بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





25/03/2019

هەرجارەی باسێك ژمارە ــ ٣٢

تەڕاویلکەی شادییەکانی جەنگێکی ناکۆتا!

مەخابن تا ئێستا و سەرباری پێشکەوتنێکی گەورەی تەکنیکیش مرۆڤ لە جەنگێکی بەردەوامدا دەژی، جەنگێکی نابەرابەر کە تێیدا زۆرینەی دانیشتوانی ئەم گۆیە شینە خوێن و وزە و توانایان دمژرێت. جەنگێکە لە سەرەتاکانی ژیانەوە مرۆڤ بۆخۆی دروستی کردووە و هەر بۆخۆشی درێژەی پێدەدات. ئەو جەنگە جەنگی ئاگایی و هۆشیارییە ترسناکەکانە. جەنگی خۆ بە خۆ دوژمن بوون و لە هەڵەتەودا ژیانە (وەهم). جەنگێکە بەردەوام، لەکاتی ئاشتی و سەقامگیرییدا زیاترمان لێ دەکوژێت وەك لەکاتی کوشتارەکانیدا. دواجار هەموو ماوە نا ماوەیەك بە چەشنێك خۆی نوێ دەکاتەوە ئێمە وای دەبینین ئەوە ژیانێكی نوێیە و هیوایەکی نوێی لەسەر هەڵدەچنین و لە زیندە خەونێکی ئێجگار خۆشدا پیوەی دەتریقێینەوە و بە هەموومان خزمەتی دەکەین، بانگەشەی بۆ دەکەین و لەمەرگی خۆماندا شادانە ئاوازەکانی دەڵێین و دەڵێینەوە.
هەر کەسێك دەژی، ئاسوودەیی و بێزاری خۆی هەیە. هەرکامیان زۆر بوو بە گشتی بەو ڕەوتەوە ژیان بەڕێدەکات. بۆیە هەن بەختیارن لە ژیاندا و هەن بەدبەخت. بەپێی مێژوو ژمارەی ئەوانەی مردوون گەلێك زیاترن لەوانەی دەژین و ئەوانەی داهاتووش لە دایك دەبن بەردەوام زیاتر بوون لەوانەی لە چرکە ساتێکدا ژیاون، لەم نێوانەدا ئەوانەش کە لە بەختیاریدا ژیانیان بەڕێ کردوە هەمیشە کەمترین بوون، بەتایبەت ئەوانە بوون کە ستێرنی (سوکانی) بەردەوامی ئەم جەنگەیان لە دەستا بووە و هەیانبووە نا خود ئاگا جەنگەکەیان بەڕێوە بردووە.
لە ڕووی بایۆلۆجی و سیستەمی بەڕێکراوەوە، هەر کەسێك ڕۆژانە و بە درێژایی تەمەن لە مەراقی بەڕێکردنی پێویستییەکانی خۆیدا گەمەیەکی بەردەوام دەکات. گەمەیەك ناونراوە ئیش و کارەکانی ژیانی ڕۆژانە. مرۆڤ بەبێ ئەو گەمەیە سەری لێ تێکدەچێت و هەموو کیمیا و فیزیای ژیانی لێدەگۆڕێت، ناچار بە دوای گەمەیەکی تردا دەگەڕێت تا هاوکێشەکانی بوونی خۆی تێدا ڕێکبخاتەوە. ئەم بوونەوەرە (ڕیتشارد داوکینز) وتەنی: "جگە لە حەماڵییەك بۆ گواستنەوەی خەسڵەتە بۆماوەییەکانی مێژووی باو و باپیرانی هیچی تری نەکردوە"، ئەو زۆر بە دەگمەنانەی ناودەنرێن داهێنەر و نەمرانە و سەرسوڕهێنەرانە باسیان دەکەین جگە لە گۆڕانکارییەکی کەم، شتێکی ئەوتۆ پێشکەش بە ڕەوتی ئەو جەنگە ناکەن، ئەوانە ناتوانن کۆتایی بەو جەنگە بهێنن، بەتایبەتیش زۆربەیان خۆیان داهێنەر و دووبارەکەرەوەی جەنگەکەن لە میژوودا، ئەشێ قاڵبێکی جیاوازتری پێ ببەخشن.
