بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





21/03/2019

هەر جارەی باسێك ژمارە - ٣١

بۆنەکان


هەموو مانگی ئازارێك ئێمە پڕین لە بۆنە و ڕۆژانی ساڵیش ڕۆژێکیان تێدا نەماوە لێیان تەرخان نەکرابێت بۆ دیاردەیەك، بۆنەیەك یان یادێکی مێژوویی. ئەگەر وا بڕوات لە داهاتوودا لەوانەیە ساڵناساڵێك ڕۆژێك بە هەزارحاڵ بەر هەندێك لە بۆنەکان بکەوێت. بەر لە باس و پێناسەی بۆنەکان، زۆر بە گرنگی دەزانم قسەیەك لەسەر کۆڵەکە و پانتاییەکانی کولتوورزانی بکەم.
هەموو کولتوور و ژیان لە سێ پانتاییدا گوزەردەکەن، کۆی ڕمبازێن و ململانێکان لەم سێ پانتاییەدا خۆیان نمایش دەکەن. ئەوانەش؛ خواردن و توخمتێری و گەمەکردنن. ئەم سێ پانتاییە تەواوی ژیان دیاری دەکەن چ لە مێژوودا یان لە ئێستا و داهاتوودا. ئەم پانتاییانە هەرسێکیان بەملیەکدا تێکچڕژاون و بەناو یەکدا دێن و دەچن، هەر لە منداڵی تا مردن، هەر لە مێینەی تەواوەوە تا دەگاتە نێرینەی تەواو، لە شارنشینی و ژیانێکی پڕ لە تەکنیکی ئاڵۆزەوە تا دەگاتە ژیانێکی سادەی کۆچەرییە بێ نیشتمانەکان...تاد. ئەوەی لەم سێ پانتاییەدا کولتوور ڕاگیردەکات چوار کۆڵەکەی بنەڕەتی و چوار ڕایەڵەی پشتیوانین. کۆڵەکەکان؛ بەها و بیروباوەڕ و نۆرم و قەدەغەکراوەکانن. هەروەها ڕایەڵە پشتیوانەکانیش؛ جیاکەرەوەکان، زمان، تەکنۆلۆجیا و سیمبوڵەکانن. ئەم کۆڵەکانە بێ ڕایەڵەکان ناوەستن و ڕایەڵەکانیش بێ کۆڵەکەکان نەخشی داڕێژراویان لەسەر پانتاییەکانی کولتوور نامێنێت.
بۆنەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی، بەدەر نین لەم پێکهاتە کولتووریانە. هەیانە بوونەتە پێکهاتەی کولتووری کۆی مرۆڤایەتی وەك؛ ڕۆژی ئاشتی جیهانی، و هەیانە ناوچەییە وەك؛ جەژنی نەورۆز، هەروەها هەشیانە تەنیا دەبەسترێتەوە بە تاکەکەسێکەوە وەك ڕۆژی لە دایكبوونێکی دیاریکراو! بەگشتی کۆی بۆنەکانی دونیا و ئەوانەی لە کەسێك زیاتر گرنگی پێدەدات بەسەر چوار پۆلدا دابەش دەبن: بۆنە ئایینییەکان، نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، ئایدۆلۆجییەکان هەروەها بۆنەی ڕووداوەکان. لە چوارچێوەی لێکدانەوەی کولتووردا بۆنەکان بەهایەکی مێژووییان هەیە و دەخزێنرێنە ناو سیمبولێکەوە دواتر ئەم سیمبوڵە لەلایەك دامەزراندن (ئەسۆشیەشن) درووستدەکات لەلایەکی تر خودی دامەزراندن لە شوناسدا کۆدەکاتەوە. بەجۆرێکە کۆی بەهاکە لە سیمبوڵێکدا کۆدەکاتەوە و شوناسێکی پێ دیاریدەکات یان شوناسێکی دامەزراوی پێ بەهێز دەکات. ئێمە تا لە گەمەی شوناس نەگەین ناتوانین مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ئەو گەمانە بکەین کە بەم بۆنانە دەکرێت. هەرچەند لێرەدا پرسی ئێمە پرسی شوناس نییە!
