بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





01/04/2019

هەر جارەی باسێك ژمارە ــ ٣٣


ماس میدیا، وەك مەترسییەك!



لەم جارەدا باس لە کەرەستەیەك دەکەین کە زۆر لە مێژە کار لەسەر هزر و دونیابینی و تێگەیشتنمان دەکات، ئەو کەرەستەیە ماس میدیایە! ماس؛ بۆ واتای زۆرینەی گشتی خەڵك بەکار هاتووە. لە داتاشینی چەمکی (ماس) دا، بەڵام وشەی (میدیا)، بە هەر هۆکارێك دەوترێت کە بتوانێت کەرەستەیەك بێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان نێرەر و وەرگردا. لە پێناسە باوەکاندا ماس میدیا دەبەستنەوە بە کەرەستە تەکنۆلۆجییەکانەوە، ئەگەر چی وشەی تەکنۆلۆجیا بۆخۆی بابەتێکی تایبەتە و دەتوانین پێناسەی جیاوازی بۆ بکەین، بەڵام تا ئەندازەیەکی باش کاریگەریی لەسەر پێشکەوتنی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان تاك و کۆمەڵگاکاندا کردوە. بەکارهێنانی وشەی ماس میدیا زۆر کۆن نییە! بەڵکو سەرەتای بەکارهێنانی وشەی (میدیا) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو! بەڵام گەشەپێدانی ماس میدیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مرۆڤە سەرەتاییانەی وێنەکردنیان بەکارهێنا لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان بۆ گەیاندنی پەیامەکانی خۆیان بەوانی تر. ئەشێ ئەو کاتە (ماس) چەند دانەیەك لە خەڵکی تر بووبن لە دەوروبەری هەمان ئەشکەوت، بەڵام ئەوە بنەما مێژووییەکەیە، کە پەیام یان زانیاری یان ویستێك بگەیەنێتە ئەوانی تر. ئەو چەند کەسەش کۆی کۆمەڵگای ئەوانە بوون. زۆرجار دەکرێت بڵێین ماس میدیا، ئەو تەکنۆلۆجیایەیە مەبەستێتی زانیاری و پەیامەکانی بگەیەنێتە زۆرترینی وەرگرەکانی خۆی لە خەڵك.
ماس میدیا لە سەردەمی وێنەی ئەشکەوتەکانەوە دەیەوێت پەیامێكی دیاریکراو بەوانی تر بگەیەنێت، ئەم هەوڵە بەردەوام دەبێت لە نێوان لاپرەسەنی (فضولیة) مرۆڤ و کارایی ئەوانەی چالاکترن لە گەیاندنی پرسەکانی خۆیاندا. هەوڵەکانی گەیاندنی پەیام لە ڕێگای نووسین و بانگەشەوە گەلێك کۆنترن لەوەی لە ئەشکەوتەکانیشدا دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەم هەوڵە لە ساڵی ٨٦٨ ی پێش زایندا لەلایەن چینییەکانەوە دەگەیەنرێتە ئاستێکی باڵاتر، ئەوەش بە بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆژنامە. زۆری تێچوونی درووستکردنی کاغەز و گرانی چاپکردن لەو سەردەمەدا چینییەکان دەوەستێنێت یان سنوورداریان دەکات، هەتا داهێنانەکەی جۆهانز گۆتنبۆرگ لە ساڵی ١٤٥٣ دا دێتە پێش. لێرەدا بەیاد هێنانەوەی مێژوویەك گرنگ نییە کە دەکرێت سەدان ڕووداوی گرنگ و داهێنان و دۆزینەوە و کاری ناوازەی تێدا ون بووبن، بەڵکو ئەوەی گرنگە تێگەیشتنە لەم بوارە! دەبینین لە پاش جەنگی جیهانی دووهەمەوە کە سەرمایەداری یەکەم هەنگاوی پڕ برەوی خۆی کێشا و زاڵبوو بەسەر قەیرانە ئابوورییەکانی ساڵانی سییدا، هاوکات بە بەرفراوانیش ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ دەستیان کرد بە بڵاو بوونەوە و کاریگەری دانان. ئەو مێژوو و ڕووداوانە تەنیا بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتنی ئێمە گرنگن ئەگەرچی بەشێکی زۆر لە ڕاستییەکانیان تێدا شاراوەیە و مەگەر بە توێژینەوە بندۆزکارییەکان بیاندۆزینەوە.