لەوردەکارییەکاندا بگەڕێین دەبینین ژیانی هەر تاکەکەسێك جیاوازە لە تاکێکی تر، بەڵام چ جیاوازییەك؟ جیاوازییەك هیچ نرخێکی ئەوتۆی نییە! لە جیاوازی ژیانی شێلم فرۆشێك و جگەرچییەك دەچێت، لە جیاوازی ڕۆژەکانی دکتۆرێك و سەرتاشێك دەچێت، لە جیاوازی لە دایکبوونی هەژار و دەوڵەمەندێك دەچێت ...تا دەگاتە شێوەی مردن و ئەوەی پێی دەڵێین کۆتایی. نا کۆتایی نایەت، ئەو خەسڵەتانە دەگوێزینەوە بۆ مناڵەکانمان، بەریدی ئەو غاردانە دەدەینە دەست نەوەیەك هەمیشە پێی دەڵێین نەوەیەکی نوێ، داهاتوویەکی گەشتر. لە ئاوەڕۆکەی ئەم مێژووەدا تاك و تەرا خەڵکێك بۆ ماوەیەك ناویان لەسەر زاری ئەوانەی دوای خۆیان دەمێنێتەوە کە هێشتا لە دایك نەبوون، ئەمەشمان ناوناوە نەمری لە کۆی ژیانێکی مردوودا. هەوڵدان بۆ ئەم نەمرییانە، تێکۆشان بۆ ئەم جیاوازییە ورد و چکۆلە چکۆلانە، داینەمۆی بەگەڕخستنەوەی ئەو جەنگە بەردەوامەن.   
ئیدی کەسێك دێت و گەمەی خۆی دەکات، ئەو گەمەیەی لە ئیشێکی ڕۆژانەوە چێژی لێ دەبینێت گەورەترە لە ژیان لە ناو گەمەکانی هەموودا. گەمەکانی ژیانی هەموان گەورەن نایان بینین، ئەو گەمانەن هەموو چواردەوری ئێمەیان تەنییوە. گەمە گشتییەکان پڕن لە سەرئێشە و پڕن لە ئازار، بەتایبەت گەمە گشتییەکان خواروخێچی تێکڕای گەمە تاکەکەسییەکانیان تێدا کۆدەبێتەوە. گەشەی ناڕێکی ئیشی تاکەکەس ناچارمان دەکات ئیشی بە کۆمەڵ بکەین، ئەمە بۆخۆی دەمانباتە ناو ئەو ڕێکخستن و کارە پێکەوەییەی پێی دەڵێین سیستەم. بەڵام لە خۆمان نەپرسیوە کۆی کاری تاکەکەس لە کوێدا بەردەوامە! ئەی مەگەر ئەویش لە سیستەمدا بەردەوام نییە؟! بێگومان ئەم ناڕێکییە بەردەوام لە سیستەمی گشتییەوە دەبێتە فەزای سیستەمی ژیانی تاك، بە پێچەوانەوە لەولاشەوە جارێکی تر هەر خودی ژیانی تاك و ناڕێکییەکانی سیستەمی تاكە دەگەڕێتەوە ناو سیستەمە گشتییەکە و گرفتی گشتیمان بۆ درووست دەکات، ئەوەش ئەو جەنگە بەردەوامەیە.