گەر بەدوای سادەترین پێناسەدا بگەڕێین، بۆمان دەردەکەوێت ئامانجی هەر بۆنەیەك زیاتر دەربڕینی هەستێکە سەبارەت بە پیرۆزکردنێك، خۆشی دەربڕینێك، زیندووکردنەوەی ساتە چێژەکانی ڕووداوێك یان چەسپاندنی دیدێك لە سیمبوڵێکی دیارکراودا. کاتێك دەچینە یادێکەوە یان بۆنەیەکەوە هۆشمان پڕە بەو بابەتە و لە زۆر پرسی تر دادەبڕێین بۆ ئەو پرسەی کە یادەکەی تێدا دەکرێتەوە، ئەنجامی چەندبارەبوونەوەش بۆنەکە دەبێت بە بەشێك لە نەستی ساتەوەختیمان و بە تێکچوونی هەر بۆنەیەکی لەو جۆرەش، باری دەروونیمان گۆڕانی بەسەردا دێت. لە ڕووی دەروونییەوە هەموو ئاهەنگ و کۆبوونەوە و یادکردنەوەیەك خۆشی بەخشە، چونکە بەهۆیەوە لە دڵەڕاوکێکانی تری ژیان دوور دەکەوینەوە. ئەم خۆشی بەخشییە ئەو میکانیزمەیە کە ئایین و ئایدۆلۆجیا و بیرکردنەوە دیاریکراوەکان سوودی لێ دەبینن بۆ پێکانی بەشێك لە ئامانجەکانی خۆیان. بەتایبەت پنتێکی گەورەیە بۆ خۆبەبەشکردن لەگەڵ شوناسی ئەوان، هەروەها دەرفەتێکی زێڕینە بۆ  خاڵیکردنەوەی کۆی ئەو وزانەی لە ناخماندا کۆدەبنەوە بەرامبەر بە شتێك. ئەمەی دواییشیان ڕێگایەکی تری بەتاڵکردنەوەی بەشێکی زۆر لەو ماتەوزانەیە (پۆتێنشیاڵ) کە دەتوانێت وەرچەرخان دروست بکات، یان گۆڕانکاری لە دایك بهێنێت.
هەڵەتاوی شوناس (وهم) بەبێ جیاکاری درووست ناکرێت، هەرکاتێکیش جیاکاری درووستکرا، ئەوا بەهێز و لاواز پەیدا دەبن یان دەکرێت هێز لەدەرەوەی جیاوازەکانەوە لە پێشینەیی دروست بکات لە نێوانی ئەم جیاوازانەدا. گرفتی هەڵەتاوی شوناس لە پیرۆزکردنەکەیدایە، لە پیرۆزکردندا دەرفەتێك پەیدا دەبێت بۆ ئەوەی بەراوردێکمان بۆ درووست ببێت لە نێوان پیرۆز و ناپیرۆزدا. ئێمە ناتوانین لە بۆنەکان ڕاکەین، چونکە لە زۆر لاوە بەسەرماندا دەسەپێن، بۆنەی واهەیە بە بێ ئەوەی ئێمە سەر بەو بۆنانە بین لە منداڵییەوە لە گەڵ خوێندن و شیردا دەکرێتە نەستمانەوە و جێگیر دەبن. دەستکەوتنی قاتێك جلوبەرگی نوێ بۆنەیەکمان لە هزردا پێ سەقامگیر دەکات! لەم ڕێگایانەوە بۆنەکان بەگەڕ دەخرێن و ئاراستە دەکرێن. دەتوانین چەند نمونەیەك بکەینە پرسیار:
* بۆنەکان بەهایان پێدەبەخشرێت بۆ ئەوەی پیرۆز ڕابگیرێن! بۆ نمونە یادی ٨ ی مارس، ١ ی ئایار ...تاد. هیچ کام لەم پرسانە ناکرێت لە بۆنەیەکدا کۆتاییان بێت، بۆیە پرسیار دەکەین ئایا ئەگەر ٨ ی ئازار نەبێت ئیدی پرسی جیاکاری ڕەگەز پرسێك نییە؟ لێرەدا ئەم یادانە دەبنە سەرچاوەی ڕق و کینە بۆ هەندێك و بۆ ئەوانی تر دەبنە ڕۆژی شادی. گەر لە بەرگی ستەمکاردا بیر بکەینەوە دەکرێت سوود لەم ڕق و شادییە ببینین.
