بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





08/03/2019

هەرجارەی باسێك ژمارە - ٣٠

سێ هەناسەی پیس

پوختەی باس
لە کۆمەڵگای ئێمەدا "کوردستان" ، بۆ هەموو ئەوانەمان لەناو نیشتمان دەژین یان لەدەرەوەی نیشتمانین، دەتوانین بە کەمێك لێوردبوونەوەوە سێ هەناسەی زۆر دیار و بەرجەستەی پیس پیس ببینین. ئەم هەناسانە کاریگەریی خراپ و ناشیرینییان تا سنوورێكی هێندە دوور ڕۆشتوە کە بۆ خۆمان نازانین چۆن بەریان پێ بگرین. ئەشێ لە کۆمەڵگایەکدا کە تا بینەقاقای تاوانی بەرامبەر دەکرێت، ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە هەناسەی پیس هەبن. بەڵام، لە باسی ئەم جارەدا تەنیا  تیشکخراوەتە سەر سێ لەو هەناسانە. هۆکارەکەش ئەوەیە کاریگەرییەکانیان فراوان و بەردەوامن، لە بەهاو بنەماکانی گەشەسەندن و پێشکەوتن کەم دەکەنەوە، هەروەها ئومێد و زەبری گۆڕان بەرەو باشتر لە لای تاکەکەس لاوازدەکەن. ئەم هەناسانە بەردەوام تەلاری ئیرادە و شکۆمەندی مرۆڤ دەڕووخێنن. ئەم سێ هەناسەیە هەموو ساتێك لەبری دوژمن لە ناوجەرگەی جەستەماندان و نێزەی تیژیان ‌هەڵدەچەقێننە چکۆلەترین ئەگەری چاکبوونەوەی زامەکانامان.
ئەم هەناسانە کە ئەم باسە دەخوازێت تیشکیان بخاتە سەر بریتین لە کولتووری سووکایەتی ، کۆمیدیای ڕەش، هەروەها قیڕە وتاری جنێوفرۆشان، کە ئەمەی دوایینا بەحسابی "ڕۆشنبیریی" و "حەقبێژی" پێمان دەفرۆشرێت. بەلاتەوە سەیر نەبێت بۆ ناونراون هەناسە، چونکە هەناسە یەکەم و گرنگترین شتە کە ژیان بەردەوام دەکات، هەر چۆن یەکەم و گرنگترین شتە کە کۆتایی بە ژیان دەهێنێت. بۆیە هەمیشە هەناسەی فرێش و پاك و ئۆکسجین بەخش بونیادنەر و باشترینە، نەك ئەوانەی کە پیسی و قێزەونی هەموو مێژووی دواکەوتنیان لەکۆڵناوە.
پیسی هەناسەکان
هەناسە ئەو تەوژمە هەوایەیە کە بەهۆی سییەکانەوە هەڵدەمژرێت و ئۆکسجین دەبەخشێتە تەواوی خانەکانی لەش و لەوێشەوە دوانە ئۆکسیدی کاربۆن هەر لە ڕێگەی سییەکانەوە دەکاتە دەر و کۆمەڵگای خانەکانی جەستەی لێ ڕزگار دەکات. هەر چۆن هەناسە کردارێکی ئۆتۆماتیکییە و بە بێ بیرکردنەوە ڕوودەدات، یان بگرە زۆرجار ئەگەر بیری لێ بکەینەوە ئەوا ڕێڕەوە ئۆتۆماتیکییەکەی تێکدەچێت و نائاسایی دەبێت. بەهەمان شێوەش، ئەو چەمكانەی باسەکەمان دەخوازێت دەستیان بخاتە سەر، هەر بە بێ بیرکردنەوە کارە پیسەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن. هەر چۆن هەناسەی پیس ئەوانەن کە پڕن لە گازی ناپاك و بەردەوام هەڵمژینیان مەترسیی ژەهراویبوون دروستدەکات، ئاواش ئەمانە جەستەی کۆمەڵگا ژەهراوی دەکەن. ئەم هەناسانە بە هۆی مرۆڤی تەمەڵ و خۆ خەریککەر بە هیچەوە پیسییەکانیان بڵاو دەکەنەوە. بەهەمووشیان پێکەوە گەیشتوونەتە ئاستێکی ژەهراویکردن، بێ ئەوەی پێیان بزانین لە لێوارەکانی مەرگدا لنگەفرتێمان پێ دەکەن.