چۆنە وا ئێمە لەم جەنگەدا دەژین و کۆڵێك پێی شادمانین! کەسێك دڵی خۆشە لە ژیان سەرکەوتوە خوێندنی تەواوکردوە و دەژی و کاری هەیە و ڕۆژانە سەرمەستی هەموو ئەو وزە سووتاندنەیە کە لەسەری پرۆگرام کراوە، بەیانی زوو ڕوو لە کار دەکاتەوە شەتەك و ماندوو دێتەوە ئەوەی کاری بۆ کردوە بەشێکی زۆر کەمی لێ دەخوات و بۆ بەیانی هەمان خولاو بەردەوام دەبێتەوە. دەبا سەیری ژیانیش بکەین لە ڕوویەکی ترەوە، با بزانین ئەو تاکە کەسە دەگاتە ئەوپەڕی بەختیارییەکانی گەر بتوانێت هەمان خولاو بۆ منداڵەکانی و نەوەکانی دابین بکات! سەرئەنجام دەبینین لەو شادییە هەڵەتاوەدا دەڵێت بەڵێ! بەڵام لەخەمی بەردەوامی خۆیدایە لە ژیانی گشتیدا و لە چوار چێوەی بە کۆمەڵ بوونێكدا چێژ لە مردنەکانی ئەو جەنگە دەبینێت. ئەم مرۆڤە بهاویژینە ناو سروشتەوە و لەو خەمە گشتیانە دایبڕین ناتوانێت بژی، وەك ئەو بەندکراوەی لێ دێت دوای چل ساڵ لە زیندانی کردن، کاتێك ئازادکرا دەیویست بگەڕێتەوە بۆ ناو زیندانەکەی، چونکە ئیدی لە دەرەوەی زیندان شوێنێك نەمابوو بە ئەندێشە و چێژ بینینەکانی ئەو ئاشنا بێت. یاخی بوون لە باو وزەیەکی لە ڕادە بەدەر لە ئاگایی دەوێت.
مرۆڤ کاتێك بە تەنیا بژی، دەتوانێت هەر بۆخۆی ژوورێك، کۆخەڵیتێك، دەوارێك چاك بکات. هەرکات بیریکردەوە دەیەوێت لەگەڵ کۆمەڵێکدا بژی، خانووی دەوێت و باڵەخانەی پێویستە. هەرکات بیریکردەوە دەیەوێت لە باڵەخانەیەکدا بژی، خەڵکی تری پێویستە لەگەڵیا بن، هەر نەبێت بۆ دروستکردنی باڵەخانەکەی. ئەو خۆی دەتوانێت دەوارەکەی خۆی هەڵبدات بێ هاوکاری کەس، بەڵام بە تەنیا باڵەخانەیەکی بۆ درووست ناکرێت. لەم خاڵەوە هەم باڵەخانە خەڵکی زیاتری پێویستە و هەم خەڵکی زیاتریش باڵەخانەیەکیان دەوێت تێیدا بژین. ئالێرەوەیە دەیزانین کە ئیشی بە کۆمەڵ لە مەترسی بە کۆمەڵەوە پەیدا دەبێت. ئیشی بە کۆمەڵ بە بێ ڕێکخستن و هاریکاری یەکتر ڕوونادات. ئەی ڕێکخستن و هاریکاری بە بێ بەها و پێوانە و ڕێکەوتنێك دەکرێت! بێگومان (نەخێر)، ئەوە ئیتر سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگە سەرەتای پێویستی لە دایك بوونی چیرۆکێکە هەموومان پێکەوە هەستی پێ بکەین، لەگەڵی بژین، خۆمانی تێدا ببینینەوە. ئەو چیرۆکە چیرۆکی جەنگێکی بەردەوامە لە گەڵ کات و وزە و ویست و ئاگایی و تێگەیشتنەکانمان، ئەشێ پاترۆن و مۆدێل و شێوەی جیاجیای هەبێت، بەڵام هەمان شتە.