گرنگە ئێمە بزانین بەدرێژایی ئەو مێژووە ئەوانەی پێیان وتراوە و دەوترێت (میدیا) تێکڕا کەرەستەن، ئەوانە شتێكیان نییە بە ناوی خۆیانەوە جیاواز بێت لە خودی خواستی خاوەنەکانیان یان هەڵسووڕینەرەکانیان. زۆرجار باس لە میدیای سەربەخۆ یان ئەهلی یان ئازاد دەکەین، ئەمانە تەنیا درۆیەکی گەورەن، بەتایبەت گەر بمانەوێت بەراوردیان بکەین بە میدیایەکی نا ئەهلی، نا ئازاد یان نا سەربەخۆ. سەربەخۆیی و بێلایەنی میدیا ئەگەر چی "ڕاستیش بێت" دەکەوێتەوە خزمەت تەوژم و ئاراستەیەك، خاوەن هەر پەخشێکی وەشاو مەبەستی بێت یان تەنانەت بەبێ مەبەستیش کۆمەك بە بیر و دونیا بینییەکی دیاریکراو دەکات لە کاتێکی دیاریکراودا. کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە، ڕادیو، تەلەفزیۆن، ئینتەرنێت...تاد ئەمانە هەموو کەرەستەن بەدەست مەبەستدارێکەوە، ئەو مەبەستدارە دەیەوێت بەهۆیانەوە ئاڵوگۆڕی زانیاری ڕووبدات بۆ گەیشتنی پەیام و شیوە خوازراوەکانی ژیان بە دیدی ئەو بۆ ئەوانی تر.
ئامانج لە میدیا چییە؟ بێگومان ئامانجی یەکەم و سەرەکی بریتییە لە ئاڵوگۆڕی زانیاری (کۆمیونیکەیشن)! هەموو ئەو ناوەندە میدیاییانەی تر کە باسمانکردن کەرەستەن، هەیانە خێرایە و هەیانە هێواش، گەیاندنی زانیارییەکان چەند گرنگن خێرایی گەیشتن و بەرفراوانی بڵاوبوونەوەشیان هێندە گرنگن. بەتایبەت ئەم کایە و بوارە هەمیشە هێز و هەژموونی تێدایە. ئاڵوگۆڕی زانیاری دوو جەمسەرە واتە لەلایەك زانیاری پەخش دەکات لە لایەك زانیاری وەردەگرێت. کۆی پرۆسەی (کۆمیونیکەیشن، ئاڵوگۆڕی زانیاری) لە دەرئەنجامدا زۆر کۆمەك بە بەهێز دەکات. بۆنمونە ئەگەر ڕێگە نەدەین زانیاری ئێمە بچێتە دەرەوە چی ئەگوزەرێت؟ ئەی ئەگەر مەبەستمان بێت ئەو زانیاریانە بچنە دەرەوە کە دەمانەوێت؟ ئەمە لە کۆتایی باسەکەدا وەڵام دەدەینەوە. ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت زۆرکردنی زانیاری و پەخشی لە ئەندازە بەدەر و خێرا کردنی بڵاوبوونەوەیەتی، بۆ ئەمە گرنگە ئێمە سنوورەکان بناسین، دواتر و زۆر خاکەڕایانە هەندێ سەرخەت لە باسەکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.