ئیدی کە ئاوا تان و پۆی بابەتەکە بە دیاردەکەوێت، ئەشێ بپرسین کام هەناسانە پیسن و کامانە پاکن! یان لایەنی کەم بپرسین ئایا بەچیا پاك و پیسی هەناسە کۆمەڵایەتییەکان جیادەکەینەوە؟ ئایا پاکەکان شین و ئەوانی تر ڕەشن؟ یان چۆن! ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ دەمانباتە ناو پرسی پێوانەوە. نەرێنی بوون، بێهیواکردن، شکاندن، بریندارکردن، سووکایەتی پێکردن....تاد ڕستێك لە چەمك و دەستەواژەی نەخوازراون کە ئەو پێوانەیە درووستدەکەن کە بە هۆیانەوە و زۆر بە ئاسانی هەموومان هەناسەی پاك و پیس لەیەکتر جیا بکەینەوە. نەخوازراویی لەگەڵ پیس و دەرکەنارکراو، هەروەها لەگەڵ پاشەڕۆ و فڕێدراو هاوجووت و هاوپۆلە. بەم یەکە پێوانەییانە چەمك و دەستەواژە و دەربڕینە نەخوازراوەکان پیسی دروست دەکەن تا ئەگاتە ئەوەی ژەنگ بە بەهێزترین بەشەکانی جەستەی کۆمەڵگا دەهێنن. ئەوکاتە دەزانین هەناسەکان کامانەیان پیسن و کامەیان پاك.
ئیدی ئەو دەربڕین و نووسین و ڕەخنە و شکاتانەی لە کۆمەڵگای خۆمان هەمانە، کە بەرامبەر بە خودی خۆمان دەیانگرین، ئەگەر هاتوو بەشێك لەم چەمك و دەستەواژە و دەربڕینە نەرێنییانە بوونە خەسڵەت و پێکهاتە تیایاندا، ئەوا ئەوانە هەناسە و بژوێنی پیسن کە بەردەوام ناخی تاك و جەستەی کۆمەڵگا شەقار شەقار دەکەن. ئەم هەناسە پیسانە لە کۆی ئەو دوژمنانە مەترسیدارتر و کاریگەرترن کە چەندین پیلان و نەخشە دادەڕێژن بۆ سڕینەوەی دیرۆك و شوناسی هەر یەکێك لە ئێمە. بەڵکو ئەوەی پیلانەکانی ئەو دوژمنانە بە باشترین شێوە تەواو دەکات ئەم هەناسانەن:
یەکەم: کولتووری سووکایەتی؛ ئەو گوتارەی هێدی هێدی لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ڕوو لە دۆڕان و شکانی گەورە دەکات گوتاری نەتەوەپەرستی و جۆرەجیاوازەکانی فاشیزمی گرۆبەندییە بە هەر بیانوویەکی نەتەوەیی، ئایینی یان ئایدۆلۆجییەوە بن. بۆیە لێرەدا خەمی گەورەمان کورد بوون نییە، یان شێوگی جیاوازی بانگەشە فاشیستییەکانی کوردایەتی نییە، بەڵام پێگەیەکی جوگرافی و نیشتمانێك هەیە پێی دەوترێت ((کوردستان)). خۆزگە ناوێکی باشتر لە کوردستان هەبوایە هەموو گەلانی ئەو نیشتمانە تێیدا بێ جیاوازی هەستیان بە بوونی خۆیان بکردایە. خۆزگە هەوڵمان دەدا ئەو ناوە بگۆڕین، بۆ ناوێکی تر کە بتوانێت پێشکەوتووتر بێت لە نیشتمانی تەنیا نەتەوەیەك. لەم کولتووری سووکایەتییەدا، دوو جۆر لە سووکایەتی دەبینین کە بەردەوام هەناسەیەکی ژەهراوی دەبەخشن:
١. ئەو جۆرە گوتاری سووکایەتییەی بەردەوام کوردستان و کوردستانیانی پێ هیچ و دواکەوتوو و کاڵفام و بێ ئاسۆیە. ئەمانە لە نووسین و وتوێژ و تێبینییە کورتەکانی ماسمیدیادا بەردەوام سووکایەتی بە خەڵك و مێژووی ئەم ناوچەیە دەکەن و لایان وایە ئەوەی بۆ ئەم پێگە جوگرافییە بەگەڕێتەوە هەمیشە دواکەوتوە، نەریت پەرست و خۆفرۆش و دەبەنگ و هیچ لە بارا نەبوە...تاد. ئەم هەناسانە هەناسەی ئەو شکستخواردوانەن کە خۆیان هیچیان پێ ناکرێت و دەیانەوێت شکستی خۆیان لەسەر هەموو ئەوانی تر جێکەوتەبکەن (إسقاط).