لە جەنگدا فەرماندار بیت یان جەنگاوەر، کوژراو بیت یان بکوژ، سەرکەوتوو بیت یان دۆڕاو، دەرگاوانی دیلەکان بیت یان دیلی ناو دەرگاکان... لە هەموو بارەکاندا دەبیتە کۆیلەی یاساکانی ئەو جەنگە. ڕابەری ئەو جەنگانە کە خودی جەنگەکە بەڕێوە دەبەن ناتوانن لە یاساکانی لا بدەن، چونکە ئەشێ جەنگەکە لە دەست بدەن. ئێمە لامان وایە لە دۆڕاندنی جەنگەکە دەترسین، کەچی لە خۆیدا لە تەواو بوونی جەنگەکە دەترسین. ئەمەیە کێشەی ئێمە لەگەڵ هاتنە دەرەوە لەناو ئەم خولاوەدا. لەبەر باری شانماندا لە دەستدانی جەنگەکە لە دۆڕاندنەکەی گرانترە! جەنگ بوەتە بەشێکی گەورە لە سیستەمی ئێمە بۆ ژیان، ناویشمان ناوە گەمە، ئیش، سەرقاڵی ...تاد. ئەوانەمان کە لەم جەنگەدا بەشدارین، تازە کۆیلەی سیستەمەکەین، سیستەمی جەنگە پڕ لە شادییەکە.
زۆرجار دێین دەمانەوێت لەم سیستەمە هەڵبێین دەمانەوێت یاخی ببین و بچینە دەرەوە، نەك لەبەر ئەوەی سیستەممان ناوێت، نا تەنانەت لە زۆر باردا ئەنارشیستەکانیش ناچارن مل بە سیستەمەکەی خۆیان بدەن. ئێمە دەمانەوێت لە سیستەم ڕاکەین چونکە لەگەڵ ئەو سیستەمەی بەرقەرارە تاقەتمان نییە، بۆیە دێین و سەرلەنوێ سیستەمێکی تر دادەڕێژینەوە لە دەستکردی وەستاباشییەکی تر. بەڵام ئەمەش هەمان کار دەکات و جیاوازییەکەی پەیوەندی بە شێوەی ڕێکخستنی جەنگە نوێکراوەکەوە هەیە. بۆیە دەبینین کاتێك سیستەمێکی سیاسی دەگۆڕێت بە سیستەمێکی تر پاش ماوەیەك خەڵك بێزارە و ئارەزووناکات لەو سیستەمەدا بژی و هەوڵی گۆڕینی دەداتەوە. مرۆڤ ئەگەر بە تێکڕایی جیاواز و سەرلەبەر بە جیاوازی بیر لە دونیایەکی تر نەکاتەوە، ئەوا لە هەڵەتاوێکی گەورەدا دەژی کاتێك وا دەزانێت ئەو لە دۆخی شۆڕشێکدایە دژ بەوەی دەگوزەرێت. با بیر بکەینەوە بۆچی پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و لەگۆڕنانی سەدام حوسەین، چەندەها سەدام حوسەین هەڵتۆقین، چەندەها دامەزراوەی وەك ئەو بە بچووکی دامەزرانەوە؟ پرسەکە پرسی هاوشێوەییە! ئەی بێگومان هەموویان لە یەك پەروەردە و ژیربێژی حوکمڕانی و ژیانەوە هاتوون، ئەی ئەگەر لە یەك نەکەن ئەوا هەموو سروشت هەڵە دەردەچێت. گەر دەمانەوێت هەڵە نەکەین، ئەوا کاتێك ئەوە ڕوو دەدات کە کۆی یاساکانی سروشتە دیاریکراوەکە بگۆڕێن. کاتێك ڕوودەدات ئەوانەی دەیانەوێت سیستەم بگۆڕن تەواو جیاواز بیر بکەنەوە، دونیایەکی تەواو جیاوازتر ببینن لەوەی کە تا ئێستا هەبووە.