خێراکردنی گەیشتنی بڕی زۆری زانیاری لەیەکەی کاتدا، پرسێکی لە ئەندازە بەدەر گرنگە، گرنگە بۆ درووستکرن و سەپاندن و بەردەوامی پێدانی هەژموون (هەژموون کرۆکی گرێی دەسەڵاتە). ڕۆژنامە خێراتر مەبەستی خۆی دەپێکێت بەبەراورد لە گەڵ کتێب (هەر جۆرێکی بێت)، ڕادیۆ باشتر و خێراترە لە ڕۆژنامەش چونکە دەتوانێت لە کاتی شۆفێری و چێشت لێنان و لەسەر کارەکانیشمان گوێمان لێی بێت. لەو سەردەمەی ڕادیۆ دروست دەبیت تا دەگاتە سەرەتای سەدەی بیست بەکارهێنانێکی ئەوتۆی نابێت وەك کەرەستەیەکی میدیایی، بەڵام لە ساڵی ١٩٠٥ ەوە یەکەم تاقیکردنەوە دەست پێدەکات و لە ١٩٢٠ یش بە شێوەیەکی بازرگانی بڵاو دەبێتەوە. هەر کە دەزانرێت لە بواری (ئاڵوگۆڕی زانیاری و فرۆشتنی کەرەستەیەکی نوێ) دا ئامانجی خۆی دەپێکێت کاری بۆ دەکرێت و بەرفراوان بڵاو دەکرێتەوە.  تەلەفزیۆن لە ١٨٣١ ەوە سەرەتاکانی داهێنان کاری تێدا دەکات، بۆیە هەر ئەوکاتەی فارادای تیوبی ئێلیکترۆ ماگنێتیك دروست دەکات و تا دەگاتە ١٨٦٢ کە گواستنەوەی وێنەی پێدەکرێت و دواتری لە ١٩٠٧ دا یەکەم تەلەفزیۆن درووستدەکرێت. بەڵام بەر بڵاوی تەلەفزیۆن دوای جەنگی جیهانی دووهەم دەست پێدەکات و دەکرێتە کاڵایەکی بازرگانی و سیاسی و دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە و فیلمانەی سەرکەوتنی هاوپەیمانەکان دەنەخشێنێت. تەلەفزیۆن دەبێتە ئەو دەڵاڵەی باشترین خزمەت بە زۆر فرۆشی دەکات. دەبێتە ئەو مامۆستایەی خۆبەخشانە ماڵەکان دەیانەوێت دانەیەکیان لێی هەبێت و لێی فێر ببن، بە بێ ئەوەی ئارەزووی فێربوونیان هەبێت بۆ هەر شتێکی تر کە ڕەنجی بوێت. ئێمە دەزانین کۆمپیوتەر یان ڕاسترە بڵێم (ئای تی) تەکنۆلۆجیای زانیاری وەك ئایزۆمەتریکی میشکی مرۆڤ کاردەکات، یان ئەشێ بڵێین ئەو دووە وێنەی یەکترین لە کۆدا. ئیدی کەناڵەکانی ئەمڕۆی ماس میدیا دەرگایەکی ترە دوای جەنگی سارد لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی دەکرێتەوە. ئێستا سەرمایەداری لە هەوڵێکی تردایە و دەیەوێت چپسێك دروستبکات بیبەستێتەوە بە مێشکەوە، هەوڵدەدەن زانیارییەکان  لە ڕێگای ئەو چپسەوە خێراتر بگەیەننە مێشك بێ ئەوەی مرۆڤ ئەو هەموو کاتەی بوێت خۆی خەریكی خوێندن و فێرکردن بکات. بێگومان لە ڕێگای ئەو چیپسەوە دەیانەوێت بگەنە ئەوەی هەر لەسەرتاوە چ زانیارییەکت پیویست بێت بیکەیتە ئەوێ و بەهیچ جۆرێك پێویست نەکات کتێبەکانی بخوێنیتەوە یان هیلاك ببیت لە بەدوادا گەڕاندا و وزە بۆ ئەو مەبەستە سەرف بکەیت.
هەردەم ئەوانەی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنانەوە دەستڕۆیشتوو بوون و سەرچاوەی داهاتەکانیان قۆرخ کردوە، لە هەر شێوگێك و قۆناغێکی کاپیتالیستیدا بووبن تواناکانیان باشتر بووە لە خەڵکی ڕەنجدەر. سەرەتا کتێبەکانیان باشتر بڵاو بوونەتەوە، دواتر ئەوان بوونەتە سەرچاوەی زۆرترین پەخش وەشاندن و ڕاو سەرنجی خۆیانیان گەیاندوە. هەروەها ئەوانەشی کە کارا و چالاك بوون توانیویانە بەر بە تەوژمە سەرمایەدارییەکان بگرن و هەریەکە لە دید و بۆچوونی ئایدۆلۆجی جیاوازەوە ڕکابەری و ململانێیان لەگەڵدا کردوون. لە دوور مەودادا کاتێك سەرمایەدار و سەردەستەکانی بەردەستیان بەسەر پیشەسازی میدیا و بەرهەمهێنانی میدیاییەوە دەبنە هەژموونگەر، ئەوا هەر خۆیان بەو شێوەیە بەڕێوەی دەبەن کە دەیانەوێت. لە بانگەشەی دەستپێك و سەرەتای هەر کەرەستەیەکی میدیاییدا بە خواستی خەڵك دەجووڵینەوە پاش ئەوەی خەڵك ئالوودەی کەرەستەکە دەبێت ئیدی جارێکی تر ئەو خواستە پێچەوانە دەکەنەوە.