٢. ئەو جۆرە گوتاری سووکایەتییەی بەناوی نەتەوەپەروەری و دڵسۆزییەوە بە گەلی ئەم نیشتمانە دەکرێت. ئەوەش کاتێكە کە ئەم پێگە جوگرافیە و کورد بوون بە پیرۆزی و لەپێشینەیی هەموو گەلان و نەتەوەکانەوە دادەنرێت، بگرە دەبینیت بەزۆر دەخوازێت گروپە ئەتنیکییەکانی تری ناو ئەم نیشتمان هەر بە زۆر لەسەر کورد هەژمار بکات، تەنانەت کە هێشتا بۆ خۆی نەیتوانیوە هەژموونی کوردبوونی خۆی جێکەوتە بکات. ئابەم شوناسە دەتوانین بڵێین فاشستی شکستخواردوو. لەم ڕێگایەوە سووکایەتی بە بوون و هونەر و داهێنانی گەلانی ترەوە دەکرێت، ئەوەش پاش ئەوەی سووکایەتییەکی بێ وێنە بە خودی کوردبوون داکات. ئەم جۆرەش لە گوتار کە ڕەگێکی فاشیستانەی بەزیوی هەیە جارێكی تر لە چییەتی و بوونی کۆمەڵگای کوردستان کەم دەکەنەوە و هەناسەیەکی تا سەرئێسك پیس و ژەهراوی پێ دەبەخشن، بەتایبەتیش بۆ ئەو نەتەوە و خەڵکانەی لە کوردستاندا هاوشانی کوردەکان گەلێکی هاوبەشیان پێکهێناوە. ئەوانەی خاوەنی ئەم هەناسەیەن، لایان وایە بەم کردوەیە دژی ڕژێمە داگیرکەرەکان دەجەنگن بێ ئەوەی بزانن کە قڵشتی گەورە دەکەنە نیوان خەڵکی کوردستان خۆی و خەڵکی کوردستان لەگەڵ چواردەورەکەی. ئەوەندەش بەس نییە، بەڵکو تا دوا هەناسە داکۆکی لە درۆی شاخدار و زەبەلاح دەکەن، کە گوایە "ئێمەی کورد باشترینین". ئەم جۆرە لە خۆ هەڵنان و فوو لە خۆکردن و درۆ پەخشکردنەوە، جگە لە ناشیرینی و بێهیواکردن هیچی تری لێ بەرهەم نایەت. سووککردنی ئەوانی تر بەو هیوایەی کورد جوانتر بێت ستراتیژ و میتۆدی ئەم گوتارەیە، نەك واقع بینانە جوانییەکانی مێژووی خۆی بخاتەڕوو!