ئێمە بەردەوام لە چێژ و شادییەکانی ئەم جەنگەدا دەژین، ئەو جەنگەی بەرهەم و ئاکامی ئاگایی و هۆشیارییە مەترسیدارەکانە. هەموو پێکهاتە گشتییەکان: خێزان، تیمی فوتباڵەکەت، حیزبەکەت، شارەکەت، بانکەکەت، خوێندنگە و پەیمانگا و دایەنگا و زانکۆکەت لە قاڵبت دەدەن تا باشترین جەنگاوەری ئەم جەنگانە بیت. بەجۆرێك ئاگاییت ڕامدەکەن کە تۆ خۆت لە بەرەیەك لە کونجێکی هەموو ئەو ڕێکەوتانەدا ساخ بکەیتەوە کە ئەوان بۆیان درووستکردوویت. (ئەوان) ئەوانەن کە چیرۆکەکانی ئەم جەنگەیان نووسیوەتەوە، ئێمەش ئەوانەین کە نمایشی چیرۆکەکان دەکەین.
بە ئاگایی و هۆشیاری ترسناك لەڕێگای سیستەمەوە بە جوانترین شێوە بەسەرماندا دەسەپێت. ئێمە هەتا لە ناو سیستەمدا بتوێینەوە زیاتر دەمرین، دەمرین وەك بوونێك کە ئەندازەیەکی لە ڕادەبەدەر توانا و وزەی هەیە. ئاگایی شێوگی تێگەیشتنی هەر تاکەکەسێك دەردەخات. کە چۆن بەرخورد لەگەڵ ژیان دەکات. سیستەمەکان تێگەیشتن بۆ تاك ناهێڵنەوە و کۆی تاکەکان دەکەن بە یەك تێگەیشتن تا بتوانن پێکەوە باڵەخانەکە درووست بکەن، ئیدی سیستەم لێناگەڕێت تاك خەون و خەیاڵی کۆخەڵیتەکەی خۆی بەو جۆرە دارێژێتەوە کە دەیەوێت، سیستەم ڕێگەنادات هەر یەکە هۆدەی ناو باڵەخانە گشتییەکە بە ڕێگەی خۆی بڕازێنێتەوە لە سنوورێکی کەمدا نەبێت. جارێکی تر پرسی زۆری دانیشتوان ئەم قەیرانەمان بەسەردا چڕ دەکاتەوە. هەرگیز لات وا نەبێت کۆمەڵگا زەبەلاحەکان بە هەمان شێوەی کۆمەڵگا چکۆلەکان بەڕێوە دەچن و دەتوانن خۆشبەختی فەراهەم بکەن.
خودی ئاگایی و هۆشیاری، ڕیتمێکی دیاریکراوی نییە، لەلای ئێمە داعشییەك بێ ئاگایە لە ژیان لە لای ئەویش نا داعشییەك لە ماڵوێرانیدا دەژی. لەلای جوولەکەیەك کارکردن بۆ بەدەستهێنانی پیرۆزییەکان لە هەموو بیرکردنەوەیەك باشترە، بەڵام لەلای پێشکەوتووترین پێشکەوتنخواز مرۆڤ هەر جارێك دەژی و ئەویش دەبێت بە خۆشی بەسەر بەرێت نەك بە کارکردنێك لە پێناوی هیچدا..تاد زۆری تر لەم ناتەباییانە دەبینین و بە وردی لێی بڕوانین نازانین کامەیان دۆخی تێگەیشتن و ئاگایی و هۆشیارین و کامەیان دۆخی بێ ئاگایی یان پێچەوانەکان. خودی هۆشیاریی وابەستەیە بەوەوە کە چەند لە چواردەورمان بە ئاگاین! ئەی بە ئاگایی وابەستەی تێگەیشتنی ئێمە نییە؟ کەواتە ئێمە چۆن لە شتەکان دەگەین، ئەوە دیاریدەکات کە هۆشیاریمان لە چ ئاستێکدایە و سەر بەکام ئاراستەیە. زۆرجار دەبیستین دەڵێت بۆ ڕزگار بوون و گەیشتن بە ئاسوودەیی، پێویستیمان بە خەباتێك هەیە خەڵك تێیدا هەموو هۆشیار بن. بەڵام ئایا دەپرسین بە چی هۆشیار بن؟ هۆشیار بوون وابەستەیە بەوەی ئێمە چۆن دەمانەوێت ژیان ببینین. وابەستەیە بە ئاگایی و دواتر ئەویش بە تێگەیشتنمانەوە بۆ دراوەکان.