* بۆنەکان لە پنتێکی دیاریکراودا کورت دەکرێنەوە! بۆ نمونە ٢١ی ئازار دەکەینە جەژنی کوردان، ئەم نەورۆزە هی سەرکەوتنە، ئەم نەورۆزە ڕۆژی مەزنی کوردانە، هەیە دەڵێت جەژنی بەهارە و زۆر نەتەوە هەن بە بیانووی جیا جیا بە هی خۆیانی دەزانن. پرسیار دەکەین، ئایا چەوساندنەوەی گەلێك لە سەرخستنی ڕۆژێکدا کورت دەکرێتەوە؟ ئەکرێت هەموو ڕۆژێك و هەموو ڕۆژەکان بۆ هەموو نەتەوە و گەلانی دونیا بێت؟ ئەگەر پرسی جیاکاری نەبێت، دەرفەتێك بۆ پیرۆزی درووست نابێت. لێرەڕا کێشەیەکی تر پەیدا دەبێت یادی نەورۆز دەبێتە سەرچاوەی ڕق بۆ هەندێك، بۆ هەندێكیش شادی. ئەم جیاکارییەیە کە گرفت دروستدەکات، بۆیە دەشێت بۆنەکان هەبن، بەڵام ئەوانەی تێیدا جیاکاری زەق دەکەنەوە ئەوانەن کە سوود لەم دەرفەتانە دەبەن بۆ ستەمکاری.
* بۆنەکان دەکرێنە کەرەستەیەك بۆ بەرەنگاری! بۆ نمونە ٢٥ ی نۆڤەمبەر دەکرێتە ڕۆژی بەرەنگاری توندوتیژی، یان ١٠ ی دیسامبەر دەکرێتە ڕۆژی بەرەنگاری بۆ پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ. ئایا ڕۆژەکانی تر چی؟ پرسیار؛ هەندێك دەڵێن گوایە لەم ڕۆژانەدا بەرهەمی ساڵێك لە خەبات کۆدەکەینەوە و دەیانچنینەوە، بەڵام ئایا دەکرێت بوەستین بە درێژایی ساڵێك بۆ چنینەوەی دەستکەوت یان نمایشی دەستکەوتی ڕووداوەکان لە چنگی چەند خەڵاتکراوێکدا کۆدەکەینەوە؟
* بۆنەکان دەکرێنە کەرەستەیەك بۆ پیرۆزکردن و پیشاندانی دڵسۆزی! ١٤ فێبریوار (ڕۆژی خۆشەویستی)، و چەندین بەروار بۆ ڕۆژی باوك و دایك و هاوڕەگەزباز و منداڵ و ....تاد. پرسیار ئایا ئەمە چ گاڵتەجاڕییەکە، تەنیا ڕۆژێك شتیكی تێدا ئاڵ و واڵا بکەین؟ ئەی مەگەر ڕۆژەکانی تر بۆ خۆشەویستی و منداڵ نابن؟ ئەی بۆ هەموو ساتێك بۆ ئەو پرسە جوانانە نەبن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بەشێکی بە کولتوور بوونی دیاردەکانە، بەشێکی تری بۆ ئەو قازانج و دەستکەوتانە دەمێنێتەوە کە هێزە بزوێنەرەکانی مێژووی مرۆڤایەتی هەڵیان دەسووڕێنن.