بەم دوو ڕێگایە، زۆر بە سانایی دەتوانین خۆمان و کولتوورەکەمان شکست پێ بهێنین و تێکڕای جومگە ساخەکانیش تێکبشکێنین. بێگومان کەس لاری لەوە نییە دەسەڵات و هێزە باڵادەستەکانی کۆمەڵگای ئێمە سیخناخ بوون لە گەندەڵی، بە ئەندازەیەك گەندەڵی تێیدا تەشەنەی کردوە کە جگە لە جەستەی کۆمەڵگا شکستی گەورەی تووشی تاکیش کردوە. بەڵام هیشتاش کۆمەڵگای ئێمە شایستەی ئەوە نییە ئەو هەموو سووکایەتییەی بەناوی ڕەخنەوە پێ بکرێت کە ڕۆژانە دەیانبیستین. بێگومان کەس لاری لەوە نییە ئەو کۆمەڵگایەی کوردەکان تێیدا دەژین و زۆرینەن بەرهەمی جوان و دانسقەیان بۆ مرۆڤایەتی پێیە و سەرباری ئەوەش بە قێزەونترین شێوە نیشتمانەکەیان داگیرکراوە و بەهۆی مۆرکێکی ئەتنیکییەوە بە درێژایی مێژوو چەوسێنراونتەوە، بەڵام هێشتا کوردەکانیش وەك هەر گەلێکی تری دونیا ئەو جۆرە لە کۆمەڵگا نین مافیان هەبێت خۆیان بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنن.  
دووهەم: کۆمیدیای ڕەش؛ جۆرە کومیدیایەكە بەردەوام نمایش دەکرێت و گەشەی پێدەدرێت کە جگە لەوەی کوانوویەکی بەتاڵە بۆ خاڵیکردنەوەی بارگرانییەکانی شانی خەڵك، بێهۆشکەرێکی پلە نایابیشە بۆ گێلکردنی بەردەوام. ئەم کۆمیدیا بە قیڕە قێزەونەکانییەوە ڕەشییەکانی شەقام و شەقاوەکانی (حوکمڕانی شکست) دەباتە نێوەندە هونەرییەکانەوە، دەیانکاتە بەرنامەی تەلەفزیۆن و ویستگە دەنگییەکان، دەیانخاتە سەر تەختەکانی شانۆ و بۆنە و ڤیستیڤاڵی وەرزی و ساڵانەیان بۆڕێکدەخات. ئەمانە بە پارە و بە خۆڕایش پەخش دەکرێن. کاریگەری ئەم هەناسە پیسە بە ئەندازەیەکی مەترسیدار تەشەنەی کردوە. ئەم هەناسەیە سووڕێکی نەپساوی هەیە لە کۆمەڵگادا، لەم سوڕەدا جارێکی تر لە وێستگە و کەناڵە هونەرییەکانەوە دەبێتەوە بە زانین و هۆشیاری باو، باوێك بە دوو باڵی ئەفسووناویەوە دەفڕێت و خۆی دەکاتەوە بە پارچەیەك لە نەستی هەریەکێک لە ئێمە. ئەو قسە پیس و بێ بەهایانەی لە کوچە و کۆڵانەکانی ستەمکاریدا بەرهەمهاتوون، ئەو گوتارانەی لە شەڕی تایبەتی کەسێتی و وێرانکردنی کولتووردا بەکار هاتوون، جگە لەوەی خۆیان هیچ ڕەوایەتییەکی کۆمەڵایەتییان نییە، لە ڕێگای نمایش و بەرنامە زەوقسزەکانی بە حساب "قسەی نەستەقەوە" ڕێگەیان پێدەدرێت و ڕەواییان لە ئاڵتوون بۆ دادەتاشرێتەوە.