پێشتر باسمانکردوە، ئامانجی هەر کەرەستە و کەناڵێکی میدیایی دیاریکراوە، چەندێك کەناڵەکە ئازاد بێت لەو سنووری بیرکردنەوەیە تێناپەڕێت کە بۆخۆی بە ئازادی خۆی دەبینێتەوە، کە تێیدا بێ گومان دەکەوێتە خزمەت تەوژمێکی دیاریکراوەوە لە سات و کاتی خۆیدا. ئەوەی جێی سەرنجە لەلایەن هیزە سەردەستەکانی کۆمەڵگاوە ماس میدیا چۆن بەکار دەهێنرێت (جا ئەو هیزە سەردەستانە چەقی کاپیتالیزمی جیهانی بن، یان کرێگرتەی کۆی سیستەمەکە لە هەر کونجێکی دونیادا). کۆمەڵێك میکانیزمی ئەو ماسمیدیایە دەخەینە ڕوو کە لە ڕۆژنامەیەکیشدا کاری لەسەر کراوە و لە کەناڵێکی میدیای ئەلکترۆنیشدا هەمان کاری لەسەر دەکرێت. بەشێك لەو ستراتیژ و سیاسەتانەش ئەمانەی خوارەوەن:
١. کۆمیونیکەشن (ئاڵوگۆڕی زانیاری) بە خواستی تۆی خەڵك دەجووڵێتەوە لە سەرەتادا، ڕۆژنامە بە پێی ئارەزووی خەڵك نەخشەسازی و بابەت و ناوەڕۆك هەڵدەبژێرێت، تا ئەو ئاستەی خەڵك لەسەر ئەو ڕۆژنامەیە ڕادێت و دەیکڕێت و دەبێتە بەشێك لە خووی ڕۆژانەی. دواتر ئیدی ئەو ڕۆژنامەیە پەخشی خۆی لە ڕێگای خواستی ستراتیژ و ئامانجەکەی خۆی دەوەشێنێت. ئەشێ ڕۆژنامەیەك بێت بەوە دەست پێ بکات کە دژی گران بوونی شمەکە لە بازاڕەکاندا، هێدی هێدی دێت و خۆی دەخزێنێتە خواستەکانی خەڵكی ڕەنجدەرەوە و ئاسایی باس لە گرانی بازاڕ دەکات. ئەگاتە جێگایەك گرانی بازاڕ لەلای تۆ ئاسایی دەکاتەوە و ئیدی هەر کە تۆ گرانی بازاڕت قبووڵکرد و زانیت هەموو خەڵك هەمان گرفتیان هەیە، ئەو کات گرانییەکەت لەلا ئاسان دەبێت. گەر ئەمە بگوێزینەوە بۆ ناو فەیس بووك بە هەمان شێوەیە و بە هەمان میکانیزم کاردەکات و لە قۆناغەکانی کۆتایی خۆیدایە، واتە ئیدی فەیس بووك ئەو کەناڵە ئازادە نییە کە باوەڕمان وابوو دەرفەتی هەیە ئەو ژینگەیە درووست بکات کە ئەشێ بەهاری عەرەبی یان هەر بەهارێکی تری لێ بکەوێتەوە. ئێمە دەکرێت بەرهەڵستی ئەو چیپسە بکەین کە داهاتوو خەڵك دەیخاتە مێشکی خۆیەوە، بەڵام دەبینین ئەکەوینە ململانێوە لە گەڵ خەڵکێکدا هەمیشە لە ئێمە زیاتر دەزانن و خێراتر پەی بە شتەکان دەبەن. ئایا ئەوکاتە چی دەکەین؟
