا ماڵیوم ئەوەندە بێ بەزەییە هەستەکانی خستوومەتە دۆخی شۆکەوە وا ناسکی کردوومەتەوە بە چکۆلەترین شەماڵ دەکەوم... ئەو نالەبارە عەزەمەتی هیوا و خۆشەویتی پێکردووم بە چەند دێڕە شیعرێك. هەر ئەوە شکۆمەندی کار و بەرهەمی پێکردووم بە چەند نووسینێکی لە هێلانە تەریو، تەنانەت ناگەنە چاپخانەیەکی لاکۆڵانی وەکو جارانیش.

لەوانەیە بڵێیت ئەم هەموو سەرکێشیانە لە بیروباوەڕی ئیماندارێك و شیوعییەکی ساڵانی پەنجا دەچێت، نا من بیروباوەڕێکی دیاریکراو یان ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراوم نییە، بەڵکو یەک دێڕم هەیە چەقی قورسایی وجوودی منە، ئەو دێڕە هەرچی بکەم بۆخۆیم ڕادەکێشێتەوە. ئەمەش دێڕێکی خەیاڵییە، نەک لای تۆ و لای خەڵکی تر لای خۆشم. بەس من لە ژیاندا دەمەوێت بە مەستی ئەم خەیاڵەوە سەوڵی ئەم بەلەمە لێدەم لە دەریایەکی بێ بنی بێ کەناردا تا ئەو شوێنەی لە چاو ون دەبم. جارجار تۆ جارجار خەڵکی تر لەگەڵم هاتوونەتە ئەم بەلەمەوە جا ئەگەر بۆ دڵخۆشکردنی من بێت یان بۆ سەوڵلێدان هاتبن چی جیاوازە گرنگە هاتوون. ئەم بەلەمەی من زۆر کەسی سەرخستوە و زۆر کەس لێی دابەزیون و زۆر جاریش هەبوە هەر بە تەنها تێیدا سەوڵم لێداوە. من لەم بەلەمە نابمەوە پێوەی نووساوم هەست دەکەم ڕەگەکانم بوون بە بەشێک لە دارو دیوار و زەمینی ئەم بەلەمە. لەم بەلەمەدا نەدەگەمە کەنارێک، نە دەتوانم بێمە دەرەوە! نە دەتوانم هچی لەگەڵدا بکەم، بە بێ ئەویش هەست دەکەم بێکارێکی بێ سوود و بێ کەڵکم.
بۆ ئەم بیروباوەڕەم دوو شت هەن کە یەکێکیان هەمیشە دژە و یەکێکیان هەمیشە پارێزەری مانەوەی من و بەلەمەکەمە. دژەکەیان بەرژەوەندییە، ئا لەوێدایە ڕیکەوت دەکات ڕقم لە بەرژەوەندی منداڵەکانیشم دەبێتەوە، بەخودی بیروباوەڕەکەی خۆشمەوە. بۆیە پێم خۆشە هەمیشە ڕەخنە بکرێم، چونکە ئەو کاتانە دەزانم بیروباوەڕەکانم هێندە پیرۆز نەبوون هیوای باشترم لەدەست بدەن، یان ڕیگری بکەن لەکەوتنە هەڵەی کوشندەمەوە و لە بیربردنەوەی ئەو دێڕە سەرەکییەی کە هەمە. ئەوەی کە کۆمەکم پێدەکات و پارێزەری مانەوەمە خۆشەویستییە، خۆشەویستی نەبوایە دەمێکبوو من یان دەبوومە تاوانکارێک یان پێش تۆ دەهاتمە لات. کۆتایی هێنان بەژیانێکی ئاوا، تەنیا بۆ پاراستنێکی خۆپەرستانەیە لە ئازار. دڵنیابە ئەگەر خۆشەویستی نەبوایە لەوانەبوو تووشی هەڵەی کوشندە ببومایە و منیش وەك خاوەن ئۆتۆمبیلێکی جام ڕەش ئیستا لەبری بیروباوەڕ کۆمەڵێک سامانی زۆر بەرجەستە و مەتریاڵیم خڕ بکردایەتەوە.
بابە گیان تکایە مەبەستم بەهەڵە تێ مەگە، من ئەم نووسینەم بۆ شەرحی دۆخی خۆم کردوە، نەک ڕەخنە لە هیچ کەس و هیچ هاوڕێیەک و هیچ دۆستێکی تۆ بگرم. تەنانەت ئەگەر سامانی دونیاش هی ئەوان بێت، من ئیرەیی نە بەسامان و نە بە مێژوو و نە بە هەڵوێست و نەبە خۆشگوزەرانیان نابەم.
دەبا جەوهەرەکەت بخەمە بەردەست بابە گیان، هەرشتێک لێکدەدەمەوە کۆمەك بە خۆپەرستی من بکات، یان کۆمەك بە چوونە پێشی ستەمکاری بکات. ناتوانم لێی خۆش ببم. ئەم ژیانە بەجۆرێک بەستەم تەنراوە، وات لێ دێت بۆ ئەوەی خۆت بپارێزیت، دەبێت دژ بە هەموو شتێک بیت، ئەمەش ناکرێت ناتوانیت بەلەمەکەت یەک هەنگاو بەریتە پێشەوە. بۆیە من ناچارم هەندێ جار بەو پلانانەش دەڵێم بەڵێ کە دژیانم، زۆرجاریش هەیە ئەوەندە لێکیان دەدەمەوە کە دەزانم خزمەتی ستەمکاری دەکەن، ئەگەر بیشڵێم ئا بە دڵ نایکەم. بۆیە ئیستا ئەو ئیشەی دەیکەم ناخۆشترین و خراپترین ئیشە، کە لەڕاستیدا هەست بە کۆیلەبوونێک دەکەم تا بینەقاقام هاتوە.