ئەم کۆمیدیایە جگە لەوەی گوڕ و تینە ناقایلەکانی ناو کۆمەڵ خاڵی دەکاتەوە و لە کردەوە دایاندەبڕێت، بێ پەروایی و گاڵتەجاڕیش دەکاتە سیمای ژیانی ئەو کۆمەڵگایە. ژیان بە جۆرێك بێ بەها دەکات کە هەمیشە هەموو لەسەر گازی پشت بکەوین و چوارپەلمان لە ئاسمان، بەدەم بەدبەختییەکانی خۆمانەوە بتریقێینەوە. تەزویرمان لا ئاسایی ببێت، دزینی سامانمان پێ کۆمیدیا بێت، لاقەکردنی کەرامەتمان پێ هەزەلی و تەنانەت مەرگی خۆشمان پێ لە هەڕاجخانەی سوعبەت و گاڵتەوگەپ دەنێین و هێشتا هەر دڵخۆشین. باوەڕ ناکەم، ئەمە بە ئاسانی لە هیچ کۆمەڵگایەکدا هەڵکەوتبێت، باوەڕناکەم هیچ ئەفیون و هۆشبەرێك وەك ئەوەی میدیا و هونەری ئەم هەناسە پیسە بێ پرانسیپە بە ئێمەی دەکات، توانیبێتی بە کەسی کردبێت. بەڵام هێشتاش دەرفەتێكی گەورە هەیە ئەم گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردنە لە جێیەك ڕابگرین. بێگومان دەسەڵات دەتوانێت بەم کارە هەستێت، بەڵام هیچ کات دەسەڵاتێکی ستەمکار ئەمەی لە قازانج نییە! بۆیە گرنگە خەڵك خۆی بتوانێت سنوورێك بۆ ئەم گاڵتەجاڕییە دانێت.  
سێیەم: قیڕە وتاری جنێوفرۆشان؛ ئادەی یەكێك پێمان بڵێت: لە چ سووچێکی مێژوودا؟ لە شارستانییەتی کام لە کۆمەڵگاکاندا؟ سووکایەتی کردن و شکۆ شکاندنی مرۆڤ بەشێك لە فەرهەنگی درووستکردوە؟ ئەی ئەگەر فەرهەنگێك لەسەر قسەی پیس و ناشیرینکردن بونیاد بنرێت چی جیاواز دەبێت لە فەرهەنگی ئەو دوژمنانەی، ئێمە خۆمان بە فاشیست و کۆنەپەرست و تۆتالیتار و ستەمکار لەقەڵەمیان دەدەین؟ ئەمڕۆ لە ژینگەی قسەوباس و وتارەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا کۆمەڵێك خەڵك هاندراون و گەشەیان پێدەدرێت کە بەبێ هیچ بنەمایەك و بە ئاستێکی زۆر نزمەوە هۆشی خەڵك پڕبکەن لە سارد و سووکی و هەمووشیان بە ڕۆشنبیری و بە وتارخوێندن و بە باسی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەرمان حساب دەکرێن. ئەم وتارانە لەیەکەم سروشتیاندا پڕن لە قیڕەقیڕ پاشان توانج و تەشەر و تەشهیر سەرەکیترین میکانزیمیانە. جگە لەوە دەستەیەکی تر بە هەمان هەناسە لە ماسمیدیاکاندا بەڕێژنە ساردوسووکیمان بەسەردا دەبارێنن. بەدەر لەو قیڕەقیڕەی دەیکەن؛ ڕۆژانە لە لایڤ و بەرنامەکانی تەلەفزیۆن و ڕادوێ و کەناڵە جیاجیاکانەوە دووبارە گوێ بیستیان دەبینەوە. ئەم هەناسەیە جێی بە هەناسە ڕژد و جوانەکانی کۆمەڵگا لێژکردوە و زۆربوونیان فەزای گوێگرتن و گوتاری باشی هەراسانکردوە، تا ئاستێك هاتوە تەواوی ژینگەی ڕۆشنبیری و داهێنانی پڕ کردوە لە پیسی، ئەو خەڵکەی کە ئاستێکی هۆشیاری نزمی هەیە ڕۆژ لە ڕۆژی بەهۆی ئەمانەوە زیاتر ئاستی دادەبەزێت و چەماوەی هۆشیاری گشتی بەهۆیانەوە ڕۆژ لە ڕۆژی لە نشێوە.