٢.  گرفتی پەخش و پەسەندکردن (إقبال)، لە کتێبەوە بۆ رۆژنامە بۆ ڕادیۆ بۆ فەیس بووك و بۆ یوتیوب، گرفتی پەخش و دەرکەوتن (گرفتی ئێگۆئیزم) پرسی سەرەکی و سایکۆلۆجیای بنەڕەتین کە هیزی سەرمایە دەتوانێت زۆرترین کاری لەسەر بکات. زۆری لایك و کۆمێنت و چەند هەزار تەماشاکاری ڤیدیۆیەك بۆ ئێمەی لاواز گرنگ نین، چونکە هیچ لە هاوکێشەی هیز ناگۆڕن. چ جیاوازییەك دروست دەکات پۆستی کەسێکی ڕەنجدەر ٣:٢ زەوی پەسەندی بکەن؟ ئەو ژماردن و ئامارە بە قازانجی بەهێز دەگەڕێتەوە کە دەتوانێت شتێك بەرامبەر بە ئامارەکان بکات. ئامارەکان ئەوکاتانە گرنگن کە هێزێکت هەبێت بتوانێت ئاراستەکانیان بگۆڕیت یان بەهۆی ئەو هێز و توانستەوە کە هەتە سوود لە ئاراستەکانیان ببینیت. بۆیە شیکردنەوەی ژمارەیی بۆ دەسەڵات گرنگترە نەك بۆ تاك. شیکردنەوەی ژمارەیی ئەشی دڵی تاك خۆش بکات، بەڵام ئەوەی بۆ دەسەڵاتی دەکات بریتییە لە بەهێزکردنی جێکەوتی دەسەڵاتەکەی.
٣. دەکرێت لە گۆشە نیگایەکی ترەوە لەگەڵ گرفتی پەسەندکردن و ڕۆڵی ماس میدیا بەردەوام بین! کارێکی گرنگتری ئەم کەرەستانە ئەوەیە پەسەندی کردگار بگۆڕن بە پەسەندێكی هەڵەتاو. واتە لەبری ئەوەی خەڵك کارەکانی یەکتریان لا پەسەند بێت دەکرێت ئەو خەیاڵەیان لا پەسەند بێت کە جێبەجێ نەکراوە لە واقعدا و هەر بە جێبەجێ نەکراویش دەمێنێتەوە. ماس میدیا، کار لەسەر ئەو هەڵەتاوە، لەسەر ئەو خەیاڵە، لەسەر ئەو وێنا ڕەنگاڵەییە دەکات، کە هیچ دەستکەوتێکی تێدا نییە بۆ بەکاربەر. مرۆڤ لە ڕوانگەیەکی دەروونناسییەوە دەیەوێت خۆی ڕێز لە خۆی بگرێت و خەڵك دانی پێدا بنێت. بە بێ ئەم دوو پێویستییە ناتوانێت باری دەروونی ئارام بێت. بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بەوە هەیە کار بکات و جێدەستی دیار بێت. کاتێك لە پۆستێکی ماس میدیاوە یان لە بڵاوکردنەوەی کتێبێکەوە، ڕێزێکی بێ پایانی لێ دەگیرێت ئیدی پێویستی بە کارێکی تر نییە بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە خۆی تێدا بەرجەستە بکات و جێکەوتی کۆمەڵایەتی خۆی هەبێت. لایکەکانی فەیس بووك و ڕەزامەندییەکان دەبنە ئەو هەڵەتاوەی خواستەکانی بە شتبوون لە کەسێكدا بەرجەستە بکەن بەبێ ئەوەی گەیشتبێت بە هیچ.
٤. میکانزمێکی تری ماس میدیا ئەوەیە زانیاری باشت لەلا خراپ دەکات، بەرهەمی پڕ لە جوانیت لا ناشیرین دەکات...تاد. ماس میدیا لە ڕێگای پەخشی زۆر و بۆرەوە دەتوانێت بیرۆکە و تێزە بە هێز و جوانەکان داپۆشێت. لە ڕۆژنامەیەکدا کە بە ناو ئەهلییە، دەیان وتاری بێ مانا دەخوێنیتەوە، دەیان وێنەی نابەجێ دەبینیت، ئەگەر تەنیا وتارێکی باش هەبێت یان کەسێکی بە هەڵوێست پەخشێکیان تێدا بوەشێنێت، ئەوا لە ناو کۆی ئەو ڕەشاییەدا ئاستەنگە ئەو کەسە بتوانێت بە سپێتی بمێنێتەوە.