زۆری تر هەن لەم جۆرە لەسەر بۆنەکان بپرسینەوە، بەڵام لێرەدا دەوەستین و لەسەر مێژووی هەندێ لەو بۆنانە هەڵوێستە دەکەین! چین ئەو ڕۆژانەی کراونەتە بۆنە؟ کێن ئەوانەی بڕیاریان داوە ئەو ڕۆژانە بۆنە بن؟ ئایا دیاردە و ڕووداوی لەوانە گرنگتر نەبوون لە مێژوودا وا نەکراونەتە بۆنە؟ ئەی ئەگەر ڕووداوێکی گرنگتر هەبوو بۆ ناکرێت وادەی هەمان بۆنە بگۆڕین؟ ئەمانە هەر پرسیاری سەرزارەکی و سادە نین، بەڵکو وەڵامدانەوەیان چەند پرسێکمان بۆ دەخەنە ڕوو. هەندێك لەوانە بە نمونە وەردەگرین:
* یەکی ئایار، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژەی لە ساڵی ١٨٨٦ کە پتر لە دووسەدهەزار کرێکار بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر و زیاتر مانیان لە کارکردن گرت و تێیدا داوای مافی خۆیانیان کرد لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا! ئایا کرێکار هەر لەم ڕۆژەدا مانیان گرتوە؟ ئایا ژمارەی زۆری کرێکاران لە ساتێکدا ئاماژەیە بۆ بەسترانەوەی مێژوویی هەموو بۆنەکانی کرێکاران؟ ئایا ناکرێت هەموو ڕۆژێك ڕۆژی کرێکار بێت و مافەکانی تێدا گرنگ بن؟ ئایا مانەوەی ئەم ڕۆژە ئەوە ناسەلمێنێت کە هێشتا کرێکار بەهەمان شێوەی ١٨٨٦ دەچەوسێنرێتەوە؟ ئەی ئەگەر وایە ناکرێت هەموو ڕۆژێك بکەینە ڕۆژی کۆکردنەوەی خەباتی کرێکاری و تیایدا ئەرك و بەرپرسیارێتی هەڵگرین؟...تاد و کۆمەڵێك پرسیاری زۆری تر. بێگومان، ئەم جۆرە یادکردنەوانە گۆڕانکاری بنەڕەتی دەگۆڕن بە گۆڕانی سیمبوڵێ داهاتوو لە ڕووداوێکی مێژوویی تێپەڕیودا کورت دەکەنەوە. زۆر شتی تر هەیە دەکرێت لەسەریان بوەستین.
* ١٤ ی فێبریوار، ڕۆژی ڤالانتاین یان ڕۆژی خۆشەویستی! ئایا ڕووداوەکانی دەوروبەری قەشەیەك کە پێش ٢٠ سەدەیەك ڕوویداوە شایستەی ئەوەیە بکرێتە ڕۆژی خۆشەویستی بۆ ئەمڕۆ؟ ئەی ئەوە هەموو چیرۆکە جوان و گیانبازانەی مێژووی مرۆڤایەتی کە لە خۆشەویستیدا خەرجی کردوون؟ ئایا بەس لەبەر ئەوەی قەشەیەکە و سەربە ئایینێکی جیاوازە؟ ئایا کەسی تر هەیە سوود لەم بۆنەیە ببینێت؟ ئەم پرسیارانە ئەشێ هەڵوێستەمان پێ بکەن! ئەگەر نا ئەو بۆنانە هیچ مانایەکیان نامێنێت لە دوور مەودادا، کە ئەمڕۆ زۆربەیان بە شێوەی ڕۆتینێکی بەکاربراو بەڕێوە دەچن.
* بڕوانە ڕۆژی تیرۆرکردنی تچێ گێڤارا، ٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٦٧. لەم ڕۆژەدا بە هەزاران تیشێرت و قەڵەم و کاسکێت دەفرۆشرێت کە ناوی ئەم قارەمانە و وێنەکانی لەسەرن. تچێ گێڤارا هەموو ژیانی بۆ خەباتی یەکسانیخوازی و بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە سیستەمی سەرمایەداری تەرخانکرد. ڕێبازێکی بوێرانەی نمونەیی گرتەبەر لە کاری شۆڕشگێڕانەدا و میتۆد و سیستەمی خۆی هەبوو بۆ کارکردن و سەرخستنی شۆڕش. گرنگ نییە چەند ئاڵۆز و تەواو بوو یان سادە و ناتەواو، گرنگ ئەوەیە گیانێکی نوێی بونیادنا بۆ خەباتی