ئەوانەی ئەم تاوانانە دەکەوێتە ئەستۆیان، بەردەوام دێڕ و وشە ناشیرینەکان پەخش دەکەن، بەتایبەتیش لە کەناڵەکانی ماسمیدیاوە. بەڵێ ئەو کەناڵانە پڕ بوون لە وشەی "ئەحمەق"، "بێ ئەخلاق"، "ناوگەڵ"، "گوێدرێژ"، "خوێڕی"، "پاشەڵی ڕووت"، "..." ...تاد و چەندین سووکایەتی کە بەر لە هەر کەس بەوانە دەکرێت کە گوێ بیستی بەرنامە و خوێنەری وتارەکانیانن. توڕەیی وستەمکاریی هێشتا پاساوی ئەوە نادات کە ئەمە ناوبنێین ڕەخنەگرتن، ڕەخنە و سووکایەتی لە یەك جودان و هەریەکەیان پرانسیپی تایبەت بە خۆیان هەیە. چی دەسەلاتداری ٢٨ ساڵێ ڕابردووی کوردستانە (هەموو جۆرەکانی دەسەڵات) بەوانەشەوە کە لە ژیاندا نەماون شایستەی ئەوەن دادگایی بکرێن و سزای خۆیان وەربگرن، بەڵام سووکایەتی پێکردنیان جگە لە خراپکردنی کۆمەڵگا هیچی تری لێ بەرهەم نایەت. ئەو جنێو فرۆشییە ڕووی تاوانکاران و کاربەدەستانی گەندەڵخۆر سپی دەکاتەوە، بەڵکو دەرفەتیان دەداتێ باشتر قەپ لە مافەکانی خەڵك بگرن و هیچ کام لەو سووکایەتی پێکردنانە زەڕەیەك لە هەژموونی ئەوان کەم ناکاتەوە. ئەم ناهونەرییە، تەکنیکێکە یاوەرانی دەسەڵات و دوژمنەکانی ئێمە و شەریکەکانی ئەوان هەر بۆخۆیان داهێنەری بوون و گومان ئەکرێت خۆیان لە پشت بەربڵاوی بەکارهێنانیەوە نەبن. بەدڵنیایی هەموو ئەو جنێوفرۆشە پسپۆڕانەی سەر شاشەکان لەلایەن ستەمکاریی و داگیرکەرانەوە پشتیوانی دەکرێن و ڕۆژانە و مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت. جا ئەو ڕۆژانەیە ئەگەر ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، لە ڕێگەی لایک و پیاهەڵدان و جەماوەریی کردنیانەوە بێت یان لەڕێگەی موچە پێدان و ئیمتیازاتەکانی وەك زەوی و زار و دەستکەوتی ترەوە بێت.    

هەندێ سەرچاوە
لەپشت هەر یەك لەم هەناسانەوە چەند هۆکارێك هەن بۆ گەشەسەندنیان، یان بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم ژەهرە بەبەردەوامی و بەو ئەندازەیە. بەشێك لە هۆکارەکان پەیوەندیان بە تەکنیك و سروشتی گەشەکردنی پەخشەوە هەیە. بەشێکی تر پەیوەندی بە ژینگە و پێشینەی درووستبوونی ئەو کاراکتەرانەوە هەیە. سووکایەتی کردن و شکۆ شکاندن بە گشتی یەکێکە لە خەسڵەتەکانی دوژمنایەتی لەناو کۆمەڵگا بەراییەکاندا. ئەگەرچی تا ئێستاش لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگای دونیادا ئەو تەکنیکە بە ئەندازەی جیاواز و بە شێوەی جیاواز بەکاردەهێنرێت، بەڵام هێشتا لەو کۆمەڵگایانەشدا هەر بە خەسڵەتێکی بەراییەوە و لە ڕێگای ئایینی کۆمەڵگاکانەوە ماونەتەوە. زۆربەی جارەکان دەزگا هەواڵگری وسیخوڕییەکان گەشەیان پێدەدەن. بەڵام لەو کۆمەڵگایانەی هێشتا پێشنەکەوتوون، کە خەسڵەتی بەرایی بوون تێیدا زیاترە لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت زیانی گەورە لە دەستکەوتی مرۆڤ بدات، بۆ نمونە ئەگەر پڕوپاگەندەیەك بڵاو ببێتەوە لەسەر "نەشیاوی" کەسێك زۆر زیاتر کاریگەری دەبێت وەك لەوەی خودی کەسەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە بەڕاستی نەشیاو بێت بەڵام پروپاگەندە نەیگرتبێتەوە.