هەرچەند بیر لەم دۆخەی خۆم دەکەمەوە هەست دەکەم دیلێکی جەنگم، دیلی جەنگێک کە نازانم کەی کۆتایی دێت. لەم جەنگە دۆڕاوەدا من نە سەرباز بووم نە جەنگاوەر، بەڵام وەک ئازاترین سەرباز گیراوم و مامەڵەی جەنگاوەرێکی دۆڕاوم لەگەڵدا دەکەن. هەرچیت بۆ باس بکەم دێڕێکی ئاڵۆز لەو بیروڕایەی من ڕوون ناکاتەوە. دەتوانم لە ئەنجامدا پێت بڵێم لە هەر شوێنێکدا کار بکەم، دوا جار من بە ئەجێندای خۆم کاردەکەم، نازانم ئەوە چەند جێگای دەبێتەوە، چەند دەتوانم تێیدا سەرکەوتوو بم، کەمێك گومانم هەیە! چونکە ئەگەر بزانم دەکەومە دژی بیروبۆچوونی خۆم وازی لێدەهێنم. لە یادتە جاران کە کارم دەکرد، بە تەنیا بۆ پرۆژەکان کارم نەدەکرد، بۆ ئەوە بوو ئەو دەرفەتە بقۆزمەوە و خەونەکانی خۆمانی پێ جێ بەجێ بکەین. بەڵام داخی گرانم، کوردی "پێشکەوتوو" (بە منیشەوە و هەموو ئەوانی تریشەوە) جاری وا هەبوو ڕایان دەکێشاینە ململانێی پۆستێکەوە کە گوایە کێ مافی هەبێت ئیمزا لەسەر پسوڵەی کڕینی دەستەسڕی تەوالێتەکان بکات؟! لە بیرتە خۆ چ خەمێکی گەورە دەوری دڵی منی دابوو! ململانێی نێوان شارەکان و ململانێی سەر پۆست و ...تاد ژیر و گێلی بەیەکتر دەگۆڕیەوە بێ ئەوەی کەس پارسەنگی نرخی خۆی بزانیت.
بابە گیان من لە دوێنێوە بڕیارمداوە چی تر مل بەو هەڵخەڵەتاندنانە نەدەم کە ژیانیان بەم ڕۆژە گەیاندووم. ئیش دەکەم، هەوڵ دەدەم لە پرۆژە و ڕێکخراو و کاری سەربەخۆ و هەرچی بتوانم ژیانێکی سادەی پێ دابین بکەم، بەڵام تەسلیم بە هیچ ترێند و ئارەزوویەك نابم کە دژی بیروباوەڕەکەم ڕێگریم لێ بکات. مەبەستم قازانجی ماددی نییە خۆت باشم دەناسیت، بێگومان بە ئەوە دواهەمین شتە بۆ من لە ژیاندا بیری لێ بکەمەوە، یان ڕاسترە هەر بڵێم بیریشی لێ ناکەمەوە، ئەگەر کەسێك هەبێت کەی برسیم بوو پاروە نانێکم باتێ یان کە تینوم بوو ڕێگەم بدات قومێك ئاو لە بەلۆعەکەی ماڵیان بکەمە ناو زەمزەمییەکەمەوە، هەرگیز بیری لێ ناکەمەوە. ئەمە خۆپەرستی نییە، ئەمە هاوکێشەیەکی سیاسییە، بە پێویستی دەزانم و دەبێت وا بکەم. کە من ژیانم دۆڕاندبێت ئیدی لە چی بترسم؟ بۆ نەیکەم؟ کە من مێژووم دۆڕاندبێت؟ بۆ خەمی داهاتووم دیلم بکات؟ بۆچی بۆ ئەم مناڵەیانم نەژیم، کە کەس نییە گەورەی بکات خۆم نەبم، ئەگەر منداڵەکانی ترم سیستەم و کەسی تریان هەبێت لە ژیاندا بەڕێوەیان بەرێت، ئەمەیان کەسی نییە من خۆم هەر خۆمم، سیستەمم کەسم دایکم و دواجار باوکم بۆی. هیوادارم جگەرگۆشەکانم بە هەڵە تێم نەگەن، مانای ئەوە نییە ئەم منداڵەم لەوانی تر خۆشتر دەوێت، بەس زۆرجار هەست دەکەم ئەمە لەوانی ترم کەساسترە و زۆرتر پێویستی بە چاودێری هەیە. ئەمە منداڵێکی نائاسایی منە، هەرچی سیستەم هەیە دژی ئەون، هەرچی دوو پێ هەیە وا هەست دەکەن گەر گەورەبێت لە بەشی ئەوانی تر دەخوات تەنانەت خوشك و براکانیشی ئەو گومانەیان لێی هەیە.


No comments:

Post a Comment