ئەی تێگەیشتن؟ تێگەیشتن بەرهەمی زانیاری کۆرکراوەیە! زانیارییەکان لە ڕێگای واقع و ئەزموون و فێربوونەوە لە مێشکماندا کەڵەکە دەبن و تێگەیشتنمان بۆ درووست دەکەن. هەرکەس، هەر سیستەمێك، هەر دامەزراوەیەك توانی کۆنترۆڵی جۆری زانیارییەکانی مێشکمان بکات بەرەو ئەو تێگەیشتنە لێمان دەخوڕێت کە خۆی دەیخوازێت. ئەگەر هەموو کەناڵەکان بڵێن مەسعود بارزانی ڕابەری یەکەمی درووستکردنی دەوڵەتی کوردستانە، ئیدی ئەو ئەفسانەیە دەبێتە حاکمی هۆشیاریی ئێمە! ئەم تەنزە تەنیا بۆ تێگەیشتنە. ئەو ڕابەرەی ئێمە لامان وایە فریاد ڕەس و تاکە بزوێنەری مێژووی ئێمەیە ئیدی ئەو ئەفسانەیە دەخولقێنێت کە ئێمە هەموو ژیانمان بەوەوە دەبەستینەوە. بەهەمان شێوەش سیستەم کاری خۆی دەکات. سێ قەوارە و ژینگەی جیاواز و کاریگەریی جیاواز کار لەسەر زانیارییەکانمان دەکەن، گەر کۆنترۆڵیان بکەین هەر کەس دەبێتە خاوەنی خۆی، ئەگەر نا دەبێت جەنگاوەرێکی ئەو جەنگەی پڕە لە هەڵەتاوی شادی. ئەو سێ قەوارەیە ئەمانەن:
١. واقع؛ کە چۆن بەر ئەم واقعە دەکەوین و چۆن زانیاری خۆمانی لێ کۆدەکەینەوە! بۆ نمونە کاتێك شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکان دەبنە بەشێكی گەورەی ئەو واقعەی ئێمە ئیدی ئەوان دامان دەبڕن لەوەی پێویستە پێی بگەین لە واقعە ڕاستینەکەدا.
٢. فێربوون؛ بەبەردەوام دامەزراوەکانی خوێندن ئەو شتە دەخەنە هزری منداڵەکانمانەوە کە دەیانەوێت. بۆ نمونە کاتێك منداڵ گوێناگرێت و دەیەوێت خۆی شتی خۆی بکات یان دەیەوێت پرسیاری پڕ سەرئێشە بکات؛ ئیدی سیستەم دەنێرێت بە دوای باوان و هەموو ڕایەڵەکانی ئەو منداڵەدا و دەیەوێت بە هەر نرخێکە ئەو زانیارییە بخاتە هزری منداڵەوە کە دەتوانێت لە داهاتوودا بەخواستی ئەو بجووڵێتەوە، تێگەیشتن و ئاگاییەکانی بریتی بن لە پێویستییەکانی بەردەوامی ئەو.
٣. ئەزموون؛ دەرفەتێکی ئێجگار کەمی هەیە لە بەردەم خودی تاکدا تا بیکاتە سەرچاوەی زانییاری و تێگەیشتنەکانی خۆی. ئەگەر ژیان لە چوارچێوەی سیستەمدا هەمووی ڕێکخرابێت، دەگمەن دەبن ئەوانەی دەیانەوێت بچنە دەرەوەی سیستەم و پاشان لە دەرەوە جارێکی تر سەیری ناوەوەی سیستەم بکەنەوە، کە ئەشێ شتێکی نوێی تێدا ببیننەوە یان بە جۆرێکی تر لێی بڕوانن. خۆ ئەگەر لە باشترین دۆخیشدا ئەمە کرا، ئەوا زۆر دەگمەنە هەموو کات مرۆڤ بتوانێت بەوپەڕیی ئازادی و ئاگاییەوە لە دەرەوەی سیستەمەوە تێبینی سیستەم بکات و بخوازێت گۆڕانکاری تێدا بکات.