٥. کاتێك وەك وەرگر سەیری ماس میدیا دەکەین، نەك وەك وەرگر و پەخشکەر! دەبینین ماس میدیا هەمیشە پڕمان دەکات لە بەتاڵی، چونکە ناتوانێت وەك پێویست هەموو کونج و کەلەبەرێکی باسەکان لێکبداتەوە تەنیا سەرخەتمان بە نرخی کۆی تێکست پێ دەفرۆشێت. لەم نیوەندەدا هێندە بارگرانی ڕۆژانەمان بۆ دێتە پێش کە ناتوانین بەهۆی زۆریانەوە لە خەمە بنەڕەتییەکانی خۆمان ڕا بمێنین یان گرنگی زیاتر بدەینە ئەو باس و پرسانەی دەمانەوێت جێی سەرنجمان بن.
٦. ئاڵوگۆڕی زانیاری؛ گەر بە وریایی و لێوردبوونەوەی زۆرەوە بکرێت، ئەبێتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی. بەڵام ئەگەر بەو جۆرە ڕوونەدات ئەوا جۆرێك لە پەرتەوازە بوون درووستدەکات (Distruction) تێکشکاندن. کاری ئەم تێکشکاندنە ئەوەیە ناهێڵێت کردەوە لە دەوری خواست کۆ ببێتەوە. ئینتەرنێت و ئەوەی پێی دەڵێن "سۆشیاڵ میدیا" لە نێویاندا بۆ نمونە فەیس بووك و یوتیوب و تویتەر...تاد هەموو دەتوانن بە ئاسانی ئەمە ئەنجام بدەن. وەرگر هەرگیز ناتوانێت لەسەر پرسێك بمێنێتەوە و بەدوایان بکەوێت. سەرئەنجام هەموو کۆمەڵگا لە هەموو بابەتێك دەزانن و کەسیش لە هیچ شتێك نازانێت. بۆ نمونە هەموو دەزانن چەند دەهەیەکی تر پاصەکان بە بێ شۆفێر سەرنشینەکانیان دەگەیەنن، کەسیش نازانیت چۆن؟ ئەی ئاکامەکانی چی دەبن؟ بێکاری شۆفێرەکان چی دروست دەکات. لەیەك کاتدا مرۆڤ چەند زانیارییەکی پەرتکراوی دەست دەکەون ناهێڵێت گرنگی پێدانی بۆ پرسێك هەبێت. لە پڕ لە دونیای سیاسەتەوە بۆ سپۆرت بۆ جل و بەرگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فڵانە وڵات بۆ دەستنیشانکردنی شاجوان و تاقیکرندوەیەکی سەر هەسارەی ئۆرانۆس و لە پڕ ڕیکلامی بە کرێدانی خانوویەك و تاد.
٧. کاردەکات بۆ گۆڕینی هەموو چالاکییەکی پەیوەندی لە چالاکی ڕاستینەوە بۆ چالاکی خەیاڵی لەسەر کەرەستە ئەلکترۆنییەکان. هێدی هێدی مرۆڤ پێویستی بە بەریەککەوتن لەگەڵ یەکتر نامێنێت، لەم کاتەدا ترس لە یەکگرتن نییە دژی سیستەم. هێدی هێدی پەیوەندی ڕاستینە نامۆ دەبێت بەرجەستەبوونی مرۆڤ لەگەڵ ئەویتردا دەبێتە چەند وێنەیەك لەسەر شاشەکان، مرۆڤ خۆی و چەند ڕۆبۆتێك پێکەوە ژیان بەسەر دەبەن و پێکەوە لە خەیالدا دەژین و لەگەڵیاندا و لە جۆرێکی تری "بەختیاری" دەستکرددا خۆیان دەبیننەوە. ئەم ژیانە لەگەڵ خەیاڵدا مرۆڤێك بەرهەمدەهێنیت بە بێ زیانێکی جەستەیی گەورە هاوشێوەی دەرمانخۆرێك کۆنترۆڵکراو دەبێت. ئیدی ئەوەی سیستەم دەیخوازێت تاك لەو قاڵبەدا ئازاد دەبێت، ئازاد دەبێت لە نێو خراپترینەکاندا خراپ هەڵبژێرێت، ئەگەر هاتوو کەمێك هۆشیاری جیاوازیشی هەبوو.