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا (حوکمڕان بووبێت یان لەخەیاڵی خۆیدا شۆڕشگێڕ بووبێت) هەمیشە لەڕێگای جنێودان، ساردووسووکی بە نەیار، هەروەها شکاندنی بەرامبەرەوە هەوڵیداوە چاکەی خۆی بسەلمێنێت، نەك خۆی چاکەکار بووبێت و باکی لە هیچ شکاندنێکی نەیارەکانی نەبووبێت. بەهۆی هێزی هەژموونی دەسەڵاتی سیاسییەوە، هەموو کردەوەیەکی حوکمڕان دەیان جار بەهێزتر دەبێتە کولتووری خەڵك، بۆیە بە ئاسانی ئەم خەسڵەتە قێزەونانە لەناو کۆمەڵگادا جێکەوتوون، بەداخەوە. هەر بۆیەش ئەگەر ئێمە لە ڕەخنەیەکی بەڵگەداردا بە سەرۆکی حکومەت بڵێین: "گەندەڵی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا هەیە و ئاستەکەشی بەرزە و پێویستە لێکۆڵینەوەتان لەگەڵ بکرێت و بدرێنە دادگا"!! ئەم دێڕە زۆر کەمتر کاریگەری لەناو کۆمەڵگای کەم هۆشیارییدا درووست دەکات لەبەرامبەر ئەوەی ئەگەر لە کەناڵێکەوە پێی بڵێین: "سەرۆکی حکومەت بێ ئەخلاقە، ئەگەر یەكزەڕە ئەخلاقی هەبوایە کوڕەکەی لە باشترین خوێندنگە نەیدەخوێند و مناڵی فەقیریش قەڵەمیان نییە پێی بنووسن" گەر بەراوردی ئەم دوو دەربڕینەی ناقایلی بکەین هێز و مامەڵەی ژیرانەی ڕەخنەمان بۆ دەردەکەوێت و دەبینین ئێمە بە چ مەترسییەکدا گوزەر دەکەین. ئەو مەترسیەی نە کارمان پێ دەکرێت و نە گوتارەکانمان جێ دەگرن.
ئەم هەناسە پیسانە، کار و کردەوە لە کینەدا خاڵی دەکەنەوە. ئەم هەناسانە کولتووری ئاخافتن و نووسین دەشێوێنێن بێ ئومێدی دروستدەکەن. گفتوگۆ دەکوژن و مەیدانی بەریەك کەوتن تێکڕا دەکەنە بەریەککەوتنێك کە هەر دوو دانەیەکی بەریەککەوتوو هێز لە یەکتری کەم دەکەنەوە. بۆ نمونە بیهێنەرە بەر چاوی خۆت کە چ کاردانەوەیەکت دەبێت بەرامبەر ئەم دوو دەربڕینە:
١. بە باوەڕی من لێکدانەوەکەت هەڵەیە، ئەو لێکدانەوەیە تەنیا پشت بە دید و بۆچوونە ئایینییەکان دەبەستێت، کە ئەوانەش بە تەنیا بەس نین بۆ حوکمڕانی و گفتوگۆ لەمەڕ پرسەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگاکەی ئێمە.
٢. دەبڕۆ ئەم حەماقەتە چییە تەنیا بە ئەقڵێکی ئیسلامی بیر دەکەیتەوە، جا خۆ ئەوە گوتاری داعش و مەلا گەوادەکانی سەر بە تورکی بێ ئەخلاقن.
کام لەم دوو دەربڕینە کار و کردەوە درووستدەکەن؟ چۆن کار و کردەوەیەك؟ کام لەم دوو دەربڕینە ڕق و تۆڵە دەکاتە کولتوور؟ کام لەم دوو دەربڕینە فەرهەنگ و چارەسەر دەوڵەمەند دەکەن؟...تاد.