ئەوەی لە کۆدا دەگوزەرێت لێسەندنەوەی ئاگاییەکی خۆ بە خۆیە لەبەرامبەر ئاگاییەك کە سیستەم دەیخوازێت. بە درێژایی مێژوو ئەوانەی سیستەمیان خستوەتە ژێر پرسیارەوە دەسەڵات ژیانیانی خستوەتەوە ژێر پرسیار. خستنە ژێر پرسیاری سیستەم هەروا ئاسان نییە، مرۆڤی تەواو ئازادی دەوێت، ئازاد لە ئیگۆکانی خۆی، ئازاد لە خواست و هەوەسەکانی. کەسێك کە بتوانێت لەلایەك ژیربێژی خۆی ئازاد کردبێت و وابەستە نەبێت بە هیچ سیستەمێکەوە. لەلای دووهەمیش هەست و ویژدانی خۆی ئازاد کردبێت، بە پێکهاتە و هەست و سێمپاثیی و ئێمپاثییەکانی خۆیەوە لەگەڵ خۆی و ئەوانی تردا بژی. بە ئاگایی و تێگەیشتنی ڕاست کاتێك درووست دەبێت مرۆڤ وابەستە نەبێت بە سیستەمەوە. کۆی ئەمەش بۆخۆی دەبێتەوە بە سیستەمێکی تر. بۆیە زۆرجار بزاڤە ئەنارشیستییەکانیش کە داخوازی چوونەدەرەوە لە سیستەم دەکەن، مەبەستیان سیستەمێکی دیاریکراوە، بۆیە جارێکی تر خۆیان دەکەونەوە ناو سیستەمی نا سیستەماتیك.
تێگەیشتنی خۆ بەخۆ و هەمیشە ڕەخنەگرانە دەمانخاتە بەردەم دووڕێیانێك یان ئەوەتا مل بە تاقیکردنەوە دەدەین و دێینە دەرەوە لەوەی تێگەیشتنی باو دەیخولقێنێت، یان ئەوەتا لە گەڵ چێژ و شادییەکانی خۆ هەڵخەڵەتاندندا دەژین و وەك یەقینێکی ڕەها مامەڵەی دەکەین. ئێمە ناتوانین گۆڕانکاری درووست بکەین ئەگەر نەتوانین لە ڕیشەوە بە هەموو شتێکدا بچینەوە. ژیانی پێکەوەیی ناچارمان دەکات سیستەممان هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو سیستەمە ستەمکارانەیە بگۆڕین کە بەردەوام لە جەنگدا دەمانژێنن. ئەی چۆن ئەو سیستەمە بدۆزینەوە کە تووشی هەمان گرفتاریمان نەکاتەوە. ئەوە لە ڕێگای سیستەمێکی داینامیکییەوە پەیدا دەبێت. تێزی سیستەمی داینامیکی، لای من ئەو تێزیە کە بەهۆی پێشکەوتنەوە دەتوانین بەردەوام لە نوێبوونەوەدا بین لە گەڵ سیستەمدا، بەردەوام هەڵیوەشێنینەوە و درووستی بکەینەوە، هەموو بتوانین ئەم بەشدارییەمان هەبێت، ئەو دەمی دەتوانین بە هۆی سیستەمە جێگیرەکانەوە نەگیرێین و بە کۆیلە نەکرێین. ئەوە کاتێکە هێزی بڕیار بگەڕێتەوە ناو خودی کەسێتی بە ئاگا. بەڵێ ئەمە دوالیزمەیەکی قورسە، پێویستیمان بە سیستەمێك هەیە خودی سیستەم تێکبشکێنێت و خۆشی نەبێتەوە بە سیستەمێکی جێگیر. تۆ بڕوانە کوردستان چەند بە ئاسانی ئەم کارەی تێدا دەکرێت. بۆنمونە؛ گرفتی ئەو سیستەمەی لە کوردستاندا هەیە ئەوەیە بە خەسڵەتی بەعس چەوساندنەوەکانی خۆی پیادە دەکات، چونکە خۆی هۆشیاری خۆ بە خۆی نییە! ئەو نازانێت کە ئەو خۆی چییە!  