هەموو ئەو سیستەم و کەرستە و شتانەی لە مێژوودا درووستبوون چەند کارێکیان هەیە، لایەنی کەم دوودانە کاریان هەیە. بۆ نمونە: تی ئێن تی؛ شاخیشی پێ کون دەکرێت بۆ ڕێگاوبان، باڵەخانەیەکی پڕ لە خەڵکیشی پێ لەناودەبرێت. بەندیخانە؛ دەکرێت خوێندنگەی ڕاستکردنەوە و چارەسەری تاوانبار بێت، دەکرێت بکرێتە خوێندنگەی پێگەیاندنی تاوانکار. ئیدی ئاوا؛ ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ئینتەرنێت، تەلەفۆن، فەیس بووك .....تاد. گرنگ مرۆڤە کە چۆن دەتوانێت سوود لەم کەرەستانە وەربگرێت و بۆ زیانەکانی کارێك بکات وەلا بنرێن! هەموو ماس میدیا پرسەکەی ئەوەیە وزە و کاتی خەڵك ڕاکێشێت بەرەو ئەو ئاراستەیەی کە خاوەنی میدیاکە دەیخوازێت. پاشان تواناییەکان ئاراستە بکات بەرەو ئەو جێیەی دەتوانێت ئامانجەکانی ئەو بهێنێتە دی.
زۆرجاریش هەیە خواستی خەڵك بە گشتی دەرناکەوێت بەهۆی ناکاراییانەوە، ئەو گرۆیەی نیگاری ئاژەڵە کێوییەکانیان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان نەخشاند، بۆخۆیان بوونە بەشێك لە مێژووی ئەمڕۆی ئێمە، بوونە پێشینەی فەرهەنگ و کەرەستەی کارکردنمان. ئەی ئەوانەی نەهاتن و وێنەکانیان نەکێشا تا شتەکانی خۆیان بڵێن! بێگومان بە هەزاران پارچە بیرۆکە و خواست و دەربڕینمان لە کیس چوون لە مێژوودا، بەهۆی ناکارایی خاوەنەکانیان و بەهۆی گرنگی پێنەدانی ئەوانی ترەوە. ئەمڕۆ لە فەیس بووکدا دەیان و هەزاران کەس هەن وزەی نەرێنی (نێگەتیڤ ئینیرجی) پەخش دەکەن، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت دەبیتە بەشێك لە بێهیوایی، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت کینە و بوغزت لە هاونیشتمانییەکانی خۆت دەبێتەوە، بێ ئەوەی هەستت پێ کردبێت بەهۆی یوتیبەکەتەوە دەیان و سەدان کەرەستەت کڕیون کە پێویستیت پێیان نییە. زانیارییەکانی کە لەڕێگەی چیپسێکەوە دەکرێنە ناو سەرت، مرج نییە ئەو زانیارییە مێژووییە بن کە ڕاستینەی مێژووی مرۆڤایەتی، مێژووی خۆتی تێدا نووسرابێتەوە، بێگومان ئەگەر ئەو چیپسە بەدەست بزووتنەوەی گۆڕانەوە بێت (نەوشیروان مستەفا) دەکەنە ڕابەر و ئەندازیاری ڕاپەڕین و ئەگەر بە دەست ماڵی مەلا مستەفاوە بێت (مەسعود بارزانی) بەهەموو ڕەنگەکانییەوە دەکەنە مێشکمانەوە. لە دونیادا گەمەکە بەم بێ ڕێزیی و شێوە منداڵانەییە نییە ئێجگار، بەڵام لە میکانیزمەکانیدا بە هەمان شێوە و پێڕەو دەگوزەرێت.