دوو نمونەی تر:
١. ئەو ئەندامانەی لەم دواییانە کاندیدی دەسەڵاتن بۆ پەرلەمان دەبێت لێپێچینەوە لە پێشینەی مێژووییاندا بکرێت، چونکە هەیانە تاوانبارە بە بەشداری کردن لە گەڵ ڕژێمی پێشووی بەعس و دەستیان هەیە لە دژایەتی کردنی خەڵكدا لە ڕێگەی پرۆسەکانی ڕژێمی پێشوەوە. نەك ناتوانن ببنە نوێنەری خەڵك دەبێت خۆش بەخت بن کە خەڵك لێێن خۆش بووە و بە سزای نەگەیاندوون.
٢. "عەزیزان تۆ لەسەردەمی عەولەمەدای لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدای لەدوای سی ساڵ حوکمڕانی تاقمەکانی جەلالی و مەلایی ئێستا سکاڵا دەبەنە بەردەمی (س) ... ئەوە چ کارەساتێکە (س)نێکی گەلحۆی گەمژەی کۆنە بەعسی دابنیشێ، باوەڕتان هەبێت هێندەی گوێدرێژێك عەقڵ لە کەلەیدا نییە"!{وەك دەق لە لێدوانێکی ڤیدیۆییەوە وەرگیراوە}
ئەوانەی ئەم هەناسانە بەگەڕ دەخەن ئەبێ بۆ خۆیان گرێیەک، کێشەیەکی دەروونی یان کۆمەڵێك نەخۆشی و گرفتارییان هەبێت. ئەم خەڵکانە بەهۆی فەراهەم بوونی تەکنیکەوە ئیگۆیان باڵایکردوە، ئەمانە لە پێناوی بەجەماوەری بوونی خۆیاندا و بە هۆی پاداشتێکی ماددی و/یان مەعنەویەوە دەجووڵێن و کاریان ئەوەیە ژەهر بکەنە ناو ناخی کۆمەڵگاوە.
دەرئەنجام و چارەسەر
بێگومان؛ ئەگەر ئەم هەناسانە نەبن بۆ خاڵی بوونەوە، و ئەگەر هاوڵاتی و گوێگر بەر بەم هونەر و سەلیقە شێواوە بگرن، ئەوا کۆمەڵگا دەتوانێت ڕێگای باشتر هەڵبژێرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ستەم و خراپەکاریانەی بەرامبەری دەکرێت. بەڵکو ئاسانتریش دەتوانرێت ڕێگە لە سەرکەوتنی داگیرەکەران بگیرێت.
کەواتە، ڕێگەگرتن لەم هەناسانە بە سەیر نەکردن و گوێ لێ نەگرتن و نەخوێندنەوە و جیاکردنەوەیان دەبێت لەکۆی ئەو وتار و وانە و نمایشە جوانترانەی کە ئەشێ کەمتریش دەست بکەون. بۆیکۆت کردن و ڕێگەگرتن لەوانەی بەزۆر دەیانەوێت ناشیرینییەکانی نەتەوەیەك بە جوان پیشانبدەن یان ئەوانەی هەر لە خۆڕا لە چکۆلەترین بۆنەدا سووکایەتی بە کوردبوون و نیشتمانی بوونی ئەو ناوچەیە دەکەن. بۆیکۆتکردنی ئەو کۆمیدیایەی جگە لە زۆربڵێیی هیچی تری لە پشتەوە نییە! هەروەها بۆیکۆتکردن هەموو ئەو وتار و لایڤ و کورتە تێکستانەیە نەرێنین و سووکایەتیان تێدایە، ئەوانەی جنێوفرۆشی و بڵاوکردنەوەی ژەهری کولتوورییان کردوەتە پیشە.

بێگومان ڕێنیشاندانی خەڵك و دوورخستنەوەی جەماوەر لەم گوتارە بەکاربەرانە بە کارێكی هەرە لە پێشینە دادەنرێت بۆ گۆڕینی ئاستی هۆشیاری خەڵکی "کوردستان" و ئاراستەکردنی وزە و تواناکان بەرەو ئاراستەکانی گۆڕانکاری ڕاستینە.

No comments:

Post a Comment