بەشە پرۆگرامێکە لە پرۆگرامێكی گەورەتر، تا ئەندازەیەك سەربەخۆیی هەیە، بەڵام لێی بپرسە تۆ دەتەوێت دونیا بەرەوکوێ بەریت، ئەو نازانێت! ئاخر دەوڵەمەند کردن و مانەوەی هەتا هەتایی لە دەسەڵاتدا خەونێکی خێزانی مناڵانەی بێ ئەنجامە. بە داخەوە دیکتاتۆرەکانی ئێمە ئەمەشیان جیاوازە لە دیکتاتۆرەکانی دونیا! ئۆدۆڵف هێتلەر، جۆزێف ستالین، سەدام حوسەین، ئەمانە هەموو خەونی سەیر سەیریان هەبوو! باوەڕیان وا بوو لە ڕێگەی ئەوان و بەرنامە سیاسییەکانیانەوە ژیان جۆرێکی تر و گەشاوەتر دەبێت، وەك ئەوەی ئەوان ڕابەری دەکەن و دەیانەوێت. کەچی ئەوانەی لای ئێمە نازانن خۆیان چ جۆرە ژیانێكیان دەوێت تا بێن و سەرقاڵی درووستکردنی ببن. یان بە چ ئاقارێکدا ژیان بەرن.
لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ڕزگار بوون لە شادییەکانی ئەم جەنگە کاولکارە، کە بەردەوام ڕۆح و وزەمان دەبات، کات و تواناییمان لێ دەستەنێتەوە و لە شادییەکی ناشاددا دەمانژێنێت. دواجار ئەوە بەستراوەتەوە بە تێگەیشتن و شێوەی ئاگایی ئێمەوە. ئێمە کە دەمانەوێت هۆشیارییەك درووست بکەین یان داوای هۆشیارییەکی دیاریکراومان لێ دەکرێت، ئەوە خۆ هەڵخەڵەتاندنە، خۆ هەڵخەڵەتاندنێكی ئێجگار سەیر. بەڵکو هۆشیاریی ڕاستینە ئەوەیە کە لە بە ئاگایی و بەرئەنجامی تێگەیشتن و پێگەیشتنی خۆ بەخۆی مرۆڤ خۆیەوە بێت، ئەو هۆشیارییەیە کە بەهۆیەوە مرۆڤێك دەتوانێت لە کاریگەری سیستەم بە دوور بێت، خۆی بتوانێت پرۆسێسی زانیاری بکات و بە پێی بنەماکانی دادپەروەری (یەکسانی و ئازادی) بەردەوام بتوانێت ژیانێکی ناباو دروست بکات. لەوانەیە ئێستا بڵێیت ئەم چەمکانە قورسە ڕۆشن بکرێنەوە! نا قورس نین، ئەم چەمکانە چەمکی زۆر ئاڵۆز و پڕ کێشە نین، چەمکی سادەن، بەڵکو لێکدەدرێنەوە و پێیان دەگەین! ئەم چەمکانە چەمکی دژ بەیەك و لەگەڵ یەك ناتەبا نین، بەڵکو دەتوانین بیانگەینێ! یەك پێویستیمان هەیە خۆمان لە ئەفسانە و چیرۆکە دروستکراوەکان ڕزگار بکەین.. ئەفسانەی پارە، چیرۆکی دەسەڵات، ئەفسانەی درووستکردنی بەدبەختی، چیرۆکی ئەو شادیی بینییە کە لەم جەنگە بەردەوامە هەمانە.


No comments:

Post a Comment