سەرئەنجام بەر بە ماس میدیا ناگیرێت، لایەنی کەم ئەوە مێژوو سەلماندویەتی! بەڵام ئەکرێت بیر لەوە بکەینەوە چی لە بەرامبەردا بکەین! چۆن بەکاری بهێنین! ئەگەر لە سەردەمی ڕۆژنامە و ڕادیۆدا بمانتوانیایە زانست و زانین و دادپەروەری بەسەر بزنس و درۆ و بانگەشەی پڕوپووچی سەرمایەدا زاڵ بکەین لەوانەبوو میتۆدێکی تر شوێنی ئەم گەشەسەندنەی ئەمڕۆی بگرتایتەوە. ئەگەر بتوانین ئەمڕۆ شتێك بکەین، لەوانەیە ناچار نەبین هەموومان چیپسەکانی زانیاری لە مێشکماندا بڕوێنین. ئەمڕۆ سەرمایەداری گەیشتوەتە ئاستێك پێویستی بەوە نییە لە مێشکی هەر یەکەماندا چیپسێك بڕوێنێت بۆ ناسینەوەی ئایدیاکانمان، چونکە لە ڕێگەی تێگەیشتنەوە لە هەڵبژاردەکانمان ئالگۆریثمی بیرکردنەوەمان لێكدەداتەوە. بەڵام ئەو دەخوازێت پرۆگرامەکانی خۆی بکاتە تاکە سەرچاوەی ژیربێژی و تێگەیشتنی ئێمە. بەڵێ؛ ئەو دەمە بێدادی پرسیار نابێت لەلای کەسمان، بەڵکو ئاسایی دەبێتەوە بەئەندازەی ئاسایی بوونی کۆیلایەتی لە هەزار ساڵ پێش ئیستادا. ئەودەمە کۆیلەی دەست و پێ زنجیرکراو بووین، ئێستا کۆیلەی ئازاد دەبین. لەوانەیە بپرسیت چییە ئەو شتەی پیویستە بیکەین پێش درووستکردنی ئەو چیپسە! ڕای من وایە یەکەم هەنگاو یاخی بوونی دەستەبژێرێکە لە ئیگۆی خۆیان، ئەو ئیگۆیەی دەیانکاتە قەرەقۆزی ڕازاندنەوەی ڕۆژنامە و سایت و دەزگا میدیاییە ستەمکارەکان. ئەو خۆ بە شت زانینەی هەموومان، کەوا دەزانین ئەگەر پۆستێکمان یان ڤیدیۆیەکمان هەزاران هەواداری هەبوو ئیدی ئێمە گرنگین. گرنگی هەر یەکەمان لەوەدا بەرجەستە دەبێت لە بەرخۆری و بێ کرداری خۆمان ڕزگار بکەین. گرنگە چۆن دەتوانین بیرکردنەوەکانمان لە مێژوودا بەرجەستە بکەین و کارگەرێك بین ڕەنجمان بچێتە دروستکردنی مێژوویەکەوە کە خۆمان دەمانەوێت نەك ببینە باسێكی بریقەدار لەناو مێژوویەکدا کە ڕاستی بوونی ئێمە نییە و یەکێکی تر دەیخوازێت. ئەم دوو شتە دوو پرسی زۆر جیاوازن.
ئەمڕۆ نووسەر و بیریارە شۆڕشگێڕەکان زۆر خراپتر لە جاران تیرۆر دەکرێن، بەزیندوویی دەیانکوژن! ئەمڕۆ کارکردن بۆ هێنانە سەرکاری ژیانێکی تر خۆ بەکوشتدانی ناوێت، هێندەی پێویستی بە فیداکردنی ئەو خۆ بەشت زانینەیە کە لەناخی هەریەکێکماندا هەیە و بوەتە خۆرەی ئامانجەکانی هەموومان پێکەوە. ئەگەر ئێمە لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و دەزگاکانی ستەمکاریدا نەنووسین، چاوپێکەوتن نەکەین، ئەوان دەکەون! لایەنی کەم هیچ جوانییەکیان تێدا نامێنێت. ئەگەر ئێمە تۆڕەکانی ماس میدیا بۆ ئەو مەبەستانە بەکارنەهێنین کە خۆیان بۆی درووست بوون، ئەگەر ئێمە بتوانین ڕیگایەك بدۆزیتەوە بۆ مەلەکردن بە پێچەوانەی ئەم تەوژمانەوە، دەتوانین ببینە خاوەنی میتۆدی خۆمان و هەموو ئەو هاوکێشانە پێچەوانە بکەینەوە. ئەمە کارکردنێکی لە ڕادە بەدەر تاقەت پڕووکێن و ئازایەتی بێسنووری دەوێت، کەچی بەیەك ستراتیژی زۆر سادە و ئاسان دەتوانرێت ئەنجامبدرێت، ئەویش ستراتیژی ڕەتکردنەوەی باوە، ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو پرس و باسانەیە کە دەبنە ترێند و مۆدە. لە نەکڕینی تیشێرتێکی نا پیویستەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی هەریەکەمان بۆ فەیس بووکەکەی خۆی نەکە ئەوان بۆ ئێمە.

No comments:

Post a Comment