شۆڕشگێڕانە دژی ستەمکاری. ئەشێ ئەو میتۆدی خەباتەی ئەو ئەمڕۆ کار نەکات، بەڵام هێشتا دەبینین، ئەوەندەی کۆمپانیا کانی ستەمکاری سوود لە فرۆشتنی وێنەکانی ئەو دەبینن، ستەم لێکراوان بە چارەکی ئەوەش سوود لە میتۆد و ئازایەتییەکانی ئەو نابینن بۆ پیاچوونەوە و داهێنانی میتۆدی پێویست لەسەردەمی خۆیاندا. لێرەوەیە هەموو مێژوو لە ئەزموونی شکستی مەرگدا کۆتایی پێدەهێنرێت کاتێك تچێ گیڤارا دەکرێتە ئەو سیمبوڵەی ستەمکاری قازانجی پێ دەچنێتەوە.  ئێتر جێی ئەوەیە بپرسین ئایا ڕاستییەکان دەکرێنە سیمبوڵ بۆ ئەوەی لە ڕاستییەوە بگوێزرێنەوە بۆ ناو هەڵەتاو (وهم)؟ ئایا ڕاستییەکان تەنیا دەکرێت لە بازاڕدا سوودیان لێ ببینین نەك لە بەها سیاسییەکانیاندا؟
بەهەمان شێوە بۆنەکانی تریش گەر لێیان وردبینەوە لە پرسێکی واقعی و گرنگەوە کراونەتە بەردەبازێك بۆ پەڕینەوە بەسەر ئەو واقعانەدا بۆ ناو دونیای خەیاڵ. ئەم پرۆسانە بە زۆر توونێلی تاریکدا تێدەپەڕن لە نێوی ئەو توونێلانەدا سێ دانەیان باس دەکەین زۆر بە کورتی:
توونێلی سیاسەت: بەشێکی زۆر لە بۆنە و یادەکان بە پرسی سیاسی دیاریکراو بەگەڕ دەخرێن و ئامانج لێیان بەستنەوەی پرسێکە بە پرۆسەیەکی ستەمکارانەوە. بۆنمونە؛ کورتکردنەوەی بەرەنگاری توندوتیژی لە ڕۆژێکدا و گوێ خەواندن لە هەموو توندوتیژییەکانی تر بە درێژایی ساڵ. پێشێلکردنی مافەکانی ڕەگەزێکی دیاریکراو لە ڕووی ئابووری و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام پێ بەخشینی ڕۆژێکی سیمبوڵی تا ئەو هەوڵە نەزۆکانەی تێدا پیرۆز بکەن کە لە ساڵەکەد خۆیان هەڵیان بژاردوون. ئەم پرۆسە سیاسییە بە شێوەیەکی ورد و ژیرانە بەڕێ دەکرێت. ئەشێ بە درێژایی ساڵێکی دیاریکراو چەندین چالاکی شۆڕشگێڕانەی چینە بندەستەکان ڕووبدات، هەر لە مانگرتن و ڕێگری لە پێشێلکاری و سەرکەوتن بەسەر دوژمنە ستەمکارەکاندا، بەڵام دەبینین لە بۆنەی یەکی ئایاردا چەند چالاکییەکی سیمبوڵی گرنگیان پێ دەدرێت و کۆی ئەوانەی تر فەرامۆش دەکرێت.
توونێلی داگیرکاری: تا ئێستاش بەشێکی زۆری جیهان لە دۆخی داگیرکاریدا دەژی، داگیرکاری ڕاستەوخۆ وەك ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت یان وەك ئەوەی لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا دەگوزەرێت بەرامبەر بە دانیشتوانی بنەڕەتی کیشوەرەکە، یان وەك ئەو دۆخەی سامییەکانی باکوور و فلامینگەکانی بەلجیکا تێیدا دەژین، هەشە داگیرکارییەکی ناڕاستەوخۆیە لە ڕێگای بازاڕ و کاڵا و مۆنۆپۆلکردنەوە بەڕێوە دەچێت وەك کۆمپانیاکانی دەرمان دروستکردن و ڕۆنی سەیارە و چەندین پرسی تر. دەبینین ئەم داگیرکارییانە زۆربەیان بەهۆی چەند بۆنەیەکەوە کە ناونراون مافە کولتوورییەکان پەردەپۆش و خەفە دەکرێن، ئامانجی سەرەکیش بەردەوامی داگیرکارییەکانە و پێبەخشینی پەراوێزێکە بۆ ڕەواندنەوە و لە پاڵیدا بەردەوامی داگیرکارییەکان.
توونێلی بازاڕ: لە هەموو توونێلەکانی تر قووڵتر و پڕ کێشە ترە. توونێلی بازاڕ سێ پرسی سەرەکی دەوێت کە بەردەوام بن: جیاکاری، بوونی شوناسی جیاواز، هەروەها کاڵای بەکاربراو. زۆر لەسەر ئەم پرسە ناڕۆین بەڵکو دەتوانین لە نمونەیەکدا کورتی بکەینەوە! لە ڕۆژێکی وەك ڕۆژی خۆشەویستیدا بڕی ئەو گوڵەی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت یان ئەو دیارییانەی دەفرۆشرێت لە خودی بۆنەکە گرنگترە. لە کاتێکدا ئەمانە بۆخۆیان بازاڕی درووستکراون نەك بازاڕی پێویستی، لە خۆیاندا بۆ مەسرەفگەرایی داتاشراون، نەك بۆ دروستکردنی کار بۆ خەڵك. ژیان لە کارکردن فراوانترە و کارکردن بەشێکی چکۆلەیە لە کۆی ژیان، بەتایبەت لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیدا دەبێت ئەم پانتاییە چکۆلەتر و چکۆلەتر ببێتەوە. بەڵام لەگەڵ دونیای خاوەندارێتی و سەرمایەدا ئەم پانتاییە هەمیشە زەبەلاح دەکرێت و ئامانج لێی تەنیا کۆنترۆڵکردنی هێزە بەرهەمهێنەکانە و هیچی تر.
بەگشتی بۆنەکان ناکرێت لەچەند سات و ڕۆژێکدا کورت بکەینەوە، کۆی ئەوانە لە قاڵبدانی مێژوو زیاتری لێ ناکەوێتەوە. ئەکرێت هەموو ڕۆژێك ڕۆژی کرێکار و ژن و مرۆڤ و منداڵ و هەموو گەل و نەتەوە و ڕەگەز و ئایینە جیاوازەکان بێت. خۆ دانە دەست توندڕەوی لە بۆنەکاندا یان گەورەکردنیان چ لە ڕێگای دژ وەستانەوەیان یان لە ڕێگای پیرۆزکردنیانەوە بێت ڕێگا بۆ سێ دیاردەی مەترسیدار خۆش دەکات، ئەوانیش:
کوشتنی بزاڤەکانە لە ڕێگای لە قاڵبدانیانەوە لە بۆنەیەکدا. ناکرێت خەباتی گەلێكی داگیرکراو، ڕەگەزێکی بە درێژایی مێژوو چەوساوە یان ناڕەواییەك ببەستینەوە بە چەند سەعاتێك لە ئاهەنگەوە.
کوشتنی ئابووری تاکە لە ڕێگای خەرجی بێ بەهاو بێ بنەماوە. ئەگەر تەنیا لە بەکارهێنانی بێهودەی ڕۆژانی لە دیکبوون بڕوانین دەبینین چ خەرجیکردنێك دەبێتە گرفتی گەورە بۆ بەکارهێنانی بێهودە، کە لەکورتماوەدا خۆشی و ئاسوودەییەکانیان لە ڕێگای دووبارەبوونەوە و قاڵب وەرگتنەوە لە بەین دەچن.
کوشتنی ماتەوزەکانە لە ڕێگای بەتاڵکردنەوەی سیاسییەوە. کۆکردنەوەی خەبات و چالاکییەکان بۆ پرسێکی دیاریکراو ستەمکار ئامادە دەکات کە لەو ڕۆژەدا خۆی تەرخان بکات بۆ پرسێکی دیاریکراو، بەڵام ڕۆژانی تر ئازاد بێت بۆ پەراوەی کردەوە ستەمکارانەکانی خۆی. بۆیە ئەو بەلایەوە پەسەندە ئەو وادە و ڕۆژانە لە چوارچێوەی یاسادا یاد بکرێنەوە و ببنە دەرچەیەك بۆ بەتاڵبوونەوەی وزە کۆکراوەکان، دواجار لە قاڵبی پیرۆزکردنیشدا دەیانفرۆشێت.

لە کۆتاییدا هەموومان بۆنەکان یاد دەکەینەوە، بەڵام لە کوێدا؟ و چۆن؟ و ئەکرێت چ گۆڕانکارییەکیان تێدا بکەین؟ ئایا بەردەوام بین تەنیا لەو ڕۆژانەدا یان بزاڤە چالاك و بوێرەکان دەتوانن هەموو ڕۆژێكی سەرکەوتن و پڕ دەستکەوت بکەنە بۆنەیەکی تر؟

No comments:

Post a Comment